ئەرشیوی مانگی چواری ٢٠٠٧ی مانشێت نیوز/ ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت- 6

لێ فیگاڕۆ: لێدوانه‌کانی بویوک ئانیت، هۆشدارێک به ئه‌ردۆغان بوو

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسی لێ فیگاڕۆی چاپی فه‌ره‌نسا، له نووسراوه‌یه‌ک دا ئه‌م لێدوانانه‌ی بویوک ئانیتی به هه‌ره‌شه و هۆشدارێکی ئه‌رته‌ش بۆ ئه‌ردۆغان وه‌سف کرد و وتی که به‌م شێوه‌ ئه‌رته‌ش ده‌یه‌وێ بڵێ که له‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌کانیش دایه.

ڕۆژنامه‌که‌ ده‌نووسێ: هۆشداری سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپایی تورکیا له‌مه‌ر تاریفی، وه‌سفی سه‌رکۆمارێ داهاتوو له ڕوانگه‌ی ئه‌رته‌شه‌وه هۆشدارێکه به ئه‌ردۆغان دا که ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ ببێته سه‌رکۆمار، پێویسته به کرده‌وه، وه‌فادار به بنه‌ماکانی که‌ماڵیسم و لایسیته و سیسته‌می کۆماری سۆسیال دێموکراتی تورکیا بێت نه‌ک به قسه‌.

ئه‌گه‌رچی بویوک ئانیت ناوی که‌سێکی تایبه‌تی نه‌برد به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌کان ئاراسته‌ی ئه‌ڕدۆغانه که ده‌یه‌وێ 16ی ئه‌پریل ناوی خۆی بۆ کاندیداتۆری سه‌رۆکایه‌تی کۆمار بداته پارله‌مانی تورکیا.

هه‌روه‌ها بویوک ئانیتی سه‌رفه‌رمانداری ئه‌رته‌شی تورکیا له باسی پێویستی هێرش بۆ سه‌ر کوردستانیش دا هۆشدارێکه به حکومه‌تی ئه‌ردۆغان که ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر بکات و ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ یاسایه‌ک له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بکه‌ن تا بتوانن هێرشی کوردستان بکه‌ن و به‌م شێوه‌ په‌یامێکی توندیش به حکومه‌ت ده‌دات که لازمه له به‌رانبه‌ر پ.ک.ک دا توندتر بێت.

ئه‌وه له کاتێک دایه که به گوێره‌ی لێ فیگاڕۆ، شه‌پۆلی هه‌ره‌شه‌ شه‌رخوازانه‌که‌ی تورکیا به‌ڕه‌وڕووی دیواری ئه‌مریکا ده‌بێته‌وه که نایه‌وێ به‌ ڕێگه‌دانی هێرشێکی له‌م شێوه‌ هه‌م کورده‌کانی باشوور له خۆی بتۆرێنێ و هه‌میش ئارامترین ناوچه‌ی عێراق واته «هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان» ئالۆز بکات.

په‌سه‌ند کرانی حوکمی گیرانی سێ چالاکی کرێکاری

دادگایی پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگایی کوردستان حوکمی 2 ساڵ گیرانی هه‌ڵپه‌سێردراوی سه‌ید جه‌لال حوسێنی، بورهان دیوانگه‌ر و مۆحسێن حه‌کیمی، په‌سه‌ند کرد.

به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌و‌اڵێک دا ڕایگه‌یاند که دادگایی پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگایی کوردستان حوکمی زیندانی سێ چالاکی کرێکاری په‌سه‌ند کرد.

به‌ پێی زانیاریه‌کان، سه‌ید جه‌لال حوسێنی به 2 ساڵ زیندان و هه‌لپه‌سێردران بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ و بورهان دیوانگه‌ر و مۆحسێن حه‌کیمی خهژ‌ڵکی که‌ره‌ج، هه‌ردووک به دوو سال زیندانی هه‌ڵپه‌سێردراو مه‌حکووم کران.

شایانی باسه که ئه‌م سێ که‌سه به بانگهێشتی خه‌ڵک بۆ ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران له ساڵی 1383 تۆمه‌تبار کراون و بورهان دیوانگه‌ر هه‌ر ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته.

عارف نادری، چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی قوروه‌یی ناچار بوو کوردستان به‌جێبهێڵێ

عارف نادری، چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگی قوروه، به هۆی زه‌خت و گووشاری هێزه‌کانی ئاسایشی ڕه‌ژیم ناچار بوو که کوردستان به‌جێبهێلێ.

به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، عارف نادری، چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی قوروه‌یی، که ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامی شۆڕایی شاریش بوو و تا ئێستا چه‌ندین جار بانگهێشتی ناوه‌نده‌کانی قه‌زایی و ئاسایشی و ئه‌منیه‌تی ڕه‌ژیم کراوه و ماوه‌یه‌کیش ده‌ستبه‌سه‌ر بووه.

شایانی باسه که ناوبراو له‌م دوایانه‌ش دا به هۆی دۆسیه‌یه‌کی ئاوه‌ڵه‌ی قه‌زایی، چالاکی لێ قه‌ده‌غه کرابوو و پێشتریش له بواری رۆژنامه‌‌وانی دا هاوکاری حه‌وته‌نامه‌ی په‌یامی مه‌ردۆمی ده‌کرد که ئێستا داخراوه.

سه‌رۆکی پارله‌مانی عێراق: ده‌ستی ئه‌م که‌سانه ده‌برین که ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری عێراق بکات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: دوابه‌دوایی لێدوانه‌کانی بویوک ئانیت و هه‌ره‌شه‌ی هێرشی سه‌ربازی بۆ کوردستان به بیانووی پ.ک.ک، سه‌رۆکی پارله‌مانی عێراق وتی که ئێمه ده‌ستی ئه‌و که‌سانه ده‌په‌ڕێنین که نیازی ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری ناوخۆی عێراقیان هه‌بێت.

«مه‌حموود ئه‌لمه‌شهه‌دانی»، له لێدوانێک دا پاس کۆوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌مرۆ پاش ته‌قینه‌وه‌ خۆکوژیه‌که‌ی دوێنێ له اپرله‌مان، وێڕای پشتیوانی له وته‌کانی بارزانی وتی: بارزانی له‌باوه‌ش ده‌گرم، قسه‌کان و هه‌ڵوێستی ئه‌و، هه‌ڵوێستی ئێمه‌شه.

به گوێره‌ی ماڵپه‌ری  ئینته‌رنه‌ت خه‌به‌ری تورکیا، مه‌شهه‌دانی وتوویه‌تی  که ئه‌گه‌ر بێت و دراوسێکان و ولاتانی تر، بیانه‌وێ ده‌ست له کاروباری ناوخۆی ولاته‌که‌مان وه‌ربده‌ن، ڕێگه‌یان پێناده‌ین. وه‌کو پێشوو، ده‌ستی ده‌ستدرێژکه‌ره‌کان ده‌په‌ڕێنین، که ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆش ئه‌م کاره نه‌که‌ین، سبه‌ی کاتی دێت، ئه گه‌ر دراوسێکانیش بن.

د. که‌مال که‌رکووکی به‌رانبه‌ر به بویوک ئانیت: هێرش بۆ کوردستان ئاواش ئاسان نیه!

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: پاش لێدوانه‌ هه‌ره‌‌شه ئامێزه‌که‌ی یاشار بویوک ئانیت، فه‌رمانده‌یی گشتی ئه‌رته‌سی تورکیا، یه‌که‌م هه‌لوێست له لایه‌ن جێگری سه‌رۆکی پارله‌مانه‌وه هات و ناوبراویش گوتی که لێدوانی کوردستان ئاواش ئاسان نیه.

دوکتۆر که‌مال که‌رکووکی، جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی په‌یامنێر، سه‌باره‌ت به لێدوانه‌کانی بویوک ئانیت له‌مه‌ر هێرس بۆ سه‌ر کوردستان دا وتی: ئه‌م لێدوانانه نه‌ خزمه‌تی توركیا و نه‌خزمه‌تی عێراق و نه‌دۆستایه‌تی هه‌ردوولا ده‌كات. هه‌ر هێرشێكی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕكردنه‌ له‌ده‌وڵه‌تی عێراق به‌گشتی. هه‌روه‌ها نوێنه‌ری توركمان له‌په‌رله‌مانی كوردستان دژایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌لێدوانی به‌رپرسانی توركیا سه‌باره‌ت به‌ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

ناوبراو که یه‌که‌م به‌رپرسی فه‌رمی حکومه‌تێ هه‌رێمی کوردستانه که دژ به وته‌کانی بویوک ئانیت هه‌لوێست ده‌گرێ له درێژه‌ دا وتی: هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كارێكی ئاسان نیه‌و به‌دووریشی ده‌زانم شتی له‌مجۆره‌ رووبدات. لێدوانه‌كانی ئه‌وان له‌سه‌ر كێشه‌ی ناوخۆییه‌و ئێمه‌ش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌وان نیه‌.

دوکتۆر که‌ماڵ بیانووه‌کانی تورکیاشی به پووچ زانی و جه‌ختی له سه‌ر ئه‌مه کرده‌وه که حکومه‌تێ هه‌رێمی یارمه‌تی نه‌داوه‌ته پ.ک.ک و پشتیوانیشی لێ نه‌کردووه.

سه‌رۆکی DTP : بایکاڵ ئه‌گه‌ر پیاوه با خۆی له ماردین کاندید بکات و من له ئانتالیا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دوێنێ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی بالایی پارتی کۆمه‌لگایی دێموکراتیک کۆتایی پێهات و له لێدوانێک دا ئه‌حمه‌د تورک هاوسه‌رۆکی ئه‌م پارته جوابی وته‌کانی ده‌نیز بایکاڵی سه‌رۆکی پارتی کۆماری گه‌لی داوه.

ئه‌حمه‌د تورک هاوسه‌رۆکی پارتی کۆمه‌لگایی دێموکراتیک DTP، له لێدوانێک دا وێڕای نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی خۆی له وته‌کانی ده‌نیز بایکاڵ که وتبووی «DTP ئه‌گه‌ر وره‌یان هه‌یه با بێنه ناو هه‌ڵبژاردنه‌کان» دا وتی: جواب دانه‌وه به ده‌نیز بایکاڵ که خۆی و پارته‌که ی له سه‌رجه‌م بنه‌ماکان و به‌هاکانی بیرۆکه‌ی چه‌پ به دوور که‌وتووه و مه‌ودایه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ خه‌لک دا تێکه‌وتووه، پێویست نیه، به‌لام بایکاڵ ئه‌گه‌ر پیاوه و وره‌ی هه‌یه با بێت و له ماردین خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان کاندید بکات و منیس ده‌جم له ئانتالیا، خۆم کاندید ده که‌م، با بزانین ده‌نگی کام یه‌ک له ئێمه زۆرتر ده‌بێت؟

ئه‌همه‌د تورک وێڕای نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی خۆی و DTP له به‌روارد کردنی کێشه‌ی کورد له نێوان که‌رکووک و ئامه‌دیش دا وتی: کۆمه‌ڵێک ده‌یانه‌وێ که به ئه‌نقه‌ست تورکیا بخه‌نه ناو دۆخ وکه‌ش و هه‌وایه‌کی پاشگه‌ردانی و ئاڵۆزه‌وه و لێدوانه‌کانی بارزانی به‌ته‌مانه بکه‌نه بیانوویه‌ک بۆ هێرشی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و ئێمه‌ش له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ین که پێویسته ڕاوه‌سته‌ی جیددی بکرێ له سه‌ر ئاگربه‌سته‌که‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان.ئه‌حمه‌د تور، هاوسه‌‌رۆکی DTP سه‌باره‌ت به لێدوانه‌کانی بویوک ئانیتیش دا وتی که ناوبراو که‌ش و هه‌وای 1993 و نه‌وه‌ته‌کان ده‌یه‌وێ زیندوو بکاته‌وه و به لێدوانه‌کانی سه‌باره‌ت به ڕۆژنامه‌ی گونده‌م، بۆته هۆی داخستنی و ئه‌مه‌ش ده‌ستێوه‌ردانه له کاروباری قه‌زایی

سه‌رۆکی پارله‌مانی کوردستان، به‌رسیڤی هه‌ره‌شه‌کانی تورکیایی داوه

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: عه‌دنان موفتی، سه‌رۆکی پارله‌مانی کوردستان، به‌رسیڤی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیایی داوه و وتی که هێرش بۆ سه‌ر کوردستان ئاسان نیه و به مانایی ده‌سپێکی سه‌ر له‌گه‌ل حکومه‌تی فیدرالی عێراقه و کاتی سه‌ددام نه‌ماوه که تورکیا به ئاسانی سنوور ببه‌زێنێ.

ئه‌مرۆ به‌یانی له دانیشتنی پارله‌مان دا که پێوه‌ست بوو به ئه‌نفاڵ، سه‌رۆکی پارله‌مان عه‌دنان موفتی، وتی که ئێمه‌ هه‌رچه‌نده ده‌ستی دۆستی و دیالۆگ بۆ تورکیا درێژ ده‌که‌ین به ئه‌نجامی کۆنفراسنی دژ به ده‌ستووری عێراق و ماده‌ی 140 له ئه‌نقه‌ره وئه‌سته‌نبول، له لایه‌ن تورکیاوه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌ستێوه‌ردانه له کاروباری ناوخۆی عێراق و که‌ند وکۆسپ خستنه‌ به‌رده می ئێمه‌.

سه‌رۆکی پارله‌مان وتی که کاتی سه‌ددام نه‌ماوه که تورکیا به ئاسانی سنووره‌کانی عێراق ببه‌زێنێ و ئه‌مجاره ئێمه‌ به‌شێکین له عێراق و تورکیا به‌ره‌وڕووی پارله‌مان و حکومه‌تی عێراق ده‌بێته‌وه و ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانیش که به بڕیاری یو‌ئێن لێره‌ن، ئه‌رکی پاراستنی سنووره‌کانیان له ده‌ست دایه.

عه‌دنان موفتی سپاسی هه‌وێستی حکومه‌تی ناوه‌ندی و به تایبه‌ت سه‌رۆکی پارله‌مانی عێراق و وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق، عه‌لی ده‌بباغی کرد و گوتیشی که 40 ساله له کوردستان شه‌ر هه‌یه  و ئاکامی نه‌بووه و پێویسته کێشه‌کانی تورکیا له ڕێگه‌ی ئاشتیانه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن.

ئه‌مڕۆ لاییک و که‌ماڵیسته‌کانی تورکیا میتینگی «کۆماریه‌ت» دژ به ئه‌ردۆغان پێکهێنا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، هه‌زاران که‌س له هاولاتیانی لاییک، که‌ماڵیست و کۆماریخوازی تورکیا دژ به هه‌ڵبژاردنی چاوه‌ڕوان کراوی ئه‌ردۆغان بۆ پۆستی سه‌رکۆماری، میتینگی «کۆماریه‌ت»یان له ئه‌نقه‌ره‌ ساز کرد.

ئه‌م میتینگه که هه‌زاران که‌س له تورکانی لاییک و که‌ماڵیست به‌شداریان تێداکرد به هه‌وڵی «ڕێکخراوه‌‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئاتاتورکی» و پشتیوانی 318 کۆر وکۆمه‌ڵ و ڕێکخراوه ‌پێک هاتبوو و پارتی ئۆپۆزیسیۆنی گه‌لی کۆماری CHP و ئه‌رته‌ش و سه‌رۆکایه‌تی ئێستایی کۆماریش پشتیوانیان لێکرد.

ئه‌م میتینگه که له ئه‌ساس دا دژ به هه‌وڵی «ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان»ی سه‌رۆک وه‌زیره که چاوه‌ڕوان ده‌کرێ به هۆی زۆرینه‌ی له پارله‌مان و ویستی خۆی و هاوڕێیانی له‌م حه‌وتوویه‌ دا خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار بپاڵێوێ.

سه‌رۆکانی پارتی گه‌لی کۆماری CHP، ده‌نزی بایکال، زه‌کی سه‌زه‌ر، سه‌رۆکی پارتی سۆسیالیستی دێموکراتی تورکیا DSP و حورپارتی و هه‌زاران تورک تێیدا به‌شداریان کرد و دروشمیان له پستیوانی ئاتاتورک، که‌ماڵیزم، لایسیته، دژایه‌تی ئیسلامی ڕادیکال و ئه‌ردۆغان سه‌ردا.

له‌م 5 ساله‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌ردۆغان و پارتی دادوگه‌شه‌ی ئیسلامخوازی ناوبراو دا، ئه‌رته‌ش، چینی لایک و سه‌رکۆماریش به‌رده‌وام باسیان له‌وه کردووه که «ئیسلامی کۆنسێرڤاتیڤ » که پارته‌که‌ی ئه‌ردۆغان نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات، خه‌ریکه عیلمانی بوونی سیاسه‌ت و کۆماریخوازی ده‌خاته مه‌‌ترسیه‌وه.

ئه‌حمه‌د نه‌جده‌ت سه‌زه‌ری سه‌رکۆمار که ئه‌م مانگه کۆتایی به ئه‌رکه‌که‌ی دێت دوێنێ له‌ میانه‌ی وتارێكدا كرد كه‌ له‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازی پێشكه‌شی كرد و گوتی :» سیسته‌می سیاسی توركی له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندینه‌وه‌ له‌ ساڵی 1923 هێنده‌ی ئه‌مڕۆ رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بۆنه‌وه‌.»

هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له سه‌ر سنوور، ده‌که‌وێته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیه‌وه

مانشێت نیوز، باشووری و کوردستان: به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بۆ جوابدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا، جموجۆڵێکی ده‌سپێکردووه و 50 دۆشکه‌ی دژه ئاسمانیشی بردۆته ناوچه‌ سنووریه‌کان.

هاوڵاتی له ئاژانسی ڕۆیته‌رز ده‌گوازێته‌وه که «جه‌ببار یاوه‌ر»، وته‌بێژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ڕایگه‌یاندووه که تورکیا ته‌نها ده‌یه‌وێت که گووشار بخاته سه‌ر کوردستان و عێراق به‌شێکه‌ له عێراق و عێراقیش خاوه‌نى سه‌روه‌رى خۆیه‌تى، ئه‌مه‌ریکاش به‌رپرسه‌ له‌پاراستنى ئاسایشى عێراق، که‌واته‌ هێرش بۆ سه‌ر عێراق وه‌ک هێرش وایه‌ بۆسه‌ر هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق، ئه‌گه‌رچی بڕواش ناکات، تورکیا هێرشی کوردستان بکات.

له لایه‌کی تره‌وه به فه‌رمانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی، به‌شێک له هێزه‌کانی پێشمه‌رگه که‌وتوونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باسی ته‌واوه‌وه و هێز ره‌انه‌ی ناوچه‌ سنووریه‌کان کراوه و جگه‌له‌مه 50 دۆشکه‌ی جوت لووله‌ی دژه‌ ئاسمانی کارپێنه‌کراو، که ده‌سکه‌وتی ڕووخانی سه‌ددامه، بردراوه‌ته ناوچه‌ هه‌ستیاره‌کان و ئاماده‌یی به‌رگری له کوردستانن دژ به هه‌‌ر چه‌شنه هێرشێکی ئاسمانی و زه‌وینی.

هاوڵاتی ده‌ڵێ که سه‌رچاوه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ جگه‌له‌ دژه‌ ئاسمانیه‌کان پارتى خاوه‌نى ده‌یان ئالیه‌تى سه‌ربازیه‌ وه‌ک تانک و تۆپ و زرێپۆش که‌له‌ کاتى پێویستدا بۆ به‌رگری له‌خۆکردن به‌کارده‌هێنێت».

تورکیا 5 تانکه‌ری مه‌زنی ئاو که له کۆریاوه‌ ده‌هاتنه‌ کوردستانی گه‌رانده‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به‌رپرسانی تورکیا باری که‌شتیه‌کی کۆریایی باشووریان که ده‌هاته کوردستان، بۆ ئه‌م وڵاته گه‌رانده‌وه، به‌م هۆیه‌ که له ئادره‌سی وه‌رگره‌که‌دا نووسرابوو «حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان».

به‌رپرسانی تورکیا له که‌شتیگه‌ی «ده‌رینجه» رایانگه‌یاند که 5 تانکه‌ری مه‌زنی ئاو که له کۆریایی باشووره‌وه ره‌وانه‌ی کوردستان کرابوو به‌م هۆیه‌ که له ئادره‌سی وه‌رگره‌که نووسراوبوو: وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان»، بۆ کۆریا گه‌ڕێندراوه، چونکه تورکیا ده‌ڵێ کوردستان به فه‌رمی ناناسێ و ئادره‌سێکی ئاوا پێنازانێ!!!

پێشتر ڕاگه‌یاندرابوو که باری ئه‌م که‌شتیه‌ چه‌ک وته‌قه‌مه‌نیه که حکومه‌تی کۆریایی باشوور بۆ کوردستانی ناردووه و تورکیا ده‌ستی به‌سه‌ر داگرتووه‌، به‌ڵام پاشان ئاشکرا بوو که باره‌که تانکه‌ری مه‌زنی ئاوه‌ نه‌ک چه‌ک، که‌جی دیسانیش تورکیا ڕێگه‌نادات بێته کوردستان.

دوو هێلیکۆپته‌ری ئه‌مریکا به سوورانه‌وه له‌سه‌ر سنوور، هۆشداریان به تورکیا دا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌وال؛ ئه‌مڕۆ به‌یانی دوو هێلیکۆپته‌ری جۆری «سکۆرسکی» ئه‌مریکا به درێژایی سنووری کوردستان و تورکیا له ناوچه‌ی برایم خه‌لیل و حه‌فتانین سووڕانه‌وه و کۆنترۆلی بارودۆخی ناوچه‌که‌یان کرد.

زانرا که ئه‌مڕۆ دوو هێلیکۆپته‌ری شه‌رکه‌ری جۆری سکۆرسکی ئه‌مریکا که هیچ عه‌لامه‌ت و ئاڵایه‌کیشیان پێوه‌نه‌بووه، فڕینی شناساییان له سه‌ر ئه‌م ناوچانه ئه‌نجام داوه که ئه‌رته‌شی تورکیا هێزی تێدا کۆکردۆته‌وه و به‌م شێوه بۆ ماوه‌یه‌ک کۆنترۆڵی باری نیزامی خاڵی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل و ناوچه‌ سنووریه‌کانی زاخۆ و ناوچه‌ی ستراتێژیکی «حه‌فتانین»یان کرد و به‌شێک له سنووری سووریاشیان کۆنترۆڵ کرد.

مێدیاکانی تورکیا ئه‌م فرینه‌ی هێلیکۆپته‌ره ئه‌مریکیه‌کانیان به هۆشداری دانی ئه‌م وڵاته ناوزه‌د کرد و به‌م مانایه‌ که ئێمه‌ش لێره‌(باشووری کوردستانین) و ئاگادار بن.

له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێک دا 23 سه‌ربازی تورک کوژران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: هه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند که له ئاکامی ئۆپێراسیۆنی 20هه‌زار سه‌ربازی تورک دا له ناوچه‌کانی چه‌ولیک و ده‌رسیم، 7 ئه‌فسه‌ر و به گشتی 23 سه‌ربازی تورک کوژراون و 4 گه‌ریلاش شه‌هید بوونه.

ناوهندی چاپه‌مه‌نه و ڕاگه‌یاندنی هێزی پاراستنی گه‌ل له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که له ئاکامی ئۆپێراسیۆێکی به‌ڕفراوان دا که زیاتر له 20 هه‌زار سه‌ربازی تورک تێیدا به‌شدار بوون و چه‌ندین کاتژمێری خایاند و تێیدا کۆمه‌ڵێک چه‌کی قه‌ده‌غه‌ کراویش به‌کار هێندرا، 7 ئه‌فسه‌ر و به‌ گشتی 23 سه‌ربازی تورک کوژران و 4 گه‌ریلایی کوردیش گیانیان له‌ده‌ست دا.

به گوێره‌ی هه‌په‌گه‌، ئه‌م ئۆپێراسیۆنه له 7ی نیسانه‌وه ده‌ستی پێکرد و له 8ی نیسان به پێکدادانی قورس له ده‌رسیم، چه‌ولیک، ئه‌رزه‌نجان، ئه‌لعه‌زیز و به به‌شداری کۆمه‌ڵێکیش جاش و 6 هێلیکۆپته‌ری کۆبرا و 30 هێلیکۆپته‌ری سکۆرسکی، درێژه‌ی په‌یدا کرد.

ئه‌م هێلیکۆپته‌رانه له ناوچه‌کانی یه‌دی‌سو، پولومور، باغیر، قزڵ‌مه جید، قوه‌ت، لامه‌چ، چۆماکپیوه‌خان ریکه‌ و ده‌یان شوێنی ستراتێژیکی تر، هێزیان هێناوه‌ته‌خوار و له ئاکامی چه‌ندین کاتژمێر شه‌ری قورس وبه‌رده‌وام دا، 7 ئه‌فسه‌ر وبه‌ گشتی 23 سه‌ربازی تورکیا کوژراوه و 4 گه‌ریلایی کوردیش به ناوه‌کانی «حاجی گوڵباخچه»، له‌دایکبووی ئه‌لعه‌زیز، «ئایدین ده‌میر»، له‌دایکبووی چه‌ولیک، «ۆزبه‌ی یاڵچین» له دایکبووی موش و «ڕه‌مه‌زان کاپڵان»، له دایکبووی ئه‌سته‌نبوڵ، شه‌هید بوون.

هه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند که ئۆپێراسیۆنه‌کان به‌رده‌‌وامن و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌س هه‌یه که ئه رته‌سی تورکیا به جێگیر کردنی زیاتر له 250 هه‌ار سه‌رباز و سه‌دان تانک و زرێپۆش، له سنووره‌کانی ئێران و کوردستان، هێرشێک بکاته سه‌ر ئه‌ودیوی سنوور.

نێچیروان بارزانی: هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا قه‌بوول ناکه‌ین، پ.ک.ک کێشه‌ی سیاسیه و چاره‌سه‌ری به‌شه‌ر ناموکینه

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: نێچیروان بارزانی له جوابی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا گوتی که ئێمه ئه‌م یه‌که قه‌بوول ناکه‌ین و سه‌باره‌ت به پ.ک.ک‌ش وتی که ئه‌مه کێشه‌یه‌کی سیاسیه‌ و چاره‌سه‌ری به شه‌ر، مومکین نیه.

نێچیروان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیری کوردستان له کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌‌وانی دا پاش به‌شداری له دانیشتنی پارله‌مان سه‌باره‌ت به ئه‌نفاڵ و که‌سوکاری ئه‌نفاڵکراوان دا، به‌رسیڤی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیایی داوه و جه‌ختی له‌سه‌ر دیالۆگ و دۆستی له‌گه‌ل تورکیا کرده‌‌وه.

بارزانی سه‌باره‌ت به هه‌ره‌ شه‌کانی تورکیا له‌مه‌ر هێرش بۆ کوردستان وتی که ئێمه‌ ئه‌مه به هیچ شێوه قه‌بووڵ ناکه‌ین، ئه‌گه‌رچی مێدیاکانیش له زل کردنه‌وه‌ی ئه‌م کێشه ڕۆڵی نیگه‌تیڤیان هه‌بووه و به لۆژیکی نابینین که تورکیا ڕێگه‌یه‌کی ئاوا به‌کاربێنێ و باشترین کار ئه‌وه‌یه که تورکیا کێشه‌ی پ.ک.ک به ڕێگه‌ی سیاسی چاره‌سه‌ر بکات.

نابراو وتی که په‌یامی کوردستان به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه دیالۆگ و دۆستایه‌تی له‌گه‌ل تورکیا و ڕێزنان له سه‌روه‌ری یه‌کتره و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له کاروباری ناوخۆی یه‌کدی و هیوایی خواست که تورکیا ستراتێژیه‌کی هه‌بێت بۆ ئه‌و واقیعه مه‌وجووده‌ی ئێستایی کوردستان و عێراق، چونکه به هه‌ڕه‌شه هیچ ستێک چاره‌سه‌ر نابێت.

نێچیروان بارزانی سه‌باره‌ت به پ.ک.ک‌ش وێڕایی جه‌خت کردنه‌وه  له سه‌ر سیاسی بوونی کێشه‌ی پ.ک.ک، گوتی که ئه‌م پارته له گرووپی بچووک بچووک و به‌ربڵاو پێکهاتووه و له هه‌رشوێنێکی ئه‌م جوگرافیایه و له تورکیان و یاشار بویوک ئانیتیش ئێمه‌ و ئه‌م جوگرافیایه باش ده‌ناسێ و ده‌زانێ که به شه‌ر له‌ناوبردنی پ.ک.ک مومکین نیه.

سه‌باره‌ت به که‌لک وه‌رگرتنی پ.ک.ک له خاکی کوردستان بۆ هێرش بۆ سه‌ر تورکیا و دانانی خاڵی کۆنترۆل له سنووره‌کانی کوردستانیشه‌وه وتی که ئێمه‌ دژایه‌تی ئه‌م یه‌که‌ ده که‌ین و ئێمه‌ش زۆرمان ناخۆسی له ده‌ست پ.ک.ک‌وه دیتووه و تا ئێستاش 400 گوند به هۆی ئه‌وانه وه ئاوه‌دان نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه به‌م مانایه‌ نین که ده‌بی به شه‌ر چاره‌سه‌ر بکرێ.

بارزانی وتی که هیچ سه‌ربازێکی تورکیا نه‌هاتۆته ناو سنووره‌کانی کوردستان و سه‌باره‌ت به که‌رکووکیش وتی که که‌رکووک شارێکی عێراقیه و ناسنامه‌ی کوردستانی هه‌یه و ئێمه‌ش تا ئێستا هه‌رچی که به زۆر له لایه‌ن حکومه‌ته‌کانه‌وه لێمان ئه‌ستێندراوه به خۆسی و به سیاسه‌ت ده‌مانه‌وێ بیهه‌ستێنینه‌وه.

له کۆتاییش دا نێجیروان بارزانی دیسان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌مه  کرده‌وه که هیواداره تورکیا نیگه‌رانیه‌کانی له‌مه‌ر که‌رکووک و یاسایی نه‌وت و هه‌موو کێشه‌کانی تر له‌گه‌ل کوردستان به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکات.‌

دوو هاوڵاتی کرماشانی ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: دوو هاوڵاتی کرماشانی به ناوه‌کانی «محه‌ممه‌د ڕه‌زا ئاڕمه‌ند» و «مه‌نسوور فه‌قیهی»، به ته‌رتیب به تۆمه‌ته‌کانی چالاکی سیاسی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هیزبه کوردستانیه‌کان ده‌زگیر کراون.

به گوێره‌ی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، هاوڵاتیه‌کی لاوی کرماشانی به ناوی «محه‌ممه‌د ڕه‌زا ئاڕمه‌ند»، خه‌لکی شاره‌دێیی «ڕێژزو»ی داڵاهۆ و کارناسی باڵایی مێژوو، به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی له 4 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کراوه.

هه‌ڕوه‌ها هاولاتیه‌کی تری کرماشانی به ناوی «مه‌نسوور فه‌قیهی» که ساڵی ڕابردوو به تۆمه‌تی خۆپێکدادانی ماشێن له‌گه‌ڵ که‌سێکی تر، ده‌زگیر و ڕه‌انه‌ی گرتووخانه‌ی مه‌هاباد کرابوو، دیسان بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ ده‌زگیر و ره‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کراوه. ده‌گوترێ که ناوبراو به تۆمه‌تی نوێی «پێوه‌ندی  و هاوکاری حیزبێکی کوردستانی» ده‌زگیر کراوه و ده‌گوترێ کۆمه‌ڵێک هاوڵاتی تریش له شاره‌کانی سنه، کامیاران، جوانڕۆ و کرماشان ده‌زگیر کراون.

داوه‌تنامه‌یی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز بۆ وه‌رزشکارانی سه‌رده‌شتی

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ئیدار‌ه‌ی «په‌روه‌ڕده‌ی جه‌سته‌یی» شاری سه‌رده‌شت، له نامه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز دا داوایی له سه‌رجه‌م وه‌رزشکارانی ئه‌م شاره کردووه که به‌شداری خۆپێشاندانێکی زۆره‌ملی ببن بۆ پشتیوانی له به‌رنامه‌ی ناڤۆکی ئێران.

به گوێره‌ی هه‌و‌اڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، ئیداره‌ی ته‌ربیه‌ت به‌ده‌نی شاری سه‌ڕده‌شت له نامه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز دا، داوایی له وه‌رزشکاران کردووه که ڕۆژی 24ی خاکه‌لێوه به‌شداری ڕێپێوانێک ببن بۆ ئه‌رێ کردنی به‌رنامه‌ ناڤۆکیه‌که‌ی ئێران.

له ده‌عوه‌تنامه‌که‌ دا هاتووه که هه‌ر یه‌ک له‌م وه‌رزشکارانه ئه‌گه‌ر به‌شداری ڕێپێوانه‌که‌ نه‌که‌ن، به جیدیی به‌ڕه‌ووڕویان ده‌بنه‌وه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی نیگه‌رانی ئه‌م چینه. وه‌رزشکاران ده‌ڵێن که نابی وه‌رزش ببێته جێگه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتنی سیاسی.

به‌هه‌مه‌ن قوبادی له فیستیڤاڵی فیلمی ئه‌سته‌نبوڵ، خه‌لاتی وه‌رگرت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: فیلمی نیوه‌ی مانگ، به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ری کورد، به‌هه‌مه‌ن قوبادی، له 26مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌سته‌نبوڵ، خه‌لاتی به‌شی » گه‌لی ڕادیکاڵ»ی وه‌رگرت.

ئاژانسی فورات ڕایگه‌یاند که فیلمی «نیوه‌ی مانگ»، به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ری کورد، به‌همه‌ن قوبادی، له به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی فیستیڤاڵه‌که‌ دا خه‌ڵاتی » گه‌لی ڕادیکاڵ»ی وه‌رگرت و هه‌ر له‌م فیستیڤاله‌ش دا خه‌ڵاتی یه‌که‌می لاله‌ی زێڕین به فیلمی «دووپات»، به‌رهه‌می «یواشیم تریه‌ر»ی نۆرێژی درا.

له ئاکامی ده‌نگدانی ئاماده‌بووان و بینه‌رانی فیلمه‌کان دا له به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی «فیلمی نیوه‌ی مانگ»ی به‌هه‌مه‌ن قوبادی، خه‌ڵاتی ته‌ماشاگه‌رانی وه‌رگرت و به‌م شێوه‌ ئه‌م خه‌ڵاته ده‌بێته‌ یه‌که‌م خه‌ڵاتی قوبادی له تورکیا.

له به‌غدا دوو هێلیکۆپته‌ری ئه‌مریکا که‌وتنه‌ خوار

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئاژانسی ڕۆته‌رز ڕایگه‌یاند که دوو هێلیکۆپته‌ری ئه‌مریکا له نیزێک به‌غدایی پێته‌ختی عێراق که‌وتنه‌خوار و له‌م ڕووداوانه‌دا دوو سه‌ربازی ئه‌مریکاش گیانیان له‌ده‌ست دا.

به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌که‌، وته‌بێژێک به ناوی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراقه‌وه ڕایگه‌یاند که ئه‌م دوو هێلیکۆپته‌ره له ئاکامی خۆپێکدادان و له 20 کیلۆمه‌تری باکووری به‌‌غدا و له نیزێک ناوچه‌ی تاجی که‌وتۆته خوار و له ئاکام دا دوو سه‌ربازی ئه‌مریکا کوژراون و 5ی تریش بریندار بوونه.

به به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو هێلیکۆپته‌ره ئاماری که‌وتنه‌خوار یا به‌ردانه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌ری ئه‌مریکا له عێراق و له 4 مانگی ڕابردوو دا ده‌گاته 11. هه‌ڕوه‌ها له باشووری ڕۆژئاوایی به‌غداش دوو ماشێنی بۆمبڕێژ کراو به مه‌‌ودایی 5 خوله‌ک به دوایی یه‌ک دا له ناو بازارێکی قه‌ره‌باڵغ، ته‌قیه‌وه و له ئاکامی دا 10 که‌س مردن و زیاتر له 40 که‌سیش بریندار بوون که برینی به‌شێک زۆر قورسه.

حیزبه سیاسه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش پشتیوانی له لێدوانه‌کانی بارزانی و ئێدانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا ده‌که‌ن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ:زیاتر له 10 حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی رۆژهه‌لات و باشوور و باکووریش، دژایه‌تی خۆیان له به‌رانبه‌ر هه‌ره‌شه‌کانی تورکیا و ده‌ستێوه‌ردانیان له کاورابری ناوخۆ و باس له هێرش کوردستان ده‌رده‌بڕن و پشتیوانی خۆیان له ڕاگه‌یاندراوێکی هاوبه‌ش دا بۆ لێدوانه‌کانی سه‌رۆک بارزانی ڕاده‌گه‌یێنن.

ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌که‌یه:

راگه‌يه‌ندراوى هاوبه‌ش:

«ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى توركيه‌ له‌ كوردستانى عێراق، پشتيوانيى له‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين و هه‌ڵوێستى ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى كورد له‌ كوردستان، وه‌ك هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌زانين. «

راگه‌يه‌ندراوى هاوبه‌شى حيزب و رێكخراوه‌ كوردستانیيه‌كان

2007-04-12

گه‌لانى نيشتمانپه‌روه‌ر و دیموكرات و ئاشتيخواز!

نه‌ته‌وه‌ی كورد و گه‌لى كوردستان!

له‌ كاتێك كه‌ له‌ جيهاندا ئاڵوگۆڕى گرینگ روو ده‌ده‌ن، رێز له‌ دیموكراسى و مافى مرۆڤ، له‌ روانگه‌ى جياواز و پاراستنى قانوون و داواكارى گه‌لان ده‌گیرێ، رێژیمى توركيه‌ به‌ دژى ئه‌و به‌ها و نرخانه‌ راده‌وه‌ستێ و به‌ مافى خۆى ده‌زانێ به‌ بيانووى بێبنه‌ماى وه‌ك پاراستنى مافى توركمه‌نه‌كان له‌ عێراقدا، ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى نێوخۆيى ده‌وڵه‌تێكى سه‌روه‌ر بكات. ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دايه‌ كه‌ له‌ عێراق مافه‌ نه‌ته‌وايه‌تى و دێموكراتيكه‌كان چه‌سپاون و ده‌سته‌به‌ر كراون، نوێنه‌رى توركمه‌نه‌كان له‌ پارلمانى عێراق و كوردستاندا هه‌يه ‌و له‌ پرۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستانيشدا مافه‌كانيان ده‌ستنيشان كراوه‌.

ئه‌م حيزب و رێكخراوانه‌ى خواره‌وه‌ پرسيار ده‌كه‌ن چۆن توركيه‌ ماف به‌خۆى ده‌دات به‌ بيانووى كێشه‌ى كه‌ركووك كه‌ شارێكى به‌ ناسنامه‌ كوردستانیيه‌، ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاروبارى نێوخۆيى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رى ده‌كات له‌ حاڵێكدا كه‌ له‌ مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراقدا شكڵى چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى كه‌ركووك ديارى كراوه ‌و ده‌ستوورى نوێى عێراق له‌ لايه‌ن زۆربه‌ى گه‌لانى عێراقه‌وه‌ په‌سند كراوه‌.

توركيه‌ بۆخۆى خاوه‌نى كێشه‌يه‌كى زۆره‌. يه‌كيان كێشه‌ى نه‌ته‌وايه‌تيى كورده‌كانى باكووره‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ى 30 ميليۆن كورده‌. كورد له‌ توركيه‌ له‌ هه‌موو مافه‌ نه‌ته‌وايه‌تى و دێموكراتيكه‌كانى بێبه‌شه‌. باشتر ئه‌وه‌يه‌ توركيه‌ له‌ جياتى بيركردنه‌وه‌ له‌ وه‌زعى توركمه‌نه‌كانى عێراق كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد به‌ شێوه‌ى دێموكراتيك و ئاشتيانه‌ له‌ وڵاَتى خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات. به‌تايبه‌تى كه‌ سياسه‌تى هه‌رِه‌شه ‌و گوڕه‌شه ‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌نديى كورد و تورك ناكات.

ئێمه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ حيزبه‌كانى كورد و كوردستانى، كه‌ ناوه‌كانيان له‌ ژێره‌وه‌ هاتووه‌، ده‌ستتێوه‌ردانى غه‌ير قانوونى توركيه‌ له‌ كاروبارى نێوخۆيى عێراق و كوردستان مه‌حكووم ده‌كه‌ين و داوا له‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و يه‌كيه‌تيى ئوروپا و هێزه‌ هاوپه‌يمانه‌كان، كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ييه‌كانى مافى مرۆڤ و ئاشتيخواز ده‌كه‌ين كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌‌شه ‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى توركيه ‌و ده‌وڵه‌ته‌كانى ديكه‌ى ناوچه‌ وه‌ك ئێران و سوريه‌ كه‌ نايانه‌وێ ئاشتى و ئارامى له‌ ناوچه‌دا جێگير بێ، رابوه‌ستن.

ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى توركيه‌ له‌ كوردستانى عێراق، پشتيوانيى له‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين و هه‌ڵوێستى ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى كورد له‌ كوردستان، وه‌ك هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌زانين.

ئێمه‌ هێرش و بێحورمه‌تیيه‌ ناسياسیيه‌كانى كاربه‌ده‌ستان، سياسه‌تمه‌داران و ميدياكانى تورك له‌ سه‌ر به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌حكووم ده‌كه‌ين.

ـ حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران (PDKI)

ـ پارتى ئازادیى كوردستان (PAK)

ـ پارتى ئازادى كورد له‌ سوريه‌

ـ پارتى دێموكراتى كورد له‌ سوريه‌ (EL-Parti)

ـ پارتى دێموكراتى كوردستان (PDK) ـ باكوور

ـ پارتى پێشڤه‌چوونى دێموكراتى كورد له‌ سوريه‌

ـ پارتى سۆسياليستى كوردستان (PSK)

ـ پارتى وڵاتپارێزى كوردستان (PWK)

ـ پارتى يه‌كيه‌تيى كورد له‌ سوريه‌

ـ پارتى يه‌كيه‌تيى دێموكراتى كورد له‌ سوريه‌

ـ رێكه‌وتنى دێموكراتى كورد له‌ سوريه‌

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری فه‌ره‌نسا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕۆژی 22ی ئه‌پریل، فه‌ره‌نسا سه‌رکۆماری نوێی خۆی هه‌لده‌بژێرێ و ئه‌وه له کاتێک دایه که سه‌ره‌رایی ئه‌وه که پڕۆپاگه‌نده‌کان له رۆژی 9ی مانگه‌وه، ده‌ستی پێکردووه و پانتایی سیاسی فه‌ره‌نساش گری گرتووه، که‌جی تا ئێستاش زۆربه‌ی خه‌ڵک نازانن کام کاندید هه‌ڵبژێرن.

22ی ئه‌پریل، ڕکه‌به‌ری 12 بژارده‌ی فه‌ره‌نسا بۆ گرتنه‌وه‌ی جێگه‌ی «ژاک شیراک»، ده‌‌سپێده‌که‌ن و 65 هه‌زار پۆسته‌ری ته‌بلیغاتی له‌م وڵاته‌دا بڵاو بۆته‌وه و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیش به‌رده‌وام خه‌ڵک له چۆنیه‌تی و پرۆگرامی کاری بژارده‌کان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه و که‌چی تا ئێستا 18 میلیۆن فه‌ره‌نسی نازانن کێ هه‌ڵبژێرن.

به‌ڵام دیسانیش «نیکۆڵاس سارکۆزی» وه‌زیری ناوخۆی پێشوو، زۆرینه‌ی ده‌نگی ڕاپرسیه‌کانی له‌گه‌ڵه و خاتوو «سێغۆلێن ڕۆیال» له پارتی سۆسیالیست ، دووهه‌مینه و پاش ئه‌م دوانه‌ش «فرانسوا بایرۆ» له پارتی ناوه‌ڕاست و «ژان ماری لۆپه‌ن» له پارتی عه‌وامگه‌رایی ڕاست، له ریزه‌کانی ترن.

کورته‌یه‌ک له ژیان و پێشینه‌ی کاری 4 بژارده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری فه‌ره‌نسا

نیکۆلاس سارکۆزی، 52 ساڵه و کاندیدایی سه‌ره‌کی کۆنسێرڤاتیڤه‌کانه و  ده‌گوترێ که زۆرترین شانسی هه‌یه. دژه‌به‌رانی ناوبراو به نێئۆلیبێرالی سه‌رسه‌ختی ده‌ناسن و له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که به زۆری و به زه‌بری فه‌رمان و به‌خشنامه ده‌یه‌وێ له کۆمه‌ڵگا دا، نه‌زم به‌رقه‌رار بکات. ناوبراو له پۆستی وه‌زیری ناوخۆ دا به ناوبانگێکی مه‌زن گه‌یشت و پێش چه‌ند حه‌فته ئستفایی کرد. نووسه‌رێک سه‌باره‌ت به سارکۆزی ده‌نووسێ که «سارکۆزی که‌سێکه که ئه‌گه‌ر له ده‌رگاوه بچێته ناو ماڵێک، له لووله‌ی سۆبه یا په‌نجه‌ره‌وه دێته‌ده‌ر! «. جار جار قسه‌ی جه‌نجاڵی ده‌کات، بۆوێنه گووتبووی که موسوڵمانه‌کان له دیوی خه‌ویان، مه‌ر ده‌کوژنه‌وه…

سێغۆلێن ڕۆیاڵ: خۆی ده‌زانێ که متمانه‌ی به‌خۆی زۆره، له نوێترین کتێبی دا ده‌نووسێ که هه‌ڵه‌یه که هێنده‌ متمانه‌ی به خۆی هه‌بێت. بژارده‌ی پارتی سۆسیالیسته و و کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و، ره‌خنه‌ی حیزبه‌که‌یه‌تی که ده‌ڵێن بیروڕا و ئایدیالۆزی حیزبی سۆسیالیست زۆر ده‌خاڵه‌ت نادات له پرۆپاگه‌نده‌کانی هه‌ڵبژاردن دا. به‌ڵام له زۆر لایه‌نه‌وه له سارکۆزی نزیکن. هه‌ردوو مناڵیان هه‌یه‌ و هه‌رووک ڕه‌خنه‌ له سیاسه‌تی ره‌قیبه‌که‌یان له پارتی مه‌رکه‌ز ده‌گرن.

فرانسوا بایرۆ: له پارتی مه‌رکه‌ز یا ناوه‌نده‌وه کاندید بووه و زۆرتر ئیدعا ده‌کات له چینی مام ناوه‌ندی کۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ خۆیه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانی سه‌ره‌کی له‌گه‌ل سارکۆزی ڕاستگه‌را و رۆیالی جه‌پگه‌رایه‌ و ده‌یه‌وێ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، ده‌نگی دووهه‌م به‌ده‌ست بێنێ و هه‌لبژاردنه‌کان بگه‌یێنێته خولی دووهه‌م.

ژان ماری لۆپه‌ن: پیاوێکه که هه‌میشه له مه‌یدان دایه. 78 ساڵه و له سالی 2002ش دا ره‌قیبی ژاک شیراک بوو و له سه‌تا 16ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێنا و هه‌ڵبژاردنه‌کانی برده خولی دووهه‌م. ڕاستگه‌رایه‌کی توندڕۆیه و له‌ سالانێکی دوورودرێژ دا وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه ڕوانگه‌کانی نه‌گۆڕاون. ده‌ڵێ نابی فه‌ره‌نسا به هیچ شێوه، په‌نابه‌‌ر و کۆچبه‌ری تر وه‌ربگرێ و باس له جیاوازی ڕه‌گه‌زی ده‌کات و سارکۆزی به «مه‌جاری، یۆنانی: ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێ که ئه‌و بژارده‌ی بێگانه‌کانه. لۆپه‌ن ده‌‌ڵێ که «بێقه‌راره کان»، ده‌نگیان به حیزبه‌ژکه‌ی ئه‌و ده‌ده‌ن و ده‌بێته سه‌رکۆمار.

به گوێره‌ی ڕاپرسیه‌ک که ڕۆژنامه‌ی «فاینه‌نشاڵ تامزی»ی به‌ریتانی له 4 وڵاتی ئه‌ڵمانیا، ئینگلزی، ئیسپانیا و ئیتالیا، سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌کانی حه‌وتووی داهاتووی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری فه‌ره‌نسا ئه‌نجامی داوه، خاتوو «سێغۆلێن رۆیاڵ»، زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه و به‌م پێیه ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌ورووپاش زۆرتر حه‌ز به هه‌ڵبژرادنی ڕۆیاڵی سۆسیالیست ده‌کات.

له ڕاپرسی فاینه‌نشاڵ تایمز دا هاتووه که ده‌نگده‌ران له‌م 4 وڵاته‌ی ئه‌ورووپا له سه‌تا 16ی ده‌نگی خۆیان به رۆیال ده‌ده‌ن و له سه‌تا 7یش پێیان باشه که سارکۆزی وه‌کو سه‌رکۆماری فه‌ره‌نسا هه‌ڵبژێردرێ.

ئه‌وه له کاتێک دایه که له ناوخۆی فه‌ره‌نسا 23 له سه‌تی ده‌نگده‌ران له ڕاپرسه‌کان دا خوازیاری هه‌ڵبژاردنی سارکۆزین و ڕۆیال به 1 خاڵ که‌متر و به سه‌تا 22ی ده‌نگی ڕاپرسیه‌که‌، له پله‌ی دووهه‌مین دایه.

ڕۆژنامه‌ی ڕاستگه‌ڕایی میانه‌‌ی تایمزی به‌ریتانیش له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه که «نیکۆلاس سارکۆزی» ڕاستگه را، باشترین شانسه بۆ فه‌ره‌نسا و ده‌ڵێ که له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا و له خولی دووهه‌م دا سارکۆزی هیوایه‌ک ده‌بێت بۆ فه‌ره‌نسه‌ویه‌کان و ده‌بێته سه‌رکۆمار.

ڕۆژنامه‌ی تایمز ده‌نووسێ که «سارکۆزی» به نیازه پێوه‌ندیه‌کانی فه‌ره‌نسا و ئه‌مریکا زیندوو وبه هێز بکاته‌وه و دژ به فاشیزم وتوندڕۆیی به‌ربه‌ره‌کانی بکات، یاسایی په‌نابه‌ریش بگۆرێ. ئه‌وه له کاتێک دایه که تایمز سه‌باره‌ت به «سێغۆلێن ڕۆیاڵ› ده‌نووسێ که «چه‌پو ڕاستی، دیار نیه و که‌سێکه که ڕابردوویه‌کی ناسه‌رکه‌وتووی هه‌یه و سۆسیالیستێکی دوگم و چه‌پێکی کۆنه و سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ش پاش سارکۆزی جیددی ترین کاندیده بۆ هه‌ڵبژێران بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری فه‌ره‌نسا.

له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب له ماڵی جاشێکی مه‌هابادی دا، 7 که‌س کوژران و بریندار بوون

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبایه‌ک دا له ماڵی «ڕه‌سوول ئه‌بوبه‌کری»، جاشی به ناوبانگی مه‌هابادی، 7 که‌س کوژران و بریندار بوون و هه‌ڵۆکانی ئازادی کوردستان به‌رپرسیارێتی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان شه‌وی یه‌کشه‌ممه ، دوو گه‌نجی کوردی ماتۆرسوار، له کاتێک دا که جه‌ند جاش و به‌رپرسی ئیتلاعاتی ڕه‌ژیم له ماڵی «ڕه‌سووڵ ئه‌بوبه‌کری» له گوندی «قوله‌سه‌ن»ی شاری مه‌هاباد، کۆبوونه‌ته‌وه‌، پاکه‌تێکی بۆمبی به ناوی «دیاری» دێنن و پاش دوو خوله‌ک پاکه‌ته بۆمبیه‌که‌ به سه‌ر جاشه‌کان دا ده‌ته‌قێته‌وه و له ئاکام دا 7 که‌س ده‌کوژرێن و بریندار ده‌بن.

ئاژانسی فورات باس له کوژرانی «ئه‌بوبه‌‌کر» ڕه‌سووڵی جاس ده‌کات که له ناو ماڵی ئه‌ دا ته‌قینه‌وه‌که ڕووی داوه و ده‌گوترێ که ئه‌م چالاکیه‌ ، ئه‌نجامی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌م 4 گه‌نجه‌یه که حه‌وتووی ڕابردوو له مه‌ریوان ته‌قه‌یان لێکرا و 2یان کوژران.

ئه‌گه‌رچی تا ئێستا و به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی که‌س په‌رپرسیارێتی ئه‌م هێرشه‌ی وه‌ستۆخۆ نه‌گرتووه به‌ڵام ئاماژه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که «هه‌ڵۆکانی ئازادی کوردستان TAK» و پژاک ده‌که‌ن.

زانرا که سه‌فین دزه‌یی بۆ ئارام کردنه‌وه‌ی تورکیا، سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی کردووه

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: زانرا که «سه‌فین دزه‌یی»، به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دێموکراتی کوردستان پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی لێدوانه‌کانی بارزانی و تووڕه‌بوونی تورکیا و باس له هێرشی سه‌ربازی، سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی کردووه و هه‌ولی ئارام کردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌ی داوه.

پاش سازبوونی قه‌یران له نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و تورکیا، به هۆی لێدوانه‌کانی مه‌سعوود بارزانی بۆ که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه، «سه‌فین دزه‌یی» به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌یی پارتی دێموکراتی کوردستان، به مه‌به‌ستی ئارامکردنه‌وه‌ی تورکیا، به‌ شاراوه‌یی سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی کردووه و دیداری له‌گه‌ل به‌رپرسانی وه‌زاره‌‌تی ده‌ره‌وه‌ و تاقمێک له به‌ر‌پرسانی سه‌ربازی و ئیستخباراتی ئه‌م وڵاته کردووه.

ئاژانسی فورات ده‌ڵێ که دزه‌یی هه‌وڵی ڕوونکردنه‌وه‌ی وته‌کانی بارزانی داوه و باسی له چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه کردووه و پاشانیش کێشه‌ی پ.ک.ک‌ش له رۆژه‌ڤی گفتگۆکان دابووه.

ده‌گوترێ که له‌م سه‌ردانه‌ دا تورکیا زانیاری سه‌باره‌ت به‌م ئاسته‌نگ و ئابلووقه‌ ئابووریانه‌ کردووه که به‌رانبه‌ر به کوردستان پێڕه‌وی ده‌کات.

شایانی باسه که مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له لێدوانێک دا بۆ که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه، به توندی جوابی هه‌ره‌شه‌کانی تورکیا و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ی له کاروباری کوردستان وکه‌رکووکی دابوو و وته‌ی «ئه‌گه‌ر تورکیا به بیانووی چه‌ند ده‌هه‌زار تورکمه‌ن ده‌ستێوه‌ردانی که‌رکووک بکات، ئێمه‌ش بۆ 30 میلیۆن کورد، ئامه‌‌د و شاره‌کانی تری تورکیا ده‌شێوێنین»، تورکیایی یه‌کجار زۆر توڕه‌کرد و ته‌نانه‌ت هه‌ره‌سه‌ی هێرسی سه‌ربازیش هاته‌ئاراوه.

ئێران کوژرانی 5 شۆفیری ئێرانی له‌ عێراق ئیدانه‌ کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران کوژرانی 5 شۆفیری ئێرانی له‌ شاری باقووبه‌ی عێراقی ئیدانه‌ کرد. و ئه‌م کرده‌وه‌ی به دژه ئیسلامی له‌قه‌ڵه‌م دا.

سه‌یید محه‌ممه‌د عه‌لی حسێنی ، دوێنێ شه‌و وتی: کوژرانی 5 که‌س له‌ شوفیره‌ ئێرانییه‌کان له‌ شاری باقووبه‌ی عێراق ، که‌ لۆرییه‌که‌یان هه‌ڵگری سووته‌مه‌نی بۆ خه‌ڵکی عێراق بوو، کرده‌وه‌یه‌کی دڕندانه‌ و دژی ئیسلامییه‌ و  ئاماژه‌ به‌‌وه‌ش کرد که‌ سێ که‌س له‌‌م کوژراوانه‌ سوننه‌ن‌ و دوو که‌س له‌وان شعیه بوونه.

ناوبراو وتیشی که ئه‌م کرده‌وه‌ جه‌نایه‌تکارانه‌ له‌ بارودۆخێکدا ئه‌نجام ده‌درێ که تا ئێستاش 5 دیپلۆماتی ئێرانی گیراو له هه‌ولێر له ده‌ستی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکا دان و خه‌تاکه‌شی خسته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م هێزانه.

ئه‌ردۆغان: به ڕق هه‌ستان و هاتوهاوار بڕیاری ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور ناگیرێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا سه‌باره‌ت به ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و هێرش بۆ کوردستان به رۆژنامه‌وانانی گوت که نابی په‌له‌ له شتی ئاوا بکرێت، و به په‌له بڕیار بگیرێت.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ڕدۆغان له کاتی سه‌ردانه‌که‌ی دا بۆ ئالمان، له جوابی پرسیاری رۆژنامه‌‌وانان دا سه‌باره‌ت به پێیوتی هێرش  بۆ سه‌ر کوردستان دا وتی که ئێمه به‌ڕده‌‌وام له‌گه‌ڵ عه‌سکه‌ر و ئه‌رته‌ش له کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی دا نقاشی ئه‌م مه‌سه‌له ده‌که‌ین. نابی به په‌له بریاری وا بدرێت، به ڕق هه‌ستان و توڕه‌بوون ناکرێت. هه‌رکه‌س به تووره‌یی هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ به خه‌ساره‌وه داده‌نیشێته‌وه.

ناوبراو وتیشی که به ده‌هۆڵ و زوڕنا و توڕه‌یی هێرس ناکرێ. ئێمه پێشتر په‌له‌مان کرد و زه‌ره‌رمان بینی. ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌ش هه‌م من و هه‌م عه‌بدوڵا گوڵ، خه‌ریکی نقاشی ئه‌م کێشه‌ین.

ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌ردۆغان له کاتێک دایه که ئاشکرایه ناوبرا و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی هیچ مه‌یلێکی به هێرش بۆ سه‌ر کوردستان و کێشه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وله‌تی ئه‌مریکا و عێراق نیه و له کاتێک دا که ئه‌رته‌ش و فه‌رمانده‌کانی به ئاشکرا داوایی په‌سه‌ند کرانی یاسایه‌ک له پارله‌مان ده‌که‌ن تا به بیانووی پ.ک.ک هێرش بکه‌نه سه‌ر کوردستان.

گرووپی سه‌در له‌ حكومه‌تی عێراقی کشانه‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: موقته‌دا ئه‌لسه‌در سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌ی سـیاسی مه‌لای ڕادیكاڵی شیعه‌، موقته‌دا ئه‌لسه‌در، فه‌رمانی به‌ 6 وه‌زیره‌كه‌ی له کابینه‌ی مالیکی و 32 ئه‌ندامی له پارله مانی عێراق دا که

دا‌ له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا «نه‌سار ئه‌لڕوبێعی» له ڕه‌وتی سه‌در ڕایگه‌یاند كه‌وا گروپه‌كه‌یان به فه‌رمانی موقته‌دا سه‌در و به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی گوشـار بۆ دانانی خشـته‌یه‌كی كاتی بۆ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ حكومه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیر نوری ئه‌لمالكی كشـانه‌وه‌.

شـاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شـاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت دووره‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ گرژی له‌ ناو هاوبه‌ندی شیعه‌كاندا بخولقێنێت.

هاوكات به‌ هه‌زاران عێراقی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ شـاری به‌سره‌ی باشوری عێراق خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایـی‌یان سـازكرد و داوای ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ی پارێزگاریان ده‌كرد.

پارێزگاری به‌سـره‌ش، محه‌مه‌د ئه‌لوائیلی نه‌یاره‌ سـیاسیـیه‌كانی به‌ ڕێـكخسـتنی ئه‌م خۆپـیشـاندانه‌ تاوانبار كرد، له‌وانه‌ موقته‌دا ئه‌لسه‌در.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت له‌ هێرشـێـكی یاخیبووان بۆ سه‌ر خاڵـێـكی پـشـكنین له‌ شـاری موسڵی باكوری عێراق 13 سه‌ربازی عێراقی كوژراون.

به گوێره‌ی ڕادیۆیی ئه‌مریکاش، له‌شـكری ئه‌م وڵاته‌ ده‌ڵێت هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ڕۆژی دووشه‌ممه‌ و له‌ میانه‌ی هێرشـێـكدا بۆ سه‌ر چه‌كداره‌ گومان لێـكراوه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ له‌ شـاری ڕومادی به‌ هه‌ڵه‌ 3 پـۆلیسی عێراقیـیان كوشـتووه‌ و یه‌كێـكی تریشـیان بریندار كردووه‌.

ڕاگه‌یاندنێـكی هێزی فره‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌ڵێت هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان پـێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ هه‌ماهه‌نگی كردووه‌، وه‌ هیچ زانیاریـیه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ بوونی پـۆلیسی عێراق له‌و ناوچه‌یه‌دا نه‌بووه‌. ئێسـتا ڕووداوه‌كه‌ له‌ ژێر لـێـكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

رۆیا تلوعی بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی حدکا، پێشنیاری مانگرتنی چالاکانی سیاسی کورد له کۆیه ده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ خاتو رۆیا تلوعی، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و ژنان، ڕایگه‌یاند که بۆ پشتیوانی له هه‌وڵه‌کانی عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر و که‌سانی تر بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو لایه‌نی حدکا، پێشنیار ده‌کات، چالاکانی سیاسی ومافی مرۆڤی کورد، رۆژێک به مه‌به‌ستی نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌مه‌ر جیابوونه‌‌که له‌م حیزبه له کۆیه، مان بگرن.

رۆیا تلوعی، به‌م شێوه وێڕای نیشاندانی ڕه‌زامه‌ندی خۆی له‌ سه‌رجه‌م هه‌وڵه دێماکراتیکه‌کان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو لایه‌نی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ده‌ڵێ که پێشنیار ده‌کات، که‌سایه‌تییه‌ فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیره‌کانی کوردستان و هه‌روه‌ها چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و… هتد،له‌ هه‌ر شوێنێکی جیهان ده‌ژین، کاتێک دابین بکه‌ن و بۆ ماوه‌ی یه‌ک تا دوو رۆژ له‌ کۆیه،‌ له‌به‌رمه‌قه‌ری سه‌ره‌کی حیزبی دیموکرات ،مان بگرن و به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی ناره‌زایه‌تی خۆیان له‌م بارودۆخه‌ ده‌رببڕن و خوازیاری یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک بن.

ده‌قی پێشنیار و لێدوانه‌که‌ی خاتوو ڕۆیا تلوعی له‌ باره‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه:

لینکی لێوانه‌که له ماڵپه‌ری رۆیا تلوعی

پشتیوانی له‌کاک باباعه‌لی میهرپه‌روه‌ر

له‌م رۆژانه‌دا ئاگاداری پێشنیاره‌ به‌نرخه‌که‌ی کاک بابا عه‌لی میهرپه‌روه‌ر له‌سه‌ر دابینکردنی گه‌ڵاڵه‌یه‌ک بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دیموکرات و به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک و نوێ له‌و حیزبه‌دا بووم. من وه‌ک داکۆکیکارێکی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ و مافی ژنان به‌تایبه‌ت،پشتیوانی ته‌واوی خۆم له‌و پێشنیاره‌ به‌نرخه‌ ده‌رده‌بڕم و ئاماده‌م هه‌ر ئه‌رکێک له‌م بواره‌دا به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نم.پێشنیار ده‌که‌م که‌سایه‌تییه‌ فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیره‌کانی کوردستان و هه‌روه‌ها چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و… هتد،له‌ هه‌ر شوێنێکی جیهان ده‌ژین، کاتێک دابین بکه‌ن و بۆ ماوه‌ی یه‌ک تا دوو رۆژ له‌ کۆیه،‌ له‌به‌رمه‌قه‌ری سه‌ره‌کی حیزبی دیموکرات ،مان بگرن و به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی ناره‌زایه‌تی خۆیان له‌م بارودۆخه‌ ده‌رببڕن و خوازیاری یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک بن.

بێگومان له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا هه‌م یه‌کگرتوویی و هه‌م ئاڵوگۆڕی نوێ پێداویستییه‌کی گرنگه‌ له‌ بزاڤی سیاسی  و چالاکڤانانی سیاسی کورددا.بزاڤی سیاسی کورد ئه‌گه‌ر نه‌توانێ ئاڵوگۆڕێکی دیموکراتیک و نوێ به‌ پێی هه‌لومه‌رجی هاوچه‌رخ له‌ خۆیدا به‌دی بێنێت ،پێم وا نیه‌ بتوانێ له‌ داهاتوی ئاڵوگۆڕی سیاسی ناوچه‌که‌دا  ده‌ورێکی مه‌زن بگێڕێ ،ده‌ستیکه‌م وێنه‌ی هه‌مان ده‌وری  کوردی باشوور چ له‌ ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌یی و چ له‌ ده‌سه‌ڵاتداری ناوه‌ندیدا ‌.هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ئێران و ئێراقیش نابێ فه‌رامۆش بکه‌ین و پێویسته‌ بزانین به‌شداری له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی داهاتووی ئێران(ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی بنه‌ره‌تی پێک بێت) ئاماده‌یی زیاتری ده‌وێ.

هاوڵاتیه‌کی کورد له تیکاب له‌سێداره‌ درا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هاوڵاتیه‌کی کورد به ناوی «خالید زه‌رکه‌ندی»، به تۆمه‌تی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی و پاش 5 ساڵ گیران و حوکمه‌که‌ی، سه‌ره‌نجام ڕۆژی 20ی خاکه‌لێوه له‌سێداره‌ درا.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، هاوڵاتییه‌کی کوردی تێکابی به ناوی «خالید زه‌رکه‌ندی» به تۆمه‌تی شه‌ری جه‌کداری دژ به کۆماری ئیسلامی و ئه‌ندامی پێشووی حیزبێکی کوردستانی (حدکا) له سالی 1381 ده‌زگیر و زیندانی کرابوو و 5 ساڵ به حوکمی ئیعدامه‌وه له گرتووخانه‌دابوو و سه‌ره‌نجام ڕۆژی 20ی خاکه‌لێوه له تیکاب له‌سێداره‌ درا.

ده‌ستبه‌سه‌ر کرانی چالاکنی کرێکاری له سه‌قز

مانشێت نیوز، رۆژهه‌‌ڵاتی کوردستان: کۆمه‌ڵێک له کرێکارانی سه‌قزی که به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆکردنی گیرانی مه‌حموود ساڵحی، خۆپێشاندانیان ده‌کرد، هێرشیان کرایه‌ سه‌ر و 15 که‌س بۆ وێنه «محه‌ممه‌د عه‌بدی پوور»یان لێ ده‌زگیر کرا.

په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگه‌یاند که پاش ده‌زگیر کرانی مه‌حموود سالحی، چالاکی کرێکاری، ڕۆژی 27ی خاکه‌لێوه خۆپێشاندانێکی پرۆتیستۆییان  له ده‌فته‌ری ته‌عاوونی خه‌بازان له مه‌یدانی ئازادی سه‌قز به‌ڕێوه‌ ده‌برد، که که‌وتنه به‌ر هێرشی هێزه‌کانی ئاسایشی ره‌ژیم و له ئاکام دا 15 که‌سیان لێ ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کران.

له هه‌مان کات دا «سه‌ید جه‌لال حوسێنی»، چالاکی تری کرێکاری که پێشتر له لایه‌ن داستانیه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی لێکرابوو که ڕێگه‌ له کۆبوونه‌وه‌ی کرێکاران بگرێ، سه‌ره‌رایی ئه‌وه که خۆی به‌شداری خۆپێشاندانه‌که‌ش نه‌ببو، که‌وته به‌ر هێرسی هێزه‌کانی ئاسایشی و چه‌نه‌ و ددانه‌کانی بریندار کران.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: