ئەرشیوی مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ 1

حوکمی زیندان و دوورخستنه‌وه بۆ 5 هاوڵاتی سنه‌یی
مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که 5 هاوڵاتی سنه‌یی به به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی و پێوه‌ندی و ئه‌ندامیه‌تی حیزبه کوردستانیه‌کان به زیندان و ڕاگوازتن بۆ شاره‌کانی مه‌هاباد و زه‌نجان، مه‌حکووم کراون.
به گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵه، سۆران مێهرشاد، به 5 ساڵ زیندان و دوورخستنه‌وه بۆ زه‌نجان، عه‌دنان ئه‌حمه‌دی،2 ساڵ زیندان و دوورخستنه‌وه بۆ زه‌نجان، محه‌ممه‌د عه‌لی محه‌ممه‌دی به ساڵێک زیندان و دوورخستنه‌وه بۆ زه‌نجان، پوریا دڵپه‌سه‌ند به ساڵێک زیندان و دوورخستنه‌وه بۆ مه‌هاباد، محه‌ممه‌دی، فایق زوڵفه‌قاری به 4 مانگ زیندان مه‌حکووم کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری کۆتایی هێنان به سزادانی چالاکانی سیاسیه و هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوکمی گیراوه‌کان ده‌خوازێت.

قۆڵبه‌ستکرانی 8 لاو و تازه‌لاوی دێهگۆلانی

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له هه‌وڵێک دا ڕایگه‌یاند که 6 تازه‌لاوی دێهگۆلانی و دوو لاوی تریش به تۆمه‌تی ڕێوڕه‌سمی چوارشه‌ممه سووری ده‌زگیر کراون.

به گوێره‌یی زانیاریه‌کان، 62 لاو و 6 تازه‌لاوی دێهگۆلانی به ناوه‌کانی ئارمان محه‌ممه‌دی، موسلیم ئه‌حمه‌دی، په‌رویز قاسمی، مومن محه‌ممه‌دی، سیروان عه‌لیزاده و موحسێن هادی زاده و عابدین که‌ریمی له جه‌ریانی ڕێوڕه‌سمی چووارشه‌ممه‌ سووری ئه‌م شاره دا ده‌زگیر کراون.

ناوبراوان به تێکدانی ئاسایشی شار ده‌زگیر کراون و پاش 10 ڕۆژ به شێوه‌ی کاتی و به دانانی بارمته‌ی ماڵی ئازاد کراون و له کاتێک دا که 6 که‌س له‌م گیراوانه ته‌مه‌نیان خوارووی 18 ساڵیشه، ئه‌شکه‌نجه کراون و لێیان دراوه.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، به داخه له لێدان و کوتان و ده‌زگیر کردنی بێ هۆی ئه‌م لاو و تازه لاوه دێهگۆلانیانه و ئه‌م کرده‌وه‌ی هێزه‌کانی ئاسایشی دژ به مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و یاسایی مه‌ده‌نی و تاکه‌که‌سی ده‌زانێ و به پێشێلکاری مافی هاوڵاتیان و لاوان و تازه‌لاوانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا.

کاوه جه‌وانمه‌رد، ڕۆژنامه‌وانی سنه‌یی دادگایی ده‌کرێت

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: کاوه جه‌وانمه‌رد، ڕۆژنامه‌وانی سنه‌یی که 4 مانگه ده‌زگیر کراوه به تۆمه‌تی شه‌ر له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ڕۆژی 16ی خاکه‌لێوه دادگایی ده‌کرێت.

به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌ێری مافی مرۆڤی کورد، کاوه جه‌وانمه‌رد، ڕۆژنامه‌وانی ده‌زگیر کراوی سنه‌یی که 4 مانگه له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی ئێران دایه، ڕۆژی 16ی خاکه‌لێوه له لقی دووی دادگایی شۆڕشی ئیسلامی سنه به تۆمه‌تی شه‌ر(موحاڕبه) دژ به کۆماری ئیسلامی دادگایی ده‌کرێت

کاوه جه‌وانمه‌رد که هه‌واڵنێری هه‌فته‌نامه‌ی که‌ره‌فتوو بوو پێشتریش به تۆمه‌تێکی هاوشێوه به 5 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرابوو که دیوانی باڵایی دادی ڕه‌ژیم ئه‌م حوکمه‌ی به 2 ساڵ که‌م کرده‌وه.

گیراوێک به هۆی بێ په‌رپرسیاریه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رانی گرتووخانه‌ی سنه گیانی له‌ده ست دا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: «حوسێن سه‌دری» گیراوی کوردی سنه‌یی له گرتووخانه‌ی ئه‌م شاره به هۆی سه‌کته‌ی دڵ و ڕه‌وانه نه کردنی بۆ ناوه‌نده پزیشکیه‌کان گیانی له‌ده‌ست دا.

هه واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد ڕایگه‌یاند که «حوسێن سه‌دری» گیراوی کوردی سنه‌یی که ته‌مه‌نی 50 ساڵانه بوو و 7 مانگه له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی به تۆمه‌تی قه‌رزداری له گرتووخانه‌ی سنه‌ دایه، توشی نه‌خۆشی سه‌کته‌ی دڵ ده‌بێت و پاشان به هۆی بێ مبالاتی و بێ به‌رپرسیارێتی به‌رپرسانی گرتووخانه‌که له ڕه‌وانه کردنی ناوبراو بۆ نه‌خۆشخانه،. گیانی له ده‌ست دا.

13 ئه‌ندامی باڵایی تری سپایی پاستاران له عێراق ده‌زگیر کراون

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی زانیاریه‌کان 13 ئه‌ندامی تری سپایی پاستاران که له ناویان دا فه‌رمانده‌یه‌کیشی تێدایه، له لایه‌ن ئه‌رته‌سی ئه‌مریکاوه ده‌زگیر کراون.

ڕۆژنامه‌ی «ئیل ژورناڵه»ی ئیتاڵیا بڵاوی کرده‌وه، 12 ئه‌ندام له هێزه‌کانی تایبه‌تی ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و فه رمانده‌یه‌کی باڵایی سپایی پاستاران، له لایه‌ن گرووپێکی سه‌ربازی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکاوه ده‌زگیر و ڕه‌وانه ی یه کێک له بنکه سه‌ربازیه کانی ئه م وڵاته له عێراق کراون و ئێستاش لێکۆڵینه وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.

به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌که، ئه‌م که‌سانه به مه به‌ستی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنێکی زۆر شاراوه و تایبه‌ت دزه یان کردۆته‌ ناو خاکی عێراق و به‌لام هه ر له جه‌ریانی ئه‌م سه‌ری جاسووسانه‌ی که له نێوان ئێران و ئه‌مریکا دا خه‌ریکه ڕووده‌دات، ده‌زگیر کراون و ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.

زانیاریه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌م هه‌واڵانه‌ی که سه‌باره‌ت به ده‌زگیر کرانی ئه‌ندامانی ئیتلاعاتی و سپایی پاستارانی ئێران له عێراق بڵاو ده‌بنه‌وه، ته‌نیا به‌شێکی بچووک له ڕاستیه‌کانن و بۆیه که ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تا ئێستا نه‌ک ته‌نیا 10 تا 30 که‌س، به‌ڵکو زیاتر له 300 که‌س ته‌نیا له‌م دوو سێ هه‌فته‌ی ڕابردوو دا له لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئه‌مریکاوه ده‌زگیر کراون.

ئاژانسی مانشێت زانیاری ئه‌مه‌ی له ده‌ست دایه کله ته‌نیا له باشووری کوردستان و له ناوچه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی حکومه‌تی هه‌رێم دا زیاتر له 10 ئۆپێراسیۆن دژ به بنکه‌ جاسووسیه‌کانی ئێران ئه‌نجام دراوه که تێیدا ده‌یان که‌س گیراون و به‌ڵام ئه‌وه له کاتێک دایه که ته‌نیا باس له هێرشی سه‌ر بنکه‌ی ئێرانیه‌کان له هه‌ولێر له مێدیاکانه‌وه بڵاوبۆته‌وه.

هاوڵاتیه‌کی ئه مریکا که ده‌گوترێ پێشتر ئه‌ندامی «ئێف بی ئای» بووه، له ئێران، بێشوێنه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئاژانسه‌کان هه‌واڵی ئه‌مه‌یان ڕاگه‌یاند که هاوڵاتیه‌کی ئه‌مریکا که ئه‌ندامێکی پێشووی پۆلیسی فێدێراڵی ئه‌مریکا(FBI) بووه، زیاتر له 20 ڕۆژه له ئێران بێشوێن کراوه.

ئاژانسی فرانس پڕێس وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه، شوێنی ون بوونی ئه‌م ئه‌مریکیه له باشووری ئێران ڕاده‌گه‌یێنێ و که‌ناڵی سی‌ئێن‌ئێنی ئه‌مریکاش باس له بێسه‌روشوێن بوونی هاوڵاتیه‌کی ئه‌مریکا له دوڕگه‌ی کیش ده‌کات.

«شان مه‌ککۆڕمه‌ک»، جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش ڕایگه‌یاند که ئه‌م هاوڵاتیه‌ی ئه‌مریکا بۆ سه‌ردانێکی تایبه‌تی خۆی چۆته ئێران و بنه‌ماڵه‌که‌ی چه‌ند حه‌وتوویه که لێی به ئاگان و ناو و ناسنامه‌ی ناوبراو ئاشکرا نه‌کرد.

مه‌ککۆڕمه‌ک وتیشی که ده‌وڵه‌ته‌که‌ی له ڕێگه‌ی باڵوێزخانه‌ی سویسه‌وه که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا له ئێرانه، دوایی کێشه‌که که‌وتووه و لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ئه‌م هاوڵاتیه‌ی ده‌کات که له 11ی مارسه‌وه بێشوێنه.

ڕۆژنامه‌یی واشنتۆن پۆست و که‌ناڵی سی‌ئێن ئێن‌یش ده‌ڵێن که ئه‌م که‌سه، پێشتر ئه‌ندامی پۆلیسی فێدێراڵی ئه‌مریکا(FBI) بووه و ئه‌وه له کاتێک دایه که به گوێره‌ی ئاسشوۆیته‌د پڕێس، هاوسه‌ری ناوبراو ده‌ڵێ که مێرده‌که‌ی به مه‌به‌ستێکی ئابووری و توجاری له سه‌ردانی ئێران بووه.

227 په‌نابه‌ر له شاری وان پێش ڕه‌قهه‌ڵاتن دیترانه‌وه

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: 227 په‌نابه‌ر که ده‌یانه‌ویست به شێوه‌ی نایاسایی سنووری تورکیا و ئێران ده‌رباز بکه‌ن و خۆیان بگه‌یێێنه ئه‌وروپا له کاتێک دا که چی وای نه‌مابوو، ڕه‌قهه‌ڵێن، دیترانه‌وه.

ژاندرمه‌ی تورکیا له ئاکامی ڕاپۆرتێک دا له کوێستانه‌کانی نیزێک به گوندی «ئوغورلو»ی باشقه‌ڵای وان، 145 په‌نابه‌ری پاکستانی، 42 به‌نگڵاسێی، 4 ئه‌فغانی و ئێرانیه‌کیان دیته‌وه که له ناو به‌فر و سه‌رما دا نیزێک به مردن بوون و له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایش و ژاندرمه‌ی تورکیوه نه‌جات دران.

له‌مانه 24 که‌سیان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌کانی باشقه‌ڵایی وان کران و ئه‌وانی تر بۆ ماوه‌یه‌ک تا کاتی دیپۆرت کردنه‌وه‌یان دا، له ساڵۆنی وه‌رزشی شار ڕاده‌گیرێن.

شایانی باسه که ساڵانه هه‌زاران که‌س له وڵاتانی ئاماژه‌بۆکراو و عێراق و ئێران و وڵاتانی جیرانی تورکیا له ڕێگه‌ی به‌زاندنی نایاسایی سنووره‌کانی ئه‌م وڵاته‌وه هه‌ولی گه‌یشتن به ئه‌ورووپا ده‌ده‌ن که سه‌دان که‌سیش یا له کوێستانه‌کانی کوردستان، یا له ناو ده‌ریایی ئه‌ژه و مه‌رمه‌ره  گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.

شاره‌دارانی کورد بۆ پرۆتیستۆکردنی گیرانی شاره‌داری جزیره، به یه‌که‌وه ده‌چنه ئه‌م شاره

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که «ئایدین بوداک» سه‌رۆکی شاره‌وانی جزیره و 4 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌داری ئه‌م شاره ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی زیندان کران، شاره‌دارانی کوردی باکووری کوردستان ده‌یانه‌وێ به مه‌به‌ستی نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیان بچنه ئه‌م شاوه.

بڕیاره سبه‌ی 56 شاره‌داری شاره‌کانی باکووری کوردستان بۆ پڕۆتیستۆکردنی زێده‌بوونی زه‌خت و گووشار بۆ سه‌ر کوردان و شاره‌دارانی کورد و گرتن و زیندانی کردنی «ئایدین بوداک»، سه‌رۆکی شاره‌وانی جزیره و 4 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌که، بچنه جزیره و کۆنفرانسێکی هاوبه‌شی پرۆتیستۆیی ساز بکه‌ن.

هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، هێزه‌کانی ئاسایشی جزیره، ڕێوشوێنی توندی ئه‌منیان له شه‌قامه سه‌ره‌کیه‌کان و بیناکانی پارتی دادوگه‌شه گرتۆته‌به‌ر و دژ به ئه‌نجامی هه‌ر پڕۆتیستۆیه‌کیش له ئاماده‌باشی ته‌واو دان.

په‌نابه‌رێکی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، له‌ وڵاتی تورکیه‌ تیرۆر کرا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: شه‌وی ڕابردوو له‌ شاری «ئافیون»ی تورکیا، ‌په‌نابه‌رێکی کوردی خه‌ڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ناوی «ئه‌ییوب ئه‌مینی»، و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، له‌ لایه‌ن تێرۆریستێکی سه‌ر به‌ کۆماری  ئیسلامی  ئێرانه‌وه‌ تیرۆر کرا.

ئه‌یوب ئه‌مینی په‌نابه‌ری کوردی خه‌ڵکی بۆکان و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی پێشووی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران شه‌وی ڕابردوو که‌وتوه به په‌لاماری چه‌قۆیی تیرۆریستێکی سه‌ربه کۆماری ئیسلامی و بریندار کرا و سه‌ره‌رایی گه‌یاندنیشی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شار، به هۆی قورسی برینه‌کانیه‌وه گیانی له‌ده‌ست دا.

ناوبراو که یه‌کێک له په‌نابه‌رانی کوردی ناسراوه به «شومال عێراقه» ماوه‌ی زیاتر له 5 ساڵ له تورکیان و ده‌گوترێ که تورکیا ڕێگه‌ی چوونه‌ده‌ری یاساییان له‌م وڵاته پێنادات سه‌ره‌ره‌یی ئه‌وه که ئه‌م 1200 که‌سه، به‌رگی قه‌بوولی فه‌رمی په‌نابه‌رێتی ئو‌ئێن‌یان هه‌یه.

قاتڵی ئه‌یوب ئه‌مینی به وته‌ی وێبلاگی فه‌رید، ده‌گوترێ هه‌ر کورده و خه‌ڵکی بانه‌یه‌ و ناوی قاتڵ «هیوا ڕه‌زایی»یه و ئێستاش له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشیه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ره.

شایانی باسه که پێشتر په‌نابه‌ری کوژراو، جه‌ند جار داوایی له به‌رپرسانی ئاسایشی کردووه که هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێکراوه و پێیویسته بیپارێزن و یاخود، گرینگی به کێشه‌که بده‌ن، به‌ڵام پۆلیسی تورکیا هیچ هه‌نگاوێکی له‌م پێوه‌ندیه‌وه نه‌ناوه‌و و شه‌ڕه‌شه‌کانی به‌جیددی نه‌گرتووه.

راگه‌یه‌ندراوی په‌نابه‌رانی کورد له‌ تورکیه‌

پارێزه‌رانی مافی مرۆڤ

رێکخراو و ناونده‌ سیاسی و به‌شه‌ر دۆسته‌کان

 شه‌وی 3/4/2007 له‌ شاری ( ئافیون) ی تورکیه‌ په‌نابه‌رێکی کوردی  ئێرانی (شمال عراق) به‌ ناوی ئه‌ییوب ئه‌مینی خه‌ڵکی شاری بۆکان له‌ لایه‌ن تێرۆریستێکی سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌

ده‌که‌وێته ‌به‌ر په‌لاماری چه‌قۆ و به‌ سه‌ختی بریندار ده‌بێ. هه‌رچه‌نده‌ به‌په‌له‌‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ده‌کرێ، به‌ڵام به‌ هۆی کاریگه‌ریی برینه‌که‌ی دوای چه‌ند سه‌عات گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات و تێکه‌ڵ به‌ کاروانی قوربانیانی ده‌ستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ده‌بێ

پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک ئاگادار بکه‌ین که‌ ئه‌م به‌کرێگیراوه‌ ماوه‌ی دوو مانگ بوو خۆی خزاندبوه‌ نێو ریزی  په‌نابه‌رانه‌وه ‌و رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو واته‌  26/3/ 2007 له‌ لایه‌ن په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌زگای ئه‌منییه‌تی  تورکیه‌ له‌ شاری ئافیون و کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له‌ ئانکارا له‌ سه‌ر هه‌لس و که‌وتی ئه‌م تێرۆریسته ئاگادا ر کراونه‌وه ،به‌ڵام به‌داخه‌وه ‌هیچ ئێقدامێکیان نه‌کرد‌‌. هه‌رچه‌ند ئێستا تێرۆریسته‌که‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ گیراوه‌،‌ به‌ڵام تا ئێستا هیج رونکردنه‌وه‌یه‌کیان نه‌داوه‌.

ئه‌وه‌ یه‌که‌مین جار نییه‌ که‌ په‌نابه‌رانی کو‌ردی ئێرانی له‌ تورکیه‌ ناسراو به‌ (شمال عێراق) که‌ پتر له‌ 5 ساڵه‌ به‌هۆی ساتوسه‌ودای ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ و کومیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر کراون، تووشی رووداوی دڵته‌زێن ده‌بن. له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ئه‌وه‌ سێهه‌ مین په‌نابه‌ره‌ که‌ به‌ رووداوی دڵته‌زێن  له‌ وڵاتی تورکیه‌ گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات و زۆر که‌سیش هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه و که‌وتوونه‌ به‌ر په‌لامار، بریندار بوون یا لێ‌یان دراوه‌‌، به‌ڵام  کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران که‌ له‌ حاست پاراستنی گیانی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌دا  به‌رپرسه‌، تا ئێستا هه‌روا بێ هه‌ڵوێست و بێته‌فاوه‌ت بوه‌ و ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ بێ هیج هۆیه‌ک ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ په‌نابه‌ره‌ له‌ تورکیه‌ راگیراون و هیچ جه‌شنه هاوکاریه‌کیان ناکرێ.

ئێمه‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران و حکومه‌تی تورکیه‌ له‌ حاست هه‌رپێشهات و کاره‌ساتیک دا به‌ به‌رپرس ده‌زانین و بۆ جارێکی تر داوا له‌ سه‌رجه‌م سازمان و حیزب و رێکخراو که‌سایه‌تیه‌ به‌شه‌ر دۆسته‌کان ده‌که‌ین که‌ سیاسه‌تی بێته‌فاوه‌تی کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران مه‌حکوم  بکه‌ن و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م رێکخراوه‌ که‌ له‌وه‌ زیاتر ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ ئینسانه‌ که‌ به‌شێکی ته‌مه‌نیان به‌ختی ئازادی و رزگاریی گه‌ل و وڵاته‌که‌یان کردوه‌ ، له‌م وه‌زعییه‌ته‌ دا رانه‌گرێ و رێگا چاره‌سه‌رێکی گونجاوو ئینسانی بۆ کێشه‌که‌یان بدۆزێته‌وه‌ تا له‌وه‌ زیاتر تووشی رووداوی ناخۆش و دڵته‌زێن نه‌بن.

ئێمه‌ وێرای مه‌حکوم کردنی ئه‌م جینایه‌ته‌ ، سه‌ره‌خۆشی  گه‌رمی خۆمان  ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و که‌س و کارو  هه‌موو دۆست و هه‌ڤاڵانی ده‌که‌ین و خۆمان به‌ شه‌ریکی خه‌م و ناخۆشیه‌کانیان ده‌زانین.

هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی په‌نابه‌رانی کوردی ئێرانی له‌ تورکیه‌ (شمال عراق)

3/4/2007

ئیره‌ج عیبادی، ڕۆژنامه‌وانی سنه‌یی، بۆ سێهه‌م جار بانگهێشتی دادگا کراوه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: زانرا که بۆ جاری سێهه‌م، «ئیره‌ج عیبادی»، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانی سنه‌یی و سه‌رنووسه‌ری پێشووی حه‌وته‌نامه‌یی ئاسۆ و که‌ره‌فتوو، بانگهێشتی دادگا کراوه.

به پێی هه‌والێکی بنکه‌ی ئینته‌رنه‌تی ژانی گه‌ڵ،  که به چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی ناڕاست و دژ به کۆماری ئیسلامی، سه‌باره‌ت به قه‌تڵه زنجیره‌یه‌کان له حه‌وته‌نامه‌ی «په‌یام مردم»، تۆمه‌تبار کراوه، پێیوسته بۆ ڕۆژی 3ی مانگی بانه‌مه‌ڕ، خۆ به لقی یه‌که‌می دادگایی سنه بناسێنێ.

ئیره‌ج عیبادی، نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌وان و وه‌رگێری سنه‌یی هه‌ر ئێستا به دانانی بارمته‌ی 5 میلیۆن تمه‌نی و دانانی به‌ڵگه‌ی گه‌ره‌نتی فه‌رمانبه‌رێکی حکومی به شێوه‌ی کاتی ئازاد کراوه و چاوه‌روانی ڕای دادگایی شۆڕایی چاوه‌دێری بڵاوکراوه‌ و چاپه‌مه‌نیه‌کان  و دادگایی سنه‌ ده‌کات.

تۆنی بلێر، هه‌ڕه‌شه‌ی له ئێران کرد و دوایین مۆڵه‌تی به‌ تاران دا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: تۆنی بلێر، سه‌رۆک وه‌زیری ئینگلزی هه‌ڕه‌شه‌ی له ئێران کرد و دوو ڕۆژی تری مۆڵه‌ت به ئێران دا که مه‌له‌وانه گیراوه‌کانه ئازاد بکه‌ن.

تۆنی بلێر، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئینگلیز، پاش ئه‌وه‌ی که جۆرج بوش، سه‌رۆکی ئه‌مریکاش پشتیوانی خۆی له هه‌واڵه‌کانی دیپلۆماتیکی ناوبراو ده‌ربڕی و وتی که ئێران پێویسته گیراوه‌کان ئازاد بکات، بلێریش وتی که دوو ڕۆژی داهاتوو ده‌توانێ زۆر چاره‌نووس ساز بێت.

ناوبراو له وتووێژێکی ڕادیۆیی له‌گه‌ڵ که‌ناڵێکی ڕادیۆیی ئیسکاتله‌ند دا وتی که ئێران 48 کاتژمێری تری مۆڵه‌ت هه‌یه که مه‌له‌وانه گیراوه‌کان ئازاد بکات و بۆیه‌ش دوو ڕۆژی داهاتوو ده‌توانێ زۆر چاره‌نووس ساز بێت و ئه‌گه‌ر تا ڕۆژی 5شه‌ممه، تاران گیراوه‌ ئینگلیزه‌کان ئازاد نه‌کات، ئه‌وه‌ کێشه‌که‌ به‌ره‌و ئاقارێکی تر ده‌روات.

شه‌وی ڕابردوو عه‌لی لاریجانی، به‌رپرسی شۆڕایی باڵایی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له پاشه‌کشه‌یه‌کی ئاشکرا دا ڕایگه‌یاندبوو که پێویست ناکات، مه‌له‌وانه گیراوه‌کان محاکمه بکرێن و با کێشه‌که له‌رێگه‌ی دیپلۆماتیک چاره‌سه‌ر بکرێت.

ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تۆنی بلێر و مۆله‌تی دوو رۆژه، ئاماژه‌کانی به‌ره‌و هێرشێکی چاوه‌روانکراوی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئێران ده‌کات له‌م ڕێکه‌وته‌دا که پێشتریش مێدیاکانی جیهانی وه‌عدیان دابوو.

هه‌واڵێنریه‌کانی ڕووسیا، ڕۆژنامه‌ی نوۆتسی و چه‌ندین بنکه‌ی ده‌نگوباسی تر ڕایانگه‌یاندووه که به هاتنی سێهه‌مین که‌شتی فڕۆکه هه‌ڵگری ئه‌مریکا بۆ که‌نداو، زێده‌بوونی که‌ش و هه‌وای شه‌ر، گیرانی مه‌له‌انه ئینگلیزه‌کان، زێده‌بوونی سه‌ربازانی ئه‌مریکا و مانۆر و تاقیکردنه‌وه سه‌ربازیه‌کان نیشان ده‌ه‌ن که ئه‌گه‌ری هێرشێکی به‌ربڵاوی نیزامی له رۆژی 6ی ئه‌پریل که ڕێکه‌وته له‌گه‌ڵ هه‌ینی و شه‌وی 16 له سه‌ر 17ی خاکه‌لێوه، ده‌کرێت.

زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به تیرۆری په‌نابه‌رێکی کورد له شاری ئافیۆنی تورکیا

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: به گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی که به ئاژانسه‌که‌مان گه‌یشتوون،  په‌نابه‌رێکی کوردی تری خه‌ڵکی سنه‌یه، پێش ئه‌نجامی ئه‌م تیرۆره گومانی ئه‌وه‌ی هه‌بووه که قاتڵ ئه‌ندامی سپایی پاستارانه و بۆیه‌ش یو‌ئێن و پۆلیسی لێ ئاگادار کردۆته‌وه.

مانشێت زانیاری ئه‌مه‌ی به‌ده‌ست هێناوه که په‌نابه‌ریکی سنه‌یی بۆ ماوه‌یه‌ک هاومالی قاتڵ بووه که ناوی «هیوا ڕه‌زایی»یه و پاش ئه‌وه‌ی که زانیویه‌تی که ناوبراو ئه‌ندامی سپایی پاستارانی ئێرانه، مه‌سه‌له‌که به نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕاده‌گه‌یێنێ. به‌ڵام به داخه‌وه به‌رپرسانی یو‌ئێن ده‌ڵێن که کێشه‌که پێوه‌ندی به ئێمه‌وه نیه و پێویسته که به پۆلیس ڕابگه‌یێندرێ یا ئه‌وانه‌ی که ده‌زانن گیانیان له مه‌ترسی دایه، شاره‌که‌ چۆل بکه‌ن.!

پۆلیسی شاری ئه‌فیۆن سه‌باره‌ت به‌م کێشه‌، 20 په‌نابه‌ری کوردی ناسراوه به «شومال عێراق» کۆده‌کاته‌وه که له ناویان دا په‌نابه‌ره کورده‌که‌ ئه‌م ئیدعایه‌ دووپات ده‌کاته‌وه که هیوا ڕه‌‌زایی ئه‌ندامی سپایه و ئه‌گه‌ری تیرۆرکردنی کوردان له لایه‌ن ئه‌مه‌وه هه‌یه و چونکه هه‌ڕه‌شه‌شیان لێکراوه.

دوابه‌دوایی ئه‌م یه‌که‌، پۆلیس به کوردان ڕاده‌گه‌یێنێ که خۆیان به‌دوایی کێشه‌که‌ هه‌ن و به‌ڵام «هیوایی ڕه‌زایی» تیرۆریست، شه‌وی ڕابردوو ده‌چێته به‌رده‌رگایی ماڵی «ئه‌ییوب ئه‌مینی» و به چه‌ندین زه‌ربه‌ی چاقۆ ناوبراو بریندار ده‌کات و پاشان ده‌یکوژێ و ئێستاش له ده‌ستی ئاسایشی تورکیا له‌م شاره‌ دایه و له‌وانه‌یه‌ که له جه‌ریانی دادگایی دا به 25 ساڵ زیندان مه‌حکووم بکرێ.

دوابه‌دوایی که‌وتنه ئالارمی پۆلیسی توررک و په‌نابه‌رانی کورده‌وه، ده‌گوترێ که په‌نابه‌ری شایه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه که قسه‌کانی حاشا بکات و ئه‌وه‌ش به‌م هۆیه‌یه که ده‌نگۆی گووشاری هێزگه‌لی شاراوه‌، له سه‌ریه‌تی.

سه‌رۆکی DTP لقی ئه‌نقه‌ره ده‌زگیر کرا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دوێنێ پۆلیسی تورکیا، سه‌رۆکی لقی ئه‌نقه‌ره‌ی پارتی کۆمه‌لگایی دێموکراتیکی به هۆی لێدوانه‌کانی له ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆز ده‌زگیر کرا.

به زێده‌بوونی گووشاره‌کان بۆ سه‌ر پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک و شاره‌دارانی کورد، ئه‌مجاره سه‌رۆکی لقی ئه‌نقه‌ره‌ی DTP  و سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئه‌م شاره‌ش ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کران.

له جزیره‌ی شرناخیش هێزه‌کانی ئاسایشی و تیمه‌کانی تایبه‌ت جێگیر بوونه تا به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ل هه‌ر خۆپێشاندانێکی پڕۆتیستۆیی بکه‌ن.

ئه‌مڕۆ بڕیاره شاره‌دارانی کوردی باکووری کوردستان به مه‌به‌ستی پڕۆستیستۆکردنی گووشاره‌کان بۆ سه‌ر پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک و به‌رپرسانی کورد له تورکیا و پشتگیری له شاره‌دار و 4 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌داری جزیره بچنه ئه‌م شاره.

شایانی باسه که دوو ڕۆژه، له جزیره، خه‌ڵک دووکانه‌کانی داخستووه و ناوچه‌که له ئاماده‌باشی ته‌واو دایه و خه‌ڵکیش ئاماده‌کاری پڕۆتیستۆ ده‌کات.

دێمۆکراته‌کان هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی بودجه‌ی شه‌ر له بوش ده‌که‌ن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕێبه‌ری زۆرینه‌ی دیموکراتی سنای ئه‌مریکا به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یه‌وێ ساڵی داهاتو بوجه‌ی شه‌ڕی عێراق ڕاوه‌ستینێ، بۆ یه‌که‌م جار ڕاشکاوانه‌ ڕایگه‌یاند که‌ دیموکراته‌کان بۆ کۆتایی هێنان به‌ مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ عێراق ، ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵی خۆیان ده‌ده‌ن.

ئاژانسی ئاسۆشێتێد پرێس، له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که سێنای ئه‌مریکا حه‌وته‌ی ڕابردوو، گه‌ڵاڵه‌ی دیموکراته‌کانی په‌سه‌ند کرد که‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگره‌ که‌ ته‌رخان درانی بوجه‌  بۆ شه‌ڕی عێراق به‌ هاتنه‌ ده‌ری هێزی سه‌ربازی ئه‌م وڵاته‌ له‌ مارسی 2008 ده‌به‌ستێته‌وه.

جۆرج بوش سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا هه‌ڕه‌شه‌ی کردووه‌ که‌ بێتوو خشته‌یه‌کی زه‌مه‌نی بۆ چوونه‌ده‌ر له‌ عێراق دیاری بکرێ، ئه‌و ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ ڤێتۆ ده‌کات.

دیموکراته‌کان که‌ په‌رۆشی ئه‌وه‌ن که‌ یه‌کده‌نگ نه‌بوونی ئه‌وان له‌ کۆنگره‌ ، بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ نه‌توانن ده‌نگی پێویست بۆ زاڵ بوون به‌ سه‌ر ڤێتۆکه‌ی بوش کۆ بکه‌نه‌وه‌، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ خه‌ریکی لێکدانه‌وه‌ی بڕیاری دواتری خۆیان پاش ڕه‌ت کرانه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌که‌یان له‌ لایه‌ن بوشن.

«هه‌ری ڕید»، ڕێبه‌ری زۆرینه‌ له سێنای ئه‌مریکا ، وتی که‌ بێتوو ئا‌وا شتێک ڕووبدات (بوش گه‌ڵاڵه‌که‌ ڤێتۆ بکات) ئه‌و ده‌چێته‌ نێو ڕیزی تاقمه‌کانی هۆگری «فین گێڵد» یه‌ک له‌ لیبراڵترین ئه‌ندامانی حیزبی دیموکرات که‌ هه‌ر له‌ مێژه‌ دژ به‌ دابین کرانی بوجه‌ بۆ شه‌ڕی عیراقه‌) .

پشنیاری ئه‌م دواییه‌ی ڕێبه‌ری زۆرینه‌ی سێنا به‌و مانایه‌یه‌ که‌ سه‌رۆک کۆماری ئه‌م وڵاته‌ یه‌ک ساڵ ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ تا سه‌ربازانی ئه‌مریکی له‌ ئێراق بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، چوونکه‌ پاش 31ی مارسی 2008 ، ئیدی هیچ بوجه‌یه‌ک به‌ شه‌ڕی عێراق ته‌رخان نادرێت.

هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌واڵی ئازاد بوونی 15 گیراوه ئینگلزیه‌‌که، گیراوێکی ئێرانیش گه‌یشته‌وه تاران

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌والی ئازاد کردنی 15 مه‌له‌وانه گیراوه ئینگلزیه‌که، جه‌لال شه‌ره‌فی، دیپلۆماتی گیراوی ئێرانی له به‌غدا گه‌یشته‌وه تاران.

که‌ناڵی ئه‌لعاله‌م وێنه‌ی گه‌رانه‌وه‌‌ی جه‌لال شه‌ره‌فی له فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئابادی تاران نیشان دا که بنه‌ماڵه‌که‌ی و مه‌نوچه‌هر موته‌کی هاتبوونه پێشوازی.

به‌ردانی شه‌ره‌فی که له سه‌ره‌تاکانی مانگی فێوریه‌دا ده‌زگیر کرابوو و هه‌واڵی ئیزنی دیتنی 5 گیراوه‌ ئێرانیه‌که‌ی هه‌ولێر، ئه‌م پرسه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه که گه‌لۆ، ئێران مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئینگلزی و ئه‌مریکا کردووه یان نا.

ئه‌گه‌رچی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له کۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌‌که‌ی دا ئه‌م یه‌که‌ی ڕه‌تکرده‌وه، به‌ڵام دیسانیش ئاماژه‌کان به‌ره‌وه ئه‌م ڕاستایه‌ ده‌رۆن که مامه‌ڵه‌یه‌ک له ژێر په‌رده‌وه ئه‌نجام دراوه که ئێران به‌م هۆیه‌ و به زێده‌کردنی چاشنی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی سه‌ربازی ناچار بووه که ئینگلیزه‌ گیراوه‌کان ئازاد بکات.

عه‌لی مێهرپه‌ر‌وه‌ر، داوایی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو باڵه‌‌که‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ده‌کات

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: «عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر»، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی پێشوویی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، له بانگه‌وازێکی سه‌رئاوه‌ڵا دا داوا له هه‌ر دوو باڵی حیزبی دێموکرات ده‌کات، که یه‌کبگرنه‌وه.

ناوبراو پاش لێکجیابوونه‌وه‌ی دوو لایه‌نی حدکا له یه‌کتر، وازهێنانی خۆی له پۆسته‌که‌ی و سه‌رکردایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێنا و ئه‌مجاره‌ش له ڕاگه‌یاندێک دا، داوایی له بیروبڕوایی گشتی کردووه که هه‌وڵ بده‌ن بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو باڵه‌که‌ی حدکا.

عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر ده‌ڵێ که له کاتێک دا هه‌ردوو لایه‌ن شانازی به ڕابردوو و مێژوو و خه‌باتی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزب ده‌که‌ن، که‌وابوو باشتره هه‌وڵ بدرێ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی دووباره.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌س که‌مپه‌ینێکی ئیمزا ده‌سپێکراوه و داوا له هاوڵاتیان و بیروڕایی گشتی و چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد کراوه که پشتیوانی له‌م هه‌وڵه بکه‌ن.

ده‌قی بانگه‌وازه‌که‌ به‌م شێوه‌یه:

بانگه‌واز

ئه‌ندامان، لایه‌نگران، کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حدکا (هه‌ردوو به‌ش)

چوار مانگ به‌ سه‌رئینشعاب له‌ ح.د.ک.ا  تی ده‌په‌رێ. له‌و نووسراوه‌دا ناچمه ‌سه‌ر ئه‌ومه‌سه‌‌له‌ که‌ ئه‌گه‌ر چ بکرایه‌ و چ نه‌کرایه ‌ده‌یتوانی به‌رگری له‌ ئینشعاب له‌ حیزبدا بکا. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ نه‌ده‌بوا رووبدا، روویداوه‌. ئاسه‌واری کورتخایه‌نی ئه‌م رووداوه‌ بریتی بووه‌ له‌ لاوازبوونی هێزو تواناکان له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌باری سایکۆلۆژییه‌وه‌ ئاسه‌واری نێگاتیفی له‌سه‌ر خه‌ڵکی کورد به‌ گشتی و کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تایبه‌تی  داناوه‌. ئیتر له‌وه‌ گه‌ڕێین ‌ دوژمن چه‌نده‌ خه‌ونی به‌ رۆژێکی واوه‌ ده‌دی که درز بکه‌وێته‌ ریزی بزووتنه‌وه‌ی کورد.‌

خاڵێکی جێگای سه‌رنج و ده‌کرێ بڵێین مایه‌ی ئومێد ئه‌وه‌یه‌ که‌  هه‌ر دوولا له‌ لێدوانه‌کانیان دا شانازی به‌ رابردووی ح.د.ک.ا، درێژه‌دانی رێگای ریبه‌رانی شه‌هید (قازی، قاسملووو شه‌ره‌فکه‌ندی)، پرنسیپه‌کانی حیزب، مێژوی61 ساله‌ی حیزب و سه‌روه‌ریه‌کانی ده‌که‌ن و ئامانجه‌کان و دروشمه‌کان، هه‌مان دروشم و ستراتیژی حیزبه‌ 61 ساڵه‌که‌یه‌. هه‌ر دوولا به‌ تایبه‌ت دوای دابڕان باس له‌ چاکسازی، نوێبوونه‌وه‌ و ریفۆرم وهه‌ست به‌و  پێویستیه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌بێ خۆ له‌گه‌ڵ ره‌وتی پێشکه‌وتن رێکخه‌ن و بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باس له‌ گۆڕان له‌ شێوازی کارکردن، قه‌واره‌ی ته‌شکیلاتی ونوێگه‌رایی دێننه‌ گۆڕ و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌بێ بایه‌خی جییدی بدرێ به‌ به‌شداری ژنان و لاوان له‌ پێکهاته‌ی رێکخراودا.

پێکهاته‌ی رێبه‌رایه‌تیی ‌ هه‌ر دولا هه‌ر ئه‌وانه‌ن که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ شان به‌ شانی یه‌کتر و له‌ ته‌نیشت یه‌کتردا‌ دژی کۆماری ئیسلامی و له‌ پێناوی وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی گه‌لی کوردا خه‌باتیان ده‌که‌ن و گومانی تێدا نیه‌ شێوه‌ی بیرکرنه‌وه‌ و بۆچوونه‌کانیان له‌ سه‌ر مه‌سایل لێک نزیک و به‌ دژواری جیاوازیه‌کان ده‌رده‌که‌ون و به‌ گشتی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن که‌ لێک جیابوونه‌وه‌ی ته‌شکیلاتی و رێکخراوه‌ییش نه‌یتوانیوه‌  ئه‌م خاڵه‌ گرنگ و هاوبه‌شانه‌ بخاته‌ په‌راوێزه‌وه‌.

کیشه‌کانی نێوخۆی حیزب پێش 15/9/85 زیاتر له‌وه‌ سیاسی بن، له‌ سه‌ر شێوه‌ی مودیریه‌ت، جیاوازی بۆچوون و سه‌لیقه‌ له‌ سه‌ر مسایلی ته‌شکیلاتی و مافی زۆرینه‌ و که‌مینه‌….. بوون. گه‌ڵاڵه‌کان زیاتر بۆ ئیمتیاز وه‌رگرتن و ئیمتیازدان بوون نه‌ بۆ نوێ کردنه‌وه‌ و چاکسازی و ریفۆرم.

 له‌ ئاکامی ئه‌و رووداوه‌دا به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ندامانی حیزب له‌ رووی ناچاریه‌وه‌ لایه‌کیان هه‌ڵبژاردوه‌، ده‌نا خوازیاری که‌رت بوونی ئه‌م حیزبه‌ نه‌بوون. به‌ڵام له‌ لێکدانه‌وه‌ی نیهایی دا لایه‌کیان بۆ تێکۆشانی خۆیان له‌ لایه‌کی دیکه‌ پێ باشتربووه‌

 به‌ هۆی بارودۆخی تایبه‌تی ناوچه‌ی نیشته‌جێ بوونی رێبه‌رایه‌تی و بنه‌ماڵه‌کان و ئه‌ندامانی ئاشکرای حیزب له‌ کوردستانی عێراق، هه‌ر دوو لا له‌ رووی ناچاری له‌ ته‌نیشت یه‌کتر و دراوسێی یه‌کترن، ته‌نانه‌ت شوێنی کارکردنیشیان له‌ ته‌نیشت یه‌کتره‌. ئه‌گه‌ر جیاکردنه‌وه‌یه‌کیش له‌ باری جوغرافییاییشه‌وه‌ بێته‌ پێش به‌ هۆی بارودۆخه‌ تایبه‌تییه‌که‌ و سه‌نگینی و قورسی جێ گۆرکێ و نیشته‌جێ بوون، له‌ داهاتووشدا هه‌ر له‌ نزیک یه‌کتر ده‌بن و رۆژانه‌ یه‌کتر ده‌بینن.

هێز و نیروی هه‌ر دوولا له‌و‌ ماوه‌دا بۆ سه‌لماندنی ره‌وایی خۆیان و لاواز کردن وبه‌ هێندنه‌گرتنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر ته‌رخان کراوه‌ و گۆمانی تێدا نیه‌ ئه‌و ململانێ یه‌ به‌م زووانه‌ کۆتایی پێ نایێ و به‌ داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ری رووداوی تاڵ و ناخۆشیش به‌ دوور نازانرێت.

پێم وایه‌ مادام  له‌ باری سیاسییه‌وه‌ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ به‌رنامه‌ی هه‌ردوو لادا به‌دیناکرێ، هیواکان بۆ داڕشتنه‌وه‌ی حیزب به‌ شێوه‌یه‌کی مۆدێرن خۆیان نه‌دۆڕاندوه‌.  به‌ له‌ به‌ر چاوگرتنی ئه‌و فاکتانه‌‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باس کران و به‌ پشت به‌ستن به‌ هاوده‌نگیی به‌رفراوانی ئه‌و دلسۆزانه‌ که‌ یه‌کپارچه‌یی حیزبی دیموکراتیان لا مه‌به‌سته‌ و دابه‌ش بوونی حیزبیان پێ خه‌سارێکی گه‌وره‌و نابه‌جێیه‌و هه‌وڵ بۆ یه‌کپارچه‌یی دووباره‌ی حیزب ده‌ده‌ن، ریزه‌ پێشنیارێک به‌ مه‌به‌ستی دارشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دێنمه‌ ئاراوه. ‌

 الف) بنه‌ماکان

 له‌ کۆنگره‌یه‌کی هاوبه‌ش و به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌موو ئه‌ندامانی حیزب و به‌ پێی میکانیزمێکی جێی په‌سه‌ندی هه‌ر دوو لا ساختارێکی نوێ بۆ حیزب دارژێته‌وه‌.

 بناخه‌ی ته‌شکیلاتی ئه‌و رێکخراوه‌ که‌ مه‌به‌سته‌ رێکخراوه‌یه‌کی سێهه‌م نیه‌، به‌ڵکوو رێکخراو‌یکه‌ له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ح.د.ک.ا داده‌مه‌زرێ و ئه‌ندامه‌کانی، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ح.د.ک.ا پێش( 15/9 /85 )ن

 مێژوو هه‌مان مێژووی 61 ساڵه‌ی حیزب و رێنوێنی تێکۆشان، ئامانجه‌کانی کۆماری کوردستان سه‌مبول و هێما رێبه‌رانی شه‌هید قازی، قاسملوو، شه‌ره‌فکه‌ندی.

 ئامانج و ئیستراتیژی له‌ سه‌ر بنه‌مای دیموکراسی، مافی نه‌ته‌وایه‌تی و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆنگره‌ دیاری ده‌کات.

 پیره‌وی نێوخۆ به‌ ئاڵوگۆر له‌ دارشتنی قه‌واره‌ی حیزب و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ سانترالیزمی دیموکراتیک دا، گۆنگره‌ دیاری ده‌کات.

 رێزدانان بۆ مافی تاکه‌کان و دانانی میکانیزمی وا که‌ تاکه‌کان بتوانن به‌ راستی خاوه‌ن نه‌زه‌ر و بۆچوونی خۆیان  به‌ دوور له‌ جیناح بازی بن.

 بایه‌خدان به‌ رۆڵی ژنان و لاوان له‌ ساختاری حیزب دا.

 بایه‌خدان به‌ شفافیه‌ت و ئازادی بیرورا.

 داوام له‌ دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ی کورد و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ که‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تیی له‌ ئاست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵن ئاواتی یه‌کپارچه‌یی دووباره‌ی حیزب بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ گۆڕ بنرێ.

دڵنیام به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ره‌نج دیتووی حیزب و دلسۆزانی گه‌له‌که‌مان جارێکی دیکه‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ده‌توانێ هه‌موو تێکۆشه‌رانی رێگای ئازادی،  دیموکراسی و مافی نه‌ته‌واییه‌تی له‌ ژێر چه‌تری خۆیدا کۆ کاته‌وه. جارێکی دیکه‌ ده‌سته‌کان یه‌کتر بگرنه‌وه‌و دڵه‌کان له‌ ئاست یه‌کتر پاک بنه‌وه‌. بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه‌ پیروزه‌ پێویسته‌:

   1- هه‌ر که‌س له‌ ئاستی خوی و به‌ تایبه‌تی له‌ ئاستی رێبه‌ری و راگه‌یاندن دا کۆتایی به‌ پروپاگه‌نده‌ی دژی یه‌کتر بێنی و ده‌رکه‌ی دیالۆگ له‌ گه‌ل هاورێ پێشووه‌کانی خۆی بکاته‌وه‌.

  2- له‌ کۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌کان، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند که‌سی، له‌ کۆنفرانسه‌کان و له‌ هه‌ر شوێنێک که‌ بگونجێ باس له‌ یه‌کبوونه‌وه‌ی دووباره‌ی حیزب و دارشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی نوێی حیزب بکه‌ن و له‌ به‌رپرسان داوا بکه‌ن ئه‌رکی مێژوویی سه‌رشانی خۆیان له‌و باره‌وه‌ به‌ جێ بگه‌یه‌نن.

 3-ئه‌و که‌سانه‌ که‌ ئاماده‌ن له‌و پرۆسه‌دا هاوده‌نگ و هاوهه‌نگاو بن، ناووناوبانگ(ئه‌وانه‌ی ێوخۆی وڵات له‌ ناوی خوازراو که‌ڵک وه‌رگرن )…ژماره‌ی تیلیفون… ئیمه‌یلی خۆیان… شوێنی نیشته‌جێ بوون (نێو خۆی ولات، باشووری کوردستان، ئوروپا و …) بۆ   ئه‌و   ئیمه‌یله‌hawdengy@yahoo.com  بنێرن و یان له‌ گه‌ل ئه‌و ژماره‌ تیلیفونانه‌ ته‌ماس بگرن:

 004632032164 و   0046736959061

تێبینی: ئه‌و میکانیزمه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ پێشنیار کراوه‌، ره‌نگه‌ که‌م و کووڕی تێدا بێ و به‌ته‌واوی وڵامده‌ر نه‌بێ. ‌به‌ڵام ده‌توانێ ده‌سپێکێ بێ بۆ هه‌وڵی به‌رین له‌ پێناوی داڕشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی حیزب به‌ جۆرێک که‌ هه‌موو تێکۆشه‌رانی ئه‌و رێگایه‌ له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا خه‌باتی خۆیان رێکخه‌نه‌وه‌. ده‌کرێ به‌ پێکهێنانی کومیته‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تیه‌ به‌ناوبانگ، دڵسۆز و به‌ نفووزه‌کان و له‌ رێگای ئه‌وانه‌وه‌ ته‌ماس له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لا، هه‌وڵه‌کان له‌ پێناو ئه‌و مه‌به‌سته‌دا له‌ سه‌ره‌‌وه‌وه‌ باس کرا به‌ ئامانج بگه‌یه‌ندرێ.  به‌و هیوایه‌.

به‌ ئاواتی یه‌کبوونه‌وه‌ی دووباره‌ی حیزبی دیموکراتی  کوردستانی ئێران

عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر

31-03-2007/10-1-1386

هه‌واڵی به‌په‌ڵه:

پاش هه‌ڕه‌شه‌ی ئینگلزی و ئه‌مریکا، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ڕایگه‌یاند که 15 مه‌له‌وانه ئینگلیزه به‌ریتانیه‌که‌ ئازاد ده‌کات

مانشێت نیوز تایبه‌ت: مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی به‌ربڵاو دا ڕایگه‌یاند که ئێران 15 مه‌له‌وانه ئینگلزیه‌که‌ ده‌خاته به‌ر عه‌فو وبه‌خشینی ئیسلامی و ئازادیان ده‌کات.

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له کۆنفراسنێکی ڕۆژنامه‌وانی دا  که له ده‌یان که‌ناڵی ئاسمانی بڵاوده‌بۆوه و به ئاماده‌بوونی ده‌یان هه‌و‌اڵنێری بێگانه و ناوخۆ، پاش نیوسه‌عاتێک باس له مێژوو و ده‌عوه‌تی ئه‌مریکا و جیهانی ڕۆژئاوا به ئیسلام و باس له شکه‌ستی تیۆره‌کانی ده‌ستسازی به‌شه‌ر و کۆمۆنیسم و … ڕایگه‌یاند که وڵاته‌که‌ی به لوتف و مه‌رحه‌مه‌تی ئیسلامی 15 مه‌له‌وانه گیراوه‌که ئازاد ده‌کات.

ئازاد کرانی ئه‌م مه‌له‌وانه گیراوانه له کاتێک دایه که ئینگلزی هه‌ڕه‌شه‌ی کردبوو که ئێران تا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ده‌رفه‌ت هه‌یه مه‌له‌وانه‌کان ئازاد نه‌کات، ئه‌وه ئاکامی قورسی لێده‌که‌وێته‌وه و مێدیاکانی جیهان باسیان له هێرشی سه‌ربازی به‌رفراوان بۆ ئێران کردبوو.

کۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌و‌انیه‌که‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، که تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه به پرسیاری هه‌واڵنێران درێژه‌ی هه‌یه و ناوبراو له جوابی پرسیارێک دا وتی که ئێمه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ هیج وڵاتێک نیه و جگه له ئیسرائیل ئاماده‌ین پێوه‌ندی دیپلۆماتیک له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێک بکه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌مریکاش.

ناوبراو وتی که پێویسته ئه‌مریکا پێداچوونه‌ به سه‌ر ڕابردووی پێوه‌ندی و ڕوانگه‌کانی له‌ به‌رانبه‌ر ئێران دا بکات و ئه‌گه‌ر ئاغایی بوش ئه‌وانه قه‌بووڵ بکاتم ئێمه ئاماده‌ین بۆ پێوه‌ندی.

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ڕه‌تیشیکرده‌وه که مامه‌ڵه‌یان له سه‌ر گیراوانی ئێران له هه‌ولێر و به‌غدا کردبێ و له به‌رانبه‌ریشی دا، مه‌له‌وانه گیراوه‌کانی ئازاد کردبێ. ناوبراو وتی که ئێمه له ڕوانگه‌ی مرۆیی و ئینسانیه‌وه ده‌ڕوانینه کێشه‌که نه‌ک له ڕوانگه‌ی لێکدانه‌وه سیاسه‌کان.

ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به هه‌واڵی کوژرانی په‌نابه‌رێکی کورد له تورکیا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که هه‌واڵی کوژرانی په‌نابه‌رێکی کورد له شاری ئافیۆنی تورکیا بڵاوبۆوه و باس له پێوه‌ندی که‌سی قاتڵ و کۆماری ئیسلامی کرا، بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو له ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک دا بۆ مێدیا کوردیه‌کان باسیان له ناڕاست بوونی ئه‌م پێوه‌ندیه‌ کردووه.

ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌ که وێنه‌یه‌کیشی بۆ ئاژانسی مانشێت ناردراوه، باس له تیرۆریستی نه‌بوونی ڕووداوه‌که، ده‌کات و «هیوا ڕه‌زایی» که «ئه‌ییوب ئه‌مینی» په‌نابه‌ری کوشتووه ده‌پارێزێ. ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشێت به پێی پڕه‌نسیپه‌کانی ئه‌خلاقی و ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌، لێره‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه:

رونکردنه‌وه‌یک بۆ بیرورای گشتی و سه‌رجه‌م مالپه‌ره‌ کوردیه‌کان

به‌داخێکی زۆر گرانه‌وه‌ هه‌والمان پێگه‌یشت که‌ له‌ ئه‌نجامی شه‌روپێکداهه‌لپرژانی کوڕه‌که‌مان «هیوا ره‌زایی» له‌ گه‌ل «ئه‌ئیوب ئه‌مینی» که‌ پێکه‌وه‌ له‌ مالێکدا هاومال و هاومه‌نزل بوون، له‌ به‌ر هۆگه‌لیکی نادیار بۆ ئێمه‌یش «ئه‌ئیوب ئه‌مینی» له‌ میانه‌ی شه‌ره‌که‌دا چه‌قۆی به‌رده‌که‌وێت که‌ به‌داخێکی زۆر گرانه‌وه‌ له‌ به‌ر کاریبوونی برینه‌کانی دوای چه‌ند کاتژمێر گیانی له‌ده‌ست ئه‌دا.

ئێمه‌ وه‌کوو بنه‌ماله‌ی «هیوا زارعی» له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ناخی دلمانه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماله‌ی «ئه‌ئیوب ده‌که‌ین، له‌وه‌ دلنیایان ده‌که‌ین که‌ ئێمه‌ که‌متر له‌وان به‌ هۆی ئه‌م کاره‌ساته‌وه‌ داخدار و بریندار نین.

به‌ هیچ جۆرێک مه‌به‌ست له‌ نوسینی ئه‌م رونکردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌نیه‌ که‌ پاکانه‌ بۆ ئه‌و کاره‌ ناحه‌زه‌ بکه‌ین که‌ کوڕه‌که‌مان پێ‌هه‌ستاوه‌.

ئه‌وه‌ی که‌ «هیوا» تاوانباره‌ و ده‌بێت به‌ پێ تاوانه‌که‌ی سزا بدرێت هیچ جێگای گۆمان و دوودلی لای ئێمه‌ نیه‌.

لێره‌دا راگه‌یاندراوی به‌ناو(هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی په‌نابه‌رانی کوردی ئێرانی له‌ تورکیه‌ (شمال عراق) ، و بلاو بوونه‌وه‌ی به‌ حه‌جمێکی به‌رفراوان له‌ گشت مالپه‌ره‌کاندا، که‌ له‌وێدا به‌ دوور له‌ گشت راستی و حه‌قیقه‌تێک تاوانی تیرۆریست بوون و سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی بوون ده‌خاته‌ پال ناوی «هیوا» بگره‌ به‌ قه‌ده‌ر هه‌والی تێوه‌گلانی «هیوا «به‌ قه‌تله‌وه‌ دلی سه‌رجه‌م که‌س و کار و بنه‌ماله‌که‌ی ئێشاندووه‌.

سایته‌کانی کورد و کۆمیته‌ی په‌نابه‌رانی شیمالی عێراق به‌م کاره‌یان راسته‌وخۆ که‌سێک و بنه‌ماله‌یکی دلسۆز و نیشتیمان په‌روه‌ر ده‌خه‌نه‌ ئامێزی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ هه‌لسوکه‌وتێکی شایسته‌ نیه‌ بۆ ئه‌وان.

به‌ بێ به‌لگه‌ تاوانبار کردنی خه‌لکێک به‌ هاوکاریکردن له‌ گه‌ل کۆماری ئیسلامی کارێکه‌ که‌ کۆمیته‌ی په‌نابه‌رانی تورکیه‌»شمال عێراق» به‌ ئامانجی ته‌بلیغات کردن و زه‌ق کردنه‌وه‌ی گرفتی په‌نابه‌رانی «شیمال عێراقی ده‌یکا» به‌لام ئاخۆ ره‌وایه‌ له‌ پێناو کارێکی ته‌بلیغاتیدا حۆرمه‌تی که‌سێک و بنه‌ماله‌که‌ی له‌که‌دار بکرێت..

با ئه‌وه‌ له‌ بیر نه‌که‌ین هه‌موو قاتلیک پیاوی کۆماری ئیسلامی نیه‌.

له‌ یه‌که‌م دانیشتنی پۆلیسدا له‌ گه‌ل «هیوا ره‌زایی» لێیان پرسیوه‌ که‌ ده‌یهه‌وێت له‌ تورکیه‌ مۆحاکیمه‌ی بکه‌ن یان ئێران ، ئه‌و تورکیه‌ی هه‌لبژاردووه‌. ئه‌گه‌ر پیاوی ئێران بایه‌ت بێ گۆمان ئێرانی هه‌لده‌بژارد.

2. هیوا ماوه‌ێک پێشمه‌رگه‌ی حیزب بووه‌ و دواتر که‌ دایک باوکی به‌دوایدا چوون له‌ گه‌لیان گه‌راوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هێندێک له‌ سایته‌کان نوسیویانه‌ که‌ «حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران» له‌ به‌ر مه‌شکوکی ده‌ری کردووه‌ هیچ راست نیه‌ و ئه‌وه‌ حیزبی دیموکراتیش ماوه‌ ده‌کرێت زۆر به‌ ئاسانی ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ پرسیارێک وه‌لامه‌ راستیه‌که‌ی ده‌رکه‌وێت.

3.ئه‌وه‌ی که‌ هیوا هه‌ردوابه‌دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ خۆی به‌ پێ خۆی چووه‌ته‌ پۆلیس و خۆی ناساندووه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بسه‌لمێنێت که‌ ئه‌و مرۆڤه‌ هیج جێگایکی جگه‌ له‌ پۆلیسی تورکیه‌ نه‌بووه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی ئه‌و ده‌مراستانه‌ی کۆمیته‌ی په‌نابه‌ران ئه‌و پیاوی ئێران بایه‌ ده‌یتوانی راکاته‌وه‌ بۆ ئێران، چۆن تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی له‌ ئوروپاوه‌ ده‌توانن برۆنه‌وه‌ ئێران به‌لام له‌ تورکیه‌وه‌ ناتوانن.

4. به‌لام راسته‌ هیوا له‌ ئێراندا کۆماری ئیسلامی لێ دلنیا نه‌بوو بۆیه‌ له‌ شیرکه‌تی گاز ده‌ریانکرد.

زۆر به‌لگه‌ی‌تر هه‌ن که‌ ده‌سه‌لمینن ئه‌و ئیدیعایه‌ درۆیه‌ به‌لام هیچ به‌ پێویستی نازانین له‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ بنوسین.

ئێمه‌ دیسان پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی ده‌که‌ین له‌ بنه‌ماله‌ی»ئه‌ییوب ئه‌مینی» و نفره‌ت له‌ گشت کوشتنێک و حه‌ره‌که‌تێک ده‌که‌ین که‌ گیانی مرۆڤه‌کان ده‌گرێت.

مه‌به‌ست له‌ نوسینی ئه‌م نامه‌یه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ رای گشتی بلین که‌ «هیوا» پیاوی کۆماری ئیسلامی نه‌بوو،

هیوا گه‌رچی ئه‌ورۆ به‌ده‌ردی خۆیه‌وه‌ له‌ زیندانی تورکیه‌دا ده‌تلێته‌وه‌، به‌لام پێشتر به‌ ده‌ردی میلله‌ته‌که‌یه‌وه‌ ئه‌تلایه‌وه‌.

هیوادارین ئه‌و سایتانه‌ و ناوه‌نده‌ خه‌به‌ریانه‌ ئه‌و هه‌واله‌ ئیسلاح بکه‌ن و راستیه‌کان بنوسنه‌وه‌.

ع، محمدی

خالی هیوا ره‌زایی

به‌ نوێنه‌رایه‌تی بنه‌ماله‌ی «هیوا ره‌زایه‌وه‌»

دادستانی گشتی ئێران تورکیا به‌رپرسه له بێشوێنی عه‌ڵیڕه‌زا عه‌سکه‌ری

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: دادستانی گشتی ئێران ڕایگه‌یاند که تورکیا به‌رپرسه له بێشوێن بوونی «عه‌ڵیڕه‌زا عه‌سکه‌ری»، جێگری وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئێران.

ئایه‌توڵا دوڕی نه‌جه‌ف ئابادی، داستانی گشتی ئێران له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسه‌کانی ئێرانی ڕایگه‌یاند که به‌ڵگه‌ له‌ده‌ست دایه که «عه‌ڵیره‌زا عه‌سکه‌ری»، جێگری پێشووی وه‌زیری به‌رگری ئێران، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له سووریاوه بۆ ئه‌سته‌نبوڵ بێشوێن بووه و به هۆی ئه‌وه که په‌ساپۆرته‌که‌ی مۆری تورکیایی خواردووه، ئه‌م وڵاته ناتوانێ حاشایی لێبکات و به‌رپرسه له چاره‌نووسی.

ناوبراو گوتی که تورکیا پێویسته وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌ بێت و بۆیه که ناتوانرێ به شێوه‌ی دیپلۆماتیک و لۆژیکی حاشایی لێبکرێ و ڕفاندنی عه‌سکه‌ری زۆرتر وه‌کو نه‌خشه و پیلانێکی له‌پێشه‌وه داڕێژراوه نه‌ک، هه‌ڵکه‌وت.

داستانی گشتی ئێران وتیشی که عه‌سکه‌ری به هۆی پایه‌به‌رزی به‌رپرسیاره‌تیه‌که‌ی، ئاساییه که له ژێر مه‌ترسی ڕفاندن دابێت و ئه‌مریکا و سه‌رڤیسه سیخوڕیه‌کانی بێگانه و ئیسرائیل بیانه‌وێ دژ به کۆماری ئیسلامی که‌ڵکی لێوه‌رگرن.

شایانی باسه که «عه‌لیڕه‌زا عه‌سکه‌ری»، جێگری وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئێران، له ڕێکه‌وتی 18ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوو پاش گه‌رانه‌وه‌ی له سووریاوه، له شاری ئه‌سته‌نبول بێشوێن بووه و مه‌زه‌نده ده‌کرێ  به هۆی زانیاری فراوانی که سه‌باره‌ت به بنه‌ما و توانایی سه‌ربازی و ئه‌تۆمی ئێران هه‌یه‌تی، له لایه‌ن سی‌ئای‌ئه‌ی و مووساده‌وه ڕفێندراوبێ.

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵی یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو باڵه‌که‌ی حدکا ده‌دات

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: زانرا که «مه‌سعوود بارزانی»، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی له‌گه‌ل «مسته‌فا هیجری» سه‌رۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و «عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده»، سه‌رۆکی باڵی جیابۆوه له حدکا، پێکهێناوه‌ به مه‌به‌ستی یه‌کخستنه‌وه‌یی دوو لایه‌نه‌که.

ماڵپه‌رێی ئاڤێستا، وێڕایی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه وتیشی که له کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌مرۆ دا کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم و چه‌ندین که‌سایه‌تی وبه‌رپرسی تری سیاسی به‌شدارن و باس له ئه‌گه‌ری یه‌کخستنه‌وه‌یی دوو باڵه‌که‌ی حدکا ده‌کرێ.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ش، «عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر»، ئه‌ندامی پێشووی ده‌فته‌ری سیاسی حدکاش له ڕاگه‌یاندراوێک دا ده‌ستی به هه‌وڵێک کردبوو که له ئاکامی دا، دوو لایه‌نه‌که‌ی حدکا یه‌کبگرنه‌وه.

شایانی باسه که پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له دوو ساڵ و نیو له کۆنگره‌ی 13ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لایه‌نێک له ژێر ناوی»حیزبی دێموکراتی کوردستان – ئێران و به سه‌رکردایه‌تی «عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده»، رۆژی 15سه‌رماوه‌زی 2706 ( 6 دیسامبری 2006) به‌ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک رایانگه‌یاند که‌ تێکۆشانی سیاسی و رێکخراوه‌ییان » به‌جیا له‌ قۆڵی زۆرایه‌تی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی درێژه‌ پێده‌ده‌ن»و به‌مجۆره‌ جیابوونه‌وه‌یه‌کی تر له‌ ریزه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا روویدابوو.

65 که‌س که ده‌یانه‌ویست بچنه گوندی له دایکبوونی ئۆجه‌لان، ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دوێنێ و ئه‌مرۆ، زیاتر له 65 که‌س که ده‌یانه‌ویست به بۆنه‌ی سڵڕۆژی له‌دایک بوونی عه‌بدولا ئۆجه‌لان بچنه، گوندی ئاماره‌ی سه‌ر به ڕوحا، له لایه‌ن پۆلیس و ژاندرمه‌ی تورکیاوه ده‌زگیر کران.

4ی نیسان که ساڵرپژی له دایکبوونی ڕێبه‌ری زیندانی پارتی کرێکارانی کوردستان، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه، له باکووری کوردستان به جۆشێکی مه‌زنه‌وه پیرۆز کرا و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه هه‌زاران هاولاتی کورد و ئه‌ندامانی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک، له قاڵبی چه‌ند کاروان دا، به مه‌به‌ستی پیرۆزکردنی له‌دایکبوونی ئۆجه‌لان و چاندنی نه‌مام به بۆنه‌ی ئه‌م ڕۆژه به‌ره‌و گوندی ئه‌ماره(عومه‌رلی) سه‌ر به ڕوحا»ئوڕفا»، که‌وتنه ڕێگه‌ که پۆلیس و ژاندرمه‌ی تورکیا به بۆنه‌ی هه‌بوونی ئۆپێراسیۆنی سه‌ربازی دژ به پ.ک.ک له ناوچه، ڕێگه‌ی پێنه‌دان و له ئاکام دا ئاڵۆزی لێکه‌وته‌وه.

له میانه‌ی شه‌روپێکدادانی پۆلیس و هاوڵاتیان کورد له ناوچه‌ و ڕێگاکانی نیزێک به‌م ئوڕفا و ئه‌ماره، زیاتر له 65 هاوڵاتی کورد ده‌زگیر کران، به‌ڵام دیسانیش له چه‌ندین شوێنی کوردستان نه‌مام چێندران و ساڵرۆژی له دایکبوونی ئۆجه‌لان پیرۆز کرا.

مه‌له‌وانه ئینگلزیه‌کان گه‌یشتنه‌وه له‌نده‌ن و یه‌کڕاست بۆ لێکۆڵینه‌وه بردران

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: کاتژمێرێک له‌مه‌وبه‌ر، 15 مه‌له‌وانه گیراوه‌که‌ی ئینگلزی گه‌یشتنه‌وه فڕۆکه‌خانه‌ی له‌نده‌ن و یه‌کڕاست به دوو هێلیکۆپته‌ر بۆ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئینگلیز گوازرانه‌وه.

پاش ئه‌وه‌ی که هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران 15 چه‌کداری ئینگلزیان له رۆژی 3ی خاکه‌لێوه له شه‌تی عه‌ره‌بی ده‌زگیر کرد و قه‌یرانێکی دیپلۆماتیک له نێوان دوو وڵاته هاته‌پێش، به‌ڵام پاش هه‌ره‌شه‌ی ئینگلزی و پێش ئه‌وه‌ی که مۆڵه‌ته 48 کاتژمێریه‌که‌ی تۆنی بلێر کۆتایی پێبێت، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، دوێنێ چوارشه‌ممه و له میانه‌ی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی دا، وتی که ئێران به عه‌فوی ئیسلامی، مه‌له‌وانه‌کانی به‌خشیوه و پاشان بۆ خۆی به‌ڕیکردنه‌وه له‌نده‌ن.

نیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه، مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان گه‌یشتنه‌وه فرۆکه‌خانه‌ی له‌نده‌ن و پاش چه‌ند خوله‌ک به دوو هێلیکۆپته‌ری نیزامی بۆ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته ڕاگوازران تا لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت.

چاره‌نووسی که‌مپی مه‌خموور به‌ده‌ستی دانیشتوانی به‌دی‌ ده‌کرێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: له کاتێک دا که تورکیا باس له داخستنی که‌مپی په‌نابه‌رانی مه‌خموور ده‌کات، به‌رپرسێکی UNHCR ڕایگه‌یاند که ته‌نیا دانیشتوانی که‌مپی مه‌خموورن که چاره‌نووستان ڕه‌قه‌م لێده‌ده‌ن.

به‌رپرسێکی کۆمیساریایی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران به ‌ئاژانسی فوراتی گووتووه که که‌س ناتوانێ که‌مپی مه‌خموور دابختا مه‌گه‌ر دانیشتوانه‌که‌ی. به‌م هۆیه‌ که ئه‌م که‌مپه 11 هه‌زار که‌سیه، هه‌مووی سیڤیله و له‌م دوایانه‌ش دا ستاتویی په‌نابه‌ری فه‌رمیان پێدراوه.

له دواترین خولی وتووێژه‌کان دا له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، هیج یه‌ک له سێ لایه‌نی تورک، UNHCR و عێراق و ئه‌مریکاش، نه‌گه‌یشتنه‌ قه‌ناعه‌ت و فۆرمولێک بۆ داخستن، گه‌رانه‌وه یاخود چاره‌سه‌ری تری کێسه‌ی ئه‌م که‌مپه‌.

به‌ڵام به‌رپرسانی UNHCR جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌که‌نه‌وه که به هۆی سیڤیل، په‌نابه‌ر و موختار بوونی دانیشتوانه‌که‌ی که‌مپی مه‌خموور، که‌س ناتوانێ به‌زۆر شوێنه‌که دابخات و بیانگه‌رێنێته‌وه. دانیشتوانی ئه‌م که‌مپه‌ش ده‌ڵێن که تا تورکیا مافه‌‌کانی په‌روه‌رده، به‌شداری و ئازادی سیاسی، مافه‌کانی که‌لتووری کوردان نه‌دات و ده‌رفه‌تیان بۆ ژیانێکی به‌رابه‌ر له‌ تورکیا بۆ نه‌ره‌خسێنێ ناگه‌ڕێنه‌وه.

له بانه، ژنێکی لاو خۆی کوشت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: له شاری بانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌واڵمان پێگه‌یشت که ژنێکی لاوی بانه‌یی به هۆیه‌کی نادیار، رۆژی چوارشه‌ممه‌ خۆی کوشتووه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ته‌رمی «له‌یلا-ز»، خه‌ڵکی ئاوایی «کۆخه»ی بانه، له کاتێک دا دۆزراوه‌ته‌وه که ناوبراو خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و به‌م شێوه کۆتایی به ژیانی هێناوه.

ته‌رمی له‌یلایی 23 ساڵه بۆ پزیشکی قانوونی شاری سه‌قز گوازراوه‌ته‌ه و لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به هۆی گیان له‌ده‌ستدانی ده‌کرێت. ئه‌گه‌رچی هۆیه‌کی ئاشکرا له‌باره‌ی خۆکوشتنی له‌یلا ڕانه‌گه‌یاندراوه، به‌ڵام هه‌واڵنێری ئێمه له هه‌رێمه‌که‌وه باس له‌ کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی و بینینی گووشار له لایه‌ن هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه ده‌که‌ن

شایانی باسه که ساڵانه به هۆی نه‌زانی و نه‌ریتی ناحه‌ز و دواکه‌وتووی کۆمه‌ڵگا، گووشار و زه‌ختی بنه‌ماڵه  و کۆمه‌ڵگا و کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی تر، سه‌دان ژن له کوردستان به خۆسووتاندن و هه‌ڵواسین و ده‌رمانخواردن کۆتایی به ژیانیان دێنن.

به هۆی نووسینی پیرۆزبایی کوردی، «بایده‌میر» لێکۆڵینه‌وه‌‌ی یاسایی له‌باره‌ی دا ده‌کرێ

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: وه‌زاره‌تی ناوخۆی تورکیا، ئیزنی ده‌سپێکردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یاسایی دا سه‌باره‌ت به نامه کوردیه‌‌کانی پیرۆزبایی ساڵی نوێ و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی «عوسمان بایده‌میر».

به‌م هۆیه که عوسمان بایده‌میر، سه‌رۆکی شاره‌وانی مه‌زنی ئامه‌د، له ساڵی تازه و جه‌ژنی ره‌مه‌زان دا نامه‌یی پیرۆزبایی به زمانی کوردی نووسیوه و بۆ به‌رپرسان و ده‌زگاکانی حوکومی ناردووه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی تورکیا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یاسایی له‌به‌رانبه‌ری دا ده‌سپێکرد.

بیانووی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه یاساییه‌ش، به‌کارهێنانی پیتی «و -W» له نامه کوردیه‌‌که‌ی دایه و ئه‌م پیته‌ش له زمانی تورکی دانیه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش قه‌ده‌غه‌یه.

شایانی باسه که ساڵانه، ده‌یان دۆزی له‌م شێوه ته‌نیا به هۆی که‌ڵک وه‌رگرتن له پیتی «W» له‌به‌رانبه‌ر کوردان دا ده‌بێته‌وه و عوسمان بایده‌میریش ته‌نیا له 3 ساڵی ڕابردوو دا زیاتر له 70 دۆز و لێکۆلینه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر دا کراوه‌ته‌وه و چه‌ندین جاریس هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری لێکراوه.

ناوی به‌رپرسان و ڕێکخراوه‌ و ناوه‌نده‌کانی که ئابلووقه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌یانگرێته‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ له‌م لیسته‌ی ژێره‌وه‌ دا ناوی ئه‌م ڕێکخراوه،. به‌رپرسانی سپای پاستاران و هێزه‌کانی تری سه‌ربازی ئێران، ناوه‌ند و ده‌زگاکانی ئێرانی بڵاوده‌کرێته‌وه که ئابلووقه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به هۆی کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ده‌یانگرێته‌وه:

ناوی که‌سایه‌تی و به‌رپرسه سه‌ربازیه‌کان:

سه‌ردار مورته‌زا باقری، جێگری فه‌رمانده‌یی گشتی سپایی پاستاران

ده‌ریاسالار عه‌لی ئه‌کبه‌ر ئه‌حمه‌دیان، به‌رپرسی ستادی هاوبه‌شی سپایی پاستاران

سه‌ردار محه‌ممه‌د ڕه‌زا زاهیدی، فه‌رمانده‌یی هێزی زه‌وینی سپایی پاستاران

ده‌ریاسالار مورته‌زا سه‌فه‌ری، فه‌رمانده‌یی هێزی ده‌ریایی سپایی پاستاران

سه‌ردار محه‌ممه‌د حه‌جازی، فه‌رمانده‌یی گشتی به‌سیج

سه‌ردار قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌یی گشتی سپایی تیرۆریستی قودس

سه‌ردار زوڵقه‌در، ئه‌فسه‌ری سپایی پاستاران و جێگری وه‌زیری ناوخوی ئێران

ناوی ناوه‌ند و ڕێکخراوه‌کانی هاوبه‌ش و پشتیوانی چالاکیه‌ ئه‌تۆمی وموشه‌کی ئێران

گرووپی سه‌نعه‌تی موهیمماتی ئاکا AMIG

ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی ئه‌تۆمی ئیسفه‌هان(NFRPC) و ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی ناڤۆکی ئیسفه‌هان (ENTC)

کۆمپانی کاۆشیار

که‌لوپه‌لی کیمیایی په‌رچین

ناوه‌ندی لێکۆڵیبنه‌وه‌ی ناڤۆکی که‌ره‌ج

گرووپی سه‌نعه‌تی موشه‌کی کروز(گرووپی سه‌نعه‌تی به‌رگری موشه‌کی)

بانکی سپه‌،  و بانکی نێونه‌ته‌وه‌یی سپه

گرووپی سه‌نعه‌تی شه‌هید هیممه‌ت(SHIG)

گرووپی سه‌نعه‌تی شه‌هید باقری (SBIG)

گرووپی سه‌نعه‌تی سه‌نام

گرووپی سه‌نعه‌تی یا مه‌هدی

ناوه‌نده‌کانی پێوه‌ندی‌دار به سپایی پاستاران

سه‌ناعه‌تی ئاسمانی قودس

سه‌رڤیسه‌کانی سه‌ناعه‌تی ئاسمانی پارس

ئاسمانپێوی شوعاع

ناوی ئه‌م که‌سانه‌ی که له چالاکیه‌کانی ئه‌تۆمی ئێران دان

فه‌ره‌یدوون عه‌بباسی ده‌وانی، به‌رپرسی باڵایی وه‌زاره‌تی به‌رگری له به‌شی  لۆژێستیکی هێزه‌کانی نیزامی (MOADFL)

مۆحسێن فه‌خری زاده‌ی مه‌هابادی، به‌رپرسی باڵایی (MOADFL) و زانایی ئه‌تۆمی و به‌رپرسی پێشووی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیزیک

سه‌ید جابر سه‌فده‌ری، به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی پیتاندنی ئۆرانیۆمی نه‌ته‌نز

ئه‌میر ره‌حیمی، به‌رپرسی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه و به‌رهه‌م هێنانی سووته‌مه‌نی ناڤۆکی ئه‌سفه‌هان (NFRPC)

مۆحسێن حوججه‌تی، به‌رپرسی گرووپی سه‌نعه‌تی فه‌جر، که ڕۆڵی له چالاکیه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی موشه‌ک هه‌یه.

مێهرداد ئه‌خلاقچی کتابچی، به‌رپرسی ناوه‌ندی سه‌نعه‌تی شه‌هید باقری

ناسر مالیکی، به‌رپرسی گرووپی سه‌نعه‌تی شه‌هید هیممه‌ت، رۆڵی له‌ چاککردنی موسه‌کی باڵێستیکی ئێران و سه‌هابی 3 هه‌بووه

ئه‌حمه‌د دره‌خشه‌نده، سه‌رۆکی بانکی سپه

ئه‌ردۆغان له دۆزی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ ئۆجه‌لان، بێ تاوان ده‌رچوو!

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دادگایه‌کی ئه‌نقه‌ره که ماوه‌ی حه‌وتوویه‌که به هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، دۆزێکی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان دا کردۆته‌وه، ڕایگه‌یاند که دۆزه‌که داخراوه.

دادگایی کۆماری ئه‌نقه‌ره ڕایگه‌یاند که به هۆی ئه‌وه که «هیچ خاڵێک بۆ تاوانبار کردنی ئه‌ردۆغان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه» و «کاتی زۆر به‌سه‌ر رووداوه‌که‌دا تێپه‌ڕ بووه»، دۆزی ئه‌ردۆغان کۆتایی پێهاتووه و ناوبراو چیتر له‌مباره‌وه به‌دواداچوونی یاسایی له‌گه‌ڵ ناکرێ.

«ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان»، به هۆی ئه‌مه‌ که له 14ی ژانویه‌یی ساڵی 2000 دا، له‌ وتووێژێکی ڕادیۆیی له‌گه‌ل SBSی ئۆسترالیادا، دوو جار وشه‌ی قه‌ده‌غه‌ی!!! «به‌ڕێز»ی بۆ «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» به‌کارهێنابوو و و به شه‌هیدانی تورکیاشی گوتبوو «که‌ڵه‌ی په‌ڕیو»،  دۆزی له به‌رانبه‌ر دا کرابۆوه.

شایانی باسه که تا ئێستا ده‌یان کورد و سه‌رکرده‌کانی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک له باکووری کوردستان، به‌ هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» که له تورکیا بۆ «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان» قه‌ده‌غه‌یه، دادگایی کراون و سزا دراون، که‌جی بۆ ئه‌ردۆغان هیج تاوان حیساب ناکردرێ.

زێباری: دووهه‌م کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق له مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ هۆشیار زێباری، ڕایگه‌یاند که دووهه‌م کۆنفرانسی ئاسایشی عێران به به‌شداری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی UN له سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێ.

هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فێدراڵ له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی فرانس پڕێس ڕایگه‌یاند که بڕیاره له سه‌ره‌تاکانی مانگی زایینی داهاتوو(مانگی مه‌ی)، دووهه‌م خولی کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایشی عێراق به به‌شداری وڵاتانی دراوسێی عێراق و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یی وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌‌کان و ئاڵمان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناوبراو وتیشی که شوێنی کۆنفرانسه‌که تا ئێستا یه‌کلایی نه‌بۆته‌وه به‌ڵام تورکیا ده‌ڵێ که ئاماده‌یه ئه‌م کۆنفرانسه له ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌بچێت و  ئه‌ردۆغانیش ده‌ڵێ له هه‌فته‌ی یه‌که‌می ئه‌پریل دا چاوه‌ڕوانی جواب له به‌رپرسانی عێراقی ده‌کات.

پێشتر، له به‌غدا و له ئاستێکی نزمتر دا، کۆنفرانسی ئاسایشی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و له‌وێدا بڕیار درا له خولی دووهه‌م له قاهیره یا ئه‌سته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌مریکا ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر کۆنفرانسه‌که له ئه‌سته‌نبوڵ بێت. ئه‌گه‌ری به‌شداری کۆندالیزا ڕایس هه‌یه.

5 هاوڵاتی کورد به زیندان مه‌حکووم کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: به‌گوێره‌ی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، 5 هاوڵاتی سنه‌یی به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی به زیندانی درێژخایه‌ن مه‌حکووم کران.

زانرا که چوار برا، به ناوه‌کانی «جه‌نادار، موختار، جه‌هانبه‌خش و جه‌ناگیر محه‌‌ممه‌دی»، به تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کانی دژ به ده‌وڵه‌تی ئێران به ته‌رتیب به 15، 5،5 ، 3 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراون.

به گوێره‌ی جه‌هاندار محه‌ممه‌دی له دوو دۆسیه‌یی جیادا به 15 ساڵ و 1 ساڵ و به گشتی 16 ساڵ زیندان مه‌حکوو کراوه.

هه‌روه‌ها هه‌مان سه‌رچاوه خوێندکارێکی کورد به ناوی «ئارام نوسره‌‌ت پوور» ناسراو به «شوان»، به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبێکی کوردستانی دژ به حکومه‌ت به 7 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه.

له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێک دا له به‌تلیس، 2 عه‌سکه‌ری تورک کوژران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: زانرا که له ئاکامی شه‌رێک دا له نێوان ئه‌رته‌شی تورکیا و گه‌ریلاکانی پ.ک.ک له ناوچه‌ی «هیزان»ی به‌دلیس، 2 عه‌سکه‌ری تورکیا کوژران.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی ئاژانسی فورات، له ئاکامی شه‌رێک دا له نێوان گه‌ریلاکانی هێزی پاراستنی گه‌ل و ئه‌رته‌شی تورکیا دوو عه‌سکه‌ری تورک کوژران و گه‌ریلاکان هیچ زیانێکیان پێنه‌گه‌یشتووه. له چیایی گاباریش له ئاکامی ئۆپێراسیۆنی ئه‌رته‌شی تورکیا دا 4 عه‌سکه‌ر برینداربوونه.

به توانه‌وه‌ی به‌فره‌کان و هاتنی به‌هار، ئه‌رته‌شی تورکیا به ناردنی زیاتر له 250 هه‌زار سه‌رباز و ته‌نینی سنووره‌کانی کوردستان به تابک و زرێپۆش، که ئامانجی ده‌سپێکی شه‌رێکی ده‌روونی له‌گه‌ڵ کوردستان و پ.ک.ک‌یه، له ناوخۆی ولاتیش دا به‌ڕده‌وام خه‌ریکی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنه دژ به گه‌ریلاکانی پ.ک.ک.

قۆڵبه‌ستکرانی دوو هاوڵاتی کورد و حوکمی زیندان بۆ یه‌کی تر

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: دوو هاولاتی سنه‌یی به ناوه‌کانی فه‌ریبۆرز غه‌ففاری و که‌ماڵ حه‌بیبی، به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی ده‌زگیر و یه‌کیشیان مه‌حکووم به زیندان کرا.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، هاوڵاتیه‌کی لاوی سنه‌یی به ناوی «فه‌ریبۆرز غه‌ففاری» به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی به 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کرا. ناوبراو پێشتر له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردوو دا له خاڵه سنووریه‌کان ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کرابوو و ئه‌مجاره‌ش به درانی حوکمی 6 مانگ، زیندانی کرا.

که‌ماڵ حه‌بیبی هاوڵاتی تری سنه‌یی به تۆمه‌تێکی نادیار ماوه‌ی 50 ڕۆژه که ده‌زگیر کراوه و شوێنی گیران و تۆمه‌تباریه‌که‌سی نازانرێ.

دیپلۆماته گیراوه‌که‌ی ئێران ده‌ڵێ که CIA ئه‌شکه‌نجه‌ی دراوم

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: جه‌لا شه‌ره‌فی دیپلۆماته گیراوه‌که‌ی ئێرانی که هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان ئازاد کرا، ئیدعایی کرد که له لایه‌ن سی‌ئای‌ئه‌ی‌وه ئه‌شکه‌نجه دراوه.

جه‌لال شه‌ره‌فی، دیپلۆماتی ئێران و که‌سی دووهه‌می باڵوێزخانه‌ی ئێران له به‌غدا که 6ی فێوریه‌ی ئه‌مساڵ له به‌غدا ده‌زگیرکرابوو، پاش لێدوانی مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان له مه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌کرانیان له ئێران، ئیدعایی کرد که CIAی ئه‌ویشی ئه‌شکه‌نجه داوه.

شه‌ره‌فی وتی که هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی منیان ڕفاندووه و به ماشێنێکی ئه‌رته‌سی ئه‌مریکا منیان بردۆته بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئه‌مریکا و به عه‌ره‌بی و ئینگلزیزی لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردووم.

ناوبراو ئیدعا ده‌کات که که‌سانێک سه‌ر به ده‌زگایی ئیستخاباراتی ئه‌مریکا(CIA) ئه‌ویان ئازار داوه و سه‌ره‌تا ویستوویانه به خۆشڕه‌فتاری، هاوکاریان له‌گه‌ل بکه‌م و به‌ڵام کاتێک که دیتیان من دان به هیچ دانانێم و دیپلۆماتم ویستوویانه بزانن که ئێران تا چ ڕاده‌یه‌ک شوێن و حزوریله ناو خاکی عێراق دا هه‌یه. ناوبراو وتیشی که  به چه‌ندین شێوه ئه‌شکه‌نجه کراوم و به‌ڵام نه‌یگوت که چۆن ئازار یا ئه‌شکه‌نجه دراوه به‌ڵام دیسانیش ده‌ڵێ که ئاسه‌واری ئه‌شکه‌نجه‌ی به جه‌سته‌یه‌وه دیاره و له کاتی ئازاد کردنی دا له نیزێک فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا وێلیان کردووه و بۆ خۆی خۆی گه‌یاندۆته‌‌وه باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌م شاره.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: