ئەرشیوی مانگی چواری ٢٠٠٧ی مانشێت نیوز/ ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت- 4

مه‌نسوور ته‌یفووری به بارمته‌ی 30 میلیۆن تمه‌نی ئازاد کراوه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: زانرا که «مه‌نسوور ته‌یفووری» ڕۆژنامه‌وان و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری کانوونی نووسه‌رانی کورد ، ڕۆژی پێنجشه‌ممه و به دانانی بارمته‌ی 30 میلیۆن تمه‌نی ئازاد کراوه.

له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌واڵمان به‌ده‌ست گه‌یشت که سه‌ره‌نجام پاش تێپه‌ربوونی زیاتر له مانگ و نیوێک، مه‌نسوور ته‌یفووری، نووسه‌ر، وه‌رگێر و ڕۆژنامه‌وانی ده‌سته‌یی دامه‌زرێنه‌ری کانوونی نووسه‌رانی کورد، به دانانی بارمته‌ی 30 میلیۆن تمه‌نی به شێوه‌ی کاتی ئازاد کراوه.

مه‌نسوور ته‌یفووری که به هۆیه‌کی نادیار ده‌زگیر و هه‌فته‌ی ڕابردووش به تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو پێوه‌ندی و گرتنی یارمه‌تی پاره له ڕێکخراوه‌کانی باشووری کوردستان، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرووپگه‌لی تیرۆریستی و هتد، تۆمه‌تبارکرابوو.

زێباری: کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق له میسر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: پاش به‌ڕێوه‌چوونی یه‌که‌م کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق به به‌شداری دراوسێکان و ولاتانی زلهێزی جیهان له به‌غدا ئه‌مجاره دووهه‌مین خوڵی بڕیاره له میسر به‌ڕێوه‌بجێت.

هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فیدراڵ به ئاژانسی ده‌نگوباسی ڕۆیته‌رزی گوتووه که ئه‌م کۆنفراسنه ئه‌مجاره به به‌شداری زیاتر له 21 وه‌زیر له وڵاتانی دراوسێی عێراق، ئه‌مریکا و 8 وڵاتی سه‌نعه‌تی جیهان و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له «شه‌رموشه‌یخ»ی میسر و له ڕێکه‌وتی 3 تا 4ی مایس(مه‌ی) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پێشتر بڕیاربوو ئه‌م کۆنفرانسه که تێیدا وتووێژ له سه‌ر چۆنیه‌تی کۆنترۆڵی سنووره‌کان، به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ل تیرۆریسم، یارمه‌تی ئاسایشی و ئابووری عێراق و پرسگه‌لی پێوه‌ست به‌م وڵاته ده‌کرێ له ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام بڕیار درا که له شاری «شه‌رم ئه‌لشه‌یخ»ی میسر به‌ڕێوه‌چێت.

شایانی باسه ئه‌م کۆنفراسنه گرینگیه‌کی مه‌زنی هه‌یه‌ بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی ئاسایش بۆ به‌غدا و عێراق. به‌م هۆیه‌ که نوێنه‌رانی ئێران و سووریا که به‌ یارمه‌تی تیرۆریستانی شیعه و سونه تۆمه‌تبارن، له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌ن.

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌ر قه‌تلی ئه‌ییوب ئه‌مینی له‌ تورکیا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که په‌نابه‌رێکی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له شاری ئافیۆنی تورکیا له لایه‌ن کوردێکی تره‌وه کوژراو وئاماژه‌کان به‌ره‌و تیرۆریستی بوونی ئه‌م ڕووداوه‌ بوون، ئاڵۆزیه‌ک له‌ درووستی ئیدعاکانی کێشه‌که‌ و هۆی قه‌تڵه‌که‌ هاته‌گۆڕ.

له لایه‌ک په‌نابه‌رانی ناسراو به «شومال عێراق» له‌وه‌ دڵنیان که قه‌تڵه‌که‌ سیاسی و تیرۆریستی بووه و له لایه‌کی تره‌وه بنه‌ماڵه‌ی «هیوا ڕه‌زایی» قاتڵ، ئه‌م بۆچوونانه‌ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه که کوڕه‌که‌یان پێوه‌ندی به کۆماری ئیسلامیه‌وه هه‌بێت و قه‌تڵه‌که تیرۆریستی بێت.

به‌م بۆنه‌وه‌، وته‌بێژێک به ناوی «په‌نابه‌رانی کوردی ناسراو به شومالی عێراق ئه‌م لێدوانه‌ی داوه

شه‌وی 4/3/2007 په‌نابه‌رێکی سیاسی کورد به‌ ناوی ئه‌ییوب ئه‌مینی خه‌ڵکی شاری بۆکانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ن هیوا زارعی ناسراو به‌ هیوا ره‌زایی به‌ چه‌قۆ کوژرا. هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی په‌نابه‌رانی کوردی ئێرانی (شمال عراق) له‌م باره‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێکی ده‌رکردو واقعییه‌تی رووداوه‌که‌ی خسته‌ به‌رده‌م بیرورای گشتی و بۆ جارێکی تر نیگه‌رانی په‌نابه‌رانی له‌ تێرۆرو کوشتن و ئاینده‌ و چاره‌نووسی نادیاریان ده‌ربری. به‌ پێی ئه‌م به‌ڵگانه‌ی که‌ له‌ ده‌ست دان، کوشتنی ئه‌ییوب ئه‌مینی قه‌تڵێکی سیاسییه‌ وله‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌خسی یا نێوان ناکۆکی نه‌بووه‌ .

هیوا ره‌زایی که‌ له‌ 14/11/2006 هاتۆته‌ وڵاتی تورکیه‌، پێشتر له‌ گه‌ڵ په‌نابه‌رێکی ترهاومه‌نزڵ بوه‌ و به‌ هۆی هه‌ڵسووکه‌وتی مه‌شکوک و ده‌سکه‌وتنی به‌ڵگه‌ی هاوکاریی هیوا له‌ گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی ده‌ری کردوه‌. هیوا که‌ هه‌ستی کردوه‌ ئه‌و که‌سه‌ (م) ئاگاداری پێوه‌ندیی ئه‌و له‌ گه‌ڵ کۆماری ئیسلامییه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کات که‌ ئه‌گه‌ر به‌ لای هیچ که‌سه‌وه‌ باسی بکات ده‌یکوژێ. ئه‌و که‌سه‌ش بۆ پاراستنی گیانی له‌و مه‌ترسیه‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ پۆلیس و له‌ گه‌ڵ مه‌سئوولی مه‌ربووته‌ باسی ده‌کات. هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش پێوه‌ندیی به‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له‌ ئانکارا ده‌گرێ و مه‌سه‌له‌که‌یان له‌ گه‌ڵ باس ده‌کات. ئه‌وانیش به‌ جێگه‌ی هه‌ر ئیقدامێک پێشنیاری پیده‌که‌ن که‌ بۆ پاراستنی گیانی، شاری ئافیۆن به‌ جێ بێڵێ و بچێته‌ شارێکی تر، دیاره‌ ئه‌‌وه‌ وڵامی ئه‌و کۆمیساریایه‌یه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک که‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر بێت.

هیوا دوای رۆیشتنی له‌ لای (م) په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئه‌ییوب ئه‌مینی وداوای لێده‌کات تا شوێنێک په‌یدا ده‌کات رێگه‌ی پێبدات که‌ لای ئه‌و بمێنێته‌وه‌، ئه‌ییوب به‌ هۆی هه‌ستی ئینسانی و له‌ رووی دڵپاکی خۆیه‌وه‌ رێگه‌ی پێده‌دات که‌ لای ئه‌و بمێنێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی (م) ئاگادار ده‌بێ ئه‌ییوب رێگه‌ی به‌ هیوا داوه‌ لای ئه‌و بمێنێته‌وه‌، به‌ شاهیدی دوو په‌نابه‌ری تربه‌ ئه‌ییوب ده‌ڵێ که‌ من له‌م شه‌خسه‌ نیگه‌رانم و پێوه‌ندی به‌ کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و وریای خۆت به‌، به‌ڵام ئه‌وکات ئه‌ییوب قسه‌کانی (م) به‌ هێند وه‌رناگرێ‌

دوای پازده‌ رۆژ که‌ ئه‌ییوب له‌ هه‌ڵسووکه‌وتی هیوا مه‌شکوک ده‌بێ، پێی راده‌گه‌یه‌نێ که‌ پێویسته‌ شوێنێکی تر بۆ خۆت په‌یدا بکه‌ی، چوونکه‌ من هه‌ر بۆ چه‌ند رۆژ ئیزنم پێت دابوو که‌ لای من بمێنیه‌وه‌.

دوو رۆژ دواتر که‌ ئه‌ییوب له‌ گه‌ڵ یه‌کێک له‌ دۆسته‌کانی له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی ده‌بێ، هیوا سه‌عات نۆونیوی شه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌وه‌ و به‌ ئه‌ییوب ده‌ڵێ پێم خۆشه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ تا ناو بازاربچین، به‌ڵام هه‌ر که‌ له‌ ماڵ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌کسه‌ر به‌ چه‌قۆ په‌لاماری ئه‌ییوب ده‌دات و به‌ سه‌ختی برینداری ده‌کات.

هیوا به‌ قه‌ستی کوشتن له‌ ئه‌ییوب ده‌دات چونکه‌ هه‌موو چقۆکان له‌ قه‌لبی و ده‌وروبه‌ری قه‌لبی دراون و ته‌نیا چه‌ند چه‌قۆ به‌ر له‌پی ده‌ستی ئه‌ییوب که‌وتوه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ده‌ستی کردۆته‌ سپه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که‌ چه‌قۆکان به‌ر قه‌لبی نه‌که‌ون.

هیوا له‌ پۆلیس ده‌ڵێ که‌ ئه‌ییوب په‌لاماری داوم و ویستویه‌تی بمکوژێ، به‌ڵام هیوا نه‌ هیچ شوێنی زه‌ربه‌یه‌ک و نه‌ هیچ زه‌ربه‌یه‌کی چه‌قۆ به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاره‌ و ته‌نانه‌ت قه‌تره‌ خوێنێکیش له‌ له‌شی نه‌هاتوه‌.

له‌ راپۆرتی نه‌خۆشخانه‌ دا که‌ دراوه‌ به‌ پۆلیس، کوشتنی ئه‌ییوب به‌ قه‌تڵی (عمد) نوسراوه‌.

ئه‌وه‌ی باس ده‌کرێ که‌ گۆیا پۆلیس داوا له‌ هیوا ده‌کا‌ له‌ تورکیه‌ دادگایی بکرێ یا له‌ ئێران، ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ راستی و له‌ پێوه‌ندیه‌کدا که‌ له‌ به‌شی لێکۆلینه‌وه‌ له‌ قه‌تڵی ئه‌ییوب وه‌ر گیراوه‌ ده‌ڵێ که‌ ئه‌م قه‌تڵه‌ له‌م وڵاته‌ کراوه‌ و ده‌بێ دوای پێنج مانگی تر لێره‌ دادگایی بکرێ.

تێرۆریست بوونی هیوا هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌ بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ نیه‌ و به‌و مانایه‌ نیه‌ که‌ ئه‌وان دڵسۆز و نیستمانپه‌روه‌ر نه‌بن. زۆرجار پێش هاتووه‌ ئه‌فرادێک که‌ که‌سێک یا چه‌ند که‌س له‌ بنه‌ماڵه‌که‌یان سیاسی و ئازادیخواز بوون یا له‌ رێگای ئازادی گه‌له‌که‌یاندا شه‌هیدیان داوه‌، که‌وتونه‌ته‌ داوی کۆماری ئیسلامی ئێران و کاری تێرۆریستیان ئه‌نجام داوه‌.

رۆژی کوژرانی ئه‌ییوب که‌ هه‌موو په‌نابه‌ران ده‌چنه‌ بنکه‌ی پۆلیسی شاری ئافیۆن، شاهیدی (م) ‌به‌ مه‌سئولی مه‌ربوته‌ ده‌ڵێ من یه‌ک هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا پێم راگه‌یاندی که‌ هیوا منی به‌ مه‌رگ ته‌هدید کردوه‌، ناوبراو ده‌ڵێ راسته‌ و من هه‌ر ئه‌و کات ده‌زگای ئه‌منییتی تورکیه‌م له‌م مه‌سه‌له‌ ئاگادار کردۆته‌وه‌.

هیوا پێش کوشتنی ئه‌ییوب چه‌ند جارێک وه‌دوای یه‌کێکی تر له‌ تێکۆشه‌رانی دیکه‌ که‌وتوه‌ که‌ له‌ هه‌وڵه‌کانی دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌.

هیوا، له‌ کاتی خۆناساندنی به‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران ئیدیعا ده‌کات که‌ به‌ هۆی هاوکاری له‌ گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، قاچاخ بووه‌. له‌ پێوه‌ندیه‌کی تێلێفۆنی له‌ گه‌ڵ ده‌فته‌ری نوێنه‌رایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ پاریس د ا، پێیان راگه‌یاندین که‌ ئه‌و شه‌خسه‌ ناوی لای ئێمه‌ نییه‌، نه‌ بۆ خۆی داوای ته‌ئیدیه‌ی له‌ حیزبی دێموکرات کردوه‌ و نه‌ حیزبی دێموکراتیش ته‌ئیدی کردوه‌.

هه‌ر چه‌نده‌ نیشانه‌کان ده‌سه‌لمێنن‌ هۆی ئه‌م قه‌تڵه‌ سیاسیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وادابنێین‌ هۆی شه‌خسیشی هه‌بێ، دیسان هیچ له‌ قورسایی ئه‌م راستیه‌ که‌م ناکاته‌وه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م دا ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ و کومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران مه‌سئولی هه‌رچه‌شنه‌ رووداوێکن که‌ رووبه‌رووی ژیانی ئه‌م کومه‌ڵه‌ ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌ ده‌بنه‌وه. چونکه‌ ئه‌وان بوونه‌ته‌ هۆی راگرتنی پتر له‌ 5 ساڵی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ به‌ بێ هیچ هۆیه‌ک و هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ وڵامده‌ری رووداوی دڵته‌زێنی له‌م چه‌شنه‌ بن. به‌داخه‌وه‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران به‌ ده‌لیلی ئه‌وه‌ی‌ له‌ حاست گیان و ژیانی په‌نابه‌ران دا بێ هه‌ڵوێست و بێته‌فاوه‌ته‌ و هه‌روه‌ها‌ حکومه‌تی تورکیه‌ش به‌ هۆی ئیمزاکردنی رێکه‌وتننامه‌ی ئه‌منییه‌تی و پێوه‌ندیه‌کانیان له‌ گه‌ڵ ئێران قه‌ت نایانهه‌وێ کوژرانی ئه‌ییوب وه‌ک قه‌تڵێکی سیاسی و عمد رابگه‌یه‌نن و به‌ به‌هانه‌ی جۆراوجۆر سه‌رپۆشی له‌ سه‌رداده‌نێن.

ئه‌وه‌ی باس کراوه‌ که‌ کۆمیته‌ی په‌نابه‌ران ده‌یهه‌وێ به‌ کوشتنی ئه‌ییوب کێشه‌که‌یان زه‌ق بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ راستی، چونکه‌ ئێمه‌ قه‌ت خۆشحاڵ نین به‌ تێداچونی هاورێکانمان بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بیانکه‌ینه‌ پردی په‌رینه‌وه‌مان و قه‌ت هیوامان ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ کوڕه کوردێک به‌ ده‌ست کوڕه کوردێکی دیکه‌ خوێنی بڕژێ. به‌ پێی شناختێک که‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ر کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران هه‌مانه‌، ئه‌گه‌رهه‌موو رۆژێک ئه‌ییوبێک له‌ ئێمه‌ بکوژرێ، ئه‌وان به‌ لایانه‌وه‌ گرینگ نییه‌ و گیانی په‌نابه‌ران له‌ لای ئه‌وان ئه‌رزشی نیه‌. ماوه‌ی یه‌ک حه‌وتوویه‌ که‌ لاشه‌ی بێ گیانی ئه‌ییوب له‌ ساردخانه‌ی شاری ئافیوون ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران ئاماده‌ نیه‌ هه‌زینه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی بدات، جه‌نازه‌که‌ی ته‌حویلی بنه‌ماڵه‌که‌ی نادرێته‌وه‌ و دایکی جه‌رگ سوتاوی که‌ هه‌زاران کیلۆمیترڕێگای بڕیوه‌، چه‌ند رۆژه‌ چاوه‌ڕێی ته‌رمی بێ گیانی جگه‌رگۆشه‌که‌ی ده‌کات.

له‌ ساڵی 2001 دا که‌ به‌ سه‌دان په‌نابه‌ر بۆ داواکردنی مافه‌کانیان بۆ ماوه‌ی چوار مانگ و نیو له‌ به‌ر ده‌رگای ئۆفیسه‌کانی UNHCR له‌ هه‌ولێرو سلێمانی مانیان گرتبوو و نزیک به‌ سه‌د په‌نابه‌ر به‌ ده‌ستی ره‌شی به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆر کرابوون، به‌رپرسی کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له‌ وتووێژێک له‌ گه‌ڵ رۆژنامه‌ی گوڵان دا گوتبووی، ئه‌وانه‌ی به‌ر له‌ ئێستا کوژراون هیچیان په‌نابه‌ر نه‌بوون.

هه‌ر ئه‌و کات کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری مانگرتن، ناوو وێنه‌ و کارتی قبووڵی ده‌یان په‌نابه‌ری تێرۆرکراوی سه‌ر به‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانی له‌ عێراق بڵاو کرده‌وه‌. هه‌ر ئێستا به‌ هۆی مانه‌وه‌ی زۆرو نه‌بوونی ئیمکاناتی ژیان و پێ راگه‌یشتن، ده‌یان په‌نابه‌ر تووشی نه‌خۆشی کوشه‌نده‌ی وه‌ک دڵ بوون، چه‌ندین مناڵی ته‌مه‌ن ژێر یه‌ک سال به‌ هۆی نه‌بوونی ئیمکاناتی بێهداشتی به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌ناڵێنن به‌ڵام، کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران نه‌ک هه‌ر نایهه‌وێ به‌رێیان بکات بۆ وڵاتێکی تر، به‌ڵکوو رێگه‌یان پێ نادرێ بچنه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ئه‌م کۆمیساریایه‌ خه‌رجی دوکتۆرو ده‌رمانیان نادات و له‌ ژێر چاوه‌دێری دایک و باوکیان له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ ده‌ردی خۆیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و به‌ ته‌واوی فه‌رامۆش کراون.

وته‌ بێژێک به‌ ناوی په‌نابه‌رانی کوردی ئێرانی (شمال عراق) – تورکیه‌

2007/4/6

سبه‌ی ئێران «ڕۆژی نه‌ته وه‌یی ته‌کنه‌لۆژی ئه‌تۆمی» جه‌ژن ده‌گرێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ مێدیاکانی ئێران ڕایانگه‌یاند که سبه‌ی 20ی خاکه‌لێوه‌ به هۆی ئه‌وه‌ی که ئێران توانیویه‌تی له خاکی خۆیدا چه‌رخه‌یی سوته‌مه‌نی ناڤۆکی و پیتاندنی ئۆرانیۆم، سه‌رکه‌وتوانه کۆتایی پێبێنێ.، جه‌ژنی ئه‌تۆمی ده‌گرێ.

به گوێره‌ی ئاژانسه‌کانی ئێرانی سبه‌ی 20ی خاکه‌لێوه به‌م هۆیه که ئێران له‌م ڕۆژه دا سه‌رکه‌وتوانه کۆتایی به پیتاندنی ئۆرانیۆم له ئاستی ئه‌زموونی دا دێنێ و توانایی سازکردنی سووته‌مه‌نی ئه‌تۆمی ده‌گاته فازی ئاخرینه‌وه، به به‌شداری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و له ناوه‌ندی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز، جه‌ژنی ئه‌تۆمی ده‌به‌ستێ.

به‌م شێوه ڕۆژی 20ی خاکه‌لێوه له لایه‌ن ئێرانه‌وه وه‌کو ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ته‌کنه‌لۆزیایی ئه‌تۆمی به جه‌ژن گرتن یادی لێده‌کرێته‌وه و له‌م ڕێوڕه‌سمه‌ی نه‌ته‌نز دا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وچه‌ند باڵوێزی وڵاتانی ئیسلامی و ئه‌ندامانی ڕێکخراوی «بزووتنه‌وه‌ی بێ لایه‌ن»، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له ئاکامی چه‌ند ئۆپێراسیۆن وته‌قینه‌وه‌ی مین دا ئه‌مڕۆش 5 عه‌سکه‌ری تورک کوژران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: مێدیاکانی تورکیا ڕایانگه‌یاند که له ئاکامی چه‌ند ئۆپێراسیۆن و ته‌قینه‌وه‌ی مین دا، 5 عه‌سکه‌ری تورک کوژراون و 3ی تریش بریندار بوونه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه له ئاکامی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنی ئه‌رته‌شی تورکیا دژ به گه‌ریلاکانی هێزی پاراستنی گه‌ل له «یایلا ده‌ڕه‌»ی چه‌ولیک، 3 سه‌ربازی تورک که دوویان ئه‌فسه‌ر بوون کوژران و له چایایی گابار و له ناوچه‌ به‌رزایه‌کانی شڕناخیش ئه‌فسه‌رێک و جاشێک کوژران و به گشتی زیاتر له 3 سه‌ربازی تورکیش بریندار بوونه.

دوێنێش 2  عه‌سکه‌ری تورک له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی مین له به‌دلیس کوژرابوون و به هۆی درێژه‌ په‌یداکردنی ئۆپێراسیۆنی ئه‌رته‌شی تورکیا، چاوه‌ڕوان ده‌کرێ که له چه‌ند ڕۆژی داهاتووش دا شه‌ری لێبکه‌وێته‌وه‌.

مه‌حموود ساڵحی، ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: مه‌حموود ساڵحی، به‌رپرسی سه‌ندیکایی خه‌بازانی سه‌قز، ئه‌مڕۆ له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشیه‌وه ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کرا.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی مالپه‌ری کرێکارانی ئێرانی، مه‌حموود ساڵحی، ئه‌مڕۆ له لایه‌ن هێزه‌کانی ڕه‌ژیمه‌وه ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار ده‌کرێ و چاره‌نووسی نازانرێ.

پارێزه‌ران و بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو ده‌چنه گرتووخانه‌کانی ئیتلاعات و پاشان گرتووخانه‌کانی شار به‌ڵام پێیان ڕاده‌گه‌یێنن که له‌وێ نیه. دادگایی شار ده‌ڵێ که ناوبراو به حوکمی دادگا گیراوه و به‌ هۆی ئه‌وه که به ساڵێک زیندان و دوور خستنه‌وه له سه‌قز مه‌حکووم کراوه، ڕه‌وانه‌یی شوێنی گیرانه‌که‌ی کراوه و ناوی شاره‌که و شوێنی گرتووخانه‌که‌ش ئاشکرا ناکه‌ن.

بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانی مه‌حموود ساڵحی ده‌ڵێن که هیچ زانیاریه‌کیان نه‌بووه که ناوبراو مه‌حکووم کرابێ و حوکمه‌که‌ی له لایه‌ن دادگایی باڵاتره‌وه په‌سه‌ند بووبێ.

شایانی باسه که مه‌حموود ساڵحی له جه‌ریانی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانی کرێکارانی دوو سال له‌مه‌وبه‌ری سه‌قز ده‌زگیر و زیندانی کرابوو.

په‌نابه‌رانی کوردی ناسراو به شومال عێراقی له ئه‌نقه‌ره مانیان گرت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ به بۆنه‌ی پڕۆتیستۆ کردنی تیرۆری په‌نابه‌ری کورد، «ئه‌یوب ئه‌مینی»، په‌نابه‌رانی کوردی ناسراوه به «شومال عێراق» ئه‌مڕۆ به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره به‌ڕێکه‌وتن و  له‌ به‌ر ده‌رگایی کۆمیساریایی به‌رزی په‌نابه‌رانی یو‌ئێن، مانیان گرت.

دوابه‌دوایی تیرۆری په‌نابه‌ری کورد «ئه‌یوب ئه‌مینی» له لایه‌ن که‌سێکی تره‌وه به ناوی «هیوا ڕه‌زایی» که گومانی ئه‌وه‌ ده‌کرێ پێوه‌ندی به سپایی پاستارانی ئێرانه‌وه‌ هه‌بێت، په‌نابه‌رانی تری کوردی ناسراو به «شومال عێراق»یش که ماوه ی زیاتر له 6 ساڵه له تورکیان، به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره به‌ڕێکه‌وتن تا له‌به‌ر ده‌رگایی کۆمیساریایی به‌ڕزی په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌، مانگرتنێکی پرۆتیستۆیی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان په‌نابه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی دانیشتووی شازده‌  شاری تورکیه‌ ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره و به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی «فه‌رید» مه‌به‌ستی کۆبونه‌وه ‌و داخوازی په‌نابه‌ران به‌م شێوه‌ ده‌زانرێ:

شه‌رمه‌زار کردنی تیرۆری تێکوشه‌ری شه‌هید «ئه‌ییوب ئه‌مینی»

یارمه‌تی نه‌دانیUNHCR بۆ وه‌ده‌ر هینان و ناشتنی ته‌رمی ناو براو له‌ لایه‌ن بنه‌ماله‌که‌یه‌وه‌ .

به‌ دوا دا نه‌چون و هوی چونیه‌تی کوشتنی «ئه‌ییوبی ئه‌مینی» و نادیار بوون و چونیه‌تی سزادانی قاتل.

داخوازی پاراستنی گیانی په‌نابه‌ران له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ کرده‌وه‌یه‌کی تروریستی و گه‌ره‌نتی ئاسایشی ئه‌ان

چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی تری په‌نابه‌رانی کورد

دوایین هه‌واڵه‌کان له شه‌ر و پێکدادانه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیا و پ.ک.ک

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، له ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوو دا و له ئاکامی ئۆپێراسیۆنه‌کانی به‌هاره‌ی ئه‌رته‌شی تورکیا، زیاتر له 11 ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی تورک کوژراون و چه‌ندی تریش برینداربوونه و شه‌ر و ئۆپێراسیۆنه‌کان له ناوچه‌ جیاجیاکانی باکووری کوردستان به‌رده‌وامن.

له ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوو دا چیاکانی گابار، به‌ستا و جودی و بڵیندایه‌کانی شڕناخ و به‌دلیس و چه‌ولیک شه‌ری قورسی لێکه‌وتۆته‌وه و له ئاکامیان دا 11 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و جاشێک کوژراون و 6 عه‌سکه‌ریش بریندار بوونه. ئه‌وه له کاتێک دایه که به وته‌یی مێدیاکانی تورکیا و ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزی پاراستنی گه‌ل، ئۆپێراسۆنه‌کان به‌رده‌وامن و شه‌ری قورس له ئارا دایه.

وێبسایتی ئه‌رته‌شی تورکیا ده‌نووسێ که زیاتر له 15000 سه‌ربازی تورک و 150 تانک و زرێپۆش له ناوچه‌کانی ئۆپێراسیۆن له به‌رانبه‌ر پ.ک.ک دا خه‌ریکی جه‌نگن و تورکیا ئیدعا ده‌کات که 30 گه‌ریلایی هه‌په‌گه‌یان له ناوچه‌ی ده‌رسیم دۆرپێچ کردووه.

هه‌تروه‌ها که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی تورکیا ئشکرایان کرد که فه‌رمانده‌یی نیزامی چه‌ولیک و ده‌رسیمی پ.ک.ک به گه‌ریلاکانی فه‌رمان داوه که به‌ ئاره‌زووی خۆیان هێرش بکه‌نه سه‌ر مۆڵگه‌کانی ئه‌رته‌ش و ئۆپێراسیۆنه‌کان تێک بشکێنن و ئه‌وه‌ش به‌م مانایه‌یه که له‌م شه‌ره دا «پاراستنی ڕه‌وا»، جێگه‌ی خۆی به «هێرشی و پاراستنی ئه‌کتیڤ» ده‌دات.

ئه‌م شه‌ر وپێکدادانانه‌ له کاتێک دان که تا ئێستاش ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی هێزی پاراستنی گه‌ل له سه‌ر مێزه بڕیارێک بۆ کۆتایی هێنان به‌م دۆخه نه‌دراوه به‌ڵام پ.ک.ک هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردووه که به ئه‌نجامی کۆتایی ئاگربه‌ست تورکیا ده‌بێته گۆمی خوێن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پێی له‌ناو سێهه‌مین ساڵی چالاکی خۆی نا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگه‌یاند که ڕۆژی 20ی خاکه‌لێوه‌، دووهه‌مین ساڵی پێکهاتنی کۆتایی پێدێت و پێ له‌ ناو سێهه‌مین ساڵی چالاکی خۆی ده‌نێت و به‌م بۆنه‌وه داوا له مرۆڤدۆستان و هاوڵاتیان ده‌کات، ببنه ئه‌ندامی ئه‌م ڕێکخراوه و هاوکاریان بکه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌یی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دا هاتووه که 20ی خاکه‌لێوه، که به‌رانبه‌ره له‌گه‌ڵ 9ی ئه‌پریل، ڕ.م.م.ک دوو سال له ته‌مه‌نی تێپه‌ر ده‌کات و به ئیمانێکی پته‌و و له درێژه‌ی پێداگری له که‌ڕامه‌تی ئینسانی و شه‌رافه‌ت وبه‌هاکانی مرۆڤایه‌تی دا، بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ جیاوازی، هه‌ڵاواردن، فه‌ساد، ئیعتیاد، سزای له‌سێداره‌دان و توندوتیژی دژ به ژنان و هه‌روه‌ها پارێزڤانی له گیراوانی سیاسی له کوردستان و ناوچه، تێده‌کۆشێ و به زووترین کات کۆمه‌ڵێک پرۆگرام، پێژدێنێ و ده‌خاته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاده‌گه‌یێنێ که به زووی کۆمیسیۆنه‌کانی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵاواردن و فه‌ساد وئیعتیاد، کۆمیسیۆنی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ سزای ئیعدام و سزا تونده‌کان، کۆمیسیۆنی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ توندوتیژی له‌به‌رانبه‌ر ژنان و کۆمیسیۆنی پاراستنی گیراوه سیاسه‌کان پێکدێنێ و ئه‌مساڵ ده‌کاته ساڵی خۆگرتن، په‌ره‌پێدان به چالاکیه‌کان و ساڵی پڕاکتیزه کردنی پڕۆگرامه مرۆیه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه.

به‌م بۆنه‌وه ڕ.م.مک، داوا له سه‌رجه‌م مرۆڤ دۆستان و چالاکنی مه‌ده‌نی و ویژدانه‌ زیندووه‌کان و هاوڵاتیان ده‌کات، پشتیوانی و یارمه‌تی له‌م ڕێکخراوه بکه‌ن تا بگاته ئامانجه‌کانی.

ئاژانسی ده‌نگواسی مانشێت، وێڕای پیرۆزبایی گه‌رمی دووهه‌مین ساله‌هاتی دامه‌زراندنی ڕ.م.م.ک له به‌ڕێز محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانی، هیواداره که له ئاکامی هه‌وڵی ئێوه تاک به تاکی هاوڵاتیانی کوردستان، ئامانجه‌کانی ڕێکخراوه‌که له پاراستنی به‌ها مرۆیه‌کان بێنه دی.

په‌نابه‌رانی کوردی ناسراو به شومال عێراقی له ئه‌نقه‌ره مانیان گرت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ به بۆنه‌ی پڕۆتیستۆ کردنی تیرۆری په‌نابه‌ری کورد، «ئه‌یوب ئه‌مینی»، په‌نابه‌رانی کوردی ناسراوه به «شومال عێراق» ئه‌مڕۆ به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره به‌ڕێکه‌وتن و  له‌ به‌ر ده‌رگایی کۆمیساریایی به‌رزی په‌نابه‌رانی یو‌ئێن، مانیان گرت.

دوابه‌دوایی تیرۆری په‌نابه‌ری کورد «ئه‌یوب ئه‌مینی» له لایه‌ن که‌سێکی تره‌وه به ناوی «هیوا ڕه‌زایی» که گومانی ئه‌وه‌ ده‌کرێ پێوه‌ندی به سپایی پاستارانی ئێرانه‌وه‌ هه‌بێت، په‌نابه‌رانی تری کوردی ناسراو به «شومال عێراق»یش که ماوه ی زیاتر له 6 ساڵه له تورکیان، به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره به‌ڕێکه‌وتن تا له‌به‌ر ده‌رگایی کۆمیساریایی به‌ڕزی په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌، مانگرتنێکی پرۆتیستۆیی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان په‌نابه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی دانیشتووی شازده‌  شاری تورکیه‌ ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره و به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی «فه‌رید» مه‌به‌ستی کۆبونه‌وه ‌و داخوازی په‌نابه‌ران به‌م شێوه‌ ده‌زانرێ:

شه‌رمه‌زار کردنی تیرۆری تێکوشه‌ری شه‌هید «ئه‌ییوب ئه‌مینی»

یارمه‌تی نه‌دانیUNHCR بۆ وه‌ده‌ر هینان و ناشتنی ته‌رمی ناو براو له‌ لایه‌ن بنه‌ماله‌که‌یه‌وه‌ .

به‌ دوا دا نه‌چون و هوی چونیه‌تی کوشتنی «ئه‌ییوبی ئه‌مینی» و نادیار بوون و چونیه‌تی سزادانی قاتل.

داخوازی پاراستنی گیانی په‌نابه‌ران له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ کرده‌وه‌یه‌کی تروریستی و گه‌ره‌نتی ئاسایشی ئه‌ان

چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی تری په‌نابه‌رانی کورد

دوایین هه‌واڵه‌کان له شه‌ر و پێکدادانه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیا و پ.ک.ک

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، له ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوو دا و له ئاکامی ئۆپێراسیۆنه‌کانی به‌هاره‌ی ئه‌رته‌شی تورکیا، زیاتر له 11 ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی تورک کوژراون و چه‌ندی تریش برینداربوونه و شه‌ر و ئۆپێراسیۆنه‌کان له ناوچه‌ جیاجیاکانی باکووری کوردستان به‌رده‌وامن.

له ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوو دا چیاکانی گابار، به‌ستا و جودی و بڵیندایه‌کانی شڕناخ و به‌دلیس و چه‌ولیک شه‌ری قورسی لێکه‌وتۆته‌وه و له ئاکامیان دا 11 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و جاشێک کوژراون و 6 عه‌سکه‌ریس بریندار بوونه. ئه‌وه له کاتێک دایه که به وته‌یی مێدیاکانی تورکیا و ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزی پاراستنی گه‌ل، ئۆپێراسۆنه‌کان به‌رده‌وامن و شه‌ری قورس له ئارا دایه.

وێبسایتی ئه‌رته‌شی تورکیا ده‌نووسێ که زیاتر له 15000 سه‌ربازی تورک و 150 تانک و زرێپۆش له ناوچه‌کانی ئۆپێراسیۆن له به‌رانبه‌ر پ.ک.ک دا خه‌ریکی جه‌نگن و تورکیا ئیدعا ده‌کات که 30 گه‌ریلایی هه‌په‌گه‌یان له ناوچه‌ی ده‌رسیم دۆرپێچ کردووه.

هه‌تروه‌ها که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی تورکیا ئشکرایان کرد که فه‌رمانده‌یی نیزامی چه‌ولیک و ده‌رسیمی پ.ک.ک به گه‌ریلاکانی فه‌رمان داوه که به‌ ئاره‌زووی خۆیان هێرش بکه‌نه سه‌ر مۆڵگه‌کانی ئه‌رته‌ش و ئۆپێراسیۆنه‌کان تێک بشکێنن و ئه‌وه‌ش به‌م مانایه‌یه که له‌م شه‌ره دا «پاراستنی ڕه‌وا»، جێگه‌ی خۆی به «هێرشی و پاراستنی ئه‌کتیڤ» ده‌دات.

ئه‌م شه‌ر وپێکدادانانه‌ له کاتێک دان که تا ئێستاش ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی هێزی پاراستنی گه‌ل له سه‌ر مێزه بڕیارێک بۆ کۆتایی هێنان به‌م دۆخه نه‌دراوه به‌ڵام پ.ک.ک هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردووه که به ئه‌نجامی کۆتایی ئاگربه‌ست تورکیا ده‌بێته گۆمی خوێن.

په‌نابه‌ره مانگرتووه‌کان له ئه‌نقه‌ره له لایه ن پۆلیسه‌وه ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ سه‌رجه‌م ئه‌م په‌نابه‌ره کوردانه‌ی که له به‌رده‌رگایی UNHCR له ئه‌نقه‌ره مانیان گرتبوو له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌زگیر کران.

به گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی به ده‌ستی ئاژانسه‌که‌مان گه‌یشتوون سه‌رجه‌م ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ی که ئه‌مڕۆ به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆکردنی تیرۆری «ئه‌یوب ئه‌مینی» چووبوونه به‌رده‌رگایی کۆمیساریای به‌ڕزی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌‌کان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران، له لایه‌ن پۆلیسی تورکیاوه ده‌زگیر کران.

ئه‌م په‌نابه‌رانه که ڕێژه‌یان ده‌گه‌یشته زیاتر له 40 که‌س له 16 شاری تورکیاوه و به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆ کردنی تیرۆری «ئه‌یوب ئه‌مینی» په‌نابه‌ر و تێکۆشه‌ری کورد و هه‌م به مه‌به‌ستی ئیدانه کردنی ڕه‌فتاری UNHCR به‌رانبه‌ر به‌م 1200 که‌سه که ماوه‌ی 6 ساڵه له‌ تورکیا ڕاگیراون، له به‌رده‌رگایی کۆمیساریا له ئه‌نقه‌ره کۆبوونه‌وه که پاشان هه‌ر به‌م هۆیه له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی زیندان ده‌کرێ.

شایانی باسه پاش چه‌ند کاتژمێرێک هه‌واڵمان پێگه‌یشت که په‌نابه‌ره کورده‌کژان ئازاد کراون و هه‌ریه‌ک به‌ره‌وه شاره‌کانی شوێنی نیشته‌جێبوونیان به‌رێکه‌وتوون و ده‌گوترێ که UNHCR هیچ جوابێکی ئه‌رێنی سه‌باره‌ت به داخوازی ئه‌م خۆپێشانده‌رانه له‌خۆی نیشان نه‌داوه.

ئه‌ردۆغان، گوڵ و به‌رپرسانی تری تورکیا به توندی به‌رسیڤی وته‌کانی بارزانیان داوه

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: دوابه‌دوایی لێدوانه‌کانی بارزانی له مه‌ر که‌رکووک و هۆشداری دان سه‌باره‌ت به ده‌ستێوه‌ردانی تورکیا له‌ کاروباری ناوخۆی کوردستان و عێراق و باس له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌رپرسانی تورکیا به توندی به‌رسیڤتی وته‌کانی بارزانیان داوه.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌‌رۆک وه‌‌زیرانی تورکیا له لێدوانێک دا وتی که بارزانی دیسان سنووره‌کانی تێپه‌ڕاندوه و زلتر له خۆی قسه‌ ده‌کات  باشتره ئه‌وان(کورده‌کان، بارزانی) لێدوانێک نه‌ده‌ن که دوایی نه‌توانن له ژێری بێنه‌ ده‌ر.

ئه‌ڕدۆغان وتیشی که مومکینه به‌م قسانه، بارزانی خۆی پێ ڕازی (دڵخۆش) کردبێ و پێویسته ئه‌ان جێگه وپێگه‌ی خۆیان بناسن و پاشان لێدوان بده‌ن. ئه‌ردۆغان وێڕایی هه‌ڕه‌شه له ڕێبه‌رانی کورد و مه‌سعوود بارزانی وتی که لێدوانی له‌م شێوه له داهاتوو دا گران بۆیان ته‌واو ده‌بێت و نابی که له ژێر عه‌باوه گۆپاڵ نیشان بده‌ن.

عه‌بدوڵا گوڵ وه‌یری ده‌ره‌وه‌س وێڕای گله‌یی و شکایه‌ت کردن له‌م وتانه‌ی بارزانی له کۆندالیزا ڕایس هاوتا ئه‌مریکیه‌که‌ی، به به له‌حنێکی هه‌ڕه‌شه ئامێز وتی که «به زووی جوابێکی توندیان ده‌ده‌ینه‌وه».

مه‌مه‌د ئاغار، سه‌رۆکی پارتی ڕێگه‌ی ڕاستیش وتی که که‌س بۆی نیه باس له هاوڵاتیان تورکیا بکات و قسه‌ی بێخود و بێ موناسیبه‌ت بکات.

سه‌رۆکی پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورکیاش که سه‌رۆکایه‌تی تورکه‌ فاشیسته‌کان ده‌کات له ڕاگه‌یاندراوێکی نووسراو دا به لێدوانێکی پڕ له سووکایه‌تی به کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، وتی که سه‌رۆک عه‌سیره‌ی گوستاخی پێشمه‌رگه دیسان لێدوانی زیادتر له خۆی داوه و به‌م شێوه ده‌بی بزانێ که گه‌لی تورک سزایی ده‌دات و بێده‌نگ نامێنێ.

نوێنه‌رێکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی گه‌لی کۆماریش لێدوانه‌کانی بارزانی به گوستاخی سیاسی زانی و وتی که تورکیا پێویسته جوابێکی شایان به‌م که‌سه(مه‌سعوود بارزانی) بداته‌وه.

جه‌میل چیچه‌ک، وته‌بێژی حکومه‌تی تورکیا و وه‌زیری دادی ئه‌م وڵاته‌ش ئه‌مسه‌و له کۆتایی کۆبوونه‌وه‌ی کابینه‌ی ئه ردۆغان دا وتی که تورکیا له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م وتانه‌ی بارزانی دا، نامه‌یه‌کی ناڕه‌زاقیه‌تی به باڵوێزخانه‌ی عێراق له ئه‌نقه‌ره داوه و ئه‌م وڵاته‌ی هوشیار کردۆته‌وه که ئه‌م لێدوانانه‌ به تایبه‌ت له بواری هاوکاری ئه‌م وڵاته له به‌ربه‌ره‌کانی دژ به تیرۆر(مه‌به‌ستی تورکیا له شه‌ر له‌گه‌ڵ پ.ک.ک‌یه)، کێشه ساز ده‌بێت.

لاوێکی کورد له نه‌غه‌ده ده‌زگیر کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگه‌یاند که، لاوێکی نه‌غه‌ده‌یی به ناوی «مراد مه‌عرووفی» به تۆمه‌تی هاوکاری له‌گه‌ڵ حیزبێکی دژ به حکومه‌ت ده‌زگیر و زیندانی کرا.

به گوێره‌یی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، هاولاتیه‌کی لاوی نه‌غه‌ده‌یی به ناوی «مراد مه‌عرووفی»، چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به تۆمه‌تی هاوکاری له‌گه‌ڵ حیزبێکی کوردستانی دژ به حکومه‌ت، له لایه‌ن هێزه‌کانیئاسایشی ره‌ژیمه‌وه، ده‌زگیر وڕه‌وانه‌ی گرتووخانه کراوه.

کوژران و برینداربوونی 4 کاسبکاری کورد به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له سه‌ڕده‌شت

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له نیزێک پاسگایی هێزه‌کانی ئاسایشی ڕه‌ژیم له ئاسایی نۆکانی سه‌رده‌شت، هاوڵاتیه‌ک کوژرا و سێی تر به قورسی بریندار بوون.

به گوێره‌ی هه‌واڵێنرانی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی 19ی خاکه‌لێوه، به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له نیزێک قه‌ره‌قۆڵێکی نیرووی ئینتزومی ڕه‌ژیم له ئاوایی «نۆکان»ی سه‌رده‌شت، هاوڵاتیه‌کی لاو به ناوی «ڕه‌حمان پیرانی» 20 ساڵانه خه‌ڵکی ئاوایی «مه‌زرا»ی سه‌رده‌شت، گیانی له‌ده‌ست دا و سێ لاوی تر به ناوه‌کانی «جه‌لا حوسێن نه‌ژاد»، ته‌مه‌ن 19 ساڵه خه‌ڵکی ئاوایی «گوڵه»، «موته‌لیب ئه‌فسۆرده‌»ی 21 ساڵه خه‌ڵکی کانی زه‌رد و «سه‌لام عه‌بدوڵاهی»، 23 ساڵه و ئه‌ویش دانیشتووی کانی زه‌ردی سه‌رده‌شت، به توندی بریندار بوون و به هۆی قورس بوونی برینه‌کانیانه‌وه گه‌یاندرانه نه‌خۆشخانه‌‌کانی مه‌هاباد و ورمێ.

شایه‌تحاڵێک ده‌ڵێ که ئه‌م چوار که‌سه به شێوه‌ی یاسایی باری «قیل»یان پێبووه که به فه‌رمانی پاسگا چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی به‌رگه‌یی هاتووچۆ بوونه و له‌ که‌ناری جاده‌یه‌کی خاکی دانیشتوونه و له ناکاو مینێک ته‌قیوه‌ته‌وه و ئه‌م کاره‌ساته‌ی لێکه‌وتۆته‌وه و به‌ڵام به‌رپرسانی پاسگاکه‌ هیچ هه‌وڵێکیان نه‌داوه بۆ گوازتنه‌وه‌ی برینداره‌کان بۆ نه‌خۆشخانه‌.

فاینه‌نشاڵ تایمز: لێدوانه‌کانی بارزانی ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ کوردستان خێراتر ده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمزی به‌ریتانی له وتارێک دا وێڕای لێکدانه‌وه‌ی دوایین کێشه‌ی نێوان تورکیا و کوردستان و وته‌کانی بارزانی، باسی له ئه‌گه‌ری خێرایی به‌خشین هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان کردووه.

رۆژنامه‌که وێڕای باس له‌م یه‌که که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر تورکیا، هه‌ڵوێستی پۆزه‌تیڤی له به‌رانبه‌ر رێبه‌رانی کورد گرتبۆ به‌ر و پێشنیاری دیالۆگ له نێوان دوو لایه‌ن کرابوو به‌ڵام دوایین لێدوانه‌کانی بارزانی تورکیایی توڕه کردووه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌ردۆغانیش که ده‌ڵێ «کورده‌کان بۆ ئه‌م هه‌ڵوێستانه به‌ده‌ڵی قورس ده‌ده‌نه‌وه»، مومکینه ببێته هۆی خێراتر بوونی ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ کوردستان.

ڕۆژنامه‌که‌ ده‌نووسێ، لگه کاتێک دا که تورکیا زۆر له‌مێژه له بیانووی هێرش کردنه سه‌ر کوردستانه ئه‌م لێدوانه‌ ده‌توانێ ببێته هۆی خێراتر بوونی ئه‌م یه‌که و ئه‌وه له کاتێک دایه که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێ که ئێمه نه ته‌نیا له هێزی نیزامی تورکیا باکمان نیه، به‌ڵکو به‌ربه‌ره‌کانیشی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین و ئه‌گه‌ر سه‌ددام به ئه‌نفاڵ و کیمیاباران نه‌یتوانی کوردستان له‌ناوبه‌رێ، که‌سی تر ناتوانێ.

وته‌بێژی ئه‌ردۆغان: تاڵه‌بانی وتوویه‌تی ئێمه ئاماده‌ین که شه‌ری دژ به پ.ک.ک بکه‌ین

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: ئاژانسی فرانس پڕێس له زاری وته‌بێژی ئه‌ڕدۆغانه‌وه ڕایگه‌یاند که جه‌لال تاڵه‌بانی له پێوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنی دا به ئه‌ڕدۆغانی وتووه که به‌داخه له وته‌کانی بارزانی و ئه‌وان ئاماده‌ن دژ به پ.ک.ک بجه‌نگن.

«مه‌همه‌د ئاکیف به‌کی»، وته‌بێژی سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی AFP ڕایگه‌یاند که دوێنێ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رکۆماری عێراق له پێوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنی دا به ئه‌ردۆغانی وتووه که ئه‌و(مام جه‌لال) به داخه له وته‌کانی بارزانی و پێوه‌ندیه‌کانی نێوان عێراق و تورکیا گرینگیه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ ئه‌ان هه‌یه.

وته‌بێژی ئه‌ردۆغان وتیشی که تاڵه‌بانی له له جوابی داخوازی ئه‌ردۆغان له‌مه‌ر پێویستی هه‌رچی زووتری وه‌خۆکه‌وتن دژ به پ.ک.ک‌دا وتوویه‌تی که ئێمه ئاماده‌ینه که له چوارچێوه‌ی پلانێکی هاوبه‌ش دا دژ به پ.ک.ک بجه‌نگین.

له ئاکامی ده‌ستڕێژی هێزه‌کانی ره‌ژیم دا لاوێکی مه‌ریوانی کوژرا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: له ئاکامی ده‌تڕێژی هێزه‌کانی ئاسایشی ڕه‌ژیم دا دوێنێ، لاوێکی کوردی مه‌ریوانی به ناوی وریا کوژرا و چه‌ند هه‌ڤاڵی تری بریندار بوون.

ئه‌م گه‌نجانه له ناو ماشێنه‌که‌یان دابوونه که ده‌که‌ونه به‌ر ده‌ستڕێژی گوله‌ی هێزه‌کانی ئاسایشی و له ئاکام دا وریان ده‌کژرێ و یه‌کی تر بریندار ده‌بێت و به‌م بۆنه‌وه شار ئاڵۆز ده‌بێت.

دانیشتوانی شار به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆکردنی ئه‌م کرده‌وه‌ی ڕه‌ژیم، دوکان و بازاڕ داده‌خه‌ن و مان ده‌گرن و هه‌ر به‌م هۆیه ده‌یان که‌س له هاوڕێیان وریایی کوژراو، خزم وکه‌سانی ئه‌م لاوه و چه‌ندین که‌سی تر له مه‌ریوان ده‌زگیر و بارودۆخی شاره‌که نائاسایه و ڕێوشوێنی توندی ئه‌منی گیراوه‌ته به‌ر.

بینه‌رێکی به‌ڕێزی مانشێت، روونکردنه‌وه‌یه‌کی له سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه بۆ ناردووین که لێره‌دا بڵوی ده‌که‌ینه‌وه:

پیراره که پژاک پاسگاکه‌ی سه‌وڵاوای مه‌ریوانی دایه به رهیرش به داخه‌وه له دوای ئه‌و هیرشه دا زوری پی نه‌چوو که دانه دانه ئه‌و که‌سانه ناسران و ده‌سگیرکران.

گۆیا یه‌کیکیان که ئاموزای وریا(ئه بی تاوانه‌ی که دوینێ کوژرا)بووه و ده‌زگیر نه‌کرابو وه به شوینیه‌وه بوون له نیو ماشینه که‌ی وریا دابوه به داخه وه جاشه‌کان که ئه وکوریانه دیوه راپورتیان داوه و نیروی ئینتزامیش له شوینیان که‌وتونه و له به‌ر دادگای شاری مه‌ریوان دراونه‌ته به‌ر ده‌سریژی گوله و له ئاکامدا وریا کوژراوه و ئه‌وانی دیکه‌ش که بریندار کراون به دیل گیراون.

گیراون کاک مه‌سعود ئه‌گه‌ر جاشه‌کان نه‌بونایه قه‌د نه‌یانده‌زانی ئه‌وه‌ی له نیو ماشینه که‌ی وریا دایه کێیه ئه وجاشه‌ی که ئه وراپورتیه داوه به‌پرسی سوتانی جه‌رگی دایکی وریایه که له به ردادگادا ده گریا و ده‌نالان شایانی گوتنه بریار وابو له م چه‌ن روژه دا برونه خوازبینی ژن بو وریا.

ئێران ده‌یه‌وێ 50 هه‌زار سانتریفیوژ دامه‌زرێنێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕه‌زا ئاقازاده به ئاژانسی ئیرنایی ڕاگه‌یاند که ئێران ده‌یه‌وێ له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز، 50 هه‌زار سانتریفیوژ بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم دامه‌زرێنێ.

«ڕه‌زا ئاقازاده» به‌رپرسی سازمانی وزه‌ی ناڤۆکی ئێران به ئاژانسی ئیرنایی ڕاگه‌یاند که سه‌رمایه‌ و ئه‌م ڕێژه‌ له که‌لوپه‌لی لۆژێستیک و پشتیوانی و کاره‌بایه‌یی که له ناوه‌ندی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز دانراوه بۆ وه‌گه‌رخستنی 50 هه‌ار سانتریفیوژه نه‌ک 3000.دوێنێ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له جه‌ریانی ڕێوڕه‌سمێک دا ڕایگه‌یاند که ئێران توانیویه‌تی خولی پیتاندنی ئۆرانیۆم له ناوخۆی وڵات به سه‌رکه‌وتوانه کۆتایی پێبێنێ و بۆیه‌ش ئێران هێزێکی ئه‌تۆمیه و 20ی خاکه‌لێوه‌ش وه‌کو «جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی ته‌کنه‌لۆژی ئه‌تۆمی»ڕاگه‌یاندرا.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئه‌مریکا به تۆوندی ڕه‌خنه‌یان له‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێران گرت و مێدیاکانی ئه‌ورووپیش باسیان له وه‌گه‌رخستنی 3000 ده‌زگایی سانتریفیوژ کرد که‌چی «ئاقازاده»ی به‌رپرسی سازمانی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران وتی ئێمه تا 50000 سانتریفیوژ بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم له نه‌ته‌نز داده‌نێین و بنچینه‌یی ئه‌م کاره‌ش له‌م دامه‌زراوه بۆ ئه‌م ڕێژه پێشبینی کراوه.

ئه‌مڕۆ سه‌زه‌ر سه‌رۆکایه‌تی دوایین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی تورکیا ده‌کات

مانشێت نیوز، تایبه‌ت؛ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، نه‌جده‌ت سه‌زه‌ر، سه‌رۆکایه‌تی دوایین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی تورکیا له پۆستی سه‌رکۆماری خۆی دا ده‌کات که چاوه‌ڕوان ده‌کرێ ڕۆژه‌ڤی سه‌ره‌کی کۆبوونه‌وه‌که لێکدانه‌وه‌ی وته‌کانی بارزانی و پ.ک.ک بێت.

ئه‌حمه‌د نه‌جده‌ت سه‌زه‌ر، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه کاتژمێر 13و نوی به کاتی ئه‌نقه‌ره، سه‌رۆکایه‌تی دوایین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی تورکیا ده‌کات که تێیدا به‌رپرسانی سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تی ئه‌ڕدۆغانیش تێیدا به‌شدارن و باسی هه‌ڵوێستی تورکیا له به‌رانبه‌ر بارزانی، کێسه‌ی پ.ک.ک و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی فێنده‌مێنتاڵیزمی ئیسلامی له تورکیا و له مه‌ترسی که‌وتنی لایسیته بکرێ.

چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، رۆژه‌ڤی سه‌ره‌کی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ لێکدانه‌وه‌ی وته‌کانی بارزانی بێت که تورکیایی به توندی توڕه کردووه و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک دژی خۆی له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که جگه له نیشاندانی ناره‌زایه‌تی توندی تر له به‌رانبه‌ر ئه‌م لێدوانانه‌ی مه‌سعوود بارزانی، ئابلووقه‌ی ئابووریش بخاته سه‌ر کوردستان و باس له ئه‌گه‌ری داخستنی ده‌روازه‌ی گومرکی «ئیبڕاهیم خه‌لیل»، ڕاگرتنی ناردنی به‌نزین و سووته‌مه‌نی بۆ کوردستان، بڕینی کاره‌با و هتد بێته به‌ر باس.

سه‌زه‌ر 16ی ئه‌پڕیڵی 2000 بۆته سه‌رکۆماری تورکیا و له 30 ئه‌پریلی هه‌مان ساڵه‌وه تا ئێستا سه‌رۆکایه‌تی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی تورکیا ده‌کات. له دوایین جار دا پێشنیاری به‌رفراوان کردنی پێوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم و دیالۆگ له‌گه‌ڵ بارزانی و تاڵه‌بانی کرابوو ئه‌ویش ته‌نیا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پ.ک.ک.

شایانی باسه که له یه‌ک حه‌وتووی داهاتوو دا پارله‌مانی تورکیا که زۆرینه‌ی به ده‌ستی پارتی دادوگه‌شه‌ی ئیسلامگه‌رایی ئه‌ڕدۆغانه، سه‌رکۆماری نوێ هه‌ڵده‌ژێرێ و ئه‌م یه‌که‌ش بۆته بابه‌تی ڕۆژی تورکیا.

له تورکیا فڕۆکه‌یه‌ک که سه‌فه‌ری ئامه‌د ـ ئه‌سته‌نبوڵ ده‌کرد ڕفێندرا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: کاتیژمێرێک 5 و نیوی سه‌ر له‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، فڕۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵگری جۆری بوینگی 737ی سه‌ر به کۆمپانی پێگاسۆسی تورکیا له لایه‌ن که‌سێکه‌وه به ناوی «مه‌مه‌د گۆکچین گۆڵ»، که له ئامه‌ده‌وه ده‌چۆ بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، ڕفێندرا.

سه‌ره‌تا ڕفێنه‌ره‌که هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردووه که بۆمبایی ده‌ستی پێیه‌ و داوایی له فڕۆکه‌وان کردووه به 178 مسافیره‌وه بچێته تارانی پێته‌ختی ئێران، به‌ڵام فڕۆکه‌وانه‌که له فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره ناچار به نیشتن بووه.

پۆلیسی تورکیا و تیمه‌کانی تایبه‌ت پاش نیو سه‌عات، مامه‌ڵه و گفتگۆ له‌گه‌ڵ «مه‌مه‌د گۆکچین گۆل»ی ڕفێنه‌ر، سه‌ره‌نجام توانیان ناوبراو ده‌زگیر بکه‌ن و مسافیره‌کان به سڵامه‌تی ڕزگاریان بێت.

دوابه‌دوایی کۆتایی هاتنی ڕووداوه‌که، پۆلیسی تورکیا ئاشکرایی کرد که ناوبراو له‌دایکبوویی ساڵی 1968ی ئامه‌ده و سه‌ره‌رایی هه‌وڵی چه‌و‌اشه‌کارانه‌ی مێدیاکانی تورک به پێوه‌ندی‌دانی ناوبرا و حیزبه کوردیه‌کان، زانرا که هیچ پێشینه‌یه‌کی سیاسی نه‌بووه و ته‌نیا به هۆی گیرۆده‌بوون به ماده‌سڕکه‌ره‌کانه‌وه زیاتر له 10 جار گیراوه و ته‌نانه‌ت هیچ ماده‌یه‌کی ته‌قینه‌وه‌شی پێنه‌بووه.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: