ئەرشیوی مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ ٨

ئۆجه‌لان دیسان ڕه‌خنه‌ی له سوێندخواردنی ده‌ته‌په گرت : DTP کلکی ئاکه‌په‌ی گرتووه

مانشێت نیوز، ئیمڕاڵی: «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» چوارشه‌ممه‌ی ئه‌م حه‌وتوویه‌ش توانی چاوی به پارێزه‌رانی بکه‌وێ و وه‌کو سێ دیداری پێشووی ڕه‌خنه‌ی دووباره‌ی ئاڕاسته‌ی ده‌ته‌په‌ کرد، ئاماژه به ئه‌گه‌ری ده‌سپێکی شه‌رێکی قورس دژ به کوردان کرد و پێویستی دیالۆگی تاڵه‌بانی و بارزانی له‌گه‌ڵ تورکیا نه‌ک به بیانووی پ.ک.ک کردوه‌وه و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی تری هه‌ڵسه‌نگاند.

 ده‌ته‌په و سوێند خواردنه‌که‌یان

ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک و شێوازی سوێندخواردن و سیاسه‌تکردنه‌که‌یان ده‌ڵێ: پێش ئه‌وه‌ی که سوێندیان خوارد، باشتر بوو، پڕۆتۆکۆلێکیان ئاماده‌کردبا، ڕایانگه‌یاندبا به چ مه‌رجێک ته‌ڤلی سوێندخواردنه‌‌که ده‌بن، سوێند خواردن زه‌روره‌تێکی ده‌ستووریه، پێویسته ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام قه‌بووڵ کردنی هه‌ر وه‌کو ئه‌مه‌ی که هه‌یه‌، درووست نیه، له ڕۆژنامه‌کان دا ده‌نووسرێ که من ده‌ستێوره‌ردان له کاروباری DTP دا ده‌که‌م، منیش بۆم هه‌یه که وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه، من ته‌نیا بۆچوونه‌کانم ده‌ڵێم، مه‌رج نیه، قسه‌ی من بێت، من ڕه‌خنه ده‌گرم، سیاسه‌ت هه‌ر ئه‌وه نیه که تۆ بڵه‌ی من 20 ساڵه ره‌نجی بۆ ده‌کێشم، لازمه سیاسه‌تی درووست بکرێ، یا به مناڵمان ده‌زانن یا زانیاریه‌کانمان به کۆن ده‌زانن، من نه مناڵم و نه زانیاری و سیاسه‌ت کردنم کۆنه، من که‌سێکم که ژیانێکی سیاسی ئه‌کتیڤم هه‌یه و ئیدعای سیاسیشم هه‌یه و خاوه‌نی هێزیشم به‌ڵام مه‌رج نیه من قه‌بووڵ بکه‌ن یا بیرۆکه‌ی سیاسیم، من بۆچوونی خۆم ده‌ڵێم، ده‌وڵه‌تیس میسیۆن و هێز و هز و بیری من ده‌زانێ 24 کاتژمێر که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرێ، له سیاسه‌تی رۆژانه دا، وته‌کانم وشه به وشه سه‌بت ده‌کرێ، 9 ساڵه پڕۆژه ده‌خوڵقێنم من بێ ئه‌وه‌ی که له هیچ شتێک بتریسم، ڕوانگه و بۆچوونه سیاسه‌کانم ده‌ڵێم و هۆی مانه‌وه‌شم له‌م ره‌وشه‌ی سه‌ختی گرتووخانه دا هه‌ر ئه‌مه‌یه.

ده‌ته‌په ده‌ڵێ ئێمه نامانه‌وێ ئاڵۆزی پێک بێنین، خۆ ڕاسته به‌ڵام سیاسه‌ت ده‌بی بنه‌مای هه‌بێت، خۆ هه‌ر ئاوا سیاسه‌ت ناکرێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سکه‌وتێک بستێنی سیاسه‌ت ناکرێ، تۆ زمانه‌که‌ی خۆشت به باشی نازانی قسه‌ی پێ بکه‌ی، مناڵه‌کانت ناتوانی فێری کوردی بکه‌ی، دیاره باخچه‌لی سه‌باره‌ت به کورد جۆن بیر ده‌کاته‌وه و که‌جی تۆ ده‌جی ده‌ستی ده‌کوشی، ده‌ستی که‌سێک له تۆی قه‌بووڵ نیه، له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک له‌گه‌ڵی ڕێککه‌وتوووی که ئاوا ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌که‌ی؟

نابی ئه‌و هه‌مۆ ڕه‌نج و تێکۆشان و پشتیوانی خه‌ڵک وا به ئاسانی به‌خه‌سار بچێت، لانی که‌م سوێندخواردنی کوردانیان له ساڵی 1920 ڕه‌چاوکردبا که وتیان «ئه‌م وڵاته به یه‌که‌وه له چه‌نگی دوژمن ڕزگار ده‌که‌ین و به‌ره‌و ژیانێکی ئازادی ده‌به‌ین»، بوونی بیرۆکه‌یه‌کی سیاسی بنه‌مادار بۆ DTP گرینگه وه‌گه‌رنا DTP ده‌بێته کلکی ئاکه‌په و ئه‌گه‌ر باخچه‌لیش، سه‌میمیه، ڕاست ده‌کات و له بیری دۆستی و وڵاتپارێزی دایه و نایه‌وێ وڵاته‌که‌ی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین تووشی شه‌ر بێت و چیتر سه‌رمایه‌کان بۆ جه‌نگ وماڵوێرانی ته‌رخان بکرێت و تورکیاش دووچاری ره‌وشی عێراق بێت، با ده‌ست له سیاسه‌تی ئینکار و حاشا له کورد هه‌ڵگرێ و به ڕه‌وشێکی برایانه، ناسنامه‌که‌مان بناسێ و ئاماده بێت بۆ له‌باوه‌شگرتنی ره‌وشی ساڵه‌کانی 1920 و تورکیا بکه‌نه وڵاتێکی دێمۆکراتیک و به‌هێز. به‌ڵام باخچه‌لی ئیدعا ده‌کات که DTP له ده‌ستێکی دا چه‌که و ده‌ستێکی تری ئاشتی، که‌چی DTP هیچ پێوه‌ندیه‌کی به پ.ک.ک‌وه نیه و DTP پارتیه‌‌که که له ڕێگه‌ی دێمۆکراتیک و ئاشتیانه دا ده‌یه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات و ده‌شڵێ که ئه‌گه‌ر بۆ چاره‌سه‌ری وکۆتایی هێنان به کێشه‌ی کورد پێویست بێت له نێوان ده‌وڵه‌ت و پ.ک.ک ده‌بێته نێوبژیوان و گه‌لۆ ده‌توانێ ئه‌مه‌ش بکات یان نا جێگه‌ی نقاشه.

ئۆجه‌لان پاشان دێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به جیهانی بوونی سه‌رمایه‌ و گلۆبالیزاسیۆن و دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ل سه‌رمایه‌داری جیهانی نیشان ده‌دات و ده‌ڵێ که ئاکه‌په پشتیوانیه‌کی قووڵی سه‌رمایه‌داری جیهانی لێده‌کرێ و ئه‌رکی ده‌ته‌په بوو که ئه‌م مه‌ترسیه‌ی که سه‌رمایه‌داری جیهانی و گلۆبالیزاسیۆن به ئاکه‌په‌وه ده‌یهێنێته تورکیا بۆ خه‌ڵک شی بکاته‌وه و ئاشکرای بکات و سیاسه‌ته‌کانی له‌قاو بدات و پێویستی ئاشکرا کردنی پیلانه‌کانی ئاکه‌په‌شی دووپات کرده‌وه که به فینانس و سه‌رمایه و دانی یارمه‌تی پاره و خۆراک به هاوڵاتیانی کورد و به تایبه‌ت ئامه‌د و ناوچه‌کانی تر توانی ده‌نگی خه‌ڵک بدزێ، ده‌ته‌په ده‌بوایه له جێگه‌ی خۆ به‌دۆڕاو نیشان دان و ڕه‌خنه‌گری له‌خۆی و بێده‌نگی ئه‌مه‌ی له‌قاودابا که ئاکه‌په چۆنی ده‌نگی خه‌ڵک بۆ لای خۆ ڕاکێشاوه له کوردستان. به‌ڵام ڕاسته که ئاکه‌په سه‌رمایه‌ی جیهانی له پشته به‌ڵام مه‌گه‌ر نه‌ده‌کرا ده‌ته‌په‌ش، به سازدانی کامپانیایی یارمه‌تی هه‌ژاران و ئۆرگانیزاسیۆنی جۆر به جۆت خه‌ڵکی چه‌وساوه بۆ لای خۆی بکێشێ؟

ئۆجه‌لان پاشان دێته سه‌ر باسی ئه‌مه که DTP و پارله‌مانتارانی نابێ له خه‌ڵک بقرتێن و تووشی ڕانت خۆری بن و له بزووتنه‌وه‌ی ژنان دووری بکه‌ن، ده‌شڵێ که پێویسته ده‌ته‌په له ده‌ستووری نوێ دا که خه‌ریکه ئاماده‌کاری بۆده‌کرێ، مافه‌کانی کورد وناسنامه‌ی کوردی مسۆگه‌ر بکات و خه‌باته‌که‌ی له‌م ڕاستایه دابێت و پاشان پێداگری له سه‌ر دێمۆکراتیزاسیۆنی ڕاسته‌قینه ده‌کات.

سه‌ره‌خۆشی له ئیزه‌دیه‌کان و بارزانی نابێ پ.ک.ک بکاته بیانووی دیالۆگ

ئۆجه‌لان باسی ئه‌م کۆمه‌ڵکوژیه‌ی ئیزه‌دیه‌کان ده‌کات و سه‌ره‌خۆسی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌کانیان ده‌کات و ده‌شڵێ که من پێشتر هۆشدارم دابوو که موکینه هێرشێکی ئاوا بێته پێش و پێویسته خاوه‌ندارێتیان لێبکرێ و له درێژه دا ده‌ڵێ «تورکیا، سووریا و ئێران به نیازه شه‌ڕێکی به‌رفراوان دژ به کورد ده‌سپێبکه‌ن و دیاره که تورکیا نایه‌وێ به ئاسانی ده‌ست له عێراق هه‌ڵگرێ و سه‌باره‌ت به تاڵه‌بانی و بارزانیش ده‌ڵێ: لازمه که له‌گه‌ڵ تورکیا له گفتگۆکانیان دا وتووێژ له سه‌ڕ کێشه بنه‌مایه‌کان بکه‌ن و پ.ک.ک نه‌که‌نه ئامێر و بیانوویه‌ک بۆ گفتگۆ و پ.ک.ک‌ش نابی خۆی وه‌کو بیانوو بداته ده‌ستیان لکه ببێته هۆکاری دیالۆگ، که‌سیش هێزی ئه‌وه‌ی نیه که ئه‌مه بکات و ئه‌گه‌ر تورکیا و سووریا شه‌ڕ دژ به کورد په‌ره‌ پێبده‌ن، هاوپه‌یمانی شیعه و کورد قووڵتر ده‌بێت و زۆریش ئاساییه که گه‌ریلا خۆ له به‌رانبه‌ر هه‌ر هێرشێک دا بپارێزێ (ئاماژه به هێرسی چاوه‌روانکاری ئێران بۆ قه‌ندیل ده‌کات)

ئۆجه‌لان له‌مه‌ر ئامه‌د و ویستی ئه‌ردۆغان هۆشداری دا

ئۆجه‌لان ئه‌وه وه‌بیرده‌خاته‌وه که ئه‌ردۆغان گووتوویه‌تی «ئامه‌دم ده‌وێ» و ده‌ڵێ: وه‌بیرتان دێنمه‌وه که هه‌ر وه‌کو پێشووتر سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری کوشتاری ئیزه‌دیه‌کان هۆشدارم دابوو، ئه‌مجاره وشیاریتان ده‌ده‌مێ له‌مه‌ر ئامه‌د. ئاکه‌په‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌ک به موباح و ئیزنپێدراو ده‌زانێ تا شاره‌وانی ئامه‌د بخاته چه‌نگی خۆی، پێویسته خه‌ڵکی ئامه‌د به ئاشکرا په‌روه‌ڕده بکرێن، بۆ ئه‌وه‌ی که له به‌رانبه‌ر هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌ک دا بۆ وێنه، دانی ڕیشوه‌ت به خه‌ڵک، پاره، ڕانت و هه‌ر شێوازێکی غه‌یری ئه‌خلاقی، ببنه‌وه که مومکینه ئاکه‌په بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئامه‌د بیکات. خه‌ڵکی ئامه‌د فیداکاره، جوامێر و قایمه، تا ئێستاش، قورسی خه‌باتی به گیانیش له سه‌ر شان هه‌ڵگرتووه، ئه‌و هه‌مۆ ڕه‌نجه‌ی که خه‌ڵک چێشتوویه‌تی، ساڵه‌ها ڕه‌نج و هه‌وڵ و تێکۆشانه‌ی که کردوویه‌تی، حاشای لێناکرێ. ئاوا که‌سانێکی تر که به پاره و ڕانت و پێوه‌ندی تر، تێوه‌گڵاون ده‌بێ ته‌رکی ئه‌م شتانه بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاکه‌په‌ ئه‌م هه‌وڵانه بکات، ئامه‌د تووشی ڕه‌وش و رۆژگارێکی مه‌ترسی دار ده‌بێت و بۆیه پێویسته وه‌ڵامی ئه‌ڕدۆغان بداته‌وه.

ئۆجه‌لان له کۆتایی دا ڕه‌تیده‌کاته که له سه‌ر پ.ک.ک رۆڵی زۆر کارای هه‌بێت و له ئیمراڵیه‌وه حوکمی پێ بکات و ده‌ڵێ که من ته‌نیا بۆچوونه‌کانم ده‌ڵێم و ئه‌وان خۆیان پارتین و سه‌رۆکیان هه‌یه و لێکدانه‌وه و ستراتێژیان هه‌یه و من ڕێبه‌ریان ناکه‌م و لێره‌وه ده‌ستووریان پێناده‌م و سه‌باره‌ت به ئه‌رکی خۆشی ده‌ڵێ که من له هه‌ر قۆناخێک دا هه‌وڵ ده‌ده‌م که ئه‌وه‌ی پێم ده‌کرێ وله سه‌ڕ شانمه له پرۆژه سازی له چاره‌سه‌ری و له نقاش ده‌یکه‌م و درێغ له هیچ هه‌وڵێک ناکه‌م بۆ کۆتایی هێنان به کێشه‌ی کورد له ڕێگه‌ی ئاشتیانه و دێمۆکراتیک.

هه‌واڵنێرانی بێسنوور له 42مین رۆژی مانگرتن: شاهروودی به به‌رپرسیاری سه‌ره‌کی ته‌ندروستیان عه‌دنان و هیوایه

مانشێت نیوز، پاریس: ڕێکخراوی هه‌‌واڵنێرانی بێسنوور، له نوێترین به‌یاننامه‌ی خۆی دا، باس له‌وه ده‌کاتی که 41 ڕۆژ (دوێنێ) به‌سه‌ر مانگرتن له‌خواردنی «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» دوو ڕۆژنامه‌‌‌وانی کوردی مه‌حکووم به ئیعدام تێده‌په‌رێ و له‌وپه‌ری نیگه‌رانیه‌وه‌، «ئایه‌توڵا هاشمی شاهروودی» سه‌رۆکای ده‌زگای قه‌زایی ئێران به‌رپرسیاری یه‌که‌می ته‌ندروستی ئه‌م دوو گیراوه‌یه.

هه‌و‌اڵنێرانی بێ سنوور له به‌یاننامه‌یه‌کی نووسراو دا ده‌ڵێ که «ئه‌مڕۆ (هه‌ینی)، 41 ڕۆژ له مانگرتن له خواردنی عه‌دنان و هیوا تێده‌په‌رێ و به وته‌ی «ساڵح نیکبه‌خت»ی پارێزه‌ریان هه‌ر دوو گیراوه‌که به توندی لاواز و بێهێز بوونه و ماوه‌یه‌کی درێژتر ده‌وام ناهێنن.

هه‌ر بۆیه‌ش «ئایه‌توڵا هاشمی شاهروودی، سه‌رۆکی ده‌زگای قه‌ایی ئێران به‌رپرسی سه‌ره‌کی ته‌ندروستی ئه‌م دوو ڕۆژنامه‌وانه‌ کورده‌یه و ئاکامه‌کانی هه‌ر چه‌شنه ڕووداوێکی چاوه‌رواننه‌کراو به ئه‌ستۆی ناوبراوه و عه‌دنان و هیوا له ژووری تاکه‌که‌سین و له سه‌ره‌تاییترین مافه‌کانیان بێ به‌شن.

عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، ڕۆژنامه‌وانی حه‌وته‌نامه‌ی ئاسۆ و عه‌بدولواحید بووتیمار (هیوا) هاوکاری ئاسۆ و بڵاوکراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزی «سه‌وزچیا» له ڕێکه‌وتی 17ی گه‌لاوێژ، دیداریان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کانیان کرد و له گرتووخانه‌ی سنه به بنه‌ماڵه‌کانیان ڕاگه‌یاند که پاش ڕاگوازتنیان بۆ گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه و نه‌بوونی مافی دیداری بنه‌ماڵه و پارێزه‌ران و دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسێکی ده‌زگای قه‌زایی، زیاتر له مانگێکه مانیان له‌خو2اردن گرتووه.

ساڵح نیکبه‌خت، یه‌کێک له دوو پارێزه‌ری عه‌دنان و هیوا به ئاژانسی فارسی ئێرانی ڕاگه‌یاندووه که «ئه‌مجه‌دی، دادستانی کوردستان به «هوشمه‌ندی» پارێزه‌ری تری گیراوه‌کانی گووتووه که ئه‌و بێ ئه‌مری ئایه‌توڵا شاهروودی هیچ هه‌وڵێک نادات».

له لایه‌کی تره‌وه‌، هه‌ڵنێرانی بێسنوور، تا ئێستاش له ڕه‌وشی «ئاکۆ کورد نه‌سه‌ب» ڕۆژنامه‌وانی حه‌وته‌نامه‌ی که‌ره‌فتوو که 30ی پووشپه‌ر له نووسینگه‌ی بڵاوکراوه‌که ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه کراوه و «سوهه‌یل ئاسه‌فی» که ڕۆژی 13ی گه‌لاوێژ و پاش بانگهێشتی بۆ دادسه‌رای تاران ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی 209ی ئێڤینی تاران کراوه، بێ ئاگایه و ئه‌م دوو ڕۆژنامه‌وانه‌ش که وادیاره چاوه‌‌ڕوانی محاکمه کرانیانن، له دیتنی پارێزه‌ر و بنه‌ماله‌یان بێ به‌ش کراون.

«محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند» سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان به هاوسه‌ره‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه که «دوو گیراوی مه‌ترسی دار بۆ ژووره‌که‌ی له گرتووخانه‌ی ئێڤین ڕاگوێزراون و ئه‌ویش نیگه‌ڕانی گیانیه‌تی». به‌رپرسی حه‌وته‌نامه‌ی داخراوی په‌یامی مه‌ڕدۆم و سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی 10ی پووشپه‌ر ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران کراوه و له لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌منیه‌وه له ژێر گووشاری جه‌سته‌یی و ڕووحی دایه بۆ ئه‌وه‌ی «ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان» هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و قه‌بووڵ بکات ڕێکخراوه‌که «ڕاپۆرتی ناڕاستی بڵاوکردۆته‌وه».

پێشنیار به «عوسمان بایده‌میر»، سه‌رۆکی شاره‌وانی ئامه‌د کراوه ببێته سه‌رۆکی DTP

مانشێت نیوز، ئامه‌د: زانرا که داوا له «عوسمان بایده‌میر» سه‌رۆکی شاره‌‌وانی مه‌زنی ئامه‌د کراوه که له کۆنگره‌ی داهاتووی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک له 28ی سێپته‌مبه‌ر دا ببێته سه‌رۆکی DTP.

سه‌رچاوه‌کانی تورکی ڕایانگه‌یاند که پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک داوای له «عوسمان بایده‌میر» سه‌رۆکی شاره‌‌وانی مه‌زنی ئامه‌د کردووه که له کۆنگره‌ی داهاتووی DTP دا که له 28ی مانگی داهاتوو و له ئه‌نقه‌ره به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی DTP بپاڵێوێ و ئه‌وه له کاتێک دایه که نه پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک و نه بایده‌میر هیچ لێدوانێکیان له‌مباره‌وه نه‌داوه و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانیش دا، هیچ یه‌ک له 56 شاره‌داری DTP له باکووری کوردستان، به پێی بڕیارێکی پارته‌که‌، وازیان له پۆسته‌که‌یان نه‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی ببنه «پارله‌مانتار» و هه‌ڵبژاردنی ساڵای داهاتووی شاره‌‌وانیه‌کانی تورکیا و مانه‌وه‌ی بایده‌میر و شاره‌وانانی کوردی تر گرینگی تایبه‌تی هه‌یه.

«عوسمان بایده‌میر»، له ساڵی 191 له ئامه‌د له‌دایک بووه، له زانکۆی دیجله‌ی ئه‌مشاره کۆلێژی یاسایی ته‌او کردووه و له ساڵه‌کانی 1995 پارێزه‌ری کردووه و پاشان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ بووه و پاشان له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری چه‌ندین کۆمه‌ڵه‌ی کوردی وه‌کو «بیرۆی حقوقی ئامه‌د، ڕێکخراوی لێکۆڵینه‌وه‌ی یاسایی و مافه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، وه‌قفی کۆچ و یارمه‌تی مرۆڤی» بووه و له ساڵی 2003ش دا له سه‌ر لیسته‌ی DEHAP

وه‌کو پارله‌مانتار خۆی پاڵاوت به‌ڵام هه‌ڵنه‌بژێردرا و هه‌ر ئێستاش هاوسه‌ری «ڕیحان یاڵجین داغ»، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی تورکیا و پارێزه‌ری پێشووی «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» ڕێبه‌ری گیراوی پارتی کرێکارانی کوردستانه.

ئۆجه‌لان له دوایین دیداری خۆی دا له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران، ڕایگه‌یاندووه که «ئاکه‌په» ده‌یه‌وێ به هه‌ر به‌هایه‌ک بێت، شاره‌وانی ئامه‌د بگرێته ده‌ست و له‌مباره‌وه هۆشداری داوه که هه‌ر له ئێستاوه کوردان ئااماده‌کاری به‌ره‌نگاری ببن و بۆیه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆر به‌هێز نیه که بایده‌میر، ببێته سه‌رۆکی ده‌ته‌په و له لایه‌کی تر، «فاتیه ئاڵتایڵی» نووسه‌ری تورک و ڕۆژنامه‌وانی ناوداری ئه‌م وڵاته ساڵی ڕابردوو «عوسمان بایده‌میر»ی وه‌کو «ئاپۆ»ی داهاتوو ناساندبوو.

ئاسۆ ساڵح به ساڵێک زیندان سزا درا و به‌ناچار رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به‌جێهێشت

مانشێت نیوز، سنه: زانرا که ئه‌مڕۆ شه‌ممه، دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنه، به باوکی «ئاسۆ ساڵح» ڕۆژنامه‌وانی کوردی ڕاگه‌یاندووه که کوڕه‌که‌ی به 1ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه و ناوبراویش ناچار کوردستانی به‌جێهێشتووه.

«ئاسۆ ساڵه» ڕۆژنامه‌وان و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی کوردی-فارسی «دیدگا» چاپی سنه که هاوکات خوێندکارێکی زانکۆی ئاسته‌نگکراویش بوو له لایه‌ن دادگای لقی یه‌کی شۆڕشی ئیسلامی سنه‌وه‌ به 1 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا و حوکمه‌که‌ش ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له لایه‌ن به‌رپرسانی قه‌زاییه‌وه به باوکی ساڵح ڕاگه‌یاندراو و داوا کرا که تا 2 مانگ خۆی به هه‌مان لقی دادگا بناسێنێ و ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌کات سه‌رجه‌م ماڵ و حاڵی له جێگه‌ی ئه‌م بارمته‌ ماڵیه‌یی که بۆ ئازادبوونی کاتی داینابوو، ده‌ستی به‌سه‌ر دا ده‌گیرێ.

ئاسۆ ساڵه، له کاتی ڕێوڕه‌سمی «8ی مارس»ی ڕابردوو له سنه ده‌زگیر و پاشان به دانانی بارمته‌ی ماڵی ئازاد کرابوو و پێشتریش به تۆمه‌تی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی دوور له ڕاستی وشێواندنی بیروڕای گشتی له 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کرابوو و ناوبراو به ناچار رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به‌جێهێشتووه.

ئه‌م سزایه له کاتێک دایه که هه‌ر ئێستا «ئیجلال قه‌وامی، محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌نف، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، هیوا بووتیمار و کاوه جه‌وانمه‌ر و ئاکۆ کورد نه‌سه‌ب» 6 ڕۆژنامه‌وانی کوردن که له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌زگیر کراون و له گرتووخانه‌کانی ئێران گیراون و عه‌دنان و هیواش سزای له‌سێداره‌دانیان پێدراوه.

عوسمان بایده‌میر ڕه‌تیده‌کاته‌وه‌، پێشنیاری سه‌رۆکایه‌تی ده‌ته‌په‌ی پێکرابێ

مانشێت نیوز، ئامه‌د: «عوسمان بایده‌میر»، که‌سایه‌تی سیاسی و سه‌رۆکی شاره‌وانی مه‌زنی ئامه‌د، ڕه‌تیکرده‌وه‌ که کۆمیسیۆنی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی DTP، پێشنیاری سه‌رۆکایه‌تی پارته‌که‌ی پێکردبێ.

مێدیاکانی تورکیا هه‌واڵێکیان بڵاوکرده‌وه‌ که تێیدا هژاتبوو «کۆمیسیۆنی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی مانگی داهاتووی DTP، پێشنیاری به بایده‌میر کردووه که ببێته سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک و هه‌ر دوێنێ «حوسێن چه‌نگیز» ئه‌ندامی مه‌جلیسی سه‌رۆکایه‌تی و ئاماده‌کارێکی کۆنگره‌ی DTPش ئه‌م هه‌‌واڵه‌ی به‌درۆخسته‌وه.

عوسمان بایده‌میر، سه‌رۆکی شاره‌وانی مه‌زنی ئامه‌د و له به‌هێزترین چالاکڤانانی سیاسی باکووری کوردستانه که مه‌زه‌نده ده‌کرێت، مانه‌وه‌ له پۆستی سه‌رۆکایه‌تی شاڕه‌وانی ئامه‌د دا، له وه‌ئه‌ستۆ گرتنی پۆستی تر له DTP که خۆی له به‌رپرسانیه‌تی، باشتر بێت.

ئه‌نقه‌ره‌ 400 میلیۆن یۆرۆی یارمه‌تی یه‌کێتی ئه‌ورووپا بۆ ئامه‌دی داگیر کردووه

مانشێت نیوز، ئامه‌د: حکومه‌تی تورکیا، بۆ ته‌گه‌ره‌ خستن له‌به‌ر شاره‌وانانانی کوردی ئامه‌د، بڕی 400 میلیۆن یۆرۆی یارمه‌تی ماڵی یه‌کێتی ئه‌ورووپای بۆ شاری ئامه‌د، داگیر کردووه و ده‌شڵێ که ساڵی 2009 ئه‌م پاره‌یه‌ ناداته ئامه‌د.

پاش سه‌ردانێکی شاره‌دارانی کورد بۆ ئه‌ورووپا و داوای پشتیوانی ماڵی، یه‌کێتی ئه‌ورووپا ساڵی ڕابردوو 400 میلیۆن یۆرۆ پاره‌ی وه‌کو یارمه‌تی بێ گه‌ڕانه‌وه‌، داوه‌ته‌ شاره‌وانی مه‌زنی ئامه‌د، تا بۆ پێکهێنانی کاناڵیزاسیۆنی شار و سازکردنی پاڵاوگه‌ی به‌رماوی پیساوه‌کانی شار و ئه‌نبارکردنی ئاو، به‌کاری بێنێ، که‌چی پاش هاتنی ئه‌م بودجه‌یه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی وه‌‌زاره‌تی دارستان و ژینگه، به گوێره‌ «فه‌خره‌دین چاغداش» حکومه‌تی ئاکه‌په‌ی ده‌سه‌ڵاتدار که شاره‌داری ئامه‌دی له‌ده‌ست دانیه، ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌که‌ داگرتووه و پاره‌که نادات و پڕۆژه‌که‌ی به خواستی خۆی بۆ ساڵی 2009 دواخستووه.

به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وڵات، ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێ ئابلووقه‌ی ئابووری بخاته سه‌ر ئامه‌د و شاره‌وانانی کورد، که‌م کار، ناسه‌رکه‌وتوو و لاواز نیشان بدات و به پرۆپاگه‌نده‌ی نیگه‌تیڤ به‌رانبه‌ریان دا، له هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتووی شاره‌وانیه‌کان دا، ئامه‌د، که گرینگترین پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی کوردستانی باکووره بگرێته ده‌ست و پاره‌که بۆ خۆی سه‌رفکات.

هه‌ر ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، له کاتی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان دا، ئه‌ردۆغان هێرشی کردبۆ سه‌ر شاره‌وانانی کورد و به لاوازی و کارنه‌کردن بۆ هاوڵاتیان تۆمه‌تباری کردبوون و پاشان له دانیشتنێکی نێوخۆیی پاررته‌که‌ی دا وتبووی که «ئامه‌د به‌ده‌ست بێنن» و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک‌ش له دوایین دیداری دا به توندی هۆشداری به لایه‌نه کوردیه‌کان داوه که ڕێگه‌ به ئه‌ڕدۆغان نه‌ده‌ن، دوایین قه‌ڵایی ده‌سه‌ڵاتی کورد له باکوور، بگرێته ده‌ست، چونکه هه‌ر له ئێستاوه پیلانی بۆ داده‌ڕێژێ.

هێلیکۆپته‌ر و فڕۆکه‌کانی ئه‌مریکا، به هه‌ڵه بنکه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆردومان ده‌که‌ن

مانشێت نیوز، گه‌رمیان: بۆ چه‌نده‌مین جار، له دوو ساڵی ڕابردوو دا، هێزه‌کانی ئاسمانی ئه‌مریکا به فڕۆکه و هێلیکۆپته‌ری شه‌رکه‌ر، بنکه‌یه‌کی هێزی پێشمه‌رگه بۆردومان ده‌که‌ن و ئه‌مجاره له قه‌ره‌ته‌په‌ی گه‌رمیان 12 پۆلیسیان کرده قوربانی.

سه‌ر له به‌یانی ئه‌مرۆ، 2 فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر و 2 هێلیکۆپته‌ری ئاپاچی ئه‌مریکا، هێرش ده‌که‌نه سه‌ر  دوو بنکه‌‌ی پۆلیسی فریاکه‌وتن کورد له قه‌ره‌‌ته‌په‌ی سه‌ر به جه‌له‌وله‌ی گه‌رمیان و له ئاماکی دا ده‌گوترێ که 4 پۆلیس کوژراون و 8ی تر بریندارن و ودوو ماشێنی پۆلیسه‌ کورده‌کانیش سووتاون.

جه‌ببار یاوه‌ر، وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به مێدیاکانی باشووری کوردستانی ڕاگه‌یاندووه که ئه‌م هێرشه به هه‌ڵه ڕووی داوه. چونکه ئه‌م هێزه کورده، به ده‌ستوور و ئاگاداری حکومه‌تی عێراق و هێزه‌کانی ئه‌مریکا له قه‌ره‌هه‌نجیری جه‌له‌ولا جێگیربوونه و ئه‌منی ناوچه‌که ده‌پارێزن.

ئه‌وه یه‌که‌م جار نیه، که هێزه‌کانی ئه‌مریکا به هه‌ڵه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بنکه‌ و باره‌گاکانی هێزی پێشمه‌رگه یا پۆلیسی کوردستان و تا ئێستا له چه‌ند هێرشی به هه‌‌ڵه‌ی جیاواز له موسڵ، که‌رکووک، گه‌رمیان و هه‌ولێر دا، له دوو ساڵی ڕابردوو دا زیاتر له 50 پێشمه‌رگه و پۆلیسی کورد بوونه‌ته‌ قوربانی و ئه‌مه‌ش نیشان له ناهه‌ماهه‌نگی و لاوازی ڕێکخستن و کۆردینه‌کردنی هێزی کورد و ئه‌مریکی دایه.

8 ڕۆژ له دزرانی ڕۆژهه‌ڵات TV تێده‌په‌رێ و باڵی ده‌سه‌ڵاتدار و که‌مینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ یه‌کتر تاوانبار ده‌که‌ن!

مانشێت نیوز، ستۆکهۆڵم: 8 ڕۆژ له دزرانی سه‌رجه‌م که‌لوپه‌لی رۆژهه‌ڵات تی‌ڤی تێده‌په‌رێ و هه‌ر یه‌ک له باڵی ده‌سه‌ڵاتداری کۆمه‌ڵه و ڕه‌وتی چاکسازی که‌مینه، یه‌کتر تاوانبار ده‌که‌ن که ده‌ستیان هه‌بووه له‌م دزیه‌ نائاساییه دا.

شه‌وی 18ی ئه‌گۆست، زانرا که سه‌ڕجه‌م که‌لو په‌لی ستۆدیۆی ناوه‌ندی که‌ناڵی ئاسمانی ڕۆژهه‌ڵات TV که زمانحاڵی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانه، ده‌دزرێ و ڕۆژی دواتر لایه‌نی که‌مینه که ئێستا به «ره‌وتی چاکسازی» خۆی پێناسه ده‌کات، لایه‌نی ده‌سه‌ڵات داری کۆمه‌ڵه‌ی به ئاژاوه گێری و دزینی که‌لوپه‌له‌کان تۆمه‌تبار کرد که داخرانی کاتی ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی لێکه‌وته‌وه.

پاشان «ئیلخانی زاده» له باڵی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م حیزبه، لایه‌نی که‌مینه و «ڕه‌وتی چاکسازی» به دزیینی که‌لوپه‌لی ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی تاوانبار کرد و ئه‌گه‌رچی پۆلیسی سوید خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه له کێشه‌که‌یه و بریاره به‌م رۆژانه ئاکامه‌کانی ڕابگه‌یێنێ، ئه‌گه‌رچی بۆ جارێکی تریش ڕه‌وتی چاکسازی تۆمه‌ته‌کان ره‌تده‌کاته‌وه به‌ هه‌مان شێوه هێرش ده‌کاته سه‌ر موهته‌‌دی و زۆرینه به دزانی ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی ده‌زانر.

له دوایین هه‌واڵ له‌م پێوه‌ندیه‌ دا زانرا که به‌رپرسانی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی که له زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ن له به‌یاننامه‌یه‌کی تر دا ده‌نووسن که » ڕه‌وتی چاکسازی ده‌یانه‌وێ به خه‌یالی‌ خۆیان شوێنه‌ونكێ‌ بكه‌ن‌و جێگه‌ی‌ دز‌و خاوه‌ن مال له‌به‌ر چاوی‌ خه‌لك بگۆرن. به‌لام كۆمه‌لانی‌ خه‌لكی‌ كوردستان له‌وه‌ ریاترن كه‌ ئه‌و گالته‌ جاریه‌ قیزه‌ونه‌ قبوول بكه‌ن هه‌ر له‌ ئێستایه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ هه‌موو ویژدانیكی‌ وشیار په‌نجه‌ی‌ تاوان بۆ چ لایه‌ك راده‌كێشێ‌. بی‌ َگۆمان په‌ڵه‌ی‌ ره‌شی‌ ئه‌و تاوانه‌ دره‌نگ یا زوو به‌ ئاشكرا به‌ نێو چاوانی‌ تاوانباران ده‌رده‌كه‌وێ» و بڕیاریشه به دابین کردنی که‌لوپه‌ل و ئامێری تر، به‌مزوانه، ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی له وڵاتێکی تری ئه‌ورووپی و به‌ده‌ر له ستۆدیۆیی ستۆکهۆڵم، وه‌شانی خۆی ده‌سپێبکاته‌وه.

له لایه‌کی تره‌وه‌ش، بو له گرژی و ئاڵۆزی له‌ناو ئۆردوگاکانی کۆمه‌ڵه له زه‌رگوێزی باشووری کوردستان و ده‌زگیر کردنی چه‌ند که‌س له هه‌ر دوو باڵی زۆرینه‌ی و ڕێفۆرمخواز ده‌کرێ و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه له ئه‌مریکای باکووریش، له نامه‌یه‌ک دا، ئه‌م ئاڵۆزی و دزینی ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی و گرژیانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن و داوا ده‌که‌ن کۆتایی به‌م ڕه‌وشه بێت.

کاریکاتۆر: بۆرۆژهه‌ڵات

پ.ک.ک کوژرانی 10 گه‌ریلا و 16 عه‌سکه‌ری تورکی له شرناخ و ئامه‌د ڕاگه‌یاند

مانشێت نیوز، به‌هدینان: هه‌په‌گه‌، ڕایگه‌یاند که له ئاکامی چه‌ند شه‌ری جیا جیا دا له شڕناخ، ئامه‌د و سیلۆپی، 16 عه‌سکه‌ری تورک کوژراوه و 3ی تریش بریندار بوونه و 10 گه‌ریلاش گیانیان له‌ده‌ست داوه.

مێدیاکانی تورکیا، دوێنێ هه‌واڵی کوژرانی 10 گه‌ریلای هێزی پاراستنی گه‌ل و 2 عه‌سکه‌ری تورکیا له شرناخ ڕاگه‌یاندبوو و ئه‌مرۆش، ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و ڕاگه‌یاندنی هێزی پاراستنی گه‌ل، ئاشکرای کرد که ڕۆژی 24ی ئه‌گۆست له هه‌رێمه‌کانی شکه‌فتیه و زیوینگه‌ی سه‌ر به گوچلو قۆناغی شڕناخ، 20 زرێپۆش و 50 عه‌سکه‌ری تورک دژ به هێزی گه‌ریلا ئۆپێراسیۆنێکیان پێکهێناوه و له ئاکام دا زرێپۆشێک تێکشکاوه و 7 عه‌سکه‌ری تورک کوژراون و هه‌مان رۆژ له «ئولوده‌ره‌»ی سه‌ر به شڕناخ 10 گه‌ریلای هه‌په‌گه‌، گیانیان له‌ده‌ست داوه که پاشان له لایه‌ن هاوڵاتیان و نوێنه‌رانی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک ته‌رمه‌کان له ده‌وڵه‌ت وه‌رگیراونه‌ته‌وه و به ئیزنی دادوه‌ر له هه‌مان شوێن به‌خاکسپێردراون.

هه‌ڕوه‌ها له ناوچه‌ی «کیریاڕه‌ش»ی نێوان سیلۆپی و شڕناخ، ئۆتۆمۆبیلێکی سه‌ربازی له لایه‌ن گه‌ریلاکانی پ.ک.ک‌وه هێرشی کراوه‌ته‌ سه‌ر و 8 عه‌سکه‌ر کوژراوه و 2ی تر بریندار بوونه و له سه‌ڕێکی درێژخایه‌ن و قورسی 25ی ئه‌گۆست له به‌رزایه‌کانی دیجله‌ی ئامه‌د، عه‌سکه‌رێک کوژراوه و 1ی تر بریندار بووه.

هه‌په‌گه‌ هه‌روه‌ها باس له تۆپبارانی هه‌رێمی حه‌فتانین له 27ی ئه‌گۆست و له لایه‌ن ئه‌رته‌شی تورکیاوه ده‌کات و له ئه‌نجامی دا هاوڵاتیانی ئاوایی «که‌شان» هه‌رێمه‌که‌یان چۆلکرد و هه‌ژمارێکیش ئاژه‌ڵ له‌ناوچوون.

له مه‌هاباد ڕێگه‌ به هاوڵاتیان نه‌درا پرسه‌ی سه‌ره‌خۆشی بۆ «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» دابنێن

مانشێت نیوز، مه‌هاباد: زانرا که له شاری مه‌هاباد، فه‌رمانداری ئه‌م شاره‌ ڕێگه‌ی نه‌داوه هاوڵاتیان ڕێوڕه‌سمی پرسه‌ی کۆچی دوایی ئه‌ندازیار و پارله‌مانتاری کۆۆچکردووی کورد «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» له مزگه‌وتی سووری ئه‌مشاره به‌ڕێوه‌بچێت.

له مه‌هاباده‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که رۆژی پێنجشه‌ممه، ڕێگه‌ به چالاکانی سیاسی کورد نه‌دراوه ڕێوره‌سمی پرسه‌ی سه‌ره‌خۆشی کۆچی دوایی پارله‌مانتار «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» به‌ڕێوه‌به‌رن و جگه‌ له دژایه‌تی فه‌رمانداری و ناوه‌نده ئه‌منیه‌کان ئه‌م شاره، هه‌ژمارێکی زۆر جاش و مه‌ئمووری ئیتلاعاتی له‌به‌رده‌رگای مزگه‌وتی سوور و ده‌ورووبه‌ری مۆڵدراون و ڕێگه‌یان به به‌شداری هاوڵاتیان گرتووه و ده‌گوترێ که شۆڕای شاری مه‌هابادیش نه‌ته‌نیا هیچ هه‌وڵێکی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م پرسه‌یه‌ نه‌داوه‌ و پشگیری له داوایه‌که نه‌کردووه، به هه‌ڵوێستی هاوشێوه‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمانداری و ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌کان له کێشه‌که‌ی ڕوانیوه.

ئه‌ندازیار و پارله‌مانتاری کورد «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» که ساڵه‌ها بوو که پانتای سیاسه‌تی ئه‌کتیڤی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دابوو و له بواره‌کانی ئابووری و که‌لتووریش چالاک بوو، ڕۆژی 25ی گه‌لاوێژ و پاش 3 سڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له تاران کۆچی دوایی کرد و به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد، که خۆی له دامه‌زرێنه‌ران و وته‌بێژی‌ فه‌رمی بوو، به پێی توانا له زۆربه‌ی شوێنه‌کانی ئێران و کوردستان ڕێوره‌سمی پرسه و سه‌ره‌خۆشی به به‌شداری جه‌ماوه‌ری بۆ پێکهێنا که ڕێوره‌سمه‌کانی سه‌قز و سنه، یه‌کێکیانن به‌ڵام له‌ مه‌هاباد هه‌وڵه‌که ئاسته‌نگ کرا.

هه‌وڵ ده‌درێ ساڵرۆژی ئه‌نفاڵ و کیمیابارانی حه‌‌له‌بجه بچێته ناو ڕۆژژمێری یه‌کێتی ئه‌ورووپا

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: له دیدارێکی نێوان «چنار عه‌بدوڵا» وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفاڵکراوانی کوردستان و «فه‌له‌کناز ئۆجا» پارله‌مانتاری کوردی پارله‌مانی ئه‌ورووپا، باس له هه‌وڵی دوو لایه‌ن بۆ گونجاندنی ساڵڕۆژی ئه‌نفاڵ و کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه له ڕۆژمێری یه‌کێتی ئه‌‌ورووپایان کرد.

له‌م دیداره‌ دا وه‌زیری کاروباری ئه‌نفاڵکراوه‌کان و کاروباری شه‌هیدانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان «چنار سه‌عد عه‌بدوڵا» و «فه‌له‌کناز ئۆجا» نوێنه‌ری کوردی پارله‌مانی ئه‌ورووپا، باسیان له‌م کۆمه‌ڵکوژیانه‌ کرد که به‌رانبه‌ر گه‌لی کورد له هه‌ر چوار پارچه ڕووی داوه و بۆ وێنه ئه‌نفاڵ و ژینۆسایدی کورد له باشوور و کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه و وه‌زیری کورد گوتی که ئه‌مانه جیان که‌متر له ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان و جوله‌که‌کان نیه.

به گوێره‌ی مێدیاکانی هه‌رێمی کوردستان، جه‌ختیان له سه‌ر هه‌و‌ڵێکی  هاوبه‌ش کرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ر دوو ڕۆژی 16ی مارس ساڵه‌هاتی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه و 14ی ئه‌پریل ساڵه‌هاتی ئه‌نفاڵ، له ڕۆژژمێری پارله‌مانی ئه‌ورووپا دا بگونجێنن و ساڵانه ڕێزی لێبگرن.

له‌یلی حه‌سه‌نپور و هادی بوتیمار داوا له عه‌دنان و هیوا ده‌که‌ن کۆتایی به مانگرتنه‌که‌یان بێنن

مانشێت نیوز، سنه: «له‌یلی حه‌سه‌نپوور» خوشکی عه‌دنان و «هادی بووتیمار» برای هیوا، له نامه‌یه‌کی هاوبه‌ش دا، داوا له «عه‌دنان و هیوا ده‌که‌ن» که بۆ پاراستنی ته‌ندروستیان کۆتایی به مانگرتن له‌خواردنیان بێنن و به‌رپرسانیش چاوه‌دێری پزیشکی و گوازتنه‌وه‌یان بۆ گرتووخانه‌یه‌کی گشتی دابین بکه‌ن.

ئه‌مه ده‌قی نامه‌ی‌ له‌یلی حه‌سه‌نپوور و هادی بووتیمار بۆ عه‌دنان و هیوایه:

به‌رێزان عه‌دنان و هیوا، به‌رخۆدانتان به‌ شکاندنی مانگرتنه‌که‌تان به‌رده‌وام که‌‌ن

برا و خوشه‌ویستانمان عه‌دنان حه‌سه‌نپووروهیوا بوتیمار

زیندانیانی چاوه‌روانی بڕیاری زاڵمانه‌ و نادادپه‌روه‌رانه‌ی ئیعدام

ئه‌وه‌ پتر له‌ چل رۆژه‌ له‌ بڕیاری داردان بۆ ئێوه‌ی چالاکانی کورد تێ ده‌په‌ڕێ وهاوکات پتر له‌چل رۆژ له‌مانگرتنی ره‌وای ئێوه‌ له‌دژی ئه‌و بڕیاره‌ نامرۆیانه‌ تێ په‌ڕی، له‌ ماوه‌ی ئه‌م چل رۆژه‌دا رێکخراو وسازمان که‌سایه‌تی وتێًکۆشه‌ری مافی مرۆڤ له‌و جیهانه‌ به‌رینه‌دا نه‌ما که‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌دژی ئێوه‌ شه‌رمه‌زار نه‌کات وداخوازی رزگاری یه‌کجاری ئێوه‌ی نه‌کردبێ.

مانگرتن جوانترین مانایه‌که‌ ئێوه‌ به‌خشیتانه‌ حه‌قیقه‌ته‌کان وبه‌رهه‌لستکاریی خۆتان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ نامرۆیانه‌ ده‌ربڕی ونیشانتاندا گرتنتان وده‌رئه‌نجام بڕیاری له‌سێداره‌دانتان هیچ واتا و بنه‌مایه‌کی ئینسانی نییه‌، هه‌واڵه‌کان سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ناله‌باری ته‌ندروستی ئێوه‌ که‌ له‌زیندان وچاڵه‌ڕه‌شه‌کانی ئێران دێته‌ ده‌رێ بۆته‌ هۆی نیگه‌رانی هه‌موو مرۆڤ دۆستان وئه‌وانه‌ی باروه‌ڕیان به‌ئینسانیه‌ت  وحه‌قیقه‌ت هه‌یه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و مانگرتنه‌ ره‌وایه‌ی ئێوه‌ له‌ دژی ئه‌و بڕیاره‌ ناڕه‌وایه‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی هیچ وه‌ڵامێکی تا ئێستا به‌دواوه‌ نه‌بوه‌ و هه‌ربۆیه‌ش ئه‌مه‌ زیاتر بۆته‌ هۆی نیگه‌رانی زیاتری لایه‌نگرانی ئازادی ئێوه‌ و هه‌مو به‌ندکراوانی بێ تاوانی له‌ چه‌شنی ئێوه‌.

ئێمه‌ وه‌ک خوشک و برا و پشتیوانانی ئێوه‌ی به‌ڕێز، وێڕای هه‌موو دڵنیایه‌کمان له‌ وزه‌ و به‌رخۆدانی قاره‌مانانه‌ی ئێوه‌  له‌ دژی ئه‌و بریاره‌ ناڕه‌وایه‌ی که‌ نه‌ک هه‌ر ئێوه‌ له‌ دژی وه‌ستاون به‌ڵکو بۆته‌ هۆی نیگه‌رانی هه‌مو لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ . و هه‌مو ئینسان دۆستێک شه‌رمه‌زاری کردوه‌،  تکاتان لێده‌که‌ین، داواتان لێده‌که‌ین له‌ پێناو باشبوونی باری ته‌ندروستیتان و له‌ سه‌ر داوای هه‌مو مروڤدۆستان و بۆرێز گرتن له‌و به‌رێزانه‌ی که‌ هه‌تا شکاندنی مانی ئێوه‌ بڕیاری مانگرتنیان داوه‌، بڕیاری شکاندنی ئه‌و مان گرتنه‌تان بده‌ن و له‌دژی ویستی هه‌مو ئه‌وانه‌ی خۆیان بۆ مه‌رگی ئێوه‌ ئاماده‌ کردوه‌ راوه‌ستن و به‌ژیان به‌ڵێ بڵێن، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌ی ئێوه‌دا چاوه‌روانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ لێپرسراوان و کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوانه‌ی ئێوه‌دا پزشکی چاودێری بۆ مان شکاندنه‌ که‌تان دابین بکات و هه‌روه‌ها گۆاستنه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ زیندانی گشتی و ده‌رفه‌تی  دیدار و چاوپێکه‌وتنتان له‌ گه‌ڵ بنه‌ ماڵه‌و پارێزه‌ره‌کانتاندا وه‌ک مافی سه‌ره‌تایی هه‌ر به‌ندرکاوێک فه‌راهه‌م بکات. وه‌ هه‌روه‌ها هاوکات داوا له‌ هه‌مو رێکخراوه‌ مرۆڤدوسته‌کان و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ و رای گشتی ده‌که‌ین که‌ به‌ گوشار هێنانی زیاتر بۆ سه‌ر به‌رپرسانی ئێرانی، ناچاریان بکه‌ن مل به‌م داخوازیانه‌ بده‌ن که‌ نه‌نایاساییه‌و نه‌ نامومکین.

له‌یلی حه‌سه‌نپور

هادی بوتیمار

2007.08.26

به‌یاننامه‌ی هاوبه‌ش بۆ پڕۆتیستۆکردنی درێژه‌ی گیرانی که‌بوودوه‌ند

مانشێت نیوز، تاران: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و کۆمیته‌ی خوێندکاری هه‌واڵنێرانی مافی مرۆڤ، له به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌ش دا ڕاگرتنی 50 رۆژه‌‌ی که‌بوودوه‌ند، سه‌رمه‌زار ده‌کات و خوازیاری کۆتایی هێنان به‌م ره‌وشه‌یه.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌که‌ که مانشێت وه‌ریگێراوه‌ته‌وه سه‌ر کوردی:

بۆ : شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌‌کان

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی

ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ

ڕێکخراوی هه‌‌واڵنێرانی بێسنوور

شۆڕای مافی مرۆڤی یه‌کێتی ئه‌ورووپا

محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، چالاکی ناسراوی مافی مرۆڤ که رۆژی 10ی پووشپه‌ر له شوێنی کاری خۆی ده‌زگیر کراوه و 50 رۆژه له ڕه‌وشێکی نادیار و له گرتووخانه‌ی وه‌ز‌اره‌تی ئیتلاعات دا ڕاگیراوه. که‌بوودوه‌ند، سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانه و له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا هه‌وڵێکی فراوانی داوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێک له پێشێلکاری مافی مرۆڤ له کوردستان ئاشکرا بکات.

ناوبراو هه‌روه‌ها سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌نی حه‌وته‌نامه‌ی داخراوی «پیام مردم»ی کوردستان بووه و ساڵی ڕابردوو له لایه‌ن دادگای شۆرشی ئیسلامی سنه به ساڵ و نیزێک گیرانی هه‌ڵپه‌سێردراو و 5 ساڵ دوورخراونه‌وه له کاری ڕۆژنامه‌‌وانی سزا درا و پاشان دادگای پێداچوونه‌وه‌ سزاکه‌ی بۆ ساڵێک گیران گۆڕی.

ئه‌وه له کاتێک دایه که جێگری ئه‌منی دادوه‌ری ئێران «قازی حه‌داد» له به‌رانبه‌ر هه‌واڵنێران دا ئیدعا ده‌کات، که گرتووخانه‌ی 209ی ئێڤین له تاران، له باشترین گرتووخانه‌کانی کاتی جیهانه، به‌ڵام تۆمه‌تبارانێکی زۆر هه‌ن که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که ماوه‌یه‌کی دوور و درێژه له‌م شوێنه‌دا گیراون، له هه‌موو مافه‌کانی خۆیان وه‌کو مرۆڤ بێ به‌شن و که‌بوودوه‌ند له‌م که‌سانه‌یه‌ که تاکو ئێستا دادگای ئینقلاب، تۆمه‌تباریه‌کانی به بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانی ڕانه‌گه‌یاندووه و بۆ هۆیه‌کی نادیار گیراوه.

بنه‌ماڵه‌ی که‌بوودوه‌ند ده‌ڵێن که ناوبراو ئێستا له ژوورێک دایه که دوو گیراوی تۆمه‌تبار به شه‌ڕ وشوری مه‌حکووم به سزای له‌سێداره‌دانیان تێدایه و وه‌زاره‌تی ئیتلاعات ده‌یه‌وێ به هێنانی گووشاری زێده‌تر و جیاوازی بیرورا ئه‌م چالاکه‌ی مافی مرۆڤ زۆرتر تووشی زه‌خت بکات و هه‌روه‌ک له لێکۆڵینه‌وه‌کانی دا، له به‌ندی 209 له که‌بوودوه‌ند داوا کراوه که «ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان» هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.

تۆمه‌تباریه‌کانی که‌بوودوه‌ند، «هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، شێواندنی بیروڕای گشتی» له ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و لێکدانه‌وه و وتووێژ سه‌باره‌ت به پێشێلکاری مافی مرۆڤ و «دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی ئیسلام» له ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ دژ به سزای «سه‌نگسار» باسی لێوه‌کراوه‌ که چی به پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، تۆمه‌تبار، ده‌توانێ له‌ هه‌موو بڕگه‌کانی لێکۆڵینه‌وه دا له پارێزه‌ر سوود وه‌ربگرێ و «نه‌سرین ستووده» و «محه‌ممه‌د سه‌یف زاده» تا ئێستا نه‌یانتوانیوه موه‌کیله‌که‌یان ببینن و ئاگاداریه‌کیان له ڕه‌وشی ناوبراو نیه.

له درێژه‌ی گیرانی که‌بوودوه‌ند دا و سه‌پاندنی تۆمه‌تی بێ پایه‌ و قورس، نیشانه‌ی ته‌حه‌ممول نه‌کردنی چالاکانێکه که له چوارچێوه‌ی جارنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ و ڕێککه‌وتن و په‌یمانه‌کانی جیهانی سه‌باره‌ت به مافی مرۆڤ له ڕێگه‌ی په‌ره‌‌پێدان و باشتر کردنی بارودۆخی مرۆیی هاوڵاتیان له ئێران تێده‌کۆشن و که‌یوان ره‌فیعی، چالاکی تری مافی مرۆڤیش ماوه‌ی ساڵێکه بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که‌ی دیار بێت، له گرتووخانه‌ی ئێڤین ڕاگیراوه.

ئه‌م نیگه‌رانیه سه‌باره‌ت به گیراوانی تری مافی مرۆڤیش هاوشێوه‌یه و به هاوکاری و پشتیوانی ڕێکخراو و حیزب و ناوه‌نده‌کانی ناوخۆ وده‌ره‌وه‌ په‌ره‌ی زۆرتریش ده‌ستێنێ.

ئێمه وێڕای مه‌حکووم کردنی ئه‌م هه‌وڵه سه‌رکوتکه‌ڕانه و گووشار بۆ سه‌ر چالاکانی مافی مرۆڤ، نیگه‌رانی قووڵی خۆمان له درێژه‌داربوونی گیرانی که‌بووده‌وند ده‌رده‌بڕین و دیسانیش سه‌رنجی هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و ناوه‌نده‌کانی جیهانی و پشتیوانانی مافه‌کانی ئینسان له جیهان بۆ ڕه‌وشی ناله‌باری چالاکانی ئه‌م هێڵه ڕاده‌کێشین و داوا ده‌که‌ین هه‌وڵێکی کارای بۆ بده‌ن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

کۆمیته‌ی خوێندکاری هه‌واڵنێرانی مافی مرۆڤ

له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا 10 سیخوڕی ئێران له هه‌رێمی کوردستان ده‌زگیر کراون

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: له‌م حه‌وتوویه‌ی ڕابردوو دا که هێزه‌کانی سپای پاستاران سنووره‌کانی کوردستانیان ته‌‌نیوه و ئاماده‌کاری هێرسی قه‌ندیل ده‌که‌ن، له هه‌رێمی کوردستان 10 سیخوری سه‌ر به ئیتلاعاتی ئێران ده‌زگیر کراون.

ئه‌م 10 سیخوڕه که ده‌گوترێ کوردیشن و بۆ ئیتلاعاتی ئێران کارده‌که‌ن، له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی گشتی هه‌ولێره‌وه ده‌زگیر و زیندانی کراون و به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی که فورات له به‌رپرسانی ئاسایشی کوردستان گوازتوویه‌ته‌وه‌ له‌م حه‌وتوویه‌ی ڕابردوو دا باندێکی گه‌وره‌ی سیخوڕی کردن بۆ ئێران تێکڕووخاوه و ئه‌ندامانی ده‌زگیر کراون.

به زیادبوونی ته‌نینی سنووره‌کانی کوردستان و ئاماده‌کاری هێرشێکی چاوه‌ڕوانکراو بۆ باشووری کوردستان و زنجیره چیایی قه‌ندیل، هه‌وڵه‌کانی سیخوڕی کۆماری ئیسلامی له کوردستان چرتر و به‌رچاوتر بۆته‌وه و ته‌نانه‌ت حه‌وتووی ڕابردووش، هێزه‌کانی پژاک، ڕایانگه‌یاندبوو که «دوو سیخوریان له کاتی هاتنیان بۆ چیاکانی قه‌ندیل ده‌زگیر کردووه».

ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ شه‌ڕی کورد و ئێران ساز بێت

مانشێت نیوز، ئامه‌د: نووسه‌رێکی کورد له رۆژنامه‌ی «گونده‌م» چاپی ئه‌نقه‌ره ده‌نووسێ که ئه‌مریکا له پشت په‌رده‌ی ئه‌م هێرش و تۆپبارانه‌ی ئێران بۆ کوردستانه و ئه‌م وڵاته ده‌یه‌وێ شه‌ری ئێران و کورد ساز بێت و شه‌ری گه‌لان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ساز بکات.

«سه‌لاحه‌دین ئه‌رده‌م» نووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی «گونده‌م»ی چاپی ئه‌نقه‌ره ، که رۆژنامه‌یه‌کی کوردان به زمانی تورکیه، له بابه‌تێک دا، ئه‌مریکا به‌وه‌ تاوانبار ده‌کات که له پشتی په‌رده‌ی ئه‌م هێرشانه‌یه‌ که ده‌کرێته سه‌ر کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق، گڵۆپی سه‌‌وزیان بۆ ئه‌م هێرشه داگیرساندووه.

کێ له‌م ره‌وشه‌ قازانج ده‌بینێ؟ کێ زه‌ره‌ر؟

گه‌لۆ ئێران، تورکیا هان ده‌دات تا هێرشی کوردستان بکات یان به‌عه‌سکه‌وه‌؟ یا ئه‌وه‌ی که هه‌ردوو لایه‌ن، ئه‌مریکا هانیان ده‌دات هێرس بکه‌نه سه‌ر کوردستان؟ ئه‌م نقاشانه به‌رده‌وام له رۆژه‌ڤ دان، له‌م رۆژانه‌دا هێرشه‌کان دژ به کورد به‌ره‌و فراوانیه و په‌ره‌یه‌کی زۆری سه‌ندووه. پێشتر له کاتی سه‌ددام له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی شه‌ریان ده‌کرد، یا شه‌ریان به‌سه‌ر دا ده‌سه‌پا. ئێستا ئێران و تورکیا به‌م مه‌یدانه زیاد ده‌بن.هه‌ر رۆژ ئاژانسه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد باس له هێرشی کوردان ده‌کات، که‌‌وابوو ئه‌م ره‌وشه‌ چی به‌سه‌ر دێت؟

گومان له‌وه نیه که ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ کوردان له‌گه‌ڵ ئێران به‌شه‌ر بدات، بۆجی ئه‌مه‌ی بوێت ئه‌مریکا؟ تا ساڵی 1990 ئه‌مریکای زلهێز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌وپه‌ری لاوازی خۆیدابوو و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ناتۆ دا له‌گه‌ڵ تورکیا پێوه‌ندی گه‌رمی هه‌بوو و به‌رده‌وامیش تووشی کێشه و قرتان و ئاڵۆزی ده‌بوو و عه‌ره‌بستان ومسر و ئۆردۆن و وڵاتانی تری ناوه‌چه‌یی عه‌ره‌بیش پێوه‌ندیه‌کی چوارچێوه‌داریان به ئه‌مریکاوه هه‌بوو به‌ڵام له هه‌مان کات دا ئه‌م وڵاتانه له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌تیش له‌ پێوه‌ندی دابوون و هێزه‌کانی تری ناوچه‌ییش هه‌موو دژ به ئه‌مریکا بوون و بۆیه‌ش به سۆڤیه‌ته‌وه گرێدرابوون و پاش ئه‌وه‌ی که شۆڕشی فه‌له‌ستینه‌کان ئیسرائیلی تووشی کێشه‌ کرده‌وه‌، هێزه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستانیش تورکیایان تووشی ئاڵۆزی، کێشه و سه‌ر ئێشه کردبوو و له‌م لاشه‌وه ئێران به‌ ڕه‌ژیمه ئیسلامیه‌که‌ی هه‌مووی ناوچه‌که‌ی تووشی مه‌ترسی کردووه.

چی ڕوویدا له نه‌وه‌ته‌کان دا ڕووی دا. سه‌ددام کوێتی گرته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بوو به هۆکارێک بۆ سووڕانه‌وه‌ی تابڵۆی ناوچه به لایه‌نی عه‌کسی خۆیدا و به ڕووخانی سۆڤیه‌ت و له‌ناوچوونی بلۆکی دژه ئه‌مریکی، ئه‌مریکا خۆی به تاکه زلهێزی پانتای جیهان زانی و ڕه‌وته‌که به خێراییه‌وه تا جێیه‌ک چوو که سه‌ری سه‌ددام حوسێنێیشی له‌گه‌ڵ خۆیبرد و به 15 ساڵ ئه‌مریکا بوو به تاکه زلهێز و ده‌ساڵاتداری بێ یه‌ک و دووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین.

ئه‌مریکا شه‌ری ئێران و کوردی ده‌وێت

ئه‌مریکا که خۆی به گورز و یا ئیراده‌ی خوا له سه‌ر زه‌وی ده‌زانێ که رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌نگاوی قورس و پڕ له توندوتیژی ده‌هاوێژێ و له هه‌ر هه‌نگاوێکیشی دا به‌ره‌ڕووی کێشه‌ی کورد ده‌بێته‌وه‌. کلینتۆن بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا زۆرتر به‌ره‌و خۆی و ئه‌مریکا ڕابکێشێ، له کۆمپلۆیه‌کی نێوده‌وڵه‌تی دا «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» ڕێبه‌ری پ.ک.ک ده‌زگیر و ڕاده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ی کرده‌وه‌ و پاشانیش بوش بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری سه‌ددام ببێته‌وه و بیانووی باشی بۆ ده‌ستێوه‌ردان به‌ده‌سته‌وه بێت، کۆمه‌ڵکوژی کوردانی کرده بیانوو و به باس له‌وه‌ی که ره‌ژیمی داخراو و شۆڤێنی سه‌دام ناتوانێ کێشه‌ی کورد له خۆیدا چاره‌سه‌ر بکات، هێرشی کرده سه‌ر عێراق و له‌ناوی برد و ڕه‌ژیمی به‌عسی ڕووخاند و گه‌یشته ئه‌م قۆناخه‌ی ئه‌مرۆ، که‌وابوو بۆ به‌ره‌وپێشچوون، ئه‌مریکا چ پێویستیه‌کی به شه‌ڕێک له نێوان کورد و ئێران هه‌یه؟

ڕاسته که ئه‌مریکا بیهه‌وێ شه‌ڕی کورد و حکومه‌تی ئێران ساز بێت، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد چی که خه‌ریکه ره‌ژ‌یمێکی سه‌ددام له ئێران ساز ده‌کات و به‌ره‌نگاری کوردیش ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌ندێک لایه‌ن له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌ددامیزه ده‌بێت و ئه‌مه‌ش به قازانجی ئه‌مریکایه و به‌ڵکو خۆی ئه‌مریکاش به‌شێک له‌م سێناریۆیه بێت که ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی له ئێران هێنایه‌ سه‌ر کار و پان به‌ره‌وه ئه‌م مه‌جرایه‌ ترسناکه‌ی ده‌بات. ده‌گوترێ که سیاسه‌ته‌کانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، خه‌ڵکی ئێران نا به‌ڵکو قازانجی ئه‌مریکایی زۆرتر لێکه‌وتۆته‌وه و بیانووی زۆرتری داوه‌ته ده‌ستی ئه‌م وڵاته و بنه‌مایی سه‌ره‌کی خواستی هه‌ڵئایسانی شه‌ڕی ئێران و کورد بۆ ئه‌مریکا، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده. ئێرانێک که کێشه‌ی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات چاره‌سه‌ر ناکات، ئێرانێک که به عه‌سکه‌وه‌ به توندی به‌ره‌نگاری کوردان ده‌بێته و سه‌رکوتێکی بێ ئامانی پیشه‌ کردووه و دوایین ئۆپێراسیۆنه‌کانیشی گوزاریش له‌م ڕوانگه‌ و هه‌ڵوێستانه ده‌کات که خه‌ساری ئێران و بیانووی زۆرتری ئه‌مریکای دژ به تاران لێده‌که‌وێته‌وه.

یه‌کێتی و پارتیش ڕه‌زامه‌ندن به‌م پیلانه!

ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، ئاڵۆز و نادێمۆکرات و ئاسته‌م. هیچ یه‌ک له ره‌ژیمه‌کان جیاوازیان له‌گه‌ڵ سه‌ددام و حکومه‌ته‌که‌ی نیه، یا ڕه‌گه‌زپه‌رست و تونداژۆن، یا نادێمۆکرات و کۆنه‌په‌رست. له‌م ناوه‌ش دا ته‌نیا کوردانن که خه‌ریکه سیسته‌مێکی ئاوه‌ڵا و دێمۆکرات پێک دێنن و کێشه‌ی کوردیش بۆته کێشه‌ی نێوان سه‌رکوت و قه‌واره‌پارێزی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و دێمۆکراسی و ئازادی.

ڕه‌ژیمه‌کانی ناوچه که له نێوان ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دیکتاتۆری دا گیریان خواردووه، تا به‌ره‌وه دێمۆکراتیزاسیۆن نه‌چن ناتوانن کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ن و به‌م شێوه وه‌کو ئه‌وه‌یه که به ئاشکرا بانگهێشتی هێرشی ده‌ره‌کی بکه‌ن بۆ سه‌ڕ خۆیان. هێرشی ئه‌مریکا بۆ عێراق له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ساغ بۆوه. ئێستاش ئه‌مریکا بۆ ئێران و وڵاتانی تری ناوچه‌ش هه‌مان بیرۆکه‌ له مێشک دا په‌روه‌رده ده‌کات و ئێستاش له عێراق گوڵمیخی داکوتاوه و وڵاتانی دراوسێ له‌م خاڵه‌وه‌، ئاگادار ده‌کاته‌وه.

بۆیه‌ش وا دیاره که ئه‌مریکا له پشت په‌ڕده‌ی ئه‌م هێرشانه‌یه که دژ به هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مێدیا ده‌کرێ که گه‌ریلای پ.ک.ک‌ی لێ نیشته‌جێیه و ئه‌وه‌ش شاراوه نیه که له نێوان ئه‌مریکا و تورکیا، په‌یمانێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌که‌وه به‌ره‌نگاری پ.ک.ک ببنه‌وه. له‌م مانگانه‌ی دواییشدا له نێوان ئه‌مریکا و ئێران له به‌غدا دوو خولی کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ستیار به‌ڕێوه‌چووه و به‌م شێوه دیار ده‌که‌وێ که ڕێککه‌وتنێک له نێوان تاران و واشنتۆن له به‌غدا هاتبێته ئاراوه له‌ باره‌ی کێشه‌ی کورد له لایه‌ن و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی زۆرتری ئێران له عێراق. ده‌گوترێ که یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش به حکومه‌تی به‌غداوه وتوویانه که «ده‌کرێ» و «موشکله نیه» ئه‌گه‌ر ئۆپێراسیۆنێکی له‌م چه‌شنه به‌ڕێوه‌بچێت.

پاشگه‌ردانی ده‌سپێده‌کات!

نووسه‌ری کورد له درێژه‌ی بابه‌ته‌که ده‌نووسێ :هه‌ی هۆ، ڕه‌وشێکی ئاڵۆز و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، سه‌یره که چه‌ند لایه‌نی ناڕێک و دوژمن، وه‌کو ئه‌مریکا و ئێران له سه‌ر مژارێک ڕێکده‌که‌ون و ئه‌ویش مومکینه هێرسی سه‌ر پ.ک.ک بێت. به‌رانبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی کوردی هه‌موو لایه‌نه‌کان ڕێکده‌که‌ون و ئه‌مه‌ش سه‌یره.

باشتره که بزانرێ، ڕێککه‌وتنێکی له‌م چه‌شنه هیچ قازانجێکی بۆ داهاتووی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نیه و دیاری ده‌خات که له‌م گه‌مه‌ دا گه‌مه‌یه‌کی تر هه‌یه و ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌مریکا به نیازه حکومه‌ت  وگه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رانبه‌ر به یه‌ک بکاته دوژمن و نایه‌وێ که هیچ پێشکه‌وتنێک له ئاستی سیاسی ناوچه‌که دا بێته ئاراوه و به داخه‌وه که ده‌وڵه‌ته‌کانی ئاکه‌په له تورکیا و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له ئێرانیش فریوی ئه‌م سێناریۆیه‌ی ئه‌مریکایان خواردوو و هاتوونه‌ته ناو گه‌مه‌ی سیاسی و سه‌ربازی ئه‌م وڵاته.

چاره‌سه‌ر نه‌کردنی کێشه‌ی کورد و شه‌ر له به‌رانبه‌ر کورد دا هاتنه ناو گه‌مه‌ی ئه‌مریکایه، ئه‌گه‌رچی زۆر لایه‌ن تووشی ئه‌م سه‌رگه‌ردانیه بوونه وکه‌وتوونه‌ته ناو سێنیارۆیی ئه‌مریکا و ئه‌مه‌ش له شانسی خه‌راپی ناوجه‌که‌یه و ده‌بینرێ که ئه‌م هێزانه له لایه‌ن یه‌کدی هان ده‌ده‌ن تا شه‌ڕی کورد بکه‌ن و له لایه‌ک ده‌ست به دامێنی ئه‌مریکا ده‌بن کوردان سه‌رکوت بکات و بۆیه ده‌ڵێین که کاتی ئه‌وه هاتووه، به‌ره‌نگاری ئه‌م پیلانانه ببینه‌وه که له سه‌ر کورد و له ژێر چه‌تری ئه‌مریکا ده‌کرێ.

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌قی نووسراوه‌ی «سه‌لاحه‌دین ئه‌رده‌م»، نووسه‌ری کوردی باکووری کوردستانه که له رۆژنامه‌ی «گونده‌م»ی کوردان به زمانی تورکی و ئه‌مڕۆ له ژێر سه‌ردێری «گه‌مه‌کانی تێکه‌ڵاو» بڵاوبۆته‌وه.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: