ئەرشیوی مانگی ئازدەیی ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ ١

خاتوو رۆئیا تلووعی‌ خه‌ڵاتی «پێن ئاوارد»ی وه‌رگرت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: لقی هۆڵه‌ندای ڕێکخراوی قه‌ڵه‌می جیهانی(PEN) له شاری لاهایی ئه‌م وڵاته خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی به خاتوو رۆیا تڵوعی و 4 چالاکی سیاسی و ئه‌ده‌بی تربه‌خشی.

ڕۆژی‌ شه‌ممه‌،ڕێکه‌وتی 27ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ئهنجومه‌نی قه‌ڵه‌می شاری لاهای هۆڵه‌ندا، خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی خۆی به ناوی»PENAWARDS» به 5 چالاکی سیاسی و ئه‌ده‌بی که له ناویان دا خاتوو دوکتۆر رۆیا تلوعیش هه‌بوو به‌خشی.

مه‌به‌ست له به‌خشینی ئه‌م خاڵه‌ته ئه‌م خه‌ڵاته‌ رێزلێنان له‌ ئه‌رك‌و ماندوویی‌‌ ئه‌م چالاکه سیاسی و ئه‌ده‌بیانه‌یه كه‌ له‌ رێگای‌ پێنووس‌و نووسینه‌وه‌ به‌ گژی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ دیکتاتۆر و دژه گه‌لی دا ده‌چنه‌وه و له‌م نێوه‌دا، دوكتور رۆئیا تلووعی‌ وه‌ك تێكۆشه‌رێكی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و ژنان كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ هێمنانه‌‌و ئاشتی‌خوازانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ كورد‌و ژنان له‌ ئێراندا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سه‌ره‌ڕۆی‌ رێژیمی‌ ئاخوندییه‌وه‌، خه‌باتی‌ كردوه‌‌و له‌م پێناوه‌دا خراوه‌ته‌ به‌ندیخانه‌‌و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌، خه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوبراوی‌ پێ‌ درا.

دوکتۆر رۆیا تلووعی پاش وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته به وردی ئاماژه‌ی کرده سه‌ر ژیانی سیاسی خۆی و پێشێلکرانی مافه‌کانی مرۆڤ و به تایبه‌ت ژنان له کۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها گووشاری به‌رده‌وام له‌سه‌ر دێموکراسی و ئازادیخوازان له کوردستان و ئێران.

ئه‌م خه‌ڵاته به هاوكاریی‌ ناوه‌ندی‌ ناحكومیی‌ «Oxfam Novib»،‌ دیاریكراوه و هه‌ر ساڵ پێشکه‌ش به 5 که‌س ده‌کرێ که چالاکی سیاسیه و ئه‌ده‌بی له دۆخی دژوار و به‌رانبه‌ر به حاکمانی نادێموکرات دا ده‌که‌ن. ده‌به‌خشرێ.

شایانی باسه که وێڕای خاتوو تلوعی، نووسه‌ری به‌ناوبانگ و ناڕازی تورک «هرانت دنیك»ی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌رمه‌نی و هاوڵاتی تورکیا و سه‌ره‌رای جه‌زا و دادگایی کردن باس له ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان له لایه‌ن ڕه‌ژیمی تورکیایی پێشووه ده‌کات، ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێبه‌خشرا.

«هڕانت دینک» به هۆی باس له ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان، دۆزی له به‌رانبه‌ر دا کراوه‌ته‌وه و له لایه‌ن ده‌زگایی قه‌زایی تورکیاوه به‌رده‌وام له ژێر گووشاره.

ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ نوسه‌رانی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ رۆژهه‌ڵات دادگایی ده‌کرێن

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: پاش زیاتر له دوو هه‌فته قۆڵبه‌ست  بوونییان، بڕیاره كۆبوونه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی‌ سێ كه‌س له‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ نوسه‌رانی‌ هه‌فته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵات له‌ لقی‌ چواری‌ دادسه‌رای‌ شۆڕشی ئیسلامی شاری‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌ پێی‌ راپۆرتێكی ئیسنا، سێ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات به ناوه‌کانی «سامانی‌ سه‌لیمی‌»، «فه‌رهاد‌ ئه‌مین پوور» ‌و «ڕه‌زا عه‌لیپوور» له‌ ئه‌ندامانی‌ بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ دادسه‌رای‌ شۆرشی ئیسلامی سنه‌ ئاماده‌ ده‌بن تا سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ خراوه‌ته‌ پاڵیان وه‌ڵام بدنه‌وه‌. شایانی باسه ناوبراوان تۆمه‌تبارن که دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران چالاکی ڕۆژنامه‌گه‌ریان کردووه و هه‌ر وه‌ها پاره‌یان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و که‌سانی دژ به ئیران وه‌رگرتوو بۆ ئه‌نجامی چالاکی به مه‌به‌ستی لاواز بوونی ئێران.

ژنێک له مه‌ریوان خۆی سوتاند و ژنێکی تریش به ده‌ستی بنه‌ماڵه‌که‌ی کوژرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان:له مه‌ریوان دیسانیش ژنێکی کورد به ناوی «شنۆ ڕه‌وانگه‌رد» به هۆی گووشاری بنه‌ماڵه‌وه و خۆی سووتاند. به گوێره‌ی هه‌واڵی گه‌یشتوو له مه‌ریوانه‌وه ژنێکی لاوی کورد دانیشتووی مه‌ریوان، به هۆی گووشاری و کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌وه په‌نایی برده به‌ر خۆسووتاندن و له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌م شاره به هۆی قورسی برینه‌کانیه‌وه گیانی له‌ده‌ست دا.

له شاری دیوانده‌ره‌شه‌وه هه‌واڵی کوژرانی ژنێکی لاوی ئه‌مشاره به ده‌تی بنه‌ماڵه‌که‌یهوه‌مان به‌ده‌ست گه‌یشت.

به پێیی ئه‌م هه‌واڵه، رۆژی 24ی خه‌زه‌ڵوه‌ر6 ، ژنێكی لاوی دیوانده‌ره‌یی به ناوی «كوبرا غه‌ففاری» خه‌ڵكی ئاوایی «قۆچه‌ر»ی  سه‌ر به دیوانده‌ره به بیانوی پاراستنی نامووسه‌وه له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه کوژرا.

له‌م کرده‌وه وه‌حشیانه دا کوبرا گیانی له‌ده‌ست دا و ده‌گوترێ، قاتڵان(بنه‌ماڵه‌)ی ئه‌م ژنه لاوه، به ئازادی درێژه به ژیان ده‌ده‌ن.

شایانی باسه که له هه‌فته‌ی ڕابردوو دا ئه‌وه چواره‌مین هه‌واڵی خۆسووتاندنی و کوژرانی ژنان و کچانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه به هۆی نه‌ریت و عه‌قڵیه‌تی کۆنی ئه‌م جۆره بنه‌ماڵانه له‌م به‌شه‌ی کوردستانه‌وه.

بانگهێشتی «ئیجلال قه‌وامی» بۆ دادگا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕیکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگه‌یاند که ڕۆژنامه‌وانی کورد، «ئیجلال قه‌وامی» به تۆمه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی وتار له هه‌فته‌نامه‌ی داخراوی «پیام‌ مردم»، بانگهێشتی دادگا کرا.

ئیجلال قه‌وامی،ڕۆژنامه‌وانی کورد، به تۆمه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی شایعه و بابه‌تی دوور له ڕاستی، بانگهێشتی شوعبه‌ی ژماره یه‌کی دادگایی حقوقی سنه کرا.

له بانگهێشتنامه‌ی ناوبراو دا هاتووه که پێویسته ئه‌م ڕۆژنامه‌وانه، 11ی به‌فرانبار، له دادگا ئاماده بێت تا وڵامده‌ره‌وه‌ی تۆمه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و نووسراوه له هه‌فته‌نامه‌ی  داخراوی «پیام مردم» بێت.

شایانی باسه ئیجلال قه‌وامی، پێشتر به تۆمه‌تی گرێدانی قه‌تڵی ڕۆشنبیرێکی دینی کورد به ناوی «فارووق فه‌رساد» به کۆماری ئیسلامیه‌وه و پڕۆپاگه‌نده‌ی مێدیایی، دادگایی و به دانانی بارمته ئازاد کرابوو.

ئازاد کرانی 4 هاوڵاتی قۆڵبه‌ست کراوی مه‌هابادی

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕیکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگه‌یاند که «غه‌فوور محه‌ممه‌دی» ئه‌ندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، «که‌ژاڵ محه‌ممه‌دی»، «له‌یلا خزری» و «عه‌زیز محه‌ممه‌دی» پاش 12 ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، ئازاد کران.

 «غه‌فوور محه‌ممه‌دی» ئه‌ندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، «که‌ژاڵ محه‌ممه‌دی»، «له‌یلا خزری» و «عه‌زیز محه‌ممه‌دی» پاش 12 ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، سه‌ره‌نجام ڕۆژی یه‌کشه‌ممه، 28ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ئازاد کران.

ناوبراوان ڕێکه‌وتی 16ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و له کاتی چوونه‌ده‌ر له پیرانشار ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی مه‌هاباد کرابوون.

ده‌گوترێ که خاتوو «که‌ژاڵ محه‌ممه‌دی» و » له‌یلا خزری»، به به‌زاندنی نایاسایی سنوور تاوانبار کراون.

ناڕه‌زایه‌تی 113 کرێکاری په‌یمانکاری شاره‌داری بانه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕیکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگه‌یاند که 113 کرێکاری په‌یمانکاری شاره‌داری بانه به هۆی نه‌گرتنی مووچه‌ی مانگانه‌یان له سێ مانگی ڕابردوو، هه‌ڕه‌شه‌ی مانگرتنیان کرد.

شیرکه‌تی خه‌ده‌ماتی په‌یمانکاری شاره‌داری بانه، له سێ مانگی ڕابردوو دا مووچه‌ی 113 کرێکاری خۆی نه‌داوه و کرێکاران وێڕای ناڕه‌ایه‌تی نیشان دان به‌رانبه‌ر به به‌رپرسان، به هۆی بارودۆخیان، هه‌ڕه‌شه‌یان کرد که ئه‌گه‌ر بێت و مووچه‌ی دواکه‌وتووی مانگانه‌یان نه‌درێتێ، مان ده‌گرن.

داخستنی شوێنی کاسپی هاوڵاتیه‌کی سه‌رده‌شتی

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕیکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگه‌یاند که ، هێزه ئاسایشێکانی ڕه‌ژیم شوێنی کاسپی هاوڵاتیه‌کی سه‌رده‌شی به ناوی » دڵشاد جه‌مشیدی» پاش گه‌ڕان وپشکنین، داخست.

ڕۆژی شه‌ممه، ڕێکه‌وتی 27ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هێزه ئاسایشێکانی ڕه‌ژیم، شوێنی کاسپی هاوڵاتیه‌کی سه‌رده‌شتیان به ناوی «دڵشاد ساڵحی»، ئه‌ندامی سه‌نته‌ری که‌لتووری «تیڕۆژ» پشکنی و پاش ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی کۆمه‌ڵێک سی‌دی و دایانخست.

«دڵشاد ساڵحی» پێشتر چه‌ند بانگهێشتی دادگای پێگه‌یشتبوو و ده‌گوترێ که که‌ڵک وه‌رگرتن له ناوی کورد «ڕۆژهه‌ڵات»، هۆی داخستنی شوێنی کاری ناوبراو بووه.

سزای ساڵێک گیران بۆ هاوڵاتیه‌کی بانه‌یی

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له له هه‌واڵێک دا ڕایانگه‌یاند که هاوڵاتیه‌‌کی بانه‌یی به ناوی» جه‌ماڵ حه‌سه‌ن پوور» به تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ل پارته کوردیه‌کان، به ساڵێک سزای گرتووخانه مه‌حکووم کرا.

هاوڵاتێکی لاوی خه‌ڵکی گوندی «ساوان»ی بانه، به ناوی «جه‌مال حه‌سه‌ن پوور» به تۆمه‌تی پێوه‌ندی پارتێکی کوردی. له لایه‌ن دادگای لقی یه‌که‌می شۆرشی ئیسلامی شاری سه‌قز به ساڵێک زیندان سزا درا.

شایانی باسه که جه‌ماڵ حه‌سه‌ن پوور سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له لایه‌ن هێزه ئاسایشێکانی کۆماری ئیسلامیه‌وه گیرابوو و ماوه‌ی 2 مانگ له بازداشتی هێزه ئاسایشێکانی ڕه‌ژیم دا بوو.

سزا درانی هاوڵاتیه‌کی سنه‌یی

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هاواڵێکی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، هاوڵاتیه‌کی لاوی سنه‌یی به ناوی «جه‌لال خودا مورادی» به تۆمه‌تی پرۆپاگه‌نده بۆ حیزبێکی کوردی، به 8 مانگ زیندان سزا دراوه وهه‌ر ئێستا گیراوه.

لاوی ته‌مه‌ن 26 ساڵه‌ی سنه‌یی که خه‌ڵکی ئاوایا «حه‌سه‌ن ئاباد»ی سنه‌یه له 15ی مانگی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵه‌وه گیراوه و له زیندان دایه.

«جه‌لال خودا مرادی» به تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی پڕۆپاگه‌نده‌ی پارتێکی کوردی گیراوه و به 8 مانگ زیندان سزا درواه.

ناوبراو هه‌ر ئێستا  له زیندانی ناوه‌ندی سنه‌یه و سه‌ره‌رای نه‌خۆشی، نه‌یتوانیوه له مه‌ره‌خه‌سی پزیشکی که‌ڵک وه‌ربگرێ.

دوو هاوڵاتی سزای پاره‌یان به سه‌ر دا سه‌پا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: هه‌واڵنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرایی کرد که دادگایی سزای سه‌قز  «مه‌حموود ساڵحی» و » نه‌جیبه ساڵح زاده»ی به تۆمه ت ووروژاندنی خه‌ڵک به مه‌به‌ستی ئاڵۆزی، به پاره سزا دا.

دوو چالاکی کرێکاری به ناوه‌کانی «مه‌حموود ساڵحی» و » نه‌جیبه ساڵح زاده»، له لایه‌ن لقی 102ی دادگای سزای سه‌قز به تۆمه‌تی وروژاندنی خه‌ڵک بۆ ئاڵۆزی و ئه‌نجامی کاری تێکده‌رانه، له ڕۆژی جیهانی کرێکار و سووکایه‌تی به مه‌ئمووری هێزی ئاسایشی، هه‌ر یه‌ک به دانی 100 هه‌زار تمه‌ن پاره به سندووقی ده‌وڵه‌ت مه‌حکووم کران.

حکم اعدام محکومین اهوازی متوقف شود

به مقامات قضایی جمهوری اسلامی ایران

براساس گزارشات موجود طی هفته های اخیر حداقل ده شهروند خوزستانی به اعدام محکوم شده اند. طبق اعلام سازمانهای حقوق بشری و دادگستری خوزستان حکم اعدام؛ علی مطیری، عبداله سلیمانی، عبدالرضا سنواتی (زرقانی)، قاسم سلامات، محمد چعب پور، عبدالامیر فرج اله چعب، علیرضا عساکره، ماجد آل بوغبیش، خلف خنفری و مالک بنی تمیم، توسط دادگاههای انقلاب اسلامی خوزستان صادر و از سوی دیوان عالی کشور جمهوری اسلامی ایران تایید شده است.

سازمان دفاع از حقوق بشر کردستان ضمن ابراز تاسف از افزایش صدور احکام اعدام و تایید آن از سوی مرجع عالی دستگاه قضایی طی سال جاری، خواهان توقف اجرای این نوع حکم ها و تجدید نظر اساسی در احکام متهمین و محکومان اهوازی و صدور احکام عادلانه و منصفانه و دادگری در این رابطه و رعایت حقوق انسانی مردم عرب خوزستان است. این سازمان همچنین از فعالان اقلیت عرب و خوزستانیها درخواست می نماید ضمن دعوت به نفی خشونت و رد هرگونه اعمالی که منجر به قربانی شدن شهروندان و گسترش اقدامات خشونت آمیز میگردد، با توسل به شیوه های مدنی و مسالمت آمیز حقوق و مطالبات خود را مطرح و مورد مطالبه و پیگیری قرار دهند.

تهران : 30 آبان ماه 1385 / 21 نوامبر 2006

سازمان دفاع از حقوق بشر کردستان

ئه‌نجامه‌کانی کۆنفرانسی زمانی کوردی له‌ ئامه‌د، و له ڕۆژی کۆتایی دا ڕاگه‌یێدرا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: کۆنفرانسی زمان و په‌روه‌رده‌ی کوردی که له په‌راوێزی چواره‌مین ڕۆژانی ئه‌ده‌‌‌بی کوردی له ئامه‌دی باکووری کوردستان، به‌ڕێوه‌چوو پاش دوو ڕۆژ کۆتایی به کاره‌کانی خۆی هێنا.

ئه‌م کۆنفراسنه که له لایه‌ن شاره‌داری مه‌زنی ئامه‌د و ئه‌نستیتۆی کوردی ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ئۆرگانیزه و پشتیوانی کرابوو، و 150 که‌س له پشپۆڕان و زانایانی زمانی کوردی به‌شداریان تێدا کرد، چه‌ند خاڵێکی وه‌کو ئه‌نجامی کۆتایی ئه‌م کۆنفرانسه ڕاگه‌یاند.

1: به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی نکۆڵی و ژینۆسایدی زمانی گه‌لی کورد وه‌کو، تاوان دژی مرۆڤایه‌تی ناوزه‌د کرا و له لایه‌ن به‌شدار بوانه‌وه، شه‌رمه‌ار کرا و جه‌خت له‌سه‌ر کۆتایی هێنان به‌م دۆخه کرا.

2: پێویسته سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، سیاسه‌تی خۆ به «کوردی» بکه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بانگ له هه‌موو ده‌زگا، پارت و ڕێکخراوه و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد کرا، که له‌مه‌و دوا به زمانی کوردی چالاکی سیاسی خۆ درێژه پێبده‌ن.

3:  ئاسته‌نگ کرانی یاسایی و زه‌خت و گووشاری حکومه‌ت بۆ سه‌ر شاره‌دارانی کورد و به هۆی به‌کار هێنانی زمانی کوردی شه‌رمه‌زار کرا و جه‌خت له سه‌ر پێویستی کۆتایی هێنان به‌م دۆخه کرایه‌وه.

4: ئه‌ندامانی کۆنفرانس پێسنیار به حکلومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن که له پارێزگایی دهۆک و ناوچه بادینیه‌کان، په‌روه‌رده‌ی زمانی کوردی به زاراوه‌ی «کرمانجی» بێت.

5: به‌شداران ده‌ڵێن که مافی زمان و په‌روه‌رده به زمانی زگماکی، مافێکی سروشتی و دێموکراتیکه و به‌م بۆنه داوا له کوردانی پارچه‌کانی تری کوردستان کرا که خاوه‌ندارێتی له زمانی کوردی بکه‌ن.

6: بۆ پێشکه‌وتنی زمان و چاند، ئاشتی و ئارامی پێویسته.هه‌ر بۆیه کۆنفرانس  له هه‌مو ده‌زگا، پارت و ڕێکخراوه‌کانی تێکه‌ڵاو به‌‌م کێشه ده‌کات که هه‌وڵی خۆیان بۆ سه‌قامگیر کردنی ئاشتی، و ئه‌رکی سه‌رشانیان له‌م پێوه‌ندیه‌دا به جێ بێنن.

7: به‌شداران، ئاسته‌نگ کردنی ته‌له‌ڤزیۆنه کوردیه‌کانیRoj TV, MMC Komala TV، وه‌کو پێشێل کردنی مافی مرۆڤ ئاسته‌نگ کردنی زمان و په‌روه‌رده‌ی کوردی ده‌بینێ و شه‌رمه‌اری ده‌کات.

8: بۆ په‌ره پێدانی په‌روه‌رده‌ی زمانی کوردی، پێویسته یارمه‌تی و پشتیوانی ماڵی تایبه‌ت له کوردانی ئه‌رمه‌نستان و باشووری ڕۆژئاوایی کوردستان بکرێ.

9: به‌شداران داخوازیان له هه‌مو کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوه مه‌ه‌نی و دێمۆکراتیکه‌کانی چوار پارچه‌ی کوردستان کرد که به په‌ره پێدانی په‌یوه‌ندی و تێکه‌ڵایه‌تی سیاسی، ئابووری، چاندی و هونه‌ری نێوانیان، هه‌وڵ بۆ نیزێک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کانی کوردی له‌یه‌ک بده‌ن.

10: جه‌خت له‌سه‌ر گرینگی بزوتنه‌وه‌ی په‌روه‌ڕده‌ی زمانی کوردی کرا و داوا له سه‌رجه‌م کۆمه‌‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان کرا که به هه‌ر شێوه که له ده‌ستیان دێت، پشتیوانی له‌م بزوتنه‌وه بکه‌ن.

11: ڕۆڵی لاوان و ژنان له په‌روه‌ڕده و به‌ره‌و پێش بردنی زمانی کوردی گرینگی مه‌زنی هه‌یه. که‌وابوو پێویسته لاوان و ژنان ئه‌رکی سه‌رشانیان له‌مه‌ڕ به‌ره‌و پێش بردنی زمان و په‌روه‌رده‌ی کوردی به جێگه‌یێنن.

12: کۆنفڕاسن داوا له گه‌لی کورد ده‌کات که بۆ پێشبردنی زمانی کوردی به شێوازێکی زێده‌تر و باشتر که‌لک له ته‌کنه‌لۆژیایی مۆدرێن (وه‌کو سه‌ته‌لایت، ئه‌نته‌رنێت و …) وه‌ربگرن.

13: کۆنفڕانس گۆڕانی «ئازایا وڵات» له هه‌فته‌نامه‌وه بۆ «ڕۆژنامه» گرینگ ده‌نرخێنێ و به هه‌نگاوێکی دیرۆکی له ئاست پێشکه‌وتنی زمانی کوردی ده‌زانێ و داوا له خه‌ڵکی کورد ده‌کات که خاوه‌ندارێتی له گۆوار و ڕۆژنامه و بڵاوکراوه کوردیه‌کان بکات.

14:  وه‌کو کۆنفراسنێ ساڵی پێشتر، به‌شداران داوا له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن که هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌وڵی به کار هێنانی ئه‌لفو بێی لاتین له جێگه‌ی ئه‌لف وبێی ئێستا بکات.

15: کۆنفڕانس داوا له ڕۆشنبیران، ئاکادێمیسیه‌نه‌کان، مامۆستایان و نووسه‌رانی کورد ده‌کات که نووسین و به‌رهه‌می خۆ به زمانی کوردی بڵاو بکه‌نه‌وه و تۆژینه‌ه‌ی زانستی له سه‌ر زمانی کوردی بکه‌ن.

16: کۆنفراسن بانگی له ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان کرد که زمانی کوردی به فه‌ڕمی بناسن و هه‌وڵ بۆ پشتگیری و پاراستنی زمانی کوردی بده‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بودجه‌ی تایبه‌ت ته‌رخان بکه‌ن.

17: هه‌ر چه‌ندیش زمانی کوردی ئاسته‌نگ کرێ و ڕێگه له به‌ڕه‌و پێش چوونی بگیرێ، دیسان ئه‌رکی پاراستنی زمانی کوردی له‌سه‌ر دامه‌زراوه کوردیه‌کانه. گرینگترین مه‌سه‌له‌ی هه‌ر کوردێک و هه‌ر که‌سێک که خۆ به کورد ده‌ناسێنێ ئه‌وه‌یه که له ژیان و خه‌بات و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه دا زمانی کوردی به‌کار بێنێت.

سه‌رچاوه: diarname

توركیا مۆڵه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی قوبرس ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: پاش ئه‌وه که سه‌رۆکی فینلاندی یه‌کێتی ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند که تورکیا تا 11ی مانگی داهووتی مۆڵه‌ته که کێشه‌ی قوبرس چاره‌سه‌ر بکات، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، عه‌بدوڵـڵا گول، جارێـكی تر ئه‌و هه‌ڕه‌شـه‌یه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپای ڕه‌تـكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ری ڕاگرتنی وتووێژه‌كانی به‌ ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپادا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌نكه‌ره‌ له‌ بواری بازرگانیدا ئاسـانكاری بۆ قوبرس نه‌كات.

عه‌بدوڵـڵا گول ڕایگه‌یاند ئه‌و یه‌كشه‌ممه‌ به‌ره‌و فینله‌ندا به‌ڕێ ده‌كه‌وێت به‌ مه‌به‌سـتی وتووێژكردنی زیاتر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌، به‌ڵام هه‌موو دوا مۆڵه‌تێـكی ڕه‌تكرده‌وه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌، سه‌رۆك وه‌زیری فینله‌ندا، «ماتی ڤانهانێن»، كه‌ ئێسـتا وڵاته‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م خوله‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، ماوه‌ی هه‌تا 6 ی مانگی دوانزه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌نكه‌ره‌ داناوه‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ و  که‌شتیگه‌کانی(به‌نده‌ر) له‌به‌رده‌م فڕۆكه‌ و كه‌شـتیـیه‌كانی قوبرسی یۆنانیدا بكاته‌وه‌. بڕیاره‌ له‌و ژوانه‌دا لیژنه‌ی ئه‌وروپی سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كۆبـبێته‌وه‌ و ڕاسـپارده‌كانی خۆی به‌ كۆنگره‌ی لوتكه‌ی ئه‌وروپی بدات كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی دوانزه‌دا ده‌به‌سـتـرێت.

حكومه‌تی قوبرسی یۆنانی كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیـیه‌وه‌ دانی پـیادانراوه‌ و ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ داوا ده‌كات توركیا به‌ر‌به‌سـته‌كانی له‌به‌رده‌م دا لابه‌رێت.

توركیاش ده‌ڵێت كاتێـك به‌نده‌ره‌كانی له‌به‌رده‌م كه‌شـتیـیه‌ یۆنانیـیه‌كاندا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌ست له‌ گۆشه‌گیركردنی قوبرسی توركی هه‌ڵبگرێت.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ قوبرس له‌ سـاڵی 1974 ‌وه‌ دابه‌شـبووه‌ پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا هێرشـیان كرده‌ سه‌ری له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كوده‌تایه‌ك كه‌ به‌ پاڵـپشتی حكومه‌تی یۆنانی له‌ نیكۆسـیای پایته‌ختدا ئه‌نجام درا.

له‌ جوانڕۆ به‌ هۆی کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل 5 که‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: له‌ شاری جوانڕۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ هۆی کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل 5 که‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا،

و ده‌گوترێ که به‌ هۆى خراپى رێگاو بانه‌كانى ناوچه‌كه‌ ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێن ڕووی داوه.

به گوێره‌ی هه‌واڵی psk، ناوی 4 که‌س له‌ کوژراوانی ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

1. فایق ئیبراهیمی ، جوانڕۆ

2. حه‌مه‌ عه‌زیز یوسفی کوڕی ئه‌فراسیاب کۆێخا موسته‌فا تاوگۆزی

3. ئه‌میر میروه‌یسی ، باوه‌جانی

4. عه‌زیز ڕه‌زایی . تاوگۆزی

5، خه‌ڵکی شاری کرماشانه‌،ناوه‌که‌ی نه‌زانراوه‌ .

له کۆتایی ئه‌م مانگه دا جۆرج بوش له‌گه‌ڵ مالکی له ئۆردۆن كۆده‌بێته‌وه‌

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی که‌ناڵی بی‌بی‌سی به‌ریتانی، بریاره‌ له‌كۆتایی‌ ئه‌م مانگه‌دا له‌ عه‌ممانی‌ پایته‌ختی‌ ئوردون كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان «جۆرج بوش»ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا و «نوری‌ مالكی‌» سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی دا و به مه‌به‌ستی تاوتوێ کردنی پرسه‌کانی ئه‌منی و سیاسی عێراق، به‌رێوه‌بچێت.

به‌ پێی‌ هه‌واڵی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ ، چاوه‌روان ده‌كرێت له‌م‌ كۆبونه‌وه‌ دا که بڕیاره له عه‌ممانی پێته‌ختی ئۆردۆن به‌ڕێوه بچێت، جۆرج بوش و مالكی‌ باس له‌ بارودۆخی‌  ئه‌منی و سیاسی عێراق و رۆڵی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ له‌م کێشه‌یه دا بكرێ‌ و ڕێگاکانی ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ عێراق، به وردی بکه‌ێته به‌ر باس.

پێشبینی ده‌کرێ که  ته‌سلیم كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ ئاسایش و ئارامی‌ عێراق به‌ هێزه‌كانی‌ سوپاو پۆلیسی ئه‌م وڵاته، ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ گفتوگۆكانی‌ نێوانیان بێت.

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ ئوردون سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ‌ شا عه‌بدوڵای‌ پادشای‌ ئه‌و وڵاته‌دا كۆده‌بێَته‌وه‌و باس له‌ دواگۆرانكاریه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین و چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی‌ دیكه‌ ده‌كه‌ن

مام جه‌لال، شه‌ممه‌ی داهاتوو سه‌ردانی تاران ده‌کات

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: كامه‌ران قه‌ره‌داغى به‌رێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵ رایگه‌یاند به‌رێز جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵ رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتو به‌ سه‌ره‌دانێكى فه‌رمى ده‌گاته‌ تارانى پایته‌ختى ئێران و له‌ گه‌ڵ محمود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد سه‌رکۆمارى ئێران كۆده‌بێته‌وه‌.

قه‌ره‌داغى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ى رون كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌دانه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار بۆ ئێران له‌ سه‌ر داخوازى سه‌رۆكى ئێران دێت كه‌ داوه‌تنامه‌یه‌كى ئاراسه‌ته‌ى سه‌رۆك كۆمار كردبو، قه‌ره‌داغى ئه‌وشى ته‌ئكید كرده‌وه‌ گفتوگۆكانى سه‌رۆك كۆمار له‌ گه‌ڵ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد سه‌رۆكى ئێران جه‌خت له‌ سه‌ر به‌رقه‌راكردنى ئاسایش له‌ عێراق و كۆتایى هێنان به‌كارى توندوتیژى ده‌كاته‌وه‌..

ئه‌مریکا پشتیوانی له پژاک ده‌کات

تایبه‌ت به مانشێت نیوز، ناوه‌دنی هه‌واڵ: گۆواری ئه‌مریکایی » نیۆیۆرکێر» له دواترین ژماره‌ی خۆی دا سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان پ.ک.ک و ئه‌مریکا له عێراق و ناوچه دا ده‌نووسێ که حکومه‌تی ئه‌مریکا، چه‌ند مانگه و به چڕی پشتیوانی له قۆڵی ئێرانی پ.ک.ک (پژاک) ده‌کات.

به پێی ئه‌م هه‌واڵه، که «سێمۆر هێڕش» ڕۆژنامه‌وانی ناوداری ئه‌مریکی نووسیوێتی، حکومه‌تی ئه‌م وڵاته به مه‌به‌ستی گووشار خستنه سه‌ر تاران، له هێزه‌کانی قۆڵی ئێرانی پ.ک.ک (پژاک) که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و ئه‌وه 6 مانگه به چڕی پشتیوانی و یارمه‌تی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ده‌دات.

له نووسراوه‌ی «سێمۆر هێڕش» دا هاتووه که حکومه‌تی ئه‌مریکا 6 مانگه له بنکه سه‌ربازیه‌کانی له باشووری کوردستان، هێزه‌کانی پژاک په‌روه‌رده ده‌کات و پشتیوانی په‌روه‌رده‌یی و لۆژێستیک له پ.ک.ک و قۆڵی ئێرانی ئه‌م پارته (پژاک) ده‌کات و جگه له  ئه‌مریکا، ئیسرائیلیش دژ به ئێران پشتیوانیان لێده‌کات.

له درێژه دا هاتووه که وه‌زاره‌تی به‌رگری و پێنتاگۆن له ئه‌مریکا نه ته‌نیا پ.ک.ک، به‌لکو له هێزه‌کانی تری ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی وه‌کو  عه‌ڕه‌ب، ئازه‌ڕی و به‌لوچیش پشتیوانی ده‌کات و به‌م مه‌به‌سته به‌رده‌وام به ئاشکرا و به نهێنی کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ و به‌م پێیه هه‌وڵ ده‌دات تاکو پێگه‌ی حکومه‌تی ناوه‌ندی ئێران له باشوور، و رۆژهه‌‌ڵاتی ئه‌م وڵاته تووشی کێشه بکات.

له کۆتایی نووسراوه‌که دا هاتووه که له‌م چوارچێوه دا ته‌نانه‌ت حکومه‌ی ئه‌مریکا شوێنی بنکه و دامه‌زراوه سه‌ربازیه گرینگ و ستراتێژیکه‌کانی سه‌ربازی ئێرانیشی به‌م پارت و گرووپانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن داوه که له کاتی پێویست دا هێرشیان بکرێته سه‌ر و بگیرێنه‌وه.

شایانی باسه هاوینی ئه‌مساڵ ڕێکخراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی ئێران که له ناویان دا حیزبه کوردستانیه‌کانیش هه‌بوون له ئه‌مریکا جه‌ند کۆبوونه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێران و داهاتووی نه‌ته‌وه‌کانی ژێر ده‌ستی ره‌ژیمی ناوه‌ندی پێک هێنابوو.

ئاماژه: بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه ته‌نیا به مه‌به‌ستی زانیاری دان و ئه‌رکی ڕاگه‌یاندنه و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی نیشان ده‌ری بۆچوونه‌کانی خاوه‌نی ئاژانسی مانشێت نیه.

له کرماشانیش که‌سایه‌تێکانی سیاسی و ڕۆژنامه‌وانی ڕه‌دی سه‌لاحیه‌ت کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵی وێبلاگی موکریان له کرماشانه‌وه، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ پاڵێوراوانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ شورای‌ شارو دێهاتی‌ پارێزگای‌ كرماشان له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ره‌دی‌ سه‌ڵاحیه‌ت كران.

له‌ نێوکه‌سانی ڕه‌دی سه‌لاحیه‌ی کراوی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشه‌ڕوو دا، چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌‌و رۆژنامه‌نوس وه‌ك «عه‌لی‌ محه‌مه‌د‌ ئیسلامپور»، سه‌رنوسه‌ری‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ «نوای‌ وقت»، «ئه‌میری‌ بابایی» سه‌رنوسه‌ری‌ «اوای‌ كرماشان»، «محه‌مه‌د ئه‌مینی‌ به‌كری»‌، «سیاوه‌ش‌ حه‌یاتی»‌، چالاکانی سیاسی، «ره‌زا جه‌مشیدی»‌ رۆژنامه‌نوس‌ و «فه‌رهاد‌ شاوه‌یسی»‌ رۆژنامه‌نوس‌و چالاکی‌ که‌لتووری،‌ وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون.

شایانی باسه له مه‌هابادیش هه‌ر به‌م شێوه زۆربه‌ی چالاکنی سیاسی و ڕۆژنامه‌وانی کاندیدکراو بۆ شووڕای شار، ڕه‌دی سه‌لاحیه‌ت کران و ڕێگه‌یان پێنه‌درا که به‌شداری هه‌ڵبژاردن ببن.

رێوه‌ره‌سمی‌ بیرهێنانه‌وه‌ی فرۆهه‌ره‌كان له ماڵی خۆشیان قه‌ده‌غه کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵێکی ئه‌دوار نیوز،  له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌ رێگه‌ له‌ به‌رێوه‌چوونی‌ مه‌راسیمی‌ رێزگرتن له‌ یادی‌ فروهه‌روه‌كان، له ماڵی خۆشی ده‌گیرێت. بریار بوو ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، رێوره‌سمی‌ رێزلێنان له‌ داریوش و په‌روانه‌ی‌  فروهه‌ر له‌ هه‌شتومین ساڵوه‌گه‌ری‌ ترۆری‌ ئه‌وان له‌ سه‌ر بانگهێشتی‌ منداڵه‌كانیان و ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی‌ و فه‌رهه‌نگی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان ده‌ست پێبكات.

سه‌رچاوه‌‌کانی هه‌واڵی ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ بلاَویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م رێوره‌سمه‌ بریاربووه‌ له‌ ماڵی‌ خودی‌ فروهه‌ره‌كان ده‌ست پێبكات، به‌لاَم رێگه‌ی‌ پێنه‌دراوه‌ و وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاَعاتی‌ رژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ بانگهێشت كردنی‌ په‌ره‌ستو فه‌روهه‌ر پێیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆشیدا مافی‌ ده‌ست پێكردنی‌ ئه‌و رێوره‌سمه‌ی‌ نییه‌.

شایانی باسه که داریوش و په‌روانه فروهه‌ری هاوسه‌ری، له ماڵی خۆیان و به شێوازێکی دڕندانه له لایه‌ن هێزه ئایشێکانی کۆماری ئیسلامیه‌وه، له جه‌ریانی قه‌تڵه زنجیره‌یه‌کان کوژران.

پژاک جوابی نووسراوه‌ی «سێمۆر هێرش» له نیۆیۆرکێری داوه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، «پژاک» له ڕاگه‌یێندراوێک دا وێڕای ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی ئیدعاکانی » سێیمۆڕ هێڕش»، ده‌ڵێ: باشتربوو به‌ڕێز هێڕش به‌ر له نووسنی وتاره‌که‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پژاک گرتبا تاکو  سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته زانیاریمان لێوه‌رگرێ.

پژاک ده‌نووسێ: پڕۆپاگه‌نده‌ی هاوشێوه‌ی نووسراوه‌که‌ی به‌ڕێز سێیمۆڕ هێرش له نیۆیۆڕکێر دا، ماوه‌یه‌که له لایه‌ن مێدیاکانی ئێران و تورکیاوه به مه‌به‌ستی شێواندنی بیرو ڕای گشتی ئه‌نجام ده‌درێ و به‌م شێوه ده‌یانهه‌وێ له گۆڕه‌پانی سیاسی دا پژاک بخه‌نه ناو گووشاره‌وه.

راگه‌یێندراوه‌که ده‌ڵێ:»هۆی ئاڵۆزی پایه‌کانی ڕه‌ژیم ئێران پژاک نیه، به‌ڵکو خۆی ڕه‌ژیمه، و ئه‌م جۆره لێدوانانه‌ش، نیشانده‌ری سیاسه‌ته کلاسیکه‌کانی دژه کوردی وڵاتانی ئێران و تورکیایه.

له درێژه دا هاتووه که سه‌رنه‌که‌وتووی هه‌وڵی حکومه‌تانی تاران و ئه‌نقه‌ره دژ به خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی کوردان، ئه‌وانی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌م ڕوایه که له جێگه‌ی نیشان دانی ڕاستیه‌کان به بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دوور له ڕاستی و چه‌واشه‌کاری و شێواندنی بیر و ڕای گشتی، کوردان ئینکار بکه‌ن.

وا دیاره که سیاسه‌تی ئینکار و قه‌ڵاچۆ کردنی گه‌لی کورد شکه‌ستی خواردوه و بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کورد پێویسته دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ و بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ لایه‌نی کوردی بکرێت و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی که پ.ک.ک به ئاگربه‌ست به‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ی داوه، وه‌به‌ر چاو بگیرێ و که‌ڵکی لێبگرن.

پژاک له ڕێگه‌ی گه‌یشتن به ئێرانێکی دێموکراتیک هه‌وڵ ده‌دات و له هیج تێکۆشانێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی دێمۆکراتیکی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌م وڵاته درێغی نه‌کردووه و له‌م پێوه‌ندیه‌ش دا پێویسته ده‌وڵه‌تان، پژاک وه‌ک ئیراده‌ی گه‌لی کورد قه‌بووڵ بکات و ڕێزی پێویستی لێبگرێ.

ئامركه‌رتێكی‌ یه‌كێتی‌، به‌رپرسێكی‌ ئیتڵاعات‌و دوو كادری‌ حیزبی دیموكراتی‌ تیرۆكردوه‌ 

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: ماڵپه‌ڕی ‌هاوڵاتی‌ له هه‌واڵێکی تایبه‌ت به خۆی دا به پێی ئه‌م به‌لگه و فایلانه‌ی که له موخابه‌رات(ده‌زگای جاسووسی عێراق) که‌وتۆته ده‌ستی و ماوه‌یه‌که بڵاویان ده‌کاته‌وه، ده‌ڵێ که ئامركه‌رتێكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی کوردستان، به‌رپرسێكی‌ ئیتڵاعات‌و دوو كادری‌ حیزبی دیموكراتی‌ تیرۆكردوه.

مه‌جید فه‌تاح موسا كه ‌ئامر كه‌رتێكی‌ یه‌كێتی‌ بوه‌و له‌ساڵی‌ 1996 دا له‌كۆیه‌ فه‌وجێكی‌ به‌ناوی‌ فه‌وجی‌ د. خالید دامه‌زراندوه‌، هه‌ستاوه‌ به‌ كوشتنی‌ (ئاغای‌ میرزائی) به‌رپرسی عه‌مه‌لیاتی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ ئیتڵاعات‌و لێپرسراوی‌ بازگه‌ سنوریه‌كانی‌ ئێران، له‌به‌رامبه‌ریشدا موخابه‌رات به‌ 50.000 په‌نجاهه‌زار دینار پاداشتیكردوه‌.

له‌ 5/1/1994 یشدا، موخابه‌رات تفه‌نگێكی‌ جۆری‌ «قه‌ناص»‌و ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ «لاندكروز»ی‌ داوه‌ته‌ مه‌جید فه‌تاح موسا، تاوه‌كو ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌ی‌ نیشتمانی‌ عێراقی پێ تیرۆربكات، به‌ڵام ناوبراو خۆی‌ له‌ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م كاره‌ دزیوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی‌ فایله‌كه‌ی‌ موخابه‌رات (كه‌ 52 لاپه‌ڕه‌یه‌و وێنه‌شی‌ له‌گه‌ڵدایه‌) مه‌جید موسا و مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ (كه‌ پێك هاتون له‌ مارف عه‌زیز، عومه‌ر عه‌لی، ئه‌حمه‌د) به‌درێژای‌ 1997-1996 ئیشیان پاراستنی‌ باره‌گاكانی‌ ئیتڵاعات بوه‌و له‌شاری‌ سلێمانی‌ ‌و له‌هه‌مان كاتیشدا كادری‌ حیزبی دیموكراتی‌ كوردستان «ئێران» یان بۆ ئیتڵاعات تیرۆركردوه‌ له‌وانه‌ش «حه‌مید مه‌جیدی‌‌و كه‌مال شه‌عبانی‌».

ناوبراو له‌كاتی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ شاری‌ هه‌ولێدا له‌ 31/8/1996 دا، له‌هه‌ولێر بوه‌و كادرێكی‌ تری‌ گه‌وره‌ی‌ ئیتڵاعاتی‌ ئێرانی‌ به‌ناوی‌ «ئاغای‌ شه‌هابی» له‌هه‌ولێره‌وه‌ به‌قاجاغ ده‌ركردوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕیشی‌ بۆ تاشیوه‌و به‌هاوینه‌هه‌واری‌ سه‌ڵاحه‌دیندا ده‌ربازیكردوه‌.

ناوبراو وه‌ك له‌فایله‌كه‌یدا هاتوه‌، خه‌ڵكی‌ ده‌وروبه‌ری‌ هه‌ولێره‌و له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1952 وه‌و خێزانه‌كه‌ی‌ ناوی‌ عائیشه‌ ڕه‌سوله‌و 9 منداڵی‌ هه‌یه‌، هه‌ر به‌پێی‌ دۆكیومێنته‌كانی‌ ناو فایله‌كه‌ ناوبراو پێش ڕاپه‌ڕینیش په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ موخابه‌رات، شوعبه‌ی‌ كه‌ركودا هه‌بوه‌.

به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ موخابه‌رات، ناوبراو له‌ 15/12/1997 دا، به‌خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌جێهێشتوه‌و به‌ره‌و هۆڵه‌ندا به‌ڕێكه‌وتوه‌، ئه‌گه‌رچی‌ له‌مانگی‌ 2 ساڵی‌ 1998 وه‌ تا 25/9/2000 موخابه‌رات به‌ووردی‌ هه‌وڵیداوه‌ له‌ئه‌وروپا بیدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ناوی‌ تره‌وه‌ له‌هۆڵه‌ندا خۆیان ته‌سلیمی‌ پۆلیسكردوه‌، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ په‌یوه‌ندیی‌ پێوه‌ بكرێته‌وه‌.

ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم پـێشـبینی ده‌كات داواكه‌ی ئێران ڕه‌تبكاته‌وه‌

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم IAEA پـێشـبینی ده‌كاتئه‌مڕۆ پـێنجشه‌ممه‌ داواكه‌ی ئێران بۆ یارمه‌تیدانی له‌ دامه‌زراندنی ڕیاكته‌ری پلۆتۆنیۆم ڕه‌تبكاته‌وه‌ چونكه‌ مه‌ترسـی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌ره‌سته‌ی چه‌كی ناوه‌كی پـێ به‌رهه‌م بهێنرێت.

نوێنه‌ری ئه‌مریكا له‌ IAEA ، «گره‌گۆڕی شۆڵتی»، گوتی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ پـێـشـبینی ده‌كرێت له‌سه‌ر ڕیاكته‌ری ئه‌راك ده‌ربچێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گومانی نیازی خراپ له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران ده‌كرێت.

ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ئاسـیا و ئه‌فریقا پـشـتیوانی له‌ یارمه‌تی دانی ئێران ده‌كه‌ن له‌ دامه‌زراندنی ڕیاكته‌ری ئه‌راك، به‌ڵام وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا ئه‌و كاره‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

پـێشـتر ئێران داوای IAEA بۆ ڕاگرتنی دروسـتكردنی ئه‌و ڕیاكته‌ره‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌، وه‌ ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت به‌بێ یارمه‌تی ده‌ره‌كیش كارگه‌ی ئه‌راك له‌ 2009 دا ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ مانگی هه‌شـتی ڕابردووشـدا ئێران دوا مۆڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی بۆ ڕاگرتنی پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕه‌تكرده‌وه‌.

وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری سـزادانی ئێران بدات له‌سه‌ر ئه‌و كردارانه‌ی. ئێرانیش ده‌ڵێت به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ته‌نها بۆ كاری ئاشـتیخوازانه‌یه‌.

محه‌ممه‌د خه‌زنه‌وی سه‌ڕه‌نجام له نۆڕوێژ مافی په‌نابه‌رێتی سیاسی وه‌رگرت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: شێخ مورشد محه‌مه‌دخه‌زنه‌وی، سه‌ره‌نجام پاش که‌ندو کۆسپێکی زۆر و یه‌کساڵ زه‌خت و گووشار و چاوه‌دێری ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی سوریا و گیرانی، خۆی گه‌یانده ئۆسلۆی پێته‌ختی نۆڕوێژ و مافی په‌نابه‌رێتی سیاسی پێدرا.

شێخ مورشد محه‌مه‌دخه‌زنه‌وی، كۆڕی خوالێخۆشبوو معشووق خه‌زنه‌وی، به‌م هۆیه که برای به‌شار ئه‌سه‌د واته «ماهیر ئه‌سه‌د» و باقی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا و ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌م وڵاته‌ی به کوشتنی باوکی تاوانبار کرد، ماوه‌ی یه‌ک ساڵ بوو له له لایه‌ن ده‌زگای موخابه‌رات و ده‌شه‌ڵاتی سوریاوه زه‌خت و گووشاری له سه‌ر بوو.

دوو هه‌فته پێش ناوبراو کاتێک که ده‌یه‌ویست، له سوریا بچێته ده‌ر، له سه‌ر سنووری ئۆردۆن ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی زیندان کرا. پاش چه‌ند ڕۆژ و به هۆی گۆۆشاری بیر و ڕای گشتی شێخ محه‌ممه‌د خه‌زنه‌وی ئازاد کرا و توانی خۆی بگه‌یێنێته نۆڕوێژ و مافی په‌نابه‌ری سیاسی وه‌رگرێ.

ناوبراو له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی كارووباری كۆچ و كۆچباری ئه‌و ووڵاته مافی په‌نابه‌ری سیاسی پێدراو هه‌موو پێداویسته‌كی ژیانی بۆ دابین كرا.

پێشتر هه‌واڵێک بڵاو بۆوه که گۆیا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕێگه‌ی به ناوبراو نه‌داوه به هۆی مه‌ترسی سه‌ر گیانی بێته کوردستان و له‌وێ ژیان بکات.

شایانی باسه که سته‌لایه‌تی كوردستان یه‌كه‌م میدیا بوو كه‌به‌م هه‌واڵه‌ی زانی.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: