ئەرشیوی مانگی سێهەمی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ 4

خۆسووتاندنی ژنێکی کورد له سه‌ڕده‌شت
مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ژنێکی لاوی سه‌‌رده‌شتی به ناوی «فریشته.ع»، به هۆی کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی، به خۆسووتاندن کۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
به گوێره‌ هه‌اڵێنری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، تازه‌بووکێکی خه‌ڵکی «ئاوایی سووره چۆم»، دانیشتووی سه‌رده‌شت، که 2 مانگه زه‌ماوه‌ندی کردووه به هۆی کێشه‌ی بنه‌ماڵه، به به‌نزین، جه‌سته‌ی خۆی له ئاگر به‌ڕدا و کۆتایی به ژیانی هێنا.
جه‌سته‌ی سووتاوی فریشته به‌په‌له بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌رده‌شت گوازرایه‌وه و پاشان به هۆی قورسی برینه‌که‌یه‌وه، ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له ورمێ کرا، به‌ڵام سه‌ره‌نجام پاش چه‌ند ڕۆژ ده‌رمان و به هوڵی پزیشکانیش نه‌جاتی نه‌بوو و گیانی له‌ده‌ست دا.
شایانی باسه که ساڵانه له کوردستان، به هۆی کۆمه‌ڵێک نه‌ریتی ناپه‌سه‌ند و ناحه‌زی کۆمه‌ڵگا، نزم بوونی ئاستی ئاگایی ، ده‌یان ژن به شێوه‌ی خۆسووتاندن، کۆتایی به ژیانیان دێنن.

سێ به‌رپرسی سه‌‌ر به هێزه‌کانی ئه‌منی ده‌وڵه‌ت له مه‌هاباد ، پاره له خه‌ڵک ده‌ستێنن

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: سێ به‌رپرسی به‌هێز له شاری مه‌هاباد به له‌ده‌ست دابوونی، به‌ڵگه و دۆکیمه‌نتی یاسایی، گووشاریان خستۆته سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیو ده‌وڵه‌مه‌ندان و قاچاغچیان و پاره‌یان لێ ده‌ستێنن.

به گوێره‌ی هه‌اڵنێێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کوردستان، ئه‌م سێ به‌رپرسه به له‌ده‌ست دابوونی به‌ڵگه‌ی یاسایی، گووشاریان خستۆته سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی چالاکانی سیاسی، مه‌ده‌نی، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ندامانی حیزبه کوردستانیه‌کان و ده‌وڵه‌مه ند و قاچاغچیه‌کان و داوایان لێده‌که‌ن که بۆ ئه‌وه‌ی له به‌دواداچوونی یاساکان و ده‌وڵه‌ت ڕزگاریان بێت، پاره‌یان بده‌نێ.

ئه‌م که‌سانه به هه‌ره‌شه و گووشار پاره‌ له خه‌ڵک ده‌ستێنن و به قسه ده‌ڵێن که به‌م شێوه ڕێگه ناده‌ن که هێزه‌کانی ئاسایشی تاقیبی قانوونیان بکه‌ن و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیش ناو و ناسنامه‌ و  شوێنی و پله‌ی زینامی ئه‌م به‌رپرسانه‌ی له‌ده‌ست دایه.

نوێنه‌ری پێشووی سه‌قز و بانه له پارله‌مانی ئێران، به 6 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: «سه‌لاحه‌دین عه‌لایی»، نوێنه‌ری سه‌قز و بانه له خولی شه‌شه‌می پارله‌مانی کۆماری ئیسلامی به هۆی شه‌ر و ده‌مه‌قاڵه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی «ئه‌نساری مه‌هدی» ئیتلاعات، به 6 ساڵ زیندانی هه‌ڵپه‌سێردراو، مه‌حکووم کرا.

په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له هه‌و‌اڵێک دا ڕایانگه‌یاند که  لقی یه‌کی دادگایی فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌ت له تاران، «سه‌لاحه‌دین عه‌لایی» نوێنه‌ری خولی شه‌شه‌می پارله‌مانی ئێران له شاره‌کانی سه‌قز و بانه، به تۆمه‌تی لێدان و کوتانی پۆلیسێکی ئاسایشی پارله‌مان ناسراو به «ئه‌نساری مه‌هدی»، به 6 ساڵ زیندانی هه‌ڵپه‌سێدراو مه‌حکووم کرا.

حكومه‌تی‌ توركیا ڤیزه‌ی‌ نه‌دا به‌وه‌زیری‌ رۆشنبیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی‌ كه‌ بۆ به‌شداربوون له‌ئاهه‌نگی‌ نه‌وررۆزی‌ دیاربه‌كر داوه‌ت كرابوو.

نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له سه‌رجه‌م کوردستان، به جۆشێکی مه‌زن پیرۆز کرا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵانه‌ی که به ده‌ستمان گه‌یشتوون، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له سه‌رجه‌م شاره‌ و گونده‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان به جۆش و خرۆشێکی مه‌زنه‌وه، پیرۆز کراوه.

له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌ره‌رایی ڕێگری و پێکهێنانی کێشه، بۆ هاوڵاتیان، کوردان به گه‌رمی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد و به هه‌ڵپه‌رکێی و گۆرانی و گۆڤه‌ند و کردنه‌وه‌ی ئاگر و چوون بۆ سه‌یران، سه‌ره‌تایی 2707مین ساڵی کوردیان پیرۆز کرد.

له باشووری کوردستانیش هه‌زاران که‌س له هاوڵاتیان به‌شداری چالاکی و ڕێوڕه‌سمه‌کانی نه‌ورۆز بوون و ڕوویان له سه‌یرانگاکانی کوردستان کرد و به‌م شێوه نه‌ورۆز و سه‌ره‌تایی به‌هاریان له داوێنی سه‌یرانگاکان و چیاکانی کوردستان، پیرۆز کرد.

له ڕۆژئاوایی کوردستان کۆمه‌ڵێکی مه‌زن له کوردانی شاره‌کانی قامیشلوو و حه‌سه‌که و ئاوایه کورد نشینه‌کان، ئاگری نه‌ورۆزیان کرده‌وه، گۆرانی کوردیان سه‌ردا و گۆڤه‌ندیان گێرا.

نه‌ورۆزی باکووری کوردستان، له مه‌زنترین ئاستی خۆیدا به‌ڕێوه‌چوو و درووشمی ئێمه هه‌موو که‌رکووکین، و به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدووڵا ئۆجه‌لان و به‌شداری سه‌دان هه‌زار که‌سی گه‌ل سیاسی ترین و به جۆشترین نه‌ورۆزی چوارپارچه‌ی کوردستانی به‌خۆوه بینی.

کوردانی دانیشتووی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا و ئه‌وسترالیاش، به پێکهێنانی جه‌ژن و ڤیستیڤاڵ و هه‌ڵپه‌رکێ نه‌ورۆزی کورده‌واری و سه‌ره‌تایی ساڵیان به‌رز و پیرۆز ڕاگرت و له زۆربه‌ی وڵاتانیش سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و وڵاتپارێزان کرا.

ڕۆژی یه‌که‌می نه‌ورۆز له زۆربه‌ی کۆڵانه‌کانی شاری سه‌قز، ئاگرکارابۆوه و لاوان و هاوڵاتیان به پۆشینی جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵپه‌رکێیان ده‌کرد و جه‌ژنی نه‌ورۆزیان لێکدی پیرۆز ده‌کرد.

لاوان و هاوڵاتیانی پیرانشاری به گروتینێکی مه‌زنه‌وه، ساڵی نوێ و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزیان پیرۆزکرد و له سه‌رجه‌م شوێنه‌کانی شار، چیاکانی ده‌ورووبه‌ری شار و شه‌قامه سه‌ره‌کیه‌کان ئاگر کرایه‌وه و گۆڤه‌ندی کوردی ساز درا. له ئاوایه‌کانی پیرانشاریش نه‌ورۆز به خۆشی پیرزۆ کرا و هه‌واڵمان به‌ده‌ست گه‌یشت که له شاره‌دێی په‌سوێ، لاوان به کردنه‌وه‌ی ئاگرله به‌رزایه‌کانی ئه‌م شوێنه، هه‌ڵپه‌رکێی کوردی، و گه‌ران بۆ ئه‌ستاندنی نه‌ورۆزانه، ساڵی نوێیان به شه‌وقه‌وه ده‌ستپێکرد.

له بۆکان، له به‌رزاقیه‌کانی ته‌ره‌غه و ناڵه‌شکێنه و به‌رده‌ره‌ش ئاگرکرایه‌وه، سروودی کوردی و نه‌ته‌وه‌یی له کۆڵانه‌کان به گوێ ده‌گه‌یشت و ڕه‌شبه‌ڵه‌کی نه‌ورۆز گیرا و له ده‌یان خاڵی هه‌ستیاری شاریشم هێزه‌کانی سه‌رکوتکه‌ری ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ره‌نگاری له به‌رانبه‌ر هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی نه‌خوازراو دا، له ئاماده‌باش دابوون.

له شاری مه‌هاباد، جه‌ژنی نه‌ورۆز به جۆشێکی تایبه‌ته‌وه پیرۆز کرا.

لاوان و هاوڵاتیان مه‌هابادی، له سه‌رجه‌م کوچه و کۆڵان وشه‌قامه‌کانی شار، ئاگریان هه‌ڵکردوو و هه ڵپه‌رکێ و ڕه‌شبه‌ڵه‌کی کوردیان به‌ست و درووشم نه‌ته‌وه‌یی و سروودی کوردی شۆڕشگێرانه خوێندرانه‌وه.

سه‌ره‌رایی دۆرپێچ و هه‌ڕه‌شه‌ و ئاماده‌بوونی هێزه‌کانی ره‌ژیم دیسانیش گه‌لی کورد له مه‌هاباد، چوونه سه‌یرانگایه‌کان و سه‌ردانی مه‌زاری شه‌هیدانیان کرد و له ناوچه‌کانی ده‌ورووبه‌ری به‌نداو، ئاگریان کرده‌وه و هه‌ڵپه‌رین.

له شاری سنه، کوردان له ئاویه‌ر و کۆڵانه‌کانی تر نه‌رۆزیان پیرۆز کرد و له بانه ومه‌ریوان و کامیارانیش جه‌ژنی نه‌ورۆز به به‌شداری سه‌دان هاوڵاتی له شوێنه جیاجیاکان دا پیرۆز کرا.

هه‌ولێر و سلێمانی، زاخۆ و دهۆک وناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، نه‌ورۆزێکی به جۆشیان به خۆوه بینی و ڕوویان کرده سه‌یرانگا و شوێنه گه‌شتیاریه‌کان و به‌هاریان له داوێنی ته‌بیعه‌ت ده‌سپێکرد و به ئاڵایی کوردستانه‌وه وبه ئازادی و له ئاسایشی ته‌واو دا ڕه‌شبه‌ڵه‌کی ئازادی و نه‌ورۆز و جهژنی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانیان گێرا.

نه‌ورۆز له باکووری کوردستان، یادێکی تر بوو

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ له باکووری کوردستان مه‌زنترین نه‌ورۆز و پر جۆشترین کارناڤاڵی وڵاتپارێزی هاته دی و به ده‌یان هه‌زار که‌س، له شوێنه دیاری کراوه‌کان، سه‌ره‌رایی ئاسته‌نگی یه‌کجار زۆری پۆلیسی تورکیا و هێزه‌کانی ئه‌رته‌ش و عه‌سکه‌ر، نه‌ورۆزیان به‌رێوه‌برد و ڕۆژێکی مێژوویان خوڵقاند و په‌یامی گرینگی سیاسیان به حکومه‌تی سه‌رکوتکه‌ری تورکیا و شه‌رخوازه‌کان دا.

مه‌زنترین نه‌ورۆزی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین له ئامه‌دی باکووری کوردستان وبه به‌شداری سه‌دان هه‌زار که‌س و ئاماده‌بوونی سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک، له‌یلا زانا، عوسمان بایده‌میر و میوانانی بیانی به‌ڕێوه‌چوو. خاتوو له‌یلا زانا که پاش هه‌‌ڵگیرانی قه‌ده‌غه‌ی سیاسی، گه‌راوه‌ته‌وه ناو سیاسه‌تی ئه‌کتیڤ و بۆته‌وه ئه‌ندامی باڵایی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک له ئاخافتنێک دا به زمانی کوردی، ده‌ستنیشانی کرد که گه‌لی کورد سێ ڕێبه‌ری مه‌زنی هه‌یه و په‌یامی به ئه‌نقه‌ره و دوژمنانی کورد دا که چیتر کورد بێ که‌س و دوور له یه‌ک نه‌بینن.

له‌یلا زانا وتی: سه‌رکۆماری عێراق، مام جه‌لال، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک، سێ ڕێبه‌ری مه‌زنی کوردستانن.

عوسمان بایده‌میر له نه‌ورۆزی یه‌ک میلیۆنی ئامه‌د دا، وتی که کوردان به‌م پیرۆزکردن و به‌شداریه، ده‌ستانێکی مێژوویان نووسی و له سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م دا حه‌ماسه‌یان خوڵقاند و باسی له ئاشتی و برایه‌تی گه‌لان و خواستی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردی به ڕێگه‌ی ئاشتیانه و دێمکوراتیک کرد. ئه‌حمه‌د تورک، سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک داوایی به‌رده‌وام بوونی ئاگربه‌ستی کرد و پێداگری له سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد کرد.

له ئه‌سته‌نبوڵیش نه‌ورۆز به جۆشێکی مه‌زن و به‌شداری ده‌یان هه‌زار که‌س پیرۆز کرا و «سیری ساکیک»، جێگری سه‌رۆکی DTP، وتی که تورکیا پێویسته چیتر چه‌واسه کاری نه‌کات، و پ.ک.ک له شاخ و تیرۆریست نیه و ئه‌وه‌تا ئه‌م گه‌له هه‌موو پ.ک.ک‌یه.

له وان، زیاتر له 250 هه‌زار که‌س وه‌کو ساڵانی پێشوو نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد و «ئایسه‌ل توغڵوک»، هاوسه‌رۆکی DTP، وتی که 20 ساڵه به شه‌ر کێشه‌ی کورد خامۆش نه‌کراوه و تازه به هیچ شێوه کورد پاشه‌کشه له مافه دێموکراتیکه‌کانی ناهێنێ و بۆیه به تیرۆریست ناوزه‌د کردنی بزووتنه‌وه‌ی کوردی ناتوانێ کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکات.

دروشمی سه‌ره‌کی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، له باکووری کوردستان پێداگری له سه‌ر به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بوو و قسه‌که‌ران و خه‌لک به گشتی به سه‌دان جار، ئۆجه‌لانیان به وشه‌ی»به‌ڕێز»، به‌کارهێنا و له ئامه‌د وتروه که «ئێمه هه‌موو که‌رکووکین» و به‌م شێوه پشتیوانی له وته‌کانی «هیلمی ئایدۆغدو» کرا، که به هۆی وتنی ئه‌م ڕه‌سته، ئێستا له گرتووخانه دایه.

حکومه‌تی تورکیا که ساڵه‌هابوو نه‌ورۆزی کوردی نه خوێن ڕه‌نگ ده‌کرد و ده‌یان کوردی ده‌کوشت، ئه‌مجاره که بینی ناتوانێ پێش خرۆشی، میلیۆنی کوردان بگرێ، هه‌ستاوه به هه‌وڵی دزینی نه‌ورۆز و پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌کات که نه‌ورۆز جه‌ژنی ئه‌وانه و به‌رپرسانی باڵایی ئه‌م وڵاته له ڕێوڕه‌سمێکی پێکه‌نینی دا نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد و به سه‌ر ئاگر دا بازیان دا و به کوتکی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر، ئاسنیان کوتا و هێلکه‌شکێنه‌یان کرد.

له لایه‌کی تره‌وه‌ش ویزه‌یان به «فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی» وه‌زیری ڕۆشنبیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان  و وه‌فدی هاوڕێی نه‌دا که به‌شداری نه‌ورۆزی ئامه‌د ببێت و به‌م هۆیه که ناوبراویان به هۆی هه‌ڵوێسته‌کانی له به‌رانبه‌ر عه‌بدولا ئۆجه‌لان دا، به ئاپۆچی ناوزه‌د کردووه.

ئه‌گه‌رچی له‌م دوو ڕۆژه‌ی دوایی کۆتایی هاتنی جه‌ژنه‌کانی نه‌ورۆز له باکووری کوردستان دا سه‌دان که‌س به تۆمه‌تی هه‌ڵکردنی ئاڵایی پ.ک.ک و به‌رزکردنه‌وه‌ وێنه‌ی ئۆجه‌لان و ئاڵایی کوردستان و سه‌ردانی دروشمی نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌نگری له پ.ک.ک گیران، به‌ڵام پیرۆزکردنه‌کان ده‌وام ده‌کات.

سپایی پاستاران 15 مه‌له‌وانی هێزی ده‌ریایی به‌ریتانیایی له که‌نداوی فارس ده زگیر کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی هه‌واڵێکی ئاژانسی ڕۆیته‌رز، وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیا له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که 15 مه‌له‌وانی هێزی ده‌ریایی ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته له لایه‌ن چه‌کدارانی سوپایی پاستارانی ئێرانه‌وه ده‌زگیر کراون.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 15 ئه‌فسه‌ر و مه‌له‌وانی هێزه‌کانی ده‌ریایی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له «شه‌تی عه‌ره‌بی»، سه‌رگه‌رمی گه‌شتی ئاسایی رۆژانه‌ی خۆیان و کۆنترۆڵی که‌شتیه توجاریه‌کان بوونه که له لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای پاستارانی ئێرانه‌وه ده‌زگیر کراون و ئه‌‌م یه‌که بۆته هۆی بانگهێشتی کردنی باڵوێزی ئێران له له‌نده‌ن بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته تا ئه‌م کێشه ڕوون بکاته‌وه.

شایانی باسه که ساڵی ڕابردووش، سپایی پاستاران کۆمه‌ڵێک مه‌له‌وانی ئه‌رته‌شی به‌ریتانیایی ده‌زگیر کردبوو و پاشان ئازادی کردبوون و له‌م دوایانه‌ش دا ئێران، زه‌نجیره‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌ دا ساز کردووه. سپایی پاستارانیش چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه ڕه‌سه‌ی ڕفاندنی چه‌کدارانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیایی دابوو.

«گۆگڵ ئێرس» ئامه‌دی وه‌کو پێته‌ختی کوردستان نیشانداوه و ئه‌مه‌ش تورکه‌کانی توڕه کردووه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: کۆمپانی گووگڵ له پڕۆگرامێکی خۆی دا، ئامه‌دی وه‌کو پێته‌ختی کوردستان ناساندووه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی توڕه بوونی زۆری تورکه‌کان.

له پڕۆگرامی «گووگل ئێرس» دا که نه‌خشه‌ی جوگرافیایی شارو وڵاته‌کانی جیهانی تێدا نمایش ده‌درێ، له سه‌ر شاری ئامه‌د نووسراوه «پێته‌ختی کوردستان که له لایه‌ن تورکیاوه داگیر کراوه» ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی كاردنه‌وه‌و ناره‌زایی توندی میدیاكانی توركیا.

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م زانیاریه‌ی گووگڵ تورکیا به زووترین کات پێوه‌ندی به‌م کۆمپانیه‌وه گرت و داوایی لابردنی ئه‌م نووسراوه‌ی لێکرد و کۆمپانی گووگڵیش ئه‌م داخوازه‌ی تورکه‌کانی به‌جێ هێنا و ڕسته‌ی» ئامه‌د، پێته‌ختی کوردستانی باکوور»ی له سه‌ر ئه‌م شاره لابرد.

شایانی باسه که چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر، تورکه نه‌ژادپه‌رسته‌کان، له سه‌ر ناوی نه‌خشه‌ی جوگرافی کوردستان له «گووگڵ ئێرس» دا جنێو و شتی سووکیان سه‌باره‌ت به کوردستان نووسیبوو.

له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێک دا 5 عه‌سکه‌ری تورک کوژران و برینداربوون

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: ئاژانسی فورات له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێکی ئه‌رته‌شی تورکیا دژ به گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه‌دا، 3 عه‌سکه‌ری تورک کوژران و 2ی تر بریندرا بوون.

به گوێره‌ی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌، دوێنێ ئێواره له ئاکامی شه‌ر وپێکدادان و ته‌قینه‌وه‌ی مینێکی چێندراو له ناوچه‌ی دیجله‌ی ئامه‌د، به سه‌ربازانی ئه‌رته‌شی تورکیا دا، 3 عه‌سکه‌ر کوژران و دووی تر بریندرا بوون.

هێزی پاراستنی گه‌ل ده‌ڵێ که له ناوچه‌کانی «ئاپێ موسا»، «کارتاڵ ته‌په»، «هامباز»، «قیله‌بۆغان» و «وه‌شین»، ئه‌ێرته‌ش به ناردنی 500 عه‌سکه‌ر و چه‌ندین تانک و زرێپۆش ئۆپێراسیۆنێکی بۆ دیتنه‌وه‌ی گه‌ریلاکان ده‌سپێکردووه.

ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وڵات بۆ 20 ڕۆژ داخرا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: به‌رپرسی وه‌شانی تاکه ڕۆژنامه‌ی کوردی له باکووری کوردستان «ئازادیا ولات» ڕایگه‌یاند، که بێ نیشاندانی هیچ هۆکارێک، ڕۆژنامه‌که له رۆژی یه‌که‌می نه‌ورۆز هاته گرتن و بۆ ماوه‌ی 20 ڕۆژ داخرا.

«وه‌دات قورشون»، به‌رپرسی وه‌شانی ڕۆژنامه‌ی «ئازادیا وڵات»، ڕایگه‌یاند که بێ نیشاندانی هیچ هۆیه‌ک، پۆلیسی تورکیا پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م هه‌ژماری نه‌ورۆز، رۆژنامه‌که‌یان له پیاسه کۆکرده‌وه و به ته‌له‌فۆن داخستنی 20 ڕۆژه‌ی ڕۆژنامه‌که‌یان پێ ڕاگه‌یاندین.

«قوڕشون» وتی که ئه‌م داخستنه نادێموکراتیکه و هه‌وڵێکی تره دژ به چاپه‌مه‌نی و ڕاگه‌یاندنی تورکی و ده‌ستگه‌لێک له ژێره‌وه، دژ به ئێمه ده‌جوڵێته‌وه. سه‌ره‌تا رۆژنامه‌ی «ئوزگور گونده‌م» داخرا، پاشان «ئازادیا وڵات» و هه‌ر ئه‌مانه‌ن که ده‌یانه‌ێ ڕۆژ تی‌ڤی‌ش دابخه‌ن.

ڕۆژنامه‌ی ئازادیا ولات، ده‌نگی کوردان له باکووری کوردستانه و له سه‌ر ڕێبازی بیرۆکه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌شان ده‌کات و نیزێک به یه‌ک ساڵه وه‌کو ڕۆژنامه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه و تا ئێستا 219 ژماره‌ی لێ چاپ کراوه.

عوسمان بایده‌میر، دیسانیش هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری لێکرا

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: عوسمان بایده‌میر، سه‌رۆکی شاره‌وانی مه‌زنی ئامه‌د، «فه‌رهاد تونج» و «مه‌تین تاکچه»، دیسان هه‌ڕه‌شه‌یان لێکرا که تیرۆر ده‌کرێن.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی ئاژانسی دیجله، پۆلیسی تورکیا له هه‌ره‌شه‌نامه‌یه‌کی تر ئاگادار بووه که له لایه‌ن ڕێکخراوی تیرۆریستی «گوردانه‌کانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی تورک» ناسراو به «تیت»، نووراوه و هه‌ڕه‌‌شه‌یان له «عوسمان بایده‌میر»، سه‌رۆکی شاره‌وانی ئامه‌د، «فه‌رهاد تونج»، هونه‌رمه‌ند و «مه‌تین تاکچه»، شاره‌داری جۆڵه‌مێرگ کردووه که تیرۆریان ده‌که‌ن.

گرووپی تیرۆریستی تیت، ته‌نیا له یه‌ک ساڵی ڕابردوو دا زیاتر له 8 جار هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی عوسمان بایده‌میر، ئه‌حمه‌د تورک و تاقمێکی تر له به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد له باکووری کوردستان کردووه و هاوینی ڕابردووش له کرده‌وه‌یه‌کی قێزه‌ونی ته‌قینه‌وه‌ی تیرۆریستی دا له ئامه‌د زیاتر له 12 که‌س که زۆربه‌یان زارۆ بوون، له لایه‌ن ئه‌م گرووپه کوژران.

دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ریش «هرانت دینک»، ڕۆژنامه‌انی تورکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌رمه‌ن له لایه‌ن گرووپێکی نه‌ژادپه‌رستی تورکی له‌ شێوه‌ی تیت کوژرا و دوابه‌دوایی ئه‌م ڕووداویش دیسان هه‌ره‌سه له بایده‌میر کرابوو.

مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان بۆ تاران ڕاگوازتراون

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی ئاژانسی مێهری ئێرانی، 15 مه‌له‌وانی هێزی ده‌ریایی ئینگلیز که دوێنێ له «شه‌تی عه‌ره‌بی» ده‌زگیر کراون، بۆ تاران ڕاگوێزران.

محه‌ممه‌د عه‌لی حوسێنی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وتی که ئه‌م مه‌له‌وانانه به شێوه‌ی نایاسایی هاتوونه‌ته ناو خاکی ئێران و ئه‌م هه‌وڵه‌شی دژ به یاساکانی نێوده‌‌وڵه‌تی زانی و «سه‌رتیپ عه‌لیڕه‌زا ئه‌فشار»، به‌رپرسی فه‌رهه‌نگی و پرۆپاگه‌نده‌ی هێزه‌کانی چه‌کداری ئێرانیش ده‌ڵێ که ئێمه به‌ڵگه‌ی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که نیشان ده‌دا، ئینگلیزه‌کان له دزه‌یان کردۆته‌ ناو خاکی سنووره‌کانی ئاوی ئێران و دیاره که له گرتنه‌کانی پێشووش، وته‌کانی ئێمه‌یان به جیددی نه‌گرتووه.

ئینگلیز ئه‌مه ڕه‌تده‌کاته‌وه که هێزه‌کانی ده‌ریایی ئه‌م وڵاته چووبنه ناو سنووره‌کانی ئاوی ئێران و ئه‌م هێزانه ته‌نیا گه‌شتی ئاسایی ڕۆژانه‌یان دژ به قاچاغ به‌جێ گه‌یاندووه و ئێرانیش ده‌ڵێ که بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر مه‌له‌وانانی ئینگلیزی بردۆته تاران و بارودۆخی ته‌ندروستیشیان باشه.

شایانی باسه دوێنێ هه‌ینی سپایی پاستارانی ئێران له که‌ناره‌کانی که‌نداوی فارس، 15 چه‌کداری سه‌ر به هێزی ده‌ریایی ئینگلیز ده‌زگیر و بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر ڕه‌وانه‌ی تارانی کردن. مانگی ژویه‌نی ساڵی 2004یش 8 مه‌له‌وانی چه‌کداری ئه‌م وڵاته له لایه‌ن ئێرانه‌وه له «ئه‌روه‌ند روود» ده‌زگیر و پاش 4 ڕۆژ پێوه‌ندی و هه‌وڵی دیپلۆماتیک ئازاد کران.

گرووپی تیرۆریستی ئه‌نساری ئیسلام، هێرشی کردۆته سه‌ر خاڵی سنووری باشماخ

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: به گوێره‌ی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ له باشووری کوردستان، شه‌وی ڕابردوو کۆمه‌ڵێکی 20 که‌سی له تیرۆریستانی سه‌ر به ئه‌نسارولئیسلام، هێرشیان کردۆته سه‌ر سنووری باشماخ و 2 پاسه‌وانی سنووری پێشمه‌رگه‌یان بریندار کردووه.

له‌م هێرسه‌دا که شه‌وی ڕابردوو ڕووی دا، 20 چه‌کداری سه‌ر به گرووپی تیرۆریستی ئه‌نساری ئیسلام، هێرشیان کرده‌سه‌ر بورجێکی مخابه‌راتی سه‌ر به کۆمپانی «سانا تێل» و هێله‌کانی پێوه‌ندی ناوچه‌یان بڕی و پاشان هێزه‌کانی ئاسایش و پاسه‌انی سنووریش که ده‌یانه‌ویست یارمه‌تی پۆلیسه‌کانی باشماخ بده‌ن، که‌وتنه‌ که‌مینی تیرۆریستان.

پۆلیسه‌کانی سه‌ر سنوور ده‌ڵێن که تیرۆریستان وێنه‌یان له مه‌یدانی شه‌ره‌که هه‌ڵگرتۆته‌وه و به زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و کوردی قسه‌یان کردووه و له شه‌رێکی قورس دا سه‌ره‌نجام ناچار به ڕاکردن بوونه و کۆمه‌ڵێکیس چه‌کو ته‌قه‌مه‌نی و ئارپی‌جی و کۆڵه‌پشتیان به‌جێ هێشتووه.

شایانی باسه که گرووپی تیرۆریستی «ئه‌نساری ئیسلام»، سه‌ر به تۆڕی ئه‌لقاعیده‌یه و پاش شه‌ری عێراق و له‌ناوچوونیان له‌م دوایانه دا به یارمه‌تی کۆماری ئیسلامی له مه‌ریوان وناوچه سنووریه‌کان و هه‌‌ورامان خه‌ریکی خۆڕێکخستنه‌وه‌ن و له پێنجوێن و باشماخ نائارامی ده‌نێنه‌وه.

ناڕه‌زایه‌تی خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان به‌رانبه‌ر گووشار بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌وانانی کورد له ئێران

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: خوێندکارانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی ژوردستان که له زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان درێژه‌ به خوێندن ده‌ده‌ن، له به‌یاننامه‌یه‌ک دا ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌رانبه‌ر به گووشاری ئێران بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌وانانی کورد له لایه‌ن ڕه‌ژیمی ئێرانه‌وه ڕاگه‌یاند.

له به‌یاننامه‌که‌ دا هاتووه که له کاتێک دا ئازادی ڕاده‌ربڕین یه‌کێک له مافه سه‌ره‌تایه‌کانی مرۆڤی جیانی ئه‌مڕۆیه، له ئێران به‌رده‌وام، ڕۆژنامه‌وانان و چالاکانی مافی مرۆڤ له لایه‌ن دامه‌زراوه ئاسایشی و ئیتلاعاتیه‌کانه‌وه، گووشاریان دێته سه‌ر و ده‌زگیر ده‌کرێن و چالاکیه‌کانیان لێ ئاسته‌نگ ده‌کرێ.

خوێندکارانی کورد ده‌ڵێن که ئه‌م بارودۆخ و که‌ش و هه‌ا تونده، به تایبه‌ت پاش به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و کابینه‌ی نیزامی ناوبراو و سه‌رکوتکردنی ڕۆژنامه‌‌وانان و مێدیاکان و ئازادی خوازی په‌ره‌ی سه‌ند و له کوردستان ئه‌م ڕه‌وته به‌ڕده‌وام و چاوترسێن کردنی ڕۆژنامه‌ونان، ڕۆژ به ڕۆژ ڕووی له زێده‌بوون کردووه.

به گوێره‌ی به‌یاننامه‌کانی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور و مافی مرۆڤی کوردستان، هه‌ر ئێستا سێ ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مه‌ده‌نی به ناوه‌کانی مه‌نسوور ته‌یفووری و ئاسۆ ساڵح و عه‌دنان حه‌سه‌‌ن پوور، ده‌زگیر کراون و له ڕه‌وشێکی نادیار دا ڕاگیراون و ئێمه به توندی ناڕه‌زایه‌تی خۆمان له به‌رانبه‌ر ئه‌م یه‌که‌ دا ده‌رد‌ه‌بڕین و خوازیاری ئازادکرانی ئه‌م گیراوه بێ تاوانانه‌ین و هه‌وڵی ره‌ژیم بۆ پێشگرتنی سه‌رکوتی جیابیرانی مه‌حکووم ده‌که‌ین.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سێهه‌مین بڕیارنامه‌ی دژ به ئێران په‌سه‌ند کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: شه‌وی ڕابردوو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ه‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به کۆی ده‌نگی هه‌ر 15 ئه‌ندامی، بڕیارنامه‌ی 1747ی دژ به پڕۆژه ئه‌تۆمیه‌که‌ی ئێران په‌سه‌ند کرد.

پاش نیزێک به سێ هه‌فته مشتومڕ و کۆبوونه‌وه ئاشکرا ونهێنیه‌کانی وڵاتانی دایمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ه‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ئاڵمان، شه‌وی ڕابردوو پاش ده‌سپێکی کۆبوونه‌وه‌که به وته‌کانی «دومیسانی کوماڵۆ» له ئه‌فریقایی باشوور و جه‌ختی نوێنه‌ری قه‌ته‌ر به مافی که‌ڵک وه‌رگرتنی ئێران له وزه‌ی ناڤۆکی ئاشتیانه درێژه‌ی په‌یدا کرد و پاشان بڕیارنامه‌که خراوه ده‌نگدان و هه‌ر 15 ئه ندامی ڕێکخراوه‌که، به‌ ئه‌رێنی په‌سه‌ندیان کرد.

له‌م بڕیار نامه‌دا، داوا له ئێران کراوه‌ته‌وه که له 60 ڕۆژی داهاتوو دا ده‌ست له پیتاندنی ئۆرانیۆم هه‌ڵگرێ و هاوکاری ته‌واوی ئاژانسی ئه‌تۆمی بکات و ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌مانه ڕه‌تبکاته‌وه، له کۆتایی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ نوێیه‌ش دا دیسان ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی کۆبوونه‌وه‌ی تر بۆ په‌ره‌پێدانی ئابلوقه‌کان ده‌گرێت.

مه‌نوچه‌هر موته‌کی که به نوێنه‌رایه‌تی ئێران به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو، زینێک به کاتژمێرێک قسه‌ی کرد و باسی له کۆمه‌ڵێک کێسه‌ی ناپێوه‌ندی دار وه‌کو هێرشی عێراق بۆ ئێران و شه‌ری کوه‌یت و بۆردومانی بینای ئو‌ئێن له لوبنان و شه‌ری عێراق و سه‌ددام و … کرد و پاشان وێڕای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم وتی «ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم به هیچ شێوه ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ کۆتایی کێشه‌که نیه».

شایانی باسه که موته‌کی وتی که ئێران نایه‌وێ شه‌ر بکات به‌ڵام له سه‌ر مافه‌کانی به جیددی پێداگره و ئه‌مه‌ش سێهه‌مین بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی دژ به ئێرانه.

دانیشتوانی مه‌هاباد به ده‌ست پارازیته‌وه ده‌ناڵن و ڕه‌ژیم به‌رده‌وامه له‌م هه‌وڵه‌ی

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به ده‌ست ئاژانسه‌که‌مان گه‌یشتووه، دانیشتوانی مه‌هاباد به هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی پارازیتی کۆماری ئیسلامی دژ به که‌ناڵه ئاسمانیه کوردیه‌کان تووشی کێشه‌ی پزیشکی مه‌‌زن بوونه و هه‌ر بۆیه‌ش ناڕه‌زایه‌تی له‌م باره‌وه له په‌ره‌سه‌ندن دایه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان پاش ئه‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دژایه‌تی په‌خشی که‌ناڵه ئاسمانیه کوردیه‌کان، ده‌زگا وناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی پارازیتی له چه‌ند شوێنی دیاری مه‌هاباد که مه‌زه‌نده ده‌کرێت له «هوتێڵ کوێستان»، «حه‌ساری بنکه‌ی سپایی پاستاران» و هتد بێت، دامه‌زراند، خه‌ڵک تووشی کێشه‌ی پزیشکی مه‌زن بوونه‌ته‌وه و هااواری ناڕه‌زایه‌تیان ڕوو له زیادبوون دایه.

سه‌ره‌تا زانرا که کۆمه‌ڵێک له پزیشکان و پسپۆرانی نه‌خۆشخانه‌کانی مه‌هاباد، نامه‌یان بۆ فه‌رمانداری و ده‌زگاکانی ئاسایشی و سپایی پاستاران نارد و ئاشکرایان کرد که به هۆی پارازیته‌که که ده‌گوترێ شه‌به‌قی خواره‌وه‌ی سووره «مادوون قرمز» و مه‌ترسیه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه، بۆته سه‌به‌بی «له‌به‌رچوون»ی مناڵی ڕێژه‌یه‌کی زۆر له دایکان و «سه‌ر ئێشه» و «سه‌قه‌ت له دایک بوونی مناڵ»، «چوونه سه‌ری زه‌ختی خوێن»، «ڕشانه‌وه» ، هتد، له‌م شاره و داوایی لابردنیان کردبو.

ئه‌م جاره‌ش شۆڕاکانی شار له هه‌وڵێکی هاوشێوه دا داوایان له فه‌رمانداری شار کردووه که هۆی ئه‌م کرده‌وه‌ی ڕه‌ژیم ئاشکرا بکات و کۆتایی به بڵاوکردنه‌وه‌ی پارزیت بێنێت که بۆته هۆی سه‌رهه ڵدانی نه‌خۆشی زۆر.

شایانی باسه له دوایی هه‌ر دوو هه‌وڵ و نامه‌ی پزیشکان و شۆڕاکانی شار دا، فه‌رمانداری مه‌هاباد به هۆی گووشاری ده‌زگاکانی ئاسایشی ڕه‌تیکردۆته‌وه که بڵاوکردنه‌وه‌ی پارازیت له مه‌هاباد پێڕه‌و کرابێ.

ئێران ده‌یه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر خانووی مادیح ئه‌حمه‌دی دابگرێ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: مادیح ئه‌حمه‌دی، ڕۆژنامه‌وان، که پاش ماوه‌یه‌ک گیران و زه‌خت و گووشار، ئێستا له باشووری کوردستان ده‌ژیت، ده‌ڵێ که ئێران ده‌یه‌وێ ماڵه‌که‌ی داگیر بکات که وه‌کو بارمته بۆ ئازاد بوونی دایناوه.

«مادح ئه‌حمه‌دی» چالاکی سیاسی و رۆژنامه‌‌وانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که به هۆی نووسینی بابه‌تگه‌ێل سه‌باره‌ت به «ژینۆسایدی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان» له میانه‌ی ئاڵۆزیه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی هاوینی ساڵی 2005، له لایه‌ن ئیتلاعاتی ئێرانه‌وه گیرابوو و پاشان به بارمته ئازاد کرابوو و ئێستاش  به‌هۆی ئه‌وه‌ی خانووی بنه‌ماڵه‌كه‌مان له‌ بری ئازاد كردن له‌ بارمته‌دا دانراوه‌، ئێسران ده‌یه‌وێ خانووه‌كه به بنه‌ماڵه‌که‌ی‌ چۆڵ بكه‌ن.

ناوبراو به په‌یامنێری ڕاگه‌یاندووه که له لایه‌ن ئیتلاعاتی ئێرانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کرێ و  به ته‌له‌فۆن داوایی خۆته‌سلیم کردنه‌وه‌ی لێده‌کرێ.

شایانی باسه که مادیح ئه‌حمه‌دی 4 مانگ له لایه‌ن ئیتلاعاتی ڕه‌ژیمه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوو و پاشان به بارمته‌ی 50 میلیۆن تمه‌نی به شێوه‌ی کاتی ئازاد کرابوو و ئێستا له باشووری کوردستانه و ئێرانیش ده‌یه‌وێ که خانووه‌که‌ی له جێگه‌ی بارمته به بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو چۆل بکات

ئه‌ردۆغانیش به هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ ئۆجه‌لان لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: پاش ئه‌وه‌ی که ئاشکرابوو «ئه‌ردۆغان» له ساڵی 2000 و له میانه‌ی لێدوانێکی بۆ ڕادیۆیه‌کی ئۆستراڵی دا، وشه‌ی «به‌ڕێز»ی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان به‌کارهێناوه، سه‌ره‌نجام دادگایه‌کی ئه‌نقه‌ره لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌م یه‌که ده‌ستپێکرد.

له به‌ره‌به‌ره‌ی نزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری تورکیا و ئه‌گه‌ری، بوونی به سه‌ر کۆماری ئه‌ردۆغان، پارته‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و دژه‌به‌رانی ناوبراو، هه‌وڵ ده‌ده‌ن که که‌سایه‌تی ئه‌ردۆغان و ڕابردووی سیاسی بخه‌نه ڕوو و تووشی کێشه‌ی بکه‌ن و بۆیه‌ش لێدوانێکی ڕادیۆیی ناوبراویان هێناوه‌ته ڕۆژه‌ڤه‌وه که دوو جار به «عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان» ده‌ڵێ «به‌ڕێز».

«ده‌نیز بایکاڵ»، له‌م هه‌فته‌دا ده‌یان جار له لێدوانه‌کانی دا هێرشی کردعته سه‌ر ناوبراو ده‌ڵێ که‌سێک که به ڕێبه‌ری گرووپێکی تیرۆریستی ده‌ڵێ به‌ڕێز، بۆی نیه ببێته سه‌رکۆمار. پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستش ئه‌مانه دووپات ده‌کاته‌وه.

ئه‌ردۆغان له‌مباره‌وه ده‌ڵێ که «بایکاڵ’، له نه‌وه‌ته‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئێستایی ئه‌م گرووپه (پ.ک.ک)، هاوپه‌یمان بووه و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئێستایی کۆنگره‌ی گه‌ل هه‌ڤاڵ بووه بۆیه هه‌ر نابی قسه بکات.

ئاماژه‌ی ئه‌ردۆغان به هاوپه‌یمانی پارتی سۆسیالیستی گه‌ل و پارته چه‌په‌کان له کوردان له ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ت بوو که «زوبه‌یر ئایدار» و له‌یلا زانا و هه‌ڤاڵانیشی، له ناو پارله‌مان دابوون و «بایکاڵ»یش له‌گه‌ڵیان بوو و ئێستاش ئایدار سه‌رۆکی کۆنگره‌ی گه‌له.

تورکیا، پ.ک.ک به تیرۆریست ده‌زانێ و بۆیه‌ش وشه‌ی «به‌ڕێز»، بۆ ئۆجه‌لان، ئاخاوتن به زمانی کوردی له شوێنه فه‌رمیه‌کان، سیاسه‌ت له سه‌ر بنه‌مایی نه‌ته‌وه، قه‌ده‌غه‌یه.

پاش 48 کاتژمێر، ئاکامه‌کانی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی مێڵبۆڕن گۆڕا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئاگادار بووین که پاش، 48 کاتژمێر دوابه‌دوایی کۆتایی پێهاتنی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی مێلبۆڕن، ئاکامه‌کان گۆڕان و به‌رهه‌مێکی تر وه‌کو براوه‌ی خه‌ڵاتی به‌شی «دراما-دۆکیۆمه‌نته‌ر»، ڕاگه‌یاندرا.

پاش ئه‌وه‌ی که شه‌وی دوایی کۆتایی هاتنی فیستیڤاڵه‌که‌ ڕاگه‌یاندرا که به ده‌نگی هه‌یئه‌تی داوه‌ران له به‌شی دڕاما، «ئاوی ڕه‌ش»، به‌شی «دراما و دۆکیۆمه‌نتار»، «خه‌یاڵی ون بوو» و له به‌شی دۆکیۆمه‌نتار دا «تۆران له خودا»، باشترین خه‌لاته‌کانیان وه‌رگرتووه، به‌ڵام 48 کاتژمێر پاش کۆتایی هاتنی فێستیڤاڵه‌که، ئاکامه‌کان به هۆیه‌کی نادیار، گۆڕدران و فیلمی «دووچه‌رخه»، به‌رهه‌می «هۆره‌ن غه‌ریب» له باشووری کوردستان، خه‌ڵاتی به‌شی دراما-دۆکیۆمه‌نته‌ری پێ به‌خشرا.

شایانی باسه که ده‌رهێنه‌رانی فیلمی دراما-دۆکیۆمه‌نته‌ری «خه‌یالی ون بوو»، پێوه‌ندیان به کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵه‌که‌وه گرتووه‌ و ناره‌زایه‌تی و سه‌رسوڕمان خۆیان له م یه‌که ڕاگه‌یاندنووه، که‌چی تاکو ئێستا هیچ جوابێکیان له لایه‌ن کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵه‌که‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه.

له کاتێک دا که به‌ڕێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵه‌که باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌مه ته‌نیا به هۆی کێشه‌ی ته‌کنیکی و هه‌ڵه‌ی زمانی ڕووی داوه، و له ناپڕۆفێشنه‌ڵی یه‌کمین جاری ئه‌م فێستیڤاڵه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێ، به‌ڵام وادیاره که هۆیه‌کی تر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که پاش گوزه‌رانی 48 کاتژمێر، له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاکامه‌کان و ڕاگه‌یاندنی نێوی فیلمه خه‌ڵات کراوه‌کان، یه‌کێکیان ده‌گۆڕدرێ و له جێگه‌ی «خه‌یاڵی ون» بوو، «بسیکلێت» یان «دووچه‌رخه»، وه‌کو براوه‌ی به‌شی دراما-دۆکیۆمه‌نته‌ر، ڕاده‌گه‌یێندرێ.

هوشیار زێباری: مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان له ئاوه‌کانی عێراق ده‌زگیر کراون

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: ئاژانسی فرانس پڕێس له زاری هۆشیار زێباری ڕایگه‌یاند که ئیدعایی به‌رپرسانی ئێرانی ڕاست نیه و مه‌له‌وانه ئینگلیزه‌کان له ناو سنووری ئاوی عێراق ده‌زگیر کراون.

به گوێره‌ی هه‌واڵه‌که، هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فیدراڵ ڕایگه‌یاند که 15 مه‌له‌وانی هێزه‌کانی ده‌ریایی ئینگلیز، که به‌شێکن له هێزه‌کانی هاوپه‌یمان له ناو سنووره‌کانی ئاوی خاکی عێراق ده‌زگیر کراون و  هه‌ر بۆیه‌ش داوا له ئێران کراوه که بێ مه‌رج مه‌له‌وانه‌کان ئازاد بکات.

ده‌وڵه‌تی ئینگلیز، وئه‌مریکا و هه‌روه‌ها به‌رپرسانی یه‌کێتی ئه‌ورووپاش خوازیاری ئازادکرانی هه‌رچی زووتری مه‌له‌وانه گیراوه‌کانی هێزی ده‌ریای ئینگلیزن و ئێرانیش ئیدعا ده‌کات که ئه‌م 15 ئینگلزیه، دانیان به‌وه داناوه که له ناو ئاوه‌کانی ئێران بوونه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که به تۆمه‌تی جاسووسی له تاران دادگایی بکرێن.

کارناسانی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که ئێران ده‌یه‌وێ له مامه‌ڵه‌یه‌کی شاراوه‌ی سه‌ربازی دا له جێگه‌ی 15 مه‌له‌وانی ئینگلیزی، 5 ئه‌ندامی سپایی قودسی سپایی پاستاران له هه‌ولێر، بگۆڕێته‌وه.

120 گیراوی دۆزی پ.ک.ک، بۆ پشتیوانی له ئۆجه‌لان، مانگرتن له خواردنیان ده‌ستپێکرد

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: 120 گیراوی دۆزی پ.ک.ک له گرتووخانه‌ی تیپی «ف»ی سه‌نجان، به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆکردنی هه‌وڵی ژه‌هرخواردکردنی ئۆجه‌لان و ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر وه‌زاره‌تی دادی تورکیا، مانگرتن له خواردنیان ده‌ستپێکرد.

به مه‌به‌ستی پرۆتیستۆ کردنی وه‌زاره‌تی دادی تورکیا له‌مه‌ر ڕانه‌گه‌‌یاندنی به‌ڵگه‌ و زانیاری ڕاسته‌قینه‌ سه‌باره‌ت به ژه‌هرخوارد کردنی عه‌بدولا ئۆجه‌لان، 120 گیراوی دۆزی پ.ک.ک، له لقی دووی گرتووخانه‌ی تیپی‌»ف»ی سینجان، له ڕێکه‌وتی 15ی مارته‌وه، مانگرتن له خواردنیان ده‌ستپێکردووه و هه‌روه‌ها له‌م ڕێکه‌وته‌وه، زانرا که گیراوان، خواردنی ده‌رمانیشیان ڕاگرتووه.

گیراوانی دۆزی پ.ک.ک له‌م گرتووخانه‌یه‌ له کاتی دیتنی پارێزه‌رانیان دا، وێرای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌اڵه، ده‌ڵێن که له گرووپی 6 که‌سی دا و هه‌ر گرووپه‌ی به نۆبه، 3 ڕۆژ مان له خواردن ده‌گرن و تا کاتی ڕاگه‌یاندنی ڕوونکراوه‌یه‌کی ئاشکرا و ڕاسته‌قینه‌ سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ته‌ندروستی ئۆجه‌لان، ده‌ست له‌م چالاکیه‌ی خۆیان هه‌ڵناگرن و ئه‌گه‌ر کێشه‌که ڕوون نه‌بێته‌وه، به گشتی ده‌چنه ناو پۆزیسیۆنی مانگرتن له خواردنی بێ کۆتایی.

«زێنه‌ب بایه‌زیدی»، به 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کرا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به‌ گوێره‌ی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، «زینه‌ب بایه‌زیدی»، ئه‌ندامی چالاکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، به تۆمه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و بابه‌تی ناڕاست و پڕۆپاگه‌نده دژ به کۆماری ئیسلامی، به 6 مانگ سزای زیندان مه‌حکووم کرا.

«زێنه‌ب بایه‌زیدی»، ئه‌ندامی چالاکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له شاری مه‌هاباد، به تۆمه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌وڵ و بابه تی ناڕاست، پڕۆپاگه‌نده دژ به کۆماری ئیسلامی و هاتووچۆی نایاسایی بۆ ئه‌ودیوی سنوور، به 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کرا.

ناوبراو به بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر، له لقی 2ی دادگایی شۆڕشی ئیسلامی شاری مه‌هاباد، دادگایی کرا و ڕۆژی 6ی خاکه‌لێوه، حوکمی 6 مانگ سزای زیندانی پێ ڕاگه‌یاندرا.

شایانی باسه که ئه‌م حوکمه هه‌ڵپه‌سێدراوه و له کاتی دووپات بوونه‌وه‌ی له 4 ساڵی داهاتوو دا ناوبراو به 6 مانگ زیندان و دوورخستنه‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ی مه‌راغه،مه‌حکووم ده‌بێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، وێرای ڕاگه‌یاندنی ناڕه‌زایه‌تی و داخی خۆی له‌م حوکمه خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕای دادگایه.

هاوڵاتیه‌کی ته‌مه‌ن 70 ساڵه‌ی کورد، به 10 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به‌ گوێره‌ی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، هاوڵاتیه‌کی ته‌مه‌ن 70 ساڵه‌ی دیوانده‌ره‌یی، به تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تی دوو کوڕی له‌سێداره‌دراوی له حیزبێکی کوردستانی، به 10 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا.

«محه‌ممه‌د ساڵح حوسێنی»، هاولاتی ته‌مه‌ن 70 ساڵه‌ی خه‌لکی ئاوایی «گه‌زانی سه‌ره‌ۆ»، له ناوچه‌ی «حه‌سه‌ن ئاوا»ی دیوانده‌ره، به هۆی ئه‌وه که دوو کوڕی له‌سێداره‌دراوی ناوبراو ئه‌ندامی حیزبێکی کوردستانی بوونه، له لایه‌ن دادگایی شۆڕشی ئیسلامی سنه‌وه به 10 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه و ئێستاش 7 ساله له گرتووخانه دایه.

«محه‌ممه‌د ساڵح حوسێنی» باوکی ئه‌نوه‌ر و فه‌ره‌یدوون حوسێنیه». ئه‌نوه‌ر حوسێنی، ئه‌ندامی حیزبێکی کوردستانی بووه که له ساڵی 1362 له ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنێک دا، شه‌هید بووه و فه‌ره‌یدوونیش، له جه‌ریانی کوشتاری به‌کۆی گیراوانی سیاسی له هاوینی ساڵی 1367 له گرتووخانه‌ی ئێڤینی تاران، له‌سێداره‌دراوه و ئێستاش ته‌رم و شوێنی ناشترانی ناوبراو دیار نیه.

هه‌ر به‌م هۆی کوڕه‌کانیه‌وه و به تۆمه‌تی ئه‌وه که خۆشی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کانه‌وه هه‌یه، محه‌مه‌د ساڵح حوسێنی، 7 ساله که له گرتووخانه‌ سنه دا زیندانیه و ئێستاش به هۆی پیری ونه‌خۆشی پشت و دۆخی ناله‌باری ته‌ندروستی ناتوانێ که زیندان ته‌حه‌ممول بکات و بۆیه‌ش، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای نیشان دانی داخی خۆی له‌ باره‌ی درانی سزای کێنه‌ئامێز و ناعادڵانه له لایه‌ن دادوه‌رانی کۆماری ئیسلامیه‌وه، خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حکومه و ئازادکرانی بێ مه‌رجی ناوبراوه.

109مین ساڵیادی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له پارله‌مانی ئه‌ورووپاش، یادی ده‌کرێته‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه و‌اڵ: زانرا که ڕۆژانی 16 هه‌تا 20 ی ئاڤریلی ئه‌مساڵ، پێشانگایه‌ک به بۆنه‌ی 109مین ساڵیادی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له ته‌لارێکی پارله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌کرێته‌وه.

ئه‌م پێشانگایه که سه‌باره‌ت به مێژووی رۆژنامه‌وانی کوردی، به به‌شداری نووسه‌ری کورد «ڕێناس نه‌ورووزی»و له‌ ژێر چاوه‌دێری ئه‌ندامی پارلمان، خاتوو «ئان ڤان لانکه‌ر» به‌ڕیوه‌ده‌چێ، وێنه‌ی یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردستانیشی لێ بڵاو ده‌کرێته‌وه.

په‌یامنێر ده‌ڵێ که له‌م پێشانگایه‌ دا، نه‌خشه‌ مێژوویه‌کانی کوردستان، له‌وانه‌،نه‌خشه‌ی کوردستان که‌ له‌ ساڵی 1945 دا پێشکه‌شی کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆ کرابوو، له‌ پیشانگاکه‌ نیشان ده‌درێن و چه‌ند وتارێکیش سه‌باره‌ت به‌ مێژووی ڕۆژنامه‌وانی کورد و بارودۆخی ئێستای ڕۆژنامه‌وانی کورد به مه‌بنه‌ستی ناساندی خه‌باتی ڕۆژنامه‌وانی کورد ، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی  له‌ کوردستان، پێشکه‌ش ده‌کرێت.

شایانی باسه که مێژووی رۆژنامه‌وانی له کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی به‌ناوی «کوردستان» که له‌ لایه‌ن برایانی «به‌درخان»ه‌وه‌، له‌ قاهیره‌، پێته‌ختی میسر، له 109 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه، بڵاوه‌ کراوه‌ته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌وانێکی ئه‌مریکی: ئه‌مریکا پشتیوانی له پژاک و مجاهدینی خه‌ڵق ده‌کات

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: «ریس ئه‌ڵڕیش» رۆژنامه‌وانی ئه‌مریکی و نووسه‌ری کتێبی «ئامانج گرتنی عێراق»، که له‌م دوایانه‌ دا سه‌ردانی باشووری کوردستان و ئێرانیشی کردووه، له وتووێژێک دا باسی له یارمه‌تی و پشتیوانی ئه‌مریکا بۆ پارته کورده چه‌کداره‌کانی ئێرانی کردووه. ناوبراو ده ڵێ که ئه‌مریکا پشتیوانی له پژاک و موجاهیدینی خه‌ڵق ده‌کات و حدکا و کۆمه‌ڵه‌ش، ڕوانگه‌ی جیاوازیان هه‌یه له هه‌مبه‌ر، هێرشی ئه‌مریکا بۆ ئێران.

ئه‌ڵڕیش که زیاتر له 20 ساڵه، له ڕۆژنامه‌ ومێدیاکانی ته‌لڤزیۆنی و ڕادیۆیی ئه‌مریکا دا، چالاکی ده‌کات، له سالی 2003 دا، سه‌ردانی ئێرانی کردووه و له‌م دوایانه‌ش دا پاش سه‌فه‌رێک بۆ عێراق و باشووری کوردستان، له وتووێژێک دا له‌گهه‌ڵ «واشینگتۆن پڕیزۆم» ده‌ڵێت: ئه‌مریکا پشتیوانی له حیزبه کورده‌کان ده‌کات، به تایبه‌ت له بواری مێدیا و ڕاگه‌یاندن دا، بۆ له‌ناوبردنی کۆماری ئیسلامی.

«ریس ئه‌ڵڕیس» رۆژنامه‌وانی ئه‌مریکی که سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کات و ڕاوه‌سته‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له ژماره‌ی مانگی مارسی مانگنامه‌ی «ماده‌ر جۆنز» دا، به‌م شێوه باس له پێوه‌ندی، یارمه‌تی و پشتیوانی هێزه‌ کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له باشووری کوردستان ده‌کات:

سه‌رڤیسه سیخوریه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی له ئۆپێراسیۆنه‌کانی ناو سنووره‌کانی ئێران ده‌که‌ن و به پوی زانیاریه‌کانی من، ئه‌مریکا و ئیسرائیل، یارمه‌تی و پشتیوانی له پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) و «موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران ده‌کات». بۆ وێنه ئه‌مریکا له ئه‌ندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران ده‌پرسێ که ئایا ئه‌م ڕێکخراوه‌یان به‌جێهێشتووه یان نا؟ ئه‌گه‌ر به‌رسیڤی ئه‌رێنی بده‌ن، ئه‌وه بۆ خۆی به مه‌به‌ستی ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنی نیزامی له ناو خاکی ئێران، په‌روه‌ڕده‌یان ده‌کات.

ئه‌ڵریش ده‌ڵێ: من له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م که داواکانی که‌مایه‌تیه‌ نه ته‌‌وه‌یه‌کان، بۆ وێنه کوردان، مه‌شرووع و ئاساییه، چونکه ئه‌وان مافی په‌روه‌رده‌ به زمانی خۆیان نیه و تووشی جیاوازی تریشن له کۆمه‌ڵگا و بۆیه‌ش کێشه له‌گه‌ڵ یارمه‌تی و پشتییوانی ئه‌وان نیه و بۆ وێنه ئه‌مریکا پشتیوانی له توندڕۆترین به‌سی ئه‌و کوردانه ده‌کات که «پارتی ژیانی ئازادی کوردستانه که له سه‌ر ڕه‌وشی که‌سایه‌تی  ناسیۆناڵیستی «عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان»، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک، چالاکی ده‌کات.

موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێرانیش، به ڕاستی تووشی کێشه‌ی لاسایی کردنه‌وه‌ی شێتانه له شێوه بیرۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت(شه‌خس په‌رستی) بووه و له لایه‌ن ڕێبه‌رانی شاراوه و ڕه‌مزاوی و ده‌سه‌ڵات خوازه‌وه ڕێبه‌ری ده‌کرێن.

له حاڵێک دا که ئه‌م گرووپانه (پژاک و موجاهیدین)، خۆیان به سوسیال دێموکرات پێناسه ده‌که‌ن، سه‌یره که پشتیوانی خۆیان له «ڕاست گه‌را»ترین لایه‌نه‌کانی ناو وڵایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا وه‌رده‌گرن.

ئه‌ڵڕیش له درێژه‌دا ده‌ڵێ: من دیدارم له‌گه‌ڵ سێ پارتی کوردی جێگرتوو له ئۆردووگاکانی باشووری کوردستان کردووه. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشی کوردستانی ئێران ده‌ڵێن که ئه‌وان به‌ڕده‌وام هه‌وڵی ئه‌ندامگیری تازه ده‌ده‌ن له ناو خۆی ئێران و هه‌ردووک هێزی پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه و به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هیچ کامیان به‌شداریان له ئۆپێراسیۆنی سه‌ربازی له ناوخۆی ئێران دا نه‌کردووه.

ناوبراو ده‌ڵێ که سه‌خته بزانرێ که ئایا ئه‌م دوو حیزبه له ناو خۆی کوردستانی ئێران به‌ڕاستی تا چ ڕاده پشتیوانیان لێده‌کرێ. سه‌ره‌رایی ئه‌وه که ئه‌م حیزبانه ئه‌ندامانی خۆیان له لاوانی ناڕازی ناوخۆ هه‌ڵده‌بژێرن که تووشی کێشه و سه‌رکوت و ئازار بوونه‌ته‌وه.

ڕۆژنامه‌وانی ئه‌مریکی ده‌ڵێت، سه‌رجه‌م پارته کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، سیسته‌مێکی فێدراڵ بۆ داهاتوی ئێران پێشنیار ده‌که‌ن وله سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که پێویسته له ئێرانی داهاتوو دا، سیاسه‌تین ده‌ره‌کی که‌لان، ئه‌رته‌ش و ئابووری وڵات، له ده‌ستی ناوه‌ند دابێ و له ناوچه فێدراڵه‌کانیش، ده‌وڵه‌تی خۆجێیی، په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، پۆلیسی ئاسایشی ناوخۆ و کۆمه‌ڵێک شتی تر له ئیختیاری حکومه‌تی فێدراڵ دابێ.

ئه‌و حیزبانه لایه‌نگری له جیابوونه‌وه له ئێران ناکه‌ن و له ناوخۆش دا کۆمه‌ڵێکی زۆر له رۆشنبیران، پشتیوانی له بیرۆکه‌ی سیسته‌می فیدراڵی بۆ ئێران ده‌که‌ن. به‌ڵام خواستی مانه‌وه له‌گه‌ل ئێران بۆ کوردان له‌وانه‌یه که له ئاکامی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان دا، بگۆڕدرێ.

ئه‌ڵڕیش ده‌ڵێ: کاتێک که من له ئێران بووم، به بڕوایی من که‌س لایه‌نگری و پشتیوانی له موجاهیدینی خه‌ڵق ناکات و ئه‌م ڕێکخراوه له‌گه‌ڵ حیزبه کوردیه‌کانیش هیچ پێوه‌ندیه‌کی نیه.

ریس ئه‌لڕیش ده‌ڵێ: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به توندی دژایه‌تی هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران ده‌کات و ئه‌م یه‌که له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و دژه‌به‌رانی ئێرانیش دانیه. به‌ڵام پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، به‌م هیوایه‌یه که به هێرشی ئه‌مریکا ڕه‌ژیمی ئێران بگۆڕێ و بۆیه‌ش پێشوازی له هێرشێکی سه‌ربازی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران ده‌کات.

کۆمه‌ڵه‌ش ده‌ڵێ که نه پشتیوانی و یارمه‌تی له ئه‌مریکا ده‌وێت و نه‌ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌مریکا بۆ ئێران ده‌کات و ئه‌گه‌ر چی له‌م بڕوایه‌ دان که هێرشێکی له‌م شێوه ده‌توانێ که ڕه‌ژیمی ئێران بگۆڕێ، به‌ڵام دیسانیش، په‌ره‌ به‌م بیرۆکه‌یه‌ ناده‌ن.

ڕۆژنامه‌انی ئه‌مریکی ده‌ڵێت که من له کاتی پرسینی پشتیوانی ئه‌مریکا له پژاک، له‌گه‌ڵ جوابی نیگه‌تیڤی به‌رپرسان به‌ره‌وڕوو بووم و ده‌ڵێن که ستراتێژی بوش، یارمه‌تی ئێرانیه‌کانه بۆ هێنانه سه‌ر کاری ده‌وله‌تێکی تازه و به فه‌رمی ناوی : گۆڕینی ڕه‌ژیم»ی لێ نانێن. له ڕاستیش دا ئه‌مریکا هه‌ر هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌وه که له ئێران ده‌وڵه‌تێکی نزیک له خۆی بێنێته سه‌ر کار.

ئه‌لڕیش سه‌باره‌ت به دیداره کانی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کورد و به‌رپرسانی ئه‌مریکا ده‌ڵێت: له سا:ی 2006 دا ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشی کوردستانی ئێران سه‌ردانی ئه‌مریکایان کرد و دیداریان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ره‌ده‌ی نێوانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رپرسانی ئاسایشی ئه‌مریکا کرد و سه‌ره‌رایی هاتنه به‌ر باسی دیداره‌کان له مێدیای ناوچه و جیهانی دا، باس له ناوه‌ڕۆکی ئه‌وان نه‌کرا و ته‌نیا گوترا که دۆستانه بووه.

له هه‌مان ساڵ دا «مسته‌فا هیجری» ڕێبه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، له سه‌ردانی ئه‌مریکایی دا دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریکا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه کردبوو و وتبووی که ئێمه ماوه‌یه‌کی درێژه که پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه و به‌ڵام ره‌تیده‌که‌نه‌وه که هیچ چه‌شنه یارمه‌تیه‌کیان له‌م وڵاته وه‌ڕگرتبێ، به‌ڵام به ئاشکرا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن که ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا پێشنیاری شتێکیان پێ بکات، مومکینه، قه‌بووڵی بکه‌ن.

مورته‌زا ئه‌سفه‌ندیاری، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئه‌مریکاش ده‌ڵێ که ئێمه هه‌وڵامان داوه که به‌شێک له‌م 85 میلیپن دۆلاره که ئه‌مریکا بۆ «په‌ره‌پێدانی دێموکراسی» له ئێران سه‌ڕفی ده‌کات بگرین، بۆیه‌ که ئێمه ناتوانین له‌م جیهانه دۆستی باشتر له ئه‌مریکا په‌یدا بکه‌ین.

مسته‌فا هیجریش ده‌ڵێ که دژایه‌تی هه‌ر هێرشێکی سه‌ربازی ئیسرائیل و ئه‌مریکا بۆ ئێران به بیانووی پێشگیرانه ده‌کات، بۆیه‌ که بۆردومان ناتوانێ ڕه‌ژیمی ئێران بگۆڕێ و به‌ڵکو به‌هانه زۆرتر به حکومه‌تی تاران ده‌دات، تا له جیهانی ئیسلام دا، پرۆپاگه‌نده‌ی زیده‌تری پێبکات.

شایانی باسه چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ریش، ڕۆژنامه‌وانی نوداری ئه‌مریکی، «سێمۆر هێرش»، باسی له پشتیوانی ئه‌مریکا له پژاک و یارمه‌تی لۆژێستیک و دیداری به‌رپرسانی ئه‌م پارته کردبوو و به‌ڵام پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، وێڕای ڕه‌خنه گرتن له‌م نووسراوه و ئیدعایه‌یی «هێرش»، وتبووی که ئێمه هیچ هاوکاریه‌کمان له لایه‌ن ئه‌مریکاوه. پێنه‌کراوه.

تێبینی: بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، ته‌نیا به مه‌به‌ستی زانیاری دان و ئه‌رکی ڕاگه‌یاندنه و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی نیشان ده‌ری بۆچوونه‌کانی ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشێت ناکات.

مام جه‌لال به‌ره‌و ڕیاز وه‌رێکه‌وت و بڕایاره له‌وێ دیدار له‌گه‌ل ئه‌ردۆغان بکات

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: پاش نیزێک به مانگێک دووری له سیاسه‌تی ئه‌کتیڤ و ئه‌رکه‌کانی، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رکۆماری عێراق، به نوێنه‌رایه‌تی وڵاته‌که‌ی به‌ره‌وه، کۆنگره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب له ڕیازی عه‌ره‌بستانی سعودی وه‌رێکه‌وت.

مام جه‌لال به‌ر له ده‌سپێکی سه‌فه‌ره‌که‌ی به یاوه‌ری شاندێکی پێکهاتوو له نوێنه‌رانی پارله‌مان، هومام حه‌موودی، وه‌زیری زانستی باڵا، وه‌زیرانی بازرگانی و ده‌ره‌وه، به مه‌به‌ستی گوتووبێژ له‌سه‌ر باری ئاسایشی عێراق، کێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و ئاڵۆگۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و جیهان به‌ره‌وه، له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی دا هیوایی خواست که ئه‌م کۆنگره ده‌سکه‌وتی باشی بۆ عێراقیه‌کان لێبکه‌وێته‌وه و وڵاتانی دراوسێ و عه‌ره‌ب پشتیوانی له  شه‌ری دژه تیرۆریسمی عێراق بکه‌ن و پاشان به‌ره‌و ڕیازی عه‌ره‌بستانی سعوودی به‌رێکه‌وت.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رکۆماری تورکیاش به داوه‌تی فه‌رمی شاعه‌بدوڵا بن عه‌بدولعه‌زیز، ده‌چێته ڕیاز و به‌شداری کۆنگره‌که‌ ده‌بێت و بڕیاره له‌‌م کۆنگره‌دا مام جه‌لال و ئه‌ڕدۆغان دیدار بکه‌ن.

ئه‌مڕۆش «تارق ئه‌لهاشمی» جێگری سه‌رکۆماری عێراق دێته ئه‌نقه‌ره و بڕیاره سه‌زه‌ری سه‌رکۆمار، عه‌بدوڵا گوڵ، وه‌زیری ده‌ڕه‌وه و ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیران ببینێت و پێشبینی ده‌کرێ که هاشمی له دیداری سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا دا باس له ئه‌گه‌ری دیتنی تاڵه‌بانی بکات.

شایانی باسه که پاش ئه‌وه‌ی که جه‌لال تاڵه‌بانی، وه‌کو سه‌کۆماری عێراقی فێدراڵ هه‌لبژێدراوه، تا ئیستاش له لایه‌ن تورکیاوه به هۆی کورد بوونی به فه‌رمی ناناسرێ و حکومه‌تی تورکیا و سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌م وڵاته ئاماده‌نیه دیداری له‌گه‌ڵ بکات و مه‌سعوود بارزانیش وه‌کو سه‌رۆکی هه‌رێم ناناسێت و ئه‌وه جگه‌ له‌م یه‌که‌یه  که دانی به فێدراڵ بوونی هه‌رێمی کوردستان دانه‌ناوه و دژایه‌تی کوردان و سیسته‌می فێدراڵی له عێراق ده‌کات.

عه‌بدولاَی‌ حه‌سه‌ن زاده‌: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نین ناوی‌ حزبه‌كه‌مان بگۆڕین  

كوردستانیوز: ده‌رباره‌ی لێك نزیك بونه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵه‌ جیابوه‌كه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ،عیرفان ره‌هنمون له‌حزبی دیموكرات ده‌ڵێت تائه‌و باڵه‌ ناوی خۆیان نه‌گۆڕن ئاماده‌ی گفتوگۆ نابین له‌گه‌ڵیان، له‌به‌رامبه‌ردا باڵی عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده‌ كه‌له‌ حزبی دیموكرات جیابویه‌وه‌و خۆی به‌خاوه‌نی دیموكرات ده‌زانێت ئاماده‌ نیه‌ ناوی خۆیان له‌دیموكراته‌وه‌ بگۆڕن، له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نوس «هیلال ئیبراهیم » دیدارێكی له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا ئه‌نجامداوه‌.

سازدانی‌ دیدار : هیلال ئیبراهیم

دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌راگه‌یاندنه‌كان ئه‌وه‌ بلاَوبووه‌وه‌ كه‌ گوایا لێك نزیك بوونه‌وه‌ دروست بوه‌و بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ و و هۆكاره‌كانی‌ و وه‌ ئه‌گه‌ری‌ فشار خستنه‌ سه‌ریان یا یه‌ك بگرنه‌وه‌ یان به‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ن ئه‌م دو دیداره‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ (عه‌بدولاَی‌ حه‌سه‌ن زاده‌) كه‌سی‌ دیاری‌ باڵی‌ جیابوه‌ و (عیرفان ره‌هنمون) نوێنه‌ری‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامدا.

-ئایا ئه‌و ده‌نگۆیه‌ راسته‌ كه‌ ئێوه‌ داواتان كردووه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزبی‌ دیموكرات؟

* ئێمه‌ وتومانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر حزبێك كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌وانن له‌گه‌ڵ هه‌ر حزبێك كه‌ ئیمكانی‌ كاركردن و پێكه‌وه‌یی‌ هه‌بێ‌ ئاماده‌ین له‌وباره‌وه‌ وتوێژ بكه‌ین و هاوكاریی‌ دوبه‌دوویی‌ بكه‌ین له‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بوونه‌ یه‌ك حزب ئه‌گینا ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ده‌ستنیشانكراو پێشنیاری‌ دیداری‌ ئه‌وانمان نه‌كردووه‌ ئێمه‌ داوامان نه‌كردووه‌ كه‌ یه‌كبگرینه‌وه‌ داواكاری‌ شتێكه‌ و ئاماده‌بوون بۆ كارێك شتێكی‌ دیكه‌یه‌ به‌لاَم ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ هاوكار بێت بۆ ئه‌وه‌ بۆچی‌ نا؟ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌، ئێمه‌ ئێستاش له‌ بواری‌ فیكرییه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌ر هێزێكی‌ تر له‌گه‌ڵ ئه‌وان نزیكین، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ حزبێكدا بووین به‌لاَم وه‌كو داوا كردن و پێشنیار نه‌خێر ئێمه‌ پێشنیاری‌ وامان نه‌كردووه‌.

– به‌لاَم ئه‌وانیش ره‌نگه‌ ئه‌و ئاماده‌ییه‌یان تێدا بێت بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ به‌لاَم مه‌رجیان هه‌یه‌ وه‌ك گۆڕینی‌ ناوی‌ حزبه‌كه‌تان، ئێوه‌ ئاماده‌ن شتی‌ وا بكه‌ن؟

* خۆی‌ ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی‌ سه‌یره‌ ئه‌گه‌ر بڕیاربێ‌ یه‌كبگرینه‌وه‌ بۆ ناو بگۆڕین؟ به‌لاَم ئه‌وی دیكه‌ كه‌ یه‌كنه‌گرینه‌وه‌ ناو بگۆڕین ئه‌وه‌ ئیدیعایه‌كه‌ خۆیان ده‌یكه‌ن و ئێمه‌ ئه‌و ئیدیعایه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك فبوڵ ناكه‌ین چونكه‌ ئێمه‌ حزبێكبووین و ئه‌و حزبه‌ كه‌رت بووه‌ و بووه‌ته‌ دوبه‌ش هه‌ردو به‌شه‌كه‌ی‌ هه‌قی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌و ناوه‌ به‌كاربێنێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ واشمانكردووه‌ كه‌ فه‌رقێك هه‌بێ‌ ئه‌وان (حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران)ن و ئێمه‌ (حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان)، یانی‌ وشه‌ی‌ (ئێران)ه‌كه‌ له‌ناوه‌كه‌ی‌ ئه‌واندا هه‌یه‌ و له‌ناوه‌كه‌ی‌ ئێمه‌دا نییه‌. به‌هه‌رحاڵ نه‌ هه‌قی‌ ئه‌وانه‌ ناو بۆ ئێمه‌ دابنێن و نه‌ هه‌قی‌ ئێمه‌شه‌ ناو بۆ ئه‌وان دابنێین. -ئێمه‌ هه‌واڵێكمان لایه‌ كه‌ گوایه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم فشاری‌ خستۆته‌ سه‌ر ئێوه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ یاخود دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌ك تا چه‌ند شتی‌ وا هه‌یه‌.

*سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هیچ فشارێكی‌ نه‌خستۆته‌ سه‌ر ئێمه‌. به‌لاَم ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش بڵێین خه‌مخۆری‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ ئێران ریزه‌كانی‌ یه‌كبخات ئه‌وا ئێمه‌ سوپاسی‌ ده‌كه‌ین و زۆریش پێشوازی‌ ده‌كه‌ین له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانیان به‌لاَم هیچ فشارێك له‌سه‌ر ئێمه‌ نه‌بووه‌ و باوه‌ڕیش ناكه‌م ببێ‌. -به‌لاَم ئایا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم داوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ یاخود دروست كردنی‌ به‌ره‌ی‌ له‌ هه‌ردولاتان نه‌كردووه‌؟

* تا ئێستا شتی‌ وا به‌ ره‌سمی‌ نه‌كراوه‌ و نییه‌، جارێكی‌ شتێكی‌ وا گوتراوه‌ به‌لاَم تا ئێستا ئێمه‌ به‌ڕه‌سمی‌ بانگهێشت نه‌كراوین تا پێكه‌وه‌ دابنیشین و باسی‌ شتێكی‌ وا بكه‌ین به‌لاَم ئه‌گه‌ر داوایه‌كی‌ وا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بێت ئێمه‌ به‌دڵنیایی‌ به‌ باوه‌شی‌ ئاوه‌لاَوه‌ ده‌چین به‌پیرییه‌وه‌.

-مه‌به‌ستم ته‌نها له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ داواتان لێكرابێت بۆ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌ك له‌ رۆژهه‌لاَتی‌ كوردستان؟

* بۆ هه‌ر كامێكی‌ بێت خه‌مخورێكی وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێته‌ ناوه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ لاریمان نییه‌.

عیرفان ره‌هنمون: تا باڵی‌ حه‌سه‌نزاده‌ ناوه‌كه‌یان نه‌گۆرن ئاماده‌ی‌ هیچ جۆره‌ وتوێژیك نین.

– ئێوه‌ ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ باڵی‌ حه‌سه‌نزاده‌ یه‌كبگرنه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ هه‌ندێ‌ كێشه‌وه‌ لێتان جیابوونه‌وه‌؟

* ئێمه‌ وه‌ك حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران پێش دووساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورێیانه‌ی‌ پێشوومان كه‌ له‌حزب جودا بوونه‌وه‌ گفتوگۆو دیالۆكمان كردووه‌، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان ده‌یانویست شتێك به‌سه‌ر حزبدا بسه‌پێنن كه‌ له‌سه‌رو پرانسیپه‌ دیموكراتیه‌كان و بڕیاره‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ حزب بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان پێبێت یاخود ده‌لیلێكیان هه‌بێت بۆ جیابونه‌وه‌ جیابونه‌وه‌، ئێستا كه‌جیابونه‌ته‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دووباره‌ ده‌كه‌وینه‌وه‌ ناو وتوێژو دیالۆكه‌وه‌، ئێمه‌ به‌گشتی‌ وه‌ك پره‌نسیپێك وتووێژوو دیالۆك له‌گه‌ڵ هیچ گروپێك و لایه‌نێكا ره‌تناكه‌ینه‌وه‌، به‌لاَم وتو وێًژو دیالۆك ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ دیاری‌ كراوبێت بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ئێمه‌ پێمان وتوون ده‌توانن حزبێكی‌ تر دروست بكه‌ن وه‌له‌زۆر بواردا ئێمه‌ ده‌توانین هاوكاری‌ یه‌ك بكه‌ین، به‌لاَم ئێمه‌ مه‌رجمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ واردی‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هاوكارییه‌ك بین له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ مه‌رجه‌كه‌شمان ئه‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م ده‌بێت ناوی‌ حزبی‌ دیمكرات بگۆڕن ده‌بێت ئاڕمه‌كه‌یان بگۆڕن ئێمه‌ ناتوانین له‌به‌ره‌یه‌كدا به‌شدار بین كه‌ ئه‌وان به‌ناوی‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌شداربن چونكه‌ ناكرێ‌ دوو حزب یه‌ك ناویان هه‌بێت ئه‌وان هیچ به‌ڵگه‌و ته‌یدێكیان به‌ده‌وسته‌وه‌ نییه‌ كه‌ناوی‌ خۆیان ناوه‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وان له‌كۆنگره‌ جودا نه‌بونه‌ته‌وه‌ دووساڵ دوای‌ كۆنگره‌ی‌ حزب جودا بونه‌ته‌وه‌ له‌ راستیدا ئه‌وان تاقمێكن كه‌ له‌ حزب جودا بونه‌ته‌وه‌ حه‌قی‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ كه‌ناوی‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌سه‌ر خۆیاندا بنێن ئه‌گه‌ر ئه‌وان بێن ناوه‌كانی‌ خۆیان بگۆڕن بوارێكی‌ باش ئاماده‌ ده‌بێت بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ هاوكارییه‌ك.

– ئه‌ڵێ‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ وتوێژ له‌گه‌ڵ حزبی‌ دیموكرات؟.

* ئه‌وه‌ی‌ كه‌ روون و ئاشكرایه‌ كه‌ئه‌و جودابونه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان كردیان ئه‌و ئامانجانه‌ی‌ كه‌ له‌جودا بونه‌وه‌ هه‌یان بوو ئامانجه‌كانیان نه‌پێكا، چونكه‌ پشتیوانی‌ كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیان بۆ ئه‌و جودابونه‌وه‌یه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنا ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ جیاوازیان بۆ ئه‌و جودا بونه‌وه‌یه‌ نه‌بوو بۆ جودابونه‌وه‌كه‌ ئه‌وان ده‌یان توانی‌ ده‌نگخوازیه‌كانی‌ خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسا دیموكراسیه‌كانی‌ حزبی‌ دیموكراتدا بێننه‌ گۆڕێ به‌شه‌رتێ‌ كه‌ئه‌و یاسایانه‌ ئه‌و داخوازیانه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی‌ حزب و له‌گه‌ڵ بڕیاراتی‌ كۆنگره‌ دژایه‌تی‌ نه‌بوایه‌ به‌ئاسانی‌ ئه‌و داواكاریانه‌ی‌ ئه‌وان قبوڵ ده‌كرا به‌لاَم ئێستا كه‌ جودا بونه‌ته‌وه‌ ده‌توانن رێگایه‌ك بگرنه‌ به‌ر كه‌ ئه‌و رێگایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردوولا له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بێت باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌و هاوڕێیانه‌ ناوی‌ خۆیان بگۆڕن ناوێكی‌ كه‌ له‌خۆیان بنێن كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان كرد رێگا خۆش ده‌بێت بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌.

– واته‌ تا ئه‌و ناوه‌ نه‌گۆڕن دیالۆكیان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك؟

* ئێمه‌ بڕیارێكمان هه‌یه‌ كه‌ تا ئه‌وان ئه‌و ناوه‌ نه‌گۆڕن ئاماده‌ نین له‌ هیچ به‌ره‌و ئیتلاف و یه‌كگرتنێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هاوكاری‌ بكه‌ین.

-ئه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ش هیچ وتووێژێك ناكه‌ن؟.

* ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌و ناوه‌وه‌ كه‌ له‌خۆیان ناوه‌ ئێمه‌ وتومانه‌ له‌بڕیاری‌ پلینیۆمی‌ 9 هه‌مانه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی‌ تاك ئه‌و كه‌سانه‌یان كه‌ هه‌ستده‌كه‌ن فێڵیان لێكراوه‌ و وه‌به‌چه‌شنێك ده‌ستیان له‌ جیابوونه‌وه‌كه‌دا نه‌بووه‌ به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حزبی‌ دیموكراتنی‌ كوردستان ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگیشمان داناوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر ئه‌وان بێن ناوه‌كه‌یان بگۆڕن زه‌مینه‌ خۆش ده‌بێت بۆ هه‌موو نه‌وعه‌ دیالۆگێك و به‌ره‌و هه‌رنه‌ع ئیتلافێك له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌گه‌ڵً باقی‌ هێزه‌ كوردستانیه‌كان.

20 ئه‌ندامی پ.ک.ک به زیندانی 1 تا 10 سال مه‌حکوم کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له هه‌واڵێک دا ناوی 20 ئه‌ندامی پ.ک.ک‌یی ئاشکرا کرد ، که به 1 تا 10 سال زیندان مه‌حکووم کراون.

په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ده‌ڵێ که 20 ئه‌ندامی ده‌زگیرکراوی حیزبێکی کوردستانی(پ.ک.ک)، که خه‌ڵکی پارچه‌کانی تری کوردستانن، ئه‌سکه‌نجه دراون و 2 که‌سیسیان ئافره‌تن و یه‌کیشیان که‌م ئه‌ندامه و به‌ڵام له دادگایه‌کانیان دا به 1 تا 10 ساڵ زیندان سزا دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆ به شوێنی ده‌زگیر و دادگایی کردنی ئه‌م که‌سانه بکات، ناوه‌کانیان به‌م شێوه ئاشکرا ده‌کات، به‌ڵام پێشبینی ده‌کرێت ئه‌م که‌سانه، ئه‌ندامانی گیراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بن، که ڕه‌ژیمی ئێران دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئیدعایی کردبوو، له‌گه‌ل 207 هاوڵاتی تر له ئاوایه‌کانی شاره‌کانی ورمێ، ماکۆ، سه‌ڵماس و خۆی ده‌زگیری کردبوون:

  • عومه‌ر چیپره‌س، ناسراوه به «جه‌ببار»، خه‌ڵکی ئامه‌د، به 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • ئیحسان ته‌پوس، ناسراوه به «زاڵ»، خه‌ڵکی ئامه‌د، به 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • جه‌مهور ئه‌زگیچ، ناسراوه به «وڵات»، خه‌ڵکی مێردین ، به 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • مه‌حموود بورداک، ناسراوه به «چه‌کدار»، خه‌ڵکی مێردین به 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • ئه‌رجان قه‌ره‌ئیل، ناسراو به «دورین»، خه‌ڵکی موش، به 2 ساڵ مه‌حکووم کراوه
  • چه‌نگده‌ر عموویی، ناسراو به «یۆڵ هه‌لدان»، خه‌ڵکی خۆپی، به 1 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • ئه‌رکان گوڵ ته‌کین، ناسراو به «سواد»، خه‌ڵکی ئاگری به 4 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • مه‌هسوون ئاوجی، ناسراو به «موسا»م خه‌ڵکی ماردین، به 3 ساڵ سزا دراوه
  • مه‌همه‌د چه‌تینه‌ر، پانابه‌ر له که‌مپی مه‌خموور به 4 ساڵ و 4 مانگ زیندان، مه‌حکووم کراوه
  • عه‌بدوڵخالق گونه‌ش»، به دوو سال و 6 مانگ زیندان مه‌حکووم کراوه و دادگایی ناوبراو به‌رده‌وامه
  • مسته‌فا عه‌لی محه‌ممه‌د، ناسراو به «کۆبانی»، خه‌ڵکی ڕۆژئاوایی کوردستان، به سزای سێداره‌ مه‌حکووم و پاشان کراوه‌ته 10 ساڵ زیندان
  • خالید حه‌سه‌ن وه‌بان، ناسراو به «ساڵح»، خه‌لکی دیانان له باشووری کوردستان به 3 سال سزا دراوه
  • عه‌لی ئه‌حمه‌د سلێمان، ناسراو به «عه‌لی باشوور» به 5 ساڵ و 6 مانگ و دادگایه‌که‌ی به‌رده‌وامه
  • بایرام ئه‌رجان، ناسراو به «ده‌م هات»، خه‌ڵی جۆڵه‌مێرگ، دادگایی نه‌کراوه و چاره‌نووسی نادیاره
  • فه‌رهاد ئازه‌رنویس، ناسراو به «فه‌رهاد سه‌ڵماس»، دادگایی نه‌کراوه، چاره‌نووسی نادیاره و تووشی که‌م ئه‌ندامی و خوێنرێژی و چلکی له‌شی بریناوی بووه و له دۆخێکی ئاسته‌م دایه
  • هاروون ده‌وانی، ناسراو به «هاروون»، خه‌لکی سه‌لماس به 4 ساڵ مه‌حکووم کراوه
  • ده‌نیز ئاقکایا، ناسراوه به ڕۆژین، خه‌ڵکی مه‌رعه‌ش، به 2 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه و ڕه‌وشی ته‌ندروستی باش نیه.
  • ڕۆژان دۆغان، ناسراوه به «تێکۆشین»، خه‌ڵکی جۆڵه‌مێرگ، به 3 ساڵ زیندان مه‌حکوو کراوه
  • فاتمه حه‌سان، ناسراوه به «مزگین»، خه‌ڵکی ڕۆژئاوایی کوردستانه و به 17 مانگ زیندان مه‌حکووم کراوه
  • حه‌سه‌ن حیکمه‌ت ده‌میر، ناسراو به «ئه‌گید ئوڕفا»، ئه‌شکه‌نجه کراوه، نه‌خۆشه و دادگایی نه‌کراوه

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری دادگایی عادڵانه و به تایبه‌ت ئازادکردن سێ ئافره‌ته گیراوه‌که‌یه.

کۆنفڕانسی حه‌ڵه‌بچه و ژینۆسایدی گه‌لی کورد، له بریسبانی ئۆستراڵیا به‌ڕێوه‌چوو

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی هه‌وڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، کۆنفرانسی ژینۆسایدی گه‌لی کورد و حه‌ڵه‌بجه به هه‌وڵی کارگێران ڕادیۆیی کوردی شاری بریسبانی ئۆسترالیا و پشتیوانی حیزب و ڕێکخراوه کوردستانیه‌کان به به‌شداری ده‌یان چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد، چه‌ند سێناتۆری ئۆسترالیایی به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌م کۆنفرانسه له ته‌لاری پارله‌مانی ویلایه‌تی «کویزله‌ند» و به ئاماده‌بوونی «سێناتۆران ئه‌ندرو بارتلیت و کلیارمۆر»، و ده‌یان چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد به‌ڕێوه‌چوو و به پێشکێشکه‌ری خاتوو «هاوژین زه‌ندی» و خوێندنه‌وه‌ سرودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب و سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئۆسترالیا و یه‌ک خوله‌ک بێده‌نگی بۆ سه‌هیدانی ڕێگه ی ئازادی کوردستان ده‌ستی پێکرد.

له کۆنفرانسه‌که‌ دا یادی ژینۆسایدی گه‌لی کورد و بۆردومانی کیمیایی حه‌له‌بجه و شه‌هیدانی کوردستان کرایه‌وه و پێشانگایه‌ک به سلاید و وێنه نمایش کرا و پاشان کاک سه‌لاح پوور ئه‌سه‌د، وتارێکی له‌هه‌مبه‌ر بۆردومانی حه‌له‌بجه و به گستی ژینۆسایدی کورد له هه‌ر چوارپارچه، پێشکه‌ش کرد و سێناتۆرانی ئۆسترالیش پشتیوانی خۆیان له گه‌لی کورد بۆ گه‌یشتن به خواسته‌کانیان وه‌کو سه‌ربه‌خۆیی ده‌ربڕی و داوای له کوردانی به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌ کرد پێداگری له سه‌ر مافه‌کانیان بکه‌ن تا حه‌له‌بچه له بیر نه‌چێته‌وه.

له‌م کۆنفراسنه‌دا ئه‌م په‌یامانه خوێندرانه‌وه:

  • په‌یامی حیزبی دێموکراتی کوردستان-ئێران، له لایه‌ن مه‌سعوود پیران
  • په‌یامی ئه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له لایه‌ن ئالان کوردۆ
  • په‌یامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له لایه‌ن هاوژین زه‌ندی
  • په‌یامی سێ که‌س له نوێنه‌رانی پارله‌مانی ئۆسترالیا
  • په‌یامی ڕینا ویجه‌رز، مامۆستایی زانکۆی کویزله‌ند

له کۆتاییش دا بڕیارنامه‌یه‌ک په‌سه‌ند کرا و به ئیمزایی ده‌یان که‌س له ئامده‌بوانی کۆنفرانسه‌که گه‌یشت:

  • سه‌رجه‌م کوشتاره‌کان که له لایه‌ن وڵتانی ئێران و تورکیا و سووریا دژ به کورد ئه‌نجام ده‌درێ مه‌حکووم بکرێن
  • له کوشتاری کوردان له ساڵه‌کانی 1980 دا وه‌کو ژینۆسایدی گه‌لی کورد پێناسه بکرێ
  • بکوژانی کوردان و به‌ڕێوه‌به‌رانی فه‌رمانی ژینۆسایدی گه‌لی کورد له دادگاکانی نێونه‌ته‌‌وه‌یی، دادگایی بکرێن
  • پارله‌مانی فێدراڵی ئۆسترالیا و ویلایه‌تی کویزله‌ند، به فه‌رمی کۆمه‌ڵکوژی گه‌لی کورد وه‌کو «ژینۆساید» پێناسه بکات

کوردان له رۆژئاوایی کوردستان هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی سووریا بایکۆت ده‌که‌ن

مانشێت نیوز، باشووری ڕۆژئاوایی کوردستان: گرووپه‌ کوردیه‌کانی کوردستانی له سووریا، هه‌ڵبژاردنه‌کانی 22 ئه‌پریلی پارله‌مانی ئه‌م وڵاته بایکۆت ده‌که‌ن، بۆیه که زیاتر له 100 هه‌زار هاوڵاتی کوردی سووریا ڕێگه‌یان پێنادرێ که به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن.

به گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئاژانسی ئاکی ئیتالی، کوردان هۆی ئه‌م بیاکۆته‌یان جگه له ڕێگه‌نه‌دان به 100 هه‌ار کورد، بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕاگه‌یاندووه به‌ڵکو جه‌خت له سه‌ر ئه‌م یه‌که‌ش ده‌که‌نه‌وه که «هیچ گارانتیه‌ک نیه بۆ ئه‌وه‌ی که نیشان بدات، هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد به‌ڕێوه‌ده‌چێت و نابێته بنه‌مایه‌ک بۆ ناسینی گرووپ و لایه‌نی سیاسی جیابیر و کۆمه‌ڵگایه‌کی فره‌حیزبی».

ئاژانسی ئاکی ئیتالیا که هه‌ژماری کوردان له نێوان 1 تا 1.5 میلیۆن که‌س ته‌خمین ده‌کات، ده‌ڵێ ئه‌م کوردانه به‌رده‌وام له ژێر زه‌خت وگوشار و ئه‌شکه‌نجه‌ی ناوه‌ند دان و له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه، له ژیانی گشتیش دا تووشی کێشه‌ی زۆر ده‌بنه‌وه.

به‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌ی کوردی که پێکهاتووه له جه‌ند پارت و ڕێکخراوی سیاسی و مه‌ده‌نی کوردی و ئۆپۆزیسیۆنی عه‌ره‌بی سووریاش هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی 22ی ئاپریلی ئه‌مساڵیان بایکۆت کردووه و ده‌شڵێن که هه‌ر له ئێستاوه زیاتر له 167 کورسی پارله‌مان له 250 کورسیه‌که‌ی له لایه‌ن ره‌ژێمی به‌عس و لایه‌نگرانی به‌شار ئه‌سه‌د، گیراوه‌ته‌‌وه و بۆ ئه‌م ڕێژه‌ی تریش 10 هه‌زار کاندید، ده‌که‌ونه‌ رکه‌به‌ریه‌وه.

ئینگلیز ڕه‌تیکرده‌وه که هێزی سه‌ربازی بۆ نه‌جاتی مه‌له‌وانه‌ گیراوه‌کانی ره‌وانه‌ی ئێران بکات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وه‌زاره‌تی به‌رگری ئینگلیز له لێدوانێکی فه‌رمی دا ڕه‌تیکرده‌وه که هێزی سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی که‌نداوی فارس و ناوخاکی ئێران بکات، بۆ نه‌چاتی مه‌له‌وانه گیراوه‌کانی وڵاته‌که‌ی له شه‌تی عه‌ره‌بی.

پاش گیرانی 15 مه‌له‌وانی هێزی ده‌ریایی ئینگلیز له لایه‌ن سپایی پاستارانه‌وه، لێکۆڵینه‌وه و تۆمه‌تبارکردنیان به سیخوڕی و ئه‌گه‌ری دادگایی کردنیان به‌م تۆمه‌ته له لایه‌ن ئێرانه‌وه، به  تێپه‌ڕبوونی 6 ڕۆژ له ڕووداوه‌که، تۆنی بلێر، سه‌رۆک وه‌زیری ئینگلیز، به توندی هه‌ره‌شه‌ی له ئێران کردبوو که ئه‌گه‌ر به ڕێگه‌ی ئاشتیانه، گیراوه‌کان ئازاد نه‌که‌ن، ڕێگه‌ی تر ده‌گرنه به‌ر.

مێدیاکانی جیهانی باسیان له ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی ئینگلیز بۆ ناو خاکی ئێران کرد به مه‌به‌ستی نه‌جاتی سه‌ربازه‌ گیراوه‌کانی و مانۆڕی موشه‌کی ئه‌مریکا له که‌نداویشیان به ئاماده‌کاری هێرشی موشه‌کی بۆ سه‌ر ئه‌م وڵاته دۆرپێچکراوه، له‌قه‌ڵه‌م دا، که‌چی هه‌ردووک له ئینگلزی و ئه‌مریکا ئیدعاکان ره‌تده‌که‌نه‌وه.

ئینگلیز ده‌ڵێ مه‌له‌ونانی ئه‌م وڵاته له ناو خاکی عێراق ده‌زگیر کراون و به‌لگه‌ی سه‌لمێنه‌ری بۆ ئه‌م یه‌که هه‌یه. ئێرانیش ده‌ڵێ که مه‌له‌وانه‌کان دانیان به‌وه داناوه که له ناوی سنووری ئاوی ئێران له سه‌تی عه‌ره‌بی ده‌زگیر کراون و پاش لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌رپرسانی ئینگلیزی ده‌توانن، دیداریان له‌گه‌ڵ بکه‌ن و ئه‌گه‌رچی باری ته‌ندروستیان باشه وبه ڕه‌وشێکی مرۆیی و ئیسلامی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.

ژه‌نه‌راڵێکی تورک: له‌یلا زانا له نه‌ورۆز ڕێگه‌ی بۆ ده‌ستێوه‌ردانی بارزانی و تاڵه‌بانی خۆشکرد

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: «ژه‌نه‌رڵ ئه‌رگین سایگون»، جێگری سه‌رفه‌رمانداری گشتی ئه‌رته‌شی تورکیا، هێرشی کرده‌سه‌ر وته‌کانی له‌یلا زانا له نه‌ورۆز و ئه‌م لێدوانانه‌ی به ده‌عوه‌تی بارزانی و تاڵه‌بانی بۆ ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیا له‌قه‌ڵه‌م دا.

ژه‌نه‌راڵ «ئه‌رگین سایگون»، جێگری فه‌رمانده‌یی گشتی ئه‌رته‌شی تورکیا له کۆنفرانسێک دا له ئه‌مریکا وێڕای هێرش کردنه‌‌سه‌ر، وته‌کانی له‌یلا زانا له نه‌ورۆزی ئامه‌د، وتی که ئه‌م لێدوانانه مه‌ترسی دارن و زانا به‌م قسانه‌ی ده‌عوه‌تی بارزانی و تاڵه‌بانی کردووه بۆ ده‌ستێوه‌ردان له کارباری ناوخۆی تورکیا و پێویسته ده‌وڵه‌ت، ئه‌رکی خۆی له‌م پێوه‌ندیه‌دا به جێ بگه‌یێنێ.

ناوبراو وتی که تاڵه‌بانی و بارزانی، پ.ک.ک به تیرۆریست نازانن و یارمه‌تی و پشتیوانی ده‌که‌ن و له‌م لاشه‌وه، له‌یلا زانا له به‌رده‌م هه‌اران که‌س ده‌ڵێ که «بارزانی و تاڵه‌بانی و ئۆجه‌لان»، سێ ڕێبه‌ری نه‌ه‌وه‌یی گه‌وره‌ی کوردن» و ئه‌مه‌ش ده‌عوه‌تی ئاشکرایی ئه‌‌وانه بۆ ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیا.

شایانی باسه که له‌یلا زانا له نه‌ورۆز وتبووی که کورد سێ ڕێبه‌ری مه‌زنی هه‌یه و جه‌ڵا تاڵه‌بانی، مه‌سعوود بارزانی و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی، ناوبردبوو و به‌م شێوه هۆشدارێکی به به‌رپرسانی حکومه‌تی ئه‌نقه‌ره دا که چیتر سووکایه‌تی به‌م سێ که‌سه نه‌که‌ن.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: