ئەرشیوی مانگی نۆیی ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ ١٠

ڕاگوازتنی سه‌باح و هیدایه‌ت دوو خوێندکاری گیراوی کورد بۆ به‌ندی 209ی ئێڤین پشتڕاست کرایه‌وه

مانشێت نیوز، تاران: هه‌ر دوو خوێندکاری گیراوی کورد «سه‌باح نه‌سری و هیدایه‌ت غه‌زالی» له ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌، بنه‌ماڵه‌کانیان ئاگادار کردۆته‌وه که بۆ به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران ڕاگوێزراون.

به تێپه‌ربوونی نیزێک به دوو مانگ له ده‌زگیر و زیندانی کرانی دوو خوێندکاری کورد، «سه‌باح نه‌سری» و «هیدایه‌ت غه‌زاڵی» دوو خوێندکاری گیراوی کوردو به‌رپرسانی گۆڤاری رۆژامه، مانشێت له زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی نیزێک له بنه‌ماڵه‌کانیانه‌وه، ڕایگه‌یاندبوو که ئیتلاعاتی سنه نه‌یتوانیوه هیچ یه‌ک له تۆمه‌تباریه‌کانیان به سه‌ر دا بسه‌پێنێ، هه‌ر بۆیه‌ش له گرتووخانه‌ی سنه‌وه‌ بۆ به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران ڕاگوێزرابوون و ئه‌مجاره زانیاریه‌که له لایه‌ن خوێندکاره‌کان و له ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌، پشتڕاست کرایه‌وه.

بنه‌ماڵه‌ی هه‌ر دوو خوێندکاری گیراوی کورد، له لایه‌ن ناوه‌نده‌کانی ئه‌منی ره‌ژیمه‌وه له ژێر گووشار دان که به‌دواداچوونی دۆزی کوڕه‌کانیان نه‌که‌ن و زانیاری سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئه‌ان بڵاونه‌که‌نه‌وه و ئه‌وه له کاتێک دایه که تا ئێستاش هیچ زانیاریه‌کی ڕوون له سه‌ر هۆکاری گیران و تۆمه‌تباریه‌کانیان له‌ده‌ست دا نیه.

«سه‌باح نه‌سری»، به‌رپرسی گۆڤاری خوێندکاری «رۆژامه» و خوێندکاری کارناسی باڵای زانسته سیاسه‌کانی زانکۆی تاران و «هیدایه‌ت غه‌زالی» خوێندکاری کۆلێژی ده‌روونناسی زانکۆی عه‌لامه‌ی تاران و ئه‌ندامی شۆڕای نووسه‌رانی گۆڤاری ڕۆژامه، پاش ئه‌وه له  نیزێک به دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌منی ڕه‌ژیمه‌وه ده‌زگیر ده‌کرێن، به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ڕه‌وشه‌که و گووشار و ئازاری لێکۆڵێنه‌ران و ڕاگیرانیان له ژووری تاکه‌که‌سی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه، مان له‌خواردن ده‌گرن که به گوازتنه‌وه‌یان بۆ گرتووخانه‌ی گشتی وازیان له‌م مانگرتنه‌که‌یان هێناوه و ئێستاش ده‌گوترێ له به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران کراون زیندانی کراون.

ئه‌گه‌ری پێکهاتنی پارتێکی چه‌کداری ئازه‌ربایجانی له ئێران

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: ڕۆژی یه‌کی ڕه‌زبه‌ر به بۆنه‌ی ده‌سپێکی ساڵی نوێی خوێندن له ئێران، که‌سانێکی نه‌ناسراو به بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌کی نووسراو به زمانی فارسی باسیان له پێکهێنانی پارتێکی چه‌کداری ئازه‌ربایجانی به ناوی «حیزبی میلی ئازه‌ربایجانی باشووری» کردووه.

له رۆژی 1ی ره‌زبه‌ر دا که ده‌سپێکی ساڵی نوێی خوێندن له ئێران و ساڵه‌هاتی ڕاپه‌رینی خوێناوی ئازه‌ری زمانانی ئێران له باکوور و باکووری رۆژئاوایی ئه‌م وڵاته له ساڵی 85ی هه‌تاویشه، که‌سانێک که خۆیان به دامه‌زرێنه‌رانی گروپێکی جه‌کداری ئازادیخوازی ئازه‌ری پێناسه ده‌که‌ن له به‌یاننامه‌یه‌کی نووسراو دا باس له پێکهێنانی «حیزبی میلی ئازه‌ربایجانی باشووری» ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ له‌مه‌ودوا، به مه‌به‌ستی وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی هاوڵاتیانی ئازه‌ری شه‌ری چه‌کداری له به‌رانبه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی ئێران بکه‌ن.

له به‌یاننامه‌ی حیزبی ئاماژه‌بۆکراو دا هاتووه «ساڵه‌هایه که ناسنامه‌ی تورکی ئازه‌ربایجان و سنووره‌ مێژوویه‌کانی ده‌ستکاریان تێدا ده‌کرێ و خاکی ئازه‌ربایجان یا دوابه‌دوای مامه‌ڵه شاراوه‌ی سیاسی ده‌درێ به وڵاتانی دراوسێ و یاخود به ده‌ستی شه‌‌ڕخوازانی کۆچه‌ر (مه‌به‌ست کورد) تووشی گۆڕینی دێمۆگرافیک بووه و له‌مه‌ودوا بڵاوکه‌رانی ئه‌م به‌یاننامه‌، به سازدانی ئه‌رته‌شێکی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی هه‌وڵی ئازادکردنی ئازه‌ربایجان ده‌ده‌ن.

ئه‌وه له کاتێک دایه که پێوه‌ندی مانشێت به چه‌ند سه‌رچاوه‌ و که‌سایه‌تی باوه‌ڕپێکراوی ئازه‌ری له ئێران، ئه‌م یه‌که ڕه‌تده‌کرێته‌وه که له ئازه‌ربایجان که‌سانێک حیزبێکی چه‌کدار دابمه‌رێنن و بیانه‌وێ کێشه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی غه‌یره ئازه‌ری ناو هه‌رێمه‌که‌ سازبکه‌ن و ته‌نانه‌ت پێویست به هیچ چالاکیه‌کی چه‌کداری دژ به ره‌ژیم له ئازه‌ربایجانی ئێران هه‌ست پێناکرێ و ڕه‌وشی ئاڵۆز و پێکهاته‌ی جوگرافی، سیاسی و ئابووری هه‌رێمه‌که‌ش ڕێگه  بۆ سازبوونی حیزبێکی چه‌کدار نادات.

ڕۆشنبیران و چالاکانی سیاسی ئازه‌ری پێشبینی ده‌که‌ن که ئه‌‌م یه‌که هه‌وڵێک بێت له لایه‌ن هێزه‌ و ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌کانی ره‌ژیم بۆپ ڕه‌سندنی زه‌مینه‌ی سه‌رکوتی ئاسانتر و مه‌شرووعی ئازه‌ری زمانان و کێشه‌سازکردن له نێوان گه‌لانی هاوکێشه‌ی کورد و ئازه‌ری و به فارسی نووسینی به‌یاننامه‌که‌ش هه‌ر ئه‌وه ده‌رده‌خات.

پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک: ئاکه‌په ده‌یه‌وێ کوردان بنێرێته شاخ

مانشێت نیوز، ئامه‌د: «سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش» جێگری فراکسیۆنی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک له پارله‌مانی تورکیا به توندی ڕه‌خنه‌ی له پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌ی ئه‌ڕدۆغان گرت که ده‌ته‌په به‌وه تاوانبار ده‌کات که لێگال نیه و له شوێنێکی تر (له قه‌ندیله‌وه) ڕێبه‌ری ده‌کرێ.

«ده‌نگیرمیر مه‌همه‌د فرات»، جێگری سه‌رۆکی ئاکه‌په‌، له پڕۆگرامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی دا ڕایگه‌یاندبوو که «پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، پارتیه‌کی یاساییه به‌ڵام له شوێنێکی تره‌وه (مه‌به‌ست قه‌ندیل و باندۆری پ.ک.ک) ڕێبه‌ری ده‌کرێ  ده‌بێت که ره‌نگی پارته‌کانی ئاسایی تر به‌خۆوه بگرێت یا بچنه شاخ و له‌به‌رانبه‌ر دا جێگری فراکسیۆنی ده‌ته‌په و پارله‌مانتاری ئامه‌د، سه‌لا‌حه‌دین ده‌میرتاش، ڕایگه‌یاند که «ئێمه پارتێکی سیاسی ئاسایی و سه‌ربه‌خۆین و له پانتایی لێگال دا چالاکی ده‌که‌ین و ئه‌گه‌ر که‌سێکی تر ئیعدایه‌کی غه‌یری ئه‌مه‌ی هه‌یه با بیسه‌لمێنێ و چیتر به‌ربه‌ست و کێشه‌ بۆ ئێمه سازنه‌که‌ن».

ناوبراو به توندی ڕه‌خنه‌ی له ئاکه‌په گرت و گوتی: وادیاره که چوونی مرۆڤه‌کان بۆ شاخ و بوونی گه‌ریلا و پ.ک.ک له چیاکان به قازانجی ئاکه‌په‌یه بۆ هه‌وڵ ده‌دات ها‌وڵاتیان بچنه شاخ و خه‌باتی چه‌کداری بکه‌ن» و ئه‌وه له کاتێک دایه که به گوێره‌ ناوبراو ده‌ته‌په هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که مرۆڤه‌کان له چیاکانه‌وه بێنێته خوار و له چوارچێوه‌ی ئاسایی و ده‌ستووری تورکیا دا به پێره‌و پڕۆگرامی ئاشکرا و ڕوون چالاکی ده‌کات و ئێستاش له پارله‌مان دا بوونی هه‌یه و ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکی گه‌روه‌یه‌ بۆ سازکردنی گۆڕان وچا‌ره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا دا.

Penی کوردی داوا له بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌کات که هه‌وڵی ئازادکردنی عه‌دنان و هیوا بده‌ن

مانشێت نیوز، بروکسه‌ل: ڕێکخراوی «Penی کورد»ی داوا له سه‌رکۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعوود بارزانی ده‌کات که هه‌وڵی ئازادکردنی دوو ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌دننی کورد «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» بده‌ن که له ئێران سزای سێداره‌یان به‌سه‌ر دا سه‌پاوه.

ڕێکخراوی پێنووسی کوردی (PEN Kurd) که ئه‌ندامیPenی جیهانیه‌، له نامه‌یه‌ک دا، له هه‌ر یه‌ک له سه‌رکۆماری عێراق و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، تاڵه‌بانی و بارزانی ویستووه که مافی ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی کورد بپارێزن و له‌م ڕاستایه‌ش دا هه‌وڵی ئازادکردنی هه‌ر دوو ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌ده‌نی کورد «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» بده‌ن که له لایه‌ن دادگای ئێرانه‌وه سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ر دا سه‌پاوه.پ

بانگه‌وازی نۆیه‌مین فستیڤالی چیرۆكی بانه‌

 بانە پاییز 86

چیرۆك ئەزموونێكی دی لە ژیانە كە تاقیمان نەكردۆتەوە

   بە ئاگاداری سەرجەم نووسەرانی وڵات دەگەیەنین دوا بە دوای بەڕێوە چوونی سەركەوتوانەی هەشتەمین فستیڤاڵ لە باژێری بانە و بەشداری بەرچاوی چیرۆكنووسانی ناوازە و تازە كار ، وەرزی پاییز و بانە بۆ جارێكی تریش میوانداری ئەهلی قەڵەم دەبێت و چاوەڕوانی بەرهەم و بەشداری چالاكانەی ئێوە خۆشەویستانە .بەڵكو بە پیت و شكۆی هەرچی زیاترەوە نۆیەمین فستیڤاڵی چیرۆكی بانە بە هاوكاری و هاودەنگیەوە بەڕێوە ببەین .

كورتە چیرۆك:

–  بەشی فارسی             – بەشی كوردی

وتار:

–  بابەتی ئازاد لە سەر تەوەرەی كورتە چیرۆك

–  لێكۆڵینەوە لە سەر ئەو چیرۆكانەی گەیشتوونە بەشی كۆتایی فستیڤاڵەكانی چیرۆكی بانە

بەشی تایبەتی چیرۆكی مناڵان:

چیرۆك دەبێ بە پێنووسی مناڵانی حەوت تا چواردە ساڵانە نووسرابێ ، هەروەها پێویستە كۆپی ناسنامەی نووسەرەكەشی لە تەك دابێ .

مەرجەكانی بەشداری لە فستیڤاڵ دا :

» پڕ كردنەوەی فۆرمی بەشداری فستیڤاڵ

» هەر نووسەرێك بۆی هەیە تەنیا دوو بەرهەم بۆ نووسینگە بنێرێ

» ناردنی چوار نوسخەی تایپ كراو لە ڕووپەڕێكی  A4 لە هەر بەرهەمێك( یەك نوسخە بە پێناسەی نووسەرەوە و سێ نوسخەش بێ پێناسە ) و ناردنی فایلی تایپ كراوی كۆمپیۆتەری كە بە نەرم ئەفزاری  word نووسرابێ ئەویش تەنیا لە سەر سی دی  .

» ئەوپەڕی كات بۆ خوێندنەوەی چیرۆك 20 خولەك و بۆ وتار 25خولەك .

»ئەو بەرهەمانەی لە كتێبدا چاپ بووبن یان جاری دی گەیشتبنە بەشی كۆتایی فستیڤاڵەكانی ڕابردوو وەر ناگیرێن .

» بۆ ئەو نووسەرانەی كە بەرهەمەكانیان لە لایەن بەشی زانستی یەوە بگەنە بەشی كۆتایی فاتیڤاڵ دەعوەت نامە دەنێردرێت .

» دوایین مۆڵەتی ناردنی بەرهەم یەكەمی ڕەزبەری 86 ە .

» فستیڤاڵ لە ڕۆژانی 23،24و25 ی گەڵاڕیزانی ئەمساڵ لە بانە بەڕێوە دەچێت .

» بە كەسانی هەڵبژاردە خەڵات ، ڕێزنامە و تەندیس پێشكەش دەكرێت .

» كە دەكرێت وەر گێڕانی فارسی بۆ چیرۆكە كوردیەكان بنێرن .(مەرج نیە ، تكایە)

»بۆ بەندی دووهەمی بەشی وتار نووسینگە دەتوانێ سەرچاوەی پێویست بۆ وتار نووس بنێرێت .

»ئەگەر ئەو مەرجانەی سەرەوە بۆ ناردنی بەرهەم لە بەرچاو نەگیرابێ چیرۆك ناچێتە بەشی كۆتایی .چیرۆكە گەیشتووەكان ناگەڕێندرێنەوە .

» چیرۆكەكانی بەشی كۆتایی لە لایەن ڕەخنە گرانەوە تاووتوێ دەكرێن .

» لە پێگەی ئینتێرنێتی فستیڤاڵدا بەرهەمە گەیشتوەكان ڕادەگەیێندرێن .

وێبسایت  www. Banefestival.com .  وێبلاگ http://www.banedastan.blogfa.com

ئیمەیل banedastan@yahoo.com      info@banefestival.com

ناونیشانی نووسینگەی فستیڤاڵ : كوردستان – بانە – مەكۆی فەرهەنگی هونەری ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی – نووسینگەی فستیڤاڵی چیرۆكی بانە

تێلفاكس     08754244050             تێلفاكس       08754244030

كارگەی چیرۆك ئەنجومەنی ئەدەبی فەرهەنگی بانە _ ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی بانە

ئه‌ندامی ئافره‌تی مه‌جلیسی باڵای هێزی پاراستنی گه‌ل و 8 گه‌ریلای تر له شه‌ڕێک دا گیانیان له‌ده‌ست دا

مانشێت نیوز، به‌هدینان: له ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوانی ئه‌رته‌شی تورکیا و شه‌رێکی قورسی نێوان گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه و ئه‌رته‌‌ش دا «نازان بایرام» ناسراو به «نودا کارکه‌ر» ئه‌ندامی ئافره‌تی مه‌جلیسی هێزی پاراستنی گه‌ل و به‌رپرسی سه‌ربازی ئه‌یاله‌تی بۆتان و 8 گه‌ریلای تر گیانیان له‌ده‌ست دا.

به گوێره‌ی ئاوه‌ندی ڕاگه‌یاندن وچاپه‌مه‌نی هێزی پاراستنی گه‌‌ل له به‌هدینانه‌وه‌، له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێکی مه‌زنی ئه‌‌رته‌شی تورک دا که له 13 تا 18ی ئه‌یلووله‌وه له به‌رزایه‌کانی جۆڵه‌مێرگ و به به‌شداری زیاتر له 20 هه‌زار عه‌سکه‌ر، له چوارچێوه‌ی ئۆپێراسیۆنی پاییزه‌ی تورکیا له ژێر ناوی «دووپشک» ده‌ستی پێکردووه، شه‌ر و پێکدادانی قورس هاتۆته ئاراوه و له ئه‌نجام دا «نازان بایرام» ناسراو»نودا کرێکار»، ئه‌ندامی ئافره‌ت و له هه‌مان کاتدا پایه‌به‌رزی مه‌جلیسی هێزی پاراستنی گه‌ل و 8 گه‌ریلایی تر گیانیان له‌ده‌ست دا و به گشتی له‌ سه‌ره‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ دا زیاتر له 20 عه‌سکه‌ر کوژراون.

له شه‌ره‌کانی شڕناخ، به‌رزایه‌کانی جۆڵه‌مێرگ، داوێنه‌کانی گابار و جودی، باشقه‌لا، به‌یتوشه‌باب، چیایی کاتۆ، سێرت و پێده‌شته‌کانی ئامه‌د، چه‌ندین عه‌سکه‌ری تورکیش بریندار بووه.

«نازان بایرام» له‌دایکبووی ساڵی 1972ی باشقه‌ڵای وان و ئه‌ندامی کۆنسه‌ی سه‌ربازی و مه‌جلیسی باڵای هێزی پاراستنی گه‌ل و هه‌روه‌ها له ڕێبه‌رایه‌تی کۆما ژنێن بڵیند دا بووه و له کۆمیته‌ی به‌رگری کۆما کۆمه‌ڵانی کوردستانیش دا خزمه‌تی کردووه.

ڕه‌وتی چاکسازی کۆمه‌ڵه: ئۆردوگاکان چۆل ناکه‌ین و ڕووداوی ناخۆشیشی لێناکه‌وێته‌وه

مانشێت نیوز، زه‌رگوێز: «عومه‌ر ئیلخانی زاده» له به‌یاننامه‌یه‌کی نووسراو دا وێرار ڕه‌تکردنه‌وه‌ی لێدوانه‌کانی «عه‌بدوڵا موهته‌دی» سه‌رۆکی باڵی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ره‌وتی چاکسازی له ئۆردوگااکانی کۆمه ڵه‌، بااس له‌وه ده‌کات که خۆیان به خاوه‌نی ئه‌م شوێنانه‌ ده‌انن و له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ش نین که جیابوونه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌، شه‌ڕ و کێشه‌ی لێبکه‌وێته‌ به‌م هۆیه که دوو لایه‌نه‌که له نیزێکی یه‌کترین.

ئه‌مه‌ش ده‌قی وه‌ڵامی عومه‌ر ئیلخانی زاده به‌رانبه‌ر به لێدوانه‌کانی موهته‌دی له ئاوێنه دایه:

به‌ڕێز كاك عه‌بدوڵڵا موهته‌دی‌ له‌ وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌، كۆمه‌ڵێك قسه‌وباسی‌ كردووه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ كردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو راستییه‌كانه‌. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ نایهه‌وێ‌ وه‌ڵامی‌ هه‌موو ئه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بداته‌وه‌، به‌ڵكوو ته‌نیا خاڵێكی‌ ئه‌و لێدوانه‌ ده‌داته‌ به‌ر باس.

كاك عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێ‌: «ناتوانین له‌م ئوردوگایه‌….یان له‌م دوو سێ‌ ئوردوگایه‌دا، یه‌كمان له‌ لایه‌ك بین و یه‌كمان له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌، به‌ڵكوو ئه‌وان(مه‌نزوری‌ ره‌وتی‌ چاكسازییه‌) ده‌بێ‌ به‌ فیكری‌ جێیه‌كی‌ دوورتر بن…. با رووداوی‌ ناخۆشی‌ لێنه‌كه‌وێته‌وه‌. باشترین حاڵه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووریش بكه‌ونه‌وه‌ بچنه‌ شوێنێكی‌ تر». ئه‌و قسانه‌ له‌ چه‌ند باره‌وه‌ جێگای‌ سه‌رنج و لێكۆڵینه‌وه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌:

1. بۆ مه‌گه‌ر كاك عه‌بدوڵڵا ساحێب و مڵكداری‌ كۆمه‌ڵه‌ و كوردستانی‌ عیراقه‌؟ ئێمه‌ به‌ هه‌موو حیسابێك پێمانوایه‌ زۆر زیاتر له‌ كاك عه‌بدوڵڵا مافمان به‌ ئوردوگاكان و ئیمكاناتی‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ هی‌ خۆمانی‌ ده‌زانین، به‌ڵام ده‌یسه‌لمێنین كه‌ هه‌مووشمان میوانی‌ كوردستانی‌ عیراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانین و ئه‌و ئیمكاناته‌ش هی‌ ئه‌وان و خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ باشووره‌. ئه‌و چه‌شنه‌ لێدوانه‌ی‌ كاك عه‌بدوڵڵا درێژه‌ی‌ هه‌مان سیاسه‌ته‌ كه‌: «له‌سه‌ر بستێك خاكی‌ ئوردوگا خوێن ده‌ڕژێ‌». ئه‌وه‌ سیاسه‌تێكی‌ شه‌ڕه‌نگێزانه‌یه‌ نه‌ك موته‌مه‌دینانه‌ و هاورێیانه‌، حه‌ق وایه‌ هه‌موو كه‌س مه‌حكومی‌ بكات.

2. كاك عه‌بدوڵڵا بۆ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێ‌ «با بڕۆن و دوور بكه‌ونه‌وه‌»؟ بۆچی‌ بۆخویان دوور ناكه‌ونه‌وه‌؟ بۆ مه‌گه‌ر كه‌س لێره‌ به‌ بێ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردستان ده‌توانێ‌ شوێن و رێگا و ئوردوگا بۆ خۆی‌ دیاری‌ بكات؟ وادیاره‌ كاك عه‌بدوڵڵا خۆی‌ نه‌ك هه‌ر به‌ حاكمی‌ ئوردوگاكانی‌ كۆمه‌ڵه‌، به‌ڵكوو به‌ بێ‌ هیچ بنه‌مایه‌ك، خۆی‌ به‌ حاكم و ساحێبی‌ كوردستانی‌ عیراقیش ده‌زانێ‌.

3. كاك عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێ‌: «…با رووداوی‌ ناخۆشی‌ لێنه‌كه‌وێته‌وه‌». پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌گه‌ر له‌ حیزبێكدا جیابوونه‌وه‌ بوو، ده‌بێ‌ شه‌ڕ و رووداوی‌ ناخۆشیشی‌ به‌ دواوه‌ بێت؟ بۆ ئێمه‌ و هاوڕێیانی‌ سازمانی‌ كوردستانی‌ حیزبی‌ كومونیستی‌ ئێران (كۆمه‌ڵه‌) ساڵهایه‌ له‌ نزیك یه‌كین و شه‌ڕیشمان نه‌بووه‌؟ چونكوو ئه‌و سیاسه‌ته‌مان په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌. كاك عه‌بدوڵڵا ئه‌گه‌ر نیگه‌رانی‌ رووداوی‌ ناخۆشه‌ بۆچی‌ مانگێكه‌ حازر نییه‌ بۆ ماوه‌ی‌ كاتییش بووه‌، به‌ پێشنیاری‌ ئێمه‌ و لێژنه‌ ئه‌منیه‌كه‌ی‌ حكومه‌تیش، هێزه‌كان لێك دور بخه‌ینه‌وه‌ و به‌ری‌ ئه‌و پێكدادانه‌ فیزیكیه‌شمان ده‌گرت و ئێستا ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر هه‌موو شتێك له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ باشتریشدا دیالۆگمان بۆ ده‌كرا؟

4. ئێمه‌ هه‌موو ئوردوگا و ئیمكاناتی‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌ هی‌ هه‌موومان ده‌زانین و ناكرێ‌ هاوڕێیانی‌ به‌رابه‌ریشمان لێی‌ بێبه‌ری‌ بكرێن. باشترین حاڵه‌ت به‌وه‌ ده‌زانین كه‌ سه‌د بریا ئوردوگاكان زۆر لێك دوور بوایه‌ن، یان حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئیمكانی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بوایه‌ ئوردوگا و ئیمكاناتی‌ حازر و ئاماده‌ بداته‌ لایه‌نێكمان، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كردن و شه‌ڕ له‌سه‌ر ئوردوگا مه‌حكوم ده‌كه‌ین و به‌ قسه‌یه‌كی‌ بێبنه‌ما و نامه‌سئولانه‌ی‌ ده‌زانین و قه‌تیش ناكه‌وینه‌ داوی‌ ئه‌م چه‌شنه‌ هه‌ڵوێستانه‌وه‌. داواشم له‌ هه‌موو دڵسۆزانی خه‌ڵكی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مجۆره‌ قسه‌ و كردارانه‌ قبووڵ نه‌كه‌ن و هه‌ڵوێستی‌ له‌ به‌رانبه‌ردا وه‌ربگرن.

له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی‌ رێبه‌رایه‌تیی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشان_ره‌وتی‌ چاكسازی‌ و گه‌شه‌

عومه‌ر ئێلخانیزاده‌

25. 9. 2007

دوو خوێندکاری کوردی زانکۆ له وه‌زاره‌ی په‌روه‌ڕده‌ و فێرکردن ده‌ڕکران

مانشێت نیوز، تاران: دوو خوێندکاری کۆلێژی په‌روه‌رده‌ی مامۆستایی له زانکۆی «په‌روه‌رده‌ی مامۆستایی شه‌هید ره‌جایی» به ناوه‌کانی «مه‌سعوود مه‌نسووری و شه‌ماڵ رۆسته‌می» به هۆی بانگێهێشتی خوێندکاران بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌‌‌زایه‌تی سینفی و بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤارێکی خوێندکاری ده‌رکران.

به گوێره‌ هه‌واڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، له درێژه‌ی زه‌ختو گووشاری سه‌ر خوێندکاران له زانکۆکانی ئێران، دوو خوێندکاری کورد به ناوه‌کانی «مه‌سعوود مه‌نسووری و شه‌ماڵ رۆسته‌می» که له کۆلێژی په‌روه‌ڕده‌ی مامۆستایی زانکۆی ره‌جایی تاران ده‌رسیان ده‌خوێند به تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو «بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤارێکی خوێندکاری، پابه‌ند نه‌بوون به شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، هاندان و بانگهێشتی خوێندکاران بۆ ناڕه‌زایه‌تی سینفی» له ئیداره‌ی په‌روه‌رده و فێرکردن ده‌رکراون.

له هه‌مان زانکۆ 7 خوێندکاری تر به تۆمه‌تگه‌لێکی هاوشێوه‌، ده‌رکراون و زه‌ختو گووشاری سه‌ر خوێندکاران په‌ره‌وه سه‌ندووه و له دوو ساڵی ڕابردووش دا ده‌یان خوێندکار به هۆی کێشه‌گه‌لی عه‌قیده‌تی و جیاوازی بیروڕا بانگهێشتی ناوه‌نده ئه‌منیه‌کان و بنکه‌کانی گوزنش کراون.

سزای زیندان و قامچی بۆ 5 هاوڵاتی سه‌قزی

مانشێت نیوز، سه‌قز: 5 ها‌وڵاتی سه‌‌قزی به ناوه‌کانی «ڕه‌حیم و عه‌تا حسێنی، ئه‌نوه‌ر حسێن زاده، کامیل حه‌کیمی و خالید بێخاڵی» به تۆمه‌تی پێکهێنانی کۆبوونه‌وه‌ی نایاسایی به 3 مانگ زیندان و لێدانی 40 زه‌ربه‌ی قامچی مه‌حکووم کراون.

5 ها‌وڵاتی سه‌‌قزی به ناوه‌کانی «ڕه‌حیم و عه‌تا حسێنی، ئه‌نوه‌ر حسێن زاده، کامیل حه‌کیمی و خالید بێخاڵی» به تۆمه‌تی پێکهێنانی کۆبوونه‌وه‌ی نایاسایی له لایه‌ن لقی 10ی دادگای تاوانی سه‌‌قز هه‌ر یه‌ک به 3 مانگ  و یه‌ک رۆژ زیندان و 40 زه‌ربه‌ی قامچی هه‌ڵپه‌سێردراو مه‌حکووم کراون و هه‌ڕوه‌ها بۆ ماوه‌ی سێ ساڵیش پێوه‌ندیان به که‌سایه‌تیه‌ سیاسی و پێشینه‌داره‌کان قه‌ده‌غه‌ کراوه و له ئه‌نجام نه‌دانی واجبه دینیه‌کان له‌به‌رچاوی خه‌ڵک خۆبپارێزن.

ڕۆژنامه‌‌وان و نووسه‌ری کورد «ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌نپوور» به ناچار ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به‌جێهێشت

مانشێت نیوز، مه‌هاباد: «ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌نپوور» رۆژنامه‌‌وان ونووسه‌ری مه‌هابادی به هۆی زه‌خت وگووشاری ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌کانی ره‌ژیم به ناچار ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به‌جێهێشتووه.

«ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌نپوور» ڕۆژنامه‌وان ونووسه‌ر و ئه‌ندامی «کارگه‌ی چیرۆک و ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی» مه‌هاباد، پاش ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن ناوه‌نده‌کانی ئه‌منی و ئیتلاعاتی ڕه‌ژیم تووشی زه‌خت و گووشار ده‌بێت و له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو دا دوو به‌رپرسی ئه‌منی به مه‌به‌ستی پشکنین روو له ماڵه‌‌که‌ی ده‌که‌ن، به هۆی مه‌‌ترسی سه‌ر گیانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی، به ناچار، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌جێ ده‌هێڵێت.

ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌نپوور، خاوه‌نی چه‌ندین چیرۆک به زمانه‌کانی کوردی و فارسیه و له خولی حه‌وته‌می فێستیڤاڵی داستانووسی باکووری ڕۆژئاوایی ئێران له بانه پله‌ی سێهه‌می به‌ده‌ستهێناوه و هاوکات تا ئێستاش به ده‌یان به‌رهه‌می چیرۆکی و بابه‌تی وه‌رگێردراوی له ڕۆژنامه‌ و بڵاوکراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان بڵاوکراوه‌ته‌وه.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو به‌رهه‌مێکی «میلان کۆندرا»ی به ناوی «نه‌‌زانی(جه‌هاله‌ت)» له باشووری کوردستان وه‌رگێراوه‌ته‌وه‌ سه‌ڕ زمانی کوردی و له لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی «ڕێنما» و له چاپخانه‌ی گه‌نجی سلێمانی بڵاوکرا‌وه‌ته‌وه.

شایانی باسه که «ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌نپوور» له‌مدوایانه‌ دا فیلمێکی کورتی له‌مه‌ر ڕوانگه‌ی ئیسلام سه‌باره‌ت به ژن به ناوی «ئه‌لنسا» سازکردووه و به بێ ئه‌‌وه‌ی خۆی ئاگادار بێت، بڵاوکراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش بوو به هۆی سازبوونی کێشه و ناچاربوونی ناوبراو و بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ به‌جهێشتنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

گه‌ریلاکانی پژاک سه‌ربازێکی ئێرانیان به دیل گرت

مانشێت نیوز، قه‌ندیل: ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی پژاک ئاشکرای کرد که له میانه‌ی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆێنکی هێزه‌کانی ئێران له هه‌رێمه‌کانی نێوان پیرانشار و سه‌رده‌شت، سه‌ربازێکی ئێرانی به‌دیل گیراوه و 6ی تریش کوژراو و بریندار بوونه.

به گوێره‌ زانیاریه‌کان،. له رۆژی 19ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌، هێزه‌کانی چه‌کداری ئێران له به‌رزایی و دارستانه‌کانی نێوان سه‌‌رده‌شت و پیرانشار، ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوانیان دژ به گه‌ریلاکانی پژاک ده‌سپێکردووه و له ئاکام دا رۆژی 25ی مانگ شه‌ڕێکی قورس سازده‌بێت و له ئه‌نجام دا 3 چه‌کداری ئێرانی ده‌کوژرێن، 3ی تر بریندار ده‌بن و سه‌ربازێکیش له لایه‌ن گه‌ریلاکانی پژاکه‌وه به‌دیل ده‌گیرێت.

پژاک ده‌ڵێ ڕه‌وشی ته‌ندروستی سه‌ربازه گیراوه‌که باشه و باس له‌وه‌ش ده‌کات که تۆپخانه‌کانی ئێران دوێنێ بۆ جارێکی تر هه‌رێمه‌ سنووریه‌کانی کوردستانی باشووریان بۆردومان کردووه و ئه‌مجاره به‌رده‌ناز، سووره‌دێ و به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له باشووری کوردستانیش ده‌ورووبه‌ری چۆمان که‌وتۆته به‌ر هێرسی تۆپخانه‌یی ره‌ژیمی ئێران.

ڤیتۆی هێزی پێشمه‌رگه گفتگۆی نێوان تورکیا و عێراقی سه‌باره‌ت به پ.ک.ک تووشی ئاسته‌نگ کرد

مانشێت نیوز، به‌په‌له: «فیتۆی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان» له‌مه‌ر نایاسایی بوونی هه‌رچه‌شنه ڕێککه‌وتنێکی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئیزنی ئه‌رته‌شی تورکیا بۆ به‌زاندنی سووره‌کانی کوردستان له کاتی ڕاونانی شه‌ڕڤانانی پ.ک.ک، گفتگۆکانی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ی په‌ک خست.

«جه‌واد بۆلانی» وه‌زیری ناوخۆی عێراقی فێدراڵ که به مه‌به‌ستی مۆرکردنی ڕێککه‌وتنێک له‌مه‌ر ڕێگه‌دان به ئه‌رته‌شی تورکیا بۆ به‌‌زاندنی سنووره‌کانی کوردستان له کاتی ڕاونانی شه‌رڤانانی پ.ک.ک دا له ئه‌نقه‌ره‌یه و سه‌رگه‌رمی گتفگۆ له‌سه‌ر بابه‌تی پ.ک.ک و چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاری هاوبه‌شیه‌تی، به هۆی لێدوانه‌کانی وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌مه‌ر قه‌بووڵ نه‌کردنی هیچ ڕێککه‌وتنێک بێ ئاگاداری هێزی پێشمه‌رگه، گفتگۆکانی تووشی کێشه‌ و داخستن کرد و وه‌فدی عێراقی دوای بیستنی ئه‌م لێدوانانه، به ناچار دانیشتنه‌که‌یان په‌ک خست و به‌ره‌وه‌ هۆتێلی شوێنی نیشته‌جێبوونیان گه‌رانه‌وه.

«جه‌بار یاوه‌ر» وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، دوێنێ به بیستنی ئه‌گه‌ری ئیمزاکردنی ڕێککه‌وتن نامه‌یه‌ک له نێوان عێراق و تورکیا بۆ ڕێگه‌پێدان به سوپای توركیا بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌ ناو سنووری هه‌رێمی كوردستانی عێراقلێدوانێکی به په‌یامنێر دا و وتی: ئه‌مه ته‌نها پروپاگه‌نده‌یه‌ و راگه‌یاندنه‌ توركیه‌كان به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی ئاراسته‌ی رای گشتی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت كه‌ به‌ بێ ئاگاداری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ توركیا مۆر بكات.

ئه‌م لێدوانه‌ی وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بوو به هۆی ئاماژه‌ی گفتگۆکانی نێوان وه‌دی دوو وڵاتی له ئه‌نقه‌ره گۆری و بوو به هۆی دواخرانی دانیشتنه‌کان و تا ئێستا به‌م شێوه‌ ویستی تورکیا به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ئیزنی عێراق بۆ ڕاونانی گه‌ریلا له ناو سنووره‌کانی کوردستان و چوارچێوه‌ی «تاقیبی گه‌رم» دا، مسۆگه‌ر نه‌بووه ومێدیاکانی تورکیاش «ڤیتۆی هێزی پێشمه‌رگه» به هۆکاری ئه‌م یه‌که ده‌‌زانن.

ئه‌مرۆ 3 هاڵاتی تری ئێرانی له‌به‌رچاوی خه‌ڵک له‌سێداره‌دران

مانشێت نیوز، بابۆل: ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 3 پیاو به تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر 12 ژن و کچی گه‌نج و دزی، له به‌رچاوی هه‌زاران هاوڵاتی له شاری بابۆلی باکووری ئێران له‌سێداره‌ دران.

به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌وڵی رۆیته‌رز، سێ که‌س به ناوه‌کانی «هادی جه‌عفه‌ر ته‌بار، میرهادی میرته‌قی و شوجاع مووسا زاده» به تۆمه‌‌تی ئه‌نجامی کرده‌وه‌ی نائه‌خلاقی و به گوێره‌ی داواکاری گشتی شارستانی بابۆلی باکووری ئێران به تاوانی ده‌ستدرێژی سیکسی بۆ سه‌ر 12 کیژ و ژنی لاو و هه‌ستاندنی پوول و پاره‌کانیان ده‌زگیر و دادگای کراون و ئه‌مرۆش له‌سێداره دران.

به گوێره‌ی ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، ئێران به به‌روارد له‌گه‌‌ڵ ڕاده‌ی حه‌سه‌شیمه‌ته‌ 70 میلیۆن که‌سیه‌که‌ی زۆرترین ئاماری ئیعدام له جیهانی هه‌یه و ده‌گوترێ که له سه‌ره‌تای سڵی 2007ی زایینیه‌وه 210 که‌س له‌ ئێران و به زۆری له‌به‌ڕچاوی ها‌وڵاتیان له‌سێداره دراون و ته‌نانه‌ت 21 که‌س ته‌نیا له رۆژێک دا ئیعدام کران.

ئه‌ردۆغان: پ.ک.ک تانک و تۆپی هه‌یه!

مانشێت نیوز، نیۆیۆرک: «ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان» سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا له لێدوانێک دا بۆ ئه‌ندامانی کۆمیسیۆنی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌کی ئه‌مریکا ئیدعای کرد که پ.ک.ک تانک و تۆپ و چه‌کی قورسی هه‌یه.

«ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان»، سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا و سه‌رۆکی پارتی ده‌سه‌ڵات داری ئاکه‌په‌، که به سه‌ردانێک له نیۆیۆرکی ئه‌مریکایه له لێدوانێک دا بۆ کۆمیسیۆنی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که پ.ک.ک خاوه‌نی چه‌کی سووکی ئه‌مریکی و تانک و تۆپه و واشنتۆن سه‌باره‌ت به‌م کێشه‌ هیچ هه‌ستیاریه‌ک له خۆی نیشان نادات و له به‌ره‌نگاری پ.ک.ک‌ش دا داخوازی و داواکاریه‌کانی ئێمه‌ به‌جێناگه‌یێنێت.

ئه‌ردۆغان ئیعدا ده‌کات که له که‌مپ و باره‌گاکانی پ.ک.ک له قه‌ندیل و باشووری کوردستان دا له چه‌کی سووکه‌وه بگره تا تانک و تۆپ و ئه‌ویش هی ئه‌مریکا له ده‌ستی گه‌ریلا دایه و گله‌یی له حکومه‌تی ئه‌مریکاش کرد که گرینگی به‌م یه‌که‌ نادات و له دژایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ پ.ک.ک‌ش دا پشتیوانی پێویست و به کرده‌وه‌ له تورکیا ناکات.

ئه‌ردۆغان وتیشی که به‌م زوانه بریاره سه‌ڕدانی ئه‌مریکا بکاته‌وه و له دیداری جۆرج بوشی سه‌رۆکی ئه‌م وڵاته دا سه‌باره‌ت به کێشه‌ی پ.ک.ک و به‌ره‌نگاری تیرۆریسم، گفتگۆ بکات و هاوکات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌شی له‌گه‌ڵ کۆندالیزا ڕایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌مباره‌وه له پێوه‌نی پته‌و و به‌ڕده‌‌وام دا ده‌بێت.

112 په‌نابه‌ری نایاسایی له شاری وانی باکووری کوردستان ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، وان: به گوێره‌ی زانیاریه‌کانی پۆلیسی شاری وان، 112 په‌نابه‌ری نایاسایی له ماڵێکی تاخی حاجی به‌کری ئه‌مشاره ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی به‌شی بێگانه‌کانی ئاسایشی شاره‌که کراون تا دیپۆرتی ئێران بکرێنه‌وه‌.

ئاژنسی فورات له‌مباره‌وه ده‌ڵێ که له ماوه‌ی دوو رۆژی ڕابردوو دا به پێی زانیاریه‌کی ئیستخباراتی، 112 په‌نابه‌ری نایاسایی له ماڵێکی شاری وان له گه‌ره‌کی حاجی به‌کر ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئاسایشی ئه‌مشاره کراون تا پاش ئه‌نجامی کاری یاسایی له‌گه‌ڵیان، ڕه‌‌وانه‌ی ئێران بکرێنه‌وه‌.

ئه‌م په‌نابه‌رانه که به زۆری ها‌وڵاتیانی ئه‌فغانستان و پاکستان و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایی دوورن، له ڕێگه‌ی قاچاغ و به به‌زاندنی ناایاسایی سنووره‌کان له ئێرانه‌وه دێنه باکووری کوردستان تا له‌م ڕێگه‌وه بگه‌نه یونان و له‌وێشه‌وه بگه‌نه وڵاتانی ئه‌ورووپایی بۆ مسۆگه‌رکردنی ژیانێکی باشتر، که‌چی به زۆری له شاری وان و هه‌رێمه‌کانی تری تورکیا ده‌زگیر و دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان ده‌کرێنه‌وه.

سلام ما همیشه از وبلاگتان استفاده ها کردیم خوشحال میشویم ما رادر راهی که در پیش گر فته ایم یاری برسانید . زور مان خوش ده ویی و کارت کارستانه و بالا و نرخی کارت به قه را کوردستانه

DTP له ڕاپۆرتێک دا بۆ پارله‌مانی ئه‌رووپا داوای ڕاگه‌یاندنی لێبوردنی گشتی له تورکیا ده‌کات

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک له ڕاپۆرتێک بۆ پارله‌مانی ئه‌رووپا ڕاگه‌یاندنی «لێبوردنی گشتی» بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد به هه‌وڵی هه‌ره پێویست زانی و گووشار بۆ سه‌ر DTP و تێروانینی ئاسایشی به‌رانبه‌ر به کوردانیشی به کۆسپی بنه‌ره‌تی مانه‌وه‌ی کێشه‌که پێناسه‌ کرد.

«به‌نگی یه‌ڵدز» ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک له پارله‌مانی تورکیا له ڕاپۆرتێک دا بۆ پارله‌مانی ئه‌ورووپا باس له‌م بابه‌ته ده‌کات که بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا، یه‌که‌م هه‌نگاوی پێویست «ڕاگه‌یاندنی لێبوردنێکی گشتی» بۆ پ.ک.ک و سه‌ڕجه‌م گیراوانی سیاسی کورده و هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌کات که زه‌خت و گووشاره‌کان بۆ سه‌ر DTP و ڕوانینی ئاسایشی و سه‌ربازی له کێشه‌ی کورد به گه‌وره‌ترین کۆسپی به‌ڕده‌م چاره‌سه‌ری کێشه‌که ده‌زانێ.

ناوبراو که ئه‌ندامی کۆمسیۆنی پێوه‌ندیه‌کانی پارله‌مانی تورکیا و یه‌کێتی ئه‌ورووپایه‌، هه‌روه‌ها له ڕاپۆرته‌که‌ دا ئاماژه‌ی به‌م یه‌که‌ کردووه که له پڕۆسه‌ی به‌دێمۆکراسیبوونی تورکیا دا،پێویسته زه‌ختی زۆرتر بۆ سه‌ڕ ئه‌نقه‌ره بێت و ده‌ستی عه‌سکه‌ر له پانتایی سیاسی وڵات دا ده‌بێ کورت بکرێته‌وه.

به‌نگی یه‌ڵدز، له باره‌ی ڕاپۆرته‌که‌ دا ده‌ڵێ که حکومه‌ت پێویسته بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد، به‌ربه‌سته‌کان له‌به‌رده‌م زمانی کوردی هه‌ڵگرێ، ڕۆڵی عه‌سکه‌ر له سیاسه‌ت دا که‌م بکرێته‌وه‌، بوونی فراکسیۆنی DTP له پارله‌مان به ده‌رفه‌ت بزانرێ و گووشاره‌کانی سه‌ر کوردان و پارته‌که‌ که‌م بکرێته‌وه.

باڵاترین نیشانی که‌لتووری فه‌ره‌نسا سبه‌ی د‌ه‌د‌رێته شارام نازری

مانشێت نیوز، پاریس: «شه‌هرام نازری» گۆرانیبێژی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد، سبه‌ی له فه‌ره‌نسا به‌رزترین نشانی که‌لتووری ئه‌م وڵاته‌ به ناوی «شوالیه‌»ی پێده‌به‌خشرێ و به هۆی ساڵه‌ها خزمه‌ت به هونه‌ر و مووسیقا، له ڕێوڕه‌سمێک دا ڕێزی لێده‌گیرێ.

به گوێره‌ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، شه‌هرام نازری، گۆرانیبێژی کرماشانی، سبه‌ی له ساڵۆنی شانۆی پاریس، له‌گه‌ڵ کۆڕێکی هونه‌ری، چه‌ند گۆرانی و پاڕچه مووسیقا، پێشکه‌ش ده‌کات و پاشان له ڕێوره‌سمێکی تایبه‌ت دا خه‌ڵاتی «ته‌مه‌نێک» خزمه‌تی به هونه‌ر ومووسیقا و نیشانی «شوالیه»ی پێده‌به‌خشرێ.

شه‌هرام نازری، زیاتر له 25 ساڵه له لوتکه‌ی مووسیقای فۆلکلۆری ئێران دایه و له ناسراوترین موسیقاره‌کانی هه‌رێمه‌که‌یه و سه‌باره‌ت به مووسیقا ده‌ڵێ که «له جیهان شه‌ڕه‌کان هه‌ر به‌رده‌‌وامن به‌ڵام ، هونه‌ر ئه‌رکی خۆی، هه‌ر به‌ره‌وه پێش ده‌بات». نازری له ڕوانگه‌ی هه‌ندێک له شاره‌زایانی ڕۆژئاوایی موسیقی ئێران ناسناوی «پاڤۆرۆتی ئێرانی پێدراوه.

عێراق و تورکیا ڕێککه‌وتنیێکی ئاسایشیان مۆرکرد بێ ئه‌وه‌ی خاڵی ئیزنی به‌زاندنی سنووری تێدابێ

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: به فیتۆی هێزی پێشمه‌رگه و ناڕه‌ایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ره‌نجام هه‌ستیارترین به‌ندی ڕێککه‌وتنی ئاسایشی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا ئیمزا کرا بێ ئه‌وه‌ی که ڕێگه‌ به تورکیا درابێ که سنووره‌کانی کوردستان له کاتی ڕاونانی شه‌ڕڤانانی پ.ک.ک دا ببه‌زێنێ.

ئه‌مرۆ هه‌ینی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق «جه‌واد بووڵانی» و هاوتایی تورکی «به‌شیر ئاتاڵای»، ڕێککه‌وتنێکی دوو لایه‌نه‌یان دژ به تیرۆر و بۆ به‌ره‌نگاری پ.ک.ک مۆرکرد که ته‌نیا تێیدا ئاماژه به هاوکاری ئیستخباراتی هاوبه‌ش، بۆ به‌ره‌نگاری پ.ک.ک ده‌کات و به هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ و حکومه‌‌تی هه‌رێمی کوردستان، گرینگترین به‌ندێک له تورکیا پێداگری له‌سه‌ر ده‌کرد، له ڕێککه‌وتنه‌‌که‌ دا نه‌گونجاوه و به‌م پێیه «ئیزنی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و به‌زاندنی سنووره‌کانی کوردستان» له کاتی ڕاونانی شه‌رڤانانی پ.ک.ک له په‌یماننامه‌که‌ دا نیه.

جه‌بار یاوه‌ر، وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیش له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی ده‌نگوباسی ئاسشۆیته‌د پڕێس ڕایگه‌یاند که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ ته‌نیا ڕێککه‌وتنێک قه‌بووڵ ده‌کات که خۆی لایه‌نی بێت و سه‌باره‌ت به تورکیا و پ.ک.ک‌ش ڕازیه که بۆ ئاڵوگۆڕی «زانیاری ئیستخباراتی» و » به‌ره‌نگاری تیرۆر» هاوکاری بکرێت، وه‌گه‌ر نا ڕه‌تده‌کرێته‌وه.

خاڵه‌کانی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئیمزا کراوی نێوان وه‌زیرانی ناوخۆی دوو وڵاتی عێراق و تورکیا بۆ به‌ره‌نگاری پ.ک.ک و تیرۆریزم به‌م شێوه‌یه:

له سه‌ره‌وه‌یانه‌وه پ.ک.ک\ کۆنگره‌ گه‌ل و پاشان هه‌موو گرووپه تیرۆریستیه‌کان، چالاکی، پرۆپاگه‌نده‌، په‌روه‌ڕده، پلانڕێژی، مانه‌وه‌ و هتدیان له‌ خاکی هه‌ر دوو وڵات لێ قه‌ده‌غه ده‌کرێ و پێش به هێرشکردنیان بۆ سه‌ر وڵاتی تر ده‌گیرێ

پشتیوانی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیی لۆژێستیک له‌ گرووپه تیرۆریستیه‌کان و پشتیوانی و چالاکی ماڵیان پێشی پێ ده‌گیرێ

پێش به وه‌شانی ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ و هه‌موو ئیمکانه‌کانی پڕۆپاگه‌نده‌یی گرووپه تیرۆریستیه‌کان له خاکی دوو ولات قه‌ده‌غه ده‌کرێ

ڕێگه به پێکهێنانی هیچ ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسی، ڕێکخراوه‌یه‌کی فه‌رمی و گشتی پێوه‌ندی‌دار به‌ گرووپه تیرۆریستیه‌کان نادرێ

هه‌ردوو وڵاتی هاوپه‌یمان له سه‌ر شانیانه که ئه‌ندامان و چالاکانی گرووپه تیرۆریستیه‌کان، به مه‌ڕجی چالاکی له وڵاته‌که‌ی دا ده‌زگیر و دادگایی بکات یا ئه‌وه‌ی که ڕاده‌ست به وڵاته‌که‌ی تری بکاته‌وه

بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م ڕێککه‌وتنه، کۆمیته‌یه‌کی ڕێکخه‌ری ساز ده‌کرێت تا له نێوان و‌زه‌اره‌تی ناوخۆی دوو وڵات و کۆمیسیۆنه پێوه‌ندی‌داره‌کان کۆبووونه‌وه و دیدار پێکبێنێت

به‌ره‌ی تورکمانی خوازیاری پێکهێنانی هه‌رێمی تورکمان له عێراقه

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: «جه‌ماڵ شان» جێگری پارتی «به‌ره‌ی تورکمانی عێراق» له که‌رکووک به که‌ناڵی سکای تورکی ڕاگه‌یاند که ئه‌وان به توندی دژایه‌تی دابه‌شکردنی عێراق به‌سه‌ر سێ هه‌رێمی فێدراڵ دا ده‌که‌ن و مادام که ئه‌م پڕۆژه خه‌ریکه‌ به‌ره‌وپێش ده‌چێت، تورکمانه‌‌کانیش داوای پێکهاتنی هه‌رێمی تورکمان وه‌کو 4مین ئه‌یاله‌ت له عێراق ده‌که‌ن.

«جه‌مال شان» جێگری به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی که له لایه‌ن تورکیاوه‌ خه‌تی پێده‌درێ  و پشتیوانی ماڵی و لۆژێستیکی لێده‌کرێ له لێدوانێک دا بۆ که‌ناڵی سکای تورک دژایه‌تی توندی خۆی به‌رانبه‌ر په‌سه‌ند کرانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ ده‌ربڕی که کۆنگرێسی ئه‌مریکا تێیدا باس له دابه‌‌شکردنی عێراق به سه‌ر سێ هه‌رێمی فێدراڵی کورد و شیعه و سونه‌ ده‌کات.

ناوبراو له‌مبا‌ره‌وه وتی: ئێمه هه‌موو ئه‌م پڕۆژه و گه‌ڵاڵه په‌سه‌ند کراوانه ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه که حکومه‌تی ناوه‌نی له به‌غدا پێ لاواز بێت و وڵاته پارچه‌ پارچه‌ بکات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م گه‌ڵا‌ڵه بێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌وه، ئێمه‌ش داوای پێکهاتنی «هه‌رێمی چواره‌م به ناوی هه‌رێمی تورکمانی» ده‌که‌ین.

ناوبراو دووپاتیشی کرده‌وه که جه‌بهه‌ی تورکمانی عێراقی دژ به جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ کورده‌کان و پڕۆسه‌ی ڕێفراندۆم بۆ پێوه‌ستبوونه‌وه‌ی که‌رکووک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی تر به هه‌رێمی کوردستانه. جه‌بهه‌ی تورکمانی که‌رکووک، خانه‌قین، توزخورماتوو و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان له هه‌رێمی کوردستان به هه‌رێمی تورکمان پێناسه‌ ده‌کات.

کۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی هه‌ر ڕۆژه‌ی کرێکارانی ده‌رکراوی ڕستن و چنینی کوردستان

مانشێت نیوز، سنه: پاش ئه‌وه‌ی که گرێبه‌ستی کارکردنی 22 کرێکاری دامه‌راوه‌ی ڕستن وچنینی کوردستان درێژنه‌کرایه‌وه و 22 کرێکاره‌که سه‌ره‌رای 10 ساڵ پێشینه‌ی خزمه‌تیان له کۆمپانیه‌که ده‌‌رکران، کرێکاره‌کان، له 1ی ڕه‌زبه‌ره‌وه کۆبوونه‌وه و چالاکی پرۆتیستۆیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئه‌م 22 کرێکاره ده‌رکراوه ماوه‌ی زیاتر له حه‌وته‌یه‌که‌ هه‌موو ڕۆژێ له به‌ڕده‌رگای پارێزگاری کوردستان و پاشان به به‌رزکردنه‌وه‌ی پلانکارد و دروشمی ناڕه‌زایی، به‌رده‌وام له به‌ر ده‌رگای کۆمپانی ڕستن و چنینی سنه کۆبوونه‌ته‌وه و مانیان گرتووه.

ئه‌وه له کاتێک دایه که خاوه‌نی دامه‌زراوه‌که‌ باس له فرۆشتنی کۆمپانی ڕستن وچنینی کوردستان و درێژنه‌کردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی کارکردنی کۆمه‌ڵێکی تر له کرێکاران ده‌کات و ده‌شڵێ که بۆ هه‌ر کرێکاری ده‌رکراو  3 ساڵ و نیو مووچه‌ی زیادی‌ بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌یان ده‌درێ و پاشان هیچ مافێکیان به کرێکارانه‌وه نامێنێ.

له لایه‌کی تر، کرێکارانی ده‌رکراو له رۆژی 1ی ڕه‌زبه‌ره‌وه له مانگرتن و پڕۆتیستۆ دان و هێزه‌کانی ئاسایشی و ناوه‌نده‌کانی ئه‌منی به توندی هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌که‌ن و گووشاریان بۆ دێنن و ئه‌‌وانیش باس له‌وه ده‌که‌ن که ساڵه‌هایه خزمه‌ت به‌م کۆمپانیه‌ ده‌که‌ن و سوودێکی یه‌کجار زۆریان به‌ کۆمپانیه‌که گه‌یاندووه که چی ئێستا ده‌رکراون و له ژیانیان دا تووشی کێشه‌ی ئابووری بوونه. ته‌نانه‌ت ده‌گوترێ ئه‌مڕۆ یه‌کێک له کرێکاره‌کان به هۆی تووشبوونی به نه‌خۆشی سه‌ره‌تان به‌ره‌و تاران ره‌وانه ده‌کرێ.

ده‌ته‌په: با ئه‌ڕدۆغان بۆ ناردنی 10 هه‌ز‌ار عه‌سکه‌ر بۆ سه‌ر 9 گه‌نجی کورد شه‌رم بکات!

مانشێت نیوز، گه‌ڤه‌ر: «نوره‌دین ده‌میرتاش» جێگری سه‌رۆکایه‌تی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک له لێدوانێک دا سه‌باره‌ت به کوژرانی 9 گه‌ریلای پ.ک.ک گوتی: جێگه‌ی شه‌رمه که ئه‌ردۆغان ئه‌مری ناردنی 10 هه‌زار سه‌ربازی بۆ سه‌ر 9 گه‌نجی کورد داوه و ئه‌مه‌شیان پێ قاره‌مانه‌تیه.

«نوره‌دین ده‌میرتاش» جێگری سه‌رۆکایه‌تی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک له ڕێوڕه‌سمی به‌خاکسپاردنی شاره‌داری پێشووی گه‌ڤه‌ری شه‌مزینان، سه‌باره‌ت به کوژرانی 9 گه‌ریلای پ.ک.ک له هێرشی سه‌ربازانی ئه‌رته‌شی تورکیا دا وتی: به ده‌ستووری ئه‌ردۆغان، 10 هه‌زار عه‌سکه‌ر نێردراوه‌ته سه‌ر 9 گه‌نجی کورد و ئه‌مه جێگه‌ی شه‌رمه‌. له‌م لاشه‌وه دێن و ئه‌مه به قاره‌مانه‌تی وه‌سفده‌که‌ن. ئێمه له کاتێک دا هه‌ر ڕۆژ ئه‌م خه‌م و ڕه‌‌نجه ده‌بینین دیسانیش داوای ئاشتی ده‌که‌ین.

ناوبراو دووباره ره‌خنه‌ی توندیشی ئاڕاسته‌ی جێگری پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار «ده‌نگی میرفرات» کرد که گوتبووی «ده‌ته‌په یا به ته‌‌واوی یاسایی ده‌بێت یا ده‌چێته شاخ» و گوتی که ئه‌م په‌یامه‌مان به ڕوونی گرتووه.

ئاماژه‌ی ده‌میرتاش، به 9 گه‌ریلای کوژراوی هێزی پاراستنی گه‌له که له چه‌ند ڕابردوو، له ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوان دا به به‌شداری زیاتر له 10 هه‌زار عه‌سکه‌ر و تانک و زرێپۆش و هێلیکۆپته‌ر له هه‌رێمه‌کانی جۆڵه‌مێرگ و شرناخ کوژراو و له ناویان دا ئه‌ندامێکی باڵای سه‌ڕبازی و سیاسی هه‌په‌گه به ناوی «نازان بایرام» که ده‌گوترێ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی و له هه‌مان کات دا ئافره‌تی هه‌رێمه‌که بوو.

ئه‌ردۆغان ده ڵێ پ.ک.ک تانک و تۆپی هه‌یه و واشنتۆن ده‌ڵێ درۆیه!

مانشێت نیوز، واشنتۆن: ئه‌ردۆغان حه‌وته‌ی ڕابردوو بۆ یه‌که‌م جار له ئه‌مریکا ئیدعای کرد که پ.ک.ک تۆپ و تانک و چه‌کی قورس و سووکی سازکراوی ئه‌مریکای هه‌یه و ئه‌مریکاش وێڕای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئیدعایه‌، ده‌ڵێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌مباره‌وه له‌ده‌ست دا نیه و ئێمه‌ش چه‌کمان به پ.ک.ک نه‌‌داوه.

«تۆم که‌یسی» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له وه‌ڵامی ئیدعاکانی ئه‌ردۆغان دا که وتبووی پ.ک.ک تانک و تۆپی ئه‌مریکی له‌ده‌ست دایه، سه‌ڕسوڕمانی خۆی نیشان دا و وتی که ئێمه نازانین ئه‌ردۆغان له سه‌ر چ بنه‌ما و به‌ڵگه‌یه‌ک ئه‌م ئیدعایه‌یی کردووه، به‌ڵام ئه‌مه به ناڕاست ده‌زانین و پێمان سه‌یره که چۆن ده‌بێت چه‌کی قورس بکه‌وێته ده‌ستی پ.ک.ک؟ هه‌روه‌ها وتی که ئێمه وه‌کو حکومه‌تی ئه‌مریکا هیچ جه‌شنه پشتیوانیه‌ک له پ.ک.ک ناکه‌ین. چه‌کی پێناده‌ین و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیش له ئرادانیه که بسه‌لمێنێ پ.ک.ک تانک و تۆپ و چه‌کی قورسی هه‌یه.

که‌سی سه‌باره‌ت به ڕێککه‌وتنی ئاسایشی و به‌ره‌نگاری تیرۆری نێوان عێراق و تورکیاش، خۆشحاڵی خۆی و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی نیشان دا و وتی که هاوکاری وڵاتانی دراوسێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندوتیژی باشه و پێمان خۆشه. ئه‌وه له کاتێک دایه که حکومه‌تی هه‌رێمی نیشانی دا چه‌نی باندۆر له سه‌ر به غدا هه‌یه، بۆیه‌ که به گووشاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوو که به‌غدا نه‌یتوانی ئیزنی به‌زاندنی سنووره‌کانی کوردستان به تورکیا بدات که تاکه‌ خاڵی به‌که‌لک و پڕاتیکی ڕێککه‌وتنه‌که و خواستی سه‌ره‌کی تورکیا بوو.

له شڕناخ که‌سانی نه‌ناسراو 12 سیڤیلیان کوشت که 7یان جه‌ڕده‌وانن

مانشێت نیوز، شرناخ: دوێنێ ئێواره، که‌سانی نه‌ناسراو پێشیان به مینی باسێکی سیڤیل له ڕێگه‌ی حه‌مکانی به‌یتوشه‌باب گرت و هه‌ر 14 که‌سی ناو ئۆتۆمۆبیله‌که‌یان هێنایه‌‌خوار و پاشان به ده‌سترێژێکی گولله و له ئاکام دا 12 که‌سی سیڤیل کوژران و 2ی تر بریندار بوون.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، 7 که‌س له کوژراوان جه‌رده‌‌وان بوون و موختاری گونده‌که‌ش له ناویان دایه و 2 برینداره‌که‌ش به هێلیکۆپته‌ر بۆ نه‌خۆشخانه‌ی عه‌سکه‌ری شرناخ گوازراونه‌ته‌وه‌. مێدیاکانی تورکیا پ.ک.ک وه‌کو بکوژانی ئه‌م 12 که‌سه پێناسه ده‌کات، به‌ڵام پ.ک.ک تا ئێستا به‌رپرسیارێتی ئه‌م کرده‌وه‌ی وه‌ستۆخۆ نه‌گرتووه.

سۆفی و ده‌روێشه‌کانی سه‌قزی له لایه‌ن ئیتلاعات و ده‌زگاکانی ئه‌منیه‌وه گووشاریان بۆدێت

مانشێت نیوز، سه‌قز: به گوێره‌‌ی زانیاریه‌کان به‌رپرسانی ئیتلاعاتی و ئه‌منی سه‌قز به بانگهێشتی شێخ، خه‌لیفه‌، سۆڤی و ده‌روێشه‌کانی ته‌کیه و خانه‌قاکانی ئه‌م شاره ناچاریان ده‌کات زیکر و ته‌لیله بۆ خامنه‌یی بکه‌ن.

له‌مدوایانه دا هێزه‌کانی ئیتلاعات ده‌ستیان داوه‌ته گووشار هێنان بۆ سه‌ر سۆفی و ده‌روێش و ڕێبه‌ڕانی ته‌ریقه‌ته‌کانی ئایینی سه‌قز و به بانگهێشتی هه‌ندێک له شێخ و خه‌لیفه و ده‌روێشی ته‌کیه‌ و خانه‌قاکانی سه‌قز بۆ ناوه‌ندی ته‌وابینی ئیتلاعات له بڵواری ئینقلابی سه‌قز، گووشاریان بۆ دێنێت و ئازاریان ده‌دات و ته‌نانه‌ت ده‌گوترێ داوایان لێکردوون که کۆڕی زیکر و ته‌لیله دابنێن و تێیدا دوعا بۆ گیانی خامنه‌یی و به‌رپرسانی ئێران و نیزامه‌که‌ی بکه‌ن.

ئه‌وه له کاتێک دایه که به گوێره‌ی ئێران پڕێس، خانه‌قا و ته‌کیه‌کانی سه‌قز و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به گشتی تا ئێستا به زۆری پێداگریان له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ بووه که ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری سیاسی دا نه‌که‌ن و ته‌نیا ئه‌رکی خۆیان له خزمه‌تی ئایینی به‌ڕێوه‌به‌رن و ئه‌م ڕه‌وته گووشاره‌ی ناوه‌نده‌کانی ئه‌منی ره‌ژیم بۆته هۆی ناڕه‌زایه‌تی وتووڕه‌یی شێخ و ده‌روێش و سۆفیه‌کانی هه‌رێمه‌که‌.

له کوردستان، باوه‌رمه‌ندان به ئایینی ئیسلام، به زۆری پێره‌وی له دوو ته‌ریقه‌تی مه‌زنی نه‌قشبه‌ندی و قادری ده‌کرێ و هه‌زاران که‌س له لایه‌نگرانی ئه‌م ته‌ریقه‌تانه له کوردستان موریدی ته‌کیه و خانه‌قاکانی جۆربه‌جۆری کوردستانن و ساڵانه به ده‌یان جار له رۆژانی سێشه‌ممه، هه‌ینی و کاتی تر کۆد‌ه‌بنه‌وه و هه‌ریه‌ک به شێوازی باوی ته‌ریقه‌ته‌که، زیکر و ته‌لیله و ده‌ف لێدان و هتد ده‌که‌ن.

کۆنفرانسی کورد له ئامه‌د ده‌ستیپێکرد

مانشێت نیوز، ئامه‌د: به هاوکاری بنیادی «هانریش بۆڵ»ی ئه‌ڵمانی و «بیرۆی حقوقی ئامه‌د» و له دوێنێ 29ی سێپته‌مبره‌وه کۆنفرانسێک له ژێر ناوی «کورده‌کانی تورکیا، پێداویستیه‌ سه‌ره‌کیه‌کان له پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی دا» و به مه‌به‌‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌ی کورد له هۆڵی شانۆی شاره‌وانی ئامه‌د ده‌ستی به‌کاره‌کانی خۆیکرد.

ئه‌م کۆنفرانسه که 5مین کۆنفرانس سه‌باره‌ت به «کێشه‌ی کورد» له چه‌ند مانگی ڕابردوو دایه،دوێنێ و به به شداری ده‌یان ڕۆشنبیری ناوخۆ و بیانی، پارله‌مانتارانی ئاکه‌په و پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، شاره‌وانان و به‌رپرسانی خۆجێیی کورد و ده‌یان که‌سایه‌تی سیاسی و ئاکادێمی تورکیا، چه‌ند وه‌فدی وڵاتانی ئه‌مریکا، ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیا به‌شداری تێدا ده‌که‌ن. دوێنێ ده‌سپێکی کۆنفرانسه‌که له لایه‌ن»ئوڵڕیک دوفنه‌ر»، نوێنه‌ری فۆندی «هێنڕیش بۆڵ»ی ئاڵمانی و «سێزگین تانری قۆڵو» سه‌رۆکی بیرۆی حقوقی ئامه‌د، ئه‌نجام درا.

له کۆنفرانسه‌ دا، له رۆژی یه‌که‌م، پانێلێک له ژێر ناوی «بۆ کۆتایی هێنان به شه‌ڕ و پێکدادان، ئه‌کتۆره‌کان» و به به‌شداری «کڵێم مه‌ک کارتنی»، پسپۆری شه‌ڕ و پێوه‌ندیه‌کان له ئیرله‌نداوه، «میخاییل.م. گونته‌ر» له زانکۆی ته‌کنه‌لۆژی تێنێسی، له ئه‌مریکاوه، ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تی زانکۆی ئه‌نقه‌ره‌، «مه‌همه‌د سه‌نجار»، دیپلۆماتی خانه‌نشین «ئاکین ئۆزچه‌ر» و «دیله‌ک قوربان» له ڕێکخراوی «ته‌سه‌ڤ» پێکدێت.

سه‌ره‌تا به‌رپرسی بنیادی ئه‌ڵمای ئیدانه‌ی خه‌باتی چه‌کداری کرد و گوتی ئێستا که قۆناخی گه‌رمی باس له سه‌ر کێشه‌ی کورده و له تورکیا باس له گۆڕانکاتری له ده‌ستووری ئه‌م وڵاته دا ده‌کرێ، ده‌بێ کوردان که‌ڵک له‌م ده‌ڕفه‌ته وه‌ر‌گرن و بۆ چه‌سپاندنی داوا دێمۆکراتیکه‌کان له ده‌ستووری نوێدا هه‌وڵ بده‌ن و پاشان «سێزگین تانری قۆڵو» له لێدوانێک دا وتی که ساڵه‌هایه له ده‌ره‌وه به‌دوای چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ده‌گه‌رێن و کاتی ئه‌وه هاتووه له ناوخۆ هه‌نگاو به‌ره‌وه دۆزینه‌وه‌ی چاره‌ی ئه‌م کێشه‌ هه‌ڵگیرێ و داواشی له پ.ک.ک کرد که واز له خه‌باتی گه‌ریلایی بێنێت و به ڕێگه‌یه‌کی دێمۆکراتیک و ئاشتیانه له سیاسه‌تی سیڤیل و لێگاڵ دا بیر له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد بکرێت، چونکه شه‌ری چه‌کداری باوی نه‌ماوه و دۆخه‌که ئاڵۆزتر ده‌کات.

به‌شدارانی تری یه‌که‌م رۆژی کۆنفرانسه‌که وه‌کو ئایسه‌ل توغڵوک، پارله‌مانتاری ئامه‌دی ده‌ته‌په‌ش جه‌ختی له سه‌ر بێ به‌شی کوردان له مافه‌کانیان له تورکیا کرده‌وه و گوتی که خه‌باتی کوردان بۆ په‌سه‌ند کرانی ده‌ستوورێکی دێمۆکراتیک به‌رده‌وامه.

ئه‌مڕۆ و له دانیشتنه‌کانی تری کۆنفرانسه‌که‌ دا چه‌ند پانێل و کۆبوونه‌وه‌ی تر له ژێر تایتڵی «ڕه‌وتی تێپه‌ربوون له حکومه‌تێکی ئۆتۆریته‌ر و میلیتاریست و گه‌یشتن به دێمۆکراسی»، «ئاشته‌وایی له ڕوانگه‌ی ره‌گه‌زیه‌وه»، «ڕۆڵی پێکهات و ئه‌کتۆره نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان و میکانیزمه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان له چاره‌سه‌ری قه‌یران»، «هه‌نگاوه‌کانی سۆسیال-ئابووری بۆ گه‌شه‌کردن»، «خواسته‌کانی کوردان و ناوه‌رۆکه سیاسه‌که‌ی» و «به‌شداری سیاسی و تێکه‌ڵاوی دێمۆکراتیک» پێک دێت و له هه‌ر یه‌ک له دانیشتنه جیاوازه‌کان دا، ئایسه‌ل توغڵوک، ئاکین بیرداڵ، پڕۆفێسۆر باسکن ئۆڕان، چه‌نگیز چاندار، عوسمان بایده‌میر، سه‌رۆکی هه‌ک‌پار، نوێنه‌رانی چه‌ند پارتی سیاسی و ده‌یان ئاکادێمیسیه‌ن و پرۆفێسۆر و نوێنه‌ری پارله‌مان به‌شداری ده‌که‌ن.

ئێران:داخستنی سنووره‌کانی کوردستان پێوه‌ندی به ده‌زگیرکردنی فه‌رهادیه‌وه نیه!

مانشێت نیوز، تاران: وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مرۆ له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی له تاران دا ڕه‌تی کرده‌وه‌ که داخستنی خاڵه سنووره‌یه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان پێوه‌ندی به ده‌زگیرکردنی «مه‌حموود فه‌رهادی» ئه‌فسه‌ری سپای قودس له سلێمانیه‌وه هه‌بێت.

«محه‌ممه‌د عه‌لی حسێنی» ئه‌مرۆ له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌‌وانی دا ڕه‌تیکرده‌وه که ده‌زگیرکردنی «مه‌حموود فه‌رهادی» به‌رپرسی پایه‌به‌ڕزی قه‌رارگای زه‌فه‌ری سپای قودسی سپای پاستاران له سلێمانی پالاس، بووبێته هۆی داخستنی خاڵه فه‌رمیه‌ سنووریه‌کان له‌گه‌ڵ کوردستان و وتی که به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار، سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ی هۆکاره‌که‌ن.

ناوبراو له وه‌ڵامی پرسیارێک دا که گه‌لۆ سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه‌ی پارێزگارانی کرماشان و ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا بۆ داخستنی سنووره‌کان تا ئازادکردنی فه‌رهادی له ڕۆژی دوایی گیرانی چی ده‌ڵێت و وته‌بێژی وه‌اره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له وه‌ڵام دا ده‌ڵێت که «ئه‌مه گرینگی دانی به‌رپرسانی ئێران له هه‌رێمه‌که به کێشه‌ سنووریه‌کان و ڕووداوه‌کانی ناوچه‌یه.

«محه‌ممه‌د عه‌لی حسێنی» هه‌روه‌ها هۆکاری داخستنی سنووره‌کانی جموجۆڵی هێزه‌کانی به قسه‌ی ئه‌و‌ داگیرکه‌ری عێراق و گرووپه تیرۆریستیه‌کان و ئاڵوگۆر و ئاودیو کردنی چه‌ک و پاره‌ی بێگانه(ئه‌رز) گه‌ڕانده‌وه و وتیشی که هه‌ندێک گرووپی جه‌کدار دژ به سنووره‌کانی ئێمه چالاکی چه‌کداریان ئه‌نجام داوه و به‌ره‌نگاری پێویستیش له لایه‌ن ئێمه‌وه ڕوویداوه و درێژه‌ی ده‌بێت.

ناوبراو مه‌به‌ستی پ.ک.ک و باڵی ئێرانی هه‌مان پارتی، واته پژاکه که له‌م چه‌ند مانگی دوواییدا له سه‌ر سنووره‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌رێمی کوردستان ده‌ستیان داوه‌ته چالاکی چه‌کداری دژ به هێزه‌کانی ڕه‌ژیم و چه‌ندین پێکدادان و شه‌ڕی قورس هاتۆته ئاراوه که له ئاکام دا ده‌یان پاستار و سه‌ربازی ئێران و چه‌ند گه‌ریلایی پژاک کوژراون و ئه‌مه‌ش به گوێره‌ی به‌رپرسانی ئێران بۆته هۆی ئامبارگۆی ئابووری سه‌ر کوردستان و تۆپباارانی دوو مانگه‌ی سنووره‌کان و ئاوایه‌کانی ناو قووڵای خاکی کوردستان که هه‌‌زاران ئاواره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه.

زێباری ڕه‌خنه‌ی له داخستنی سنووره‌کان له لایه‌ن ئێرانه‌وه گرت

مانشێت نیوز، نیۆیۆرک: هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له کاتی به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان چاوی به مه‌نوچه‌هر موته‌کی، هاوتا ئێرانیه‌که‌ی که‌وتووه و ڕه‌خنه‌ی لێگووتوه که بۆچی ئه‌مریکا هاوڵاتی ئێرانی ده‌زگیر ده‌کات و که‌چی ئێران کورده‌کان سزا ده‌دات.

زێباری له دیداری موته‌کی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به ناوبراوی ڕاگه‌یاندووه که ئه‌مریکا هاوڵاتی ئێرانی مه‌حموود فه‌رهادی (ئه‌فسه‌ری سپای قودسی سپای پاستاران)ی ده‌زگیر کردووه و له‌ به‌رانبه‌ر دا ئێران حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی به داخستنی سنووره‌کان تووشی کێشه کردووه و ئه‌مه‌ش که‌ش و هه‌وای لێکتێگه‌یشتن و متمانه به‌یه‌ک کردن تێکده‌دات.

زێباری داوای له ئێران کردووه که کوردستان نه‌خاته ژێر ئابلووقه‌ی ئابووری و به هۆی کارێکی که ڕۆڵی تێدا نه‌گێراوه، تووشی کێشه‌ی نه‌کات و بۆیه ده‌ڵێ که سنووره‌کان بکاته‌وه و ئه‌وه له کاتێک دایه که ئه‌مریکا پێداگری له سه‌ر پاستار بوونی فه‌رهادی ده‌کاته‌وه و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕاگوازتووه و باس له ئازادکردنی ناکات.

بیژه‌ن کامکار نه‌شته‌رگه‌ری دڵی بۆکرا

مانشێت نیوز، تاران: به گوێره‌ی زانیاریه‌کان «بیژه‌ن کا‌مکار» موزیسیه‌ن و گۆرانیبێژی گرووپی کوردی «کامکاره‌کان» که تووشی نه‌خۆشی گیرانی ده‌ماره‌کانی دڵی بوو، نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی له تاران بۆکرا و ئێستاش ره‌وشی به‌ره‌وه باشی ده‌ڕوات.

زانرا که «بیژه‌ن کامکار» گۆرانیبێژی و موسیقاری گرووپی ناوداری کامکاره‌کان، که تووشی نه‌خۆشی گیرانی ده‌ماره‌کانی دڵ بوو له تارانو له لایه‌ن پزیشکێکی ناوداره‌وه‌، نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی سه‌رکه‌وتووی بۆکراوه و چاو‌ه‌ڕوان ده‌کرێ به‌م زوانه بگه‌ڕێته‌وه ناو گرووپه‌که و درێژه به کاره هونه‌ریه‌کانی بدات.

بیژه‌ن کامکار له‌دایکبووی ساڵی 1328ی سنه‌ و ده‌رچووی کۆلێژی هونه‌ره جوانه‌کانی زانکۆی تاران له ساڵی 1353 و ئه‌ندامی دامه‌رێنه‌ری گرووپه‌کانی شه‌یدا، عارف و پاشان گرووپی ناوداری «کامکاره‌کان»ه و له ژه‌نینی چه‌ندین ئامێری موسیقی وه‌کو «ڕوباب و ده‌ف و ته‌پڵ و تار و هتد» پسپۆره و گۆرانیێژی گرووه‌که‌ و هاوکات یه‌کێک له گرینگرترین ئه‌ندامه‌کانی کامکاره‌کانه و تا ئێستا ده‌یان کۆنسێرتیان له وڵاتانی ده‌ره‌وه ئه‌نجام داوه و له موسیقی ڕۆژهه‌ڵات دا ناو و جێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه.

نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانی له تاران: بریاره تاڵه‌بانی داوا له بوش بکات فه‌رهادی ئازاد بکرێ

مانشێت نیوز، تاران: «نازم ده‌باغ» نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانی له تاران ڕایگه‌یاند که بریاره جه‌لال تاڵه‌بانی له دیداری ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ جۆرج بوشدا له ئه‌مریکا، داوای ئازادکردنی مه‌حموود فه‌رهادی، گیراوی ئێرانی له سلێمانی بکات.

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له تاران به ئاژانسی ئیرنای ئه‌م وڵاته‌ی ڕاگه‌یاند که ده‌زگیری مه‌حموود فه‌رهادی که داخستنی سنووره‌کانی کوردستانی به‌دواوه‌بووه، باندۆرێکی نیگه‌تیڤی له‌سه‌ر ئابووری کوردستان هه‌بووه و بۆیه‌ش کۆمه‌ڵێک له بازرگانانی کورد نامه‌یه‌کیان نووسیوه و داوای ئازادکردنی فه‌رهادیان کردوو.

ناوبراو ده‌ڵێ که بریاره ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، جۆرج بوش، سه‌رۆکی ئه‌مریکا و مام جه‌لال سه‌رکۆماری عێراق کۆببنه‌وه و له‌م دیداره‌ دا تاڵه‌بانی داوای ئازادکردنی فه‌رهادی له بوش بکات.

سه‌ڕبازانی ئه‌مریکا سه‌ر له به‌یانی 28ی خه‌رمانان بێ ئاگاداری حکومه‌تی هه‌رێم و ئاسایشی کوردستان هێرشیان کرده سه‌ر سلێمانی پالاس و «مه‌حموود فه‌رهادی» ئه‌ندامی باڵای سپای قودسی سپای پاستارن که به سیفه‌تی جێگری عه‌قیده‌تی سیاسی پارێزگاری کرماشان له ناو وه‌فدێکی ئابووری و بارزگانی دا له سه‌ڕدانی کوردستان بوو ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کرا و ئێستاش ئێران به دژکرده‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگیریه‌، هه‌موو سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ کوردستان داخستووه.

سێ چالاکی مافی مرۆڤی کورد پاش 13 مانگ ده‌زگیری له ڕه‌وشێکی نادیار دان

مانشێت نیوز، سنه: زانرا که سه‌ره‌رای تێپه‌ربوونی نیزێک به 14 مانگ له ده‌زگیر و ئه‌شکه‌نجه و دادگایی کرانی سێ چالاکی مافی مرۆڤی کورد به ناوه‌کانی «فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، فه‌رهاد وه‌کیلی و عه‌لی حه‌یده‌ریان»، له چاره‌نووسێکی نادیار دان.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، ئه‌م سێ گیراوه زیاتر له 14 مانگه ده‌زگیر کراون و له ڕۆژی 31ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵه‌وه‌ له به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تارانه‌وه ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه کراون و له‌وکاته‌وه ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه که نه پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانه‌وه بگرن و نه دیداریان له‌گه‌ڵ بکه‌ن.

ئه‌م سێ گیراوه و به تایبه‌ت فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، مامۆستایی کامیارانی، له گرتووخانه‌کانی کرماشان و 209ی ئێڤین له تاران بۆ چه‌ند مانگ له ژووری تاکه‌که‌سی دابوونه و ته‌نانه‌ت ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆر کراون و بۆ چه‌ندین حه‌وته‌ش مانیان له‌خواردن گرتووه که‌چی به گوێره‌ سه‌رۆکی دادگای سنه، پاش چه‌ند مانگ دواخراون، ئێستاش ڕوون نیه که له کام شارستان دادگای بکرێن و دیوانی باڵای دادی ئێران خه‌ریکه بریار له سه‌ر شوێنی دادگای کردنیان ده‌دات و «خه‌لیل به‌هرامیان» پارێزه‌ری فه‌رزاد که‌مانگه‌ریش باس له نادیار بوونی چاره‌نووس و بێ خه‌به‌ری له ناوبراو ده‌کات.

عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار له گرتووخانه‌ی سنه له ره‌وشێکی خه‌راپ دان

مانشێت نیوز، سنه: زانرا که «عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور» و «هیوا بووتیمار» ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌دنی کورد که به سزای له‌سێداره‌دان مه‌حکووم و پاش 50 ڕۆژ مانگرتن بۆ گرتووخانه‌ی گشتی سنه‌ گوازراونه‌ته‌وه، له ڕه‌وشێکی خه‌راپ دان.

پاش ئه‌وه‌ی که ڕۆژی 1ی ره‌زبه‌ر، هه‌ردوو گیراوی مه‌حکووم به سزای له‌سێداره‌دانی کورد «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» پاش نیزێک به 2 مانگ مانگرتن له‌خواردن و پڕۆتیستۆی حوکم و ره‌وشی ناله‌باری به‌سه‌رداسه‌پاویان له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ی گشتی ئه‌م شاره ڕاگوێزران، بنه‌ماڵه‌کانیان سه‌ره‌ڕای کێشه‌ی زۆر توانیان ڕۆڵه‌کانیان ببینن و ئاگاداری ره‌وشی ناله‌باریان بن.

به گوێره‌ وێبلاگی بنار، بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردووک له عه‌دنان و هیوا که «دوای تێپه‌ڕکردنی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌کی زۆر توانیان ئه‌و دوانه‌ له‌ پشتی شیشه‌وه‌ ببینن له عه‌دنان و هیوا، ئاگاداری ڕه‌وشی خه‌راپی گرتووخانه‌که‌ بوونه» که له زمانی دوو گیراوه‌که‌ به‌م شێوه‌یه»

«ئێمه‌ له‌ به‌ندێکداین که‌ پێی ده‌ڵێن به‌ندی نیزامی، له‌م به‌نده‌دا ۴۰ که‌سی تێدایه‌، ئیمکاناتێکی زۆر هه‌یه‌ لێره‌ بۆ به‌ندکراوه‌کان، بۆ نموونه‌ کتێبخانه‌و وه‌رزشگه‌و کیوسکی ته‌له‌فوون هه‌یه‌و هه‌روه‌ها دوکتریشی تێدایه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشیه‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ئیمکاناته‌ بۆ ئێمه(عه‌دنان و هیوا)‌ قه‌ده‌غه‌یه‌. ئێمه‌ بۆمان نیه‌ کتێب بخوێنینه‌وه‌، وه‌رزش بکه‌ین و بۆ بنه‌ماڵه‌کانمان ته‌له‌فوون بکه‌ین یان ئه‌وه‌ی که‌ بچینه‌ لای دوکتور بۆ چاره‌سه‌ر کردنی نه‌خۆشیه‌کانمان. هاوبه‌نده‌کانمان له‌و مرۆڤانه‌ نین بتوانین هیچ پێوه‌ندیه‌ک له‌ گه‌ڵیان بگرین، مرۆڤ کوژو مه‌واد فرۆش و دز و … له‌وانه‌ له‌ لامان ئه‌ژیه‌ن.له‌ به‌ندیخانه‌ی ئیتیلاعات دا لانی که‌م له‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ به‌ دوور بووین.

شایانی باسه که «عه‌دنان حه‌سه‌پوور» و «هیوا بووتیمار» ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزی مه‌ریوانی، پاش چه‌ندین مانگ له گیران و بێ سه‌روشوێن بوونیان به تۆمه‌تی سیخوری بۆ بێگانه‌کان و شه‌ر له‌به‌رانبه‌ر خودا، سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ر دا سه‌پا و ماوه‌ی 2 مانگ مانیان له‌خواردن گرت و سزاکه‌یان له جیهان دژکرده‌وه‌ی به‌بڵاوی لێکه‌وته‌وه و بۆ وێنه زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا و جیهان به گشتی، ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤی جیهانی، رۆژنامه‌وانانی بێ سنوور، کۆمیته‌ی جیهانی دژ به ئه‌شکه‌نجه، سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌‌وانانی ئیتالیا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و سه‌دان هاوڵاتی و پارله‌مانتار و که‌سایه‌تیبه‌ناوبانگی جیهانی دژایه‌تی خۆیان بۆ سزاکه‌ ده‌ربڕی.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: