ئەرشیوی مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ ٦

ئه‌مڕۆ 25ی گه‌لاوێژ، 62مین ساڵرۆژی دامه‌زراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئه‌مرۆ 25ی گه‌لاوێژ، 62مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له درێژه‌ی «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد» و به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له مه‌هاباد، دامه‌زرا.

له سه‌رده‌مێکی هه‌ستیار له 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1324ی هه‌تاوی، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به سه‌رۆکایه‌تی «پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د» و کۆمه‌ڵێکی فراوان له ڕۆشنبیران و که‌سایه‌تیه‌کانی ناسراوی مه‌هاباد و موکریان و له سه‌ر بنه‌ماکانی «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد، ژ ک»(به هه‌ندێک گۆڕانکاریه‌وه) دامه‌زرا و له ماوه‌یه‌کی کورت دا یه‌که‌م کۆماری مۆدێرن و دێمۆکراتی کوردی به پێی ڕه‌وشی سه‌رده‌م، دامه‌زراند و توانی بۆیه‌که‌م جار، هێزی پێشمه‌رگه (سپای به‌رگری میلی)، کابینه‌ی حکومه‌ت، خوێندن و په‌روه‌رده‌ی کوردی، ڕادیۆ، گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکبێنێت.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، له‌م 62 ساڵه دا، ڕۆڵێکی کاارا و به‌رچاوی له بزووتنه‌وه‌ی میلی، دێمۆکراتیکی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بینیوه، 13 کۆنگره‌ی تاکو ئێستا به‌ستووه، سه‌ره‌تا بۆ خودموختاری کوردستان و دێمۆکراسی بۆ ئێران بووه و له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا (له پاش کۆنگره‌ی 13وه) بۆ «دابین کردنی مافه‌کانی نه‌ته‌و‌ایه‌تی گه‌لی کورد له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێمۆکرات و فێدراڵ دا» خه‌بات ده‌کات و ئه‌گه‌رچی له چه‌ند قۆناخ دا به‌ره‌و بیرۆکه‌یه‌کی چه‌پی تۆخ و پێوه‌ستی به حیزبی توووده‌ش رۆیشتووه، به‌ڵام ئێستا له سه‌ر ڕێبازی ته‌شکیلاتی «سانتراڵیزمی دێمۆکراتی» ڕێکخستن ده‌کات و «سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک»ی کردۆته ئارمانجی خۆی و له‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ و ئایدیالۆژیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌ندامی هه‌یه و خۆ پابه‌ند به ڕێزنان و وه‌دیهانانی ئامانجی هه‌‌موان ده‌کات.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران تاکو ئێستا سێ ڕێبه‌ری بلیمه‌ت و زانا و خۆشناوی لێ شه‌هید و تیرۆر کراوه (شه‌هید پشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی) و له مه‌زنترین ڕێکخراوه‌کانی قوربانی تێرۆریسمی کۆماری ئیسلامیه، زیاتر له 6 هه‌زار شه‌هیدی له ڕێگه‌ی کوردستان داوه، 3 جاری ئینشعاب تێکه‌وتووه، ڕێبه‌ری ئێستایی «مسته‌فا هیجری»یه و دوایین جار، نیزێک به 8 مانگ له‌مه‌وبه‌ر، لایه‌نێکی به ناوی «حیزبی دێمۆکراتی کوردستان» و به ڕێبه‌رایه‌تی عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده و جه‌لیل گادانی لێ جیابۆته‌وه.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئه‌ندامانی ته‌شکیلاتی ئاشکرا، هێزی پێشمه‌رگه و بنکه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی له 3 که‌مپی سه‌ره‌کی له «جێژنه‌کانی هه‌ولێر، دێگه‌له، کۆیه» کۆکردۆته‌وه و له ئێران چالاکی سیاسی لێ قه‌ده‌غه کراوه، له سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌رووپا کۆمیته‌ی کارا و چالاکی هه‌یه، ئه‌ندامی مه‌زنترین ڕێکخراوی جیهانی پاش نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به ناوی «ئینته‌ر ناسیۆناڵ سۆسیالیست»، «یو ئێن پی‌ ئۆ»، و کۆمه‌ڵێک ڕێکخراوی تروه و به پێشانگه‌هی هه‌مان حیزب، ماوه‌ی نیزێک به 2 ساڵه، «کۆنگره‌ی گه‌لانی ئێرانی فیدراڵ»ی له گه‌لانی چه‌وساوه و دوورخراوه له بازنه‌ی ده‌سه‌لاتی ئێران، پێکهێناوه.

عه‌بدوڵا گوڵ له سه‌ردانی DTP دا، خوازیاری پشتیوانی کردن له هه‌ڵبژاردنی بوو

ماشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: ئه‌مڕۆ «عه‌بدوڵا گوڵ» کاندیدای سه‌رۆکایه‌تی کۆماری تورکیا به سه‌ردانێک هاته ناوه‌ندی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک و داوای پشتیوانی و ده‌نگدانی له پارله‌مانتارانی کورد له رۆژی هه‌ڵبژاردن دا کرد و به‌ڵێنی دا که ده‌بێته سه‌رکۆماری هه‌موو هاوڵاتیانی تورکیا.

کاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ له دیدارێکی 35 خوله‌کی دا، عه‌بدوڵا گوڵ، بژارده‌ی ئاکه‌په بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری تورکیا سه‌ردانی ناوه‌ندی DTPی کرد و دیدارێکی له‌گه‌ڵ نوره‌دین ده‌میرتاش و سه‌لما ئه‌رماک، هاوسه‌رۆکانی کاتی ده‌ته‌په و ئه‌حمه‌د تورک، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارته‌که له پارله‌مانی تورکیا کرد و داوای لێکردن که ده‌نگی پێبده‌ن و له کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانی دوای دیداره‌که دا به ڵێنی دا «که ده‌بێته سه‌رکۆماری هه‌موو هاڵاتیانی تورکیا، مه‌ودای له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌که‌نا هاوشێوه ده‌بێت، پێویسته ڕۆحی برایه‌تی و ئاشتی خوازی و یه‌کگرتووی پێره‌و بکه‌ین» و هتد.

ئه‌همه‌د تورک، سه‌رۆکی فراکسیۆنی 20 که‌سی کوردان له پارله‌مانیش ڕایگه‌یاند که «پێویسته سه‌رکۆمار، سه‌رۆکی هه‌موو 72 میلیۆن هاوڵاتیه‌که‌ی تورکیا بێت و ببێته ڕه‌نگی ئیراده‌ی هه‌مووی کۆمه‌ڵگا و وتیشی که لیباس و شێوه‌ی پۆشین و جلوبه‌رگی هاوسه‌ری عه‌بدولا گوڵ، هیچ پێوه‌ندیه کی به ئێمه‌وه نیه و له لایه‌ن ئێمه‌وه گرینگی نیه».

تورک هه‌روه‌ها وتی که ئێمه داوامان له عه‌بدوڵا گوڵ کردووه که ئه‌گه‌ر بێێته سه‌رکۆمار، هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دێمۆکراتیکی کێشه‌ی کورد بدات و هه‌وڵی خۆشمان هه‌ر له‌م ڕاستایه‌وه ده‌بێت و له پارله‌مانیش ده‌مانه‌وێ پلاتفۆرم و که‌ش و هه‌ویه‌ک بۆ دیالۆگ له سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد سازبکه‌ین.

لێدوانه‌کانی عه‌بدوڵا گوڵیشم وه‌کو ئه‌وه‌ی که دیاربوو له ناوه‌وه‌ی دیداره‌که‌ دا باسی له سه‌ر کراوه، جه‌خت له سه‌ر برایه‌تی و یه‌کگرتووی بوو و دیاره که له ناوه‌رۆکی دیداره که کێشه‌ی کورد، مژاری سه‌‌ره‌کی بووه و جیاواز له‌گه‌ڵ دیداره‌کانی تری گوڵ له‌گه‌ڵ پارته‌کانی تر، کێشه له سه‌ر لایسیته و کۆماریخوازی و حیجابی خێزانی وشتی وا نه‌هاتۆته ئاراوه.

سه‌ره‌نجام ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به سزای له‌سێداره‌دانی عه‌دنان و هیوا هه‌ڵوێستی گرت

مانشێت نیوز، واشنتۆن؛ پاش زیاتر له مانگێک به سه‌ر سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان بۆ دوو ڕۆژنامه‌وانی کورد «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار»، سه‌ره‌نجام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا هه‌ڵوێستی نیشان دا و به پێشێلکاری مافی ها‌وڵاتیانی زانی.

ئه‌مڕۆ، «شان مه‌ککۆڕمه‌ک» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له لێدوانێک دا بۆ ڕۆژنامه‌وانان، «سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌‌دان بۆ دوو ڕۆژنامه‌وانی کورد، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور  و عه‌بدولواحید بووتیمار»ی ئیدانه کرد و وتی «ئه‌م سزایه نیشان له پێشێلکاری مافی هاوڵاتیان له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌دات و هه‌روه‌ها نیشان ده‌دات که ئێران هیچ ڕێزێکی بۆ یااسا و ڕێساکانی قه‌بووڵکراوی نێونه‌ته‌وه‌یی نیه».

شان مه‌ککۆڕمه‌ک به ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و له به‌یاننامه‌یه‌کی نووسراو دا، سزاکه‌ی شه‌رمه‌ار کرد و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مریکا له کاتێک دایه که مانگێک به سه‌ر سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان بۆ «هیوا بووتیمار و عه‌دنان حه‌سه‌نپوور» تێپه‌ڕده‌بێت و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان و ده‌یان ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌وانی و سه‌ندیکاکانی سه‌ربه‌خۆی جیهان و هه‌زاران که‌سایه‌تیش، به نووسراوه، خۆپێشاندان، به‌یاننامه، لێدوان و که‌مپه‌ینی ئیمزا بڕیاره‌که‌ی دادگای ئێرانیان مه‌حکووم و پڕۆتیستۆ کردووه.

«عه‌دنان حه‌سه‌نپوور»ی 27 ساڵه، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی ئاسۆ بوو که له ساڵی 2005وه داخراوه و عه‌بدولواحید بووتیماری 29 ساڵه، چالاکی مه‌ده‌نی و پارێزه‌ری ژینگه، 16ی جولای ئه‌مساڵ له لایه‌ن دادگای شۆڕسی ئیسلامی شاری مه‌ریوان به تۆمه‌تی «سیخوڕی» و «شه‌ر له به‌رانبه‌ر خودا» به سزای له‌سێداره‌دان مه‌‌حکووم کران و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تیه‌کی به‌رینی جیهانی لێکه‌وتۆته‌وه.

له به‌غدا، به به‌شداری یه‌کێتی و پارتی، هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ له نێوان کورد و شیعه دامه‌زرا

مانشێت نیوز، به‌غدا: ئه‌مرۆ له به‌غدا، له کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی دا، پێکهاتنی هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ له نێوان، پارتی، یه‌کێتی،  ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیی‌ عێراق ‌و حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌ ئیمزا كرا و پشتیوانی خۆی له حکومه‌تی مالکی، جارێکی تر دووپات کرده‌وه.

ئه‌مرۆ به ئاماده‌بوونی سه‌رۆکانی 4 ڕێکخراوی کوردستانی و شیعه، به‌ره‌یه‌کی میانه‌رۆ له به‌غدا پێکهات که ده‌رگاکه‌ی ئاوه‌ڵه بێت بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانی تر له سونه‌کان و هیزبه‌کانی کوردستانیشه‌وه.

«مه‌سعوود بارزانی» سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستان، «جه‌لال تاڵه‌بانی»، سه‌رکۆماری عێراق و سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، «عادل عه‌بدولمه‌هدی»، جێگری سه‌رکۆمار و «نووری مالکی، سه‌رۆک وه‌زیر و ڕێبه‌رانی شیعه‌ی ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیی‌ عێراق ‌و حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌، ڕێککه‌وتنێکیان واژۆ کرد که ده‌گوترێ پشتیوانی له حکومه‌تی ئێستای مالکی ده‌کات، هه‌وڵی ده‌رباز بوون له قه‌یرانی سیاسی عێراق ده‌کات که به چوونه ده‌ری سونه‌کان ئه‌م وڵاته تووسی بووه.

هه‌رچاو سه‌رکرده داوایان له «به‌ره‌ی ته‌وافوقی نیشتمانی سونه‌ش کرد بێته ناو ئه‌و به‌ره میانه‌رۆیه و درێژه به بوونی له ناو حکومه‌ت دا بدات تا قه‌یرانی سیاسی عێراقیش کۆتایی پێبێت، به‌ڵام سونه‌کان ئه‌م یه‌که‌یان ڕه‌تکردۆته‌وه.

له ساڵرۆژی دامه‌زراندنی حدکا دا، «مسته‌فا هیجری» ماڵپه‌رێکی تایبه‌ت به خۆی داده‌مه‌زرێن

مانشێت نیوز، کۆیه: زانرا که «مسته‌فا هیجری» سکرتێری گشتی حدکا، له ساڵرۆژی دامه‌زراندنی ئه‌م حیزبه دا، به مه‌به‌ستی ئاگادار بوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی هاوڵاتیان له بیروبۆچوونی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب و وه‌رگرتنی بیروڕای هاونیشتمانیان، ماڵپه‌ڕێکی ئیته‌رنه‌تی دامه‌زراند.

به‌شی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له هه‌واڵێک دا به‌م شێوه‌، کردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ری تایبه‌ت به سکرتێری ئه‌م حیزبه، ڕاده‌گه‌یێنێ:

سایتی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرایه‌وه‌

سایتی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  به‌ سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی وه‌شانی خۆی ده‌ست پێکرد.

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هه‌واڵ و چالاکیه‌کانی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاورێی به‌رێز کاک مسته‌فا هیجری سایتی «سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» کرایه‌وه‌.

ئامانجی سایتی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جیا له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی چالاکی، دیدار و وتاره‌کانی سکرتێری گشتی، سازکردنی ئاڵقه‌ی پێوه‌ندی راسته‌وخۆی خه‌ڵک و رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌.

سایتی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ پێویستیه‌کانی ئاگاداربوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی خه‌ڵک له‌ بیروبۆچوونه‌کانی رێبه‌رایه‌تی حیزب و هه‌روه‌ها به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی بیرورای هاونیشتیمانان دامه‌زراوه‌. ئه‌و سایته‌ له‌ لایه‌ن سکرتێری گشتی حیزبه‌وه‌ و به‌هاوکاری ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بری سایتی سکرتێر به‌رێوه‌ ده‌چێ.

میوانانی سایت ده‌توانن له‌ رێگای ئه‌و سایته‌وه‌ راسته‌وخۆ پرسیار، پێشنیار و بیرورای خۆیان بۆ سکرتێری گشتی حیزب بنێرن.

سایتی «سکرتێر» یه‌که‌م سایتی رێبه‌رایه‌تی حیزبه‌کانی کوردستانیه‌.

ناونیشانی ماڵپه‌ری سکرتێری گشتی حیزب:

http://www.sikirter.org

به‌شی راگه‌یاندنی

کۆمیته‌ی کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات

16/8/2007

25ی گه‌لاوێژی 2707ی کوردی

12 حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، ته‌قینه‌وه تیرۆریستیه‌کانی شه‌نگالیان مه‌حکووم کرد

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: 12 حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی که حدکا، پاک، خه‌بات و پارت و ڕێکخراوه‌کانی کوردی ڕۆژئاوایی کوردستانیشیان تێدایه، ته‌قینه‌وه تیرۆریستیه‌کانی شه‌نگالیان مه‌حکووم کرد و ئامانجی ئه‌م کرده‌‌وانه‌شیان ژینۆسایدی کورد و پاکتاوکردنی نه‌ژادیی و چۆلکردنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره کورد نیشینانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له هاوڵاتیانی کورد، پێناسه کرد و جارێکی تر به توندی ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستیه‌کانیان شه‌رمه‌زار کرد.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌که که له ڕێگه‌ی مه‌یله‌وه به ماڵپه‌ره‌که‌مان گه‌یشتووه:

به‌یاننامه‌ی 12 حیزبی کوردی و کوردستانی له‌ مه‌حکومکردنی تاوانه‌ تێرۆریستییه‌که‌ی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال

ئێمه‌ ئه‌و 12 حیزبه‌ کوردی و کوردستانییه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌مان واژۆ کردووه‌، زۆر به‌توندی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ دژ به‌ خوشک و برا ئێزیدییه‌کانمان، ئه‌م رۆڵه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، مه‌حکوم ده‌که‌ین؛ له‌ خه‌می شه‌هید و بریندار بوونی قوربانییه‌کانی ئه‌و زنجیره‌ تاوانه‌دا خۆ به‌ هاوبه‌شی بنه‌ماڵه‌ و که‌سه‌کاره‌کانیان ده‌زانین و له‌ قووڵایی دڵه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشییان پێشکه‌ش ده‌که‌ین. هه‌ر له‌و کاته‌شدا بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی هه‌ر ئه‌رکێک که‌ له‌ خه‌م و خه‌ساره‌ته‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ که‌م بکاته‌وه‌ ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕین.

ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 14 ئاگۆستی 2007، له‌ ئاکامی زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کی به‌هێزی تێرۆریستی له‌ گونده‌کانی «ته‌ل عوزێز» و «شێخ خدر»ی قه‌زای شێخانی باشووری کوردستان، زیاتر له‌ 500 که‌س له‌ کورده‌ ئێزیدییه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، شه‌هید و بریندار بوون و خه‌ساره‌تێکی به‌ربڵاوی مادیشی لێکه‌وته‌وه‌. هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره‌ پێشتریش له‌ مانگی ئاوریلدا، 23 که‌س له‌ برایانی ئێزیدیمان له‌ لایان تێرۆریستانه‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵ کوژران.

ئه‌و هێرشه‌ تێرۆستیانه‌ی له‌ ناوچه‌ ئێزیدیی نشینه‌کانی باشووری کوردستان ده‌خوڵقێن، جگه‌ له‌و ئامانجه‌ گشتییه‌ی که‌ تێرۆریستان له‌ عێراق و باشووری کوردستان عه‌وداڵیین، خاوه‌ن ئامانجی تایبه‌ت و دیاریکراوی خۆیه‌تی. به‌ وته‌یه‌کی دیکه‌ ئه‌و هێرشانه، به‌ ئامانجی ژینۆسایدی کورد و پاکتاوکردنی نه‌ژادیی و‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌رکردنی ئه‌م رۆڵه‌ ره‌سه‌نانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌سه‌ر خاکی باو و باپیرانمان به‌ڕێوه‌ده‌چێ.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ دیاریکردنی ئه‌و ئامانجه‌ دژی کوردانه‌ و رێکخستنی ئه‌م تاوانه‌ گه‌ورانه‌، به‌ ته‌گبیر و خه‌رجی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان و دوژمنانی ماف و ئازادییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌.

کوشتار و تێرۆری به‌تاک و کۆی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان، زیاتر له‌ هه‌ر کاتێک، پێویستیی په‌له‌کردن له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بۆ به‌رفه‌رمانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و پێداگریی له‌ جێ به‌ جێ کرانی ماده‌ی 140 ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ ده‌رده‌خا. هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پیلانی دوژمنانی کورد و کوردستان و کورتکردنه‌وه‌ی ده‌ستی ڕه‌شی تێرۆریستان و پاراستنی دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ به‌گشتی و خوشک و برا ئێزیدییه‌کانمان به‌ تایبه‌ت، کۆمه‌ڵێک هه‌نگاو و بڕیاری خێرا له‌ سه‌رۆکایه‌تی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌خوازێ.

   ئێمه‌ ئه‌و 12 حیزبه‌ کوردی و کوردستانییه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌مان واژۆ کردووه‌، زۆر به‌توندی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ دژ به‌ خوشک و برا ئێزیدییه‌کانمان، ئه‌م رۆڵه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، مه‌حکوم ده‌که‌ین؛ له‌ خه‌می شه‌هید و بریندار بوونی قوربانییه‌کانی ئه‌و زنجیره‌ تاوانه‌دا خۆ به‌ هاوبه‌شی بنه‌ماڵه‌ و که‌سه‌کاره‌کانیان ده‌زانین و له‌ قووڵایی دڵه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشییان پێشکه‌ش ده‌که‌ین. هه‌ر له‌و کاته‌شدا بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی هه‌ر ئه‌رکێک که‌ له‌ خه‌م و خه‌ساره‌ته‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ که‌م بکاته‌وه‌ ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕین.

16/8/2007

پارتی سوسیالیستی کوردستان PSK

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پارتی یه‌کێتی کورد له‌ سوریا‌ (یه‌کێتی)

رێکه‌ڤتنی دیمۆکراتی کورد له‌ سوریا‌ –  وفاق

پارتی پێشڤه‌ڕۆی دیمۆکراتی کورد له‌ سوریا‌

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی باکور – PDK

پارتی یه‌کێتی دیمۆکراتی کورد له‌ سوریا‌

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان PWD

پارتی دیمۆکراتی کورد له‌ سوریا‌ – الپارتی

پارتی ئازادی کورد له‌ سوریا‌

پارتی ئازادیی کوردستان PAK

هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌ڤه‌ره‌کانی شه‌نگال که‌وته‌‌جموجۆڵه‌وه

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: دوو فه‌وجی زێره‌ڤانی له هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به مه‌به‌ستی پاراستنی کوردانی ئیزه‌دی، به‌ره‌وه شه‌نگال که‌وته‌ڕێ.

پاش ئه‌وه ته‌قینه‌وه‌ خۆکوژیانه‌ی که له ئاکامدی دا زیاتر له 500 هاوڵاتی کوردی ئیزه‌دی بوونه قوربانی و به گشتی زیاتر له 700 کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌‌وه، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، فه‌رمانی به هێزی پێشمه‌رگه‌ دا که کوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بپارێزێ.

هه‌ر بۆیه‌ش دوێنێ «سه‌رله‌شکه‌ر عه‌زیز وه‌یسی»، فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ڕایگه‌یاند که «دوو فه‌وجی پێشمه‌رگه پێکهاتوو له 340 که‌س به مه‌به‌ستی هاریکاری هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی شه‌نگال، تا مسۆگه‌ربوونی ئاسایشی ناوچه‌، ده‌چنه شه‌نگال.

ڕه‌وشی 2 هاوڵاتی گیراوی کورد نادیاره

مانشێت نیوز، ورمێ: دوو هاوڵاتی کورد که نیزێک به یه‌ک مانگ له‌مه‌وبه‌ر له پیراانشار و به تۆمه‌تی هاوکاری حیزبێکی کوردستانی ده‌زگیر کراون، پاش گوازتنه‌وه‌یان بۆ گرتووخانه‌ی ورمێ، چاره‌نووسیان نادیاره.

«محه ممه‌د جه‌میل ئیبڕاهیم» هاوڵاتی کوردی خه‌ڵکی عه فرینی رۆژئاوایی کوردستان و «وه‌لی محه‌ممه‌د زاده» کوردی سه‌ڵماسی له پیرانشار ده‌زگیر و پاش 20 رۆژ بۆ گرتووخانه‌ی ورمێ ڕه‌وانه ده‌کرێن.

به گوێره‌ی ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، ئه‌م دوو گیراوه کورده، چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاده‌گوێزرێن و تا ئێستاش هیچ زانیاریه‌ک سه‌باره‌ت به ڕه‌وشه‌که‌یان نیه و ده‌گوترێ که «محه‌ممه‌د جه‌میل ئیبڕاهیم» کوردی گیراوی ڕۆژئاوایی کوردستان، ده‌ستێکیشی شکاوه.

ده‌ته‌په به‌نیازه ڕه‌وشی ئۆجه‌لان له ئیمراڵی بۆ پارله‌مانی تورکیا بگوازێته‌وه

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک به نیازه گۆشه‌گیری و ڕه‌وشی ناله‌بار و نامرۆڤانه‌ی «عۆه‌بدولا ئۆجه لان» له گرتووخانه‌ی ئیمراڵی و دانی سزای ژووری تاکه‌که‌سی له ناو گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سی دا بکێشێته ناو پارله‌مانی تورکیا.

«نوره‌دین ده‌میرتاش»، هاوسه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک دوێنێ له لێدوانێک دا بۆ ڕۆژنامه‌‌‌وانان باسی له پرۆگرامه‌کانی ده‌ته‌په له پارله‌مانی تورکیا کرد و وتی که کێشه‌ی سازکردنی به‌نداوی «ئیلی سوو» که شاری دیرۆکی «حه‌سه‌ن کێف» ده‌باته ژێر ئاو و گۆشه‌گیری ئۆجه‌لان له ئیمراڵی و ڕه‌وشی ناله باری ناوبراو له گرتووخانه‌که دا ده‌به‌نه ناو پارله‌مان و وتیشی که پێویسته ڕای گستی هه‌ستیاری نیشان بدات سه‌باره‌ت به‌م یه‌که‌.؟

ده‌میرتاش وتی: حه‌قیقه‌تی ئۆجه لان له تورکیا فه‌رامۆش کراوه و جه‌ختی له سه‌ر ئه‌مه کرده‌وه که بوونی ئۆجه‌لان، فاکته‌رێکی گرینگ بۆ ئاشتی و ئارامی ناو تورکیایه و ئه‌وه‌ش له کاتێکه که ئۆجه‌لان به‌رده‌وام به هۆی لێدوانه‌ ئاشتیخوازانه‌کانی سزای ژووری تاکه‌که‌سی له ناو گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سی ئیمراڵی دا پێده‌درێت و بۆیه‌ش پارله‌مانتارانی ده‌ته‌په له‌سه‌ریانه که ئه‌م کێشه بکێشنه‌ ناو پارله‌مان و له کۆمسیۆنه جیاوازه کان دا نقاش و گفتگۆی له سه‌ر بکه‌ن.

ده‌میرتاش وتیشی که ده‌بی گرینگی بدرێته ئه‌م ڕه‌وشه نامرۆڤانه و دژه ئینسانیه‌ی که ئۆجه‌لان له ئیمراڵی تێیدایه و سه‌باره‌ت به حه‌سه‌ن کێڤیش گوتی که به‌نداوێک خه ریکه ساز ده‌کرێت که مێژووی ده‌یان هه‌زار ساڵی کوردان ده‌خاته ژێر ئاو و ئێمه‌ له کۆمیسیۆن گه‌لی تایبه‌ت له پارله‌مان ئه‌مانه ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر مێزی گفتگۆ و هه‌وڵی چاره‌سه‌ریان ده‌ده‌ین.

پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، پاش ته‌قینه‌وه تیرۆریستیه‌که‌، وه‌فدێک ده‌نێرێته شه‌نگاڵ

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، ئاماانجی هێرشه‌کان بۆ شه‌نگال و که‌رکووک و ناوچه دابڕاوه‌کان له کوردستان،  به هه‌وڵدانێک بۆ ته‌رکی خاکی کوردستان له لایه‌ن دوژمنانه‌وه ده‌زانێ و به‌نیازه که وه‌فدێک پێکهاتوو له به‌رپرسان و پارله‌مانتارانی کوردی سه‌ر به ده‌ته‌په به مه‌به‌ستی سه‌ردانی شه‌نگال، ڕه‌وانه‌ی باشووری کوردستان بکات.

پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، پاش ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستیه‌که‌ی قه‌هتانیه‌ی شه‌نگاڵ، که تێیدا زیاتر له 700 کوردی ئیزه‌دی بوونه قوربانی، به هه‌وڵی تیرۆریستان و دوژمنانی گه‌لی کورد بۆ ئاڵۆزکردنی ناوچه‌که و پێشگرتن له ئه‌نجامی ڕێفراندۆم و به‌جێهێشتنی خاکی کوردستان ده‌زانێ و وێڕای داوای یه‌کگرتووی و ڕۆحی به‌رخۆدان، هیوا ده‌خوازێ که ئه‌م پڕۆکاسیۆنانه پووچه‌ل بکرێنه‌وه.

به گوێره‌ی ئاژانسی فورات، ده‌ته‌په وێڕای ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی له‌ بابه‌ت ئه‌م ته‌قینه‌وه و قوربانی بوونی سه‌دان کورد له‌م ڕه‌شه‌کوژیه‌دا، ڕاده‌گه‌یێنێ که وه‌فدێک به مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه و سه‌ردانی شه‌نگال، پێکهاتوو له پارله‌مانتارانی کورد و به‌رپرسانی ده‌ته‌په ده‌نێرێته هه‌رێمه‌که و داوا له هکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش ده‌کات، له‌سه‌ره‌وه کوردان و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێی ئه‌م ناوچانه له کوردستان بپارێزێ و له‌م ڕێگه‌وه  هه‌وڵی پێویست بدات.

ئه‌گه‌ر سه‌ردانی وه‌فدی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک بۆ کوردستان ڕوو بدات، ده‌بێته یه‌که‌ جار که وه‌فدێکی کوردی پارله‌مانی تورکیا، سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که سه‌ردانی شوێنی تر وه‌کو پارله‌مان و دامه‌زراوه حکومه‌یه‌کانیش بکرێت.

لۆمۆند: ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاماده‌یی ته‌قینه‌وه ی جه‌ماوه‌ریه

مانشێت نیوز، ڕاپۆرته هه‌وڵی تایبه‌ت: ڕۆژنامه‌ی ناوداری فه‌ره‌نسی «لۆمۆند» ئه‌مرۆ له بابه‌تێک دا له بابه‌تێک دا، زێده‌بوونی گووشار بۆ سه‌ر کوردانی ڕۆژهه‌ڵات و درانی سزای له‌سێداره‌دان بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی کورد و ڕه‌شه‌کوژی هه‌ر ڕۆژه‌ی کوردان له‌م هه‌رێمه، دانیشتوانی ئاماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری پڕۆتیستۆیی کردووه.

له بابه‌ته‌که دا هاتووه » زه‌خت و گووشاری ڕه‌ژیمی مه‌لاکان بۆ سه‌ر کوردان و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی تر رۆژ به ڕۆژ په‌ره ده‌ستێنێ، زێد‌بوونی ڕێژه‌ی ئیعدامه‌کان، داخرانی ڕۆژنامه‌و  بڵاوکراوه‌ چاپه‌مه‌نیه‌کان و زنجیره‌ی ده‌زگیری و ئاخنینی گرتووخانه‌کان، له نیشانه کانی به‌رچاوی ئه‌م زه‌خته‌ن. ڕۆژ نیه له کوردستان مرۆڤێکی سیڤیل و بێ تاوان به گوله‌ی هێزه‌کانی ئاسایشی نه‌کوژرێ و سه‌رجه‌م ئه‌م فاکته‌رانه رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ئاماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی پرۆتیستۆیی جه‌ماوه‌ری کردووه.

له کاتی هاتنه سه‌رکاری ئه حمه‌دی نه‌ژاده‌وه تا ئێستا، گووشار بۆ سه‌ر که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان و به تایبه‌ت کوردان روو له فراوانی دایه و ترسی سه‌رهه‌ڵدانێکی که‌مه‌نه‌ته‌وه و ئایینیه‌کان، حکومه‌تی تاران، ئازار ده‌دات و کوردان به 6 میلیۆن حه‌شیمه‌ته‌وه یه‌کێک له م گرووپانه‌ن که ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانیان زۆره و تارانیش به توندی به‌ره‌نگاریان ده‌بێته‌وه.

«که‌مایه‌تی کورد» سه‌ره‌تا له کاتی ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشاهی دا و ئه‌مجاره له سه‌ره‌تایی هاتنه سه‌رکاری ره‌ژیمی کۆماری ئیسلامیه‌وه تا ئێستا مه‌زنترین سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشه‌کانی دژ به حکومه‌تی ناوه‌ندی پێکهێناوه و له‌م 3 ساڵه‌ی دواییش دا چالاکیه سه‌ربازیه‌کانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش په‌ره‌ی سه‌ندووه.

31ی ته‌مووزی ئه‌مساڵ، به‌رپرسانی ده‌زگای قه‌زایی ئێران به فه‌رمی ڕایانگه‌یاند که «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و عه‌بدولواحید (هیوا) بووتیمار، دوو ڕۆژنامه‌وانی کورد، سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ر دا سه‌پاوه و به گوێره‌ی «ئاسۆ حه‌سه‌نزاده»، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دێمۆکراتی کوردستان – ئێران باس له‌وه ده‌کات که «به هاتنه سه‌رکاری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، گووشاره‌کان چڕتر بوونه‌ته‌وه و مه‌سه‌له‌ی عه‌دنان و هیواش، بێ ئه‌وه‌ی که هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک هه‌بێت به قورسترین سزا، واته ئیعدام مه‌حکووم کراون، له کاتێک دا که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که له ساڵه‌کانی (1980 تا ساڵه‌کانی 1990) هێزی پێشمه‌رگه‌ شه‌ری دژ به ئێرانیش ده‌کرد، به‌ڵام که‌متر ده‌بینرا که گیراوان وا به ئاسانی و به کۆمه‌ڵ، به سزای له‌سێداره‌دان حوکم بدرێن». تاران هه‌ستی به مه‌ترسیه‌ک کردووه، مه‌ترسیه‌ک که بۆنی سه‌رهه‌ڵدانێکی جه‌ماوه‌ری لێدێت و به‌م شێوه ده‌یه‌وێ، پێش ڕوودانی، خه‌ڵک چاوترسێن بکات و ویستی کۆمه‌ڵگا بۆ سه‌رهه‌ڵدان، خامۆش بکات».

ڕۆژنامه‌که ده‌نووسێ: له ئێران ئه‌وه یه‌که‌م جاره که ڕۆژنامه‌نووسێک به سزای ئاوا گران مه‌‌حکووم ده‌کرێ، حه‌وته‌نامه‌ی کوردی، فارسی، ئاسۆ که له ساڵی 2005 داخراوه، به‌ڵام «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور»، لااوی ته‌مه‌ن 27 ساڵه و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئاسۆ و هیوا بووتیماری 29 ساڵه، له رۆژی 16ی ته‌موز له لایه‌ن دادگای ئینقلابی مه‌ریوانه‌وه سزای له‌سێداره‌دانیان پێدرا و تاوانه‌که‌شیان «محاربه»، به مانای «شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا» و «به‌ره‌نگاری چه‌کدارانه دژ به ده‌سه‌ڵاتی ئێران» و «سیخوڕی بۆ وڵاتانی بێگانه» ڕاگه‌یاندرا. به‌ڵام حه‌سه‌نپوور له دیداره‌کانی دا باسی له‌وه کردووه که به توندی له ژێر ئه‌شکه‌نجه دابووه و «حه‌سه‌نزاده» ده‌ڵێ که «وه‌کو هه‌ر کوردێکی تر، عه‌دنانیش وڵاتپارێز بووه، به‌ڵام قه‌ت ئه‌ندامی پارتێکی کوردی نه‌بووه».

ئێران هه‌‌ڕه‌شه له ڕۆژنامه‌وانانی ره‌خنه‌گر ده‌کات

«جه‌لیل ئازادیخاه» سه‌رنووسه‌ری هه‌فته نامه ی «ئاسۆ» تا ڕۆژی داخستنی که له‌مدوایانه‌دا، ده‌زگای قه‌زایی ئێران، لێکۆلینه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به کاره‌کانی ده‌سپێکردبوو، توانیوه‌تی خۆی ڕزگار بکات و له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: کۆماری ئیسلامی که ده‌زانێ بافتێکی له‌رزۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، به هێنانی گووشار بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسانی بێ دیفاع و سه‌رجه‌م ره‌خنه‌گران له ره‌ژیم ناچار ده‌کات و ناڕاسته‌وخۆ په‌یامیان پێده‌دات که  وڵات به‌جێبێبهێڵن.

ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌

لۆمۆند هه‌روه‌ها ده‌نووسێ که له به‌رانبه‌ر ئه‌و زه‌خت و گووشارانه‌دا ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌. 9ی ته‌مووزی 2005، هێزه‌کانی ئینتزامی ئێران، له شاری مه‌هاباد، «شوانه سه‌ید قادر» لاوێکی کوردیان کوشت و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ته‌رمی شێوێندراوی شوانه، هاوڵاتیان ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و له‌وکاته‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام پاشگه‌ردانی و پێکدادان له نێوان هێزه‌کانی ئه‌منی و خۆپێشانده‌رانی کورد هه‌یه و له زۆربه‌ی کاتیش دا کوژراو و برینداری لێده‌که‌وێته‌وه .

ئه‌گه‌ری ته‌شه‌نه‌کردنی شه‌ڕی شیعه و سونه بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه

لۆمۆند ده‌نووسێ که رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پێکهاته‌یه‌که له کوردانی، شیعه، سونه، و ئایینه‌کانی ئیزه‌دی و یارسان و بۆیه ش مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که شه‌ری شیعه و سونه له عێرق، ته‌شه‌نه‌بکاته رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش. له‌مباره‌وه، «فه‌رهاد حه‌یده‌ری» ، به‌رپرسی ڕێکخراوی یارسان له فه‌ره‌نسا، به لۆمۆند ده‌ڵێ: هه‌ر له ئێستاوه ده‌کرێ، ئه‌‌م مه‌ترسیه‌ بیری لێبکرێته‌وه، کۆمه‌ڵگای یارسان له نێوان سونه‌کان و شیعه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ڕۆڵی نێوبژیوان (وه‌کو هێزه‌کانی ئاشتی پارێزی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان) ده‌گێرێ. من خۆشبین نیم، له لایه‌ک شیعه‌گه‌ریه‌کی تۆخ له تارانه‌وه په‌ره‌ی پێده‌درێ و وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ن به نه‌وتی که‌نداو، جه‌ماعه‌ته ئیسلامیه سونه‌کان ساپۆرتی ماڵی ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش له دواڕۆژ دا کێشه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه.

سیاسه‌توانێکی کۆنی کوردیش که نه‌یهه‌ویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژه به گوشاری به‌ره‌و زێده‌بوونی تاران و ڕه‌وشی عێراق ده‌کات و ده‌ڵێ: هه‌رجه‌ند زۆربه‌ی کوردانی ئێرانیش وا نیشان بده‌ن که دژ به هێرشێکی سه‌ربازی ئه‌مریکا بۆ ئێرانن، به‌ڵام تاران ئه‌وه باش ده‌زانێ وزۆری لێده‌ترسێ که کوردانی باشوور، پشتیوانی هێرشێکی چاوه‌ڕوانکراوی ئه‌مریکا بۆ ئێران ده‌بن و ئه‌وه‌ش به ئاشکرا له‌به‌ر چاوی ئێرانه.

ئه‌م گووشارانه ده‌توانن، به‌شێک له‌، ڕێگاچاره پێشگیرانانه بن که ده‌وڵه‌تی تاران به‌رانبه‌ر به کوردان گرتوویه‌تیه به‌ر، چونکه کوردانی ڕۆژهه‌ڵات به‌رده‌وام، ئاڵاهه‌ڵگری خواسته نه‌ته‌وه‌یه‌کان له ئێران بوونه و ئازه‌ری، عه‌ره‌ب و تورکمان و به‌لووچه‌کانی ئێرانیشیان هانداوه که داوای مافه‌کانیان له ناوه‌ند بکه‌ن.

ڕۆژنامه‌ی ناوداری لۆمۆندی فه‌ره‌نسی ده‌نووسێ که «له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا، له‌م هه‌رێمانه‌ی که که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی لێ نیشته‌جێن،  ئاڵۆزی و پێکدادانی زۆر هاتۆته ئاراوه و گرینگترینی ئه‌مانه‌ش، ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک له 14ی شوباتی ئه‌مسال له زاهیدانی به‌لووچستان بوو که له ئاکامی دا 11 پاستاری ئێرانی کوژراون و 31ی تریش بریندار بوون و کرده‌وه‌که‌ش له لایه‌ن گرووپی «جوندوڵا» که ده‌گوترێ پێوه‌ندی به ئه‌لقاعیده‌»وه‌ش هه‌یه، خاوه‌ندارێتی کرا.

لۆمۆند ده‌ڵێ:  ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی سنووره‌کانی، رۆژی 14ی ئه‌گۆست، سه‌ردانی ئه‌فغانستانی کرد و ڕۆژی دواتریش سه‌ردانی تورکمه‌نستانی کرد تا دژ به تیرۆریسم و به‌ره‌نگاری به‌یه‌که‌وه‌ی ئه‌م کرده‌وانه، هاوکاری وڵاتانی جیران وه‌رگرێ.

که‌مه نه‌ته‌وه‌‌کانی ئێران له ڕوانگه‌ی لۆمۆنده‌وه

تورکه‌کانی ئازه‌ری: له ئێران له سه‌تا 25ی هاوڵاتیان تورکی ئازه‌ری و شیعه مه‌زهه‌بن. به گشتی له هه‌رێمه‌کانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران ده‌ژین و ڕۆژ به رۆژ به ده‌نگی به‌رزتره‌وه داوای په‌روه‌رده به زمانی زگماکی و مافه که‌لتووریه‌کانیان ده‌که‌ن.

کورد: به گوێره‌ی ئاماره فه‌رمیه‌کانی ئێراقن له سه‌تا 8ی ها‌ولاتیانی ئێرانین و به‌ڵام ئاماره نافه‌رمیه‌کان ڕێژه‌ی کوردان به زیاتر ده‌زانن و له ڕۆژئاوا و باکووری رۆژئاوایی وڵاتی ئێران نیشته‌جێن.

عه‌ره‌ب: ده‌گوترێ که له سه‌تا 3 تا 8ی ئێران پێکدێنن و له سه‌ر سنووری ئێران و ئێراقن و پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری له 2005وه تا ئێستا، جه‌ندین ته‌قینه‌وه له‌م شوێنانه هاتوونه‌ته‌ ئاراوه.

به‌لوچ» له سه‌ر سنووره‌کانی ئه‌فغانستان و پاکستان ده‌ژین و له سه‌تا 1 تا 3ی ئێرانیه‌کان پێکدێنن و گرووپی جوندولا هه‌ر ئێستا، ماوه‌یه‌که چه‌ندین ته‌قینه‌وه و هێرسی بۆ سه‌ر هێزه‌کانی چه‌کداری ئێرانی پێکهێناوه.

هێزه‌کانی ڕه‌ژیم به چه کی قورس هه‌رێمه‌کانی پیرانشار و سه‌رده‌شتیان ته‌نیوه

مانشێت نیوز، پیرانشار: له پیرانشاره‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که ڕه‌ژیم به ده‌یان کامیۆنی هه‌ڵگری چه‌کی قورس، سنووره‌کانی سه‌رده‌شت، پیرانشار و شنۆی ته‌نیوه و ڕێگه‌کانی قه‌ندیلی به گشتی داخستووه و ماوه‌ی دوو ڕۆژه قه‌ندیل، بۆردومان ده‌کات.

به گوێره‌ی هه‌واڵنێرمان له شاری پیرانشار، ماوه‌ی دو ڕۆژه که ره‌ژیمی کۆماری ئیسلامی، هێزێکی زۆری له ده‌ورووبه‌ری پیرانشار کۆکردۆته‌وه و ده‌یان کامیۆنی سه‌ربازی هه‌ڵگری چه‌کی قورس ڕه‌وانه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌ران، قه‌ڵه‌ڕه‌شی سه‌رده‌شت، بادین ئاوێ، هه‌رێمه‌کانی سێ چۆمان، پردانان کردووه و ته‌نانه‌ت له ناوشاریش، هێزه کانی چه‌کداری کوردی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت (جاشه‌کان) له سه‌ر شه‌قامه‌کان ئاماده‌ن.

هه‌روه‌ها له سه‌رده‌شته‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که گرووپێک گه‌ریلای په‌ژاک دێنه سنووری کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و له ناوچه‌ی په‌تکی گوندی قه‌ڵه‌ڕه‌شی نیزێک سه‌رده‌ش و پاش پێزانینی هێزه‌کانی ئێران، ده‌چنه شوێنه‌که و به چه‌کی قورس و کاتیۆشا، شوێنه‌کانی که مه‌زنده ده‌کرێ گه‌ریلای لێبێت، ده‌ده‌نه به‌ر په لامار و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیان و سازکردنی که‌ش وهه‌وایه‌کی ناخۆش و مه‌ترسی دا له ناو شاری سه‌رده‌شتیش.

هه‌ر ئێستا: فڕۆکه‌یه‌کی تورکیا له لایه‌ن دوو که‌س که مه‌زه‌نده ده‌کرێ ئه‌لقاعیده بن، ڕفێندرا

مانشێت نیوز، ئه‌سته‌نبوڵ: کاتژمێرێک له‌مه‌وبه‌ر، فڕۆکه‌یه کی نه‌فه‌رهه‌ڵگری تورکیا سه‌ر به کۆمپانی «ئه‌تڵه‌س جێت» که له قوبرێسه‌وه ده‌چوو بۆ ئه‌سته‌نبوڵ له لایه‌ن دوو که‌س که مه‌زه‌نده ده‌کرێ، ئه‌لقاعیده بن، ڕفێندرا.

ڕفێنه‌ره‌کان، که ده‌گوترێ به زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزیان قسه ده‌کرد و یه‌کێکیان تورکیشی ده‌زانی، شادوئیمانیان هێناوه و گوتوویانه که به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆکردنی ئه‌مریکا ده‌یانه‌وێ، فڕۆکه‌که ببنه‌نه ئێران یا سووریا، به‌ڵام کاپتان له ئانتالیایی تورکیا نیشته‌وه و تا ئێستاش مسافیره‌کان که ده‌گوترێ هه‌ژمارێکی که‌‌من توانیویانه له ده‌رگایه پشته‌وه ڕابکه‌ن و پۆلیس سه‌رگه‌رمی ڕازیکردنی فڕۆکه دزه‌کانه.

هێلیکۆپته‌رێکی سپای پاستاران له پیرانشار که‌وته‌خوار و ده‌گوترێ که «وسێن باپیر»یش کوژراوه

مانشێت نیوز، پیرانشار: هێلیکۆپته‌رێکی سپای پاستارانی ئێران له ناوچه ی پیرانشار که‌وته‌خوار و لانی که‌م 5 جاش و پاستار کوژراون و 6ی تر بریندار بوون، هه‌رچه‌ند مێدیاکانی ئێران ده‌یانه‌وێ به‌ربوونه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌ره‌که بخه‌نه ئه‌ستۆی ناله‌باری که‌ش و هه‌وا به‌ڵام مه‌زه‌نده ده‌کرێ، پژاک به‌ری دابێیته‌وه.

ماڵپه‌ری بازتاب سه ر به «موحسێن ڕه‌زایی» به‌رپرسی پێشووی سپای پاستاران ڕایگه‌یاند که ئه‌م هێلیکۆپته‌ره له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌ندیل له پیرانشار به‌ربۆته‌وه و 5 کوژرا و 6 برینداری لێکه‌وته‌وه که فه‌رمانده‌ی سپای تێدانیه و هێزی ئینتزامین.

ئه‌وه له کاتێک دایه که سه‌رچاوه‌کانی هه‌رێمی، باس له ئه‌گه‌ری کوژرانی «وسێن باپیر» گه‌وره جاشی، پیرانشاری و چه‌ند فه‌رمانده‌ی پایه‌به‌ڕزی سپای پاستاران له هێلیکۆپته‌ره‌که‌ دا ده‌که‌ن و باس له‌وه ده‌کرێ که برینداره‌کان بۆ نه‌خۆشخانه‌کانی پیرانشار و ورمێ گوازراونه‌ته‌وه.

به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌م هێلیکۆپته‌ره که مه‌زه‌نده ده‌کرێ وه‌کو نموونه‌‌کانی تری له دوو ساڵی ڕابردوو کاری گه‌ریلاکانی پژاک بێت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م ڕێکخراوه به‌رپرسیارێتی کرده‌وه‌که‌ی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه، ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی زیاتر له 4 ڕۆژه، ئێران هێز ره‌وانه‌ی پیرانشار، سه‌رده‌شت، شنۆ و  داوێنه‌کانی قه‌ندیل ده‌کات و به تۆپ و کاتیۆشا هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مێدیا بۆردومان کردووه و له چه‌ند شوێنیش، له‌ نێوان پژاک و سپای پاستارن شه‌ر هاتۆته ئاراوه.

ئه‌مڕۆ دادگای به‌رپرسانی حه‌وته‌نامه‌ی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مانشێت نیوز، سنه: ئه‌مڕۆ چواره‌مین دانیشتنی دادگایی کردنی به‌رپرس و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له دادگای تاوانی سنه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

«سالح نیکبه‌خت» به ئاژانسی ئیسنای ئێرانی گووتووه که ئه‌مرۆ «عه‌بدوڵا سۆهرابی» وه‌کو به‌رپرسی دوو حه‌وته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵات و «ڕه‌زا عه‌لیپوور، فه‌رهاد ئه‌مین پوور و سامان سلێمانی» ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رنووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌که‌، به تۆمه‌تی «پڕۆپاگه‌نده دژ به کۆماری ئیسلامی» دادگای ده‌کرێن.

نیکبه‌خت هه‌روه‌ها ده‌ڵێ که «حه‌وته‌نامه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی سنه له ساڵه‌کانی 82 تا 5 مانگی سه‌ره‌تایی ساڵی 1385، 66 ژماره‌ی لێ چاپ و بڵاو کرایه‌وه و 32 ژماره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کراوه و دوو ساڵه که له لایه‌ن ده‌زگاکانی قه‌زایی سنه‌وه له ژێر تۆمه‌تباری دایه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ سه‌پاندنی ڕاسته‌قینه‌ بوونی تاوانه‌کان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دیسان له لایه‌ن داوه‌ری گشتی پارێزگای کوردستانه‌وه‌، هه‌مان تۆمه‌ت ئاراسته‌ی ڕۆژنامه‌وانه‌کان کراوه.

به وته‌ی نیکبه‌خت، ڕۆژنامه‌وانه‌کان به‌وه تۆمه‌تبار بوونه که پاره‌یان له ئه‌مریکا وه‌رگرتووه، که‌جی له به‌رانبه‌ر فرۆشتنی 1500 ژماره له بڵاوکراوه‌که‌یاندا، بڕێکیان پاره له به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له عێراق وه‌رگرتووه و ئه‌مه‌ش به هۆی پێوه‌ندی به‌رده‌وام و توندوتۆڵی نێوان تاڵه‌بانی، بارزانی و ئێران، زۆر ئاساییه.

هه‌روه‌ها زانرا که دانیشتنی دادگایی «بورهان له‌هونی» سه‌رنووسه‌ر و به‌رپرسی حه‌وته‌نامه‌ی ‹ئاشتی»ش، که بریاربوو، دوێنێ 25ی گه‌لاوێژ دادگای بکرێ، دانیشتنه‌که‌ی به‌‌رێوه‌ نه‌چووه.

ڕفێنه‌رانی فڕۆکه تورکیه‌که، کاپتانێکیان ده‌وێ بیانباته تاران، تارانیش سه‌رقاڵی لێکدانه‌وه‌ی کێشه‌که‌یه

مانشێت نیوز، هه‌ر ئێستا: ڕفێنه‌رانی فرۆکه‌ نه‌فه‌رهه‌ڵگره تورکه‌که‌، ده‌یانه‌وێ، کاپتانێکیان بۆ ڕه‌وانه بکرێ و بچنه تاران و شۆڕایی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی ئێرانیش خه‌ریکی لێکدانه‌وه‌ی دان یا نه‌دانی ئیزن به فڕۆکه دزراوه‌که و فڕۆکه‌وانه‌کانه.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ، فڕۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵگری کۆمپانی «ئه‌تله‌س جێت» له قوبرسی تورکانه‌وه به 136 مسافیر و خزمه‌تکارانی فڕۆکه‌که‌، به‌ره‌وه ئه‌سته‌نبوڵ ده‌چوو که له لایه‌ن دوو که‌سه‌وه که مه‌زه‌نده ده‌کرێ عه‌ره‌ب و سه‌ر به گرووپی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده بن و چه‌ند بۆمبای ده‌ستیان پێبێت، ڕفێندرا و پاشان بۆ گرتنی سووته‌مه‌نی له فڕۆکه‌خانه‌ی ئانتالیایی تورکیا نیشته‌وه.

پاش نیشتنه‌وه‌ی فرۆکه‌که‌، مسافیره‌کان و فڕۆکه‌وانه‌کان توانیان خۆیان له ده‌رگای پشته‌وه‌ ڕزگار بکه‌ن و به‌ڵام ئێستاش 4 مسافیر، 2 خزمه‌تگوزاری فڕۆکه‌که و 2 فڕۆکه ڕفێنه‌که له ناوی دان و ده‌یانه‌وێ پاش لێدانی سووته‌مه‌نی، به‌ره‌وه تاران بکه‌ونه‌ڕێ و ئێرانیش خه‌ریکی کۆبوونه‌وه‌یه که ئایا ڕێگه‌ به فرۆکه‌ڕفێنه‌کان بدات یان نا.

گه‌وره‌جاشی پیرانشاری «وسێن باپیر» به سه‌ختی برینداره و له‌ شه‌ره‌کاندا 26 کوژراو و بریندار هه‌ن

مانشێت نیوز، پیرانشار: به گوێره‌ی دوایین هه‌واڵه‌کانی که له پیرانشاره‌وه به‌ده‌ستمان گه‌یشتوون «وسێن باپیر» گه‌وره‌جاش، به سه‌ختی برینداره و له‌ 24 کاتژمێری ڕابردووه‌، زیاتر له 26 ته‌رم و بریندار هێنراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌م شاره.

به گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی که به مانشێت گه‌یشتوون، دوێنێ و ئه‌مرۆ، نه‌خۆشخانه‌ی ده‌وڵه‌تی پیرانشار، له ژێر کۆنترۆڵی هێزه‌کانی چه‌کداری ئێراندایه و هه‌ژمارێکی 26 که‌سی له ته‌رم و بریندار که زۆربه‌یان جاشی خۆجێیی و پاستارن له ئاکامی شه‌ری گه‌ریلاکانی پژاک و به‌ربوونه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌رێکی سه‌ربازی دا، کوژراون یا برینداربوونه له‌م نه‌خۆشخانه‌نن و ده‌گوترێ هه‌ژمارێکیش له‌، بریندارانه‌ی که برینه‌کانیان قورسه بۆ ورمێ گوازراونه‌ته‌وه.

په‌یامنێرمان له پیرانشار ئاگاداری کردینه‌وه که باس له بریندار بوونی «وسێن باپیر» گه‌روه‌جاشی پیرانشاری ده‌کرێ و ته‌نانه‌‌ت ده‌گوترێ که «لاقێکی په‌ریوه»، ره‌وشی شار نائاساییه و ئۆپێراسیۆنه‌کان له داوێنه‌کانی قه‌ندیل و به‌رزایه‌کانی پیرانشار به‌رده‌وامن.

پاش 5 کاتژمێر، ڕفێنه‌رانی فڕۆکه‌ تورکیه‌که، ته‌سلیم بوون

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: سه‌ره‌نجام پاش 4.5 کاتژمێر، کۆتایی به قه‌یرانی ڕفاندنی فڕۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵگری تورکیا له لایه‌ن دوو هاوڵاتی تورک و فه‌له‌ستینی هات، که مه‌زه‌نده ده‌‌کرێ ئه‌ندامی ئه‌لقاعیده بن.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ شه‌ممه، 2 که‌س که دواتر ئاشکرابوو که یه‌کێکیان به ناوی «محه‌ممه‌د ڕه‌شاد ئۆزیورت»ی تورک و «عه‌بدولعه‌زیز مالکی» فه‌له‌ستینی، به مه‌به‌ستی پرۆتیستۆکردنی ئه‌مریکا، فڕۆکه‌یه‌کی میسافیری سه‌ر به کۆمپانی «ئه‌تڵه‌س جێت»ی تورکیایان له ڕێگه‌ی قوبرس، بۆ ئه‌سته‌نبوڵ ڕفاند و پاشان فرۆکه‌که‌ له «ئانتالیا»ی تورکیا نیشته‌وه.

فرۆکه ڕفێنه‌کان، که چه‌ند بۆمبای ده‌ستی (نارنجۆک)یان پێبوو، ده‌یانه‌ویست بچنه تاران یا سووریا، که به ڕاکردنی کاپیتانی فرۆکه‌که‌ و هه‌ر 136 مسافیره‌که‌ به ده‌رگایه‌کی ئیمێرجێنسی دا، ته‌نیا دوو که‌س له خزمه‌تکاراکانی نێو فڕۆکه‌که‌یان له‌ده‌ست مابوو و سه‌ره‌نجام پاش نیزێک به 5 کاتژمێر، وازیان له داواکانیان هێنا و خۆیان ڕاده‌ستی هێزه‌کانی پۆلیسی تورکیا کرد و فرۆکه ڕفێنیه‌که‌ کۆتایی پێهات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ قوربانیه‌کی لێبکه‌وێته‌وه.

کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵه بێ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و به‌شداری که‌مینه کۆتایی هات

مانشێت نیوز، سلێمانی: له زه‌رگوێزی باشووری کوردستانه‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که دوێنێ بێ ئه‌وه‌ی باڵی که‌مینه و ڕێفۆرمخوازی کۆمه‌ڵه به‌شداری کۆنگره‌ی 12ی ئه‌م حیزبه بن و کۆتایی به کێشه‌ ناوخۆیه‌کان بێت، جارێکی تر «عه‌بدوڵا موهته‌دی» وه‌کو سکرتێری گشتی هه‌ڵبژێردرایه‌وه.

چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر، زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ڕێکخستنی سکاندیناڤیایی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان دژ به سه‌رکردایه‌تی ئه‌م حیزبه هه‌ڵبڕی و پاش زیاتر له 3 مانگ کێشه و نامه‌نووسین و نقاش و ده‌مه‌قاڵه‌ی ئینته‌رنه‌تی، سه‌ره‌نجام باس له کۆتایی کێشه‌کان و چوونی کۆمه‌ڵه‌ به‌ره‌وه چاکسازی و کۆنگره‌ی نائاسایی چوو، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی باڵی که‌مینه به‌شدار بێت، کۆنگره‌ی 12ی کۆمه‌ڵه به هه‌ڵبژێردرانه‌وه‌ی عه‌بدوڵا موهته‌دی بۆ سکرتاریه‌تی کۆمه‌ڵه کۆتایی هات.

پێشتر به‌ڵێن درابوو که له‌م کۆنگره دا، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن و ڕێفۆرمیسته‌کان به داخوازیه‌کانیان ده‌گه‌ن و گۆڕانکاری له ستراتێژی، ڕوانگه، بریار و ڕێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه دا ده‌کرێ، به‌ڵام هه‌ر به ده‌سپێکی کۆنگره باس له گرژی له ئۆردوگای «زه‌رگوێز»، شوێنی به‌ستنی کۆنگره‌که کرا و دواتر ئیدعا کرا که هێزه‌کانی ئاسایش کۆنترۆڵی شوێنه‌که‌یان گرتۆته ده‌ست و ئه‌مجاره‌ش بێ به‌شداری باڵی که‌مینه، دوێنێ کۆنگره‌ی 12یه‌می کۆمه‌ڵه کۆتایی هات، موهته‌دی بوو به سکرتێر و باڵی که‌مینه‌ش ده‌ڵێ که به‌مزوانه، به‌یان له سه‌ر کێشه‌که بڵاوده‌کاته‌وه.

به‌م شێوه جارێکی تر ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌کرێ که له ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان دا، لێکترازان و جیابوونه‌وه بێته ئاراوه و لایه‌نێک که به «باڵی که‌مینه و ڕێفۆرمخوازه‌کان» ناوبانگیان ده‌رکردووه و زۆربه‌شیان له سکاندیناڤیان، ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌م ره‌وته ناڕازیه ده‌که‌ن.

ناوی کوژراوانی ناو هێلیکۆپته‌ره‌که‌ی سپا ئاشکرا ده‌بێت و وسێن باپیر و 4 جاشی تر له کوژراوانن

مانشێت نیوز، پیرانشار: ناوی هه‌ر 5 کوژراوه‌‌که‌ی ناو هێلیکۆپته‌رێکی سه‌ربازی سپای پاستاران ئاشکرا بوو که پژاک به‌رپرسیارێتی به‌ردانه‌وه‌ی گرته ئه‌ستۆ و زانرا که «وسێن باپیر» گه‌وره جاشی، پیرانشاریش له ناو کوژراوه‌کان دایه.

ئاژانسی فورات، ئه‌مڕۆ ئێواره‌ له زاری سه‌رچاوه‌کانی فه‌رمی له پژاکه‌وه، به‌رپرسیارێتی ئه‌م گرووپه‌ی له به‌ردانه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌ره ئێرانیه‌که ڕاگه‌یاند و باسی له درێژه‌ی شه‌ر و پێکدادانه‌کانی نێوان سپای پاستاران و گه‌ریلاکانی کورد کرد و هه‌واڵنێره‌کانی مانشێت له هه‌رێمه‌که‌شه‌‌وه ئه‌م زانیارایانه پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه که باس له کوژرانی زیاتر له 26 که‌س له جاش و پاستار و هێزه‌کانی ئاسایشی ڕه‌ژیم ده‌کات.

به گوێره‌ی دوایین زانیاریه‌‌کان «وسێن باپیر»، گه‌وره‌جاسی پیرانشاری که ساڵی ڕابردووس له لایه‌ن پژاکه‌وه بریندار کرابوو، عه‌باس پیرۆتی، حوسێن عومه‌ری، قه‌ره‌نی مه‌حموودی ئه‌سل، چوار جاشی کوژراوی ناو هێلیکۆپته‌ره‌که‌ن و کوژراوانی تر له ئاکامی هێرشی سپا بۆ قه‌ندیل و به‌ره‌نگاری هێزی گه‌ریلا هاتوونه‌ته ئاراوه و شه‌ڕ و تۆپبارانه‌کان به‌رده‌وامن.

ئه‌مڕۆ بۆمبێکی ده‌نگی له سنه ته‌قیه‌وه

مانشێت نیوز، سنه: ئه‌مڕۆ به‌یانی، بۆمبێکی ده‌نگی له به‌ر ده‌رگای پاساژی هه‌ورام له سنه که نووسینگه‌ی حه‌وته‌نامه‌ی «دیدگا»شی تێدایه، ته‌قیه‌وه و به‌ڵام خه‌ساری گیانی لێنه‌که‌وتۆته‌وه.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌وال له هه‌رێمه‌که‌وه ڕایانگه‌یاند که ئه‌مرۆ، شه‌ممه‌، بۆمبێکی ده‌نگی، کاتژمێر 10.5ی به‌یانی له‌به‌رده‌رگای پاساژی هه‌ورام له سنه ته‌قیه‌وه و ئه‌گه‌رچی کوژراو و برینداری لێنه‌که‌وته‌وه‌، به‌ڵام شووشه‌کانی به‌شێک له‌م پاشاژه و دوکانه‌کانی ده‌ورووبه‌ری شکان و بوو به هۆی سازبوونی که‌ش و هه‌وایه‌‌کی مه‌ترسیدار له شه‌قامه‌که.

پاساژی هه‌وارم، شوێنی کۆمه‌ڵێک بنکه و نووسینگه‌ی تیجاریه، به‌ڵام ئاماژه‌کان وادیار ده‌که‌وێ که ئامانجی ته‌قینه‌وه‌که‌، ترسان و تۆقاندنی به‌رپرسانی «حه‌وته‌نامه‌ی دیدگا»  بێت که ماوه‌یه‌که‌ له لایه‌ن هێزه‌کانی سه‌له‌فی ئیسلامگه‌را، ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌کاانی ره‌ژیمی ئێرانیش که‌وتۆته ژێر گووشار و هه‌ڕه‌شه و هه‌ر ئێستا «کاوه جه‌وانمه‌رد و ئاکۆ کورد نه‌سه‌ب» له رۆژنامه‌وانانی هه‌مان حه‌وته‌نامه‌، ده‌زگیر و زیندانی کراون.

گرووپێک هه‌کێری کورد ڕۆژانه ده‌یان ماڵپه‌ری تورکی هه‌ک ده‌که‌ن

مانشێت نیوز، بروکسه‌ل: گرووپێک هه‌کێری کورد به تۆڵه‌ی هه‌ک کردنی ماه‌ره کوردیه‌کان له لایه‌ن تیرۆریستانی ئه‌له‌کترۆنی تورکه‌وه‌، ده‌ستی داوه‌ته‌ به‌ره‌نگاری و ڕۆژانه‌ لانی که‌م 10 ماڵپه‌ری تورکی هه‌ک ده‌کات.

«گرووپی کوردیش میرۆرز» ، به تۆڵه‌ی هه‌ک کردنی ده‌یان ماڵپه‌ری کوردستانی له لایه‌ن تیرۆریستانی ئه‌له‌کترۆنی تورکه‌وه‌، ده‌ستی داوه‌ته‌، کارێکی هاوشێوه و ئێستاش ڕۆژانه‌ لانی که‌م 10 ماڵپه‌ری تورک، له سیاسیه‌کانه‌وه تا ڕێکخراوه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست و شۆڤێنیه‌کان، هه‌ک ده‌کات و وێڕای شێواندنی ماڵپه‌ره‌که‌، ئاڵای کوردستان، سروودی شۆڕشگێری کوردی، وێنه‌ی ڕێبه‌رانی کورد، ئۆجه‌لان، گه‌ریلا و فیلمی دۆکیۆمێنتی سه‌باره‌ت به کوردستان و پ.ک.ک و پێشمه‌رگه‌یان له‌سه‌ر داده‌نێت.

ئه‌م گرووپه له ژێر واژۆی «کۆڵد هه‌کێرز»، له ماڵپه‌ره‌که‌ی خۆیان دا نووسیویه‌تی که له‌م ماوه‌ی دوو مانگ دا 359 ماڵپه‌ری تورکی هه‌ک کردووه و ناو و لینکی هه‌موو ماڵپه‌ره‌کانیشی تێدا نووسیوه.

ئه‌مه‌ش ئادره‌سی ماڵپه‌ری هه‌کێرانی کورد:

3 لاو له ساوه‌ی ئێران له‌سێداره‌ دران

مانشێت نیوز، تاران: 3 لاوی خه‌ڵکی شاری ساوه له نیزێک تاران که هه‌ر سێ که‌سیش له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک بوون، به تۆمه‌تی لات بوون، ئه‌مڕۆ سه‌ر له به‌یانی له به‌ر چاوی خه‌ڵک له‌سێداره‌ دران.

به گوێره‌ی هه‌واڵنێری ئیرنا، سێ که‌س له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌کی ساوه‌یی به ناوه‌کانی «مه‌حموود موقیمی، محه‌ممه‌د شارعی و داوود شارعی» به تۆمه‌تی لات بوون و تێکدانی ئاسایشی گشتی، بێ ئه‌وه‌ی که هیچ که‌س سکاڵای لێیان هه‌بێت، ده‌گیران و بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێشینه‌یه‌کی تری هه‌بێت، له‌سێدراه دران.

«داوود و محه‌ممه‌د»، ته‌مه‌نیا 24 و 28 ساڵه‌ن و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که کۆمه‌ڵێکی فراوانی هاوڵاتیانی ساوه‌یی نامه‌یان سه‌باره‌ت به ته‌ییدی ئه‌خلاقی ئه‌م سێ که‌سه‌ش نووسیوه، به‌ڵام دیسانیش له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک، ئه‌مرۆ به‌یانی له‌سێداره دران و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی نیگه‌رانی قووڵی هاوڵاتیان.

اقدامات غیرانسانی جمهوری اسلامی در مناطق مرزی کشور

فعالان حقوق بشر در ایران

کوردێکی باشووری کوردستان له ئێران گیراوه و به هۆی ئه‌شکه‌نجه چاوێکی کوێر کراوه

مانشێت نیوز، مه‌هاباد: هاوڵاتیه‌کی کوردی باشووری کوردستان ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگه له لایه‌ن چه‌کدارانی ئێرانیه‌وه ده‌زگیر و ئه‌شکه‌نجه کراوه و ئێستاس باس له شکانی ده‌ستی و کوێر بوونی چاوی به هۆی ئه‌شکه‌نجه ده‌کرێ.

له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که «عه‌لی حه‌سه‌ن» هاوڵاتی کوردی باشوور که له سه‌ر سنووری ئێران – کوردستان و له کاتی مامه‌ڵه‌ی نه‌وت و به‌نزین، ده‌زگیر ده‌کرێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاده‌گوێرێ و به هۆی ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌زگاکانی ئه‌منی ئێران، چاوێکی کوێر بووه و باس له شکانی ده‌ست، قاچ و لوتی له ژێر ئه‌شکه‌نجه دا ده‌کرێ.

چالاکانی مافی مرۆڤ له ئێران وێڕای پشتراست کردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، نیگه‌رانی خۆیان له ره‌وشی گیراوانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رده‌بڕن و باس له‌وه‌ش ده‌که‌ن، که «حه‌سه‌ن عه‌لی» هاوڵاتی گیراوی کورد به تۆمه‌تی «سیخوری» بۆ وڵاتێکی بێگانه، له ژێر زه‌خت و گووشار دایه و شوێنه‌که‌شی نازانرێ و شوێنی ڕاگیرانیشی دیار نیه و ناوبراو داوای هاوکاری و پشتیوانی له ڕێکخراوه‌کانی جیهانی مافی مرۆڤی کوردووه تا ڕزگاری بکه‌ن.

سپای پاستاران له پیرانشار، 13 شوانی کورد له پیرانشار له تۆڕێک دا به هیلیکۆپته‌ر ده‌گێزێته‌وه ورمێ!

 مانشێت نیوز، پیرانشار: له کرده‌وه‌یه‌کی دژه مرۆڤی و نه‌دیتراو دا، سپای پاستاران له پیرانشار، پاش به‌ربوونه‌وه‌ی هێلێکۆپته‌رێکیان و کوژرانی «وسێن باپیر» و کۆمه‌ڵێک گه‌وره‌ جاشی ناوجه، 13 شوانی کورد له هه‌رێمه‌که ده‌زگیر ده‌کات و ده‌یانخاته ناو تۆڕێک و به ئاوێزانی به هێلیکۆپتێره‌وه له پیرانشاره‌وه ده‌یانباته گرتووخانه‌کانی ورمێ.

پاش کوژرانی «وسێن باپیر» و ده‌یان جاش و پاستاری تر له هێرش بۆ سه‌ر هێزی گه‌ریلا له هه‌رێمی پیرانشار دا، ده‌گوترێ که 13 شوانی کورد له سه‌ر سنوور ده‌زگیر و پاشان 11 که‌سیان ده‌خرێنه تۆڕێک و به هێلیکۆپته‌ر ئاوێزان ده‌کرێن و به هه‌مان شێوه بۆ ورمێ ده‌گوازرێنه‌وه و تا ئێستا چاره‌نووسی دوو که‌س له‌م شوانانه دیار نیه.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردووه، هێزه‌کانی چه‌کداری کۆماری ئیسلامی و سپای پاستاران، به ده‌یان کامیۆنی پڕ له چه‌ک و سه‌ربازیان بۆ داوێنه‌کانی قه‌ندیل و به‌رزایه‌کانی پیرانشار و شنۆ گوازته‌وه‌ و ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوانیان ده‌سپێکرد. دوو ڕۆژ دواتر، گه‌ریلاکانی پژاک، هێلیکۆپته‌رێکی سه‌ربازی سپایان به‌رداوه و «وسێن باپیر» و چه‌ند جاش و پاستارری به‌ناوبانگی هه‌رێمه‌که‌یان کوشت، هێزه‌کانی چه‌کداری ده‌وڵه‌ت به تۆڵه‌ی ئه‌م قوربانی دانه، ده‌ستیکردووه به ئازاری هاوڵاتیانی سیڤیل و ئه‌مجاره به گوێره‌ی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، 13 شوان به تۆمه‌تی هاوکاری پژاک و به مه‌به‌ستی کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری به‌رانبه‌ر به هێزی گه‌ریلا، ده‌زگیر و به شێوازێکی نامرۆڤانه و نه‌دیتراو، به هێلیکۆپته‌ر ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌کانی ورمێ کراون.

هه‌ر له هه‌رێمه‌که‌وه، هه‌واڵه‌کان باس له کوژرانی سێ که‌سی سیڤیل و کاسبکار به ناوه‌کانی «عه‌زیز سه‌ید ئه‌حمه‌دی، ئیسماعیل سانی و خالید عێراقی» ده‌که‌ن که که‌وتوونه‌ته به‌ر ده‌ستێرێژی هێزه‌کانی ئه‌منی ئێران.

سبه‌ی له پارله‌مانی تورکیا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ده‌کرێت

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: سبه‌ی یه‌که‌مین خولی دانیشتنی پارله‌مانی تورکیا بۆهه‌ڵبژاردنی «عه‌بدوڵا گوڵ» بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئه‌م وڵاته‌یه و «سه‌باحه‌دین چه‌خماخ ئۆغڵو»ی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کان، کاندیدای دووهه‌مه بێ ئه‌وه‌ی شانسی سه‌رکه‌وتنی هه‌بێت.

به گوێره‌ی ده‌ستووری تورکیا، کاندیدای سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له لایه‌ن پارله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و بۆ فه‌رمی بوونی دانیشتنه‌که‌ی رۆژی ده‌نگدانیش پێویسته 367 که‌س به‌شداری هۆڵی پارله‌مان بن و له خولی یه‌که‌م دا ده‌نگ به گوڵ بده‌ن تا ببێته 11مین سه‌رکۆماری ئه‌م وڵاته. ئه‌گه‌ریش ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆ ئاکه‌په‌ مسۆگه‌ر نه‌بوو ، خولی دووهه‌م 24ی مانگ و به هه‌مان ڕێژه‌ی 367 که‌س و ده‌نگ و به‌ڵام له خولی سێهه‌می هه‌ڵبژاردن دا، 28ی ئه‌گۆست، به 266 ده‌نگیش «عه‌بدوڵا گوڵ» ده‌بێته سه‌رکۆماری تورکیا.

ئاکه‌په‌ 340 فه‌نگی هه‌یه، پارتی کۆماری گه‌ل، به‌شداری دانیشتنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی بایکۆت کردووه هیچ یه‌ک له 99 پارله‌مانتاری ئاماده‌ی دانیشتنه‌که نابن، مه‌هه‌په به 70 نوێنه‌ر، کاندیدای خۆی هه‌یه و ده‌نگی پێده‌دا و ده‌ته‌په‌ی کوردیش ده‌ڵێ ئاماده‌ی ژووری هه‌ڵبژاردن ده‌بێت به‌ڵام 20 نوێنه‌ره‌که‌ی له کاتێک دا ده‌نگ به گوڵ ده‌ده‌ن، که بڕوا و باوه‌ڕی به «کێشه‌ی کورد» هه‌بێت و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری بدات و ده‌سه‌په‌ی 13 پارله‌مانتاریش دیار نیه که چ پۆزیسیۆنێک ده‌گرێته به‌ر.

ته‌رمی به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب له سنه به‌خاک سپێردرا

مانشێت نیوز، سنه: ڕۆژی 27ی گه‌لاوێژ، ته‌رمی ئه‌ندازیار و سیاسه‌تڤانی کورد «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» له لایه‌ن هه‌ژمارێکی به‌رچاوی هاوڵاتیانی کورد له سنه، به‌خاک ئه‌سپێردرا.

پاش ئه‌وه‌ی که ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو، ئه‌ندازیار به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب له نه‌خۆشخانه‌ی مێهری تاران، به هۆی نه‌خۆشی شێپه‌نجه‌ی میعده، کۆچی دوایی کرد. بۆ ڕۆژانی دواتر سه‌ره‌تا له تاران و پاشان له شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن سه‌دان که‌س له هاوڵاتیانی کورد، دۆستان و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌خاکسپێردرا.

ئه‌ندازیار «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌بن»، که‌سایه‌تی سیاسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له دوو خولی پێنجه‌م و شه‌شه‌می پارله‌مانی کۆماری ئیسلامی به نوێنه‌رایه‌تی ها‌وڵاتیانی سنه‌یی له پارله‌مانی ئێران بوو و له خولی شه‌شه‌می پارله‌مانی ئێران دا به پێشاهه‌نگی ناوبراو «فراکسیۆنی پارله‌مانتارانی کورد» له پارله‌مانی ئێران پێکهات و نوێنه‌رانی کوردی له‌ده‌وری یه‌ک کۆکرده‌وه و پاش شکه‌ستی پرۆسه‌ی به ناو ڕێفۆرمخوازی و ڕێگه‌نه‌دان به دووباره خۆکاندیدکردنیان، له ڕۆژانی کۆتایی پارله‌مانی خولی شه‌شه‌م دا، ئیستفایی کرد و هه‌ڵبژاردنی خوله‌کانی دوایی پارله‌مانی ئێرانیشی بایکۆت کرد.

ئه‌ده‌ب به هاوکاری هه‌ندێک له دۆستان و پارله‌مانتارانی پێشووی کورد، نیزێک به ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر «به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد»یان له چوارچێوه‌ی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دا دامه‌زراند و تا کۆتایی ژیانیشی وته‌بێژی هه‌مان به‌ره بوو.

پێشانگایه‌کی وێنه‌‌یی له ڕێوره‌سمی به‌خاکسپاردنی ئه‌ده‌ب له سنه (شارنیوز)

ئه‌مرۆ کوڵینگی پرۆژه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی سه‌قز له زه‌وی درا

مانشێت نیوز، سه‌قز: ئه‌مرۆ پاش زیاتر له 3 ساڵ، به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سه‌قز و بانه له پارله‌مانی ئێران و پارێزگاری پاستاری کوردستان و کۆمه‌ڵێک له هاوڵاتیانی سه‌قزی، کوڵینگی پڕۆژه‌ی «فڕۆکه‌خانه‌ی سه‌قز» له زه‌وی درا.

ئه‌مرۆ، یه‌کشه‌ممه‌، پاش ئه‌وه‌ی که زیاتر له 3 سال له په‌سه‌ندکردنی پڕۆژه‌ی سازکردنی فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی سیڤیل له سه‌قز، په‌سه‌ند کرا، به ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک له هاوڵاتیان، نوێنه‌ری خامنه‌یی له کوردستان، «مسته‌‌فا نه‌جار»، پارێزگاری پاستاری کوردستان، «فه‌خره‌دین حه‌یده‌ری» نوێنه‌ری سه‌قز و بانه له پارله‌مانی ئێران و فه‌رماندار و به‌رپرسانی تری شاری سه‌قز، یه‌که‌م کوڵینگی پرۆژه‌ی سازکردنی فڕۆکه‌خانه‌ی سه‌قز که به‌شی زۆربه‌ی کاره‌کانیشی له لایه‌ن کۆمپانیه‌کی سه‌قزیه‌وه ئه‌نجام بدرێت، له زه‌وی درا و بڕیاره 4 ساڵی پێ بچێت تا یه‌که‌م فڕۆکه له شاری سه‌قز بنیشێته‌وه.

شارنیوزی سه‌قز له‌مباره‌وه ده‌ڵێ که له ڕێوره‌سمی ئه‌مرۆ دا باس له ده‌سپێکی دوو به‌شی پرۆژه‌ی «هێڵی ئاسنین»ی کوردستان ده‌کرێ که بڕی 400 میلیارد تمه‌ن پاره‌ی بۆ ته‌رخان کراوه و له زه‌مانی ره‌ژیمی ڕووخاوی شاوه‌، بڕیاره بگاته کوردستان و پارێزگاری کوردستانیش وتی که هیواداره له داهاتوویه‌کی نیزێک دا پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری «ئۆتۆبانی کرماشان  بۆ میاندواو» کۆتایی پێبێت.

وێنه‌هه‌وڵی شارنیوز له‌ ڕێوره‌سمه‌که

مانگرتنی عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار 37 رۆژکی پرکرده‌وه

مانشێت نیوز، سنه: ئه‌مرۆ 37 رۆژ به سه‌ر مانگرتن له خواردنی «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور» و «هیوا بووتیمار»ی رۆژنامه‌نووسانی کورد تێپه‌‌ر ده‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی که سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ر داسه‌پا.

به گوێره‌ی زانیاری بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی، عه‌دنان و هیوا، دوێنێ، ڕێکه‌وتی 18ی ئه‌گۆست، بۆ جاری یه‌که‌م، پارێزه‌رانی «عه‌دنان حه‌سه‌نپووور و هیوا بووتیمار» توانیان دوو رۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌ده‌نی کوردی، مه‌حکووم به سزای له‌سێداره‌دان، به کورتی ببینن و پاش دیداره‌که‌، ره‌وشی ته‌ندروستی دوو گیراوه کورده‌که‌یان زۆر به ئاسته‌م وه‌سفکردووه.

به گوێره‌ی «ساڵح نیکبه‌خت و هوشمه‌ندی» دوو پارێزه‌ری عه‌دنان و هیوا، ره‌وشی ته‌ندروستی و ده‌روونی هه‌ر دوو گیراوه‌که زۆر سه‌خته و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ماوه‌ی 37 رۆژ له مانگرتن له‌خواردنی عه‌دنان و هیوا تێپه‌ر ده‌بێت، که‌چی به‌رپرسانی گرتووخانه بێده‌نگی ته‌واویان لێکردووه و بۆ جارێکیش پزیشکیان نه‌بردۆته‌، لایان.

به گوێره‌ی پارێزه‌ران، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار، له‌م 37 رۆژه‌ مانگرتنه‌یان دا، ته‌نیا ئاویان خواردووه و ته‌نانه‌ت وه‌کو مانگرتنه‌کانی تریس نیه که شه‌کراو بخۆن و له‌م یه‌که‌ش بێبه‌ش بوونه و ئه‌مه‌ش بۆ به‌رپرسانی گرتووخانه‌که هیچ گرینگیه‌کی نه‌بووه.

زانیاریه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که هاوکات له‌گه‌ڵ ڕاگوازتنی عه‌دنان و هیوا له گرتووخانه‌ی گشتی مه‌ریوانه‌وه بۆ  ژووره‌کانی تاکه‌که‌سی ئیتلاعاتی سنه، مانیان له‌خواردن گرتووه و پاش زانینی سزاکه‌یان، پێداگریان له‌سه‌ر مانگرتن له‌خواردن کردووه.

«عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» بۆ کۆتایی هێنان به مانگرتنه‌که‌یان 3 مه‌رجیان داناوه که ئه‌مانه‌ن: یه‌ک: ڕاگوازتنیان بۆ گرتووخانه‌ی گشتی، دوو: دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسێکی پایه‌به‌رزی قه‌زایی و سێهه‌م : هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دانیان.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که عه‌دنان و هیوا به سزای له‌سێداره‌دان مه‌حکووم کراون، به‌ڵام دیسانیش له ژووری تاکه‌که‌سی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه دا ڕاگیراون و ئه‌مه‌ش جگه له نامرۆڤانه بوونی ره‌وشه‌که‌، جیاوازی گیراوانی ئێران و وڵاتانی تری جیهان نیشان ده‌دات، که حکوم خواردوو نابردرێته گرتووخانه‌ی گشتی.

چه‌کدارانی سپای پاستاران 2 هاوڵاتی مه‌ریوانیان کوشت

مانشێت نیوز، مه‌ریوان: دوو هاوڵاتی مه‌ریوانی له ئاکامی ده‌ستڕێژی هێزه‌کانی سپای پاستاران له نیزێک به‌نزین فڕۆشیه‌ک کوژران و که‌سێکی تریس بریندار بوو.

به گوێره‌ی وێبلاگی بنار، له مه‌ریوانه‌وه، دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌، چه‌کدارانی سه‌ر به سپای پاستاران، ته‌قه‌یان له ئۆتۆمۆبیلێکی سیڤیلی بارهه‌ڵگر له نیزێک پۆمپ به‌نزینێک کرد و له ئاکام دا بوونه هۆی کوژران و بریندار بوونی 3 هاوڵاتی کورد.

زانیاریه‌کان باس له کوژرانی دوو که‌س به ناوه‌‌کانی «که‌ماڵ و ناسر مه‌‌حموودی» که مه‌زه‌نده ده‌کرێ هه‌ردوو له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک بن ده‌که‌ن و که‌سێکی تر به ناوی «که‌ماڵ مه‌حموودی» بریندار بووه که له لایه‌ن هێزه‌کانی ره‌ژیمه‌وه بۆ شوێنێکی نادیار ڕاده‌گوێزرێ و تا ئێستاش هیچ زانیاریه‌ک سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی دیار نیه.

پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک ده‌نگ به عه‌بدوڵا گوڵ نادات

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: کاتژمێرێکی تر، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری تورکیا له پارله‌مانی ئه‌م وڵاته‌یه و ده‌ته‌په ئاشکرای کرد که ده‌نگ به عه‌بدوڵا گوڵ نادات به‌ڵام به‌شداری هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌که ده‌بێت.

ئه‌مرۆ بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی تورکیا دا، پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، له ژێر ناوی پارته‌که‌ی و به ناسنامه‌ی کوردی، یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی فراکسیۆنی پارته‌که‌ی له پارله‌مانی تورکیا به‌ڕێوه‌برد و پاش کۆبوونه‌وه‌که ئه‌حمه‌د تورک وتی که «ده‌ته‌‌په به‌شداری هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له پارله‌مان ده‌بێت به‌ڵام ده‌نگ به گوڵ نادات و ده‌نگه‌کانی بۆش(به‌تاڵ) ده‌بێت، چونکه عه‌بدوڵا گوڵ، هیچ لێدوانێکی له مه‌ر کێشه‌ی کورد و چاره‌سه‌ریه‌که‌ی نه‌داوه.

«ئه‌حمه‌د تورک»، سه‌رۆکی فراکسیۆنی ده‌ته‌په‌ی کوردان له پارله‌مانی تورکیا وتی: له ساڵی 1927وه تا ئێستام یه‌که‌م جاره که کورد به ناسنامه‌ی خۆی دێته پارله‌مان و به توندی هێرشی کرده سه‌ر لێدوانه‌کانی ڕێکخراوێکی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورک له مه‌ر کوردان.

«یوسف حه‌لاج ئۆغڵو»، به‌رپرسی «ڕێکخراوی مێژووی تورک» پێشتر وتبووی که «کورد بوونی نیه به‌ڵکو ئه‌وان تورکمانن و عه‌له‌وی کورده‌کانیش ئه‌رمه‌نین» و ئه‌حمه‌د تورک ئه‌م لێدوانانه‌ی به «شۆڤبێنی و جیاوازیخوازانه و شێواندنی کۆمه‌ڵگا و جه‌مسه‌ر سازی له نێوان نه‌ته‌وه‌کانی تورکیا» له‌قه‌ڵه‌م دا و داوای له‌سه‌ر کار لابردنی ناوبراوی له حکومه‌ت کرد.

له چه‌ند شه‌ر و پێکدادانی قورس دا هه‌په‌گه‌ 13 سه‌ربازی تورکی کوشتووه

مانشێت نیوز، به‌هدینان: هێزی پاراستنی گه‌ل ڕایگه‌یاند که له ئاکامی چه‌ند شه‌ڕ و پێکدادانی قورس له نێوان ئه‌رته‌شی تورکیا و گه‌ریلاکانی پ.ک.ک دا، له جۆڵه‌مێرگ و به‌تلیس، 13 عه‌سکه‌ر و 4 گه‌ریلا کوژراون.

ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و ڕاگه‌یاندنی هێزی پاراستنی گه‌ل له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که ڕۆژی 17ی ئه‌گۆست، له به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانی ئه‌رته‌ش دا هێزه‌کانی گه‌ریلا، هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر قه‌ره‌قۆڵی ته‌لێ له هه‌رێمی چه‌کورجه‌ی جۆڵه‌مێرگ و 2 ئه‌فسه‌ر و به گشتی 11 عه‌سکه‌ری تورک کوژراون و سیلاحێکی ئا-4 و تۆپێک و کامێرایه‌کی سه‌ربازیش که‌وتۆته ده‌ستی گه‌ریلا. له‌م هێرشه‌ دا 3 گه‌ریلا هه‌په‌گه‌ش گیانیان له‌ده‌ست داوه.

له 18 و 19ی ئه‌گۆستیش دا له دوو هێرسی جیاواز له عۆسمانیه و له جۆڵه‌مێرگ، 2 عه‌سکه‌ری تورک کوژراون و له به‌تلیسیش گه‌ریلایه‌ک ژوراوه و 3 عه‌سکه‌ر بریندار بوونه.

گاردیه‌ن: پژاک به خێرای له ئێران په‌ره‌ده‌ستێنێ

مانشێت نیوز، له‌نده‌ن: هه‌واڵنێری ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانی سه‌ردانی که‌مپ و باره‌گاکانی پ.ک.ک وپژاکی له قه‌ندیل کردووه و له ڕاپۆرتێک دا ده‌نووسێ «پژاک، له ئێران له هه‌موو گرووپه چه‌کداره‌کانی تر خێراتر په‌ره‌ده‌ستێنێ» و ئه‌گه‌ری هێرشی سپا بۆ قه‌ندیلیش به‌دوور نازانێ.

گاردیه‌ن سه‌باره‌ت به دوایین ئاڵۆزیه‌کانی سنووری کوردستان و ئێران و پژاک له هه‌رێمه‌که‌وه ده‌نووسێ:

ئێران هه‌زاران پاستاراری له سه‌ر سنووره‌کانی ئه‌م وڵاته جێگیر کردووه و پێکدادانه‌کانی ئه‌مدوایانه‌ی نێوان سپای پاستارانی ئێران وگه‌ریلاکانی پژاک، بۆته هۆی نیگه‌رانی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان له‌مه‌ر هێرشێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی هێزه‌کانی ئێرانی بۆ قه‌ندیل.

جه‌بار یاوه‌ر، وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌مباره‌وه ده‌ڵێ: ماوه‌ی 4 رۆژه که تۆپخانه‌کانی ئێران هه‌رێمه‌کانی سنووری کوردستان و داوێنه‌کانی چیایی قه‌ندیل که ده‌یان گوند و هاوڵاتیانی سیڤیلیان تێدا ده‌ژیت، تۆپباران ده‌کات و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی چولکردنی ئه‌م هه‌رێمانه و ڕاکردنی زیاتر له 1000 ببنه‌ماڵه‌ و هاوڵاتی کورد. یاوه‌ر ده‌ڵێ که شه‌ر و پێکدادانه‌کانی نێوان سپای پاستارانی ئێران و گه‌ریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، که بۆ ئه‌ستاندنی مافی کوردان له ڕه‌ژێمی تێئۆکراتیکی تاران خه‌بات ده‌کات، بۆته مایه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو، هه‌وڵنێری مێهری ئێرانی نووسیبووی که هێلیکۆپته‌رێکی سه‌ربازی ئێرانی له «به‌رزایه‌کانی حاجی برایم» له قه‌ندیل که‌وتۆته خوار و تێیدا 6 که‌س له جاس و پاستاره‌کانی هه‌رێمه‌که کوژراون و 5ی تریش بریندار بوونه، له کاتێک دا که ده‌چوونه ناوچه‌که شه‌ری گه‌ریلاکانی پژاک بکه‌ن و به‌ڵام هۆی به‌ربوونه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌ره‌که خه‌راپی که‌ش و هه‌وا ناوده‌‌به‌ن له کاتێک دا که سه‌رچاوه‌کانی پژاک ده‌ڵێنژ ئێمه هێلیکۆپته‌ره‌که‌مان خستۆته خوار و جگه له‌م کوژراوانه که «وسێن باپیر»ی جاشیشی تێدایه، 5 پاستاری تریشمان کوشتووه.

به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانی، جه‌بار یاوه‌ر له درێژه دا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌ر وپێکدادانانه‌ په‌ره‌ بستنێ، ده‌بێته مه‌ترسیه‌کی جیددی بۆ ئێمه، چونکه ده‌بێته هۆی ئاڵۆزکردنی ته‌نیا هه‌رێمی ئارامی عێراق و ئێمه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقی و ئه‌مریکی هێناوه‌ته‌ گۆڕ تا فۆرمۆڵێک بۆ ئه‌م کێشه‌ و چاره‌سه‌ریه‌کی بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که چیتر توندوتیژیه‌کانی سه‌ر سنوور، پێشێلکاری مافی سه‌روه‌ری عێراقی به‌دوادانه‌بێت.

په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ر و پێکدادانه‌کانی سنووری کوردستان و ئێران له نێوان سپای پاستارانی ئێرانی و هێزه‌کانی پژاک دا پاش ئه‌م لێدوانانه‌ی ژه‌نه‌راڵ «ڕیک ڕیچ» دێت که «ئێران و سپای پاستاران به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات که 50 ئه‌ندامی سپا سنووری عێراق و ئێرانیان ده‌رباز کردووه و میلیشیا شیعه‌کان په‌روه‌رده ده‌که‌ن و له ڕێگه‌ی ئه‌و‌انه‌وه په‌ره به شه‌ری تایفی و ناوخۆیی عێراق ده‌ده‌ن.

چاودێڕانی سیاسی له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که «پارتی ژیانی ئازادی کوردستان» له ئێران، ده‌که‌وێته ڕیزی خێراترین په‌ره‌سه‌ندنی هێزه‌کانی چه‌کداری ئێرانی، به‌م شێوه که تا ئێستا لانی که‌م 3000 میلیتانی له چیاکانی کوردستان هه‌یه و ئه‌وه‌ش جگه له‌م هه‌زاران ئه‌ندامه‌ی ڕێکخستنی شاراوه هه‌یه‌ له‌م ناوچانه‌ی که پێی ده‌ڵێن «کوردستانی ئێران». له پرۆپاگه‌نده‌کانیان دا، ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که له سه‌تا 45ی گه‌ریلاکانی پژاک ژنانن و ئه‌مه‌ش هۆیه‌که که به بزووتنه‌وه‌ی ژنانی کوردیان گرێ ده‌دات، ئێران پژاک به گرووپێکی تیرۆریستی ده‌زانێ که ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ساپۆرتی ماڵی و چه‌کی ده‌دت بۆ ئه‌وه‌ قه‌یران بخوڵقێنێ و دژ به ئێران که‌ڵکی لێوه‌رگرێ.

گاردیه‌ن ده‌نووسێ: له دیداری ئه‌مجاره‌ی رۆژنامه‌ی گاردیه‌ن دا هیچ به‌رپرس و هێمایه‌کمان نه‌دیت که نیشانه‌ی پشتیوانی ئه‌مریکا له پژاک بێت، چونکه زۆربه‌ی چه کی ئه‌م شه‌رکه‌رانه، چه‌کی که‌ڵاشینکۆڤ به سه‌رچاوه‌ی سۆڤیه‌ت و ڕووسیایه و به‌ڵام «بڕیار گابار» ئه‌ندامی کۆردیناسیۆنی سه‌رکردایه‌تی پژاک له‌مباره‌وه ده‌ڵێ : ئێمه هیچ پێوه‌ندیه‌کان به ئه‌مریکاوه نیه، به‌ڵام پێشوازی له هه‌ر گرووپ و ئایدیایه‌ک ده‌که‌ین که ڕوانگه‌ی «ئێرانێکی دێمۆکرات و فێدێراڵ و سێکۆلاری» بۆ داهاتوو قه‌بووڵ بێت.

عه‌بدوڵا گوڵ دیسان به سه‌رکۆمار هه‌ڵنه‌بژێردرا

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: هه‌روه‌‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا، خوله‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری نوێی تورکیا له پارله‌مانی ئه‌م وڵاته به شکه‌ستی «عه‌بدوڵا گوڵ» له‌م قۆناخه کۆتایی پێهات.

ئه‌مرۆ کاتژمێر 15 به کاتی ئامه‌د، ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژێرانی «عه‌بدڵا گوڵ» و دوو کاندیدای تر، له پارله‌مانی تورکیا بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ده‌ستیپێکرد که له ئاکام دا سه‌ره‌رای به‌ده‌ستهێنانی 441 ده‌نگ، «عه‌بدوڵا گوڵ» نه‌یتوانی زۆرینه‌ی 367 ده‌نگ به‌ده‌ستبێنێت و بۆیه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌که بۆ خولی دووهه‌م له رۆژی هه‌ینی 24ی مانگ دواخرا.

به‌م هۆیه‌ که به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردی نه‌دابوو، فراکسیۆنی 20 که‌سی کوردان سه‌ر به پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، ده‌نگی بۆش (به‌تاڵیان) به عه‌بدوڵا گوڵ دا و پارته‌کانی مه‌هه‌په و ده‌سه‌په‌ش ده‌نگیان به کاندیدای خۆیان دا و 98 نوێنه‌ری پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری گه‌ل، که نوێنه‌رایه‌تی سێکۆلار و لاییک وکه‌ماڵیسته‌کانی نیزێک به ئه‌رته‌ش ده‌کات، له ژووری پارله‌مان ئاماده‌نه‌بوون.

ئاکامی ده‌نگدانی ئه‌مرۆ بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له پارله‌مانی تورکیا به‌م شێوه‌ بوو:

«عه‌بدوڵا گوڵ»، نوێنه‌ری ئاکه‌په‌ی ده‌سه‌ڵاتدار       341 ده‌نگ

سه‌باحه‌ده‌ین چه‌کماک ئۆغڵو، کاندیدای مه‌هه‌په   70 ده‌نگ

ته‌یفون ئیچلی، کاندیدای ده‌سه‌په،                     13ده‌نگ

ده‌نگی بۆش (هیچی تێدا نه‌نووسرا)                    23 ده‌نگ

کۆی به‌شداربوانی ده‌نگدان                               448 که‌س

سه‌ره‌ڕای ئاکامی چاوه‌ڕوان کراوی ئه‌مرۆش، مه‌زه‌نده ده‌کرێ که ڕۆژی 24 یا 28ی مانگی ئه‌گۆست که خولی دووهه‌م و سێهه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له پارله‌مانی تورکیا به‌ڕێوه‌بچێت، «عه‌بدوڵا گوڵ» ئه‌م پۆسته مسۆگه‌ر بکات.

ئاماده‌کاریه‌کانی ئێران بۆ هێرشی قه‌ندیل به‌ره‌و کۆتاییه

مانشێت نیوز، حاجی ئۆمه‌ران: له پیرانشاره‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که ئێران هێزێکی زۆری له سه‌ر خاڵی سنووری پیرانشار کۆکردۆته‌وه و هۆشدار به هه‌ژمارێکی زۆری گوند و ئاوایه‌کانی هه‌رێمه‌که و ئاژه‌ڵدارانی داوێنی قه‌ندیل داوه که بۆ ئه‌وه‌ی له شه‌ڕێکی چاوه‌ڕوانکراو دا خه‌ساریان پێنه‌که‌وت، هه‌رێمه‌که چۆل بکه‌ن.

به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به ماڵپه‌ره‌که‌مان گه‌یشتووه، ماوه‌ی 1 حه‌وته‌یه‌، سپای پاستاران به ده‌یان کامیۆنی سه‌ربازی، تۆپ و کاتیۆشا و چه‌کی قورس و پاستار و جاش له سه‌ر ناوچه‌ سنووریه‌کانی داوێنی قه‌ندیل کۆده‌کاته‌وه و هه‌ر ئێستاش له نیزێک خاڵی سنووری حاجی ئۆمه‌ران هێزێکی سپا مۆڵدراوه و هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌که به ئاوای نیشین و ئاژه‌ڵداره‌کانه‌وه‌، وشیار کراونه‌ته‌وه که ئه‌گه‌ر هه‌رێمه‌که چۆل نه‌که‌ن، به‌رپرسیاری گیانی خۆیانن و «جه‌بار فه‌رمان»ی وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ش نیگه‌رانی له «ئه‌گه‌ری هێرش » بۆ سه‌ر قه‌ندیل و هه‌رێمی کوردستان» ده‌ربڕیوه.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له باشووری کوردستانیش باس له بڵاوبوونه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی «ئیتلاعات و سپای پاستارانی ئێران» له ئاوایه‌کانی سنووری حاجی ئۆمه‌ران له دیوی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن که تێیدا داوا له دانیشتوانی هه‌رێمه‌که ده‌کات ناوچه‌که چۆلبکه‌ن، چونکه خه‌ریکه هێرش بۆ سه‌ر قه‌ندیل ده‌سپێده‌کات و به‌رپرسانی پ.ک.ک‌ش ڕایانگه‌یاندووه که زیاتر له 4000 که‌س خه‌ریکه ماڵ و ژیانیان له ناوچه‌که به‌جێده‌هێڵن.

ئه‌وه له کاتێک دایه که ده‌نگۆی به‌شداری هه‌ژمارێکی زۆر له کۆماندۆ و عه‌سکه‌ری تورک له‌م ئۆپێراسیۆنه‌ی سپای پاستاران دژ به هێزه‌کانی پژاک ده‌کرێ و کوژراندنه‌وه‌ی ڕووناکی چه‌ند شه‌و له‌مه‌وبه‌ری ناو شاری پیرانشار له کاتی تێپه‌ربوونی کاروانێکی سه‌ربازی به ئه‌گه‌ری تورک بوونیان مه‌زه‌نده ده‌کرێ و  له هه‌مان کاتیش دا، حکومه‌تی هه‌رێم داوای له به‌غدا و ئه‌مریکا کردووه که ڕێگه‌یه‌ک بۆ ئه‌م پێشێلکاریه سنووریانه‌ی ئێران ببینێته‌وه.

له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوو دا پژاک هێلیکۆپته‌رێکی سپای به‌ڕداوه‌ته‌‌وه و 4 جاشی به‌ناوبانگی هه‌رێمه‌که و هه‌ژمارێکی 22 که‌سی له پاستارانی ئێرانی کوشتووه و هێرشی پایه‌گایه‌کیشی له ناوچه‌ی شنۆ کردووه و ئێرانیش له تۆڵه‌ دا کۆمه‌ڵێک له ها‌وڵاتیانی سیڤیلی ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی ورمێ کردووه و ده‌ستی داوه‌ته چر کردنی بۆردومانه‌کانی قه‌ندیل و بۆیه‌ش چاودێران له هه‌رێمه‌که سات به سات چاوه‌روانی هێرشێکی سه‌ربازی ئێران بۆ قه‌ندیل ده‌که‌ن.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: