ئەرشیوی مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ ٥

ئه‌مڕۆ 3 که‌سی تر له به‌لووچستان له‌‌سێداره‌دران

مانشێت نیوز، زاهیدان:  سه‌زگای قه‌زایی کۆماری ئیسلامی ڕایگه‌یاند که ئه‌مرۆ 3 که‌سی تر له شاری زاهیدان له‌سێداره‌ دراون.

به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کانی فه‌رمی له ده‌زگای قه‌زایی کۆماری ئیسلامی، له درێژه‌ی شه‌پۆلی نوێی، له‌سێداره‌دانی گیراوانی ئێرانی، ئه‌مرۆش له پارێزگای به‌لوچستانی ئێران، 3 که‌س که ده‌گوترێ تۆمه‌ته‌که‌یان «به‌ره‌نگاری حکومه‌تی ئێران» واته «محاربه» بووه، ئیعدام کراون.

ده‌زگای قه‌زایی ئێران، ناوی ئه‌م سێ هاوڵاتیه‌ی به «عه‌بدولعه‌زیز ئه‌»، «کوڕی شێرمحه‌ممه‌د، عه‌بدولجه‌ماڵ ش، کوڕی سوڵتان محه‌ممه‌د و «عه‌لی ئه‌کبه‌ر ش» کوڕی عیسا، ناساندووه که تۆمه‌تی ئه‌مانیش وه‌کو له‌شێداره‌دراوانی پێشوو، به‌ره‌نگاری نیزام و شه‌ری دژی خودا و «محاربه» ڕاگه‌یاندراوه.

ئاسۆ ساڵح؛ به 5 تۆمه‌ت، دادگایی ده‌کرێ

مانشێت نیوز، سنه: ئاسۆ ساڵح، چالاکی خوێندکاری و ڕۆژنامه‌وان، ڕۆژی 22ی گه‌لاوێژ و له لقی یه‌کی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنه دادگایی ده‌کرێت.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، بڕیاره رۆژی 22ی گه‌لاوێژ، «ئاسۆ ساڵح» ڕۆژنامه‌وان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سینفی ڕۆژنامه‌وانانی ئێران، به تۆمه‌تگه‌لی «هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، پڕۆپاگه‌نده دژ به کۆماری ئیسلامی، هاندانی لاوان بۆ به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌ی نایاسایی، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌و‌اڵنێریه‌کانی ده‌ره‌وه‌ و ناردنی هه‌واڵ بۆیان و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرووپه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاری ئێران»، له لقی 1ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنه دادگای ده‌کرێت.

ئه‌م تۆمه‌تباریانه‌ی که خراونه‌ته پاڵ ساڵح، پێوه‌ستن به‌ به‌شداری ناوبراو له ڕێوره‌سمی 8ی مارسی ئه‌مساڵ، که به نوێنه‌رایه‌تی له حه‌وته‌نامه‌ی «دیدگا» و بۆ ئاماده‌کردنی هه‌واڵ له شوێنه‌که‌ ئاماده‌ ببو و پاشان به هه‌مان هۆکار ماوه‌ی 11 رۆژ له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌منیه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوو.

ئاسۆ ساڵح، له دۆسیه‌یه‌کی تر و به سکاڵای «مه‌هدی ته‌خت فیرووزه»، سه‌رۆکی شۆڕای شاری سنه و به تۆمه‌تی «بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌وڵی دوور له ڕاستی» له بڵاوکراوه‌ی خوێندکاری «ده‌نگ» به 6 مانگ گیرانی هه‌ڵپه‌سێردراو بۆ 3 ساڵ مه‌حکووم کرابوو و له‌م دوایانه‌ش، نامه‌یه‌کی به‌ده‌ست گه‌یشتووه که پێویسته خۆی به لقی 1ی دادگای تاوانی سنه بناسێنێ تا 6 مانگ گیرانه‌که‌ی به‌ڕێوه‌بچێت.

ژنێکی به‌ساڵاچووی سه‌رده‌شی به هۆی کێشه‌ی خێزانی خۆی هه‌ڵواسی

مانشێت نیوز، سه‌رده‌شت: هه‌وڵنێرمان له سه‌رده‌شت ئاگاداری کردینه‌وه که ژنێکی به‌ساڵاچوو به ناوی «ئامینه ڕه‌شیدی»، به هۆی کێشه‌ی خێزانی، خۆی هه‌ڵواسی و کۆتایی به ژیانی هێنا.

به گوێره‌ی زانیاریه‌که‌، «ئامینه‌ ڕه‌شیدی»، ته‌مه‌ن 65 ساڵه، که خاوه‌نی 3 کوڕ و کۆمه‌ڵێکی زۆر نه‌وه‌یه‌، به هۆی کێشه‌ی خێزانی، دوێنێ له‌ پشت باشگای وه‌رزشی سه‌رده‌شت «هۆڵی حیجاب»، خۆی هه‌ڵواسیوه و گیانی له‌ده‌ست داوه.

تا ئێستا، بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو وبه‌رپرسان هیچ لێدوانێکیان له‌باره‌ی هۆی خۆکوشتنی خاتوو «ئامینه»، ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام، ده‌گوترێ که ناوبراو کێشه‌ی خێزانی (کێشه‌ له‌گه‌ڵ کوڕه‌کانی یا کێشه‌ له ناو کوره‌کانی) هه‌بووه و له ڕێگه‌ی خۆهه‌ڵواسینه‌وه‌، کۆتایی به ژیانی هێناوه.

ده‌ته‌په: ئاکه‌په‌، به هه‌ره‌شه له ده نگده‌ری کورد، له کوردستان سه‌رکه‌وت

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: نوێنه‌ری ئامه‌د له پارله‌مانی تورکیا ئاشکرای کرد که پارتی عه‌اله‌ت و گه‌شه‌پێدانی ئه‌ڕدۆغان، به هه‌ڕه‌شه له ده‌نگده‌رانی کورد و به که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانی کوردی، له کوردستان سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه.

«گوڵته‌ن کوشاناک» ئه‌ندامی فراکسیۆنی ده‌ته‌په و نوێنه‌ری ئامه‌د له پارله‌مانی تورکیا، له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌‌وانی دا ڕایگه‌یاند که «ئاکه‌په‌ی ئه‌ردۆغان، له کوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی له ده‌نگده‌رانی کورد کردووه که ئه‌گه‌ر بێت و ده‌نگ بدرێته ده‌ته‌په‌، ئه‌‌وا، هه‌موو کارته‌کانی سه‌وز (بیمه‌ی ده‌رمانی)یان لێده‌ستێنێته‌وه و هه‌روه‌ها به خه‌ڵکی وتووه که خزمه‌تتان ئه‌گه‌ر ده‌وێ ده‌بی ده‌نگ بده‌نه‌ ئاکه‌په‌، چونکه ده‌ته‌په نااتوانێ هیچتان بۆ بکات.

کوشه‌ناک هه‌روه‌ها ده‌ڵێ که له کاتێک دا، زمانی کوردی بۆ پڕۆپاگه‌نده‌ی ئێمه قه‌ده‌غه بووه و ده‌ته‌په به زمانی تورکی پڕۆپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌نگده‌رانی کورد ده‌‌کرد، ئاکه‌په‌، له ناو خه‌ڵک دا بڵاوی کرۆدته‌وه‌، که ئێمه له ده‌ته‌په کوردی باشتر ده‌زانین، جگه‌ له‌مانه‌ش به په‌سه‌ند کردنی یاسایه‌ک دژ به پارته‌که له دوایین ڕۆژه‌کانی هه‌ڵبژاردن دا پسووله‌کانی ده‌نگدانیان درێژ و درێژتر کرد و ناوی کاندیداکانی سه‌ربه‌خۆیان خسته ناو به‌رگه‌یه‌کی درێژ که ئه‌مه‌ش بوو به هۆی سه‌رلێشێوانی ده‌نگده‌ڕانی کورد که زۆربه‌یان ئاستی خوێندیان سیفر یا له‌خوار بوو.

کۆمیته‌ی پشتیوانی له حه‌سه‌نپوور وبووتیمار: نیکبه‌خت، سنووری ڕازداری و ئه‌رکی پزرێزه‌ری له‌بیرکردووه

مانشێت نیوز، سنه: کۆمیته‌ی هاوبه‌شی پشتیوانی له عه‌‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار، دوو ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌ده‌نی کورد، له به‌یاننامه‌ی ژماره 8ی خۆیدا، هێرش ده‌کاته سه‌‌ر «محه‌ممه‌د ساڵه نیکبه‌خت» و به ژێرپێنانی ڕازداری و ئه‌رکی پارێزه‌ری تۆمه‌تباری ده‌کات و جه‌ند پرسیاری ئاراسته ده‌کات که نیشان ده‌دات که ناوبراو دوور بووه له ئه‌رکی سه‌رشانی.

ده‌قی به‌یاننامه‌ی ژماره 8ی کۆمیته‌ی هاوبه‌شی پشتگیری له حه‌سه‌نپوور و بووتیمار، به‌م شێوه‌یه:

جه‌ماوه‌ری کوردستان ، هه‌موو ناوه‌نده‌ مرۆڤ پارێزه‌کانی جیهان و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێو نه‌ته‌وه‌یيه‌کان !

هه‌ر وه‌کوو ئاگادارن کۆماری ئیسلامیى ئێران، ده‌ستی داوه‌ته‌ ئیعدامی به‌ کۆمه‌ڵ و ڕه‌شه‌کۆژی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و بێ دیفاعی ئێران. ئه‌م ڕه‌شه‌کوژیه‌ به‌ راده‌یه‌که‌ که‌ بێ هه‌ڵوێست ترین که‌سان و ناوه‌نده‌کانیشی هێناوه‌ته‌ ده‌نگ و هه‌ست به‌ کاره‌سات ده‌که‌ن. له‌م پێوه‌ندیه‌دا و بۆ پاکتاوی بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیيه‌کان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ بوختان و درۆ و چه‌واشه‌کاری هێرشی خۆی بۆ سه‌ر ڕووناکبیران و رۆژنامه‌وانان تاو داوه‌. کۆیه‌کی زۆری له‌م توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیيه‌ ڕه‌وانه‌ی زیندان کردووه‌ و خستوونیه‌ته‌ ژێر سه‌خت ترین گوشاره‌وه‌. به‌ند کردنی سه‌رۆکی رێكخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژنامه‌وان به‌رێز «سه‌دیق که‌بوودوه‌ند»، ئه‌و به‌رێزه‌ی خستووه‌ته‌ ژێر گوشاری نه‌بڕاوه‌ و نایاسایی و بێ به‌ش کردنی له‌ هه‌موو مافه‌ یاسایيه‌کانی ده‌زگای ده‌سه‌ڵات بۆ به‌زاندن و شکاندنی. بێ سه‌روشوێن کردنی هه‌واڵنێر «ئاکۆ کوردنه‌سه‌ب» و ڕاگرتنی له‌ به‌ندی تاکه‌ که‌سی و رێگه‌نه‌دان به‌ که‌س و کاری بۆ بینین و هه‌واڵ زانینی و ئاماده‌ کردنی بۆ پرۆسه‌ی ئیعتراف گیری و نمایشێکی دیکه‌. به‌ند کردنی «ئیجلال قه‌وامی» و هه‌روه‌ها گرتنی «مه‌حموود ساڵحی» و «مه‌نسوور ئۆسانلوو» و داخستنی دوا حه‌وتوو نامه‌ و بڵاوکراوه‌کان، هه‌مووی ته‌نیا و ته‌نیا بۆ ئه‌نجامی پرۆسه‌ی داپڵۆسین و سه‌رکوتانه‌وه‌ی بزاوته‌ فه‌رهه‌نگی و سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌خنه‌گر و مه‌ده‌نیه‌کانه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ کوردستان دا .

له‌ هه‌مووی ناشیرین تر و قیزه‌ون تر ، بڕیاری سزای سێداره‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور» و چالاکی مه‌ده‌نی «هیوا بووتیمار»ه که‌ ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تییه‌کی بێ وێنه‌ی جیهانی بووه‌ته‌وه‌ .له‌م پێوه‌نديیه‌دا ناوه‌ند و رێكخراوه‌ و پارله‌مان و که‌سایه‌تی و هێزه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی نه‌ماوه‌ که‌ نه‌یه‌ته‌ ده‌نگ و ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ ڕيسوا نه‌کات و داوا له‌ کاربه‌ده‌ستانی ئێران نه‌کات که‌ به‌م بڕیاره‌ ناڕه‌وایه‌دا بچنه‌وه‌ . ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسووڕمان و مه‌خابنه‌ هه‌ڵوێسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی پارێزه‌ری رۆژنامه‌وان عه‌دنان حه‌سه‌نپوور ، به‌ڕێز ساڵحی نیکبه‌خته‌.

ئه‌و به‌رێزه‌ له‌ بری پارێزه‌ر بووه‌ته‌ ئاگر خۆش که‌ری ئه‌م ڕه‌وته‌ و ته‌داره‌کچی ئه‌م بڕیاره و سزا ناڕه‌وایه‌.

ئێمه‌ وه‌ک کومیته‌ی هاوبه‌شی که‌مپه‌ینی عه‌دنان و هیوا له‌ ئاست ئه‌و به‌ڕێزه‌دا هه‌وڵمان داوه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌ڵوێسته‌ نه‌شیاوه‌کانی ، سنووره‌کانی حۆرمه‌ت و یاسا و گفتوگۆیه‌کی شارستانیانه‌ بپارێزین . به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و  وا شووڵی لێ هه‌ڵکێشاوه‌ که‌ ئیتر بێ ده‌نگی له‌ ئاست ئه‌و هه‌ڵوێسته‌و ئه‌و قسه‌لۆكانه‌دا به‌ گۆنجاو نازانین و ناچارین بێینه‌ ده‌نگ و بپرسین:

به‌ڕێز! ده‌کرێ بلێی هۆکاری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی جه‌نابت چیه‌ و بۆ بووگیت به‌ دادستان و ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تيی پارێزه‌ریی خۆت له‌ بیر بردۆته‌وه‌ !؟

تۆ که‌ له‌ لێدوانه‌کانی پێشووت دا ڕات گه‌یاند که‌ عه‌دنانت دیوه‌ و خۆی لای تۆ دانی به‌ تاوانه‌کانی داناوه‌ (ڕاست و درۆکه‌ی ده‌ر ده‌که‌وێ )، هیچ ده‌زانی به‌م هه‌ڵوێسته‌ سنووری ڕازداری و ئه‌رکی پارێزه‌ریی خۆت ژێر پێ ناوه‌ !؟

_  بۆ ڕات نه‌گه‌یاند که‌ عه‌دنان و هیوا مانیان له‌ خواردن گرتوه‌ و پاش ده‌یان رۆژیش له‌ زیندانی تاکه‌ که‌سی دا و به‌ ڕێکه‌وت به‌ حۆکمه‌که‌ی خۆیان زانیوه‌ !؟( ده‌زگای داوه‌ری ئێران به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و ڕێسا ناسراوه‌کانی دۆنیا ، حۆکمه‌که‌یان پێ ڕانه‌گه‌یاندوون!!)

_  تۆ که‌ ده‌ڵێی عه‌دنان لای  تۆ دانی به‌ تاوانه‌کانی خۆی داناوه‌ و 140 لاپه‌ڕه‌ی ئیعترافی نووسیوه‌  ئه‌ی بۆ ئێستا مانی له‌ خواردن گرتوه‌ و داوای چی ده‌کات؟!

_  تۆ که‌ ده‌زانی  ئه‌مه‌ مافێکی یاساییه‌ که‌ دوای لێپرسینه‌وه‌ ، زیندانی ده‌بێ بدرێته‌ به‌ندی گشتی ، ئه‌ی تۆ بۆ له‌ ئاست 61 ڕۆژ ڕاگرتنی عه‌دنان وپتر له‌ مانگێك راگرتنى هيوا له‌ سلوله كاني ئیداره‌ی ئیتلاعات و پاش ئه‌وه‌ش دیسان گوێزرانه‌وه‌یان له‌ به‌ندی گشتی یه‌وه‌ بۆ ژێڕ چاودێری ئیتلاعات ، بێ ده‌نگیت هه‌ڵ بژاردوه‌؟!

_  بۆ ڕات نه‌گه‌یاند عه‌دنان کاتێک له‌ مه‌ریوان بوو و بردوویانه‌ بۆ دادگا ، بڕیار بوو به‌ بارمته‌ی 50 ملیۆن تمه‌ن ئازادی بکه‌ن که‌چی به‌ قازی گوت ئه‌و شتانه‌ی ئیتلاعات ده‌یڵی و له‌ دۆسیه‌که‌م دا نووسراون ، من هیچ کامیانم قه‌بووڵ نییه‌ و نه‌مکردوون، به‌ زۆر و گوشار پێیان نووسیوم، پاش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ، گێڕایانه‌وه‌ ژێر چاودێری ئیتلاعات و پاشان حۆکمی سێداره‌یان بۆ ڕه‌چاو کرد. جه‌نابت بۆ له‌و باره‌وه‌  هیچ هه‌ڵوێستێکت نه‌گرت؟!

_  بۆ ناڵێی عه‌دنان ئێستا بۆچی داوای دیداری سه‌رۆکی گشتی دادگاکانی سنه‌ و دادستانی گشتی ده‌کات؟!

_  بۆ دوای ئه‌وه‌ی سزای له‌ دار دانیان بۆ ڕه‌چاو کردن ، بردنیاننه‌وه‌ ژێر چاودێری ئیتلاعات و له‌وێ ڕایان گرتوون؟

(هه‌موو ده‌زانین له‌ به‌ر خۆشه‌ویستی و پارێزگاری کردن له‌وان نییه‌ به‌ڵکوو خه‌ریکن ئاماده‌یان ده‌که‌ن بۆ نمایشێکی ته‌له‌فیزیۆنی دیکه‌ که‌ تا ئێستا به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتوون. )  ، بۆچی ئه‌و پرسیاره‌ یاساییه‌ به‌رز ناکه‌یته‌وه‌ و که‌ ئه‌م کرداره‌ له‌ کام  به‌ندی یاسایی کۆماری ئیسلامی دایه‌ ؟!

_  ئه‌ی بۆ ناڵێی  ده‌زگای داوه‌ری ئێران بۆچی وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی سینفی رۆژنامه‌وانانی ئێران ناداته‌وه‌ بۆ پێک هێنانی کۆمیته‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان له‌ مه‌ڕ دۆسیه‌ی عه‌دنان و هیوا وه‌ ؟!

_ يان خۆت ده‌لێى هه‌مو ئه‌و تاوانانه‌ش كه‌ گوايه‌ عه‌دنان و هيوا دانيان پيدا ناوه‌ سزاكه‌ى ئيعدام نيه‌ ئيتر هه‌ره‌شه‌ و منه‌تى چى ده‌كه‌يت كه‌ئه‌ گه‌ر جه‌نجالَ و پشتگيريى له‌ ئه‌وان وازت لێ بێنێ وه‌ك حوكمى كه‌ساني تر كه‌ موحاريب و ئيعدام بوه‌ دايده‌شكێنى.

_به‌رێز نيكبه‌خت تۆ باوه‌رت به‌ هه‌مو ئه‌وشتانه‌ كه‌ له‌ دۆسيه‌و حوكمى ئه‌و دو به‌ندكراوه‌دا هه‌يه‌ ، كردوه‌ و دوپات و چه‌ن پاتت كردۆته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا باسى ئه‌وه‌ت نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ حوكمى كاك هيوا دا قازى ده‌نوسێ هيوا ( موجه‌ره‌ده‌) و تۆش ئه‌زانى وانيه‌؟..!!

_  به‌ڕێز !

بۆ ئاگاداری جه‌نابت و ڕای گشتی و جه‌ماوه‌ری کوردستان ، ئێمه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر زانیاری وردمان لایه‌ و جارێ نایدرکێنین ، به‌ڵام وه‌ک کۆمیته‌ی هاوبه‌ش و هه‌ر وه‌ها ڕای گشتی ، ئه‌و مافه‌مان‌ هه‌یه‌ له‌ جه‌نابت بپرسین : ئایا تا ئێستا و تا ئه‌م قۆناغه‌ ، تۆ وه‌ک پارێزه‌ر بۆ ئه‌و دوو دیله‌ چیت کردووه‌ و کام ئه‌رکی به‌رچاوت بۆ ڕزگار کردنی گیانیان ئه‌نجام داوه‌؟؟!!

کۆمیته‌ی هاوبه‌شی پشتیوانی له عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار

وته‌بێژی کۆمیته‌ی هاوبه‌‌ش: خاتوو له‌یلا حه‌سه‌نپوور

کانوونی نووسه‌رانی کوردستانی ئێران

ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ دێمۆکراسی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

کۆمیته‌ی به‌رگری له گیراوانی سیاسی

ناوه‌ندی چاک

k_pshtiwani@yahoo.com

adnanhasanpoor@yahoo.com

kempainp@yahoo.com

له ئاکامی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌ دا له باکووری کوردستان، 25 سه‌ربازی تورک کوژران و بریندار بوون

مانشێت نیوز، ئامه‌د: له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی سێ مینی چێندراو له شه‌مزینان، سێرت و جۆڵه‌مێرگی باکووری کوردستان، زیاتر له 25 سه‌ربازی تورک، کوژراون و بریندار بوون.

دوێنێ له ڕێگه‌ی جۆڵه‌مێرگ، بۆمبێکی چێندراو به سه‌ر باسێکی نه‌فه‌رهه‌ڵگر دا ته‌قیه‌وه که هه‌ڵگری ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی ئیستخباراتی ژاندرمه‌ی ئه‌رته‌شی تورکیا بوو و له ئاکام دا به گوێره‌ی مێدیاکانی تورک 10 که‌س بریندار بوونه که ئه‌فسه‌رێکی پایه‌به‌‌رزی تێدایه و هه‌په‌گه‌ش ده‌ڵێ که 6 له برینداره‌کان که هه‌موو سه‌رباز بوونه کوژراون و برینداره‌کانیش ده‌گاته 14 که‌س.

هه‌ر دوێنێ و له شوێنێکی نیزێک شه‌مزینان، مینێکی تر ته‌قیه‌وه و 6 سه‌رباز بریندار بوون و له ئاگریش، گه‌ریلاکان، له دووره‌وه ته‌قه‌یان له بینای پۆلیسی شار کرد که که له ئاکامی دا سه‌ربازێک کوژراوه و یه‌کی تر که برینه‌که‌ی قورسه، له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی عه‌سکه‌ری له ژێر چاوه‌دێری پزیشکی دایه.

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ش، له گوندی «مه‌میره» سه‌ر به ئه‌ڕۆحی سێرت، ئۆتۆمۆبیلێکی سه‌ربازی که که‌لوپه‌ل و شتی تری بۆ قه‌ره‌قۆڵێکی ئه‌رته‌ش ده‌بردم که‌وته به‌ر مینێکی چێندراوی گه‌ریلاکانی پ.ک.ک و به گشتی 14 سه‌رباز و دو سیڤیلی شۆفیری ماشێنه‌که، بریندار بوون و ده‌گوترێ که ره‌وشی شۆفیره‌که سه‌خته و برینه‌کانی قورسن.

مه‌سعوود بارزانی بۆ ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک دیدارو کۆبوونه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسه‌کانی عێراق گه‌یشته به‌غدا

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: «مه‌سعوود بارزانی» سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک دیدار له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسه‌کانی عێراق و گێرانی ڕۆڵ له پڕۆسه‌ی ئاشته‌و‌ایی نیشتمانی و کێشه‌ سیاسه‌کانی عێراق گه‌یشته به‌غدا.

«مه‌سعوود بارزانی» سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و له‌گه‌ڵ شاندێکی سیاسی و ئیداری هه‌رێمی کوردستان و به مه‌به‌ستی ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک دیدار و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسه‌کانی عێراق و که‌مکردنه‌وه‌ی کێشه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م وڵاته گه‌یشته عێراق له ئه‌مڕۆ له لایه‌ن، سه‌رۆک وه‌زیری عێراق «جه‌لال تاڵه‌بانی»یه‌وه پێشوازی لێکرا.

ئه‌م سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌ی بارزانی بۆ به‌غدا له کاتێک دا دێته ئاراوه که «جۆرج بوش» سه‌رۆکی ئه‌مریکا، هه‌وتووی ڕابردوو له پێوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنی دا، داوای له سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کردبوو که «چالاکانه به‌شداری پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق بێت» و جگه‌ له‌مه‌ش بارزانی به نیازه دیداری سه‌رکرده‌ سیاسه‌کانی عێراق بکات و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه و گرفته سیاسیه بدات که به چوونه ده‌ری جه‌بهه‌ی ته‌و‌افوقی سونه، ده‌وڵه‌تی مالکی، له ڕووخان نیزێک کردۆته‌وه.

هه‌روه‌ها مه‌سعوود بارزانی بڕیاره له دیداره‌کان دا باس له کۆمه‌ڵێک کێشه و گرفتی سیاسی و ئیداری حکومه‌تی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا بکات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ریان بدات و هه‌روه‌ها ئاکامی سه‌ردانه‌کانی مالکی بۆ ئێران و تورکیاش، هه‌ڵبسه‌نگێنێ.

سێ هاوڵاتی بانه‌یی به هۆی ئاگرتێبه‌ردانی ئۆتۆمۆبیلێكی هه‌ڵگری سووته‌مه‌نی كوژران

مانشێت نیوز، بانه: له ئاكامی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئینتزامی ئێران له نیزێك ئاوایی «سه‌به‌دلوو»ی بانه، ئۆتۆمۆبیلێكی جۆری 3 ئێف، ئاگری تێبه‌ر بوو و هه‌ر سێ كه‌سی ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه‌، به هۆی سووتان، گیانیان له‌ده‌ست دا و ئه‌مه‌ش بوو به هۆی هێرشی هاوڵاتیان بۆ پازگای ڕه‌ژیم له‌ هه‌رێمه‌كه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌كان، دوێنێ یه‌كشه‌ممه، له كاتێك دا كه ئۆتۆمۆبیلێكی هه‌ڵگری سووته‌مه‌نی له پازگایه‌كی ره‌ژیم له ناوچه‌ی سه‌به‌دلووی بانه، هه‌ڵكه‌وتوو له سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌قز-بانه، نیزێك ده‌بێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته به‌ر هێرسی هێزه‌كانی ئینتزامی و له ئاكام دا هه‌ر 3 كه‌سی ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه كه تۆیۆتای جۆری 3-ئێف بووه، ده‌سووتێن  هه‌ر له شوێنه‌كه‌، گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و پاشان، ها‌‌وڵاتیان به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر پازگاكه و ئاگری تێبه‌رده‌ده‌ن و ئاڵۆزیه‌كه هه‌ندێك له شه‌قامه‌كانی بانه‌ش ده‌گرێته‌وه.

دوابه‌‌وای هێرشی هاوڵاتیان بۆ پازگاكه‌، ڕه‌ژیم هێزی دژه شۆڕش و به‌سیج ڕه‌‌انه‌ی ناوچه‌كه ده‌كات و به ته‌قه‌كردن له ها‌‌وڵاتیانی خۆپێشانده‌ر، هه‌وڵی ئارام كردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه ده‌كرێ و ده‌گوترێ كه یه‌كێك له خۆپێشانده‌ران، بریندار ده‌بێت و تا ئێستاش نازانرێ كه ره‌وشی ته‌ندروستی چۆنه.

به هۆی ئه‌م ئاڵۆیه و قه‌تلوعامه‌ی هێزه‌كانی ره‌ژیم، بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێر، ڕێگه‌ی نێوان بانه و سه‌قز ده‌گیرێ و هاتووچۆ ئاسته‌نگ ده‌كرێ و ته‌رمی قوربانیه‌كانیش تا چه‌ند كاتژمێر له هه‌مان شوێنی سووتانیان ده‌مێنێته‌وه.

له‌ ماوه‌ی ‌حه‌وتووی ڕابردوو دا، له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات زیاتر له 6 كه‌سی سیڤیلی تر، له سه‌رده‌شت، پیرانشار، مه‌هاباد و كرماشان به گوله‌ی هێزه‌كانی ئینتزامی ئێرانه‌وه كوژراون.

فازڵ میرانی: كێشه‌ی پ.ك.ك سیاسه و به شه‌ڕ چاره‌سه‌ری ناكرێ

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: «فازڵ میرانی» سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له لێدوانێك دا بۆ كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره، كێشه‌ی پ.ك.ك‌ی به كێشه‌ی ناوخۆی و سیاسی توركیا وه‌سفكرد و جه‌ختیشی له سه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسی، نه‌ك به شه‌ڕی، پ.ك.ك كرده‌وه و ڕه‌تیشیكرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له پ.ك.ك كردبێت.

«فازڵ میرانی» له لێدوانێكی دا بۆ كه‌ناڵی ئاسمانی ئه‌لجه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی، سه‌باره‌ت به كێشه‌ی پ.ك.ك و ئیدعاكانی توركیا له‌مباره‌وه وتی: پ.ك.ك كێشه‌یه‌كی سیاسی ناوخۆی توركیایه و پێوه‌ندی به‌م وڵاته‌وه هه‌یه و 30 ساڵه كه به زه‌بری شه‌ر و چه‌ك هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی ده‌درێ، كه‌چی ئه‌وه مومكین نیه.

ناوبراو تۆمه‌ته‌كانی توركیای له‌مه‌ر بوونی پ.ك.ك له كوردستان و پشتیوانی ماڵی و لۆژێستیكی پارتی دێمۆكراتی كوردستان له پ.ك.ك ڕه‌تكرده‌وه و وتی: پ.ك.ك له ناو خۆی توركیایه، له بینگوڵ و ئه‌سته‌نبوڵ و هتده، ئێمه پشتیوانیمان له پ.ك.ك نه كردووه به‌ڵام له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری سه‌ربازیشی نین و به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و توركیا بیهه‌وێ كه له ڕێگه‌ی دیپلۆماتیك و ئاشتیانه هه‌وڵی كۆتایی هێنان به كێشه‌كه بدات، ئێمه به دڵنیایه‌وه‌، یارمه‌تیان ده‌كه‌ین.

ئه‌لجه‌زیره كۆمه‌ڵێك پریسرای تری سه‌باره‌ت به كوردستان له فازڵ میرانی كرد و ناوبراو سه‌باره‌ت به ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی به غدا له سه‌ر كوردستان و به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به په‌سه‌ند كردنی یاسای نه‌وت له پارله‌مانی كوردستان وتی: حكومه‌تی به‌‌‌غدا له ئاستی سیاسه‌تی باڵا و ستراتێژیه‌كانی گشتی دا، ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، به‌ڵام له ئاستی مه‌یدانی دا، كوردستان هه‌ژمۆنی خۆی به سه‌ر ناوچه‌كه‌ی خۆیدا هه‌یه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌كی باس له جیاوازی و مخالف بوونی یاسای په‌سه‌ندكراوی نه‌وت له پارله‌مانی كوردستان و به‌غدا ده‌كه‌ن، كه‌چی ئه‌مه ڕاست نیه و هه‌رێمی كوردستان یاساكانی به ته‌نسیقی پارله‌مانی عێراق له ناوه‌نده و نه‌وتیش به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه له نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق دابه‌شده‌كرێ و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیش له نێوان پارله‌مانی كوردستان و به‌‌غدا هه‌بێت، دادگای ده‌ستووری چاره‌سه‌ری ده‌كات.

ناوبراو وتیشی كه هه‌رێمی كوردستان ئه‌م یاسایانه‌ی كه دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان بێت، په‌سه‌ندی ناكات و له به‌‌داسی قه‌بووڵ ناكات و سه‌فه‌ری مه‌سعوود بارزانیشی بۆ به‌غدا، به به مایه‌ی خێر و ئارامكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه ناوبرد و وتیشی كه بارزانی  مومكینه لایه‌نه‌كانی به‌رهه‌ڵستی به‌غدا، پێكبێنێته‌وه.

وێنه‌كانی ته‌رمی لاوی كورد «بایه‌زید نیكجوویان كه به ده‌ستی هێزه‌كانی ئینتزامی كوژرا

مانشێت نیوز، مه‌هاباد:  حه‌وتووی ڕابردوو، دوو لاوی پیرانشاری دانیشتووی مه‌هاباد، كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌سترێژی گوله‌ی هێزه‌كانی ئینتزامی ره‌ژیم و كوژران، ناوی یه‌كێك له كوژراوه‌كان «سه‌ید بایه‌زید نیكجوویان» بوو كه لێره‌دا، وێنه‌‌كانی ته‌رمی ناوبراو پاس ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ به بنه‌ماڵه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه

«سه‌ید عه‌زیی نیكجوویان» یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی ‌یزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو به كه‌ناڵی ئاسمانی تیشك تی‌ڤی ڕاگه‌یاندبوو كه «سه‌ید بایه‌زید»، چواره‌مین شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌ی نیكجوویانه و به شێوه‌یه‌كی دڕندانه له ڕێگه‌ی مه‌هاباد، پیرانشار، به گوله‌ی هێزه‌كانی ره‌ژیم وكوژراوه.

وێنه: ڕۆژهه‌ ڵات

هه‌په‌گه‌: له سێرت و شڕناخ 12 عه‌سکه‌ری تورک کوژراوه

مانشێت نیوز، به هدینان: هه‌په‌گه‌ له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که له ئاکامی چه‌ند شه‌ر و پێکدادان دا، ئه‌رته‌شی تورکیا، 12 عه‌سکه‌ری له شرناخ و به‌رزایه‌کانی سێرت لێ کوژراوه و ئه‌ژمارێکی زۆریشی بریندار لێکه‌وتۆته‌وه.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزی پاراستنی گه‌ل له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که دوابه‌وای گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێکی فه‌رمانده‌‌یی سه‌ربازی هه‌په‌گه له به‌رزایه‌کانی ده‌رسیم، هێزه‌کانی گه‌ریلا چه‌ند چالاکیان دژ به ئه‌رته‌شی تورکیا ئه‌نجامداوه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، هه‌په‌ ده‌ڵێ که رۆژی 12ی ئه‌گۆست، هێرس کراوه‌ته سه‌ر 2 ئۆتۆمۆبیلی سیڤیلی هه‌ڵگری هێزه‌کانی ژاندرمه له نیزێک ئاوایی «مه‌میره» له ئه‌ڕوحی سێرت و 8 عه‌سکه‌ر کوژراوه و 12ی تر بریندار کراوه و ئه‌مه‌ش له مێدیا تورک ته‌نیا به برینداری سه‌ربازه‌‌کان بڵااوکرایه‌وه.

ڕۆژی 11ی ئه‌گۆست. له سه‌ر ته‌پکی شه‌هید یه‌ڵماز له چیاکانی گاباری شڕناخ، هێرش کرایه‌ سه‌ر چه‌ند زاڵگه و خاڵی ئه‌رته‌ش و له ئاکامدا، 4 عه‌سکه‌ر کوژران و چه‌ندی تر بریندار بوون و ئه‌نجام و ڕێژه‌ی کوژراو و برینداره‌کانی چه‌ند شه‌ڕی تر نێوان هێزه‌کانی گه‌ریلا و ئه‌رته‌ش نه‌زانراوه.

«عه‌بدوڵا گوڵ» دیسان وه‌کو کاندیدای ئاکه‌په‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار، ده‌ستنیشان کرا

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: له ئاکامی زیاتر له 10 کاتژمێر کۆبوونه‌وه‌ی چر و پڕ له نێوان ئه‌ندامانی کابینه‌ی ئه‌ردۆغان و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئاکه‌په، عه‌بدوڵا گوڵ، بۆ جارێکی تر وه‌کو کاندیدای ئه‌م پارته بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ده‌ستنیشان کرا، به‌ڵام به فه‌رمی ڕانه‌گه‌یاندرا.

پاش ئه‌وه‌ی که له پارله‌مانی پێشووی تورکیا، نه‌یتوانی «عه‌بدوڵا گوڵ» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و که‌سی دووهه‌می ناو پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدانی تورکیا (ئاکه‌په) وه‌کو سه‌رکۆماری ئه‌م وڵاته هه‌ڵبژێرێ و پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له ئاکامی قه‌یرانێکی سیاسی دا به هه‌ڵبژاردنی نوێی پارله‌مانی ئه‌م وڵاته کۆتایی هات، ئه‌مجاره دیسانه‌وه‌، ئاکه‌په‌، سه‌ره‌رای به‌ره‌نگاری و هه‌ڵوێستی نیگه‌تیڤی ئه‌رته‌ش، لاییکه‌کان و پارته‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌پ و ڕاست، «عه‌بدوڵا گوڵ»ی وه‌کو کاندیدای ئه‌م پارته بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار هه‌ڵبژارد.

دوێنێ دووشه‌ممه، له ئاکامی زیاتر له 10 کاتژمێری ئه‌ندامانی کابینه‌ی ئه‌ڕ‌دۆغان و مه‌جلیسی سه‌رۆکایه‌تی پارته‌که‌، گوڵ، وه‌کو کاندیدای دووباره‌ی ئاکه‌په بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری تورکیا هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام ئه‌م یه‌که به فه‌رمی ڕانه‌گه‌یاندرا و بڕیاره ناوبراو ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن دیدار بکات و پاش لێکدانه‌وه‌کان، به فه‌رمی بێته ناو پڕۆسه‌که.

سه‌ر‌فه‌رمانداری ئه‌رته‌شی تورکیا له سه‌ره‌وه‌یانه‌وه و پارتی کۆماری گه‌ل (CHP)، پارتی چه‌پی سۆسیال دێمۆکرات (DSP) و مه‌هه‌په‌ش دژ به هه‌ڵبژاردنی گوڵ بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمارن و ئاکه‌په‌ تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که له داخی ئه‌و‌ان، گوڵ کاندید ده‌کات و به‌ڵام مه‌هه‌په و ده‌ته‌په ده‌ڵێن له کاتی هه‌ڵبژاردن له هۆڵی پارله‌مان ئاماده‌ ده‌بن.

15 هاوڵاتی سه‌قزی به هۆی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی گیراون و ڕه‌وشیان نادیاره

مانشێت نیوز، سه‌قز: 27 هاوڵاتی سه‌قزی پاش ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی هێمنانه له که‌ریم ئاوا ده‌زگیرکران و تا ئێستاش ڕه‌وشی 15 که‌سیان نادیاره.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی PRMMK، کۆمه‌ڵێک له هاوڵاتیانی ناوچه‌ی که‌ریم ئاوای سه‌قز به هۆی «گرانی به‌نزین»، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پرۆتیستۆیی هێمنانه‌یان له ڕۆژانی 2  و3ی گه‌لاوێژ به‌ڕێوه‌برد و له ئاکامدا هێزه‌کانی ئینتزامی زیاتر له 27 که‌س له به‌شداربوانی چالاکیه‌که‌یان ده‌زگیر کرد.

ده‌گوترێ پاش تێپه‌ڕبوونی 3 رۆژ له ده‌زگیرکردنی ئه‌م هه‌ژماره له هاوڵاتیان، 12 که‌سیان ئازاد کراون و 15ی تریان بۆ گرتووخانه‌ی ناوه‌ندی سنه ڕاگوێزراون و تا ئێستاش دیار نیه که ره‌وشیان چی لێدێت.

3 گیراوی کورد به سزای گرتووخانه مه‌حکووم کران

مانشێت نیوز، سه‌قز: دوو هاڵاتی کورد به ناوه‌‌کانی «عه‌بدوڵا حوسێنی» و «زانیار مسگه‌ری»  به تۆمه‌تی هاوکاری حیزبه کوردیه‌کان به 6 ساڵ و 6 مانگ و «خه‌لیل مسته‌فا ڕه‌جه‌ب» کوردی ڕۆژئاوایی کوردستان به 16 ساڵ زیندان سزا دراوه.

په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگه‌یاند که «عه‌بدوڵا حوسێنی»، هاوڵاتی کوردی خه‌ڵکی خۆی، که هه‌ر ئێستا له گرتووخانه‌ی سه‌قزدایه، به تۆمه‌تی هاوکاری حیزبێکی کوردستانی به‌رهه‌ڵستکاری ئێران به 6 ساڵ سزای زیندان مه‌حکووم کراوه. ناوبراو دوو ساڵه که له گرتووخانه‌ی سه‌قز دایه و له‌مدوایانه دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای کوردستان سزای 6 ساڵ زیندانی به سه‌ر داسه‌پاندووه.

هاوکات دادگای شۆڕشی ئیسلامی سه‌قز، «زانیار مسگه‌ری» لاوی 17 ساڵه‌ی به تۆمه‌تی هاوکاری حیزبێکی به‌رهه‌ڵستکاری ره‌ژیم به 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کردووه و ئێستاش ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی سه‌قز کراوه.

له لایه‌کی تریشه‌وه، «خه‌لیل مسته‌فا ڕه‌جه‌ب» هاوڵاتی کوردی رۆژئاوایی کوردستان (سووریا)، به تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تی ڕێکخراوێکی کوردستانی دژ به ڕه‌ژیم به 16 ساڵ سزای گرتووخانه مه‌حکووم کراوه و ئه‌م سزایه له لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ڕه‌ژیمه‌وه‌، په‌سه‌ند کراوه.

ڕووداوێکی هاتووچۆ دا له ڕێگه‌ی سه‌قز-بانه، 3 قوربانی لێکه‌وته‌وه

مانشێت نیوز، بانه: زانرا که له ڕێگه‌ی بانه – سه‌قز، دوو ئۆتۆمۆبیلی سیڤیل خۆیان پێک دادا و له ئاکامی دا 3 که‌س کوژران و 2ی تریش به سه‌ختی بریندار بوون.

هه‌واڵنێرمان له شاری بانه ئاگاداری کردینه‌وه که ئێواره‌ی دوێنێ، له مه‌ودای 20 کیلۆمه‌تری نێوان بانه‌ و سه‌قز، ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری پێژۆ و کامیۆنێکی بارهه‌ڵگر خۆیان لێکدا و له ئاکامی ڕووداوێکی قورسی هاتوچۆ دا، 3 که‌س له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک له پێژۆ‌که‌ دا گیانیان له‌ده‌ست دا و ده‌گوترێ دوو که‌سی تریش بریندار بوونه.

هه‌‌واڵنێرمان له هه‌رێمه‌که باس له‌وه ده‌کات که یه‌کێک له برینداره‌کان، که ڕه‌وسی ته‌ندروستی مه‌ترسیداره، بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له سنه گوازراوه‌ته‌وه.

بریاره ئه‌مرۆ، «ئیجلال قه‌وامی» رۆژنامه‌وانی کورد له سنه دادگای بکرێ

مانشێت نیوز، سنه: بریاره «ئیجلال قه‌وامی» که ماوه‌ی زیاتر له 1مانگه له گرتووخانه‌ی سنه‌‌دایه، به تۆمه‌تی «تێکدانی شوێنه گشتیه‌کان» له دادگای گشتی ئه‌م شاره دادگای بکرێ.

«ئیجلال قه‌وامی» ڕۆژنامه‌وان و ئه‌ندامی شۆڕای به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان که ماوه‌ی مانگێکه له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌منی ئێرانه‌وه گیراوه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 23ی گه‌لاوێژ، به تۆمه‌تی «تێکدانی شوێنه گشتیه‌‌کان» له دادگای گشتی سنه، به هاوڕێیی «نیعمه‌ت ئه‌حمه‌دی» پارێزه‌ره‌که‌ی، به‌ره‌وڕووی دادگا ده‌بێته‌وه.

ئه‌وه له کاتێک دایه که پێشتر، دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنه، ئیجلال قه‌وامی به تۆمه‌تی «هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی» به 3 ساڵ و نیو سزای زیندان مه‌حکووم کردبوو و ئێستاش ناوبراو ماوه‌ی 1 مانگه له گرتووخانه‌ی سنه دایه.

پ.ک.ک، جلیقه‌ی(بارانی) دژه کامێرای ته‌رماڵ، ده‌کڕێ

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: سه‌رچاوه‌کانی ئیستخباراتی و هه‌‌واڵگری تورکیا ڕایانگه‌یاند که پ.ک.ک هه‌ژمارێکی زۆری جلیقه‌ی دژی کامێرای ته‌رمال کڕیوه که گه‌ریلا له کاتی ده‌ربازکردنی سنوور، له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌رته‌شه‌وه به کامێرای هه‌ستیار به گه‌رمی له‌ش و دیدی شه‌و نه‌بینرێ.

سه‌رچاوه‌کانی ده‌زگای هه‌واڵگری و ئیستخباراتی تورکیا، ڕایانگه‌یاندووه که به تایبه‌ت له هه‌رێمه‌کانی سنووری پارێزگای شڕناخ، گه‌ریلاکانی پ.ک.ک له گرووپگه‌لی سێ که‌سی دا که یه‌کیان ژنه، به مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی ڕیسکی گیران و ئاشکرابوونیان، به جلێکی تایبه‌ت که ده‌توانێ له چه‌نگی کامێراکانی هه‌ستیار به گه‌رمی له‌ش و کامێرای دیتن له شه‌و دا سنوور و ناوچه سه‌ربازیه‌کان ده‌رباز بکه‌ن درێژه به کرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌کانیان بده‌ن.

له ڕاپۆرتێکی نهێنی ئیستخباراتی تورکیا دا هاتووه: پ.ک.ک له ڕێگه‌ی ده‌روازه‌کانی سنووری و له پاکه‌‌تی 1 تا 2 کیلۆیی دا، ته‌قه‌مه‌نی و دینامیت ده‌نێرنه ناو تورکیا و له سنووره‌کانیشه‌وه، به‌رده‌وام کۆمه‌ڵێک گه‌ریلایی ئاماده‌ هه‌ن که به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م جلوبه‌رگه‌ دژه کامێراکانی ته‌رماڵ و دیتنی شه‌و، دزه‌ ده‌که‌نه ناو خاکی باکووری کوردستان و پشتیوانی لۆژێستیک به گه‌ریلاکانی ناوخۆ ده‌گه‌یێنن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له‌م کاره‌ش به‌رده‌‌‌وامن.

هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ی حوڕیه‌ت ئاشکرای کرد که، ئه‌ندامانی ڕێکخستنی نهێنی ناو شار و ئاوایه‌کانی پ.ک.ک‌ش به که‌مین کردن له نیزێک بنکه و باره‌گاکانی ئه‌رته‌ش، شوێن و کات و جۆری ئۆتۆمۆبیله‌کانی سه‌ربازی و ڕێگه‌ی جموجۆڵیان ده‌زانن و پاشان زانیاریه‌کان به گه‌ریلا ده‌گه‌یێنن و ئه‌مانیش له کاتی پێویست دا هێرشی ده‌که‌نه سه‌ر.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌رته‌شی تورکیا به که‌ڵک وه‌رگرتن له نوێترین که‌لوپه‌ل و ئامێری سه‌ربازی که ڕێکخراوی ناتۆ و ئه‌مریکا و وڵاتانی ئه‌ورووپا بۆ سه‌رکوتی پ.ک.ک و بزووتنه‌وه‌ی کورد پیده‌ده‌ن، کۆنترۆڵی سنووره‌کان و شوێنه هه‌شتیاره سه‌ربازیه‌کانی چڕتر کردووه و ته‌نانه‌ت له سنووره‌کانی جۆڵه‌مێرگ، سێرت و شڕناخ، به ده‌یان شوێنی کۆنترۆڵی داناوه که به کامێرای ته‌رمال (هه‌ستیار به گه‌رمای له‌شی مرۆڤ و هه‌رچه‌شنه زینده‌وه‌رێک) و کامێرای دیتنی شه‌و جموجۆڵی مرۆڤ و ئاژه‌ل و ته‌نانه‌ت باڵنده‌ش کۆنترۆڵ ده‌که‌ن. و ئه‌مجاره ده‌گوترێ که پ.ک.ک به کرینی جلی دژه ئه‌م کامێرایانه له ئه‌ورووپا، مه‌ترسیه‌کی زۆرتری بۆ ئه‌رته‌شی تورکیا سازکردووه.

له بانه هێرش کرایه سه‌ر ده‌زگا و دامه‌زراوه حکومیه‌‌کان

مانشێت نیوز، بانه: پاش ئه‌وه‌ی که رۆژی شه‌ممه‌، هێزه‌کانی ئینتزامی ئێران ته‌قه‌یان له ئۆتۆمۆبیلێکی 3، ئێف کرد و به هۆی ئاگرتێبه‌ربوونی 3 که‌س، سووتان، هاوڵاتیانی بانه‌یی ڕه‌وشه‌که‌یان پرۆتیستۆکرد و ئه‌مشه‌و، هێرشیان کرده سه‌ر دامه‌زراقوه‌ ده‌وڵه‌تیه‌کان.

له شاری بانه‌وه هه‌وڵمان پێگه‌یشت که کۆمه‌ڵێک له هاوڵاتیانی ناڕازی به مه‌به‌ستی پرۆتیستۆکردنی مرۆڤکوژی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌م شاره، شه‌وی ڕابردوو هێرشیان کردۆته سه‌ر فه‌رمانداری و بانک و شوێنه ده‌وڵه‌تیه‌کان و شووشه‌کانیان شکاندوون و چه‌ند فه‌رمانبه‌ری قایمه‌قامیه‌تی شاریان داوه‌ته به‌ر لێدان و کوتان و چه‌ندین شوێنیشیان ئاگر تێبه‌رداوه.

هه‌روه‌ها ده‌گوترێ که بۆ سه‌رکوتی هه‌رچه‌شنه خۆپێشاندانێکی ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیان، گاردی دژه شۆڕش و هێزی تایبه‌تی به‌سیج له سه‌قز و شاره‌کانی ده‌ورووبه‌ره‌وه ڕه‌وانه‌ی بانه کراوه.

ئه‌م ئاڵۆزیه‌ له کاتێک دا دێته ئاراوه که رۆژی هێزه‌کانی چه‌کداری ڕه‌ژیم له نیزێک پازگای ئاوایی ده‌به‌دلووی بانه، تۆیۆتایه‌کی جۆری 3 ئێف‌ که هه‌ڵگری سووته‌مه‌نی بوو، دوایه به‌ر ده‌ستڕێژ و له ئاکام دا سێ که‌س له ناو ئۆتۆمۆبیله‌که سووتان و ها‌وڵاتیانی ئاماده‌یی ڕووداوه‌که‌ش هێرشیان کرده سه‌ر پازگاکه و ئاگریان تێبه‌ردابوو.

زنجیره ته‌قینه‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی له ناوچه‌ی شه‌نگال، 700 کوردی ئێزه‌دی کرده قوربانی

مانشێت نیوز، دهۆک: شه‌وی ڕابردوو زنجیره ته‌قینه‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی له سێ ئاوایی نیزێک شه‌نگال هاته ئاراوه و له ئاکامی دا زیاتر له 250 کوردی ئیزه‌دی بوونه‌ته قوربانی و نیزێک به 500 که‌سیش بریندار بوونه.

تیرۆریستان، له زنجیره‌یه‌ک کرده‌وه‌ی تیرۆریستی دا، 3 ترێلی بۆمبڕێژکراویان له ئاوایه‌کانی «ته‌ل عوزێر و شێخ خدر» که دانیشتوانی به گشتی کوردانی ئێزه‌دین ته‌قاندنه‌وه و به گوێره‌ی سه‌رچاوه فه‌رمیه‌کانی پۆلیس و هێزه‌کانی فریاکه‌وتن، تا ئێستا زیاتر له 220 ته‌رم دۆزراونه‌ته‌وه و 500 که‌سیش بریندار بوونه و له شوێنی ته‌قینه‌وه‌کان، زیاتر له 150 خانوو و دوکانی هاوڵاتیان تێکڕووخاوه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی زێده‌بوونی قوربانیان.

ئه‌م ئاوایانه که کرده‌وه تیرۆریستیه‌که‌یان تێدا ئه‌نجامدراوه ده‌که‌ونه سنووری قه‌زایی شه‌نگال و نیزێک سنووره‌کانی سووریا و به گوێره‌ به‌رپرسانی قایمه‌قامیه‌تی سه‌نجار، کاره‌کانی گه‌ڕان و پشکنین و به‌دواداچوونی ته‌رمی قوربانیان مومکینه ئه‌مڕۆش کۆتایی نه‌یه‌ت و به هۆی توندی ته‌قینه‌وه‌کان، زیاتر له 50 ته‌رم پارچه پارچه بوونه و به‌م شێوه، ناسین و لێک جیاکردنه‌وه‌شیان کێشه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه.

هه‌روه‌ها زانرا که زیاتر له 250 برینداری ڕووداوه‌که گه‌یاندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌م شاره و به‌رپرسانی پۆلیس ڕایانگه‌یاند  که ئه‌م ته‌قینه‌وانه، گه‌وره‌ترین ته‌قینه‌وه و له زیاترین قوربانی لێکه‌وتۆته‌وه به نیسبه‌ت ته‌قینه‌وه‌کانی یه‌ک سڵی ڕابردووی عێراق و تا ئێستا بۆیان ڕوون نه‌بۆته‌وه که ئه‌م ته‌قینه‌وانه له ڕێگه‌ی که‌سانی خۆکوژه‌وه بووه تاخود له ڕێگه‌ی کۆنترۆڵ له ڕێگه‌ی دووره‌وه و پۆلیس سه‌رگه‌رمی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که‌یه.

له لایه‌کی تره‌وه، کۆشکی سپی، ته‌قینه‌وه‌کانی شه‌وی ڕابردووی شه‌نگالی به دڕندانه وه‌سفکرد و  به بێ ویژدانی تیرۆریستانی زانی و ئامانجیشی به تێکدانی ئارامی و سه‌قامگیری عێراق پێناسه کرد و هاوسۆزی خۆیان له به‌ڕانبه‌ر بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان ده‌ربری. مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش، له په‌یامێک دا، سه‌ره‌خۆشی خۆی له بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان کرد و هاوخه‌می خۆی له‌گه‌ڵیان ڕاگه‌یاند.

خوێندکارانی گیراوی کورد، ئه‌شکه‌نجه کراون و له ره‌وشێکی نادیاردان

مانشێت نیوز، سنه: «سه‌باح نه‌سری» و «هیدایه‌ت غه‌زالی» دوو خوێندکاری کورد و به‌رپرس و ئه‌ندامی شوڕای نووسه‌رانی بڵاوکراوه‌ی خوێندکاری «ڕۆژا مه»، نیزێک یه‌ک مانگه ده‌زگیر کراون و ده‌گوترێ که له ژووری تاکه‌که‌سی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه دا، ئه‌شکه‌نجه دراون و تووشی گووشارێکی زۆر هاتوون و ئێستاش، له ره‌وشێکی نادیار دان.

به گوێره‌ی دواترین زانیاریه‌کان، «سه‌باح نه‌سری»، به‌رپرسی گۆڤاری خوێندکاری «رۆژامه» و «هیدایه‌ت غه‌زالی» خوێندکاری کورد و ئه‌ندامی شۆڕای نووسه‌رانی هه‌مان گۆڤار، به تۆمه‌تێکی نادیار ماوه‌ی زیاتر له یه‌ک مانگه له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌منی ئێران له سنه‌ ده‌زگیر کراوه و ده‌گوترێ که هه ردوو چالاکی خوێندکاری گیراو، له ژووره‌کانی تاکه‌که‌سی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی ره‌ژیم له سنه دا ڕاگیراون و تووشی توندترین ئازار و ئه‌شه‌نجه‌کانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی هاتوونه و ئێستاش له ره‌وشێکی نادیار دان و مه‌زه‌نده ده‌کرێ که بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرابن.

سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م دوو گیراوه، به داخه‌وه تا ئێستا هیچ زانیاریه‌کی ئه‌رێنی سه‌باره‌ت به چاره‌نووس، تۆمه‌تباری، ڕه‌وشی ته‌ندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ئه‌م دوو خوێندکاره کورده دیار نیه و سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنی ئه‌رێنی به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م دوو خوێندکاره، نه ته‌نیا ڕۆڵه‌کانیان ئازاد نه‌کراون به‌ڵکو ئاماده‌ نین که شوێنی گیرانیشیان ڕابگه‌یێنن.

به‌رپرسان و ئه‌دامانی شۆڕایی نووسه‌رانی 8 گۆڤاری خوێندکاری له زانکۆی زه‌نجان، له به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌ش دا، گیرانی سه‌باح و هیدایه‌تیان به توندی شه‌رمه‌زار کردبوو و وێڕای خواستی ئازادی بێ مه‌رجی ئه‌م دوو گیراوه کورد، داوایان له ڕێکخراوه‌ و دامه‌زراوه‌کانی مافی مرۆڤ کردبوو، گرینگی زیاتر له ڕه‌وشی ئه‌م دوو چالاکه خوێندکاریه کورده بده‌ن.

مه‌سعوود بارزانی، ده‌ستی موخابه‌راتی وڵاتانی تر له ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستیه‌کانی شه‌نگال دا ده‌بینێ

مانشێت نیوز، به‌غدا: «مه‌سعوود بارزانی» سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له به‌یاننامه‌یه‌ک دا به‌وپه‌ڕی توڕیه‌وه‌، کرده‌وه تیرۆریستیه‌که‌ی شه‌نگال مه‌حکووم ده‌کات و مخابه‌راتی وڵاتانی تر تاوانبار ده‌کات که به‌م کرده‌وانه ده‌یانه‌وێ موسل و که‌رکووک و دیاله له کورد چۆل بکات.

ناوبراو له به‌یاننامه‌یه‌کی نووسراو دا وێڕای مه‌حکووم کردنی توندی ئه‌م تاوانه دژه مرۆڤیه، داوا له خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات، خۆڕاگرانه به‌ره‌نگاری تیرۆریستان ببنه‌وه و داوا له هێزه‌کانی فره‌ڕه‌گه‌زن و هه‌رێمی کوردستانیش ده‌کات، کوردانی ئه‌م شوێنانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بپارێزن.

ده‌قی په‌یامی «مه‌سعوود بارزانی»

بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پاسه‌وانى هه‌رێم ، وه‌زاره‌تى ناوخۆ ، وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى …

له‌ كاتێكدا كه‌ به‌وپه‌ڕى ئومێده‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدامان كرد تا له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆك كۆمار و به‌رپرسانى دى پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م ته‌نگژه‌ى كه‌ عێراق پێیدا تێ ده‌په‌رێت بدۆزینه‌وه‌ ، له‌م كاته‌دا تیرۆریستانى دژ به‌ هه‌موو به‌هایه‌كى مرۆڤایه‌تى تاوانێكى دیكه‌ى گه‌وره‌یان ده‌رهه‌ق به‌ كورده‌ ره‌سه‌نه‌كانى ئێزدیی له‌ ناوچه‌ى شه‌نگال ئه‌نجامدا و بووه‌ هۆى شه‌هید و برینداربوونى سه‌دان بێ تاوان ، به‌و په‌ڕى تووڕه‌ییه‌وه‌ ئه‌م تاوانه‌ مه‌حكوم ده‌كه‌ین و ده‌زانین كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ موخابه‌راتى چه‌ندین ده‌وڵه‌ت بۆ زووتر ئه‌نجامدانى تاوانى له‌م جۆره‌ دژ به‌ كورد له‌ مووسڵ و كه‌ركووك و دیاله‌ ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ن تا به‌ حیسابى خۆیان ئه‌م ناوچانه‌ له‌ كورد چۆڵ بكرێن ، زۆر ئاشكرایه‌ هه‌ندێ خۆفرۆش له‌ ناوه‌وه‌ش چاوساغى ئه‌و تیرۆریستانه‌ ده‌كه‌ن و داڵده‌یان ده‌ده‌ن ، هه‌ر بۆیه‌ :

یه‌كه‌م : داواكارم له‌ گه‌لى كوردستان خۆڕاگربن و خۆیان بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ته‌واو له‌گه‌ڵ دوژمنان سازبده‌ن و نابێ به‌ هیچ جۆرێك ئاواتى دووژمنان بێته‌دى و ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵ بكه‌ن .

دووه‌م : داوا له‌ حكومه‌تى فیدراڵى و هێزه‌كانى فره‌ڕه‌گه‌ز ده‌كه‌م سنوورێك بۆ ئه‌و تاوانانه‌ دابندرێت كه‌ دژ به‌ كورد ئه‌نجام ده‌درێن .

سێیه‌م : داوا ده‌كه‌م هێزه‌كانى هه‌رێم به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ به‌ هاناى خه‌ڵكى كوردستان له‌و ناوچانه‌ى كه‌ بوونه‌ته‌ ئامانجى تیرۆریستان و دووژمنانى كورد بچن و به‌وپه‌ڕى تووندییه‌وه‌ له‌ تیرۆریستان و هه‌موو ئه‌وانه‌شى هاوكارییان ده‌كه‌ن بده‌ن و چیتر ته‌حه‌موولى ئه‌و بارودۆخه‌ ناكرێت .

چواره‌م : وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى هه‌رێم و هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان هه‌رچى له‌ توانادایه‌ هاوكارى لێقه‌وماوان بكه‌ن و كۆمه‌كیی پێویستیان بۆ ده‌سته‌ به‌ر بكه‌ن .

له‌ خواى گه‌وره‌ داواكارم جێگاى شه‌هیدان به‌هه‌شتى به‌رین بێت و هیواى چاك بوونه‌وه‌ى خێراش بۆ برینداران ده‌خوازم .

مه‌سعوود بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

پازده‌ى ئابى دوو هه‌زار و حه‌فت

هه‌واڵنێرانی بێسنوور داوای ئازادکردنی رۆژنامه‌وانانی گیراوی ئێران له سکرتێری UN ده‌کات

مانشێت نیوز، پاریس: ڕێکخراوی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور له نامه‌یه‌ک دا بۆ سکرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌‌کان، داوا له ناوبراو ده‌کات تا به هێنانی گووشار بۆ سه‌ر ئێران، سزای له‌سێداره‌دانی دوو ڕۆژنامه‌وانی گیراوی کورد «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.

ڕێکخراوی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور له نامه‌یه‌ک دا بۆ «بان کی‌موون» سکرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌‌کان، داوا له ناوبراو ده‌کات که کۆماری ئیسلامی له‌مه‌ر پابه‌ند بوونی به یاسا و په‌یمانه‌‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی وشیار بکاته‌وه و سزای له‌سێداره‌دانی دوو ڕۆژنامه‌وانی گیراوی کورد «عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و ڕۆژنامه‌وانانی گیراوی تر ئازاد بکات.

له نامه‌ی ڕێکخراوه‌که دا هاتووه: سه‌ره‌تایی ترین مافه‌‌کانی هیوا بووتیمار و عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، پێشێل کراوه و ته‌نانه‌ت ئه‌م دوو گیراوه له سزای له‌سێداره‌نی خۆیانیش ئاگادار نه‌بوونه و جێگه‌ی شه‌رمه که له ڕێگه‌ی ڕۆژنامه و له ناو گرتووخانه‌وه ئاگادار ده‌بن که به ئیعدام مه‌حکووم کراون.

«عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار» ڕۆژی 17ی گه‌لاوێژ له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه، دیداریان له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌که‌یان کردووه و زانراوه که هه‌ردوو گیراو له ژووری تاکه‌که‌سی دا ڕاده‌گیرێن و پاش ڕاگوازتنیان بۆ گرتووخانه‌ی سنه، ماوه‌ی مانگێکه که هه‌ر دووک مانیان له‌خواردن گرتووه.

ڕێکخراوی ڕۆژنامه‌وانانی بێ سنوور هه‌روه‌ها له نامه‌که‌ی دا بۆ بان کی موون، سکرتێری گشی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌نووسێ: هه‌ر ئێستا 11 رۆژنامه‌وان که له ئه‌‌نجامی ئه‌رکی سه‌ر شانیان بێ به‌ش کراون له گرتووخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دان و هه‌ندێکیان له دادگایه‌کی نادادپه‌روه‌رانه مه‌حکووم کراون و هه‌ندێکیش خه‌ریکی تێپه‌رکردنی ماوه‌ی سزاکه‌یانن و چه‌ند که‌سی تریشیان بێ ئه‌وه‌ی که دادگای کرابن، له مافی ده‌رمانیش بێ به‌شن و و له گیرانی «کاتی» دان. هێرش بۆ سه‌ر رۆژنامه‌وانان و چاپه‌مه‌نیه سه‌ربه‌خۆکان ڕۆژ به رۆژ په‌ره ده‌ستێنێ و گووشار بۆ سه‌ریان و بانگهێشتیان بۆ مه‌حکمه‌مه و لێپرسینه‌وه زۆرتر ده‌بێت و  ڕۆژنامه‌وانان ناچارن له به‌رانبه‌ر دادگاگه‌لێکی فه‌رمایشی، به‌ره‌وڕووی تۆمه‌تی بێ بنه‌ما، ده‌بنه‌وه.

پاشانیش خیتاب به بان‌کی‌موون نووسراوه که : ڕۆژنامه‌وانان له ئێران پێویستیان به پشتیوانی ئێوه هه‌یه، هاوکاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌توانێ پشتیوانیان بێت له هه‌وڵداناین بۆ ڕێزنان له ئازادی کرده‌وه و ئه‌نجامی ئه‌رکی سه‌رشانیان و ئێمه دڵنیانن که ئێوه‌ ده‌توانن ڕێگه و ئامێرێکی باش ببیننه‌وه بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنان به کۆماری ئیسلامی و ڕێزنان له په‌یماننامه‌کانی جیهانی مافه‌کانی مه‌ده‌نی و سیاسی که خۆی یه‌کێک له واژۆکه‌رانیه‌تی.

ئه‌مریکا سپای پاستارانی ئێران ده‌خاته ناو لیستی گرووپه تیرۆریستیه‌کان

مانشێت نیوز، واشنتۆن: زانرا که ئه‌مریکا به نیازه به مه‌به‌ستی هێنانی گووشاری زۆرتر بۆ سه‌ر ئێران، «سپای پاستاران» بخاته ناو لیسته‌ی گرووپه تیرۆریستیه‌کانی جیهان.

ئه‌مڕۆ هه‌ردوو رۆژنامه‌‌ی به‌ناوبانگی واشنتۆن پۆست و نیۆیۆرک تایمز، له سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراو و پایه‌به‌رزی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکاوه گوازتیانه‌وه که ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا به نیازه سپای پاستارانی ئێران به تۆمه‌تی هاوکاری و پشتیوانی له گرووپه تیرۆریسته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، بخاته ناو لیسته‌ی گرووپه تیرۆریستیه‌کانه‌وه و به‌م شێوه هه‌موو گووشارێکی زۆرتر بۆ ئێران بێنێت و هه‌میش سه‌رچاوه کانی ماڵی ئه‌م ڕێکخراوه دابخات و مامڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سپا قه‌ده‌غه بکات.

ئه‌مریکا له سڵی 1984وه ئێرانی به پشتیوانی له تیرۆ تاوانبار کردووه به‌ڵام ئێستا 43 ڕێکخراوه که له ناویان دا «حیزبوڵا، ئه‌لقاعیده، موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران» له ناو لیسته‌ی گرووپه تیرۆریستیه‌کانی جیهان دان و ئه‌مجاره‌ش ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ ده‌ستی سپای پاستاران له به‌رنامه‌ ناڤۆکیه‌که‌ی ئێرانیش بکشێنێته‌وه و له لایه‌کی تره‌وه به‌ربه‌ستێکی تر دژ به سپای پاستاران له عێراق، ئه‌فغانستان و لوبنان و فه‌له‌ستین ساز بکات و وڵاتانی ئه‌ورووپاس ناچار بکات، له‌م ڕێگه‌وه‌ گووشاری زۆرتر بۆ سه‌ر ئێران بێنن.

سپای قودس، که به‌شی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی سپای پاستارانی ئێرانه، له تیرۆری «دوکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و هاوڕێیان، دوکترۆ شه‌ره‌فکه‌ندی» و به‌شێکی زۆر له ڕێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران له ئه‌ورووپا، ده‌ستی هه‌بووه.

کوردستان مه‌زنترین گرتووخانه‌ی ڕۆژنامه‌وانان له جیهانه

مانشێت نیوز، پاریس: به پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هه‌وڵنێرانی بێ سنوور، هه‌ر ئێستا له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به 5 ڕۆژنامه‌وانی گیراو و به گشتی ئێران به 11 ڕۆژنامه‌وانی گیراو، مه‌زنترین گرتووخانه‌ی رۆژنامه‌وانان له جیهانه.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که له کوردستان ڕێژه‌ی رۆژنامه‌و و ڕۆژنامه‌وانان به نیسبه‌ت زۆربه‌ی شوێن و وڵاتانی جیهان له ئاستێکی که‌م دایه، به‌ڵام هه‌ر ئێستا «محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند»، «ئاکۆ کورد نه‌سه‌ب»، «ئیجلال قه‌وامی»، «کاوه جه‌وانمه‌رد»، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور»، 5 رۆژنامه‌وانی کوردن که به تۆمه‌تگه‌لێکی هاوشێوه و بێ بنه‌ما و به‌ڵگه، له گرتووخانه‌‌کانی کۆماری ئیسلامی دان.

ئاکۆ کورد نه‌سه‌ب؛ رۆژنامه‌وانی کورد و هه‌وڵنێری حه‌وته‌نامه‌ی که‌ره‌فتوو که رۆژی 30 پووسپه ر له شوێنی کاره‌که‌ی له نووسینگه‌ی حه‌وته‌نامه‌که ده‌زگیر و پاش ڕاگه‌یاندنی تۆمه‌تباریه‌کان به ناوبراو له لقی 4ی دادگای سنه، بۆ گرتووخانه‌ی ئه‌م شاره گوازراوه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا هۆی گیرانه‌که‌ی ئاشکرا نه‌بووه، به‌ڵام له لایه‌کی تریشه‌وه‌، ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه و پارێزه‌ره‌کی له ره‌وشی ناوبراو بێ ئاگان.

ئیجلال قه‌وامی؛ ڕۆژنامه‌وانی هه‌وته‌نامه‌ی داخراوی پیام مردم، که له 18ی پووشپه‌ر بانگهێشتی دادگای سنه کراو و پاشان ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی سنه کراوه، تا ئێستا هۆکاری گیرانی ناوبراو دیار نیه، به‌ڵام قه‌وامی 19ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ به کۆمه‌ڵێک تۆمه‌ت و له‌وانه‌، هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به 3 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرابوو و تووشی نه‌خۆشی چاوه و ڕه‌وشی ته‌ندروستیشی باش نیه و پێشتریش له ساڵی 1384 چه‌ند مانگ زیندانی کرابوو.

محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند: سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌نی حه‌وته‌نامه‌ی داخراوی پیام مردم، که ڕۆژی 10ی مانگی پووشپه‌ر ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران کراوه و 8 ڕۆژ مانی له‌خواردن گرتووه و به بیانووی «بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی دوور له ڕاستی و هه‌‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی» گووشاری زۆری بۆدێت که «ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان» هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.

که‌بوودوه‌ند له خه‌رمانانی 1384 به ساڵێک سزای گیران له لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی کوردستان مه‌حکووم کرابوو و تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو «بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌وڵی دوور له ڕاستی به مه‌به‌ستی شێواندنی بیروڕای گشتی، پێکهێنانی کێشه‌ له نێوان هاوڵاتیان به بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و نووسراوه‌ی پێوه‌ست به کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زی» خسترابۆ پاڵی و به 5 ساڵیش قه‌ده‌غه‌بوونی کاروباری رۆژنامه‌وانی مه‌حکووم کرابوو. ناوبراو دوو ساڵه ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام تا ئێستا چه‌ندین جار ماڵپه‌ره‌که‌یان له لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ فیلته‌ر کراوه.

کاوه‌ جه‌وانمه‌رد: ڕۆژی 26ی سه‌رماوه‌زی ساڵی ڕابردوو له سنه ده‌زگیرکرا. ناوبراو ڕۆژنامه‌وان و له نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی که‌ره‌فتوو بوو و له لایه‌ن لقی 6ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنه‌وه له 27ی بانه‌مه‌ر به تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی ئێران به دوو سال زیندان مه‌حکووم کرا.

عه‌دنان حه‌سه‌نپوور: رۆژنامه‌وانی ده‌زگیر کراوی مه‌ریوانی و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی «حه‌سته‌نامه‌ی ئاسۆ»، له ڕۆژی 22ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ و به تۆمه‌تی «هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی ئێران و سیخوڕی بۆ بێگانه‌کان و هه‌وڵ بۆ تێکدانی سیسته‌می کۆماری ئیسلامی»، به بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر و له دادگایه‌کی شاراوه‌ی شۆڕشی ئیسلامی مه‌ریوان دا به سزای له‌سێداره‌دان مه‌حکووم کراوه.

تا ئێستا به هه‌زاران که‌س به‌شداریان له که‌مپه‌ینی ئیمزا له پشتیوانی ناوبراویان کردووه و ڕێکخراوه‌کانی جیهانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌وانی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپاییش، لێدوانیان له مه‌حکووم کردنی سزای له‌سێداره‌دان بۆ ناوبراو داوه.

سوهه‌یل ئاسه‌فی؛ ڕۆژی 9ی گه‌لاوێژ، هێزه‌کانی ئه‌منی و ئیتلاعاتی ره‌ژیم هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ماڵی «سوهه‌یل ئاسفی»، رۆژنامه‌وان و سه‌رجه‌م دیسکی کۆمپیوه‌ته‌ر و سی‌دی و ده‌ستنووس و کتێبه‌کانی ناوبراو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌به‌ن و ڕۆژی 13ی مانگیش بانگهێشتی دادسه‌رای ئینقلابی تاران ده‌کرێت و هه‌ر له‌وێ ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران ده‌کرێ و تا ئێستاش نه ڕێگه به دیتنی دراوه و نه هۆکاری گیران و تۆمه‌تباریه‌کانی له لایه‌ن به‌رپرسانی قه‌زایی ئێرانه‌وه به بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌ره‌که‌ی «ئاسفی» ڕاگه‌یاندراوه.

فه‌رشاد قوربانپوور؛ 9ی گه‌لاوێژ له ماڵی خۆی ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران کراوه و هاوسه‌ره‌که‌ی تا ئێستا توانیویه‌تی جارێک بیبینێ و تۆمه‌ته‌که‌شی به «هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ڕاگه‌یاندراوه و بۆ ئازادکردنیشی مه‌رجی دانانی 200 میلیۆن تمه‌ن، دراوه که بنه‌ماڵه‌که‌ی توانایی دانی ئه‌م بڕه پاره‌یان نیه.

سه‌عید مه‌تین پوور؛ ڕۆژنامه‌وانی هه‌وته‌نامه‌ی یارپاق، هاوکاری رۆژنامه‌کانی خۆجێیی ئازه‌ربایجانی ئێران که ڕێکه‌وتی 5ی جۆزه‌ردان له زه‌نجان ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین له تاران کرا و هۆکاری ده‌زگیرکردن و تۆمه‌تباریه‌کانی دیار نیه و ڕێگه‌ی دیداری له‌گه‌ڵ پارێزه‌ر و بنه‌ماڵه‌ی نادرێ که بیبینن.

سه‌عید محه‌ممه‌دی : (سه‌عید موغانلوو)، نووسه‌ر و شاعیر و سه‌رنووسه‌ری حه‌وته‌نامه‌ی ئازه‌ری یارپاق، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له باکۆی ئازه‌ربایجان، له فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئابادی تاران ده‌زگیر و پاش دانانی بارمته‌ی ماڵی 100 میلیۆن تمه‌نی ئازاد کرا، به‌ڵام په‌ساپۆرتی ناوبراو له لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌منیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌دا گیراوه و تا ئێستاش هۆی گیرانه‌که‌ی نادیاره.

محه‌ممه‌د حوسێن فه‌لاحیه: هه‌واڵنێری که‌ناڵی ئاسمانی «ئه‌لعاله‌م» که ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی به زمانی عه‌ره‌بی ئێرانه، له سه‌رماوه‌زی ساڵی 1385ه‌وه له زیندانه و ڕێکه‌وتی 9ی بانه‌مه‌ری ئه‌مساڵ له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له تاران و له پشت ده‌رگاکانی داخراوه، به تۆمه‌تی سیخوڕی، محاکمه و به سێ ساڵ سزای زیندان مه‌حکووم کراوه و ئێستاش له به‌ندی ئه‌منیه‌تی 209ی ئێڤین دایه و جگه له قه‌ده‌غه بوونی دیداری دۆستان، بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانی، تووشی نه‌خۆشیه‌ و پێویستی به ده‌رمانی له ده‌ره‌وه‌ی زیندان هه‌یه.

عه‌لی فه‌ره‌حبه‌خش: ڕۆژنامه‌وان و کارناسی ئابووری، هاوکاری زۆربه‌ی ڕۆنامه‌ ڕێفرۆمیسته‌کانی وه‌کو «یاس نو، شه‌رق، سه‌رمایه» ده‌کرد و 6ی سه‌رماوه‌زی 85 له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران له فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئابادی تاران ده‌زگیر کرا و 6ی خاکه‌لێوه به تۆمه‌تی سیخوڕی، به سێ ساڵ زیندان مه‌حکووم و 69 هه‌زار دۆلاریشی سزا بۆ بڕایه‌وه و ڕێکخراوی ڕۆژنامه‌وانانی بێ سنوور پێشتر ناڕه‌زامه‌ندی خۆی له نه‌بوونی مافی ده‌رمان بۆ ئه‌م گیراوه ڕاگه‌یاندبوو.

عه‌بدوڵا گوڵ به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی پشتیوانی کوردان، سبه‌ی سه‌ردانی DTP ده‌کات

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، ئیزنی عه‌بدوڵا گول، کاندیدای هه‌لبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری داوه که سبه‌ی سه‌ردانیان بکات و ناوبراویش داوای پشتیوانی و ده‌نگدان له پارله‌مانتارانی کورد بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ده‌کات.

به پێی ئه‌م هه‌واڵه، سبه‌ی کاتژمێر 12ی نیوه‌رۆ، «عه‌بدوڵا گوڵ»، کاندیدی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری تورکیا، سه‌ردانی ناوه‌ندی پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک ده‌کات و داخوازی له ڕێبه‌رانی فراکسیۆنی ده‌ته‌په ده‌کات که جگه له به‌شداری له ناو هۆڵی پارله‌مان له کاتی هه‌ڵبژاردن دا، ده‌نگیشی پێ بده‌ن و ده‌ته‌په‌ش هه‌ر له ئێستاوه ڕایگه‌یاندووه که به‌شداری دانیشتنه‌که ده‌بێت به‌ڵام بۆ ده‌نگدان بریاری نه‌داوه.

«عه‌بدوڵا گوڵ» دوێنێ به فه‌رمی سه‌ردانی پارله‌مانی تورکیای کرد و کاندید بوونی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئه‌م وڵاته ڕاگه‌یاند و هه‌مان رۆژ ده‌ستی به سه‌ردانی ڕێبه‌ران و به‌رپرسانی فراکسیۆنه‌کانی ناو پارله‌مانی کرد و سه‌ره‌تا داخوازی پشتیوانی له پارته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست و پارتی چه‌پی سۆسیال دێمۆکرات کرد و به‌ڵام پارتی کۆماری گه‌ل، که پارتی دووهه‌می تورکیایه، نه ته‌نیا، ڕێگه‌ی به دیداری گوڵ بۆ پارته‌که‌یاان نه‌دا، به‌ڵکو ڕایگه‌یاند که نه ده‌نگ به ناوبراو ده‌دات، نه به‌شداری دانیشتنی رۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ش، ئه‌گه‌ر عه‌بدولا گوڵ ببێته سه‌رکۆمار، کۆشکی کۆماری چانکایا، بایکۆت ده‌کات.

ئه‌مرۆ 15ی ئه‌گۆست (ته‌باخ) ساڵرۆژی ده‌سپێکی شه‌ری پ.ک.ک به‌انبه‌ر تورکیایه

مانشێت نیوز، ئامه‌د: ئه‌مرۆ به‌رانبه‌ره له‌گه‌ڵ 24مین ساڵرۆژی ده‌سپێکی شه‌ری چه‌کداری کۆمه‌ڵێک گه‌ریلایی پ.ک.ک به سه‌رۆکایه‌تی «مه‌هسون کۆرکماز» له ساڵی 1984.

له 15ی ئه‌گۆستی 1984ی زایینی، پاش چه‌ند ساڵ له دامه‌زرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) له رۆژێکی وه‌ک ئه‌مرۆ دا، فه‌رمانده‌یه‌کی پ.ک.ک به ناوی‌ «مه‌هسون کۆرکماز» ناسراو به «ئه‌گید» له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له هه‌ڤاڵانی یه‌که‌م شه‌ریان له به‌رانبه‌ر هێزه‌کانی تورکیا له باکووری کوردستان دا ده‌سپێکرد، که تا ئه‌مرۆ به‌رده‌وامه و تا ئێستا زیاتر له 37 هه‌زار کوژراوی لێکه‌وته‌ته‌وه و هه‌زاران هاوڵاتی کورد له کوردستان کۆچ دراون و زیاتر له 3000 گوند، سووتێندراو و چۆل کراوه و ئه‌نقه‌ره، به ده‌یان میلیارد دۆلاری پاره بۆ ئه‌م شه‌ره ماڵوێرانکه‌ره‌، ته‌رخان کردووه.

دوابه‌دوای 15ی ته‌باخی 1984، ڕۆژ به ڕۆژ ڕێژه‌ی گه‌ریلای پ.ک.ک ڕووی له زیادبوون کردووه و به گوێره‌ی ئیستخباراتی تورکیا ئێستا ئه‌م ڕێژه ده‌گاته زیاتر له 7000 که به زۆری پاش گیرانی ڕێبه‌ری پ.ک.ک، «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» و چه‌ند ساڵ ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه، له زنجیره‌ چیایی سه‌رکێشی «قه‌ندیل» نیشته‌جێن و له‌م دوو ساڵه‌ی دوایی دا سه‌ره‌ڕای هێرشی به‌رده‌وامی تورکیا بۆ هێرشی قه‌ندیل ئه‌م یه‌که نه‌هاتۆته ئاراوه و ئه‌رته‌شی تورکیا بێ ئه‌وه‌ی گوێ به ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی پ.ک.ک دانێ، به‌رده‌امه له سه‌ر هێرشه‌کانی بۆ کوردستان.

سه‌ردانی نهێنی وه‌فدێکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان بۆ ئه‌نقه‌ره

مانشێت نیوز، ئه‌نقه‌ره: زانرا که وه‌فدێکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان به مه‌به‌ستی گفتگۆ له‌سه‌ر کێشه‌کانی کوردستان و تورکیا به نهێنی سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌یان کردووه و 3 ڕۆژه خه‌ریکی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورکیان.

ئاژانسی فورات، ئاشکرای کرد که پاش سه ردانی نووری مالکی بۆ ئه‌نقه‌ره و مۆرکردنی په‌یمانی لێکتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان، ئه‌مجاره  وه‌فدێکی پایه‌به‌رز له پارتی دێمۆکراتی کوردستان، به مه‌به‌ستی گفتگۆ له سه‌ر کێشه‌کانی نێوان تورکیا و کوردستان بۆ وێنه کێشه‌ی که‌رکووک و ماده‌ی 140 و پ.ک.ک، به نهێنی له سه‌ردانی تورکیان و «قادر عه‌زیز»، سه‌رۆکی پارتی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له باری جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140یش له ناو وه‌فده‌که‌دان و مومکینه که ئه‌رکیان گه‌یاندنی ڕا و بۆچوونه‌کانی مه‌سعوود بارزانی سه‌باره‌ت به کێشه‌ی که‌رکووک و پ.ک.ک به ئه‌نقه‌ره بێت.

ئه‌م وه‌فده که ماوه‌ی 3 رۆژه له تورکیان و مه‌زه‌نده ده‌کرێ که ئێستاش هه‌ر له ئه‌نقه‌ره بن، به‌ڵام له‌مباره‌وه نه‌ به‌رپرسانی لایه‌نی تورکی و نه حکومه‌تی هه‌رێم و پارتی دێمۆکراتی کوردستان هیچ لێدوانێکی فه‌رمیان نه‌داوه.

ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی کوردستان به بۆنه‌ی قوربانی بوونی 500 هاوڵاتی ئیزه‌دی، ماته‌مینی گشتیه

مانشێت نیوز، هه‌ولێر: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له به‌یاننامه‌یه‌ک دا وێڕای شه‌رمه‌زار کردنی کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌کانی شه‌نگار و قوربانی بوونی زیاتر له 500 کوردی ئیزه‌دی، ئه‌مڕۆی ماته‌مینی گشتی ڕاگه‌یاند.

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وێڕای شه‌رمه‌زار کردنی توندی ته‌قینه‌وه‌کانی دوێنێی ئاوایه‌کانی نیزێک شه‌نگاو و کوژرانی زیاتر له 250 کوردی ئیزه‌دی و برینداری ڕێژه‌یه‌کی 300 که‌سی، وێڕای جه‌خت له سه‌ر هاوکاری بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان، ئه‌مرۆی وه‌کو ڕۆژی ماته‌مینی گشتی ڕاگه‌یاند.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هێرشی تیرۆریستی‌ که‌ له‌‌ 14ی ئابی 2007 دژ به‌ کوردی‌ ئێزدی ئه‌نجامدرا ڕیسوا و شه‌رمه‌زار ده‌کات

دوێنێ چه‌ند هێرشێکی خۆ کوژی دژی‌ ئێزیدیه‌کان له‌ گر عوزێرو سیبا شێخ خدر، له‌ نزیک موسڵ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه ئه‌نجامدرا‌،‌ بوه‌هۆی شه‌هید بوونی 200 که‌س و برینداربوونی 200 که‌سی تر.

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ ناڕه‌وایه‌ به‌ربه‌ریه‌ دژی قوربانیه سیڤیله‌ بێتاوانه‌کانی‌ ئه‌م که‌مینه‌یه‌ ده‌کات ‌. هاوخه‌می خێزان و که‌سوکاریانین‌.

زۆر سوپاسی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی خێرای هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێزی عێراقی بۆ یارمه‌تی دانی برینداره‌کان و ڕزگاربوه‌کان.

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌نده‌ به‌ یارمه‌تی دانی حکومه‌ت و هێزی ئاسایشی عێراقی بۆ ده‌ستگیرکردنی بکوژه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ی به‌رپرس بوون له‌ پلاندانان بۆ ئه‌م کاره‌ ناڕه‌وایه و پێشکه‌شکردنیان بۆ دادگا. به‌رده‌وامیش ده‌بێت بۆ پێشکه‌شکردنی یارمه‌تی شوێنه‌ زیانپێکه‌وتوه‌کان و رزگاربوه‌کان و که‌س و کاریان.

هه‌‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا سبه‌ی رێکه‌وتی 16.08.2007 ماته‌مینی گشتی بێت له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستان

وته‌بێژ

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

سزای 1 ساڵ زیندان بۆ هاوڵاتیه‌کی سه‌قزی په‌سه‌ند کرا

مانشێت نیوز، سه‌قز: دیوانی باڵای دادی ڕه‌ژیم، سزای 1 ساڵ گیرانی بۆ هاوڵاتی سه‌قزی «عادڵ زه‌فه‌ری» به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی په‌سه‌ند کرد.

به گوێره‌ی په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، دیوانی باڵای دادی ڕه‌ژیمی ئێران، سزای یه‌ک ساڵ گیرانی بۆ هاوڵاتی سه‌قزی «عادڵ زه‌فه‌ری» به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژ به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی په‌سه‌ند کرد.

عادڵ زه‌فه‌ری، هاوڵاتی سه‌قزی له ئاڵۆزیه‌کانی هاوینی ساڵی 1384ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌زگیر و زیندانی کرابوو و پاشان له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامی سه‌قز به 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرابوو و به‌ڵام به داخوازی پێداچوونه‌وه‌ی ناوبراو، دیوانی باڵای دادی ئێران سزاکه‌ی بۆ ساڵێک دابه‌زاند و خۆشی ئه‌مجاره به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی حکومه‌که، خۆی به دادگای سه‌‌قز ناساندووه.

ژنێک له ورمێ به ده‌ستی هاوسه‌ره‌که‌ی کوژرا

مانشێت نیوز، ورمێ: به هۆی ڕه‌دواخستنی خوشکی مێر‌ده‌که‌ی «ئه‌ڵماس جاهید»، ژنێکی کورد له شاری ورمێ به ده‌ستی مێدره‌که‌ی کوژرا.

په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک له هه‌واڵێک دا ڕایانگه‌یاند که «ئه‌ڵماس جاهید» به هۆی کێشه‌ی خێزانی کوژراوه و هۆکاره‌که‌شی ڕه‌دواخستنی خوشکی مێرده‌که‌ی بووه له‌گه‌ڵ که‌سێک له بنه‌ماڵه‌ی مێرده‌که‌ی ڕازی نه‌بوونه‌ کچه‌که‌یان زه‌ماوه‌ندی له‌گه‌ڵ بکات.

هه‌ر بۆیه‌ش هاوسه‌ری ئه‌ڵماس، پاش ره‌دواخستنی خوشکه‌که‌ی له لایه‌ن مرده‌که‌یه‌وه کوژراوه.

«به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» کۆچی دوایی کرد

مانشێت نیوز، تاران: له تارانه‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که ئه‌مڕۆ به‌یانی «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب»، ئه‌ندازیار و پارله‌مانتاری پێشووی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له مه‌جلیسی ئێران، کۆچی دوایی کردووه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب، سه‌ر له به‌یانی ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه، به هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه، له نه‌خۆشخانه‌ی مێر له تاران کۆچی دوایی کرد.

ئه‌ندازیار «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌بن»، که‌سایه‌تی سیاسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له دوو خولی پێنجه‌م و شه‌شه‌می پارله‌مانی کۆماری ئیسلامی به نوێنه‌رایه‌تی ها‌وڵاتیانی سنه‌یی له پارله‌مانی ئێران بوو و له خولی شه‌شه‌می پارله‌مانی ئێران دا به پێشاهه‌نگی ناوبراو «فراکسیۆنی پارله‌مانتارانی کورد» له پارله‌مانی ئێران پێکهات و نوێنه‌رانی کوردی له‌ده‌وری یه‌ک کۆکرده‌وه و پاش شکه‌ستی پرۆسه‌ی به ناو ڕێفۆرمخوازی و ڕێگه‌نه‌دان به دووباره خۆکاندیدکردنیان، له ڕۆژانی کۆتایی پارله‌مانی خولی شه‌شه‌م دا، ئیستفایی کرد و هه‌ڵبژاردنی خوله‌کانی دوایی پارله‌مانی ئێرانیشی بایکۆت کرد.

ئه‌ده‌ب به هاوکاری هه‌ندێک له دۆستان و پارله‌مانتارانی پێشووی کورد، نیزێک به ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر «به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد»یان له چوارچێوه‌ی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دا دامه‌زراند و تا کۆتایی ژیانیشی وته‌بێژی هه‌مان به‌ره بوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان سه‌ره‌خۆشی کۆچی دوایی «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» ده‌کات

مانشێت نیوز، تاران: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له به‌یاننامه‌یه‌کیئ نووسراو دا سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ و دۆستانی ئه‌ندازیار و سیاسه‌تڤان «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» ده‌کات.

له به‌یاننامه‌ی نووسراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دا هاتووه :

ئاگادار بووین که «ئه‌ندازیار به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب»، چالاکی سیاسی، دامه‌زرێنه‌ری «به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد» و «نوێنه‌ری هاوڵاتیانی سنه و کامیاران و دیوانده‌ره» له خوله‌کانی 5 و 6ی پارله‌مانی ئێران، به هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه، له نه‌خۆشخانه‌ی مێهر، له تاران کۆچی دوایی کرد.

ڕ.م.م.ک، خه‌م و داخی قووڵی خۆی له کۆچی دوایی و له‌ناکاوی «به‌هائه‌دین ئه‌ده‌ب» ڕاده‌گه‌یێنێ و خۆی له خه‌می بنه‌ماڵه، دۆستان و لایه‌نگرانی ناوبراو دا به شه‌ریک ده‌زانێ.

25ی گه‌لاوێژی 1386

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: