ئەرشیوی مانگی چواری ٢٠٠٧ی مانشێت نیوز/ ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت- 7

خوێندکاری کورد له زانکۆ ده‌رکرا و یه‌کی تر خوێندنی لێ ئاسته‌نگ کرا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: دوو خوێندکاری کورد له تاران به هۆگه‌لێکی نادیار، خوێندیان لێ ئاسته‌نگ کرا و یه‌کیا له زانکۆ ده‌رکرا و ئه‌وی تریش ڕێگه‌ی پێناده‌ن درێژه‌ به خوێندن بدات.

هه‌وڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد ده‌ڵێ که «فه‌ڕوخ مرادی»، خه‌ڵکی ئاوایی سه‌به‌دلووی بانه، خوێندکاری کۆلێژی یاسایی سزا و تاوان ناسی له زانکۆی تاران به هۆیه‌کی نادیار له زانکۆ ده‌رکرا.

له لایه‌کی تره‌وه‌ش «هێمن ئه‌حمه‌دی ئازه‌ر»، خوێندکاری کوردی خه‌ڵکی نه‌غه‌ده و خوێندکاری کۆلێژی «ماشێن ئالاتی سه‌نعه‌تی» که بۆ خوێندن  له زانکۆی «قازی ته‌باته‌بایی»، قه‌بوول بووه، به هۆیه‌کی نادیار، ڕێگه‌ی ناونووس و درێژه‌ی خوێندنی پێنه‌دراوه.

5 ژنی ئاوایی نشینی به بارمته‌ی 50 میلیۆن تمه‌نی ئازاد کران!

مانشێت نیوز، رۆژهه‌‌ڵاتی کوردستان: ئه‌و 5 ژنه‌ی خه‌ڵکی ئاوایی «یاسین ئاوێی»ی سه‌رده‌شت که حه‌وتووی ڕابردوو به هۆی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایشی ده‌زگیر کرابوون، به دانی بارمته‌ی 50 میلیۆن تمه‌نی ئازاد کران.

هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کوردستان، ڕایگه‌یاند که ئه‌و 5 ژنه‌ی خه‌ڵکی ئاوایی یاسین ئاوێی سه‌رده‌شت که حه‌وتووی ڕابردوو له کاتی هێرشی هێزه‌کانی ئاسایشی ره‌ژیم بۆ ئه‌و گونده به مه‌به‌ستی تاڵانکردنی سووته‌مه‌نی هاوڵاتیان، به‌ربه‌ره‌کانیان کردبوو، به دانانی بارمته‌ی 50 میلیۆن تمه‌نی ئازاد کران.

شایانی باسه که پاش تێکهه‌لچونێک له نێوان هێزه‌کانی ئاسایشی تاڵانگه‌ر و ژنانی ئاوایی، 5 که‌سیان قۆڵبه‌ست کران و ماوه‌ی حه‌وتوویه‌ک له سه‌رده‌شت ده‌ستبه‌سه‌ر بوون.

ژنێکی کورد له سه‌قز، جه‌سته‌ی خۆی له ئاگر به‌ردا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌والێک داڕایگه‌یاند که ژنێکی 38 سڵه‌ی سه‌قزی به ناوی «فه‌هیمه»، جه‌سته‌ی خۆی له ئاگر به‌ردا و له ئاکام دا گیانی له‌ده‌ست دا.

به گوێره‌ی هه‌وڵه‌که، فه‌هیمه‌ی 38 ساڵه‌ی سه‌قزی به هۆیه‌کی نادیار، و له رۆژی هه‌ینی 24ی خاکه‌لێوه‌دا له حه‌ساری ماله‌که‌ی له گه‌ره‌کی به هارستانی ئه‌م شاره، سووته‌مه‌نی به جه‌سته‌ی داده‌کا و خۆی ئاگر تێبه‌رده‌دا.

فه‌هیمه پاش ئه‌وه که گوازراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌، به هۆی قورسی برینه‌کانی،گیانی له‌ده‌ست ده‌دات و ئه‌گه‌ر چی هۆی خۆسووتاندنه‌که‌ی رانه‌گه‌یاندراوه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌کرێ به هۆی کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی بێت.

مام جه‌لال داوا له ئێران ده‌کات به‌شداری کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق له میسر بێت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ جه‌لال تاڵه‌بانی داوایی له ئێران کردووه که به‌شداری کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق بێت که 3 تا 4ی مانگی داهاتوو له شه‌رمولشه‌یخی میسر ده‌گیرێت.

جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رکۆماری عێراقی فیدراڵ، له دیداری «حه‌سه‌ن کازمی قۆمی»، باڵوێزی ئێران له به‌غدا دا وتی له داوایی له ئێران کردووه که به‌شداری دووهه‌مین خولی کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق له میسر بکات که له سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئێرانیش داوا ده‌کات که ئه‌گه‌ر 5 گیراوه ئێرانیه‌که‌ له هه‌ولێر ئازاد نه‌کرێن، له به‌شداری تاران له‌م کۆنفرانسه‌ دا کێشه‌ ساز ده‌بێت.

تاڵه‌بانی هه‌ڕوه‌ها له دیداری باڵوێزی ئێران دا وتیشی که «دوکتۆر به‌رهه‌م سالح»، جێگری سه‌رۆک وه‌زیری عێراق به‌م زوانه سه‌ردانی ئێران ده‌کات.

ئێران دوو هاوڵاتی سویدیه‌ی که به سیخوڕی تۆمه‌تبار کرابوونی ئازاد کردووه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند که ئه‌و دوو هاوڵاتیه‌ سویدیه‌ی که‌ به‌ تاوانی سیخوڕی له‌ئێران به‌ 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا بوون، به‌ر له‌ کۆتایی ماوه‌ی سزاکه‌یان به‌خشیوه و ئازادی کردووه.

محه‌مه‌د عه‌لی حسینی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌باره‌ت به‌م یه‌که ڕایگه‌یاند که به هۆی داخوازی بنه‌ماڵه‌ و به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی حکومه‌تی ئه‌م وڵاته، دوو هاوڵاتیه‌ سویدیه‌که‌ی که ناویان  «ستفان سوهانسون» و «یاری هیورتمار»ه‌ی ئازاد کردووه.

ئێران ئیدعا ده‌کات که ئه‌م دوو سویدیه‌ کرده‌وه‌ی نایاسایی و سیخوڕیان دژ به کۆماری ئیسلامی کردووه و ساڵی ڕابردوو دهژ‌زگیر و له محاکمه‌دا دوو ساڵ سزای گرتووخانه‌یان به‌سه‌ر دا سه‌پابوو،دوێنێ ئێراوه و به‌ ئاماده‌ بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌ورووپای ناوه‌ندی و باکووری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وجێگری سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی سیاسه‌تی ده‌ر‌ه‌کی پارله‌مانی سوید ژمارێ له‌ کاربه‌ده‌ستان وهه‌واڵنێران ئازاد کراون.

تورکیا ته‌رمی 10 گه‌ریلایی شه‌هیدی پ.ک.ک ناداته‌وه

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: زانرا که 10 گه‌ریلایی شه‌هیدی پ.ک.ک له بنکه‌ی سه‌ربازی هۆزاتی سه‌ر به ده‌رسیم، ڕاگیراون و ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌کانیان ناکرێنێه‌وه و ئه‌رته‌ش ده‌یه‌وێ هه‌موو جه‌نازه‌کان هه‌ر له‌م شاره بنێژێ.

به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌کان له ده‌رسیم، فه‌رمانده‌یی له‌شکری لقی «هۆزات» سه‌ر به ده‌رسیم پێوه‌ندی به شاره‌داری ئه‌م شارۆچکه‌وه گرتووه‌ و پێی ڕاگه‌یاندووه که 10 ته‌رمی گه‌ریلایی شه‌هیدی پ.ک.ک له بنکه‌ سه‌ربازیه‌که‌نه و ڕاده‌ستی بنه‌ماله‌کانیان ناکاته‌وه و بۆیه‌ش داوایی له شاره‌داری کردووه که مه‌زاریان بۆ هه‌ڵقه‌نن و له‌م شارۆچکه‌یه‌ بیاننێژن.

له لایه‌ک ئه‌رته‌ش و مێدیاکانی تورکیا ئیدعا ده‌که‌ن که له‌ شه‌ر وپێکدادانه‌ قورسه‌کانی حه‌وتووی ڕابردوو دا له به‌رزاییه‌کانی هۆزاتی سه‌ر به ده‌رسیم که 10 هه‌ار سه‌ربازی تورک به‌شداریان تێدا کرد، 10 گه‌ریلایی پ.ک.ک کوژراون و به‌رپرسانی هه‌په‌گه‌ش زانیاری ڕوونیان له‌م بارگه‌وه نه‌داوه و ته‌نیا ده‌ڵێن که له ئاکامی چه‌ند شه‌رێکی قورس دا هه‌ردوو لا خه‌ساری گیانیان به‌رکه‌وتووه.

8 هاوڵاتی کورد له ماکۆ ده‌سگیر کراون

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: له‌م رۆژانه‌ی دواییدا، 8 هاوڵاتی شاری ماکۆ و ئاوایه‌کانی ده‌ورووبه‌ری به تۆمه‌تی ئالۆزی نانه‌وه له‌ شار و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کان ده‌زگیر و ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌کان کراون.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کانی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، له شارۆچکه‌ی شوت له نیزێک ماکۆ، دوو که‌س به ناوه‌کانی «جه‌عفه‌ر قۆلی خانلوو» و «حه‌یده‌ر قۆلیخانلوو میلان»، ده‌زگیر و به تۆمه‌تی نانه‌وه‌ی ئاڵۆزی و تێکدانی ئاسایشی شار و به پێی حوکمی دادگا هه‌ریه ک به 6 مانگ زیندان سزا دراون.

له لایه‌کی تره‌وه هێزه‌کانی سپایی پاستارانی ره‌وانه‌کراو له ناوچه‌کانی ئه‌رده‌بێل و زه‌نجان بۆ ناوچه‌ی مه‌لهامی ماکۆ، 5 ئاوایی نشینی تۆمه‌تبار به پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کان، ده‌زگیر کراون.

هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا، «عادڵ حاجی ئه‌مه‌وی میلان» دانیشتووی ئاوایی «قزلداغ»ی ماکۆ به تۆمه‌تی پێوه‌ندی وهاوکاری له‌گه‌ڵ حیزبێکی کوردستانی ده‌زگیر و ماوه‌یه‌ک له گرتووخانه‌ دا بووه و له‌م دوایانه‌ دا به دانانی بارمته‌ی 30 میلیۆن تمه‌نی و به‌ شێوه‌ی کاتی ئازاد کراوه.

ڕ.م.م.ک: مه‌حکومیه‌تی که‌بودوه‌ند ته‌عزیریه نه‌ک هه‌لپه‌سێردراو

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له ڕاگه‌یاندراوێک دا بلاوی کردووه که «حوکمی محه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بوودوه‌ند، ته‌عزیریه‌ نه‌ک هه‌لپه‌سێردراو» و ده‌گوترێ که له‌ لایه‌ن دیوانی دادی ره‌ژیمه‌وه، سزای سالێک گیران بۆ دۆسیه‌ی ناوبراو په‌سه‌ند کراوه.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه، باسی ئه‌م ڕاپۆرته‌ی به‌شی مافی مرۆڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌کات که کۆندالیزا ڕایس پێشکه‌شی کۆنگرێسی کردووه و له باسی که‌بودوه‌ند دا ده‌ڵێ: له مانگی سێپته‌مبه‌ر، دادگا، حوکمی سالێک گیرانی که‌بوودوه‌ندی، هه‌لپه‌سارد. محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بودوه‌ند، رۆژنامه‌وان وچالاکی مافی مرۆڤه که به هۆی نوسینیوتارێک له حه‌وته‌نامه‌ی داخراوی «په‌یامی مه‌ردۆم»، به تۆمه‌تی ورووژاندنی خه‌لک بۆ کۆبوونه‌وه‌ی کورده‌کان دژ به حکومه‌تی ناوه‌ندی، به ساڵێک زیندان مه‌حکووم کراوه.

ڕ.م.م.ک ده‌ڵێ: به‌م بۆنه‌وه به ئاگاداری ده‌گه‌یێنێ که محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و دامه‌زرێنه‌ری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، پێشتر خۆی به‌رپرس و سه‌رنووسه‌ری حه‌وته‌نامه‌ی په‌یامی مه‌ردۆم چاپی سنه‌ بوو که به ساڵ و نیوێک سزای زیندان  و 5 ساڵ قه‌ده‌غه‌بوونی چالاکی رۆژنامه‌و‌انی مه‌حکووم کرا و حه‌وته‌نامه‌که‌سی لێ داخرا.

هه‌ر له‌‌م پێوه‌ندیه‌وه، تا ئێستا به‌شی به‌ڕێوه‌به‌ری سزاکانی دادگایی سنه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حوکمه‌که‌ چه‌ند نامه‌ی هۆشداری ناردووه و پۆلیسی قه‌زایی تا ئێستا لانی که‌م دوو جار بۆ گرتنی ناوبراو هه‌وڵی داوه و هاتۆته مالی که‌بودوه‌ند و ده‌شگوترێ که حوکمی سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، له لایه‌ن دیوانی باڵایی دادی ره‌ژیمه‌وه په‌سه‌ند کراوه.

له مه‌ڵاتیایی تورکیا سه‌ری 4 میسیۆنه‌ری کریستیانیان بڕی

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: له شاری مه‌ڵاتیایی باکووری کوردستان، که‌سانێکی نه‌ناسراو هێرشیان کرده سه‌ر چاپخانه‌یه‌ک که پڕۆپاگه‌نده‌ی کریستیانی ده‌کرد و سه‌ری 4 که‌سیان بڕی و یه‌کی تریش له قاتی سێهه‌می بیناکه‌وه، خۆی هه‌ڵداشت.

نیوه‌ڕۆ‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، که‌س یا که‌سانێکی نه‌ناسراو هێرشیان کرده‌ سه‌ر چاپخانه‌یه‌کی شاری مه‌ڵاتیا که ده‌گوترێ 5 ساڵه پڕۆپاگه‌نده‌یی کریستیانی ده‌کات و کتێب و نووسراوه‌ سه‌باره‌ت به عیسا و ئایینی مه‌سیحی بڵاو ده‌کاته‌وه و سه‌ره‌تا ده‌ستی سێ که‌سیان له‌م شوێنه به‌ستووه و پاشان به چه‌قۆ سه‌ریان بڕیون و که‌سی چواره‌میش بۆ نه‌جاتی گیانی خۆی له قاتی سێهه‌می بیناکه‌وه هه‌ڵداشتووه.

ئه‌م شوێنه تا کو ئێستا چه‌ند جاریش، له لایه‌ن هاوڵاتیان و موسولمانانی توندڕۆوه کێشه‌یان بۆ ساز کراوه و ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به هۆی هه‌ره‌شه‌ی خه‌ڵک به‌رپرسیاری ئه‌م چاپخانه ناچار بووه کۆمه‌ڵێک کتێبی ئه‌نجیلی کریستیانه‌کان، که بۆی پۆست کراوه بگه‌ڕێنێته‌وه.

له‌م دوو ساله‌ی دواییدا هێرش و کوشتنی جیابیران و به تایبه‌ت میسیۆنه‌ره‌ کریستیانه‌کان په‌ره‌ی سه‌ندووه. دوو سال له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند که‌سێک هێرشێکی بۆمبیان کرده‌ فڕووشگایه‌کی مه‌کدۆناڵد له ترابزۆن، هه‌مان گرووپ ساڵی دواتر قه‌شه‌یه‌کی کریستیانیان له‌م شاره کوشت، کۆتایی ساڵی ڕابردووش «هرانت دینک»، ڕۆژنامه‌وانی تورکی به‌ره‌چه‌ڵک ئه‌رمه‌ن تیرۆر کرا و ئه‌مجاره‌ش 4 که‌س به هۆی پرۆپاگه‌نده‌ی کریستیانیه‌وه سه‌ر بڕاون.

ده‌زگیری و نادیاربوونی په‌نابه‌رێکی ئاواره‌ی کورد له ئینگلیز

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌نابه‌رێکی کورد به ناوی «ئیبراهیم په‌یک» که خه‌ڵکی سه‌رده‌شته له لایه‌ن پۆلیسی ئیببگلیزه‌وه ده‌زگیر وره‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کراوه.

به گوێره‌ی هه‌والنێرانی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کوردستان، «ئیبڕاهیم په‌یک»، هاوڵاتی کۆردی خه‌ڵکی ئاوایی «شۆمیره‌ی»ی سه‌رده‌شت، کوڕی ئه‌حمه‌د و له دایکبووی ساڵی 1363 و دانیشتووی پیرانشار بووه که ساڵی 1383 به هۆی کێشه‌ی سیاسی ناچار به ته‌رکی خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێت و ده‌چێته تورکیا و پاشان له ڕێگه‌ی یۆنانه‌وه ده‌چێته  ئینگلزی و پاشا ساڵ ونیوێک له‌م وڵاته ناتوانی ئیزنی مانه‌وه وه‌ربگرێ و ناچار ئه‌م وڵاته به‌جێدێڵێ.

ئیبڕاهیم له ئینگلزیه‌وه پاش ساڵ ونیوێک ده‌چێته ئیرله‌ندی باشوور و پاش دوو مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه ئینگلیز و له‌ لایه‌ن پۆلیسی ئه‌م وڵاته‌وه ده‌زگیر ده‌کرێ و ئێستا ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌یه‌ک کراوه به‌ڵام هیج هه‌وڵێک له چاره‌نووسی نازانرێ.

5 چالاکی کرێکاری سه‌قزی ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: 5 چالاکی کرێکاری به ناوه‌کانی خالید مه‌یخانی، ئه‌نقه‌ر حوسێن زاده، عه‌تا حوسێنی، کاوه‌ حه‌کیمی و ڕه‌حیم حوسێنی، له سه‌قز ده‌گیر و پاشان ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه کران.

په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک ڕایگه‌یاند که 5 چالاکی کرێکاری ده‌زگیر کراوی سه‌قزی به ناوه‌کانی خالید مه‌یخانی، ئه‌نقه‌ر حوسێن زاده، عه‌تا حوسێنی، کاوه‌ حه‌کیمی و ڕه‌حیم حوسێنی، ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه کراون.

له لایه‌کی تره‌وه، 10 که‌سی تر که له ناویان دا «محه‌ممه‌د عه‌بدی پوور»، «کاوه محه‌ممه‌دیان»، به هۆی هێرش و لێدانی هێزه‌کانی ئاسایشی له جه‌ریانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پڕۆتیستۆیی دا سه‌باره‌ت به ده‌زگیرکرانی مه‌حموود ساڵحی، ده‌ستیان شکاوه و جه‌سته‌یان ئازاری دیوه.

نوێترین زانیاریه‌کان سه‌باره‌ت به سه‌ربڕینی 4 مسیۆنه‌ری کریستیان له مه‌ڵاتیا

مانشێت نیوز، تایبه‌ت:له نوێترین زانیاریه‌کان سه‌باره‌ت به‌م تیرۆره هه‌ژێنه‌ره، ئاشکرابوو که یه‌کێک له سه‌ربڕاوان، هاوڵاتیه‌کی ئالمانه که چه‌ند ساڵه له تورکیا کاری مسیۆنه‌ری ده‌کات و ماوه‌ی سێ مانگیشه ئه‌م چاپخانه‌که که ناوی «زیروه‌»یه، هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه و به ناچار چه‌ند جار شوێنه‌که‌یان گوازتۆته‌وه.

مانگی دێسه‌مبه‌ری 2005یش کۆمه‌ڵێک لاوی ئۆڵترا نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورک له‌م شاره، خۆپێشاندانێکیان له به‌رده‌رگایی ئه‌م چاپخانه پێکهێنابوو و تێیدا درووشمی هه‌ره‌شه‌ ئامێزیان دابوو و بڵاوکردنه‌وه و چاپی ئه‌نجیل له لایه‌ن ئه‌م چا]خانه‌یان پڕۆتیستۆ کردبوو.

له هه‌مان بینایی ڕووداوه‌که‌دا، 4 گه‌نجی ته‌مه‌ن 20 تا 22 ساڵه، که ده‌گوترێ ئه‌ندامی پارتێکی فانتیکی ئیسلامین ده‌زگیر کران و له گیرفانیان دا نامه‌یه‌ک دیتراوه‌ته‌وه که تێیدا نووسراوه «ئێمه 5 برا، هه‌نگاو له ڕێگه‌یه‌ک هه‌ڵده‌نێین، که مومکینه گه‌رانه‌وه‌ی نه‌بێت و بۆیه‌ش داوا ده‌که‌ین که حه‌ڵاڵمان بکه‌ن».

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا ڕایگه‌یاند که قوربانیه‌کان 3 ڕۆژه له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ دابوونه و 3 مانگیشه هه‌ڕه‌سه‌یان لێکراوه به‌ڵام پارێزگاری و پۆلیس هیچ هه‌وڵێکیان بۆ پاراستنی ئه‌مان نه‌داوه.

بۆ پرۆتیستۆ کردنی ئه‌م کرده‌وه دژه مرۆیه‌ش، سه‌دان که‌س له‌ هه‌مان کاتژمێره‌کانی سه‌ره‌تایی ڕووداوه‌که‌، له مه‌یدانی به‌ناوبانگی «تاکسیم»ی ئه‌سته‌نبۆڵ کۆبوونه‌وه و هاوشێوه‌ی رۆژه‌کانی تیرۆری «هرانت دینک»، دروشمی «ئێمه هه‌موومان کریستیانین»یان سه‌ردا وپلانکاردی «سان به‌شان دژ به فاشیزم»یان سه‌ردا.

شایانی باسه که «محه‌ممه‌د عه‌لی ئاغجا»، که ده‌یه‌ی حه‌فتا پاپی تیرۆر کردبوو، له دایکبووی ئه‌م شاره‌یه‌ و کۆمپلۆتیۆریسیه‌نه‌کانی تورکیا باس له‌مه‌ ده‌که‌ن که «مه‌ڵاتیا» به ئه‌نقه‌ست بۆ چالاکی مسیۆنه‌ری هه‌ڵبژێدراوه و تاقمێکیش وه‌کو تیرۆره‌کانی تری تورکیا، باسی ئه‌گه‌ری ده‌ستێدابوونی «سه‌رڤیسه سیخوڕیه بێگانه‌»کان ده‌که‌ن.

ئه‌مریکا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و ناڕه‌زامه‌ندی هێرشی تورکیا کرده‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا دیسان له لێدوانێک دا بۆ ڕۆژنامه‌وانان، جه‌ختی له سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق کرده‌وه و نیگه‌رانی وناڕه‌زامه‌ندی خۆی به نیسبه‌تی هێرشێکی چاوه‌ڕوان کراوی تورکیا بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕی.

شان مه‌ککۆڕمه‌ک، له دوایین کۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی خۆی دا، له سه‌ر ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که وڵاته‌که‌ی ده‌زانێ که چه‌کدارانی پ.ک.ک مه‌ترسیان هه‌یه بۆ ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، به‌ڵام ئه‌مریکا چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌ له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه پێشنیار ده‌کات، نه‌ک به شه‌ر.

ناوبراو وتیشی که تورکیا نابی هێرشی هه‌رێمی کوردستان بکات، ده‌نا ئه‌م ناوچه‌ش تووشی کێشه‌ ده‌بێت و گیروگرفته‌که هه‌ردوو لایه‌ن تووشی ئالۆزی ده‌کات وبۆیه ده‌بێت به گفتگۆ چاره‌سه‌ر بکرێت.

شایانی باسه که ڕۆژی ڕابردوو، ڕۆژنامه‌ی واشینتۆن پۆست ڕایگه‌یاندبوو که کۆردیناتۆری ئه‌مریکا بۆ جۆرج بوش، نامه‌یه‌کی ئه‌وپه‌ڕی نهێنی ناردبوو که تێیدا ئاماژه به‌وه‌ ده‌کات که تورکیا ده‌یه‌وێ له کۆتایی ئه‌م مانگه ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور به بیانووی پ.ک.ک دژ به کوردستان بکات.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان گه‌شتێکی دیپلۆماتیک بۆ ئه‌ورووپا ده‌سپێده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ ڕاگه‌یاندرا که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی، به سه‌ردانێکی فه‌رمی و به داوه‌تی کۆنگره‌ی دێموکراته‌کان، سه‌ردانی رۆمای ئیتالیا و پاشان چه‌ند وڵاتی تری ئه‌ورووپی ده‌کات.

به پێی سه‌رچاوه‌کانی باشووری کوردستان، مه‌سعوود بارزانی، به‌ داوه‌تنامه‌یه‌كی ره‌سمی و بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ی دیموكراتیه‌كان  به‌ره‌و رۆمای پایته‌ختی وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێكه‌وت و دواتریش سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وڕوپی ده‌كات و کۆمه‌ڵێک دیداری دیپلۆماتیک له‌گه‌ڵ سه‌رۆکانی ئه‌ورووپا ساز ده‌کات.

حه‌و‌ته‌نامه‌ی خوێندکاری «هه‌ژان»، یه‌که‌م ژماره‌ی خۆی بڵاو کرده‌وه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: حه‌وته‌نامه‌ی ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی «هه‌ژان»، به هه‌وڵی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان له سنه، یه‌که‌م ژماره‌ی خۆی رۆژی سێشه‌ممه‌ بڵاو کرده‌وه.

به گوێره‌ی هه‌وڵێکی ماڵپه‌ری خوێندکارانی کورد، خاوه‌ن ئیمتیازی حه‌وته‌نامه‌ی «هه‌ژان»، ناوه‌ندی کولتوری- توێژینه‌وه‌یی «هه‌ژان»ه و به به‌رپرسیارێتی «وه‌حید به‌هرامی» له‌ زانکۆی کوردستان بڵاو ده‌کرێته‌وه.

ناوه‌رۆکی ئه‌م گۆڤاره حه‌وتوانه، پێوه‌سته به بابه‌تی  ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و توێژینه‌وه و یه‌که‌م ژماره‌ی که‌وتۆته به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران.

گه‌شتی ئاسمانی نێوان هه‌رێمی کوردستان-ئانتالیای تورکیا ده‌سپێده‌کات

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: بڕیاره له کۆتایی مانگی داهاتوو دا، گه‌شتی ئاسمانی نێوان سلێمانی، هه‌ولێر و شاری گه‌شتیاری ئانتالیایی تورکیا و حه‌وتوانه له 5 گه‌شتی دا ده‌سپێبکات.

«شێخموس ئۆسکان»، به‌رپرسی کۆمپانی ئاسمانی «AFFAN Air» به پ‌یو‌ک‌ مێدیایی ڕاگه‌یاندووه که له ڕێکه‌وتی 25ی مانگی مه‌ی ڕا، ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه‌، چوارشه‌ممه‌ و هه‌ینی، له هه‌ولێر و دوو ڕۆژ له حه‌وته‌ش دا له سلێمانیه‌وه، گه‌شتی ئاسمانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و شاری گه‌ستیاری که‌نارده‌ریایی «ئانتالیا» ده‌سپێبکات و ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوو بێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه‌ که گه‌شته‌کانی نێوان ئه‌سته‌نبوڵ و هه‌رێمی کوردستانیش له لایه‌ن ئه‌م کۆمپانیه‌وه، ده‌سپێبکات.

دوو که‌س له قوربانیانی تیرۆری مسیۆنه‌ره‌کانی مه‌ڵاتیان، 7 ساڵ له ئامه‌د، پڕۆپاگه‌نده‌ی کریستیانیان کردووه

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: زانرا که دوو که‌س له‌م مسیۆنه‌ره کریستیانیه‌ی که دوێنێ له ئاکامی تیرۆرێکی هه‌ژێنه‌ر دا سه‌ریان بڕدرا، 7 سال له ئامه‌د، پڕۆپاگه‌نده‌ی ئایینی کریستیانیان کردووه.

«ئه‌حمه‌د گوه‌نه‌ر»، سه‌رۆکی یه‌کێتی کریستیانه پرۆتیسنایه‌کانی تورکیا ڕایگه‌یاند که دوو که‌س له قوربانیانی جه‌نایه‌ته‌که‌ی دوێنێی مه‌ڵاتیا، 7 ساڵ له ئامه‌د، سه‌رگه‌رمی پرۆپاگه‌نده‌ی کریستیانی و چالاکی مسیۆنه‌ری بوونه.

ناوبراو له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی دا ، جه‌نایه‌ته‌که‌ی به توندی ئیدانه و شه‌رمه‌زار کرد و وتیشی که ئه‌م کرده‌وه چاوه‌‌ڕوان کرا بوو، بۆیه‌ که به‌رده‌وام ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی حکومه‌تی تورکیاش، کاری مسیۆنه‌ره‌کان وه‌کو «خیانه‌ت به‌ ولات، کڕینی مرۆڤه‌کان به پاره»، «پارچه‌کردنی خاکی تورکیا» و «دوژمنایه‌تی موسوڵمانان»، ده‌ناسێنن و وه‌کو هرانت دینک و کوشتنی قه‌شه‌که‌ی ترابزۆن، کۆمه‌لگایی 120000 که‌سی کریستیانه‌کانی تورکیا، به دوژمن ده‌زانن.

شایانی باسه که دوێنێ، 5 گه‌نج که ده‌گوترێ له ڕێکخراوێکی ئیسلامی توندڕۆ ئه‌ندامن، له شاری مه‌ڵاتیایی باکووری کوردستان، هێرشیان کرده‌ سه‌ر چاپخانه‌یه‌ک که کتێبی کریستیانی و ئه‌نجیلی بڵاوده‌کرده‌وه و پاش به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ست و لاقیان، سه‌ری 4 مسیۆنه‌ر که یه‌کێکیان ئاڵمانی بوو، بڕی و خۆشیان له شوێنی جه‌نایه‌تح‌که ده‌زگیر کران و ئه‌مرۆش ئاماری گیراوان گه‌یشته 10 که‌س.

هه‌ر 10 گه‌ریلا شه‌هیده‌که‌ی پ.ک.ک له هۆزاتی ده‌رسیم به‌ خاک ئه‌سپێردران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: له دوو رۆژ دا، 10 گه‌ریلایی پ.ک.ک که له ئاکامی ئۆپێراسیۆنی 20 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌رته‌شی تورکیا دا له ناوچه‌ی هۆزاتی ده‌رسیم، شه‌هید ببون، هه‌ر له‌م شوێنه‌ش به خاک ئه‌سپێردران.

فه‌رمانده‌یی ئه‌رته‌شی تورکیا له شارۆچکه‌ی هۆزاتی ده‌رسیم، ڕێگه‌ی نه‌دا که ته‌رمی ئه‌م گه‌ریلایانه ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌کانیان بکرێته‌وه، دوێنێ و ئه‌مڕۆ، داوایی له شاره‌داری ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ کرد که ته‌رمه‌کان بنێژێ و دوێنێ 7 و ئه‌مڕۆش ته‌رمی 3 شه‌هیده‌که‌ی تری هه‌په‌گه‌، له هۆزات به‌خاک ئه‌سپێردران.

«خه‌لیل ئاته‌ش» و به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی هاولاتی یه‌کسانی شاری ده‌رسیم که ویتیستیان به‌شداری ڕێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمه‌کان بوون، سه‌ره‌تا له لایه‌ن ئه‌رته‌شه‌وه ئیزنیان پێنه‌درا، به‌ڵام پاشان، ناوبراوان خۆیان گه‌یانده گۆڕستانه‌که‌ و به‌شداری به‌خاک ئه‌سپاردنی سێ گه‌ریلایی هه‌په‌گه‌ بوون.

شایانی باسه که حه‌وتووی ڕابردوو، 20 هه زار سه‌ربازی ئه‌رته‌شی تورکیا، به پشتیوانی چه‌ند هێلیکۆپته‌ر و ده‌یان تانک و زرێپۆش له بڵیندایی و دارستانه‌کانی ناوچه‌ی هۆزاتی ده‌رسیم، ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوانیان به‌‌ڕێوه‌بردم که له ئاکامی دا 10 گه‌ریلایی پ.ک.ک و ده‌یان سه‌ربازی تورک کوژران.

بۆ تاوتوێكردنی مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی تیرۆریستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی ئێران ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند رۆژێكی كه‌می داهاتوودا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی له‌باره‌ی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی تیرۆریستان و چۆنیه‌تی رێگه‌ گرتن له‌ تێكچوونی ئاسایشی هه‌رێم، سه‌ردانی تاران ده‌كات.

له‌پێناو گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی كه‌می داهاتوودا سه‌ردانی ئێران ده‌كات و مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی تیرۆریستان له‌ رێگه‌ی سنووری ئێرانه‌وه‌ بۆ ناو خاكی كوردستان له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌بێت كه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كات. له‌ لێدوانێكیدا له‌مباره‌یه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: به‌داواداچوونی وردمان له‌سه‌ر زانیاریه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستیه‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ هه‌بووه‌ كه‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ خاڵێكی سه‌رسنووری پێنجوین رویدا و به‌ جدیه‌تێكی زۆریشه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و جۆره‌ روداوانه‌ چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌من و سه‌قامگیریی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كه‌ن. له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ناوبراو ئاشكرایكرد كه‌ بڕیاردراوه‌ ژماره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كان زیاد بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری جموجۆڵه‌كانی تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌ بكه‌ن و رێگه‌یان پێنه‌ده‌ن ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ له‌ كوردستان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌. ناوچه‌ی سه‌رسنووری نێوان كوردستان – ئێران یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی تیرۆریستی ئه‌نسارولئیسلام وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌ تیرۆریستیه‌كانیان به‌كاریان دێن و له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردووشدا چالاكیه‌كی چڕیان له‌و ناوچانه‌ ده‌ستپێكردووه‌.

فاینه‌نشاڵ تایمز: له عێراق دوو قاتی ئه‌وه‌ی که بیر ده‌کرێته‌وه، نه‌وت هه‌یه

مانشێت نیوز، تایبه‌ت : ڕۆژنامه‌ی ئابووری «فاینه‌نشاڵ تایمز»ی به‌ریتانی، ئاشکرایی کرد که به پێی دوایین توێژینه‌وه‌کان، له عێراق لانی که‌م دوو قاتی ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی که بیری لێده‌کرێته‌وه، نه‌وت هه‌یه.

ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نساڵ تایمز، له‌مباره‌وه ده‌ڵێ؛ پاش داگیرکردنی عێراق له لایه‌ن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانیه‌وه له ساڵی 2003وه تا ئێستا، ناوه‌ندێکی توێژینه‌وه‌ی سروشتی، ڕایگه‌یاندووه که له سه‌حرایی رۆژئاوایی عێراق دا لانی که‌م 100 میلیارد به‌رمیل، نه‌وتی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه و به‌م شێوه عێراق ده‌بێته‌ یه‌که‌م وڵات له ئاستی دارابوونی سه‌رچاوه‌ نه‌وتیه‌کان.

ڕۆژنامه‌که‌ ده‌نووسێ ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری بوونی ئه‌م 100 میلیارد به‌رمیل نه‌وته له سه‌حرایی رۆژئاوایی سونه‌نشین، به یه‌قین بگات، پێش ئێران و دوابه‌دوایی عه‌ره‌بستان، ئه‌م وڵاته ده‌بێته خاوه‌نی دووهه‌مین مه‌زنترین سه‌رچاوه‌ سروشتیه نه‌وتیه‌کانی جیهان.

به گوێره‌ی فاینه‌نشاڵ تایمز، ئه‌گه‌ر شه‌ر و ئاڵۆزیه‌کان له‌ عێراق کۆتایی پێبێت و سه‌رمایه‌ ده‌ره‌کیه‌کان بێته ناو ئه‌م وڵاته، له 5 ساڵی داهاتوو دا رۆژانه ڕێژه‌ی ده‌رهێنان و هه‌ناردنی نه‌وت له 2 میلیۆن به‌رمیله‌وه ده‌گاته 4 میلیۆن به‌رمیل و به‌م شێوه توێژینه‌وه‌کان نیشان ده‌ده‌ن که عێراق دوو قات زۆرتر له‌مه‌ی که بیر ده‌کرێته‌وه، نه‌وتی هه‌یه.

ڕۆژنامه‌که‌ هه‌روه‌ها ده‌نووسێ که ئه‌گه‌ر بوونی ئه‌م ڕێژه‌ نه‌وته له ناوچه‌ سونه‌ نشینه‌کان راست بێت، ئه‌گه‌ری پارچه‌بوونی ئه‌م وڵاته که‌م ده‌بێته‌وه. هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م یه‌که که سونه‌کان به‌رده‌وام دژایه‌تی فیدراڵیزم ده‌که‌ن، چونکه وا بیر ده‌که‌نه‌وه به هه‌بوونی نه‌وت له کوردستان و باشووری عێراقی شیعه‌ نشین، ئه‌م ناوچه فیدراڵه، هه‌ژار ده‌مێنێته‌وه و له ئاکام دا، کورده‌کان و شیعه‌کان هێز ده‌گرن و جیا ده‌بنه‌وه.

پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری نوێی تورکیا له‌مڕۆوه ده‌ستی پێکرد

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: ئه‌مرۆ 16ی ئه‌پریل به فه‌رمی ماوه‌ی 10 رۆژه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری تورکیا له لایه‌ن پارله‌مانی ئه‌م وڵاته‌وه ده‌ستی پێکرد و له‌ ماوه‌ی دوو حه‌وتووی داهاتوو دا، سه‌رکۆماری 11مینی تورکیا هه‌ڵده‌بژێردرێ که چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، ئه‌ردۆغان یا که‌سێکی تر له پارته‌که‌ی بێت.

ئه‌مرۆ 16ی ئه‌پریل، کاتی یاسایی بۆ خۆکاندید کردنی پالوێراوانی پارته سیاسیه‌کان و که‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌کانی تورکیا بۆ پۆستی سه‌رکۆماری ده‌ستی پێکرد و تا 10 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو نه‌یه‌ته پێس له دوو حه‌وتووی داهاتوو دا پارله‌مانی تورکیا سه‌رکۆماری نوێی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ.

پارتی دادوگه‌شی ئیسلامگه‌راییAKPی «ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان» که له سالی 200وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تورکیا و سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانی به‌ده‌سته‌وه‌یه له پارله‌مان خاوه‌نی 363 کورسیه و به ته‌نیا ده‌توانێ به پێی یاسایی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م ولاته سه‌رکۆماری داهاتووش هه‌ڵبژێرێ و ئه‌م یه‌که‌س بۆته جێگه‌ی ناره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌نه سیاسه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ وده‌ره‌وه‌ی پارله‌مانی ئه‌م وڵاته.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان: تورکیا خۆ له هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشی کوردستان بپارێزێ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ڕ.م.م.ک له ڕاگه‌یاندراوێک دا خیتاب ئازادبیرانی دێموکرات و مرۆڤدۆستانی جیهان، وێڕای باس له ئاکامه نیگه‌تیڤه‌کانی هه‌ڕ چه‌شنه هێرشێکی تورکیا بۆ کوردستان، داوا ده‌کات که سه‌باره‌ت به‌م یه‌که بێده‌نگ نه‌مێنن و دژ به حکومه‌تی شه‌رخوازی تورکیا، هه‌لوێست بگرن.

له ڕاگه‌یاندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دا هاتووه :

له‌م حه‌وتوانه‌ی دواییدا و دوابه‌دوایی لێدوانه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌رانبه‌ر به ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی تورکیا له کاروباری ناوخۆی کوردستان و که‌رکووک و عێراق، به‌رپرسانی ره‌ده‌باڵایی ئه‌م وڵاته و به تایبه‌ت چینی عه‌سکه‌ر و میلیتاریستی ئه‌م وڵاته، به توڕه‌یی لێدوانی هه‌ره‌شه‌ ئامێز و شه‌ڕخوازانه ده‌ده‌ن و گه‌لی تازه ڕزگاربوو له جه‌نگی دیکتاتۆرانی کورد، هه‌ره‌شه‌ی سه‌رکوت و داگیرکه‌ری و ئافراندنی کوشتار و جه‌نایه‌تی دژه مرۆیی ده‌کات.

حکومه‌تی تورکیا که به چه‌واسه‌کاری وا نیشان ده‌دات که نیگه‌رانی چاره‌نووسی چه‌ند هه‌زار تورکمانی که‌رکووکه، و له کاتێک دا که مافی ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی گه‌لان و وڵاتانی جیران ده‌دات، که  خۆی چاوپۆشی له مافه‌کانی مرۆڤیی و گه‌لی و مافی چاره‌نووسی میلیۆنه‌ها کوردی باکووری کوردستان ده‌کات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، به توندی نیگه‌رانی خۆی له به‌رانبه‌ر به لێدوانه هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزه‌کانی سه‌رکرده‌ میلیتاریست و پێشێلکه‌ری مافه‌کانی مرۆڤی تورکیا دژ به هه‌رێمی کوردستان، ده‌رده‌بڕێ و  له‌م پێوه‌ندیه‌ش دا داوا له سه‌رجه‌م ویژدانه زیندووه‌کان، ئازادبیران، پارێزه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی دێموکراسی ومافی مرۆڤ ده‌کات که له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م کرده‌وه و خواسته دژی مرۆڤیانه و داگیرکه‌رانه‌‌ی تورکیا، هه‌لوێست بگرن و بۆیه‌ش داوا له ڕێکخراوه و ناوه‌نده‌کانی ناوچه‌یی و جیهانی مافی مرۆڤ ده‌که‌ین که جارێکی تر وه‌کو ساله‌کانی 1991 ڕێگه‌ به خوڵقانی تراژێدیایه‌کی مرۆیی تر نه‌ده‌ن و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌مباره‌وه ڕابگه‌یێنن و پێشگیری له‌م کرده‌وانه بکه‌ن.

نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا له عێراق، سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ده‌یقید ساترفیڵد، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری عێراق بۆ نقاشی کێشه‌ی پ.ک.ک و هۆشدار له‌مه‌ر هه‌ر چه‌شنه ئۆپێراسیۆنێکی سه‌ربازی تورکیا له باشووری کوردستان، سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی کرد.

ئه‌مڕۆ «ده‌یوید ساترفیڵد»، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا، به سه‌ردانێک گه‌یشته ئه‌نقه‌ره و دیداری له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی ئه‌م وه‌زاره‌ته و کابینه‌ی ئه‌ردۆغان کرد و ده‌گوترێ هۆشداری به تورکیا داوه که خۆی له هه‌ر چه‌شنه، هێرشێکی سه‌ربازی یه‌کلایه‌نه دژ به باشووری کوردستان و به بیانویی پ.ک.ک بپارێزێ.

ساترفیلد، به‌رپرسێکی سه‌رفه‌رمانداری گشتی ئه‌رته‌شی توررکیا ده‌بینێ و له‌م دیدارانه‌دا بڕیاره ئاکامه نیگه‌تیڤ و هه‌ره‌شه‌ئامێزه‌کانی هه‌ر چه‌شنه هێرشێکی سه‌ربازی بۆ کوردستان وه‌بیری به‌رپرسانی سه‌ربازی و دیپلۆماتیکی تورکیا بێنێته‌وه و تورکیا ڕازی بکات که ده‌ست له‌م هه‌وڵانه هه‌ڵبگرێ.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌رده‌وام ناڕه‌زامه‌ندی خۆی له هێرشی سه‌ربازی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پ.ک.ک ڕاگه‌یاندووه و به‌رپرسانی باڵایی سه‌ربازی و دیپلۆماتیکی ئه‌م وڵاته‌ش هێرش بۆ کوردستان به هه‌ڵه ده‌زانن و ئه‌وه له کاتێک دایه که عێراقیش به توندی هه‌لوێستی له‌مباره‌وه نیشان داوه.

وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی عێراق: ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکات، به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: عه‌لی ده‌باغ، وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی عێراق وتی که ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکاته کوردستان، به‌غدا به ته‌واوی هێزیه‌وه، به‌رنگاری ده‌بێته‌وه.

عه‌لی ده‌بباغ، وته‌بێژی حکومه‌تی مالکی، ڕۆژی ڕابردوو پاش دیداری سه‌رۆکی یه‌کێتی عه‌ره‌ب له قاهیره‌ی میسر وتی: تورکیا بۆی نیه که هێرشی هه‌رێمی کوردستان بکات و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕوو بدات، ئه‌وه به‌غدا و سه‌رجه‌م خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که به توندی به‌ره‌نگاری هێرشی تورکیا ده‌بنه‌وه.

عه‌لی ده‌باغ، تورکیا له‌مه‌ر ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی عێراق و که‌رکووک به تایبه‌تی هۆشیار کرده‌وه و وتیشی که کێشه‌ی که‌رکووک به پێی ماده‌ی 140ی یاسایی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌کرێت و هه‌موو لایه‌ک پابه‌نده به ده‌ستووری ئه‌م وڵاته.

وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی عێراق وتیشی که وا بیر ناکاته‌وه که برایانی تورک هێرشی سه‌ر کوردستان بکه‌ن، به‌ڵام عێراق وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ریه و  که‌س بۆی نیه ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی دا بکات و ئه‌گه‌ر تورکیا هێرشی سه‌ربازی بکاته کوردستان، خۆی له به‌رانبه‌ر هه‌موو لایه‌ن‌ و هاوڵاتیه‌کانی عێراق دا ده‌بینێته‌وه و ناوچه‌که ده‌بێته پارچه‌ی ئاگر.

لاریجانی و سۆلانا  له وتووێژی ته‌له‌فۆنی، جه‌ختیان له سه‌ر پێویستی درێژه‌پێدانی گفتگۆکان کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ده‌بیری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران له‌ وتووێژی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی یه‌کێتی ئه‌ورووپا، خاویه‌ر سۆلانا دا وتی که تاران ئاماده‌یه که وتووێژه‌کانی سازنده‌ له‌ باره‌ی کێشه‌ی ناڤۆکی ئێران، ده‌سپێبکاته‌وه.

عه‌لی لاریجانی له وتووێژێکی ته‌له‌فۆنی دا له‌گه‌ڵ خاویه‌ر سۆلانا ڕۆژی  پێنجشه‌ممه‌ وتی که ئێران جه‌خت کردن له‌سه‌ر مافی ڕه‌وای خۆی له‌مه‌ڕ په‌ره‌‌پێدان به پڕۆگرامی ئاشتیانه‌ی ناڤۆکی، ئاماده‌ی ده‌سپێکردنه‌وه‌ی وتوێژه‌کانی سازنده‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی  هاوپێوه‌ند به‌م بابه‌ته‌ بوو.

لاریجانی له‌م وتووێژه دا به سۆلانایی گووتووه که ئێران ئاماده‌یه، بێ ڕه‌چاوگرتنی کۆتایی هێنان به پیتاندنی ئۆرانیۆم، له رۆژی چوارشه‌ممه‌ی چوارشه‌ممه‌ی حه‌وته‌ی داهاتوو (25ی ئاوریل)ه‌وه ده‌ست به گفتگۆکانی خۆی سه‌باره‌ت به به کێشه‌ ناڤۆکیه‌که‌ی بکاته‌وه.

ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێ به‌رپرسێکی بڵیندی پ.ک.ک راده‌ستی تورکیا بکاته‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراو ڕایگه‌یاند که حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێ «حه‌سه‌ن ئاتماجا» ناسراو به «فه‌رحان»، که ئه‌ندامێکی باڵایی پ.ک.ک‌یه، ڕاده‌ستی تورکیا بکاته‌وه.

سه‌رچاوه‌که‌ به ماڵپه‌ری ئاڤێستایی ڕاگه‌یاندوو که «حه‌سه‌ن ئاتماجا»، له ساڵی 2000 و 2001 دا، نوێنه‌ری پ.ک.ک له ئه‌لمانیا بووه و هه‌ر به‌م سوچه‌وه ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه کرابوو و پاشان له ساڵی 2004 دا کاتێک ده‌یه‌ویست له ئه‌رمه‌نستانه‌وه بچێته ئه‌ڵمانیا ده‌زگیر کراوه.

«حه‌سه‌ن ئاتماجا» که ئێستا له گرتووخانه‌یه‌کی ئاڵمانی فیدرال له شاری فرانکفۆرت دا ڕاگیراوه،  به داخوازی به‌رپرسانی قه‌زایی تورکیا، بڕیاره ڕاده‌ستی ئه‌م وڵاته بکرێته‌وه.

ئه‌مریکا وتی که ئه‌گه‌ری دانوستانی نێوان موته‌کی و ڕایس هه‌یه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که ڕه‌تی ناکاته‌وه که دانووستانێک له نێوان کۆندالیزا ڕایس و مه‌نوچه‌هر موته‌کی له کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق ڕووبدات.

شان مه‌ککۆڕمه‌ک، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا دوێنێ هه‌ینی ڕایگه‌یاند که له به‌رنامه‌ی وڵاته‌که‌ی دا نیه که وتووێژ و دانووستان له‌گه‌ڵ ئێران دا بکات، به‌ڵام کۆندالیزا ڕایس ئاماده‌یه که له شه‌رمولشه‌یخی میسر، دیدار له‌گه‌ڵ مه‌نوچه‌هر موته‌کی، هاوتا ئێرانیه‌که‌ی بکات.

کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق به به‌شداری 5 وڵاتی ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی و 8 وڵاتی پیشه‌سازی جیهان و دراوسێکانی عێراق له شاری شه‌رموشه‌یخی میسر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌وه له کاتێک دایه که ئێران تا ئێستاش ڕوونی نه‌کردۆته‌وه، که ئایا به‌شداری ئه‌م کۆنفرانسه ده‌بێت یان نا، به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌م حه‌وتوویه‌ دا سه‌ردانی وڵاتانی دراوسێی عێراقی کردبوو و له هه‌وڵێکی چه‌واسه‌کارانه‌دا، پێی ڕاگه‌یاندبوون که به‌شداری ئه‌م کۆنفرانسه ببن.

ده‌هه‌مین ساڵڤه‌گه‌ری ده‌رچوونی حوکمی دادگای میکۆنۆس له‌ بێرلین به‌رز راگیرا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ ئاڵمانیا له‌ کۆرێک که‌ به‌ بۆنه‌ی ده‌هه‌مین ساڵڤه‌گه‌ری ده‌رچوونی حوکمی دادگای به‌ناوبانگی میکۆنۆس له‌ به‌رده‌رگای رێستۆرانی میکۆنۆس ساز درا بوو، به‌ ئاماده‌یی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ دانیشتوانی ئاڵمانیا له‌ ده‌هه‌مین ساڵڤه‌گه‌ری ده‌رچوونی حوکمی دادگای میکۆنۆس نرخێندرا.

به گوێره‌ی هه‌واڵنێری کوردستان مێدیا.ئۆرگ، له‌و کۆره‌دا که‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ کورده‌کانی دانیشتووی بێرلین، ئێرانیه‌کان، ئاڵمانی  و نوێنه‌رانی راگه‌یه‌نه‌ گشتیه‌کان پێک هاتبوو،لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانی ئاکامی دادگای میکۆنۆس خرایه‌ به‌ر باس. کۆره‌که‌ له‌ لایه‌ن به‌رێز حه‌مید نۆزه‌ری به‌رپرسی ناوه‌ندی په‌نابه‌رانی ئێران کرایه‌وه‌ و به‌دوای ئه‌ودا به‌رێز ئێریک  هانس یوئاخیم ئیریگ پارێزه‌ری قوربانیانی میکۆنۆس، به‌رێز حاجی جوندی له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سارا دێهکۆردی کچی نووری دێهکوردی له‌ لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ ئاکامی ئه‌و حوکمه‌یان لێکدایه‌وه‌.

له‌ 17ی‌ سێپتامبری‌ 1992 (26ی‌ خه‌رمانانی‌ 1371)دا، دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی‌، سكرتێری‌ ئه‌وكاتی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و هاوڕێكانی‌ فه‌تاح عه‌بدوولی‌،  هومایون ئه‌رده‌ڵان‌و دۆستی‌ PDKI، نووری‌ دێهكوردی‌ له‌ رێستورانی‌ میكۆنووسی‌ ئاڵمان دا له‌لایه‌ن گرووپێكی‌ تێرۆریستیی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێرانه‌وه‌ شه‌هید كران. پاش پێنج ساڵ‌‌و نیو لێكۆڵینه‌وه‌ دادگای‌ بێرلینی‌ ئاڵمان له‌ 10ی‌ ئاڤریلی‌ 1997 (21ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ 1376)دا بۆ یه‌كه‌مین جار حوكمی‌ مه‌حكوومكردنی‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌و تێرۆره‌‌و كاربه‌ده‌ستانی‌ پایه‌به‌رزی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ وه‌ك بڕیارده‌رانی‌ ئه‌و تێرۆره‌ ده‌ركرد.

له پیرانشار ده‌نگۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبا هه‌یه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که 7 جاش له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ک دا له ناوچه‌ی مه‌هاباد کوژران و بریندار بوون، ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه که له شاری پیرانشار ته‌قینه‌وه‌یه‌ک ڕوو ده‌دات.

له پیرانشاره‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که چه‌ند ڕۆژه ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه که ته‌قینه‌وه‌یه‌کی به‌هێز له ناو شار دا ڕوو ده‌دات و  خه‌ساری زۆری لێده‌که‌وێته‌وه و ئه‌مه‌ش بۆته مایه‌ی نیگه‌رانی مه‌زنی دانیشتوانی شار.

ئه‌وه له کاتێک دایه سه‌ڕه‌ڕایی باس له‌م ده‌نگۆیه، نازانرێ که کێ و به چ مه‌به‌ستێک ئه‌م ته‌قینه‌وه ده‌کات، به‌ڵام ئاماژه‌کان به‌ره‌وه ئه‌م ئاراسته‌یه‌ن که بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگۆیه‌ هه‌ر کاری ڕه‌ژیمه بۆ نانه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ له نێوان خه‌ڵک دا.

ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وڵات، سبه‌ی ده‌که‌وێته‌وه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: تاکه رۆژنامه‌ی کوردی «ئازادیا وڵات»، که له ئامه‌د بڵاوده‌بێته‌وه، پاش نیزێک به مانگێک داخران سبه‌ی ده‌که‌وێته‌وه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.

ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وڵات، که 15ی ئاگۆستی ساڵی 2006 دا یه‌که‌م هه‌ژماری خۆی وه‌کو ڕۆژنامه‌ی کوردی له باکووری کوردستان، به‌چاپ گه‌یاند، له ڕۆژی 22ی مارتی ئه‌مساڵ که به‌رانبه‌ر به یه‌که‌می نه‌ورۆزی  به هۆی به بیانووی پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ کوردایه‌تی و پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ ماوه‌ی 20 ڕۆژ داخرابوو.

خاوه‌ن ئیمتیازی «ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وڵات» و به‌رپرسی شۆڕایی نووسه‌رانی رۆژنامه‌که‌ «وه‌دات قورشون»، ڕایگه‌یاند که ئازادیا وڵات، به هۆی چاپی شێعرێک له ژێر ناوی «ڕۆژ له وڵاته‌وه‌ هه‌ڵدێت»، که ناوه‌ڕۆکێکی سیاسی هه‌بوو، بۆ ماوه‌ی 20 ڕۆژ داخرابوو و ئێستاش سبه‌ی بڕیاره وه‌شانی ئاسایی خۆی ده‌سپێبکاته‌وه.

اطلاعیه مطبوعاتی …

دوو گیراوی کورد له سنه له‌سێداره دران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: دوو گیراوی کورد به ناوه‌کانی «جه‌ماڵ شێرمحه‌ممه‌دی و حه‌بیبوڵا تاهیر مرادی»، له گرتووخانه‌ی سنه، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی یه‌که‌می بانه‌مه‌ڕ، له سێداره دران.

په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک ڕایگه‌یاند که دوو هاوڵاتی به ناوه‌کانی «جه‌مال شێر محه‌ممه‌دی» ته‌مه‌ن 22 ساڵه و «حه‌بیبوڵا تاهیر مرادی» ته‌مه‌ن 37 ساڵه، به تۆمه‌تی کڕینی و فرۆشتنی ماده‌ سڕکه‌ره‌کان ده‌زگیر و به حوکمی ئیعدام مه‌حکووم کرابوون.‌

له‌م دوایانه‌دا حوکمه‌که‌یان له لایه‌ن دیوانی باڵایی دادی ڕه‌ژیمه‌وه په‌سه‌ند کرابوو و ئه‌م دوو گیراوه سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه، یه‌که‌می بانه‌مه‌ڕ له گرتووخانه‌ی سنه له‌سێداره دران.

هاوڵاتیه‌کی نه‌غه‌ده‌یی به سزایی گرتووخانه‌ مه‌حکووم کرا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هاوڵاتیه‌کی نه‌غه‌ده‌یی به تۆمه‌تی به‌شداری کردن له خۆپێشاندانه ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ساڵی ڕابردوو به 6 مانگ زیندان و 50 زه‌ربه‌ی قامچی، مه‌حکووم کرا.

په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگه‌یاند که هاوڵاتیه‌کی نه‌غه‌ده‌یی به ناوی «فه‌زل عه‌لی فه‌یزی زاده»، خه‌ڵکی نه‌غه‌ده‌، به تۆمه‌تی به‌شداری کردن له خۆپێشاندانه‌کانی ناڕه‌زایه‌تی ئازه‌ریه‌کان به‌رانبه ر به چاپی کاریکاتۆرێکی پر له سووکایه‌تی له ڕۆژنامه‌ی ئێران دا، ده‌زگیر و زیندانی کرابوو.

ناوبراو پاش ئه‌وه‌ی که به شێوه‌ی کاتی و به دانانی بارمته‌ ئازاد کرابوو ، سه‌ره‌نجام به 6 مانگ زیندان و 50 زه‌ربه‌ری قامچی مه‌حکووم کراوه.

سێ ڕۆژنامه‌وانی کورد دادگایی ده‌کرێن

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: «تۆنیا که‌بودوه‌ند»، «ئیجلال قه‌وامی» و «کاوه حوسێن په‌ناهی»، ، له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی «په‌یامی مه‌ردۆم»ی سنه، ڕۆژی 3ی بانه‌مه‌ڕ، له دادگایی گشتی سنه دادگایی ده‌کرێن.

هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کوردستان، ڕایگه‌یاند که سێ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی «په‌یامی مه‌ردۆم» ڕۆژی 3ی بانه‌مه‌ر له لایه‌ن دادگایی گشتی سنه‌وه دادگایی ده‌کرێن.

«تۆنیا که‌بوودوه‌ند»، به‌رپرسی به‌شی ژنانی حه‌وته‌نامه‌که، ئیجلال قه‌وامی، به‌رپرسی به‌شی سیاسی و کاوه حوسێن په‌ناهیم به‌رپرسی به‌شی ئابووری حه‌وته‌نامه‌که، پاش چه‌ند جار وه‌پاش خستن و دواکه‌وتنی دانیشتنی دادگایه‌که‌یان، سه‌ره‌نجام ڕۆژی 3ی بانه‌مه‌ر و به پێی ئه‌م بانگهێشته‌ یاسایه‌ی بۆیان هاتووه دادگایای ده‌کرێن.

شایانی باسه که حه‌وته‌نامه‌ی په‌یامی مه‌ردۆم، به سه‌رنووسه‌رایه‌تی و خاوه‌ن ئیمتیازی «محه‌ممه‌د حوسێن که‌بود وه‌ند»، سه‌رۆکی ئێستایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له سنه چاپ و بڵاو ده‌بۆوه، به‌ڵام پاشان داخراو و ڕۆژنامه‌‌وانه‌کانیشی به تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو، بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی دژ به ئیسلام و نووسراوه‌‌وه‌ی کوفر ئامێز، پڕۆپاگه‌نده دژ به حکومه‌ت، بلاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و بابه‌تی ناڕاست و هتد، دادگایی ده‌کرێن.

5 چالاکی کرێکاری سه‌قزی ئازاد کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: 5 چالاکی کرێکاری گیراوی سه‌قزی به ناوه‌کانی «خالید مه‌یخانی ئه‌نوه‌ر حوسێن زاده، عه‌تا حوسێنی، کاوه حه‌کیمی و ڕه‌حیم حوسێنی» ئازاد کران.

به گوێره‌ی هه‌والنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد ئه‌م چالاکه کرێکاریانه که به تۆمه‌تی خۆپێشاندانی پرۆتیستۆیی له هه‌مبه‌ر گیرانی مه‌حموود ساڵحی، ده‌زگیر کرابوو و حه‌وتوویه‌ک له گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سه‌قز ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، ئازاد کران.

کوردانی ڕۆژئاوا به 20 کاندیده‌وه، به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی سووریا ده‌بن

مانشێت نیوز، ڕۆژئاوایی کوردستان: له کاتێک دا که پلاتفۆڕمی «یه‌کێتی دێموکراتیکی نیشتمانی» که له 6 پارتی سیاسی کورد وعه‌ره‌ب پێکهاتووه هه‌ڵنژاردنه‌کانی ئه‌مرۆی سووریا بایکۆت ده‌کات، 20 کورد کاندیدی پارله‌مانی سووریا بوونه.

ئه‌مڕۆ له سووریا هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ دیاری کردنی 250 ئه‌ندامی پارله‌مانی ئه‌م وڵاته ده‌کرێ و ئه‌وه له کاتێک دایه که سه‌ره‌ڕایی بایکۆتی پارته ڕێفۆرمخوازه‌کان که تێیدا چه‌ند پارتی کوردیش به‌شدارن، «پارتی یه‌کێتی دێموکراتیک PYD به سه‌رۆکایه‌تی «فواد عومه‌ر» داخوازی نوێنه‌رایه‌تی کردنی کوردان له پارله‌مانی سووریایه و داوا ده‌کات کوردان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن و به‌م شێوه شوێنیان له دێموکراتیک کردنی سووریا هه‌بێت.

له هه‌مان کات دا مانگێک به‌ر له ئێستا کۆمه‌ڵێک پارتی سیاسی کورد و عه‌ره‌بی ڕێفۆرمخوازی دژ به حکومه‌تی به‌عسی سووریا وێڕای نیشاندانی ناڕه‌زامه‌ندی خۆیان له دیکتاتۆریه‌تی به‌عس، ڕایانگه‌یاندوو که به هۆی نادێموکرات بوونی هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌شداری تێدا ناکه‌ن.

پارته‌کانی ئۆپۆزیسۆن ده‌ڵێن که له سالی1970وه تا ئێستا به‌رده‌وام حیزبی به‌عس، سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌بێت و ئه‌وه‌ش به‌م هۆیه‌یه که به پێی ده‌ستووی ئه‌م وڵاته له 250  کورسی پارله‌مان، 131ی له ده‌ستی حیزبی به‌عس دایه که ئه‌ویش ده‌کاته له سه‌تا 66.8 و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر به‌‌وانه.

له هه‌شتا کورسی که ده‌مێنێته‌وه، 20 کورد وه‌کو سه‌ربه‌خۆ کاندید بوونه که‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌وان به لایه‌نگری حکومه‌ت و هاوپه‌یمانی حیزبی به‌عس ناوه‌زد ده‌کات.

http://img2.freeimagehosting.net/uploads/ac18ff4046.jpg

ئه‌مڕۆ 109مین ساڵڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردیه، پیرۆز بێت!

ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشێت: ئه‌مرۆ، به‌رانبه‌ر به 22ی نیسان، 109مین ساڵیادی بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی له قاهیره‌ی پێته‌ختی میسر، له لایه‌ن مدحه‌ت به‌درخانه‌وه‌یه.

له 22ی ئه‌پریل(نیسان)ی ساڵی 1898ی زایینی دا، یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی به ناوی «کوردستان» له شاری قاهیره‌ی پێته‌ختی وڵاتی میسر و له لایه‌ن «میقداد میدحه‌ت به‌درخانه‌»ه‌وه، بڵاوکراوه و ئه‌م ڕۆژه وه‌کو ساڵڕۆژ6ی «ڕۆژنامه‌‌وانی کورد»ی مه‌زن و پیرۆز ڕاده‌گیرێ.

هه‌ژماری 1 تا 5ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان له قاهیره به‌چاپ گه‌یشت

6 تا 9 له ژێنێڤ

20 تا 23 له قاهیره

24 له له‌نده‌ن

25 تا 29 له فۆڵکیستۆنی به‌ریتانیا

30 و 31 له ژێنێڤ

سه‌ره‌نجام له ساڵی 1909وه، ڕۆژنامه‌ی کوردستان له لایه‌ن عوسمانیه‌کانه‌وه قه‌ده‌غه و قه‌پات کرا، به‌ڵام ساڵه‌کانی دواتر و له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا له مه‌هاباد، رۆژنامه‌‌یه‌ک به هه‌مان ناو، که ده‌نگی کۆمار بوو، ده‌ستی به وه‌شانی به‌ربڵاوتری خۆی کرد و تا ئێستاش به‌ڕده‌وامه.

ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشێت، پڕ به دل پیرۆزبایی ساڵرۆژی «ڕۆژنامه‌وانی کوردی»، له سه‌ڕجه‌م نووسه‌ران، ڕۆژنامه‌وانان و رۆشنبیران و گه‌لی کورد ده‌کات و هیواداره که داهاتوویه‌کی ڕوون و ئاسۆیه‌کی پڕ له ده‌سکه‌وت له چاوه‌ڕوانی ڕۆژنامه‌وانی کوردی دابێت. ده‌کات.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: