ئەرشیوی مانگی شەشی ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ 1

ئیبڕاهیم تاتلی‌سه‌س خۆی وه‌کو کاندیدی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان ناونووس کرد

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: ئیبڕاهیم تاتلی‌سه‌س گۆرانیبێژی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد، خۆی وه‌کو کاندیدایی سه‌ربه‌خۆ له شاری له‌دایکبوونی ئوڕفا (ڕوحا) ناونووس کرد و بریاره به‌شداری هه‌لبژاردنه‌کانی پارله‌مانی تورکیا له مانگی داهاتوو دا بێت.

ئیبڕاهیم تاتلی‌سه‌س، گۆرانی بێژی ناسراوی کوردی باکووری کوردستان، له ڕێگه‌ی پارێزه‌‌ره‌وه به فه‌رمی له شاری له‌دایکبوونی «ئوڕفا» وه‌کو کاندیدایی سه‌ربه‌خۆ خۆی ناونووس کرد تا ته‌ڤڵی هه‌لبژاردنه‌کانی گشتی بێت و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ ده‌نگیش بێنێته‌وه و ببێته ئه‌ندام پارله‌مانی تورکیا، به‌لام ڕوون نیه که مومکینه له پارله‌مان لایه‌نگری له‌ کام پارت و بیرۆکه‌ی سیاسی بکات.

ئیبڕاهیم تاتلی سه‌س، به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورده‌ و هاوشاری ئۆجه‌لان و شوان په‌روه‌ر و ده‌یان که‌سایه‌تی ناوداری کورده و به تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا جه‌ختی له سه‌ر کوردبوونی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام جار هه‌یه‌ که به مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و مه‌ترسی سیاسی و گیانی ئینکاری ئه‌م یه‌که ده‌کات. زانیاریه‌کانی ژێر په‌رده‌ باس له‌مه‌ ده‌که‌ن که تاتلی‌سه‌س ده‌یه‌وێ هه‌ندێک له کێشه‌کانی یاسایی و ماڵیاتی خۆی له ڕێگه‌ی بوونی به نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مان بشارێته‌وه.

تاڵه‌بانی و بوش له کۆشکی سپی به‌یه‌ک گه‌یشتن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: جه‌لال تاڵه‌بانی و جۆرج بوش، سه‌رکۆمارانی عێراق و ئه‌مریکا له کۆشکی سپی به‌یه‌ک گه‌یشتن و له دیدارێکی دۆستانه دا باس له کێشه‌کانی ئاسایشی عێراق، چۆنیه‌تی ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه و چه‌ند پرسی تایبه‌ت به ناوچه‌که‌یان کرد.

له‌م دیداره‌دا، جۆرج بوش، پشتیوانی و هاوکاری گه‌لی ئه‌مریکا و حکومه‌ته‌که‌ی بۆ مام جه‌لال و عێراقیه‌کان دووپات کرده‌وه و وتیشی که سه‌ربازه‌کانیان له به‌دی هاتنی ئاسایشی له عێراق ده‌مێننه‌وه و له به‌شێک له قسه‌کانیشی دا سپاسی هه‌ڵوێست و هه‌وڵه‌ ئاشتی خوازانه‌که‌ی مام جه‌لالی کرد بۆ پێکهێنانی ئارامی و ئاشته‌وایی نیشتمانی له عێراق. جۆج بوش هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ پێویستى به ئاکام گه‌یشتنی یاساى نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌كانی کرد.

جه‌لال تاله‌بانی، سه‌رکۆماری عێراقیش وێڕای سپاسی هاوشێوه له بوش و گه‌لی ئه‌مریکا، وتی که بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ئه‌منی عێراق پێویسته کوردستان به نموونه وه‌ربگیرێ چونکه هه‌رێمێکی ئارامه و ده‌توانرێ له‌م ئه‌زموونه که‌ڵک وه‌ربگیرێ.

هه‌روه‌ها حکومه‌تی ئه‌مریکا بریاری داوه که «میگان ئۆسلیڤان» که له‌ سه‌رده‌مى «پۆل برێمه‌ر» یه‌که‌م به‌رپرسی ئه‌مریکا دوایی شه‌ری عێراق كارى كردوه‌ و ئێستا بۆ كاروبارى عێراق و ئه‌فغانستان له ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریكا راوێژكارى جۆرج بوشه‌، ره‌وانه‌ی عێراق بکرێت.

ئۆجه‌لان: هێرش بۆ کوردستان، ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی تورکیا

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: عه‌بدولا ئۆجه‌لان له دیداری پارێزه‌رانی دا وتی که وه‌فدێک له کۆمیته‌ی جیهانی به‌رگری له ئه‌شکه‌نجه‌دا هاتۆته ئیمراڵی و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردووه و سه‌باره‌ت به هێرشێکی چاوه‌ڕوانکراو بۆ سه‌‌ر کوردستان وتی که ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی ستراتێژیکی تورکیا.

 ڕۆژی چوارشه‌ممه پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان سه‌ردانی گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سی ئیمڕاڵیان کرد و له دیداری ئۆجه‌لان دا، باسی گرینگ و هه‌ستیار سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ کوردستان، هه‌لبژاردنه‌کانی گشتی تورکیا و ناوه‌ڕۆکی هاتنی وه‌فدی کۆمیته‌ی جیهانی به‌رگری له ئه‌شکه‌نجه و به زۆری باسی تیۆریک سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، حکومه‌تی دێمۆکراتیک و نووسینی پارێزنامه‌ی نوێی هاته ئاراوه که به کورتی ئاماژه‌یان پێده‌کرێ.

ئۆجه‌لان وتی که وه‌فدی کۆمیته‌ی جیهانی به‌رگری له ئه‌شکه‌نجه هاتۆته ئیمراڵی و دوو رۆژ ماوه‌ته‌وه و به وردی لێکۆلینه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ته‌ندروستی، بارودۆخی گرتووخانه‌که و که‌ش و هه‌وایی شوێنه‌که کردووه و تاڵێکی مووی سه‌ریشیان بۆ تاقیکردنه‌وه له‌گه‌ڵ خۆ بردووه و گووتووشیانه که له‌مباره‌وه زانیاری ده‌ده‌ن.

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک وتیشی که سه‌باره‌ت به چه‌مکی ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی یه‌کپارچه‌ش له نوێترین پارێزنامه‌یی دا باسێکی تیۆریکی هێناوه‌ته گۆر که باس له مێژووی سیاسی پێکهاتنی تورکیا و چه‌مکی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌‌یی ده‌کات و پاشان ڕاوه‌سته‌یی له سه‌ر قه‌یرانی ئێستایی تورکیا له سه‌ر یاسایی بنه‌ره‌تی و ویستی گۆڕان له لایه‌ن ئاکه‌په‌وه کرد و ته‌نیا ڕێگه‌ی ڕزگاری تورکیا له سه‌رجه‌م کێشه‌کانی تورکیایی به پێکهاتنی «مۆدێلی ده‌وڵه‌تێکی دێمۆکراتیک»ه.

ناوبراو ئاماژه‌ی به ره‌وشی کورد له باشووری کوردستانیش کرد و ئاماژه‌ی به چه‌ند نموونه هاوپه‌یمانی مومکین کرد که ئه‌گه‌ری پێکهاتنیان له ئارادایه. ئۆجه‌لان هاوپه‌یمانی کورد و عه‌ره‌ب به گشتی ده‌بینێت و ده‌ڵێ ئه‌مه کورد ده‌پارێزێ و به‌ڵام مومکینیشه که کوردان و شیعه‌کان به یه‌که هاوپه‌یمانی به هێزتر پێک بێنن و به هۆی پێوه‌ندی و نزیکایه‌تی مێژوویش ئێران بێته ناو یه‌کگرتنه‌که و ئه‌مه‌ش هێزێکی نوێ و به هاوپه‌یمانی کورد له ناوچه‌که پێک بێنێت.

سه‌باره‌ت به هێرشی چاوه‌ڕوانکراوی تورکیا بۆ باشووری کوردستانیش ئۆجه‌لان له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه که ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی تورکیا و نه ته‌نیا کوردستانه‌که‌ی له ده‌ست ده‌چێت به‌ڵکو خۆشی تووشی له‌ناوچوونێکی ستراتێژک ده‌بێت و خه‌ساری مه‌زن ده‌بینێ.

ناوبراو ده‌لێ که وا دیاره له‌م ساڵانه‌ی دواییدا حکومه‌تی ئاکه‌په به هێنانی سه‌رمایه‌یی ده‌ره‌کی ئابووری تورکیایی باشتر کردووه، به‌ڵام ئه‌م یه‌که به به‌هایی فرۆشتنی نیوه‌ی تورکیا هاتۆته ئاراوه.

هێرشی 500 هه‌زار عه‌سکه‌ر یا خود بۆردومان و ئه‌مانه ناتوانن پ.ک.ک له ناو به‌رن و کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکه‌ن. به‌ڵکو ره‌وشی ئابووری تورکیا تێک ده‌چێت. من وا بیر ناکه‌مه‌وه که تورکیا هێرش ده‌کاته کوردستان به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته دا قه‌یران دێته ئاراوه و ئابوور تێک ده‌چێت و ناچار سه‌رمایه‌یی ده‌ره‌کی ده‌چێته ده‌ر و ده‌بی نیوه‌ی ماهو‌ی وڵاتیش بفڕۆشترێ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته کۆتایی هاتنی تورکیا.

ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی گشتی تورکیاش ده‌ڵێ: باش ده‌بێت ئه‌گه‌ر کورده‌کان له‌م شوێن و ناوچانه که چه‌په‌کان به‌هێزن، بژارده‌ی سه‌ربه‌خۆیی هاوبه‌ش بناسێنن تا ده‌نگی زۆرتر به‌ده‌ست بێنن. به‌ڵکو بتوانن 40 تا 50 نوێنه‌ر بنێرنه پارله‌مان و بتوانن دوو گرووپ له ناو پارله‌مان پێک بێنن.

ئه‌مریکا داوا له هاوڵاتیانی ده‌کات سه‌ردانی ئێران نه‌که‌ن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داوای له‌ هاوڵاتیانی خۆی كرد، كه‌ سه‌‌ردانی وڵاتی ئێران نه‌که‌ن بۆیه‌که هه‌ندێک له ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی ئێرانی دژ به ئه‌مریکا و هاوڵاتیانی ئه‌م وڵاته‌ن.

له لایه‌ک ئه‌مریکا هۆی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م داواکاریه‌یی دژایه‌تی به‌شێک له گه‌ل و ده‌زگاکانی حکومی ئێران به‌رانبه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌مریکا ڕاگه‌یاندووه و له لایه‌کی تریش داوا له تاران ده‌کات که هه‌رچی زووتر ئه‌م سێ هاوڵاتیه ئێرانیه‌ ئازاد بکات که ماوه‌یه‌کی ده‌زگیر کراون.

نازی عه‌زیما، هه‌والنێری ڕادیۆ فه‌‌ردا، هاله ئه‌سفه‌ندیاری، مامۆستایی زانکۆ و پرۆفیسۆری لێکۆڵێنه‌ری ئه‌مریکی به ڕه‌گه‌ز ئێرانی له لایه‌ن حکومه‌تی تارانه‌وه ده‌زگیر و به تۆمه‌تی سیخوڕی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بێگانه‌کان و تۆمه‌تی هاوشێوه گرتوونی و ڕێگه‌یان پێنادات بگه‌رێنه‌وه ئێران.

عه‌لی شاکه‌ری، هاوڵاتی تری ئه‌مریکایی-ئێرانیش  که دامه‌زرێنه‌ری ناوه‌ندی «هاوڵاتیان بۆ ئاشتی»یه له ئێران ده‌زگیر کراوه و ئێستا له گرتووخانه‌ی ئه‌ڤینی تارانه.

تورکیا به 3 بیانووی سه‌ربه‌خۆیی کوردان، چاره‌نووسی تورکمانه‌کان و نه‌وتی که‌رکووک و پ.ک.ک، هێرش هه‌ر ده‌کاته کوردستان!

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: شه‌وی ڕابردوو له پرۆگرامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی دا کارناسێکی سیاسی تورکیا گوتی که دره‌نگ یا زوو، به 3 بیانووی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردان، له‌مه‌ترسی که‌وتنی چاره‌نووسی تورکمانه‌کان و نه‌وتی که‌رکووک و پ.ک.ک، هێرش هه‌ر ده‌کاته کوردستان!

شه‌وی هه‌ینی 31ی مه‌ی، «مه‌مه‌د‌عه‌لی بیراند» رۆژنامه‌وانی ناوداری تورک له پرۆگرامی 32 گونی که‌ناڵی D ی تورکیا دا دووکارناسی سیاسی که یه‌کێکیان «دوکتۆر ئومید ئۆزداغ» بوو، ئیلنوور چه‌ویک، به‌رپرسی به‌شی ڕاگه‌یاندنی «نیو ئاناتۆلی»، «ئونور ئویمه‌ن، جێگری پارتی کۆماری گه‌ل، «سیناسی ده‌میر، ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشینی تورک و «سه‌فین دزه‌یی»، به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دێمۆکراتی کوردستانیشی (به ته‌له‌فۆن) بانگهێشت کردبوو و تێیدا باسیان له سه‌ر ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان، ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تورکیا و ئه‌مریکا و کۆمه‌ڵێک کێشه‌یان له‌ پێوه‌ندی پ.ک.ک و ئاسایشی تورکیا دا هێنایه‌ به‌ر باس.

مه‌مه‌د عه‌لی بیراند له سه‌ره‌تا له میوانه‌کانی پرسی که بۆچی ده‌بێت تورکیا هێرش بکاته کوردستان و ئایا ڕوبه‌ڕووی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا ده‌بێته‌وه و که‌ش وهه‌وایی گشتی باشووری کوردستان وڕوانگه‌ی

حکومه‌تی هه‌رێم له‌م پێوه‌ندیه‌وه چیه؟

سه‌ره‌تا ئیلنوور چه‌ویک رۆژنامه‌وانی تورک وتی که له باشووری کوردستان مێدیاکان به ڕاده‌ی پێویست نیگه‌رانیه‌کانی تورکیا له‌مه‌ر پ.ک.ک به ڕایی گشتی ناگه‌یێنن و له لایه‌کی تره‌وه له لایه‌کی تریش باشووری کوردستان به تایبه‌ت له‌م دوایانه دا به ره‌ورووی چه‌ند هێرشی تیرۆریستی بۆته‌وه و ئه‌وان زیاتر ئه‌لقاعیده‌ و پارته سیاسیه‌کانی ئیسلامی توندڕۆ به کێشه‌ و مه‌ترسی خۆیان ده‌زانن.

ناوبراو وتی که بیروڕایی گشتی پ.ک.ک له خۆیان ده‌زانن و ئه‌م گرووپه ئه‌گه‌رچی به مایه‌یی نیگه‌رانی خۆیان ده‌زانن به‌لام وه‌کو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک دژ به خۆیانی ناوزه‌د ناکه‌ن و له‌گه‌ڵیان دا به ئاسایی مامه‌ڵه ده‌که‌ن، پێوه‌ندی سیاسی و بنه‌ماڵه‌یی درووست ده‌که‌ن.

«سیناسی ده‌میر»، ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشینی ئه‌رته‌شی تورکیاش له‌مباره‌وه وتی که ئه‌رته‌شی تورکیا له جیهان دووهه‌مین و له ناوچه پاش ئه‌مریکا به‌هێزترین و مه‌زنتیرین هێزی چه‌کداره و به ئاسانی ده‌توانێ هێرش بکاته سه‌ر کوردستان و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ به سێ جۆر بێته پێش:

تورکیا ده‌توانێ به هێرشی ئاسمانی که‌مپ و بنکه‌کانی پ.ک.ک له قه‌ندیل و باشووری کوردستان وێران بکات.

تورکیا ده‌توانێ له سه‌ر سنوور ناوچه‌یه‌کی تامپۆن (پارێزراو) درووست بکات و نه‌هێڵێ جیتر ئه‌ندامانی پ.ک.ک دزه بکه‌نه ناو خاکی تورکیا

هێرشێکی به‌رفراوانی زه‌وینی و ئاسمانی به‌ یه‌که‌وه ئه‌نجام بدات

ئه‌گه‌رجی هیچ کام له‌م ڕێگه‌یانه ناتوانن پ.ک.ک و کێشه‌که به گشتی له ناو به‌رن.

ئه‌وه له کاتێک دابوو که ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشین جه‌خت له سه‌ر هاوکاری وه‌رگرتن له ئێران ده‌کات دژ به پ.ک.ک و ده‌لێ که سه‌ره‌تا پێویستیشه سه‌رچاوه ئابووریه‌کانی کوردستان و پ.ک.ک له ناو ببردرێن و پێش له ئابووره‌که‌یان بگیرێ.

ژه‌نه‌رالی خانه‌نشی گوتیش که ئه‌گه‌ر بریار بێت ئێمه هێرش بکه‌ینه باشووری کوردستان و ئه‌مریکا بێت و له‌گه‌لمان شه‌ر بکات، موشکله نیه. ئه‌رته‌سی تورکیا ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی بۆ ئه‌مه‌ش هه‌یه و پێشبینی هه موو سێناریۆیه‌کانی چاوه‌ڕوانکراوی هێرشێکی هاوشێوه‌ی کردووه و جێگه‌ی نیگه‌رانی نیه.

ئه‌مجاره ئێره وڵاتی ئێمه‌یه و ئه‌مریکا به‌م سه‌ربازه که‌مه و ئه‌م بارودۆخه‌ی که تێیدا و باری ره‌وانی سه‌ربازه‌کانی ناتوانێ له‌گه‌ل ئه‌رته‌شی تورک بجه‌نگێ.

ئونور ئویمه‌ن، جێگری پارتی کۆماری گه‌ل وتی که حکومه‌تی ئاکه‌په‌، جه‌ساره‌ت و بوێری پێیویستی نیه بۆ ئه‌وه که هێز له به‌رانبه‌ر باشووری کوردستان و پ.ک.ک دا به کار بێنێ و ده‌لێن که به باشی نازانین. کاتێک که عێراق و ئه‌مریکا و نه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دژ به پ.ک.ک هیج هه‌نگاوێک هه‌لنایه‌نن، ناچار ده‌بین که ئێمه ئاسایشی خۆمان بپارێزین و هێرس بکه‌ین و به پێی یاساکانی نێو ده‌وله‌تی پاراستنی خۆمان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان بکه‌ین و ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا نه‌توانێ یارمه‌تیمان بکات و وه‌کو ئه‌ندامێکی ناتۆ نه‌توانێ و نه‌هێڵێ که ئێمه خۆشمان هه‌وڵ بۆ ئاسایشی تورکیا بده‌ین ئه‌وه به مانایی کۆتایی هاتنی په‌یمانی ناتۆیه.

له هه‌مان کات دا «ئومید ئۆزداغ» که پرۆفیسۆری زانکۆیه و کارناسی کاروباری سیاسی وتی: تورکیا ولاتێکی به هێزه و به هه‌ر بیانوویه‌ک ده‌توانێ هێرش بکاته سه‌ر کوردستان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لانی که‌م بۆ ڕایی گشتیی جیهان سێ بیانووی باشی هه‌یه

به بیانووی پاراستنی مافی تورکمانه‌کان و نه‌وتی که‌رکووک ده‌توانین هێرش بکه‌ین

به بیانووی پ.ک.ک و پاراستنی ئاسایشی تورکیا

ئه‌گه‌ر بێت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕابگه‌یێندرێ که ئه‌مه ده‌بێته هۆی کێشه‌ و قه‌یرانی ستراتێژیک بۆ داهاتووی جوگرافیایی سیاسی تورکیا و بیانوویه‌کی ته‌واوه که تورکیا هێرش بکات.

که‌وابوو ئێمه به هه‌ر هه‌مان سێ ڕێگه‌ وبیانوو بۆمان هه‌یه بچین و باشووری کوردستان داگیر بکه‌ین.

ئومید ئۆزداغ که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر خۆ بۆ کاندیداتۆری سه‌رۆکایه‌تی پارتی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆناڵیستی تورکیا (MHP) کاندید کرد به‌ڵام هه‌ڵنه‌بژێردرا و تورکێکی ئۆڵترانه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (فاشیست)ه و سێ جۆریش له شێوازه‌کانی هێرش بۆ سه‌ر کوردستان ناو برد و گوتی که هه‌م له ڕێگه‌ی ئاسمانی و هه‌م زه‌وینی و هه‌م هه‌ردوو شێوه به یه‌که‌وه ده‌توانێ ڕوو بدات، به‌ڵام سه‌ره‌تا باشتره که ڕێگه‌ی ئابووری له‌ بارزانی و تاڵه‌بانی بگیرێ.

ناوبراو ئیدعایی کرد که بارزانی و تاله‌بانی زیاتر له 137 کۆمپانی ئابووریان له ناوچه‌ی سه‌ربه‌ستی ئابووری که‌ستیگه‌یی مه‌رسین له تورکیا هه‌یه و له میانه‌یی نه‌وه‌ته‌کاندا مه‌سعوود بارزانی لانی که‌م به به‌ڵگه‌وه سه‌لمێندراوه زیاتر له 100 میلیۆن دۆلار و تاڵه‌بانی 20 میلیۆن دۆلاری له تورکیا یارمه‌تی مادی وه‌رگرتووه و له به‌رانبه‌ر دا چه‌ند سڵ دژ به پ.ک.ک جه‌نگاون و وتیشی که ئێمه‌ش ده‌بی باشووری کوردستان وه‌کو ئێران بترسێنین و سنووری برایم خه‌لیلیان لێ قه‌پات بکه‌ین.

ئێران ئه‌م کاره ده‌کات و بۆیه‌ش یه‌کێتی و پارتی حیساب بۆ ئێران ده‌که‌ن، ئێران سۆخیان له‌گه‌ڵ ناکات و به جیددی کێشه‌یان بۆ ساز ده‌کات به‌ڵام ئێمه ته‌نیا به دروێ و ده‌هۆل و زورنا ده‌مانه‌وێ بیانترسێنین. کاره‌با و سووته‌مه‌نیا لێ قه‌پات بکه‌ین و خاپوور ببه‌ستین ئه‌مجاره ناتوانن به‌م شێوه به قسه‌شمان نه که‌ن و درێژه به هه‌ڕه‌شه‌کان بده‌ن.

ئه‌مجاره «سه‌فین دزه‌یی» به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، که به شێوه‌ی زیندوو له هه‌ولێره‌وه ئاماده‌یی پرۆگرامه‌که بوو، پاش ئه‌وه‌ی که زیاتر له کاتژمێرێک کێشه‌ی ته‌کنیکی بۆ پێوه‌ندیه‌که‌ی ساز ببوو(که وادیار بوو به ئه‌نقه‌ست ساز کرابێ تا گوێیی له  قسه‌کان نه‌بێت)، هاته ناو به‌رنامه‌که و جوابی پرسیاره‌کانی داوه.

مه‌مه‌د عه‌لی بیراند باسه‌که‌ی به کورتکراوه‌یی بۆ سه‌فین دزه‌یی باس کرد و ناوبراویش به‌م شێوه‌یه ده‌ستی به قسه‌کانی کرد:

دیاره ئێمه به‌رده‌وام له تورکیا وه‌کو مه‌ترسیه‌ک باسمان لێده‌کرێ و ئه‌مه‌ش چه‌نده له ڕێگه‌ی مێدیاکانه‌وه گه‌وره‌ کراوه‌ته‌وه دیاره به‌ڵام جێگه‌ی باس نیه. ئێمه سه‌ره‌تا ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌نقه‌ره‌مان مه‌حکووم کرد و پێمان ناخۆش بوو. سه‌باره‌ت به پ.ک.ک، ئه‌م پارته کێشه‌ی ناوخۆی ئێمه نیه به‌ڵکو هی تورکیایه و ته‌نیا که‌ڵک له به‌شێک له سنووره‌کانی ئێمه وه‌رده‌گرێ بۆ ئامانجه‌کانی و ڕێگه‌ی له چه‌ندین گوندی ئێمه‌ش گرتووه که ئاوه‌دان بکرێنه‌وه.

وه‌کو پێشتر بینیمان ئۆپێراسیۆنی سه‌ربازی ئاکامی لێناکه‌وێته‌وه و لازمه که ڕێگه‌ی تر و چاره‌سه‌ری دۆستانه بێته به‌ر باس بۆ کۆتایی هێنان به‌م کێشه…

ئێوه‌ که ده‌زانن هه‌ر گرووپێکی تیرۆریستی له هه‌ر شوێنێک بێت چ له له‌نده‌ن و نیۆیۆرک و هتد ته‌قه‌مه‌نی خۆی په‌یدا هه‌ر ده‌کات و ئێمه له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که چون کێشه‌ی پ.ک.ک هی ناوخۆیی تورکیایه لازمه له ناوخۆیی تورکیاش چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین که مه‌جرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی میکانیزم و ڕێگا چاره‌یه‌ک ببینینه‌وه.

سه‌فین دزه‌یی سه‌باره‌ت به ئاستی پێوه‌ندیه‌کانی ئێستایی نێوان حکومه‌تی کوردستان و تورکیاش گوتی: به داخه‌وه ئێمه خه‌ریکه له پێوه‌ندیه‌کانمان دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵه‌کانی پێش 1991. شه‌ری که‌نداو ئێمه‌ تووسی دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل تورکیا کرد و به‌ڵام بارودۆخ و ستاتوویی نوێی کوردستان پاش هێرشی ئه‌مریکا، که‌ش و هه‌وایی دیالۆگی نه‌هێشتووه و هه‌ندێک لێدوان له مێدیاکان جێگه‌ی دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ و پێویستی گرتۆته‌وه.

ئێمه به ئاشکرا ڕاده‌گه‌یێنین که نه ئێمه‌ وه‌کو کوردستان، نه حکومه‌تی عێراق و نه ئه‌مریکاش بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پ.ک.ک باس له هه‌نگاوی سه‌ربازی ناکه‌ن و دژایه‌تی ئه‌م یه‌که‌ش ده‌که‌ن که‌چی سه‌ره‌ڕایی ئه‌مه ئێمه‌ش کێشه‌کانی تورکیا باش ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌م وڵاته به ته‌نیایی پێداگره له سه‌ر چاره‌سه‌ری سه‌ربازی.

ئه‌مجاره ئونوور ئویمه‌ن، له سه‌فین دزه‌یی پرسی که هۆی چیه، ساڵه‌کانی 1996 ئێوه‌ شه‌ڕتان له‌گه‌ل پ.ک.ک ده‌کرد و ئێستا نایکه‌ن، ئایا پێتان وایه ئه‌و کات هه‌ڵه‌تان کردووه، پێتان ئیشتبایه، پ.ک.ک به هی خۆتان و له خۆتان ده‌زانن یا ئه‌وه که ئه‌مریکایه بۆته هۆی نه‌جه‌نگانی ئێوه له‌گه‌ڵ پ.ک.ک؟

سه‌فین دزه‌یی له جواب دا وتی: ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌‌ش حه‌ز له سیاسه‌ت و ڕوانگه‌یی پ.ک.ک ناکه‌ین، به‌ڵام کاتێک که شه‌رمان له‌گه‌ل کرد به هیچ ئاکامێک نه‌گه‌یشتین و پێمان باش نیه که شتێکی ناسه‌رکه‌وتوو و هه‌ڵه دیسان دووپات بکه‌ینه‌وه و جگه له‌مه‌ش ئێمه ئاماده‌ین سه‌باره‌ت به هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک له که‌لتووری و سیاسی و ئابووریه‌ بگره تا کێشه‌کانی کۆمه‌لایه‌تی و سه‌ربازی گفگۆیان له سه‌ر بکه‌ین.

دیسان پرسیاری ئه‌وه له سه‌فین دزه‌یی کرا که بۆجی ڕێبه‌رانی کورد هه‌ڕه‌سه له تورکیا ده‌که‌ن؟

سه‌فین دزه‌یی‌ له وه‌ڵام دا وتی: هه‌ر که‌س مافی ئه‌مه به خۆی ده‌دات که باسی که‌رکووک بکات و ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆیی ئه‌م شاره بکات. به‌ڵام کاتێک که ئێمه‌ وه‌ڵامی ده‌ستێوه‌ردانه‌کان ده‌ده‌ینه‌وه، وته‌کانمان به هه‌ڕه‌شه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. ئه‌وجار لێدوان له ڕێگه‌ی مێدیاکانه‌وه درووست نیه. که‌ش و هه‌وایی هه‌لبژاردن له تورکیاش بۆته هۆی ئه‌مه که هه‌ندێک لێدوانی توند له به‌رانبه‌رمان بدرێن. ئه‌گه‌رچی ده‌بی باش بزانرێ که ئێمه‌ش نامانه‌وێ که هیچ که‌س هه‌ڕه‌شه‌مان لێبکات، به‌ڵکو پێوه‌ندی باش و دۆستانه له‌گه‌ڵ دراوسێکان ده‌خوازین. ئێمه‌ش ده‌زانین که وڵاتانی بێگانه که له دووره‌وه هاتوون رۆژێک ئێره به‌جێدێلن به‌لام ئێمه‌ین که 1000 ساله به یه‌که‌وه ده‌ژین و پێویسته دراوسێی باش بین وبه عه‌قلی سه‌لیم به یه‌که‌وه ڕه‌فتار بکه‌ین و وێنه‌ی ناهومێدکه‌ر له یه‌کدی ساز نه‌که‌ین.

بیراند له دزه‌یی پرسی که ئایا، ئه‌مریکا ڕاپۆرتی جموجۆڵی سه‌ربازی تورکیا به کوردستان ڕاده‌‌گه‌یێنێ و ناوبراویش وتی که ئێمه له هه‌ر پێوه‌ندیه‌ک دا هاوکاری به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه و ئاڵوگۆری زانیاری ده‌که‌ین و بۆ کێشه‌کانی سه‌ر سنوور و تیرۆر و زۆر مه‌سه‌له‌ی تر. پێوه‌ندیه‌کانی تورکیا و ئه‌مریکاش هیچ عه‌لاقه‌یه‌کی به ئێمه‌وه نیه.

ئایا هێرس ده‌کرێته کوردستان له لایه‌ن تورکیاوه؟

سه‌فین دزه‌یی وتی: بڕوا ناکه‌م. ئه‌مه شتێکی نوێ نیه. له نه‌وه‌ته‌کانه‌وه ئه‌م باسه هه‌یه. به‌لام ئێمه خۆمان تووشی شه‌ڕی دژه تیرۆرین و ئه‌گه‌رچی عێراق ئاڵۆزه و تووسی کێشه ی ئاسایشیه به‌ڵام خاوه‌ن سه‌روه‌ریه و قه‌بووڵ ناکات که هێرشی بکرێته سه‌ر و خاک و مافه‌کان و سه‌ڕوه‌ریه‌که‌ی پێشێل بکرێ.

سه‌فین دزه‌یی له کۆتایی دا وتی که ئێمه ویسته‌که‌مان بۆ دیالۆگ به تورکیا گه‌یاندووه و ده‌ستی دۆستیمان درێژ کردووه و ئه‌نقه‌ره‌ش به پێی که‌ش و هه‌وا و ئاڵوگۆڕه‌کان، بریاری خۆی دیاری ده‌کات و له تورکیا کوردستان به خه‌راپی و وه‌کو مه‌ترسیه‌ک باس ده کرێ و ئیمه هیوادارین که پاش هه‌لبژاردن حکومه‌تی نوێ، ده‌رگایی دیالۆگ بکاته‌وه و هه‌نگاوی پێویست له‌مباره‌وه هه‌لبگرێ.

پاش ئه‌م لێدوانانه‌ی سه‌فین دزه‌یی، میوانه‌کانی تورک درێژه‌یان به هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا، جۆنیه‌تی هێرشی کوردستان و هتد دا.

پارتی کۆمه‌ڵگایی دێمۆکراتیک ناوی کاندیداکانی بۆ هه‌لبژاردنی پارله‌مانی تورکیا ئاشکرا کرد

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: ئه‌مڕۆ پارتی کۆمه‌ڵگایی دێمۆکراتیک ناوی کاندیداکانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی گشتی پارله‌مانی تورکیا ئاشکرا کرد، له‌یلا زانا و هه‌ڤاڵانی له ناو لیسته‌که دان و کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی ناوداری کورد و تورکیشی تێدایه و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ سه‌رکه‌وتنی مه‌زن به‌ده‌ست بێنێت.

به پێی لیسته‌یی سه‌ره‌تایی بریاره له‌یلا زاناش به‌شداری هه‌ڵبژاردن بێت، خه‌تیب دیجله له ئامه‌د، ئۆرهان دۆغان و سه‌لیم ساداک له شڕناخ، ئه‌حمه‌د تورکی هاوسه‌رۆکی DTP له ماردین، ئایسه‌ل توغڵوک، هاوسه‌رۆکی تر له ئامه‌د، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی ئامه‌د، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له و ئاکین بیرداڵ له ئامه‌د، سه‌رۆکی پارتی گه‌لی دێمۆکراسی «مورات بوزلاک»یش له ئه‌ده‌نه کاندید بکرێن.

DTP بڕیاری داوه له شاره‌کانی ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌مزیر کاندیداکانی چه‌پگه‌را ناوزه‌د بکات. سڕی ساکیک له موش، مه‌حموود ئاڵناک له قارس، دوکتۆر باسکن ئۆڕان و سه‌رۆکی پارتی ODP «ئوفوق ئوڕاس» له ئه‌زمیر، له‌وه‌نت توزه‌ل سه‌رۆکی پارتی ره‌نجیش پشتیوانی لێده‌کرێ و 11 ژنیش له ناو لیسته‌که‌دان.

سبه‌ی له هوتێل سویسی ئه‌سته‌نبوڵ ناوی گست کاندیده‌کان ئاشکرا ده‌کرێ و پاشان ناوی بژارده‌کان ده‌درێته کۆمیسیۆنی باڵایی هه‌لبژاردنه‌کانی تورکیا.

«کۆما کۆمه‌ڵانی کوردستان» ناوی خۆی به «کۆما جڤاکێن کوردستان KCK» گۆڕی

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: کۆنگره‌ی گه‌ل که له پارته‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمۆنی پ.ک.ک پێکهاتووه له میانه‌ی ڕۆژانی 16 تا 22 ی بانه‌مه‌ڕی ئه‌مساڵ 5مین کۆنگره‌ی باڵایی خۆی له‌ هه‌رێمی پاراستنی میدیا ساز کرد و له ئاکام دا ناوی کۆما کۆمه‌لانی کوردستان، به «کۆما جڤاکێن کوردستان» گۆڕدرا.

کۆنگره‌که به به‌شداری زیاتر له 200 نوێنه‌ر له پارت و ڕێکخراوه‌کانی هه‌‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و ئه‌ورووپا، قه‌ڤقاز له چیاکانی قه‌ندیل پێکهات و له کۆتایی دا 30 که‌س وه‌کو ئه‌ندامانی کۆنسه‌ی ڕێبه‌ری هه‌ڵبژێردران که دیسانیش «موراد قه‌ره‌یه‌لان» وه‌کو سه‌رۆکی «کۆما جیڤاکێن کوردستان» و وه‌کو پێشووتریش «زوبه‌یر ئایدار» وه‌کو سه‌رۆکی کۆنگره‌ی گه‌ل هه‌ڵبژێندرانه‌وه.

له کۆنگر‌ه‌که‌دا باس ئه‌م خاڵانه‌ی ژێر، ڕاوه‌سته‌ و نقاشی تایبه‌ت له سه‌ر کرا:

ژه‌هراوی کردنی ئۆجه‌لان: به‌ڵگه‌یه‌که بۆ نیشانی هه‌ڵوێستی دوژمنکارانه‌ی گشت دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ سه‌ر درێژه‌ په‌یداکردنی بیرۆکه‌ی نکولی و قڕ کردنی گه‌له‌که‌مان و گوێ نه‌دان به هه‌موو هه‌وڵه ئاشتیخوازانه‌کان.

دژایه‌تی و گووشار بۆ سه‌ر پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک DTP وه‌کو نیشانه‌یه‌ک له ره‌گه‌زپه‌رستی ناوزه‌د کرا.

ئاگربه‌ستی دوایی پ.ک.ک و به‌ڕده‌وامی سیاسه‌تی شه‌رخوازی تورکیا: له کۆنگره هه‌موو 5 ئاگربه‌سته‌که‌ی پ.ک.ک تا به ئێستا به‌رانبه‌ر به ده‌وڵه‌ت  و به تایبه‌ت دوایین جاری به وردی باس کراوه و پاشان ده‌گوترێ که» ئه‌و هێزانه‌ی داوایان لێ کردین ئاگربه‌ست ڕابگه‌ێنین و درێژه‌ی پێ بده‌ین، به‌رامبه‌ر ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری سه‌رفه‌رمانداری ئه‌رته‌شی تورکیا که ده‌یه‌وێ کۆتایی به پ.ک.ک بێنێت، بێ ده‌نگن».

ئه‌رته‌ش له نه‌ته‌نیا جوابی ئاگربه‌ستی نه‌داوه‌ته‌وه به‌ڵکو پاش ئاگربه‌سته‌که‌ی پ.ک.ک هێرشه‌کانی چڕتر کردووه و به‌رده‌وامیشه له‌م سیاسه‌ته‌ی.

به‌لاغی کۆتایی کۆنگره‌ی گه‌ل باس له‌مه ده‌کات که ئه‌گه‌ر بێت، ژه‌هراوی کردن و ره‌وشی گیرانی ئاپۆ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، هێرشه‌کان ڕانه‌گیرێن و گووشار بۆ سه‌ر گه‌ل و دامه‌زراوه دێمۆکراتیکه‌کان کۆتایی پێ نه‌یه‌ت، ئێمه ناچار ده‌بین که دیسان به‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ی شه‌ڕ و کۆتایی به ئاگربه‌ست، سیسته‌م و ده‌ستکه‌وت و به‌هاکانمان بپارێزین و گشت به‌رپرسیارێتیه‌کانی ده‌سپێکردنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه وێرانکه‌ره، له‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی تورکیا ده‌بێت.

به گوێره‌ی ئاژانسی ده‌نگوباسی فوراتیش، هه‌روه‌ها له کۆنگره‌که‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی «عه‌بدوڵا ئۆجالان»، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک له گرتووخانه، وه‌ک ڕاپۆرتی کۆنگره‌که‌ په‌سه‌ند کرا، په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان، هه‌رێمه‌که‌ و جیهان تاوتوێ کراون و بانگه‌وازیش کراوه که به مه‌به‌ستی هه‌رچی زیاتر یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی نێوان کوردان «کۆنفرانسێکی نه‌ته‌وه‌یی» پێکبهێنرێت.

هه‌په‌گه‌ بیلانچۆی شه‌ر و قوربانیه‌کانی مانگی مه‌ی ئاشکرا کرد

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: هێزی پاراستنی گه‌ل، باڵی چه‌کداری پ.ک.ک له هه‌واڵێک دا، بیلانچۆی شه‌ر و قوربانیه‌کانی مانگی مه‌ی ئاشکرا کرد که له ئاکامی 97 ئۆپێراسیۆن دا 102 عه‌سکه‌ر و ئه‌فسه‌ر و جاشی کوشتووه.

به گوێره‌ی بیلانچۆیه‌که له مانگی مه‌ی دا، 67 ئوپه‌راسیۆن سه‌ربازی له لایه‌ن ئه‌رته‌شی تورکیاوه به‌ڕێوه‌چووه و له ئاکامی دا 59 شه‌ر و پێکدادان دا 90 عه‌سکه‌ری تورک، 8 فه‌رمانده‌ی پایه‌به‌رز، 3 جاش و 1 سیخوڕ به‌ گشتی 102 هێزی چه‌کداری تورکیا کوژراون. هه‌روه‌ها 59 عه‌سکه‌ر، 2 فه‌رمانده، 3 پۆلیس و به‌ گشتی 64 که‌س له ئه‌ندامانی چه‌کداری تورک بریندار بوونه.

هێزی پاراستنی گه‌ل ڕاشیگه‌یاند که له‌م مانگه‌دا ته‌نیا 12 گه‌ریلا گیانیان له ده‌ست داوه‌، به‌ڵام به گوێره‌ی زانیاریه‌کانی ئێمه به پێی سه‌رچاوه‌کاننی خۆی هه‌په‌گه‌، ڕێژه‌ی کورژراوانی گه‌ریلا زیاتر له‌مه‌یه‌.

شایانی باسه که پێشتر له بیلانچۆی مانگانه‌دا، زۆربه‌ی جار، بیلانچۆی شه‌ر و ئۆپێراسیۆن و قوربانیانی ئێران له‌گه‌ل پژاکیش باس ده‌کرا به‌ڵام ئه‌مجاره ته‌نیا ئاماژه به هه‌په‌گه‌ کراوه.

سووکایه‌تی به ئه‌فسه‌رانی ئه‌رته‌شی تورکیا له کوردستان، ئه‌م وڵاته‌ی توره کردووه

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: ئه‌رته‌شی تورکیا  تووره‌ی توبندی خۆی له به‌رانبه‌ر سووکایه‌تی و کۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورستان به چه‌ند ئه‌فسه‌ری ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته کرد که به جلوبه‌رگی سیڤیل له سلێمانی خه‌ریکی سیخوڕی بوونه.

ئه‌مرۆ ماڵپه‌ری ئه‌رته‌شی تورکیا له هه‌و‌اڵێک دا ئاشکرایی کرد که «چه‌ند ئه‌فسه‌ری هێزه‌کانی تایبه‌تی ئه‌رته‌شی تورکیا له بازگه‌یه‌کی کۆنترۆڵی نیزێک سلێمانی» له لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ڕاگیراون، جنێویان پێدراوه، سووکایه‌تیان پێکراوه و چه‌کیان  به‌رانبه‌ر ڕاگیراوه.

ئه‌رته‌سی تورکیا له جێگه‌ی داوایی لێبردن له‌وه‌ی که سیخوڕانی خۆی به ئاشکرا ده‌نێرێته کوردستان و هه‌ر رۆژ هه‌ره‌سه ده‌کات که هێرشی سه‌ر کوردستان بکات، به توندی به‌ڕه‌وڕووی ئه‌م هه‌وڵه‌ی هێزی پێسمه‌رگهه ده‌بێته‌وه و هه‌ڕه‌شه ده‌کات که ئه‌گه‌ر ئه‌م کرده‌وه جارێکی تر دووپات ببێته‌وه له باڵاترین ئاست دا، وه‌ڵامی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ده‌داته‌وه.

به‌یاننامه‌که‌ی ئه‌رته‌ش ده‌ڵێ که ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌فسه‌ره قاره‌مانانه که ئه‌ندامی تیمه‌کانی تایبه‌ت(سیخوڕ و کۆماندۆ)ن و ئه‌رکی خۆیان! له‌ ناوچه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، جارێکی تر ڕووبه‌ڕووی هێرش و لێکۆڵینه‌وه و سووکایه‌تی له‌م شێوه ببنه‌وه، ئێمه ئه‌م کرده‌وه به سووکایه‌تی به ئه‌رته‌ش و گه‌لی تورکیا ده‌زانین و له باڵاترین و به توندترین ئاست دا وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه.

له 5 ڕۆژ دا تورکیا دوو فڕۆکه‌ی ئێرانی که‌به‌ره‌و سووریا ده‌چوون پشکنی

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: پاش ئه‌وه که پ.ک.ک شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی پڕ له ته‌قه‌مه‌نی و ڕۆکێت که له ئێرانه‌وه به‌ره‌و سووریا ده‌چوو، ته‌قانده‌وه‌، ئه‌مجاره تورکیا له 5 ڕۆژ دا دوو فڕۆکه‌ی بارهه‌ڵگری ئێرانی که به‌ره‌وه سووریا ده‌چوون له ئامه‌د، پاش پشکنین، ره‌وانه کردووه.

به گوێره ی هه‌واڵێکی ڕۆژنامه‌‌ی «میلیه‌ت»، چاپی ئه‌نقه‌ره، له ئاکامی ئه‌م سکانداڵه‌ی که هێرشی پ.ک.ک بۆ سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ره پڕ له رۆکێت و چه‌که‌که‌، ئاشکرایی کرد، ئه‌مجاره تورکیا له حه‌وتوویه‌ک دا 2 فڕۆکه‌ی بارهه‌ڵگری گومانلێکراوی ئێرانی که له ئێرانه‌وه به‌ره‌و سووریا ده‌چوون له فرۆکه‌خانه‌یه‌کی عه‌سکه‌ری ئامه‌د، هێنایه‌ خوار و پاش کۆنترۆل و پشکنین و نه‌دیتنه‌وه‌ی چه‌کو  ته‌قه‌مه‌نی چاوه‌ڕوانکراو، ئزنی فرینی دووباره‌ی پێدا.

شایانی باسه که مه‌زه‌نده‌ده‌کرێ، ئێران له هه‌ر ڕێگه‌ی مومکینه‌وه، بۆ وێنه فرۆکه و شه‌مه‌نده‌ فه‌ر، چه‌ک، رۆکێت و ته‌قه‌مه‌نی له ڕێگه‌ی زه‌وینی و ئاسمانی تورکیاوه بنێرێته سووریا و پاشان له شامه‌وه به حیزبوڵا و حه‌ماس و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌کانی لایه‌نگری ئێران و سووریا بدرێ.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا: ئه‌رته‌شی تورکیا له ناو خاکی کوردستان خه‌ریکی ئۆپێراسیۆنه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که پاش ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی کۆنترۆڵی ئاسایشی کوردستان به هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌رته‌شی تورکیا ماوه‌ی چه‌ند رۆژه که له قووڵایی خاکی کوردستان خه‌ریکی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنه.

«تۆم که‌یسی» وته‌بێژی وه‌اره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له کۆنفرانسی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژانه‌ی خۆیدا له جوابی پرسیاری یه‌کێک له رۆژنامه‌وانان ئاشکرایی کرد که ئه‌رته‌سی تورکیا له ناو قووڵایی خاکی کوردستانیش ئۆپێراسیۆنی ئه‌نجام داوه.

له تۆم که‌یسی پرسرا که ئایا له ماوه‌ی 48 کاتژمێری ڕابردوو (که کۆنترۆڵی ئاسایشی هه‌رێکی کوردستان ڕاده‌ستی هێزی پێسمه‌رگه کراوه) تورکیا چۆته ناو خاکی کوردستان؟

تۆم که‌یسی له وه‌ڵام دا وتی: ئه‌رته‌شی تورکیا ده‌لێ که ئه‌م هێنانی هێزه له سه‌ر سنوور، ئاساییه و به‌ڵام له‌م دوو ڕۆژه‌ی دوواییدا، هه‌ندێکیش جۆته ناو سنووره‌کانی کوردستان و له‌وێش ئۆپێراسیۆنی ئه‌نجام داوه.

دوێنێ هێزی پێشمه‌رگه بۆ نیشاندانی به‌ڵکو هێز و هه‌ژمۆنی خۆیان، چه‌ند ئه‌‌فسه‌ری سیخوڕی تورکیان له بازگه‌یه‌کی کۆنترۆڵ، پشکنیوه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی تووڕه‌یی ئه‌رته‌شی تورکیا و له‌م لاشه‌وه ئه‌رته‌سی تورکیا به نه‌مانی هێزی ئه‌مریکی، ورده ورده ده‌چێته ناو کوردستان و ئۆپێراسیۆن ده‌کات.!

ناوی 62 کاندیدایی DTP له 41 شاری تورکیا بۆ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: پارتی کۆمه‌ڵگایی دێمۆکراتیک، ناوی 62 که‌سی ڕاگه‌یاند که ئه‌م پارته وه‌کو بژارده‌ی سه‌ربه‌خۆ له هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ پارله‌مانی تورکیا دا پشتیوانیان لێده‌کات.

ئه‌م 62 که‌سه، له 41 شار ناونووسیان کردووه و ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو پێش نه‌یه‌ت، گومان ده‌کرێ، زۆربه‌یان بچنه پارله‌مان، چونکه هه‌م که‌سانێکی ناسراو و سیاسه‌تڤانانێکی به توانان و هه‌میش پشتیوانی گه‌لیان له دوایه. له ناو لیسته‌که‌ دا هاوسه‌رۆکانی DTP، ئه‌حمه‌د تورک و ئایسه‌ل توغڵوک، له‌یلا زانا و 3 هه‌ڤاڵه‌که‌ی، به‌رپرسانی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی ئامه‌د، چه‌ند سه‌رۆکی پارته‌کانی چه‌پی هاوپه‌یمان و ده‌یان که‌سایه‌تی ناوداری و به توانایی تری تێدایه.

ئه‌مه‌ش ناوی کاندیده‌کان و شاری هه‌ڵبژاردنیان:

ئه‌حمه‌د ئینان، ئادیامان

مورات بوزلاک، ئه‌ده‌نه

مه‌تین به‌قاڵجی، ئه‌نقه‌ره

حوسێون یه‌ڵماز، موراد ئوزتورک، ناجی کوتڵایی، له ئاگری

یاووز یه‌ڵماز، ئه‌رده‌خان

وه‌ککاس داڵ کڵیچ، عه‌نته‌پ

نوورسه‌ل ئایدۆغان، ئایدین

نه‌زیر قه‌ره‌باش، به‌دلیس

به‌نگی یه‌لدز و ئایلا ئه‌کات، باتمان

نووری ئوزمه‌ن، چه‌ولیک

حوسێن ئه‌رمه غان، بوڕسا

مه‌هدی ئه‌سلان و له‌وه‌نت توزه‌ڵ، ئه‌مزیر

ئۆڕهان میرۆغڵو، مه‌رسین

ئایهان بیلگه‌ن، کۆنیا

ئوفوک ئوڕاس، باسکن ئۆڕان، سه‌باحه‌ت تونجه‌ر، ئه‌سته نبوڵ

سه‌راپ موتڵو، ئه‌لعه‌زیز

موسته‌فا تورک، مه‌ڵاتی

سڕری ساکیک، نووری یامان، موش

سایم قه‌رتال، ئۆزداڵ ئوچار، فاتما کورتاڵان، وان

مه‌حمه‌د ئاڵناک، قارس

په‌روین بوڵدان، ئیغدیر

ئایسه‌ل توغڵوک، خه‌تیب دیجله، سه‌لاهه‌ددین ده‌میرتاش، ئاکین بیردال، گوڵته‌ن کشاناک، ئامه‌د

ئیبڕاهیم بینیجی، ئوڕفا

ئۆڕهان دۆغان، سه‌لیم ساداک، هه‌سیب کاپڵان، سه‌واهیر بایندر، شڕناخ

شه‌ڕافه‌ددین خالیس، تونجه‌لی

عوسمان ئۆزچه‌لیک، سێرت

سه‌باحه‌ددین سواغجی، حامید گه‌یلانی، حاته‌م ئیکه‌، سه‌فه‌ری یه‌لماز، له جۆڵه‌مێرگ

ئه‌حمه‌د تورک، ئه‌مینه ئایینه، کامڕان یه‌لدڕم، ماردین

به‌دری فورات، ئه‌رزه‌ڕووم

ئیسماعیل کایا، مانیسا

موسته‌فا ئاوجی، کۆجه‌ئه‌لی

عه‌لی ئۆزده‌می، مه‌رعه‌ش

به‌ره‌که‌ت کار، هه‌تایی

کوبیلایی دۆشێیه‌ن، ئانتالیا

نه‌بی ئه‌بجی، ده‌نیزلی

ئه‌حمه‌د به‌له‌ر، موغوڵا

عیسمه‌ت شاهین، باڵکسیر

مینه ئایگۆره‌ن، یالۆڤا

حیلمی قه‌ره  ئۆغڵان، ته‌کیرداغ

عه‌لی یوکسه‌ل، سه‌کاریا

هه‌مزه ئابایی، ئێسکی شه‌هر

بارزانی: بویوک ئانیت هه‌رچی ده‌ڵێت با بیڵێت!

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: مه‌سعوود بارزانی سه‌باره‌ت به دوایین لێدوانه‌کانی سه‌رۆکی ئه‌رته‌شی تورکیا سه‌باره‌ت به کوردستان گوتی: هه‌رچی ده‌یڵێت با بیڵێ، ئێمه هه‌ڕه‌شه قه‌بوول ناکه‌ین، هیوادارین لێدوانه‌کان بۆ ناوخۆ بێت.

ئه‌مرۆ مه‌سعوود بارزانی، له فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر، «نوری مالكی» سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵی پاش سازدانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش که تێیدا باس له ئاکامه‌کانی سه‌ردانی ناوبراو بۆ کوردستان و کۆمه‌ڵێک گفتگۆیی تر له نێوان دوو لایه‌‌ن، ڕه‌وانه‌ی به‌غدا کرده‌وه

بارزانی گفتگۆکانی به سازنهد وه‌سف کرد و گوتی: «له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق زۆر خاڵمان باسكردووه‌، له‌وانه‌ ماده‌ی 140 كه‌ گفتوگۆیه‌كی جدی له‌سه‌ر كراو ماده‌كه‌ هیچ خیلافێكی له‌ نێوان كورد و به‌غدا له‌سه‌ر نیه‌ و پرسی پاسه‌وانی هه‌رێم به‌ هه‌ڵواسراوی نه‌ماوه‌ته‌وه‌و لیژنه‌یه‌كی بۆ دامه‌زراوه‌ و كاری خۆی ده‌كات. لیژنه‌كانی تایبه‌ت به‌ نووسینه‌وه‌ی یاسای نه‌وت له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و مزگێنی ئه‌وه‌‌شی دا که بکه‌رانی کرده‌وه تیرۆریستیه‌که‌ی که‌رکووک ومه‌خموور ده‌زگیر کراون.

بارزانی وه‌ڵامی هه‌ڕه‌ شه و لێدوانه‌کانی بویوک ئانیتی سه‌رفه‌رمانداری ئه‌رته‌شی تورکیاشی داوه و له‌ماباره‌وه ده‌ڵێ: ئه‌و چی ده‌ڵێت با بڵێت، هیوادارین ئه‌و قسانه‌یان بۆ مزایه‌داتی ناوخۆی خۆیان بێت و هیوادارین واز له‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ بێنن و زمانی دۆستایه‌تی بگرنه‌ به‌ر .

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له‌ عێراق، مالكی گوتی: دڵنیاین له‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم كه‌ چۆن قبوڵیان نیه‌ ده‌ست له‌كاروباری خه‌ڵكی وه‌ربده‌ن، ئاواش قبوڵیان نیه‌ كه‌س ده‌ست له‌كاروباری هه‌رێم وه‌ربدات، ئێمه‌ش نامانه‌وێت ئه‌م ناوچه‌یه‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانی هیچ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی.

سه‌باره‌ت به کێشه‌ی که‌رکووک و ماده‌یی 140 نووری مالکیش گوتی: ماده‌ی 140 دوازده‌ میلیۆن عێراق ده‌نگی بۆ داوه‌، ره‌نگه‌ ئاسته‌نگه‌ بێته‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی، به‌ڵام ئێمه‌ به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: