ئەرشیوی مانگی چواری ٢٠٠٧ی مانشێت نیوز/ ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت- 3

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵی یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو باڵه‌که‌ی حدکا ده‌دات

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: زانرا که «مه‌سعوود بارزانی»، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی له‌گه‌ل «مسته‌فا هیجری» سه‌رۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و «عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده»، سه‌رۆکی باڵی جیابۆوه له حدکا، پێکهێناوه‌ به مه‌به‌ستی یه‌کخستنه‌وه‌یی دوو لایه‌نه‌که.

ماڵپه‌رێی ئاڤێستا، وێڕایی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه وتیشی که له کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌مرۆ دا کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم و چه‌ندین که‌سایه‌تی وبه‌رپرسی تری سیاسی به‌شدارن و باس له ئه‌گه‌ری یه‌کخستنه‌وه‌یی دوو باڵه‌که‌ی حدکا ده‌کرێ.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ش، «عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر»، ئه‌ندامی پێشووی ده‌فته‌ری سیاسی حدکاش له ڕاگه‌یاندراوێک دا ده‌ستی به هه‌وڵێک کردبوو که له ئاکامی دا، دوو لایه‌نه‌که‌ی حدکا یه‌کبگرنه‌وه.

شایانی باسه که پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له دوو ساڵ و نیو له کۆنگره‌ی 13ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لایه‌نێک له ژێر ناوی»حیزبی دێموکراتی کوردستان – ئێران و به سه‌رکردایه‌تی «عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده»، رۆژی 15سه‌رماوه‌زی 2706 ( 6 دیسامبری 2006) به‌ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک رایانگه‌یاند که‌ تێکۆشانی سیاسی و رێکخراوه‌ییان » به‌جیا له‌ قۆڵی زۆرایه‌تی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی درێژه‌ پێده‌ده‌ن»و به‌مجۆره‌ جیابوونه‌وه‌یه‌کی تر له‌ ریزه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا روویدابوو.

65 که‌س که ده‌یانه‌ویست بچنه گوندی له دایکبوونی ئۆجه‌لان، ده‌زگیر کران
مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دوێنێ و ئه‌مرۆ، زیاتر له 65 که‌س که ده‌یانه‌ویست به بۆنه‌ی سڵڕۆژی له‌دایک بوونی عه‌بدولا ئۆجه‌لان بچنه، گوندی ئاماره‌ی سه‌ر به ڕوحا، له لایه‌ن پۆلیس و ژاندرمه‌ی تورکیاوه ده‌زگیر کران.
4ی نیسان که ساڵرپژی له دایکبوونی ڕێبه‌ری زیندانی پارتی کرێکارانی کوردستان، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه، له باکووری کوردستان به جۆشێکی مه‌زنه‌وه پیرۆز کرا و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه هه‌زاران هاولاتی کورد و ئه‌ندامانی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک، له قاڵبی چه‌ند کاروان دا، به مه‌به‌ستی پیرۆزکردنی له‌دایکبوونی ئۆجه‌لان و چاندنی نه‌مام به بۆنه‌ی ئه‌م ڕۆژه به‌ره‌و گوندی ئه‌ماره(عومه‌رلی) سه‌ر به ڕوحا»ئوڕفا»، که‌وتنه ڕێگه‌ که پۆلیس و ژاندرمه‌ی تورکیا به بۆنه‌ی هه‌بوونی ئۆپێراسیۆنی سه‌ربازی دژ به پ.ک.ک له ناوچه، ڕێگه‌ی پێنه‌دان و له ئاکام دا ئاڵۆزی لێکه‌وته‌وه.
له میانه‌ی شه‌روپێکدادانی پۆلیس و هاوڵاتیان کورد له ناوچه‌ و ڕێگاکانی نیزێک به‌م ئوڕفا و ئه‌ماره، زیاتر له 65 هاوڵاتی کورد ده‌زگیر کران، به‌ڵام دیسانیش له چه‌ندین شوێنی کوردستان نه‌مام چێندران و ساڵرۆژی له دایکبوونی ئۆجه‌لان پیرۆز کرا.

مه‌له‌وانه ئینگلزیه‌کان گه‌یشتنه‌وه له‌نده‌ن و یه‌کڕاست بۆ لێکۆڵینه‌وه بردران

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: کاتژمێرێک له‌مه‌وبه‌ر، 15 مه‌له‌وانه گیراوه‌که‌ی ئینگلزی گه‌یشتنه‌وه فڕۆکه‌خانه‌ی له‌نده‌ن و یه‌کڕاست به دوو هێلیکۆپته‌ر بۆ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئینگلیز گوازرانه‌وه.

پاش ئه‌وه‌ی که هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران 15 چه‌کداری ئینگلزیان له رۆژی 3ی خاکه‌لێوه له شه‌تی عه‌ره‌بی ده‌زگیر کرد و قه‌یرانێکی دیپلۆماتیک له نێوان دوو وڵاته هاته‌پێش، به‌ڵام پاش هه‌ره‌شه‌ی ئینگلزی و پێش ئه‌وه‌ی که مۆڵه‌ته 48 کاتژمێریه‌که‌ی تۆنی بلێر کۆتایی پێبێت، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، دوێنێ چوارشه‌ممه و له میانه‌ی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی دا، وتی که ئێران به عه‌فوی ئیسلامی، مه‌له‌وانه‌کانی به‌خشیوه و پاشان بۆ خۆی به‌ڕیکردنه‌وه له‌نده‌ن.

نیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه، مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان گه‌یشتنه‌وه فرۆکه‌خانه‌ی له‌نده‌ن و پاش چه‌ند خوله‌ک به دوو هێلیکۆپته‌ری نیزامی بۆ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته ڕاگوازران تا لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت.

چاره‌نووسی که‌مپی مه‌خموور به‌ده‌ستی دانیشتوانی به‌دی‌ ده‌کرێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: له کاتێک دا که تورکیا باس له داخستنی که‌مپی په‌نابه‌رانی مه‌خموور ده‌کات، به‌رپرسێکی UNHCR ڕایگه‌یاند که ته‌نیا دانیشتوانی که‌مپی مه‌خموورن که چاره‌نووستان ڕه‌قه‌م لێده‌ده‌ن.

به‌رپرسێکی کۆمیساریایی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران به ‌ئاژانسی فوراتی گووتووه که که‌س ناتوانێ که‌مپی مه‌خموور دابختا مه‌گه‌ر دانیشتوانه‌که‌ی. به‌م هۆیه‌ که ئه‌م که‌مپه 11 هه‌زار که‌سیه، هه‌مووی سیڤیله و له‌م دوایانه‌ش دا ستاتویی په‌نابه‌ری فه‌رمیان پێدراوه.

له دواترین خولی وتووێژه‌کان دا له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، هیج یه‌ک له سێ لایه‌نی تورک، UNHCR و عێراق و ئه‌مریکاش، نه‌گه‌یشتنه‌ قه‌ناعه‌ت و فۆرمولێک بۆ داخستن، گه‌رانه‌وه یاخود چاره‌سه‌ری تری کێسه‌ی ئه‌م که‌مپه‌.

به‌ڵام به‌رپرسانی UNHCR جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌که‌نه‌وه که به هۆی سیڤیل، په‌نابه‌ر و موختار بوونی دانیشتوانه‌که‌ی که‌مپی مه‌خموور، که‌س ناتوانێ به‌زۆر شوێنه‌که دابخات و بیانگه‌رێنێته‌وه. دانیشتوانی ئه‌م که‌مپه‌ش ده‌ڵێن که تا تورکیا مافه‌‌کانی په‌روه‌رده، به‌شداری و ئازادی سیاسی، مافه‌کانی که‌لتووری کوردان نه‌دات و ده‌رفه‌تیان بۆ ژیانێکی به‌رابه‌ر له‌ تورکیا بۆ نه‌ره‌خسێنێ ناگه‌ڕێنه‌وه.

له بانه، ژنێکی لاو خۆی کوشت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: له شاری بانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که ژنێکی لاوی بانه‌یی به هۆیه‌کی نادیار، رۆژی چوارشه‌ممه‌ خۆی کوشتووه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ته‌رمی «له‌یلا-ز»، خه‌ڵکی ئاوایی «کۆخه»ی بانه، له کاتێک دا دۆزراوه‌ته‌وه که ناوبراو خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و به‌م شێوه کۆتایی به ژیانی هێناوه.

ته‌رمی له‌یلایی 23 ساڵه بۆ پزیشکی قانوونی شاری سه‌قز گوازراوه‌ته‌ه و لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به هۆی گیان له‌ده‌ستدانی ده‌کرێت. ئه‌گه‌رچی هۆیه‌کی ئاشکرا له‌باره‌ی خۆکوشتنی له‌یلا ڕانه‌گه‌یاندراوه، به‌ڵام هه‌واڵنێری ئێمه له هه‌رێمه‌که‌وه باس له‌ کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی و بینینی گووشار له لایه‌ن هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه ده‌که‌ن

شایانی باسه که ساڵانه به هۆی نه‌زانی و نه‌ریتی ناحه‌ز و دواکه‌وتووی کۆمه‌ڵگا، گووشار و زه‌ختی بنه‌ماڵه  و کۆمه‌ڵگا و کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی تر، سه‌دان ژن له کوردستان به خۆسووتاندن و هه‌ڵواسین و ده‌رمانخواردن کۆتایی به ژیانیان دێنن.

به هۆی نووسینی پیرۆزبایی کوردی، «بایده‌میر» لێکۆڵینه‌وه‌‌ی یاسایی له‌باره‌ی دا ده‌کرێ

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: وه‌زاره‌تی ناوخۆی تورکیا، ئیزنی ده‌سپێکردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یاسایی دا سه‌باره‌ت به نامه کوردیه‌‌کانی پیرۆزبایی ساڵی نوێ و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی «عوسمان بایده‌میر».

به‌م هۆیه که عوسمان بایده‌میر، سه‌رۆکی شاره‌وانی مه‌زنی ئامه‌د، له ساڵی تازه و جه‌ژنی ره‌مه‌زان دا نامه‌یی پیرۆزبایی به زمانی کوردی نووسیوه و بۆ به‌رپرسان و ده‌زگاکانی حوکومی ناردووه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی تورکیا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یاسایی له‌به‌رانبه‌ری دا ده‌سپێکرد.

بیانووی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه یاساییه‌ش، به‌کارهێنانی پیتی «و -W» له نامه کوردیه‌‌که‌ی دایه و ئه‌م پیته‌ش له زمانی تورکی دانیه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قه‌ده‌غه‌یه.

شایانی باسه که ساڵانه، ده‌یان دۆزی له‌م شێوه ته‌نیا به هۆی که‌ڵک وه‌رگرتن له پیتی «W» له‌به‌رانبه‌ر کوردان دا ده‌بێته‌وه و عوسمان بایده‌میریش ته‌نیا له 3 ساڵی ڕابردوو دا زیاتر له 70 دۆز و لێکۆلینه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر دا کراوه‌ته‌وه و چه‌ندین جاریس هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری لێکراوه.

ناوی به‌رپرسان و ڕێکخراوه‌ و ناوه‌نده‌کانی که ئابلووقه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌یانگرێته‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ له‌م لیسته‌ی ژێره‌وه‌ دا ناوی ئه‌م ڕێکخراوه،. به‌رپرسانی سپای پاستاران و هێزه‌کانی تری سه‌ربازی ئێران، ناوه‌ند و ده‌زگاکانی ئێرانی بڵاوده‌کرێته‌وه که ئابلووقه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به هۆی کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ده‌یانگرێته‌وه:

ناوی که‌سایه‌تی و به‌رپرسه سه‌ربازیه‌کان:

سه‌ردار مورته‌زا باقری، جێگری فه‌رمانده‌یی گشتی سپایی پاستاران

ده‌ریاسالار عه‌لی ئه‌کبه‌ر ئه‌حمه‌دیان، به‌رپرسی ستادی هاوبه‌شی سپایی پاستاران

سه‌ردار محه‌ممه‌د ڕه‌زا زاهیدی، فه‌رمانده‌یی هێزی زه‌وینی سپایی پاستاران

ده‌ریاسالار مورته‌زا سه‌فه‌ری، فه‌رمانده‌یی هێزی ده‌ریایی سپایی پاستاران

سه‌ردار محه‌ممه‌د حه‌جازی، فه‌رمانده‌یی گشتی به‌سیج

سه‌ردار قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌یی گشتی سپایی تیرۆریستی قودس

سه‌ردار زوڵقه‌در، ئه‌فسه‌ری سپایی پاستاران و جێگری وه‌زیری ناوخوی ئێران

ناوی ناوه‌ند و ڕێکخراوه‌کانی هاوبه‌ش و پشتیوانی چالاکیه‌ ئه‌تۆمی وموشه‌کی ئێران

گرووپی سه‌نعه‌تی موهیمماتی ئاکا AMIG

ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی ئه‌تۆمی ئیسفه‌هان(NFRPC) و ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی ناڤۆکی ئیسفه‌هان (ENTC)

کۆمپانی کاۆشیار

که‌لوپه‌لی کیمیایی په‌رچین

ناوه‌ندی لێکۆڵیبنه‌وه‌ی ناڤۆکی که‌ره‌ج

گرووپی سه‌نعه‌تی موشه‌کی کروز(گرووپی سه‌نعه‌تی به‌رگری موشه‌کی)

بانکی سپه‌،  و بانکی نێونه‌ته‌وه‌یی سپه

گرووپی سه‌نعه‌تی شه‌هید هیممه‌ت(SHIG)

گرووپی سه‌نعه‌تی شه‌هید باقری (SBIG)

گرووپی سه‌نعه‌تی سه‌نام

گرووپی سه‌نعه‌تی یا مه‌هدی

ناوه‌نده‌کانی پێوه‌ندی‌دار به سپایی پاستاران

سه‌ناعه‌تی ئاسمانی قودس

سه‌رڤیسه‌کانی سه‌ناعه‌تی ئاسمانی پارس

ئاسمانپێوی شوعاع

ناوی ئه‌م که‌سانه‌ی که له چالاکیه‌کانی ئه‌تۆمی ئێران دان

فه‌ره‌یدوون عه‌بباسی ده‌وانی، به‌رپرسی باڵایی وه‌زاره‌تی به‌رگری له به‌شی  لۆژێستیکی هێزه‌کانی نیزامی (MOADFL)

مۆحسێن فه‌خری زاده‌ی مه‌هابادی، به‌رپرسی باڵایی (MOADFL) و زانایی ئه‌تۆمی و به‌رپرسی پێشووی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیزیک

سه‌ید جابر سه‌فده‌ری، به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی پیتاندنی ئۆرانیۆمی نه‌ته‌نز

ئه‌میر ره‌حیمی، به‌رپرسی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه و به‌رهه‌م هێنانی سووته‌مه‌نی ناڤۆکی ئه‌سفه‌هان (NFRPC)

مۆحسێن حوججه‌تی، به‌رپرسی گرووپی سه‌نعه‌تی فه‌جر، که ڕۆڵی له چالاکیه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی موشه‌ک هه‌یه.

مێهرداد ئه‌خلاقچی کتابچی، به‌رپرسی ناوه‌ندی سه‌نعه‌تی شه‌هید باقری

ناسر مالیکی، به‌رپرسی گرووپی سه‌نعه‌تی شه‌هید هیممه‌ت، رۆڵی له‌ چاککردنی موسه‌کی باڵێستیکی ئێران و سه‌هابی 3 هه‌بووه

ئه‌حمه‌د دره‌خشه‌نده، سه‌رۆکی بانکی سپه

ئه‌ردۆغان له دۆزی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ ئۆجه‌لان، بێ تاوان ده‌رچوو!

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دادگایه‌کی ئه‌نقه‌ره که ماوه‌ی حه‌وتوویه‌که به هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، دۆزێکی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان دا کردۆته‌وه، ڕایگه‌یاند که دۆزه‌که داخراوه.

دادگایی کۆماری ئه‌نقه‌ره ڕایگه‌یاند که به هۆی ئه‌وه که «هیچ خاڵێک بۆ تاوانبار کردنی ئه‌ردۆغان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه» و «کاتی زۆر به‌سه‌ر رووداوه‌که‌دا تێپه‌ڕ بووه»، دۆزی ئه‌ردۆغان کۆتایی پێهاتووه و ناوبراو چیتر له‌مباره‌وه به‌دواداچوونی یاسایی له‌گه‌ڵ ناکرێ.

«ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان»، به هۆی ئه‌مه‌ که له 14ی ژانویه‌یی ساڵی 2000 دا، له‌ وتووێژێکی ڕادیۆیی له‌گه‌ل SBSی ئۆسترالیادا، دوو جار وشه‌ی قه‌ده‌غه‌ی!!! «به‌ڕێز»ی بۆ «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» به‌کارهێنابوو و و به شه‌هیدانی تورکیاشی گوتبوو «که‌ڵه‌ی په‌ڕیو»،  دۆزی له به‌رانبه‌ر دا کرابۆوه.

شایانی باسه که تا ئێستا ده‌یان کورد و سه‌رکرده‌کانی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک له باکووری کوردستان، به‌ هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» که له تورکیا بۆ «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» قه‌ده‌غه‌یه، دادگایی کراون و سزا دراون، که‌جی بۆ ئه‌ردۆغان هیج تاوان حیساب ناکردرێ.

زێباری: دووهه‌م کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق له مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ هۆشیار زێباری، ڕایگه‌یاند که دووهه‌م کۆنفرانسی ئاسایشی عێران به به‌شداری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی UN له سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێ.

هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فێدراڵ له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی فرانس پڕێس ڕایگه‌یاند که بڕیاره له سه‌ره‌تاکانی مانگی زایینی داهاتوو(مانگی مه‌ی)، دووهه‌م خولی کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایشی عێراق به به‌شداری وڵاتانی دراوسێی عێراق و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یی وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌‌کان و ئاڵمان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناوبراو وتیشی که شوێنی کۆنفرانسه‌که تا ئێستا یه‌کلایی نه‌بۆته‌وه به‌ڵام تورکیا ده‌ڵێ که ئاماده‌یه ئه‌م کۆنفرانسه له ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌بچێت و  ئه‌ردۆغانیش ده‌ڵێ له هه‌فته‌ی یه‌که‌می ئه‌پریل دا چاوه‌ڕوانی جواب له به‌رپرسانی عێراقی ده‌کات.

پێشتر، له به‌غدا و له ئاستێکی نزمتر دا، کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و له‌وێدا بڕیار درا له خولی دووهه‌م له قاهیره یا ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌مریکا ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر کۆنفرانسه‌که له ئه‌سته‌نبوڵ بێت. ئه‌گه‌ری به‌شداری کۆندالیزا ڕایس هه‌یه.

5 هاوڵاتی کورد به زیندان مه‌حکووم کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: به‌گوێره‌ی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، 5 هاوڵاتی سنه‌یی به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی به زیندانی درێژخایه‌ن مه‌حکووم کران.

زانرا که چوار برا، به ناوه‌کانی «جه‌نادار، موختار، جه‌هانبه‌خش و جه‌ناگیر محه‌‌ممه‌دی»، به تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کانی دژ به ده‌وڵه‌تی ئێران به ته‌رتیب به 15، 5،5 ، 3 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراون.

به گوێره‌ی جه‌هاندار محه‌ممه‌دی له دوو دۆسیه‌یی جیادا به 15 ساڵ و 1 ساڵ و به گشتی 16 ساڵ زیندان مه‌حکوو کراوه.

هه‌روه‌ها هه‌مان سه‌رچاوه خوێندکارێکی کورد به ناوی «ئارام نوسره‌‌ت پوور» ناسراو به «شوان»، به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبێکی کوردستانی دژ به حکومه‌ت به 7 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه.

له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێک دا له به‌تلیس، 2 عه‌سکه‌ری تورک کوژران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: زانرا که له ئاکامی شه‌رێک دا له نێوان ئه‌رته‌شی تورکیا و گه‌ریلاکانی پ.ک.ک له ناوچه‌ی «هیزان»ی به‌دلیس، 2 عه‌سکه‌ری تورکیا کوژران.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی ئاژانسی فورات، له ئاکامی شه‌رێک دا له نێوان گه‌ریلاکانی هێزی پاراستنی گه‌ل و ئه‌رته‌شی تورکیا دوو عه‌سکه‌ری تورک کوژران و گه‌ریلاکان هیچ زیانێکیان پێنه‌گه‌یشتووه. له چیایی گاباریش له ئاکامی ئۆپێراسیۆنی ئه‌رته‌شی تورکیا دا 4 عه‌سکه‌ر برینداربوونه.

به توانه‌وه‌ی به‌فره‌کان و هاتنی به‌هار، ئه‌رته‌شی تورکیا به ناردنی زیاتر له 250 هه‌زار سه‌رباز و ته‌نینی سنووره‌کانی کوردستان به تابک و زرێپۆش، که ئامانجی ده‌سپێکی شه‌رێکی ده‌روونی له‌گه‌ڵ کوردستان و پ.ک.ک‌یه، له ناوخۆی ولاتیش دا به‌ڕده‌وام خه‌ریکی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنه دژ به گه‌ریلاکانی پ.ک.ک.

قۆڵبه‌ستکرانی دوو هاوڵاتی کورد و حوکمی زیندان بۆ یه‌کی تر

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: دوو هاولاتی سنه‌یی به ناوه‌کانی فه‌ریبۆرز غه‌ففاری و که‌ماڵ حه‌بیبی، به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی ده‌زگیر و یه‌کیشیان مه‌حکووم به زیندان کرا.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، هاوڵاتیه‌کی لاوی سنه‌یی به ناوی «فه‌ریبۆرز غه‌ففاری» به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی به 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کرا. ناوبراو پێشتر له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردوو دا له خاڵه سنووریه‌کان ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کرابوو و ئه‌مجاره‌ش به درانی حوکمی 6 مانگ، زیندانی کرا.

که‌ماڵ حه‌بیبی هاوڵاتی تری سنه‌یی به تۆمه‌تێکی نادیار ماوه‌ی 50 ڕۆژه که ده‌زگیر کراوه و شوێنی گیران و تۆمه‌تباریه‌که‌سی نازانرێ.

دیپلۆماته گیراوه‌که‌ی ئێران ده‌ڵێ که CIA ئه‌شکه‌نجه‌ی دراوم

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: جه‌لا شه‌ره‌فی دیپلۆماته گیراوه‌که‌ی ئێرانی که هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان ئازاد کرا، ئیدعایی کرد که له لایه‌ن سی‌ئای‌ئه‌ی‌وه ئه‌شکه‌نجه دراوه.

جه‌لال شه‌ره‌فی، دیپلۆماتی ئێران و که‌سی دووهه‌می باڵوێزخانه‌ی ئێران له به‌غدا که 6ی فێوریه‌ی ئه‌مساڵ له به‌غدا ده‌زگیرکرابوو، پاش لێدوانی مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان له مه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌کرانیان له ئێران، ئیدعایی کرد که CIAی ئه‌ویشی ئه‌شکه‌نجه داوه.

شه‌ره‌فی وتی که هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی منیان ڕفاندووه و به ماشێنێکی ئه‌رته‌سی ئه‌مریکا منیان بردۆته بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئه‌مریکا و به عه‌ره‌بی و ئینگلزیزی لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردووم.

ناوبراو ئیدعا ده‌کات که که‌سانێک سه‌ر به ده‌زگایی ئیستخاباراتی ئه‌مریکا(CIA) ئه‌ویان ئازار داوه و سه‌ره‌تا ویستوویانه به خۆشڕه‌فتاری، هاوکاریان له‌گه‌ل بکه‌م و به‌ڵام کاتێک که دیتیان من دان به هیچ دانانێم و دیپلۆماتم ویستوویانه بزانن که ئێران تا چ ڕاده‌یه‌ک شوێن و حزوریله ناو خاکی عێراق دا هه‌یه. ناوبراو وتیشی که  به چه‌ندین شێوه ئه‌شکه‌نجه کراوم و به‌ڵام نه‌یگوت که چۆن ئازار یا ئه‌شکه‌نجه دراوه به‌ڵام دیسانیش ده‌ڵێ که ئاسه‌واری ئه‌شکه‌نجه‌ی به جه‌سته‌یه‌وه دیاره و له کاتی ئازاد کردنی دا له نیزێک فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا وێلیان کردووه و بۆ خۆی خۆی گه‌یاندۆته‌‌وه باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌م شاره.

ڕیچارد مایه‌زر: ئه گه‌ر تورکیا هێرشی کوردستان بکات، به‌ره‌و‌ڕووی ئه‌مریکا ده‌بێته‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: سه‌رفه‌رمانداری گشتی پێشووی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له لێدوانێک دا بۆ ده‌نگی ئه‌مریکا وتی که هێرشی تورکیا بۆ کوردستان، به‌ڕه‌وڕووی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراق ده‌بێته‌وه.

ژه‌نه‌ڕاڵ «ریچار مایه‌زر»، سه‌رفه‌رمانداری پێشووی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا، دوێنێ له لێدوانێک دا بۆ به‌شی ئینگلزیی ده‌نگی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر تورکیا به بیانووی پ.ک.ک هێرش بکاته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان مومکینه به‌ڕه‌وڕووی به‌رپرچدانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ببێته‌وه.

ناوبراو که له کاتی ده‌زگیر کرانی 11 عه‌سکه‌ری سه‌ربه تیمه‌کانی تایبه‌تی ئیستخباراتی تورکیا له سلێمانی و جه‌واڵ خستنه‌سه‌ریان،  فه‌رمانداری گشتی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا بوو، وتی که مومکینه ڕووداوی له‌م شێوه دووپات ببێته‌وه.

ناوراو وتیسی که ئه‌گه‌ر تورکیا به بیانووی پ.ک.ک هێرش بکات ئه‌گه‌ری روودانی شه ر له نێوان هێزه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیا هه یه. چونکه پ.ک.ک کێشه‌ی عێراق نیه و ئه‌رته‌شی ئه‌مریکاش له به‌غدا خه‌ریکی شه‌رکردنه‌ و  گرینگترین مه‌سه‌له‌ش بۆ ئه‌وان هه‌ر ئاسایشی عێراقه. ژه‌نه‌راڵ مایه‌رز وتیشی که شه‌ر له‌گه‌ڵ پ.ک.ک ئاسان نیه.

شایانی باسه که ساڵی 2003، له نیزێک سلێمانی 11 ئه‌فسه‌ری ئیستخاباراتی تورک له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکاوه ده‌زگیر کران و جه‌واڵیان خسترا سه‌ر و ئه‌م یه‌که‌ش قه‌یرانێکی دیپلۆماتیکی مه‌زنی له نێوان تورکیا و ئه‌مریکاوه لێکه‌وته‌وه و پێوه‌ندیه‌کان تا ماوه‌ی دوو ساڵ ڕوویان له ساردی کرد. له ناوخۆی تورکیاش دا ئه‌مه به تاڵترین بیره‌وه‌ری و ڕووداوی سه‌ربازی به‌دی‌ ده‌کرێ و ده‌یان ژه‌نه‌راڵ له سه‌ر ئه‌م یه‌که، خانه‌نشین کران.

بارزانی بۆ ئه‌لعه‌ره‌بیه: تورکیا باس که‌رکووک بکات، ئێمه‌ش باس له ئامه‌د ده‌که‌ین

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: شه‌وی ڕابردوو، مه‌سعوود بارزانی، له لێدوانێک دا بۆ که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه، دیسان وێڕای هۆشداری دان به تورکیا، وتیشی که به‌م شێوه ئێمه‌ش مافی خۆمانه که ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ئامه‌د بکه‌ین.

مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان،  له لێدوانێک دا بۆ که‌ناڵی ئاسمانی ئه‌لعه‌ره‌بیه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌مه کرده‌وه که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، خاوه‌ن سه‌روه‌ری خۆیه‌تی و که‌س له وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌دا بۆی نیه که ده‌ست له کاروباری ناوخۆی وه‌ردات. ناوبراو وتیشی که ئه‌گه‌ر تورکیا مافی ئه‌مه به خۆی ده‌دا که ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری عێراق وکه‌رکووک بکات، ئێمه‌ش بۆمان هه‌یه که ده‌ست له کاروباری ناوخۆی تورکیا وه‌ربده‌ین و باسی ئامه‌د بکه‌ین.

بارزانی له درێژه‌ی وته‌کانی دا ده‌ڵێ: له تورکیا 30 میلیۆن کورد هه‌یه. تورکیا ئه‌و مافه به خۆی ده‌دات که بۆ تورکمانه‌کانی که‌رکووک، ده‌ست له کاروباری ناوخۆی عێراق و ئه‌م شاره‌ وه‌ردات، به‌ڵام، ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بۆ داکۆکی له مافی ئه‌م 30 میلیۆن کورده‌ ده‌توانین ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیاوه‌ بکه‌ین.

له کاتێک دا که پێشکه‌شکه‌ری ئه‌لعه‌‌ره‌بیه‌ له مه‌سعوود بارزانی پرسی ئایا ئێوه‌ به‌م شێوه‌ ده‌تانه‌وێ هه‌ڕه‌شه‌ له تورکیا بکه‌ن؟ بارزانی له وه‌لام دا وتی که نا. به‌ڵام ئه‌وه ڕاستیه‌کی مه‌وجووده.

بارزانی وێڕای ئاماژه‌ی تر به کوردستانی بوونی ناسنامه‌ی شاری که‌رکووک، جوابی کۆمه‌ڵێک پرسیاری گرینگی تریشی پێوه‌ست به وه‌زعی کوردستان وناوچه‌ دایه‌وه. مه‌سعوود بارزانی وتی که کاتی کێشه‌ی ناوخۆ کۆتایی پێهاتووه و ئێستا سه‌رجه‌م پێکهاته و لایه‌نه‌کانی کوردستان یه‌کگرتوو و یه‌کده‌نگن و گووتارێکی سیاسی هاوبه‌شیان هه‌یه و بۆ گه‌یشتن به داهاتوویه‌کی باشتریش پێویستیمان به هێلی سه‌مه‌نده‌فه‌ر و نه‌خۆشخانه و زانکۆی پێشکه‌وتوو و بنه‌مایی ئابووری باش هه‌یه و هه‌ر که‌سیش جگه له تیرۆریستان بۆیان هه‌یه بێنه ناو خاکی کوردستان و سه‌ردانی بکه‌ن.

کوردستان تی‌ڤی له‌مباره‌وه‌ وتی که بارزانی له جوابی پرسیارێک دا سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و حکومه‌تی هه‌رێم دا وتوویه‌تی که پێوه‌ندی له‌گه‌ل ئیسرائیل حه‌رام نیه و به تاوانیشی نازانین و هه‌رکات ئه‌م وڵاته ڕێگه‌ی پێبدرێ که له به‌غدا باڵوێزخانه‌یی هه‌بێت، ئێمه‌ش له کوردستان بۆمان هه‌یه ڕێگه‌ی کردنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌یان پێبده‌ین.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: