ئەرشیوی مانگی سێهەمی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ 3

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌شداری کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له نیۆیۆرک ده‌بێت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به‌گوێره‌ی هه‌واڵێکی ئاژانسی ئێرانی ئیسنا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به مه‌به‌ستی به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له نیۆیۆرک به‌‌شداری بکات.

«غوڵام حوسێن ئیلهام» وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئێرانیش له هه‌واڵێکی هاوشێوه دا ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له سه‌ر پرۆگرامی ناڤۆکی ئێران بێت، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ سێهه‌م جار ده‌چێته ئه‌مریکا و به وته‌ی ئه‌و» ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ دیفاع له مافه‌کانی ئێران بۆ وه‌ده‌ست هێنانی وزه‌ی نوڤۆکی به مه‌به‌ستی ئاستیانه، به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ ده‌بێت».

مه‌به‌ست له به‌شداری مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌تبه کێشه‌ی ناڤۆکی ئێران، «دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نیشتمانی ئێران و مافه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی» ئێران ڕاگه‌یاندراوه و ئاژانسی فرانس پرێسیش ده‌ڵێ که ئه‌همه‌دی نه‌ژاد ده‌یه‌وێ دیدار له‌گه‌ڵا وڵاتانی 2+1 پێک بێنێت.

گۆڤاری «ژیوار» له مێهره‌جانی بڵاوکراوه‌کانی خوێندکاری ڕۆژئاوایی ئێران سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: گۆڤاری «ژیوار»، چاپی زانکۆی پزیشکی کوردستان، له 12مین مێهره‌جانی بڵاوکراوه خوێندکاریه‌کانی ڕۆژئاوایی ئێران له ورمێ دا سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا.

به گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی که له مێهره‌جانه‌که‌وه به ده‌ستی ئاژانسه‌که‌مان گه‌یشتووه گۆڤاری خوێندکاری «ژیوار» که له لایه‌ن خوێندکارانی کوردی زانکۆی زانسته پزیشکیه‌کانی کوردستان له شاری سنه ده‌رده‌چێت، توانی له مێهره‌جانه‌که دا له 4 بوار دا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ که بریتی بوون له‌مانه:

خه‌ڵاتی دووهه‌مین بڵاوکراوه‌ی که‌لتووری به به‌رپرسیاره‌تی «ته‌ها شه‌ریف زاده»

خه‌ڵاتی یه‌که‌می نووسین و وتاری ئایینی به هۆی وتاری «عه‌شق» به‌رهه‌می «محه‌ممه‌د ره‌حمانپوور»

خه‌ڵاتی سێهه‌می نووسین و وتاری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ وتاری «سێکۆلاریسم»، به‌رهه‌می «خاتوو په‌روین مونیجی»

خه‌ڵاتی سێهه‌می ته‌نز، بۆ به‌رهه‌می «سه‌وه‌کانی به‌ره‌ره له زانکۆی ئێمه‌دا» نووسینی خاتوو «ئاوات که‌ریمی»

شایانی باسه گۆڤاری «ژیوار»، بلاوکراوه‌یه‌کی کوردی-فارسیه و تا ئێستا 22 ژماره‌ی به ناوه‌رۆکی باسگه‌لێک وه‌کو سێکۆلاریزم و توندوتیژی به هه‌وڵی خوێندکارانی کوردی زانکۆی زانسته پزیشکیه‌کانی کوردستان له سنه به‌چاپ گه‌یشتووه.

ئه‌رته‌شی تورکیا هێزی زۆر به‌ره‌وه سنووری کوردستان ره‌وانه ‌ده‌کات

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان:به هاتنی فه‌رمانده‌یی هێزه‌کانی زه‌وینی ئه‌رته‌شی تورکیا و نیزێک بوونه‌وه‌ی فه‌سڵی به‌هار، تورکیا خه‌ریکی ره‌وانه‌کردنی تانک و زرێپۆش بۆ سنووری کوردستانه.

به گوێره‌ی ئاژانسی فورات، 160 تانک و زرێپوش و ماشێن  وچادر له قۆڵی 7مینی ئه‌رته‌شی تورکیا له ئامه‌ده‌وه ره‌وانه‌ی شڕناخ و ناوچه‌ سنووریه‌کانی تورکیا و کوردستان کران.

له ناوچه سنووریه‌‌کانی «ئوڵو ده‌ڕه»ی شرناخ، «به‌یاتوشه‌باب»ی ماردین و سیلۆپیش جموجۆله‌کانی سه‌ربازی ڕوو له‌زیادبوون.

به هۆی هاتنی به‌هار و هه‌ڕه‌شه‌کانی یه‌ک له دوایی یه‌کی تورکیا، چاوه‌ڕوان ده‌کرێ ئۆپێراسیۆنێکی ده‌ره‌وه‌ی سنوور ئه‌نجام بدرێت و به‌م هۆیه‌ش ژه‌نراتۆری مه‌زنی به‌رق، تانک، ماشێنی زرێپۆشی تایبه‌ت به ناوی «دوپشک»، خێوه‌تگه‌ی مه‌زن، له قۆڵی حه‌وته‌مینی له‌شکری ئامه‌د ڕه‌وانه‌ی سنوور کراوه و ده‌گوترێ له ناوچه‌ی کێوه‌کانی»بێستا»ی نێوان «ئوڵو ده‌ره» و «شرناخ» ئۆپێراسیۆنێکی به‌ڕفراوان ده‌ستی پێکردووه.

25 که‌س له ئاوایه‌کانی ده‌ورووبه‌ری که‌له‌ڕه‌شی سه‌لماس ده‌زگیرکران

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که ئه‌رته‌سی ئێران له دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ندین ئۆپێراسیۆنی له ناوجه‌ی که‌ڵه‌ڕه‌ش ئه‌نجام دا، 25 که‌س له ئاوایی نشینه‌کانی ده‌زگیرکرا.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان له گوندی «نیل عومه‌ر» 10 که‌س، له»قاتۆلی»، 6، له زۆری» 3، له «حه‌به‌شی سه‌رو» 2 له «حه‌به‌سی خوارو»2 و له «مه‌خین» 1که‌س و له «نووریا»ش که‌سێک ده‌زگیرکرا و له ئاوایه‌کانی نیزێک به سه‌لماس و ورمێش کۆمه‌ڵێک هاوڵاتی ده‌زگیر کراون و شوێن و هۆی گیرانی ئه‌م ئاوایی نشینانه‌ش نادیاره.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی تر له‌ به‌ر‌ده‌وامی ئۆپه‌راسیونه‌کانی ره‌ژیم له‌ کۆردستان، له‌ ناوچه‌ی «ئه‌نزه‌ل» سه‌ربه ورمێ دوو گه‌ریلایی پژاک به ناوه‌کانی «یوسف پیروتی» ناسراو به‌ «مانی کیاکسار» و «نه‌دیده‌ ڕ‌یحان»ناسراو به‌ «تێکوشین هه‌له‌ن» له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای پاسداران و به‌کرێگیراوانی ناوچه‌ شه‌هید کراون.

هه‌ر بۆیه‌ش به هۆی ئه‌مه و به هۆی به‌ردانه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌رێک به ده‌ستی پژاک له مانگی ڕابردوو دا، ئه‌م خه‌ڵکانه له لایه‌ن ره‌ژیمه که‌وتوونه‌ته‌ ژێر گووشار و پاشانیش کۆمه‌ڵێک ده‌زگیر کراون.

«هه‌فته‌نامه‌ی په‌یامی کوردستان» داخراو و ڕۆژنامه‌وانانیشی هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کرێ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که شۆڕایی چاوه‌دێری به سه‌ر بڵاوکراوه‌کان، «هه‌فته‌نامه‌ی په‌یامی کوردستان» چاپی مه‌هابادی داخست، ئێستاش «سلێمان بایه‌زیدی» له لایه‌ن گرووپێکی نه‌ناسراوه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێده‌کرێ.

هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد ڕایگه‌یاند که له شه‌شه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی خولی یازده‌هه‌می شۆڕایی چاوه‌دێری به سه‌ر بلاوکراوه‌کان، له 7ی ره‌شمه‌ممه، ئیزنی بڵاوکردنه‌وه‌ی «هه‌فته‌نامه‌ی په‌یامی کوردستان»، چاپی مه‌هاباد، به‌تاڵ کرایه‌وه و ئه‌م حوکمه‌ش به «ئه‌رده‌شیر سه‌دره‌دینی»، به‌رپرسی هه‌فته‌نامه‌که ڕاگه‌یاندرا.

ده‌گوترێ که هۆی داخستنی په‌یامی کوردستان چاپی نه‌خشه‌ی کوردستانی مه‌زن بووه و «سلێمان بایه‌زیدی» ئه‌ندامی شووڕایی‌ نووسه‌رانی ئه‌م هه‌فته‌نامه‌یه له لایه‌ن که‌سانێک له ژێر ناوی «کۆمه‌له‌ی لاوانی شۆڕشی کوردستان، لقی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا»، هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگی لێکراوه.

ناوبراو له‌ نامه‌ هه‌ره‌شه ئامێزه‌که‌دا به جیاوازی خوازی، ده‌رچوون له ئیسلام، چالاکی و پرۆپاگه‌نده بۆ پارته سێکۆلاره‌کان، خستنه‌ژێر پرسیاری نیزام و هاوکاری ئاشکرا و شاراوه‌ی ڕێکخراوه‌کانی ناحوکمی تاوانبار کراوه و بۆیه‌ش هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگی لێکراوه.

مامۆستایه‌کی زانکۆ بانگهێشتی دادگا کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، دوکتۆر «په‌رویز محه‌ممه‌دی»، مامۆستایی زانکۆی په‌یامی نووری نه‌غه‌ده به هۆی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاڵۆزیه‌کانی هاوینی ڕابردووی تورکه‌کانی نه‌غه‌ده، بانگهێستی دادگایی شۆڕشی ئیسلامی ئه‌م شاره کرا.

دوکتۆر «په‌رویز محه‌ممه‌دی» ماۆستایی کۆلێژی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی زانکۆی په‌یامی نووری نه‌قه‌ده به تۆمه‌تی پێوه‌ندی و ئاگاداری له ئاکۆزیه‌کانی تورکیانی نه‌غه‌ده له هاوینی ڕابردوو بانگهێستی دادگایی شۆڕسی ئیسلامی شار کرا.

تا ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌اڵه هیچ زانیاریه‌ک سه‌باره‌ت به ئاکامی دادگایی ناوبراو و تاوانباریه‌کانی ناوبراو به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی له ده‌ست دا نیه.

پزیشکی قانوونی تورکیا: ئۆجه‌لان ژه‌هرخوارد نه‌کراوه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: پزیشکی قانوونی تورکیا ڕایگه‌یاند که پاش لێکۆڵینه‌وه‌ی پزیشکی له سه‌ر نموونه‌ی تاڵی مووی ئۆجه‌لان، هیچ نیشانه‌یه ک له ژه‌هرخوارد کردنی ناوبرا به‌ده‌ست نه‌هاتووه.

پاش ئه‌وه‌ی که هه‌واڵی ژه‌هرخوارد کردنی عه‌بدولا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک له لایه‌ن پارێزه‌رانیه‌وه بڵاوبۆوه، وه‌زاره‌تی دادی تورکیا گرووپێک له پزیشکانی پسپری نارده دوڕگه‌ی ئیمڕاڵی و له ئاکامی تاقیکردنه‌وه پزیسکیه‌کان دا ڕایانگه‌یاند که هیچ چه‌شنه ژه‌هرخوارد کردن و ته‌نانه‌ت نه‌خۆشیش له جه‌سته‌ی ئۆجه‌لان دا نیه.

ئه‌مڕۆ نیوه‌رۆ پاش هه‌فته‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه پزیشکانی تورک ڕایانگه‌یاند که هیچ نیشانه‌یه‌ک که نیشان بدات، ئۆجه‌لان ده‌رمانداو کراوه، له تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌وان ده رنه‌که‌وتووه و ئه‌وه له کاتێک دایه که پارێزه‌ران، پ.ک.ک و کوردان داوایی ناردنی تیمێک له پزیشکانی پسپۆری نێونه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆ بچنه ئیمراڵی و ئۆجه‌لان بپشکنن.

هه‌په‌گه: له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێک دا 5سه‌ربازی تورک کوژران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: هه‌په‌گه له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێکی هێزه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیا له ناوچه‌ی «به‌ستا»یی سه‌ربه شڕناخ، 5 عه‌سکه‌ری تورک کوژران.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزی پاراستنی گه‌ل ڕایگه‌یاند که له ئاکامی ئۆپێراسیۆنێکی ئه‌رته‌شی تورکیا دژ به گه‌ریلاکانی پ.ک.ک که له به‌رزایه‌کانی «به‌ستا» له شڕناخ له 8ی مارس ده‌ستی پێکردبوو، سه‌ره‌نجام له 10ی مارت دا شه‌ر و پێکدادانی لێکه‌وته‌وه.

له ئاکامی کۆمه‌ڵێک پێکدادان له ناوچه‌کانی «سه‌رکه‌ ده‌ریان»، «سه‌رکه حیریان»، «گیره ڕه‌شته» و «میله کوڕیکه»، 5عه‌سکه‌ری تورک کوژران و به‌ناچار هێزه‌کانی تایبه‌تی شناسایی ئه‌رته‌ش پاشه‌کشه‌یان کردووه.

پارێزه‌ران داوایی تاقیکردنه‌وه‌‌ی ره‌نگی دیواری حوجڕه‌ی ئۆجه‌لان ده‌که‌ن

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: پارێزه‌رانی عه‌بدولا ئۆجه‌لان له نامه‌یه‌ک‌دا به فه‌رمی داوایان له سه‌ردۆزگه‌ری کۆماری بورسا کردووه که «ره‌نگی» دیواری حوجره‌ی ئۆجه‌لان، قاپ و که‌وچک و نموونه‌ی پزیشکی سه‌رجه‌م گاردیانه‌کانی ئمێراڵیش تاقیکردنه‌وه‌ی پزیشکیان له‌سه‌ر بکرێ.

به گوێره‌ی ئه‌م هه‌اڵه که ئاژانسی فورات باسی لێده‌کات، «عومه‌ر گونه‌ش» و «ئیبڕاهیم بیلمه‌ز»، له نامه‌یه‌ک دا وێڕای ئاماژه به «ته‌سبیتی ڕێژه‌ی نایاسایی دوو ماده‌ی کڕۆم و سترۆنسیۆم» له جه‌سته‌ی ئۆجه‌لان دا، داوایان کرد که جگه له نموونه‌ی تالی موو و میز، ڕه‌نگی بۆیایی دیواری حوجره‌ی ئۆجه‌لان، شتومه کی ناو گرتووخانه‌‌که و سه‌رجه‌م گاردیانه‌کان و خوارده‌مه‌نی ئیمڕاڵی تاقیکردنه‌وه‌ی پزیشکیان له‌سه‌ر بکرێ.

پارێزه‌ران وێڕای نیشاندانی نیگه‌رانی  وله هه‌مان کات دا بێ متمانه‌یان له ئاستی پزیشکانی تورک که وه‌زاره‌تی داد ڕه‌وانه‌ی ئیمراڵی کردووه ده‌ڵێن: به پێی خاڵه‌کانی 89 و 63ی یاسایی سزایی تورکیا ، داوا ده‌که‌ین که سه‌رجه‌م خوارده‌مه‌نی، شتومه‌ک و جلوبه‌رگ ر تا ده‌گاته ره‌نگی بۆیای دیواری حوجره‌ی ئیمراڵی که ئۆجه‌لانی تێدا زیندانیه، تاقی بکرێته‌وه.

مه‌سعوود بارزانی به داوه‌تی پاشای عه‌ره‌بستان سه‌ردانی ئه‌م وڵاته ده‌کات

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، «مه‌سعووود بارزانی» به سیفه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان» و به بانگهێشتی پادشای عه‌ره‌بستان سه‌ردانی ئه‌م وڵاته‌ی ده‌سپێکرد.

به وته‌ی «فوئاد حسێن» سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌میر عه‌بدوڵا»ی پاشای عه‌ره‌بستان به مه‌به‌ستی گفتگۆ له‌سه‌ر دواگۆڕانکاریه‌کانی عێراق و کوردستان  و پێوه‌ندیه‌کانی دوو لایه‌نه بانگهێستی «مه‌سعوود بارزانی» کردووه.

وه‌فدێک له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێکهاتوو له «عومه‌ر فه‌تاح» جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت‌، «عومه‌ر عوسمان» وه‌زیری پێشمه‌رگه‌‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان  هاوڕێی بارزانی ده‌که‌ن و بۆیه ئه‌مرۆ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێكه‌وتن.

سێناتۆرێکی ئه‌مریکا: ڕادیۆ فه‌ردا له به‌رژه‌وه‌ندی ره‌ژیم ئاخوندی دا چالاکی ده‌کات

مانشێت نیوز، ناو‌ندی هه‌واڵ: «تام کوبرێن» سێناتۆری ئه‌مریکی به ڕۆژنامه‌ی «واشنتۆن پۆست»ی گوت که ڕادیۆ فه‌ردا و به‌شی فارسی ڕادیۆ ئه‌مریکا له به‌رژه‌وه‌ندی ره‌ژیمی مه‌لاکانی ئێران دا چالاکی ده‌کات و داوایی له بوش کردووه پێداچوونه‌وه به سه‌ر مودیریه‌تی ئه‌وان دا بکرێ.

ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له هه‌وڵێک دا ده‌نووسێ که «سێناتۆر تام کوبرێن»، له نامه‌یه‌ک دا بۆ جۆرج بوش وێرای ئاماژه به هه‌ره‌شه‌کانی ئێران له بواری تیرۆریزم و چه‌کی ئه‌تۆمی بۆ سه‌ر ئه‌مریکا ده‌ڵێ که بڵاوکردنه‌وه‌ی موسیقا و گۆرانی و پڕۆگرامی له‌م شێوه له ڕادیۆ فه‌ردا و ته‌نانه‌ت پرۆگرامه‌کانی به‌شی فارسی ڕادیۆ ئه‌مریکا نه ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا دا نیه به‌ڵکو به دژی ئێمه‌شه.

ناوبراو له نامه که‌ی بۆ جۆرج بوش دا وێرای ئاماژه به یه‌کێک له پرۆگرامه‌کانی به‌شی فارسی ڕادیۆ ئه‌مریکا ده‌ڵێ: که‌سێک به ناوی مه‌نسوور فه‌رهه‌نگ له‌م ڕادیۆیه‌دا دژ به ئه‌مریکا و له به‌رژه‌وه‌ندی ره‌ژیمی ئاخوندی دا وسه‌ی کردووه و هه‌ر له‌م پرۆگرام دا میوانی دووهه‌میش به توندی هێرشی کردۆته‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و ڕه‌خنه‌ی له‌م وڵاته گرتووه.

ڕۆژنامه‌که ده‌نووسێ که به‌ هۆی ئه‌وه که خه‌ڵکی ئێران سه‌رقاڵی دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ره‌ژیمی مه‌لاکانی ئێرانه، سێناتۆر تام کوبرێن خوازیاری چاوخشاندنه‌وه به سه‌ر مودیریه‌تی ئه‌م ڕادیۆیانه‌یه.

کرێکارانی ده‌رکراوی ڕستن وچنینی شاهۆی سنه دیسان مانیان گرت

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌اڵێکی ئیلنا، ئه‌مجاره کرێکارانی ناڕازی کۆمپانی ڕستن و چنینی شاهۆی سنه به هاوڕێیی هاوسه‌ر و بنه‌ماله‌کانیان له به‌ر ده‌رگایی پارێزگاری سنه مانیان گرت.

ئه‌م کرێکاره ده‌رکراوانه که له ئاستێکی ماڵی یه‌کجار زۆر نزم دان و ده‌ڵێن که به هیچ شێوه توانایی به‌ده‌ست هێنانی بژیوی ژیانیان نیه و ده ڵێن که به‌م گرانی و دۆخه ئاسته‌مه‌ی ئابووری چۆن ده‌کرێ مانگانه به مووچه‌ی 150 هه‌ار تمه‌ن ژیانیان به‌رنه‌ سه‌ر.

کرێکارانی ناڕازی و بنه‌ماڵه‌کانیان کۆمه‌ڵێک پلاکاردیان به نیشانه‌ی ناره‌زایه‌تی به‌رزکردبۆوه که تێیاندا نووسرابوو «کار، مال و نان». «ئێمه کارمان ده‌وێ»، «کرێکاران بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کاره‌کانیان»، پارێزگاری شاریان پرۆتیستۆ کرد و پاشان هه‌ره‌سه‌یان کرد که ئه‌گه‌ر جوابی داواکاریه‌کانیان نه‌ده‌نه‌وه، ده‌چنه تاران و له‌وێ له به‌ر ده‌رگایی کۆشکی سه‌رکۆمار مان ده‌گرن.

کرێکاران پاش ئه‌وه له پارێزگاری شاره‌وه هیچ جوابێکیان نه‌که‌وته‌ ده‌ست، به خۆپێشاندان و ڕێپێوان تا به‌رده‌رگایی ئیداره‌ی کار چوون و له‌وێش مانیان گرت.

ده‌یان هاوڵاتی له ئاوایه‌کانی ورمێ و خۆی و سه‌ڵماس ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنیرانی ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان ڕایگه‌یاند که هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا کۆمه‌ڵێکی زۆریان له هاوڵاتیانی ئاوایی نشینه‌کانی ورمێ و خۆی و سه‌ڵماس ده‌زگیر کردووه.

به گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵه، له ئاوایه‌کانی «ڕاژان»، «جه‌هه‌ننه‌م ده‌ره»، «که‌ڵه‌ڕه‌ش» و «سۆماو برادۆست»، زیاتر له 20 که‌س له هاوڵاتیانی کورد به تۆمه‌تی هاوکاری و پێوه‌ندی و یا ئاگاداری له حه‌شارگه‌کانی پارتێکی کوردی له ناوچه ده‌زگیرکراون.

شایانی باسه که ئاژانسی مانشێت پێشتر ئه‌م هه‌واله‌ی گوازتبۆوه.

ڕۆژنامه‌وانی کورد، مه‌نسوور ته‌یفووری ده‌زگیر کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵێکی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، «مه‌نسوور ته‌یفوری»، ڕۆژنامه‌‌وان و نووسه‌ری کورد و ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری «کانوونی نووسه‌رانی کورد» ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ده‌زگیر کراوه.

به گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵه، «مه‌نسوور ته‌یفووری»، ڕۆژنامه‌وان، نووسه‌ر و وه‌رگێری ده‌قه‌کانی فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی هه‌ته‌ی ڕابردوو  له مه‌ریوان ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه کراوه و ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.

مه‌نسوور ته‌یفووری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هه‌فته‌نامه‌ی داخراوی «ئاشتی» و «گوفتمانی نوێ» بووه و چه‌ند کتێب بۆ وێنه «ته‌جره‌به‌ی مۆدێرنیته»، «یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر»، «کۆمه‌ڵناسی شه‌ر» و چه‌ند کتێبی تری وه‌رگێراوه‌ته‌وه و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری ئاشکرابوونی دۆخی ناوبراو و ئازاد کردنی له زووترین کات دایه.خبرگزاري ديده بان حقوق بشر كردستان

گیراوێکی کورد له گرتووخانه به هۆی ماده‌سڕکه‌ره‌کانه‌وه گیانی له‌ده‌ست دا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، گیراوێکی کورد به ناوی «محه‌ممه‌د عه‌لیزاده» له گرتووخانه‌ی بۆکان به هۆی که‌ڵک وه‌رگرتن له ماد‌سڕکه‌ره‌کان گیانی له‌ده‌ست‌ دا.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌که‌، محه‌ممه‌د عه‌لیزاده»، گیراوی کورد له گرتووخانه‌ی بۆکان به هۆی که‌ڵک‌وه‌رگرتن له ماده‌ سڕکه‌ره‌کان و تووش بوونی به دیارده‌ی «سه‌نگکوب»، گیانی له‌ده‌ستدا.

شایانی باسه که ساڵانه ده‌یان که‌س به‌م شێوه له گرتووخانه‌کانی ئێران و کوردستان ده‌مرن و سه‌ره‌ڕایی نایاسایی بوونی، ماده‌سڕکه‌ره‌کان(مواد مخدر) به ئاسانی له‌ گرتووخانه‌کان ده‌ست ده‌که‌وێ.

یادمانی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ زانکۆی قه‌زوێن

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بی «هه‌تاو» تایبه‌ت به‌ خوێندکارانی کوردی زانکۆی قه‌زوێن یادمانی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت‌یان به‌ڕێوه برد.

رۆژی 16ی ره‌شه‌مه‌ی 1385ی هه‌تاوی به‌ ئاماده‌بوونی خوێندکارانی کورد و هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه‌کانی‌دیکه‌ی ئێرانی و به‌ پێشکه‌ش‌کردنی بابه‌تگه‌لێکی تایبه‌ت به‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌، یادی شه‌هیدانی مه‌رگه‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت به‌رز راگیرا.

سه‌ره‌تا کۆڕه‌که‌ به‌ سۆزی شمشاڵی قاله‌مه‌ڕه‌ رازێندرایه‌وه و دواتر کورته‌ فیلمێکی تایبه‌ت به‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی هه‌تاوه‌وه‌ ئاماده‌ کرابوو بۆ ئاماده‌بوان نمایشکرا.

دواتر گرووپی موسیقای هه‌ورامان چه‌ن پارچه‌ موسیقایان پێشکه‌ش کرد و به‌ سۆزی ئاهه‌نگی خۆیان کۆڕه‌که‌یان رازانده‌وه‌. له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆڕه‌دا بابه‌تێک له‌ ژێر ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ و ژینوساید له‌ لایه‌ن «دوکتور فه‌ره‌همه‌ندی‌مه‌هابادی»ه‌وه‌ پێشکه‌ش کرا. له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ درابووه‌ پێناسه‌کانی ژینوساید و هه‌روه‌ها کاره‌ساتی قڕکردن و قه‌ڵاچۆکردنی کورد له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌ پێی پێناسه‌کانی کونوانسیۆنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌ڵسه‌نگێندرا.

دواتر له‌ لایه‌ن چالاکڤانی سیاسی کاک «سه‌عید ساعیدی»ه‌وه‌ بابه‌تێک له‌ سه‌ر عه‌قڵانیه‌ت و دۆخی ئێستای مرۆڤایه‌تی و پێگه‌ی کورد له‌و بواره‌دا پێشکه‌ش کرا. به‌ڕێز ساعیدی ئاماژه‌ی دایه‌ سه‌رچاوه‌ فیکریه‌کانی کاره‌سات و پێی وابوو تاوه‌کوو بیری مرۆڤایه‌تی و سیسته‌می ده‌سه‌ڵات نوێ نه‌کرێته‌وه‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی کاره‌سات درێژه‌ی ده‌بێت.

له‌ به‌شی دوایی ئه‌م کۆڕه‌دا له‌ لایه‌ن سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری زرێبار کاک «مه‌سعوودی بینه‌نده»‌ وتارێک له‌ ژێر ناوی شوناس و کاره‌سات پێشکه‌شی ئاماده‌بووان کرا. کاک مه‌سعوود له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ی دایه‌ سه‌رچه‌شنه‌ جیاوازه‌کانی شوناس و هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی پێکهاتنی شوناسی کوردی تاوتوێ کرده‌وه‌. له‌ روانگه‌ی کاک مه‌سعووده‌وه‌ کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی کێشه‌ی شوناسدا دێته‌ ناساندن . به‌ ڕای ئه‌وان مافی مرۆڤ روانگه‌یه‌کی رووت وئابستراکته‌ و به‌ بێ هه‌بوونی نیشتمان و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێ ناکرێ. دواتر کۆڕه‌که‌ به‌ پێشکه‌ش کردنی پارچه‌ موسیقایه‌ک و رێوڕه‌سمی رێزلێنان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م کۆڕه‌ و هه‌روه‌ها میوانانی بانگهێشتکراو کۆتایی پێهات.

جێگای سه‌رنجدانه‌ که‌ ئه‌مساڵ ئیزنی به‌ڕێوه‌بردنی کۆڕی یادمانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان و هه‌روه‌ها زانکۆکانی ئێراندا بایکۆت کرابوو.

سه‌رچاوه: ناوه‌ندی رۆنان

حکومه‌تی تورکیا ماڵپه‌ره کوردیه‌کان فیلته‌ر ده‌کات

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: ماوه‌ی جه‌ند رۆژه که مخابه‌راتی تورکیا پاڵوێنه‌ی له‌سه‌ر ماڵپه‌ره کوردیه‌کان داناوه و هه‌ر ئێستا زۆربه‌ی ماڵپه‌ره کوردیه‌کان له‌م وڵاته فیلته‌ر کراون.

پاش حکومه‌تی ئێران، ئه‌مجاره تورکیاش دژ به کوردان سیاسه‌تی سانسۆر پێره‌و ده‌کات و هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا ماوه‌ی جه‌ند رۆژه ماڵپه‌ره کوردیه‌کانی سه‌ربه پارت و ڕێکخراوه‌ و ڕۆژنامه‌ کوردیه‌کانی ئه‌م وڵاته فیلته‌ر کراون.

شیرکه‌تی مخابه‌راتی تورکیا به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و هه‌مه لایه‌نه له هه‌وڵی کۆنترۆڵی خه‌باتی ئه‌له‌کترۆنی کوردان دایه و هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌س دا ماڵپه‌ره‌کانی ڕۆژنامه‌ی «ئوزگور گونده‌م»، «ئوزگور پۆلێتیکا»، «کوردیش ئینفۆ»، سه‌رجه‌م ماڵپه‌ره‌کانی پێوه‌ندی‌دار به پ.ک.ک و حیزبه‌ کوردستانیه‌کان به قه‌راری مه حه‌حکه‌مه‌ی تورکیا فیلته‌ر کراون.

شایانی باسه جگه له فیلته‌ر و سانسۆری سیسته‌ماتیک، چه‌ند گرووپی هه‌کێر له تورکه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کان ماوه‌ی دوو ساڵه خه‌ریکی هه‌ک کردنی ماڵپه‌ره کوردیه‌کانن و تا ئێستا ده‌یان ماڵپه‌ر بۆ وێنه، پارله‌مانی کوردستان، هاوڵاتی، خۆرهه‌لات نیوز، کوردیش ئینفۆ، ڕۆژهه‌ڵات، ڕێنێسانس، لاوانی حدکا، کوردپڕێس و هتدیان هه‌ک کردووه.

داواکاری گشتی عێراق: موجاهیدینی خه‌ڵق ده‌ستی له تاوانه‌کانی سه‌ددام له کوردستان هه‌بووه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: «جه‌عفه‌ر موسه‌وی»، سه‌رۆکی دادگایی باڵایی تاوانی عێراق به ئاژانسی «بی‌بی‌سی» ڕاگه‌یاند که رێكخراوی «موجاهیدینی خه‌لق» له‌ میانه‌ی شۆڕشه‌كانی ساڵی 1991، هاوكاری سه‌دامی كردووه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی هاوڵاتیانی شیعه‌ و كوردی عێراقی.

سه‌رۆكی داواكاری گشتی دادگای باڵای تاوانی عێراقوێرای ئاماژه‌ به تاوانباری هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی «موجاهیدینی خه‌لقی ئێران» ده‌ڵێ که به‌لگه‌ی سه‌لمێنه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا هه‌یه و وته‌بێژێكی ئه‌م رێكخراوه‌یه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆیته‌رز قسه‌كانی جه‌عفه‌ر موسه‌وی ره‌تكردۆته‌وه‌.

موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران ڕێکخراوێکی چه‌کداریه که دژ به کۆماری ئیسلامی خه‌بات ده‌کات و 20 ساڵه له عێراق جێگره. ئه‌م ڕێکخراوه له پاش جه‌نگی عێراق له بنکه‌یه‌ک به ناوی «ئه‌شر‌ه‌ف»، چه‌ک کراون و ئێستاش وه‌کوو گرووپێکی تیرۆریستی له لایه‌ن ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌ورووپاوه ناسراون.

ئه‌م ڕێکخراوه له کاتی ڕاپه‌رینی کوردستان دا دژ به سه‌ددام، هاوڕێیی ئه‌نفاڵ و تاوانه‌کانی دژی مرۆیی سه‌ددامیان دژ به کورد کردوه. ئێران خوازیاری ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی موجاهیدانه و عێراقیش بێ مه‌یل نیه ئه‌م کاره ئه‌نجام بدات، به‌ڵام له پڕاتیک دا هه‌نگاوێکی له‌م شێوه هه‌ڵنه‌گیراوه.

تۆم که‌یسی: ئه‌مریکا دژی هێرشی تورکیا بۆ کوردستانه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: «تپم که‌یسی» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یی ئه‌مریکا له لێدوانێک دا بۆ رۆژنامه‌وانان، دژایه‌تی وڵاته‌که‌ی بۆ هه‌ر چه‌شنه ئۆپێراسیۆنێکی سه‌ربازی له خاکی کوردستان ڕاگه‌یاند.

له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌‌وانی‌ دا «تۆم که‌یسی» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له جوابی پرسیاری ڕۆژنامه‌وانان سه‌باره‌ت به ڕای ئه‌مریکا له‌مه‌ر دواترین هه‌ره‌شه‌کانی تورکیا بۆ هێرسی کوردستان دا وتی: عێراق وڵاتێکی خاوه‌ن سه‌روه‌ریه و ئێمه حه‌ز ناکه‌ین که تورکیا هیچ هه‌نگاوێکی سه‌ربازی هه‌ڵێنێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پ.ک.ک.

تۆم که‌یسی وتیشی که ئێمه هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان په‌سه‌ند ناکه‌ین و به دڵنیایه‌وه‌ عێراقیش به پێی بڕیار و سایاکانی نێوده‌وله‌تی حه‌ز ناکات وڵاته‌که‌ی ببێته شوێنێک بۆ هێرشی سه‌ر دراوسێکانی.

ناوبراو وتیشی که چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌ ته‌نیا ده‌توانێ له ڕێگه‌ی دیالۆگ و میکانیزمی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، ئه‌مریکا و عێراق بێت.

شایانی باسه که چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر «ژه‌نه‌راڵ ئیلکه‌ر باشبوغ»، فه‌رمانده‌یی هێزی زه‌وینی ئه‌رته‌شی تورکیا گوتبووی که ئه‌گه‌ر عه‌سکه‌ر به پێویست بزانێ هێرشی سه‌ر کوردستان ده‌کات و دوابه‌دوایی ئه‌م وتانه، جموجۆلی سه‌ربازی تورکیا له سنووری کوردستان زیادی کردبوو.

سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیکی شاره‌کانی ماردین و ئه‌زمیر ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: «فه‌رحان تورک» سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیکی لقی ماردین به هۆیبه‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و 13 ئه‌ندامی تری DTP له ئه‌زمیر ده‌زگیر کران.

له درێژه‌ی ئه‌م زه‌خت و گووشارانه‌ی که بۆ ئه‌ندامان و سه‌رۆکانی پارتی کۆمه‌لگایی دێموکراتیک ده‌ستی پێکردووه، «فه‌رحان تورک» سه‌رۆکی لقی ماردینی ئه‌م پارته به هۆی به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له 10ی مارت، ده‌زگیر و ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کرد.

له شاری ئه‌زمیری رۆژئاوایی تورکیاش، «محه‌ممه‌د مه‌هدی ئه‌سلان»، به‌رپرسی DTPی ئه‌م شاره به هۆی پشتیوانی له وته‌کانی هیلمی ئایدۆغدو سه‌باره‌ت به که‌رکووک ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌کرا.

مه‌هدی ئه‌سلان پستیوانی له‌م وته‌ی ئایدۆغدوو کردبوو که گوتبووی هێر|س بۆ سه‌ر که‌رکووک هێرس بۆ سه‌ر ئامه‌ده. هه‌ر له ئه‌زمیر 13 که‌س به تۆمه‌تی ئه‌نجامی چالاکی مان گرتن له خواردن بۆ عه‌بدولا ئۆجه‌لان ده‌زگیر کران.

له شارۆچکه‌ی «گه‌بزه‌»ی سه‌ر به کۆجه‌ئه‌لی‌ش کۆمه‌ڵێک تورکی نه‌ته‌وه‌په‌رست به مۆلۆتۆف هێرسیان کرده‌ سه‌ر بیانیی DTP و سه‌ره‌رایی ئه‌وه که 8 که‌سیشی تێدابوو ، شوێنه‌که ئاگردرا و سه‌رۆکی لقی کۆجه‌ئه‌لی DTP و 6 که‌سی تر ده‌زگیر کران.

له پیرانشار رۆژی چوارشه‌ممه سووری پیرۆز کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌واڵنێرمان له پیرانشار و ناوچه‌کانی ده‌ورووبه‌ر ئاگاداریان کردینه‌وه که ڕێوڕه‌سمی چوارشه‌ممه‌ سووری دوێنێ به جۆشێکی مه‌زن له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه به‌ڕێوه‌چووه و ئاماده‌کاری بۆ نه‌ورۆز ده‌کرێ.

به‌ گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵه، دوێنێ ئێواره تا دره‌نگایه‌کانی شه‌و له کۆمه‌ڵێک له گه‌ره‌که‌کانی پیرانشار، لاوان ئاگری چوارشه‌ممه سووریان کرده‌وه و ئه‌م رۆژه‌یان پیرۆز کرد و به سه‌ردانی درووشمی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵپه‌رکێی جۆش و خرۆشیان به‌م جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌یه‌دا.

هه‌و‌اڵنێرمان له درێژه‌ی هه‌واڵه‌که‌ی دا باس له پیرۆز کردنی چواڕشه‌ممه سووری له ئاوایه‌‌کانی پیرانشاریش ده‌دات و ده‌ڵێ له شاره‌دێی «په‌سوێ» لاوان ئاگریان کرده‌وه، کۆڕی گۆڤه‌ند وهه‌ڵپه‌رکێیان به‌ست و له‌سه‌ر به‌رزایه‌کانی ده‌ورووبه‌ر ئاگریان کرده‌وه.

له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا لاوانی کورد و هاوڵاتیان دروشمی نه‌ته‌وه‌یان گووته‌وه و هه‌وڵه‌کانی ره‌ژیمیان بۆ پێشگرتن له‌به‌ڕێوه‌چونی ڕێوڕه‌سمی مێژووی و نه‌ته‌وه‌یی کوردان»چوارشه‌ممه سووری»، شه‌رمه‌زار کرد.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان هاوڵاتیان له شاره‌کانی سنه، مه‌هاباد، کرماشان، بۆکان، سه‌قز، شنۆ و سه رده‌شتیش ئاگریان هه‌ڵکردووه به کۆری هه‌ڵپه‌رکێ و شادی، ڕێزیان له چوارسه‌ممه سووری ناوه.

شایانی باسه ئه‌مساڵ به هۆی ناڕوون بوونی ڕۆژی «چوارشه‌ممه سووری»، لاوان و هاوڵاتیان له کوردستان و ئێران بڕیاریان داوه که یه‌ک هه‌فته و تا ڕۆژی نه‌ورۆز، چالاکی و پیرۆزکردنه‌کان به‌رده‌وام بکه‌ن.

ڕێکخراوی ناحوکمی تیڕۆژ دانیشتنێکی زانستی سه‌باره‌ت به ژنان پێکهێنا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌لاتی کوردستان: «ڕێکخراوی ناحوکمی لاوانی تیڕۆژ»، به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ژن، دانیشتنێکی زانستی بۆ تاووتوێی «به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر ڕێی ژنان بۆ به‌شداری له کۆمه‌‌ڵگا دا» له‌سه‌رده‌شت پێک هێنا.

ڕۆژی دووشه‌ممه 21ی ڕه‌شه‌ممه به هه‌وڵی «ڕێکخراوی ناحوکمی لاوانی تیڕۆژ» له ساڵۆنی سینه‌مایی شاری سه‌رده‌شت، به به‌شداری 400 که‌س، دانیستنێکی زانستی به مه‌به‌ستی نقاش له سه‌ر به‌به‌ست و کێشه‌کانی سه‌ر ڕێگه‌ی ژنان بۆ به‌شداری له کۆمه‌ڵگا ساز درا.

له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا، په‌یامی کۆمیته‌ی ژنانی تیڕۆژ، وتارێک سه‌باره‌ت به توندوتیژی و کوشتنی نامووسی له لایه‌ن «خاتوو ڕێزان عه‌بدوڵاهی»، وتارێک سه‌باره‌ت به بیرۆکه‌ی «فێمێنیستی»، نوووسراوه‌یه‌ک له ژێر شه‌ردێڕی»کیژۆڵه‌یه‌کی چاوشین»، به‌رهه‌می سیامه‌ند ئیبڕاهیمی و نامه‌یه‌ک له «فه‌رهاد شه‌ریف پوور» خوێندرایه‌وه.

پاشان میزگردێک به به‌شداری «یۆسف عه‌بباس زاده»، کارناسی باڵایی ده‌روونناسی و مامۆستایی زانکۆ، خاتوو «شه‌یدا سه‌لیمی»، کارناسی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و خاتوو «ئاره‌زوو ئه حمه‌دیان»، کارناسی زانستی سیاسی به‌ڕێوه‌چوو نقاش له سه‌ر کێشه‌ی ژانان و به‌شداریان له ئاستی کۆمه‌ڵگا کرا.

له نێوبڕی ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا چه‌ند په‌ڕده‌ موسیقای کوردی پێشکه‌ش کراوه و هه‌ڕوه‌ها په‌یامی ئه‌نجومه‌نی ژین له مه‌هاباد و گۆڤاری ڕاساش خوێندراوه‌ته.

ئه‌مڕۆ هاوڵاتیه‌کی به‌لوچ له زاهیدان له‌سێداره‌ درا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌وال: ئه‌مڕۆ لقی پارێزگایی سیستان و به‌لوچستانی ده‌زگایی قه‌زایی ئێران ڕایگه‌یاند که هاوڵاتیه‌کی به‌لوچ له پارکی لاله‌ی زاهیدان له‌سێداره‌دراوه.

«ئه‌حمه‌د سه‌ریز»، کوڕی محه‌ممه‌د، به «شه‌ری چه‌کداری دژ به ده‌وله‌ت و «فساد فی ‌الارض» و هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌تی له گرووپێک به ناوی «عه‌بدوڵمالیک ڕیگی» تاوانبار کرابوو.

له لایه‌کی تره‌وه «بزوتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری گه‌لی ئێران» ناسراو به «جوندوڵا» ڕایگه‌یاند که «سه‌عید قه‌نبه‌ر ژه‌هی» لاوێکی 17 ساڵه‌ی زاهیدانیه که بڕیاره له‌م رۆژانه‌دا له‌سێداره‌ بدرێ.

جوندوڵا ده‌ڵێ که ئه‌م لاوه، پێوه‌ندی به تاقمێک له خزمه‌کانیه‌وه هه‌بووه که ئه‌ندامی جوندوڵا بوونه و دژ به ره‌ژیم جه‌نگاون، به‌لام بۆخۆی هیچ پێوه‌ندی و ئه‌ندامیه‌تێکی له‌م گرووپه دا نه‌بوه که‌چی به‌م تۆمه‌ته ڕه‌ژیمی ئاخوندی خه‌ریکه له‌سێداره‌ی بدات.

جوندوڵا داوا له ڕێکخراوه‌کان و پارێزوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان ده‌کات که ڕێگه‌ له به‌ڕێوه‌چوونی حوکمی له‌سێداره‌دانی ئه‌م لاوه بێتاوانه بگرن.

له هه‌‌واڵێکی تر دا، «مه‌جید کاووسی پوور» و «حوسێن کاووسی پور» به تۆمه‌تی تیرۆری «حوسێن موقه‌دده‌س»، جێگری دادستانی گشتی تاران  له گه‌لاوێژی 85، به سزای ئیعدام مه‌حکووم کران و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ پاش په‌سه‌ند کرانی حوکمه‌که له دیوانی دادی ڕه‌ژیم، به‌ڕێوه‌بچێت.

له سه‌قز ڕێگه‌ به ڕێوڕه‌سمی یادی حه‌ڵه‌بجه نه‌درا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: فه‌رمانداری سه‌قز به وتنی «خۆ سه‌ددام تازه مردووه»، حه‌ڵه‌بچه‌ی چی، ڕێگه‌ی به یادکردنه‌وه‌ی سالیادی کیمابارانی ئه‌م شاره نه‌دا.

ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی شاری سه‌قز به‌نیاز بوو شه‌وی شێعرێک به بۆنه‌ی ساڵیادی کاره‌ساتی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه پێکبێنێت، به‌ڵام ڕێوڕه‌سمه‌که له لایه‌ن فه‌رمانداری شاره‌وه ئاسته‌نگ کرا.

به وته‌ی زرێبارپرێس، فه‌رمانداری شاری سه‌قز به تووڕه‌یی به به‌ڕێوه‌به‌رانی شه‌وی شێعره‌که‌ی گوتووه که «کاتێک سه‌ددام زیندوو نیه، شه‌وی شێعریش بۆ حه‌ڵه‌بجه مانایی نیه»، و به‌م شێوه ڕێگه‌ی نه‌داوه که ساڵیادی کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، هیرۆشیمانی کوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

لۆس‌ئانجلێس تایمز: دراوه 5هه‌زار تمه‌نیه‌کانی ئێران کێشه سازن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی لۆس‌ئانجلێس تامزی ئه‌مریکی، بڵاوکردنه‌وه‌ی دراوی 5هه‌زار تمه‌نی له لایه‌ن ئێرانه‌وه به وێنه‌ی ئه‌تۆمی له نه‌خشه‌ی ئێران دا، کێشه‌سازه.

ڕۆژنامه‌که له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه که بڵاوکردنه‌وه‌ی دراوی نه‌خشێندراو به سۆمبۆلی ئه‌تۆمه له کاتێک دا که وڵاتانی 5+1 سه‌رگه‌رمی گفتگۆ له‌سه‌ر ئابلووقه‌ی ئابووری ئێرانن و ئه‌م وڵاته‌ش چالاکیه نایاساییه ئه‌تۆمیه‌کانی به به‌رزترین ئاستی خۆی گه یاندووه، جێگه‌ی پرسیار و سه‌رسووڕمانه.

لۆسئانجلێس تایمزی ده‌ڵێ که بڵاوکردنه‌وه‌ی دراوی 5هه‌زار تمه‌نی که له‌گه‌ڵ 5 دۆلار و 40 سێنتی ئه‌مریکی به‌رانبه‌ره، گه‌وره‌ترین پاره‌ له ئێرانه(جگه له چێک) و ئه‌وه له کاتێک دایه که کارناسانی ئابووری جیهان له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که بوونی دراوی مه‌زن، نیشانه‌ی هه‌ڵمووسانی نرخه‌کان به‌ده‌ر له کۆنترۆلی ده‌وله‌تیه.(تورم)

ڕه‌ژیمی ئاخوندی هه‌وڵ ده‌دات که بڵاوبوونه‌وه‌ی دراوی 5 هه‌زار تمه‌نی به ئاڕمی ناڤۆکی به فه‌خرێکی نه‌ته‌وه‌یی وشانازیه‌ک له‌قه‌ڵه‌م بدات و پڕۆپاگه‌نده‌که‌شی له‌م ئاسته دایه، به‌ڵام کارناسانی ئابووری ناوخۆ و خه‌ڵکیش له‌سه‌ر ئه م بڕوایه‌ن که بردنه‌سه‌ری ئاستی ئابووری خه‌ڵک، توانایی کڕین، بردنه‌سه‌ری داهاتیی بنه‌ماڵه و خاڵه ئابوویه گشتیه‌کان ده‌بنه مایه‌یی شانازی خه‌ڵک و ئێران.

دوێنێ شێمۆن پرێز، به‌رپرسی ئیسرائیلی گووتبووی که خه‌ڵکی ئێران سکیان به  ئۆرانیۆمی پیتێندراو تێر نابێ و پێشنیاری به کۆماری ئیسلامی کردبوو که ده‌ست له پرۆژه‌ی ئه‌تۆمیه‌ پڕ مه‌ترسی‌دا، نایاسایی و خه‌رجه‌که‌ی هه‌ڵگرێ.

دادستانی تاران: زیاتر له 1300 که‌س به هۆی چوارشه‌ممه‌ سووری ده‌زگیر کراون

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: «مه‌حموود سالارکیا» جێگری دادستانی تاران، وتی که‌ له جه‌ریانی چوارشه‌ممه سووری ئه‌مساڵ دا زیاتر له 1300 که‌س ده‌زگیر و 184 که‌سیش زیندانی کراوه.

جێگری دادستانی ره‌ژیم له تاران وێرای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌وڵه، وتی که له 1300 که‌سی ده‌زگیر کراو، 200 که‌سیان ڕه‌وانه‌ی دادگا کراون و 184 که‌سیان زیندانی ده‌کرێن.

ناوبراو بێ ئاگایی خۆی سه‌باره‌ت به هه‌واڵی ده‌زگیر کردنی مامۆستایانی ناڕازی له ئه‌مڕۆ له به‌ر ده‌رگایی پارله‌مان کۆببوونه‌وه ، ڕاگه‌یاند.

پاش 17 ڕۆژ بوونی له نه‌خۆشخانه، مام جه‌لال گه‌رایه‌وه کوردستان

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: پاش ئه‌وه‌ی که جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆک کۆماری عێراقی فیدرال و سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیستمانی کوردستان له ڕێکه‌وتی 6ی ڕه‌شه‌ممه نه‌خۆش که‌وت و گوازتراوه ئۆردۆن، ئه‌مڕۆ کاتژمێر 3ونیوی پاش نیوه‌ڕۆ گه‌رایه‌وه سلێمانی وله لایه‌ن هه‌ازاران هاوڵاتیه‌وه پێشوازی لێکرا.

نیوه‌رۆی ئه‌مرۆش «نێچیرڤان بارزانی» سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یاوه‌ری وه‌فدێكی‌ پێكهاتووه‌ له‌ فازیل میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ پێشوازی له مام جه‌لال، گه‌یشته‌ سلێمانی و له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لێكرا.

له‌وته‌یه‌كیدا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ بێ وێنه‌مان بینی له‌رێگادا كه‌ بۆ پێشوازی مام جه‌لال دروستبووه‌، بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناتوانین بگه‌ینه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی .

مام جه‌لال له‌ئوردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن شا عه‌بدوڵڵا شای ئوردن ه‌وه‌ به‌ڕێكراو كاژێر 3.15 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و سه‌ره‌تا له لایه‌ن نێچیرووان بارزانی و ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی و پاشان له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازی لێکرا.

ده‌گوترێ که ئێستا بارودۆخی ته‌ندروستی تاڵه‌بانی باشه و به زووی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌رکه‌کانی. مام جه‌لال له لێدوانێک دا بۆ جه‌ماوه‌ر، سپاسی سه‌رجه‌میانی کرد و سپاسی سیستانی، سه‌رۆک وه‌زیران و پارله‌مانتاران و هه‌مووی ئه‌و که‌سانه‌ی کرد که به نه‌خۆشی ناوبراو په‌رۆش بوونه و پێوه‌ندیان پێوه‌ کردووه.

تاڵه‌بانی وتی که له‌مه‌ودوا به توانا و باوه‌ری زۆرتره‌وه درێژه به ئه‌رکه‌کانی ده‌دات و تا سه‌رکه‌وتن ده‌ست هه‌لناگرێ و پاشان به عه‌ره‌بیش سپاسی کۆمنه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی کرد.

شایانی باسه له‌م پێشوازیه‌دا ده‌یان هه‌زار که‌س له خه‌ڵکی سلێمانی و کوردستان ئاماده‌ی بوون و ڕێوره‌سمه‌که له چه‌ند کاناڵی جیهانی بۆ وێنه له کوردستات، «ئه‌لجه‌زیره»م «ئه‌لشه‌رقیه»، «ئه‌لعه‌ره‌بیه» ڕاسته‌وخۆ بڵاو ده‌کراوه.

نوێنه‌رانی کورد بۆ ئۆجه‌لان دیداریان له‌گه‌ل به‌رپرسانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌اڵ: به‌رپرسانی فێدراسیۆنی کوردان له دانمارک، به مه‌به‌ستی گفتگۆ له‌سه‌ر چاره‌نووسی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و هه‌واڵه‌کانی ژه‌هرخواردکردنی ناوبراو دیداریان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی کرد.

فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردیه‌کانی دانمارک(FEY-KURD)، به به‌رپرسانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونده‌وڵه‌تی(Ammensty international) یان ڕاگه‌یاند که بارودۆخی ته‌ندرووستی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری زیندانی پ.ک.ک له مه‌ترسی دایه و به پێی ئاکامی تاقیکردنه‌ پزیشکیه‌کان له لابراتواره‌کانی ئه‌ورووپا، ناوبراو خه‌ریکی به هێواشی ده‌رمانداو ده‌کرێ.

نوێنه‌رانی فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردیه‌کانی دانمارک وێرای ئاماژه به حه‌ساسیه‌تی کوردان به ته‌ندروستی و چاره‌نووسی ئۆجه‌لان، وتیسیان له ئه‌مه هێرشێکی ئاشکرایه بۆ سه‌ر گه‌لی کورد و ئاکامی قورسی لێده‌که‌وێته‌وه و داوایان له ئه‌مێنستی کرد که گرووپێکی پێکهاتوو له پزیشکانی پسپۆری نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ بنێردرێنه ئیمراڵی.

هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی»FEY-KURD» گوتیشیان که کامپانیایی ناردنی نامه‌ی ناره‌زایه‌تیان بۆ بالوێزخانه‌ی تورکیا ده‌سپێکردووه و به‌رپرسانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ڵێنی به‌دوواداچوون و تاقیبی نیزێکی پرۆسه‌که‌یان دا.

ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا: موقته‌دا سده‌در له تارانه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وته‌بێژی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراق ڕایگه‌یاند که سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌کان ده‌سه‌لمێنن که موقته‌دا سه‌در له ئێرانه و له‌کاتی رۆیشتنی سه‌دره‌وه، ڕێژه‌ی کوژراوه‌کان له عێراق که‌م بۆته‌وه.

«ژه‌نه‌راڵ ویلیام کڵدۆڵ» وته‌بێژی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراق ڕایگه‌یاند که به پێی زانیاریه‌کانی ئه‌وان، «موقته‌دا سه‌در» ڕێبه‌ری جه‌یشی تیرۆریستی شیعه‌ی ئه‌لمه‌هدی، مانگێکه له عێراق چۆته‌ده‌ر و ئێستاش له ئێرانه.

کاڵدۆڵ وتیشی که ئێمه به‌رده‌وام به شوێنی موقته‌دا سه‌در دا ده‌گه‌رێین و به‌ڵام دڵنیاین که لانی که‌م تا 24 کاتژمێر له‌مه‌وبه‌ر، ناوبراو له ئێران بووه و له کاتی ڕاکردنی موقته‌دا سه‌در و ڕێبه‌رانی تری سوپای مه‌هدی، تا ئێستا ڕێژه‌ی قوربانیانی سه‌ری تایفی له عێراق و به‌غدا که‌م بۆته‌وه.

شایانی باسه که ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا 14ی شوبات ڕایگه‌یاندبوو که موقته‌دا سه‌در به‌ره‌و ئێران ڕایکردووه و پاشان له چوارچێوه ئه‌نجامی ستراتێژی نوێی ئه‌مریکا له عێراق دا شارۆچکه‌ی سه‌در چه‌ندین جار که‌وتۆته به‌ر هێرش و پشکنینی هێزه‌کانی هاوپه‌یمان و پۆلیسی عێراق.

ژنێکی بانه‌یی له لایه‌ن براکانیه‌وه کوژرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که ژنێکی بانه‌یی به ناوی «عه‌زیمه»، به هۆی زه‌ماوه‌ندیی دووباره‌ی، له لایه‌ن براکانیه‌وه، له رۆژی جیهانی ژن دا کوژرا.

ژنێکی بانه‌یی به ناوی «عه‌زیمه»، له رۆژی جیهانی ژن و به هۆی ئه‌وه که بۆ زه‌ماوه‌ندی دووباره‌ی ئیزنی له براکانی وه‌رنه‌گرتبوو و له لایه‌ن براکانی خۆیه‌وه  کوژراو.

چوار مناڵی ورد، ئاکامی زه‌ماوه‌ندی یه‌که‌می عه‌زیمه‌یه و براکانی ناوبراو به هۆی ئه‌وه که ئه‌م ژنه ئیزنی له‌وان وه‌رنه‌گرتووه تا جارێکی تر زه‌ماوه‌ند بکاته‌وه، له لایه‌ن براکانیه‌وه کوژرا.

ڕێکخراوی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور: کوردستان زیندانی ڕۆژنامه‌وانانه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به ده‌زگیرکردنی دوو رۆژنامه‌وانی تر، ئاماری ڕۆژنامه‌انانی زیندانی له کوردستان گه‌یشته 4 که‌س و له کاتێک دا که ئێستاش «کاوه‌ جه‌وانمه‌رد» و «عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور» هه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رن، له ڕۆژه‌کانی 5 و 17ی ره‌شه‌ممه، «کیا جه‌هانی» و «ئاسۆ ساڵح»یش ده‌زگیر کراون.

ڕێکخراوی ڕۆژنامه‌‌وانانی بێسنوور ڕاده‌گه‌یێنێ که بارودۆخی ڕۆژنامه‌انان له کوردستان هه‌ر ڕۆژ خه‌راپتر ده‌بێت و ڕۆژنامه‌وانان له‌م ناوچه تووشی کێشه و مه‌ترسی زۆرترن، له‌خۆوه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێن و له کاتی گیرانیشیان دا له گرتووخانه‌ی شاراوه ڕاده‌گیرێن.

به‌رپرسانی قه‌زایی و ئاسایشی گیراوان له مافی که‌ڵک وه‌رگرتن له پارێزه‌ر و دیتنی بنه‌ماڵه‌کانیان بێبه‌ش ده‌که‌ن و به‌م هۆیه که هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ تاوانباری ئه‌ان له‌ده‌ست دانیه، ئێمه خوازیاری ئازادکردنیانی ئه‌م ڕۆژنامه‌وانانه‌ین.

ڕۆی 5ی ڕه‌شه‌ممه، «کیا جه‌هانی»، هه‌واڵنێری کوردستان تی‌ڤی له مه‌ریوان ده‌زگیر ده‌کرێ و به‌رپرسان تا ئێستا هیچ لێدوان و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌م پێوه‌ندیه‌وه نه‌داوه، ئه‌وه له کاتێک دایه که کوردستان تی‌ڤی ساڵه‌هایه له ئێران به ئازادی و یاسایی چالاکی ده‌کات.

17ی ڕه‌شه‌ممه و له ڕۆژی جیهانی ژن دا «ئاسۆ ساڵح»، هه‌ڵنێری حه‌وتوونامه‌ی «دیدگاه» که به مه‌به‌ستی ئاماده‌کردنی ڕێپۆرتاژێک چووبۆ شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی 8ی مارس، له لایه‌ن به‌رپرسانی ئیتلاعاتیه‌‌وه ده‌زگیر کراو بنه‌ماڵه و دۆستانی ئاسۆ باس له نه‌خۆشی هه‌ناسه‌یی ناوبراو ده‌که‌ن و هه‌ر بۆیه ناچار ماون که ده‌رمانی نه‌خۆشیه‌کی بۆ ڕه‌وانه‌یی گرتووخانه‌که بکه‌ن.

له لایه‌کی تره‌وه، «عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور» و ، ڕۆژنامه‌انی حه‌وتوونامه‌یی ئاسۆ له 5ی ڕێبه‌ندانه‌وه له سنه ده‌زگیر و له شوێن و دۆخێکی نادیار دا ده‌ستبه‌سه‌ره و جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که حه‌وتوونامه‌ی ئاسۆ به پێ بڕیارێکی وه‌زاره‌تی ڕێنوێنی ئیسلامی ره‌ژیم له گه‌لاوێژی ساڵی 1384 داخراوه.

«کاوه‌ جه‌وانمه‌رد»، ڕۆژی 26ی سه‌رماوه‌ز له ماڵی خۆی ده‌زگیر کراوه و تا ئێستاش له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشیه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ره و بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانی ناوبراو له شوێنی گیران و دۆخی دۆسیه‌که‌ی بێئاگان.

ڕۆژی 7ی ڕه‌شه‌ممه‌ش، کۆمیته‌ی چاوه‌ێری بڵاوکراوه‌کانیش، ئیزنی بڵاوکردنه‌وه‌ی حه‌وتوونامه‌ی»په‌یامی کوردستان»ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ڕۆژنامه‌ و بڵوکراوه کوردیه‌کان له‌م مانگانه‌ی دواییدا به زۆری به تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو «باس له کێشه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و نه ژادی و به مه‌به‌ستی جیاوازی خوازانه»، داخراون. حه‌وتوونامه‌ی په‌یامی کوردستان له دوایین ژماره‌ی خۆی دا نه‌خشه‌ی جوگرافیایی «کوردستانی مه‌زن»ی چاپ کردبۆوه.

کۆردیناتۆری ئه‌مریکا بۆ پ.ک.ک: بژاری هێرش بۆ سه‌ر پ.ک.ک به‌رده‌ام له‌سه‌ر مێزه

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: «جۆزێف ڕاڵستۆن»، کۆردیناتۆری ئه‌مریکا بۆ پ.ک.ک له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی ئاسشۆیته‌د پڕێس» دا وتی که بژاری هێرش بۆ سه‌ر که‌مپه‌کانی پ.ک.ک به‌رده‌وام له سه‌ر مێز هه‌یه.

ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشین و کۆردیناتۆری ولایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ کاروباری پ.ک.ک «جۆزێف ڕاڵستۆن» له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی «ئاسشپیته‌د پڕێس» دا سه‌باره‌ت به پ.ک.ک وتی که بژاری هێرشی سه‌ربازی به‌ڕده‌وام له سه‌ر مێزه به‌ڵام ئێستا ئێمه قورساییمان به هه‌نگاوی تر داوه.

ڕاڵستۆن وتی که ئێمه ئێستا خه‌ریکی بڕینی سه‌رچاوه‌کانی ماڵی پ.ک.ک له ئه‌ورووپاین و بۆ داخستنی که‌مپی مه‌خموریش هه‌نگاوی جیددی هه‌ڵێنراوه.

ناوبراو وتیشی که تورکیا داوا له ئێمه ده‌کات، پ.ک.ک له‌ناوبه‌رین، ڕێبه‌رانی ده‌زگیر  وڕاده‌ست بکه‌ینه‌وه و سه‌رچاوه‌ دارایه‌کانی ببڕین. به‌ڵام ئێستا پلانی هێرشی سه‌ربازیمان نیه. ڕاڵستۆن ئاماژه‌ی به‌م یه‌که‌ش کرد که پاش دیدارێکی نێوان ئه‌و و مه‌سعوود بارزانی بوو که پ.،ک.ک ئاگربه‌ستی یه‌ک لایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاند.

ئه‌م لێدوانه‌ی ڕاڵستۆن له کاتێک دایه که ئه‌مریکا چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ناڕه‌زامه‌ندی خۆی به‌رانبه‌ر به هه‌رچه‌شنه ئۆپێراسیۆنێکی سه‌ربازی دژ به پ.ک.ک له باشووری کوردستان ڕاگه‌یاندبوو.

گومانلێکراوی ڕووداوی 11ی سێپته‌مبه‌ری ئه‌مریکا، دانی به تاوانه‌که‌ی نا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا له بڵاوکراوه‌یه‌ک دا ڕایگه‌یاند که «خالید شێخ محه‌ممه‌د»، گومانلێکراوی سه‌ره‌کی هێرشی تیرۆریستی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001ی ئه‌مریکا به فه‌رمی دانی به تاوانه‌که‌ی خۆی ناوه.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا ناوه‌رۆکی دانپێدانانه‌کانی «خالید شێخ محه‌ممه‌د»، تاوانباری سه‌ره‌کی و پلانڕێژی هێرشی 11ی سێپته‌مبه‌ری ئه‌مریکایی بڵاوکردوه‌ و به ئاشکرا ده‌ڵێ له سه‌ره‌تاوه تا دوایی من پلان ڕێزی و ئه‌نجامی هێرشه‌که‌م به فه‌رمانی «شێخ ئۆسامه بین لاده‌ن» به ئه‌ستۆوه بوو.

له دانیشتنی دادگایی له گوانتانامۆ دا شێخ خالید وتوویه‌تی که جگه له بیناکانی ڕێکخراوی تیجاره‌تی جیهانی له نیۆیۆرکی ئه‌مریکا، بڕیاربوو که هێرش بکه‌ینه سه‌ر ساعه‌تی»بیگ به‌ن» له له‌نده‌ن و فرۆکه‌خانه‌ی «هیتڕۆی» له‌م شاره.

«خالید شێخ محه‌ممه‌د»ی به‌ڕه‌گه‌ز پاکستانی له مانگی مارسی 2003 ده‌زگیر کراو تا ئه‌و کات سێهه‌مین به‌رپرسی مه‌زنی ئه‌لقاعیده‌بووه و پاش ڕاگیرانی له شوێنێکی شاراوه، هێنراوه‌ته گوانتانامۆ و پاشان لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه.

له هێرشی تیرۆریستی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001ی ئه‌لقاعیده‌ بۆ سه‌ر دوو بینایی ڕێکخراوی تیجاره‌تی جیهانی له نیۆیۆرکی ئه‌مریکا و پێدادانی دوو فڕۆکه‌ی پڕ له مسافیر به‌م بینایانه و پاشان هێرش بۆ سه‌ر پێنتاگۆن دا، زیاتر له 3000 که‌س کوژران.

ئه‌م هێرسه بوو به سه‌ره‌تایی هێرش و شه‌رێکی جیهانی به ناوی «سه‌ری دژه تیرۆر» به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا و له یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی‌دا ئه‌فغانستان و عێراق داگیر کران، ئێران له گه‌مارۆ دایه، ده‌یان ڕێکخراوی ئازادیخواز وه‌کو پ.ک.ک وه‌کو گرووپی تیرۆریستی ناوزه‌د کران و به وته‌ی بوش «ئه‌م جه‌نگه پیرۆزه هه‌ر به‌ڕده‌وامه».

پێشنووسی بریارنامه‌ی ئابلوقه‌ی ئابووری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی دژی ئێران ئاشکرابوو

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ ڕایانگه‌یاند که وڵاتانی دایمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ئاڵمان له‌سه‌ر پێشنووسی بڕیارنامه‌ی دووهه‌می ئابلووقه‌ی ئابووری ئێران ڕێککه‌وتوون.

به‌ پێی هه‌واڵی ئاژانسی ڕۆیتێرز، وڵاتانی 5+1،  پاش ناردنی دوایین ئاڵ و گۆڕه‌کانی پێشنووسی بڕیارنامه‌ی ئابلووقه‌ی ئابووری ئێران بۆ پێته‌ختی ولاته‌کانیان،وێنه‌یه‌کیشیان بڵاوکرده‌وه.

نوێنه‌ری ئافریقای باشور له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و سه‌رۆکی ئێستای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش رایگه‌یاند که وڵاتانی 5 +‌ 1 ،  به‌ڵگه‌نامه‌که‌ ، به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو خاڵه‌کاندا به‌ هاوده‌نگی گه‌یشتوون یان نا، پێشکه‌شی شورای ئاسایش ده‌که‌ن.

به گوێره‌ی هه‌اڵێکی بی‌بی‌سی «مه‌نوچه‌هر موته‌کی»، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ ژێنێڤ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر په‌روه‌نده‌ی ناوه‌کی ئێران له‌ شورای ئاسایشه‌وه‌ بنێردرێته‌وه‌ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ناوه‌کی، ئێران ئاماده‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌، به‌رنامه‌ ناوه‌کیه‌کانی خۆی زه‌مانه‌ت به‌ ڕۆژئاوا بدا. له‌ لایه‌کی تر، ئاژانسی ده‌نگ و باسی نۆوۆستی ڕایگه‌یاند، ئه‌حمه‌دی نیژاد،هێرشی کردۆته‌ سه‌ر ڕۆژئاوا و جارێکی تر له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێران پێی داگرت.

هاوکات، ئاسیۆشێیتێدپرێس ڕایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیه‌ داوای له‌ عه‌لی حسێنی ، نوێنه‌ری شورای ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی ئیران له‌ روسیه‌ کرد، ئێران ده‌ست له‌ پیتاندنی ئۆرانیۆم هه‌ڵگرێ. ئه‌و داخوازیه‌ی روسیه‌ له‌ کاتێکدا باس ده‌کرێ که‌ ئێران ناره‌زایه‌تی خۆی له‌ وه‌دره‌نگ خستنی پرۆژه‌ی بنکه ی‌ ناوه‌کی بوشه‌هر، له‌ لایه‌ن روسیه‌وه‌، ده‌ربڕی.

له مانگ ونیوێک دا زیاتر له 70 ئه‌ندامی پارتی کۆمه‌لگایی دێموکراتیک ده‌زگیر کراون

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک ڕایگه‌یاند که له مانگێک دا زیاتر له 70 ئه‌ندام و به‌رپرسی ئه‌م پارته ده‌زگیر و 35 که‌سیان ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌ کراون.

پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک، هۆی ئه‌م گووشارانه بۆ سه‌ر پارته‌که، به نزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری و پارله‌مان و جه‌ژنی نه‌ورۆز و ترسی ده‌وڵه‌ت له‌به‌هێزبوونی خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی کوردان ده‌زانێ و ده‌ڵێ به‌رده‌وام بۆ سه‌رجه‌م چالاکیه‌کان و هه‌ر هه‌نگاوێکمان لێکۆڵینه‌وه، دادگایی و حوکمی گیران ده‌درێ و ته‌نیا له‌ 42 ڕۆژ دا دا زیاتر له 285 کورد ده‌زگیر کراون که 70 که‌سیان ئه‌ندامی پارته‌که و 35یان ئه‌ندامانی باڵایی DTP بووونه و له 102 کوردی گیراویش ئه‌م ڕێژه به‌رپرسانی پارته‌که ره‌وانه‌ی گرتووخانه کراون.

به گوێره‌ی ئاماره‌کان، له‌م مانگ ونیوه‌ی دوایی‌دا، پۆلیس و هێزه‌کانی ئاسایشی تورکیا هێرشیان کردۆته سه‌ر بنکه‌کانی پارتی کۆمه‌لگایی دێموکراتیک له شاره‌کانی ئامه‌د، وان، سیرت، شرناخ، ماردین، باتمان، قارس، ئه‌سته‌نبوڵ، ئه‌نقه‌ره، ئه‌لعه‌زیز، ڕوحا، عه‌نته‌پ، ئه‌ده‌نه، موش، تونجه‌لی، کۆجه‌عه‌لی و حه‌کاری و ئه‌زمیر. له ئه‌درنه و کریک قه‌ڵاش لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر به‌رپرسی پارته‌ ده‌کرێ.

هه‌ر ئێستا سه‌رۆکی لقی ئامه‌د، ئه‌زمیر، ماردین، سێرت، وانی DTP به تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو به‌کار هێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، پشتیوانی له وته‌ی «هێرش بۆ سه‌ر که‌رکووک، هێرش بۆ سه‌ر ئامه‌ده» و پشتیوانی له ڕۆژ تی‌ڤی و هتد ده‌زگیر و زیندانی کراون.

دوو که‌سی تر له زاهیدان له‌سێداره دران

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئاژانسی ئیرنا ڕایگه‌یاند که دوو

 هاوڵاتی له زاهیدان ئه‌مڕۆ له سێداره دراون و تۆمه‌ته‌که‌شیان، کڕین و فڕۆشی ماده‌سڕکه‌ره‌کان بووه.

که‌ناڵی ته‌لڤزیۆنی فه‌رمی ئێرانیش وێرای ئاماژه به‌م هه‌واڵه زانیاری زیاتری سه‌باره‌ت به ناسنامه‌ی ئیعدام کراوه‌کان نه‌دا و ئه‌وه له کاتێک دایه که سه‌رچاوه‌کانی خۆجێیی ده‌ڵێن کۆماری ئیسلامی ته‌نیا له جه‌ند مانگی ڕابردوو دا زیاتر له 200 که‌سی به تۆمه‌تگه‌لێک وه‌کو قاچاغی ماده‌سڕکه‌ره‌کان، له تریاک و هێرۆئین، ڕفاندنی مرۆڤ، شه‌ری جه‌کدار و هتد له سێداره داوه.

له لایه‌کی تره‌وه، گیراوێک له گرتووخانه‌ی ناوه‌ندی ورمێ پێی ڕاگه‌یاندراوه که به‌م زوانه له سێداره ده‌رێ.

به‌رپرسانی زیندان بنه‌ماڵه‌ی «حوسێن فرووهیده»، که به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی 4 مانگه له گرتووخانه‌ی ورمێ دایه یان ئاگادار کردۆته‌وه که چیتر بۆ دیتنی کوڕه‌که‌یان سه‌ردانی گرتووخانه‌که نه‌که‌ن، بۆیه که بڕیاره به‌م زوانه له سێداره بدرێ.

7 گه‌ریلایی پ.ک.ک به ژه‌هر کوشتران

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: مێدیاکانی تورکیا ده‌نگۆی کوژرانی 7 گه‌ریلایی هه‌په‌گه‌یان له ئه‌شکه‌وتێک له لیجه‌ی ئامه‌د بڵاوکرده‌وه، پاش حه‌وتوویه‌ک پ.ک.ک هه‌واڵه‌که‌ی پشتڕاست کرده‌وه.

به گوێره‌ی ئاژانسی فورات، هێزی پاراستنی گه‌ل هه‌واڵی ژه‌هرخواردکردنی 7 گه‌ریلایی هه‌په‌گه‌ی پشتراست کرده‌وه وتی که رۆژی هه‌ینی 9ی مارت، ته‌رمی 7 گه‌ریلایی ژه‌هرخوارد کراو له ئه‌شکه‌وتێکی له ناوچه‌ی کوڵپی سه‌ر به لیجه‌‌ی ئامه‌د، دۆزراونه‌ته‌وه و هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت ته‌رمه‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوون.

زانرا که دوابه‌دوایی ڕووداوه‌که دوو گه‌ریلایی تر، خۆیان ڕاده‌ستی هێزه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیا کردۆته‌وه و مورات قه‌ره‌یه‌لان، سه‌رۆکی کۆنسه‌ی رێوه‌به‌ری کۆما کۆمه‌ڵانی کوردستان وتی که پ.ک.ک سه‌رگه‌رمی لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ و له زووترین کات دا زانیاری زیاتر بۆ بیروڕایی گشتی ڕاده‌گه‌ێندرێ.

هه‌په‌گه له دواترین ڕاگه‌یاندراوی دا باس له‌وه ده‌کات که ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه دوو که‌س که پێشتر گه‌ریلا بوونه ئه‌م تاوانانه‌یان به یارمه‌تی ئه‌رته‌ش به‌ڕێوه‌بردبێ. هه‌روه‌ها ده‌گوترێ که ته‌رمه‌کان له سه‌ر زه‌وی ڕاکێشراون و شێوێندراون.

ئه‌مڕۆ 19مین ساڵڕۆژی کیمیاباران کردنی حه‌ڵبچه‌ی شه‌هیده

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ڕێکه‌وتی 16ی مارت، ساڵوه‌گه‌ری نۆزده‌یه‌مینی کیمیابارانی حه‌ڵبچه‌ی شه‌هید له لایه‌ن ئه‌رته‌شی به‌عسی ڕووخاوه. له‌م رۆژه دا به هۆی باراندنی گازی خه‌رده‌ل و ئه‌عساب و بۆردومانی کیمیایی ئه‌م شاره زیاتر له 5000 هه‌زار مرۆڤی بێ تاوان، کوژران و زامێکی مه‌زن له کوردستان، به‌دیهات و رۆژێکی ره‌ش له میژووی گه‌ل و وڵاته‌که‌مان زێده بوو.

به‌م بۆنه‌وه ئه‌مرۆ شاندێكی په‌رله‌مانی به‌لژیک به هاوڕێیی شاندێکی پارله‌مانی کوردستان، به‌شداریان له‌یادی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ دا كرد   له‌م یاده دا جێگری سه‌رۆك په‌رله‌مانی به‌لژیک له‌وتاره‌كه‌یدا گوتی: «ئومێده‌وارم گه‌لی كورد ئامانجه‌كانی به‌ده‌ستبێنێت، كه‌ ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ی له‌پێناو داوه‌و شایسته‌ی قوربانیه‌كانی بێت».

وپاشان تاجه‌ گوڵینه‌كانیان له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدان دان.

دوێنێش له چوارچێوه‌ی ئه‌م یاده تاڵه‌دا، شانۆیه‌ک پێشکه‌ش کرا که به هۆی بارینی باران، به نیوه‌ ته‌واوی کۆتایی پێهات.

ئه‌مڕۆ هه‌ر له یادی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه و ڕێزگرتن له شه‌هیدانی ئه‌م شاره، له سه‌رجه‌م شار و گوند و شوێنه‌کانی کوردستان، 5 خوله‌ک بێده‌نگی بۆ نواندنی ماته‌می ئه‌م شاره شه‌هیده، به‌ڕێوه‌چوو.

له ژێره‌وه دوو کورته فیلم سه‌باره‌ت به کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه پێشکه‌ش به ئێوه‌ی ئازیز ده‌کرێ.:

بۆردومانی کیمیایی حه‌ڵه‌بچه، به‌شی یه‌که‌م

بۆردومانی کیمیایی حه‌ڵه‌بچه، به‌شی دووهه‌م

ئینته‌رپۆلی به‌رپرسانی ئێرانی ده‌زگیر ده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: پۆلیسی جیهانی ڕایگه‌یاند که ئیزنی ده‌زگیرکردنی به‌رپرسانی ئێرانی که ده‌ستیان له ته‌قاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندی جوله‌که‌کان له سالی 1994 له ئارژژانتین هه‌بووه داوه.

به پێی ئه‌م به‌ڵگه‌یه، پۆلیسی جیهانی «ئیته‌ر پۆل» ڕایگه‌یاندووه که هه‌نگاوی یه‌که‌می پڕۆسه‌ی ده‌زگیر کردنی «مۆحسێن ره‌زایی»، سه‌رۆکی سپایی پاستارانی کات، «عه‌لی فه‌ڵاحیان»، وه‌زیری ئیتلاعاتی کات، «مۆحسێن ڕه‌ببانی»، «ئه‌حمه‌د ڕه‌زا عه‌سکه‌ری»، «ئه‌حمه‌د وه‌حیدی» تیرۆریست و «عیماد موغنیه»ی حیزبولاهی داوه.

ئه‌م ئیزنه که به ناوی «هه‌ره‌شه‌ی سوور» ده‌ناسرێ یه‌که‌م هه‌نگاوی پڕۆسه‌ی ده‌زگیری ئینته‌رپۆله و ئێران ده‌ڵێ که ئه‌م هه‌ره‌سه‌یان قه‌بووڵ نیه و داوایی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌م حوکمه ده‌که‌ن.

ئێران به توندی ره‌تیده‌کاته‌وه که ئه‌م که‌سانه ده‌ستیان له ته‌قاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندی جوله‌که‌کان له بۆنسئایرسی ئارژانتین له ساڵی 1994 ببێت که له ئاکامی دا 85 که‌س کوژران.

ئه‌وه له کاتێک دایه که دادگایی باڵای ئارژانتین پاش 13 ساڵ به به‌لگه‌وه سه‌لماندی که به‌رپرسانی باڵایی ئێرانی ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانده‌ری ئه‌م ته‌قینه‌وه بونه. قازی کوڕاڵ، به‌رپرسی قه‌زایی ئارژانتینی که ئه‌م قه‌راره‌ی داوه، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، «موحسێن به‌هاروه‌ند»، دیپلۆماتی باڵایی ئێرانی ؛له‌م وڵاته کێشاندبۆ دادگا و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کردبوو.

«ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان» دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌سێداره ده‌درێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی به‌رپرسێکی دادگایی باڵایی تاوانی عێراقی، «ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان» جێگری سه‌رکۆماری ڕژیمی ڕووخاوی عێڕاق، به‌ تاوانی به‌شداری له‌ کوشتاری 148 هاووڵاتی شیعه‌ی گوندی «دوجه‌یل» رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، ئێعدام ده‌کرێ.

به گوێره‌ ئه‌م هه‌‌واڵه که سه‌رچاوه عێراقیه‌کان بڵاویان کرده‌وه، «ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان» جێگری سه‌ددام حوسێن له ره‌ژیمی پێشوو دا پاش ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن دادگایی پێداچوونه‌وه‌وه حوکمی ئیعدامی به‌سه‌ر دا سه‌پا، چاوه‌ڕوان ده‌کرێ به زووی له‌سێداره بدرێ.

به‌رپرسی باڵایی دادگایی تاوانی عێراق وتی که بڕیاری ئێعدامی ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان به‌ حکوومه‌تی ئه‌لمالیکی ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و پاشان ئاسکرابوو که رۆژی دووشه‌ممه له سێداره‌ده‌درێ.

شایانی ئاماژه‌یه‌ که‌ ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان چواره‌مین که‌سه‌ له‌ سه‌رانی پێشووی به‌عس ده‌بێ که پاش دادگایی کرن و حوکم دانیان له‌ سه‌ر تاوانه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌  ئێعدام ده‌کرێن.

هیلاری کلینتۆن: ئه‌گه‌ر له عێراقی پاشه‌کشه‌ش بکه‌ین کوردستان ده‌پارێزین

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: «هیلاری کلینتۆن»، به‌هێزترین کاندیدی دێموکراته‌کان بۆ هه‌لبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری 2008ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراق پاشه‌کشه‌ش بکات، بۆ پاراستنی کورده‌کان، نوێنه‌ر و سه‌رباز ده‌هێڵینه‌وه.

«هیلاری کلینتۆن»، گرینگترین بژارده‌ی دێموکراته‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری ئه‌مریکا له ساڵی 2008 سه‌باره‌ت به ستراتێژی وڵاته‌که‌ی به هاتنه‌سه‌رکاریان سه‌باره‌ت به عێراق ئه‌وه ده‌بێت، که هێزه‌کانیان ده‌کشێننه‌وه، به‌ڵام بۆ پاراستنی کورده‌کان له ئه‌گه‌ری هه‌ر چه‌شنه هێرشێک له لایه‌ن «ئه‌لقاعیده» و «ئێران»، نوێنه‌رانی سیاسی و سه‌رباز له‌م به‌شه‌دا ده‌هێڵێته‌وه.

له کاتێک دا که کۆماریخوازه‌کان و بوش ده‌یانه‌وێ ڕێژه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریکایی له عێراق زیاتر بکه‌ن، دێموکراته‌کان و هیلاری کڵینتۆن مانگی پێشوو داوایی له بوش کردبوو که له 90 ڕۆژ دا هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق بکشێنێته‌وه و هیلاری به‌ڵێن ده‌دات به گۆڕانی سه‌رکۆماری به زووترین کات، کۆتایی به شه‌ر دێنێت و پاشه‌کشه به سه‌ربازانی ئه‌مریکا ده‌کات.

«هیلاری کلینتۆن» که له ساڵی 2000وه سێناتۆری ئه‌مریکا له شاری نیۆیۆرکه‌ و ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی کوردستانی کردبوو و ئێستاش له ستراتێژی حکومه‌تی داهاتووی خۆی و دێمۆکراته‌کان دا به‌ڵێنی پاراستنی کوردستان له هێرشی چاوه‌ڕوان کراوی ئێران و ئه‌لقاعیده‌ ده‌دات.

شایانی باسه که له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌وه تا ئێستا سه‌لمێندراوه که  هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام بۆ کوردستان، حکومه‌تی تورکیایه، نه‌ک ئه‌لقاعیده و ئێران.

ئه‌رته‌شی تورکیا باشووری کوردستانی بۆردومان کرد

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: به گوێره‌ی ئاژانسی فورات، ئه‌رته‌شی تورکیا سێ گوندی سنووری باشووری کوردستانی بۆردومان کرد.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، ئه‌رته‌شی تورکیا دوێنێ نیزێک به کاتژمێر و نیوێک، سێ گوندی باشووری کوردستان به ناوه‌کانی :سوری» و «ده‌ریک» و «نیزۆره»ی سه‌ر به «بێگۆڤا»، به تۆپ و هاوه‌ن بۆردومان کردووه و له زانیاریه‌کی ڕوون سه‌باره‌ت به ڕاده‌ی خه‌ساری گیانی و ماڵی ئه‌م تۆپبارانه له‌ده‌ست دا نیه.

له لایه‌کی تره‌وه هێزی پاراستنی گه‌ل ڕایگه‌یاند که گه‌ریلاکانی ئه‌ان هیچ زانیاریه‌کیان سه‌باره‌ت به‌م سێ جاشه نیه که له هه‌رێمی به‌ستایی شڕناخ کوژراون. هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێ ئه‌رته‌شی تورکیا له هه‌رێمه‌کانی بۆتان  وماوا ئۆپێراسیۆنی به‌رفراوانی ده‌سپێکردووه.

RMMK له په‌یامێک بۆ کۆنفرانسی کورد له ئۆسترالیا، باس له پێشێلکاری مافی کوردان له ئێران ده‌کات

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ریکخراوی مافی مروفی کوردستان له په‌یامێک دا بۆ کۆنفرانسی کورد له ئوسترالیا، ئاماژه به پێشێلکاری به‌رفراوانی مافی کوردان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی و له سه‌جه‌م چوارپارچه‌ی کوردستان به گشتی ده‌کات و داوا له ئێران و ڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان ده‌کات کۆتایی به سه‌رکوت و پێشێلکاری مافی کوردان له‌م وڵاتانه‌دا بێنن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له په‌یامه‌که‌ی بۆ کۆنفرانسی کورد له ئۆسترالیا ده‌ڵێ:  له کوردستان به‌ڕده‌وام به هۆی ئه‌وه که گه‌لی کورد ئاماده نه‌بووه پشت له مافه‌کانی بکات و ناسنامه‌ی خۆی له‌بیر به‌رێته‌وه، به‌رده‌ام به‌ره‌وڕووی زه‌خت، گووشارم سه‌رکوت، کۆمه‌ڵکوژی، ئه‌شکه‌بنجه، ئه‌نفاڵ، کیمیاباران و ده‌زگیر و ئیعدام کردنی خه‌باتکارانی سیاسی و مه‌ده‌نی خۆی بووه و به‌رده‌وام له لایه‌ن وڵاتانی داگیرکه‌ری تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق، چه‌ساوه‌ته‌وه.

RMMK ده‌ڵێ: ئه‌م وڵاتانه‌ی که حوکم به سه‌ر کوردستان ده‌که‌ن به ئه‌نقه‌ست کوردستانیان له ئاستێکی ئابووری نزم دا هێشتووه و کێشه‌، دووبه‌ره‌کی، جیاوازی و سته‌م به سه‌ر کوردان دا ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ ئاساییترین مافه‌کانیان به‌ره‌نگاریان کردووه و ته‌نانه‌ت به هۆی داخوازی «ئۆتۆنۆمی»، زوڵمیان لێکراوه.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان چه‌ند خاڵی سه‌ره‌کی پێشێلکاری مافی کوردان له کوردستان به‌م شێوه ده‌بژێرێ:

  • تیرۆر و کوشتنی جیابیرانی، دوورخراوه‌کان و چالاکانی نه‌ته‌وه‌یی کورد
  • قه‌تڵ و کوشتنی هاوڵاتیان کورد به تاک و به کۆمه‌ڵ
  • ئه‌شکه‌نجه‌گه‌لی ڕۆحی و جه‌سته‌یی
  • له‌سێداره‌دانی چالاکانی سیاسی کورد به بێ دادگایی کردن
  • کوشتاری سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ وێنه له خۆپێشاندانه‌کانی فێوریه‌ی سنه له ساڵی 1999
  • سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تیه مه‌ده‌نیه‌کانی کوردستان له شاره‌کانی مه‌هاباد، شنۆ، پیرانشار، سنه و سه‌قز له جولای 2005
  • کوشتاری خه‌ڵکی ماکۆ له فێوریه‌ی 2005
  • ده‌زگیری و ڕه‌فتاری ناشایست و زیندانی و ئه‌شکه‌نجه کردنی چالاکانی سیاسی، مه‌ده‌نی خوێندکاری، کرێکاری و ڕۆژنامه‌وانان و  چالاکانی ژنان له کوردستان

له په‌یامی ڕێکخراوی مافی مرڤی کوردستان بۆ کۆنفرانسی کورد له ئۆسترالیا دا هاتووه: سه‌ره‌رایی ئه‌م هه‌مۆ زه‌خت و گووشاره بۆ سه‌ر گه‌لی کورد، به‌رپرسانی ئه‌ورووپا و ڕۆژئاوا به‌رده‌وام چاوپۆشیان له‌م پێشێلکاریانه کردووه که له کوردستان ده‌کرێ و ڕێکخراوه‌کانی ۆارێزڤانی مافی مرۆڤیش گرینگیان به‌م کرده‌وانه نه‌داوه که له لایه‌ن حاکمانه‌وه به‌ره‌وڕووی خواسته مرۆیی و ئاشتیخوازانه‌کانی گه‌لی کورد بۆته‌وه.

RMMK له کۆتایی دا داوا له سه‌رجه‌م ڕێکخراوه به‌شه‌‌ر دۆست و پارێزڤانانی مافی  مرۆڤ ده‌خوازێ که چیتر له به‌رانبه‌ر خه‌باتی کوردان و زوڵمی وڵاتانی حاکمی کوردستان دا بێهد‌نگ مه‌مێنن و به گووشار خستنه سه‌ر ئه‌م ڕه‌ژیمانه، ڕێگه‌ بۆ گه‌یشتنی کوردان بۆ مافه‌ ڕه‌واکانیان خۆش بکه‌ن و هه‌وڵی کوردان بۆ پاراستنی ناسنامه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، عه‌داڵه‌ت و یه‌کسانی، مافه‌کانی که‌لتوری و زمانی و پێکهێنانی کۆمه‌لگایه‌کی ئاشتیانه و دادپه‌روه‌ر و دێمۆکرات یاری بکه‌ن.

جێگری ئه‌ڕته‌شی ئێران: 1.2 میلیۆن هێکتار له زه‌ویه‌کانی سنووری ئێران مینڕێز کراوه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: جێگری هێزی زه‌وینی ئه‌رته‌سی ئێران به ئاژانسی ئیرنایی ڕاگه‌یاندووه که زیاتر له 1 میلیۆن و 280 هه‌زار هێکتار له زه‌ویه سنووریه‌کانی ئێران ئالوده به مینن.

به پێی ئه‌م زانیاریانه ئێران پاش وڵاتی ئه‌فغانستان زۆرترین ناوچه‌ی مینڕێژکراوی جیهانی هه‌یه و زۆربه‌ی ئه‌م زه‌ویه میناویانه‌ش له پارێزگا کورد نشینه‌کانک.(ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، ئیلام، کرماشان)

جێگری هێزی زه‌وینی ئه‌رته‌شی ئێران ده‌ڵێ که هه‌ر ئێستا زیاتر له 18 یه‌گانی ئه‌رته‌ش و 14 ڕێکخراوی ناحوکمی (NGO) و به‌سیج و سپاش خه‌ریکی کۆکردنه‌وه ی ئه‌م مینانه‌ن و ئه‌وه له حاڵێک دایه که هیچ یه‌ک له‌و تیمانه له کوردستان به‌دی ناکرێن.

مین که ترسناکترین چه‌کی ده‌ستی به‌شه‌ره بێ خه‌رج، به‌ سه‌بر و کوشه‌نده‌یه و ساڵه‌ها وه‌کو خاینێک خۆی حه‌شار ده‌دات و له کۆتایی دا ده‌بێته هۆی کوشتنی مرۆڤ و لانی که‌م په‌رینی ده‌ست و لاق و ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤ.

شایانی باسه له کوردستان که زۆرترین ناوچه‌کانی ئاڵووده‌ به مینی له ئێران دا هه‌یه، ساڵانه ده‌یان که‌س ده‌بنه قوربانی و یا که‌م ئه‌ندام ده‌بن و به‌رپرسانی حکومه‌تیش هیچ هه‌وڵێک ناده‌ن بۆ کۆتایی هێنان به‌م دۆخه.

ته‌رمی 4 کوژراوی پارتێکی کوردی، بێشوێنه

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک له هه‌و‌اڵێک دا ڕایانگه‌یاند که ته‌رمی سێ ئه‌ندامی حیزبێکی کوردی که سه‌ره‌تایی مانگی مارس له لایه‌ن ره‌ژیمی ئێرانه‌وه کوژران، ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌کانیان ناکرێته‌وه.

په‌یامنێرانی ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان به پێی ئه‌م هه‌واڵانه‌ی که له مه‌هاباد و ورمێ‌وه به ده‌ستی گه‌یشتووه ڕایگه‌یاند که له ده‌ورووبه‌ری ورمێ له سه‌ره‌تایی مانگی مارس دا شه‌ر  وپێکدادانێک له نێوان هێزه‌کانی ئاسایشی و پاستارانی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی حیزبێکی چه‌کداری کوردی(پژاک) ڕووی دا که له‌ ئاکامی دا سێ که‌س به ناوه‌کانی «دیجله فورات» خه‌ڵکی «ده‌ریک» له کوردستانی ڕۆژئاوا، «تێکۆشین»، خه‌ڵکی گه‌وه‌ڕی باکووری کوردستان و «یۆسف پیرۆتی» ناسراو به «مانی کیاسار»، دانیشتووی مه‌هاباد که له‌دایک بووی 1980 و خوێندکاری پێشووی زانکۆی نازلووی ورمێ بووه، گیانیان له‌ده‌ست داوه.

ئه‌وه له کاتێک دایه که سه‌ره‌رایی  به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م سێ کوژراوه، حکومه‌تی ئێران ته‌رمی ئه‌م کوژراوانه ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌کانیان ناکاته‌وه.

بنه‌ماڵه‌ی یۆسف پیرۆتی ده‌ڵێن که به‌رپرسان پێیان ڕاگه‌یاندوون که ته‌رمی کوڕه‌که‌یان بوونی نیه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی نیگه‌رانی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو و ئه‌وه له کاتێک دایه که ئه‌م حیزبه‌ی که ئه‌م کوژراوانه‌ ئه‌ندامی بوون(پژاک) ڕایگه‌یاندبوو که ئه‌م سێ که‌سه له شه‌رێک دا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت گیانیان له‌ده‌ست داوه.

ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان وێرای به‌داخبوونی له‌مه‌ڕ شه‌ری خوێنین و کوژرانی مرۆڤه‌کان، خوازیاری ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی ته‌رمی دیجله فورات، تێکۆشین و مانی کیا سار به بنه‌ماڵه‌کانیان و ئه‌نجامی ڕێوڕه‌سمی به‌خاک ئه‌سپاردنیانه.

دادگایی دوو لاوی کورد له ورمێ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: دوو لاوی گیراوی کورد به ناوه‌کانی «محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵاهی» و «قادر محه‌ممه‌د زاده»، که له‌م دوایانه‌دا ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ورمێ کراون، به تۆمه‌تی به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ره‌ژیم دادگایی ده‌کرێن.

هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد ڕایگه‌یاند که ئه‌م دوو لاوه بۆکایه ڕۆژی 26ی ره‌شه‌ممه به تۆمه‌تی به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ره‌ژیم دادگایی ده‌کرێن.

ئه‌م دوو که‌سه که 17 مانگه له لایه‌ن هێزه‌کانی ره‌ژیمه‌وه به تۆمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له به‌رانبه‌ر هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت، پێکهێنانی حیزبێکی نایاسایی، چالاکی به ناوی پارتی تر له ناوچه، کوشتنی سه‌ربازێک، کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ و دزی له خه‌ڵک و هه‌ڵگرتنی چه‌ک له‌گه‌ڵ دوو برای خۆیان به ناوه‌کانی «عه‌لی محه‌ممه‌د زاده» و «محه‌ممه‌د عه‌بدوڵاهی» ده‌زگیر و ڕه‌انه‌ی گرتووخانه‌ کراون.

هه‌ر ئێستا «عه‌لی محه‌ممه‌د زاده» له گرتووخانه‌ی سه‌رده‌شته‌وه ره‌وانه‌ی ورمێ کراوه و له دۆخێکی نادیار دایه و محه‌ممه‌د عه‌بدوڵاهیش به 5 ساڵ زیندان و دوورخرانه‌وه بۆ شارێکی خۆراسان مه‌حکووم کراوه.

محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵاهی به 18 ساڵ زیندان و دوور خرانه‌وه بۆ ته‌به‌س و قادر محه‌ممه‌د زاده‌ش  به 23 ساڵ زیندان و دوورخرانه‌وه بۆ یه‌زد مه‌حکووم کراوه.

ده‌گوترێ که بۆ تۆمه‌تی دزی کردنیان له خه‌ڵک هیج که‌س شایه‌تی نه‌داوه و سه‌باره‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایشی، هه‌ر ئێستا دانیشتنه‌کانی دادگایی به شکایه‌تکاری هێزی ئینتزامی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ڕه‌وشی مه‌نسوور ته‌یفووری ئێستاش نادیاره

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: به‌گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، ڕه‌وشی نووسه‌ری کورد، «مه‌نسوور ته‌یفووری» پاش گیرانی ئێستاش نادیاره.

به گوێره‌ی ئه‌م هه‌واڵه، «مه‌نسوور ته‌یفووری»، ڕۆژنامه‌وان، نووسه‌ر و وه‌رگێری ده‌قه‌کانی فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تی وئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری «کانوونی نووسه‌رانی کورد»، خه‌لکی سه‌قز، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو  له مه‌ریوان ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه کراوه و ئێستاش ڕه‌وشی نازانرێ.

شایانی باسه که هه‌وڵی بنه‌ماڵه و پارێره‌ری ته‌یفووری بۆ دیتنی ناوبراو، تاکو ئێستا بێ ئاکام ماوه و دیار نیه که له چ دۆخێک دایه.

ته‌رمی ئه‌شکه‌نجه کراوی لاوێکی سنه‌یی ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌که‌ی کراوه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: «شاهۆ فاتحی که‌رجوو»، لاوی سنه‌یی که ماوه‌ی 45 رۆژ بێشوێنه، سه‌ره‌نجام ته‌رمه‌که‌ی 3 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌که‌ی کراوه.

په‌یامنێرانی RMMK ڕاده‌گه‌یێنن که «شاهۆ فاتحی که‌ره‌جوو»، لاوی ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌یی سنه‌یی و ده‌رچووی کۆلێژی میعماری زانکۆ،  کاتژمێر 5ی 45 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له لایه‌ن که‌سانێکی نه‌ناسراوه‌وه(که مه‌زه‌نده‌ده‌کرێت، هێزه‌کانی ئیتلاعاتی ره‌ژیم بن) بانگ ده‌کرێته‌ده‌رێ و پاشان بوشوێن ده‌کرێ.

هه‌ولی 45 رۆژه‌ی بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژاری ناوبراو  و داواکاریان بۆ دیتنه‌وه‌ی کوڕه‌که‌یان له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی و ئیتلاعاتیه‌وه بێ ئاکام ده‌مێنێته‌وه و پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، 3 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر هێزه‌کانی ئاسایشی سه‌ردانی بنه‌ماله‌ی شاهۆ ده‌که‌ن و داوایان لێده‌که‌ن که کۆمه‌ڵێک فۆرم پڕ بکه‌نه‌وه و پاشان پێیان ڕاده‌گه‌یێنن که ته‌رمی کوڕه‌که‌یان له ناو «به‌نداوی ساروقامیش»ی سنه دۆزیوه‌ته‌وه.

پزیشکی قانوونی وتویه‌تی که شاهۆ ڕۆژێک به‌ر له دیتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی کوژراوه و ئاسه‌واری ئه‌سکه‌نجه‌ و سووتانی له‌ش و شکانی نینۆک و دڕانی نێوچاوانی به ته‌رمه‌که‌یه‌وه دیاره و ئیتلاعاتیش بێئاگایی خۆی له‌م باره‌وه ڕاگه‌یاندووه و به بنه‌ماڵه‌ی شاهۆی وتووه که ئه‌گه‌ر هاتوو قاتڵیان دیته‌وه ئاگاداریان بکه‌نه‌وه!

شایانی باسه که شاهۆ فاتحی لاوێکی ده‌رچووی زانکۆ و که‌سێکی ئایینی و بێ کار بووه و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیش داوا له هێزه‌کانی ئاسایشی ره‌ژیم ده‌کات که لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر دۆسیه‌ی قه‌تڵی شاهۆ بکه‌ن و قاتڵانی جه‌نایه‌ته‌که بدۆزنه‌وه.

خه‌ڵکی ئامه‌د و مه‌ریوانیش یادی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه‌یان کرده‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئاژانسی فورات ایگه‌یاند که دانیشتوانی ئامه‌د، له ڕێوڕه‌سمێک دا به داگیرساندنی مۆم و سازدانی پێشانگایی وێنه‌یی، ڕێزیان له قوربانیانی 19ی ساڵیادی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه گرت.

ڕێوڕه‌سمه‌که که به هه‌وڵی «پارتی ماف و ئازادیه‌کان»HAK-PAR و ڕێکخراوی گه‌نجانی ئامه‌د و له ژێر ناوی «حه‌ڵه‌بچه له بیرنه‌چووه و له بیری ناکه‌ین»، به سازدانی پێشانگایه‌کی وێنه‌یی له کیمیابارانه‌که و پاشان داگیرساندنی مۆم و نواندنی بێده‌نگی و پێشاندانی فیلمی دۆکیۆمه‌نتی، درێژه‌ی په‌یدا کرد.

ڕێوڕه‌سمه‌که، به‌شداری کۆمه‌ڵێکی زۆری له گه‌نجان و هاوڵاتیانی ئامه‌د لێکه‌وته‌وه و یادی قوربانیانی ئه‌م تراژێدیایه، به‌ڕز ڕاگیرا.

له شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ڕێپێوانێکی هێمانانه بۆ یادی 19یه‌مین کاره‌ساتی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه ئه‌نجام درا و به‌م بۆنه‌وه کۆمه‌ڵێک له هاوڵاتیان و ڕۆشنبیرانی شاره‌که له به‌نداوی زرێباره‌وه تا زانکۆی په‌یامی نووری ئه‌م شاره، ڕێیان پێواو و پاش ڕاگرتنی یه‌ک خوله‌ک بێده‌نگی کۆتاییان به ڕێوڕه‌سمه‌که هێنا.(په‌یڤ)

15 هاوڵاتی کورد له ئاوایی «نێ»ی مه‌ریوان ده‌زگیر کران

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران به هێرش کردنه‌سه‌ر ماڵی هاوڵاتیان له ئاوایی «نێ»ی سه‌ربه مه‌ریوان بێ هیچ هۆیه‌ک، زیاتر له 15 که‌سیان ده‌زگیر وره‌وانه‌ی شوێنێکی نادیار کردووه.

له‌م رۆژانه‌ی دوایی دا به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی ترس و زێده‌کردنی زه‌خت و گووشار بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی کورد له کوردستان، ئه‌مجاره هێرش کرایه سه‌ر ئاوایی نشینانی نێ و له ئاکام دا 15 که‌س بێ ئه‌وه‌ی که تۆمه‌تباری و هۆی گیرانیان دیاری بکرێ، ڕاپێچی گرتووخانه‌کانی ره‌ژیم له شوێنێکی نادیار کراون و هیچ زانیاریه‌ک له‌مه‌ڕ چاره‌نووسیان نازانرێ.

خوێندکارانی کورد، ناوی که‌سانی ده‌زگیرکراو به‌م شێوه‌یه ڕاده‌گه‌یێنن:

فه‌رید په‌روازه، ئه‌حمه‌د په‌ڕوازه، فاته ئه‌رژه‌نگی، عادڵ دره‌خشانی، سه‌دیق پاتوو، مایح به‌ده‌خش، ئه‌حمه‌د به‌ده‌خش، حامید دڕه‌خشانی، موختار فه‌تاه زاده، ئه‌یووب فه‌تاح زاده، ئیره‌ج کوشه‌شی، حه‌سه‌ن کوشه‌شی، ئه‌حمه‌د په‌رهیزکار،ئیدریس بارامیان و ناسر خۆش به‌یان.

شایانی باسه که هه‌فته‌ی ڕابردووش ره‌ژیم ئیدعایی کردبو که 207 که‌س له هاوڵاتیانی ئاوایی نشینه‌کانی ناوچه‌کانی خۆی و سه‌لماس و ورمێی ده‌زگیر کردووه که ئه‌ندامی پ.ک.کن.

ڕێکخراوی خوێندکاری «هاوڕێ» له سنه، ده‌زگیرکردنی خوێندکارانی کورد مه‌حکووم ده‌کات

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ڕێکخراوی خوێندکاری «هاوڕێ» سه‌ر به خوێندکارانی کوردی زانکۆی ئازادی سنه، له به‌یاننامه‌یه‌ک دا هێناین گووشار بۆ سه‌ر خوێندکارانی کورد و ده‌زگیری چالاکانی ئه‌م بواره به توندی مه‌حکووم ده‌کات و خوازیاری ئازاده کردنی ئاسۆ ساڵح و په‌یمان نیعمه‌تیه.

ڕێکخراوی هاوڕێ له به‌یاننامه‌که‌ی دا ده‌ڵێ: بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری کوردی به هۆی زیندووبوونی و چالاکی خۆی به‌رده‌وام تووشی هێرش و زه‌ختو گووشار هاتووه و وێنه‌ی ئه‌م شێوه به‌ره‌نگاریه‌ش ته‌نیا له حکومه‌ته دیکتاتۆریه‌کان دا ره‌نگ ده‌داته‌وه و وێڕای ئاماژه به گرفته‌کانی ئه‌مرۆی وڵات و دۆخی سه‌رکوت و بێ عه‌داڵه‌تی، شایه‌تی به‌رخۆدانی خوێندکاران بۆ گه‌یشتن به ڕاستی، عه‌داڵه‌ت، ئازادی و یه‌کسانین و ئامانجمان گه‌یاندنی وڵات به کۆمه‌لگایه‌کی دێموکرات و به‌دوور هه‌ر فه‌رق و جیاوازیه‌که.

ئه‌وه له کاتێک دایه که هه‌ڕۆژ شایه‌تی سه‌رکوتی ئه‌م توێژه ڕۆشنبیره‌ له لایه‌ن که‌سانێکی نه‌زانین که ئیدعایی دێموکراسی ده‌که‌ن و به‌ردی عه‌داڵه‌ت له سینگ ده‌ده‌‌ن و به سازدانی یاسایی له‌خۆچاکراو، شه‌پۆلێکی مه‌زنی ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی چالاکانیان ده‌سپێکردووه.

به هاتنه سه‌‌رکاری ده‌وڵه‌تی «عه‌داڵه‌ت وه‌رزی»!، زانکۆکان هه‌رڕۆژ زێده‌تر ده‌که‌ونه گووشار و چالاکانیش رۆژ به ڕۆز زۆرتر ده‌که‌ونه به‌ر هێرش و مافه سه‌ره‌تایه‌کانیشمان لێ زه‌وت ده‌کرێ.

ئێمه ڕێکخراوی خوێندکاری «هاوڕێ» له زانکۆی ئازادی سنه به هۆی ئه‌م ئه‌رکه‌ی له سه‌ر شانمانه، وێڕای مه‌حکووم کردنی توندی شه‌پۆلی  ده‌زگیرکردنانه‌ی ئه‌م دوایانه، خوازیاری ئازادکردنی بێ یه‌کودوو و بێ مه‌رجی «ئاسۆ ساڵح» و «په‌یمان نیعمه‌تی»ن.

ڕێگه‌ به چالاکانی کوردی قوروه نه‌درا که یادی 8ی مارس و حه‌ڵه‌بچه به‌ڕێوه‌به‌رن

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ به‌ر له ساڵڕۆژی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه، چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد له قوروه داوای ئیزنی فه‌رمیان کرد تا بتوانن، چالاکیه‌کی ڕێزلێنان له قوربانیانی ئه‌م کاره‌ساته پێکبێنن که ڕێگه‌یان پێنه‌درا.

کۆمه‌ڵێک له لاوانی کوردی چالاک له بواره‌کانی سیاسی و مه‌ده‌نی هه‌فته‌ی ڕابردوو داوایی گرتنی ئیزنی فه‌رمی به‌ڕێوه‌بردنی یادی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه‌یان کردبوو که نه‌ته‌نیا به‌رپرسانی ڕه‌ژیم ڕێگه‌و ئیزنیان پێ نه‌دان به‌ڵکو ئیتلاعاتی ئه‌م شاره هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردبوو که به‌شوێن کاری ئاوا دا نه‌چن و ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌ی به‌رن، ده‌یانگرن.

پێشتر به بۆنه‌ی 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنه‌وه‌ش، چالاکانی کوردی ئه‌م شاره خواستی به‌ڕێوه‌بردن و پیرۆزکردنی فه‌رمی ئه‌م ڕۆژه‌یان لای به‌ڕپرسانی ره‌ژیم به‌رزکردبۆوه که دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ کرابوو به‌ڵام لاوان له هه‌نگاوێکی جوان دا، به پۆشینی جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی کوردی، له سه‌ر شه‌قامه‌کان گوڵ و شیرنیان بڵاوکردبۆوه که ئه‌م یه‌که ڕق وکینی هێزه‌کانی ئاسایشی و ئیتلاعاتی ره‌ژیمی لێکه‌وتبۆوه.

ڕه‌وشی نادیاری چالاکێکی مافی مرۆڤ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که «خالید قوبادی». چالاکڤانی مافی مرۆڤ و ئه‌ندامی ڕ.م.م.ک له کرماشان ماوه‌ی مانگێکه ده‌زگیر کراوه و ئێستاش له بارودۆخێکی نادیار دایه.

چالاکڤانێکی مافی مرۆڤی کرماشانی و ئه‌ندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان به ناوی «خالید قوبادی»، ڕێکه‌وتی 28ی ڕێبه‌ندانی ئه‌مساڵ  له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشیه‌وه ده‌زگیرکراوه.

ده‌گوترێ که ناوبراو به هاوکاری و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کان تۆمه‌تباره و به‌ڵام تا ئێستا به فه‌رمی هۆی ده‌زگیرکرانی ئاشکرا نه‌بووه.

کرێکارانی شاره‌داری بانه چه‌ند مانگه مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند کرێکارانی په‌یمانکاری شاره‌داری بانه ماوه‌ی سێ مانگه که مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه.

به گوێره‌ی هه‌واڵه‌که‌، زیاتر له 110 که‌س له کرێکارانی په‌یمانکاری شاره‌داری بانه ماوه‌ی 3 مانگه که موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه و ده‌گوترێ که کۆمپانیه‌ک ی که‌رتی تایبه‌ت به ناوی «کارئافه‌رینان»، به هۆی ناله‌باری ڕه‌وشی ماڵی ناتوانێ مووچه‌ی ئه‌م کرێکارانه بدات و هه‌ر بۆیه‌ش کرێکاران له سه‌ره‌تایی سالی نوێی هه‌تاوی دا تووشی کێشه‌ی مه زن بوونه‌ته‌وه.

له بانه یادی کاره‌ساتی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه گیرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که کۆمه‌ڵێک له شاخه‌وانانی ژن و پیاوی پێکهاتوو له 26 تیمی شاخه‌انی، یادی ساڵڕۆژی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه‌یان به‌رزڕاگرت.

به گوێره‌ی هه‌واڵه‌که، کۆمه‌ڵێک له شاخه‌وانانی ژن  وپیاوی پێکهاتوو له 26 گرووپی شاخه‌وانی پاش ئه‌وه‌ی که ڕۆژی 24ی ڕه‌شه‌ممه له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ئیزنی فه‌رمیان پێنده‌را که ڕێز له ڕۆژی کیمیابارانی حه‌ڵه‌بچه بگرن، به ناچار به هاوکاری ئۆرگانی وه‌رزش، له ساڵۆنێکی وه‌رزشی ئه‌م شاره ساڵڕۆژی بۆردومانی کیمیایی حه‌ڵه‌بچه‌یان پیرۆز کرد.

ده‌گوترێ که ڕه‌ژیم ڕێگه‌ی به ژنانیش نه‌دابو که ڕۆژی 8ی مارس پیرۆز بکه‌ن و بۆیه‌ش ژنانی کورد له بانه ئه‌م ڕۆژه‌یان به کۆبوونه‌وه و شاخه‌وانی و چالاکی ده‌ره‌وه‌ شار پیرۆز کردبوو و هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌ش دا «بورهان خه‌ندانی»، چالاکی لاوی مه‌ده‌نی و بواری ژنان له‌م رۆژانه‌ی دوایی دا له‌گه‌ڵ باوکی له کاره‌ساتێکی ترۆمبیل دا گیانی له‌ده‌ست دابوو.

مامۆستایه‌کی زانکۆی مه‌ریوان ده‌زگیر کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنیرانی ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان ڕایگه‌یاند که «ئاڕه‌ش دا‌کڵان» که ده‌گوترێ مامۆستایی زانکۆ و چالاکی مافی ژنانه له سنووری مه‌ریوان و کوردستانی باشوور ده‌زگیرکراوه.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان و به پێی نامه‌یه‌ک له هاوسه‌ری ناوبراو «خاتوو نارین محه‌ممه‌دی»، ده‌گوترێ که «ئاڕه‌ش داکلان»، مامۆستایی زانکۆی مه‌ریوان و چالاکڤانی بواری ژنان و توێژه‌ر ڕۆژی 3ی ڕه‌شه‌ممه له مه‌ریوان ده‌زگیرکراوه و تا ئێستاش هیچ هۆیه‌ک بۆ ده‌زگیرکرانی ناوبراو ڕانه‌گه‌یاندراوه.

به وته‌ی هاوسره‌ی ئاڕه‌ش داکلان، ناوبراو پاش سه‌ردانێکی کورت بۆ باشووری کوردستان له مه‌ریوان وبه هۆیه‌کی نادیار ده‌زگیر کراوه.

شایانی باسه که هاوسه‌ری «ئاڕه‌ش ده‌کڵان»، خاتوو نارین محه‌ممه‌دی، داوایی له ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوه‌کانی پارێزڤانی مافی مرۆڤ کردووه که هه‌وڵ بۆ ئازادی هاوسه‌ره‌که‌ بده‌ن و هه‌ر بۆیه‌ش ڕ.م.م.ک داوا له به‌رپرسان ده‌کات هه‌رچی زووتر ئاڕه‌ش داکڵان ئازاد بکه‌ن.

هاوڵاتیه‌کی بانه‌یی ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنیرانی ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان ڕایگه‌یاند که هاوڵاتیه‌کی بانه‌یی به ناوی «ره‌سوول خدری»، له 21 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه به تۆمه‌تێکی نادیار ده‌زگیر کراوه و ڕه‌وشی ناوبراو ئێستاش نادیاره.

«ڕه‌سووڵ خدری»، هاوڵاتی بانه‌یی 21 ڕۆژه ده‌زگیر کراوه و تا ئێستاش به فه‌رمی ڕانه‌گه‌یاندراوه که هۆی گیرانی ناوبراو چیه. به‌ڵام ده‌گوترێ که ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که ناوبراو به تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانیه‌کان ده‌زگیر کرابێ.

هه‌زاران کورد له ئاڵمان، جه‌ژنی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وه‌کو ساڵانی پێشوو، ئه‌مساڵیش کوردانی دانیشتووی ئاڵمان جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزیان له ئاستێکی به‌رز و به‌ به‌شداری ده‌یان هه‌زار که‌س پیرۆز کرد.

کوردانی دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، دوێنێ شه‌ممه به کۆبوونه‌وه‌ی له مه‌یدانێکی به‌رلین جه‌ژنی نه‌ورۆزیان به جۆش و خرۆشێکی بێ وێنه پیرۆز کرد.

کوردان که له دوو قۆڵی جیاواز دا به شێوه‌یه‌کی ئۆرگانیزه کراو به‌ره‌وه شوێنی پیرۆزکردنه‌که ڕێپێوانیان ده‌کرد، هه‌ر یه‌ک ناوی تایبه‌تیان بۆ دانرابوو. یه‌کێک له شه‌پۆله‌کانی جه‌ماوه‌ری به ناوی «ئازادی» و به هه‌ڵگرتنی پلانکاردی سه‌وز و گرووپی تر به ناوی «ئاشتی» و به هه‌ڵگرتنی بلانکاردگه‌لی سوور، به‌ره‌وه شوێنی دیاری کراوه وه‌رێکه‌وتن.

به‌شداران که به گشتی زیاتر له 50 هه‌زار که‌س ته‌خمین ده‌کران له لایه‌ن هێزه‌کانی پۆلیسی ئاڵمانه‌وه به توندی له ژێر چاوه‌دێری دابوون و پێشتر هۆشداریان پێدرابوو که به هیچ شێوه نابی پۆسته‌ری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ئاڵاکانی پ.ک.ک، پژاک، پچدک و کۆماکۆمه‌ڵانی کوردستان به‌ربکرێته‌وه و دروشم بۆ ئه‌مانه بوترێ، که‌چی به‌‌شداران به ڕێپێوانێکی 4 کیلۆمه‌تری و له به‌ر ده‌رگایی پارله‌مانی ئه‌یاله‌تی به‌رلین دروشمی بژی نه‌ورۆز، بژی ئاپۆ، بژی ئازادی و ڕزگاریان وته‌وه و هه‌وڵی ژه‌هرخوارد کردنی ئۆجه‌لانیان مه‌حکووم کرد.

شایانی باسه که به‌شدارانی ئه‌م جه‌ژنه، به زۆری کوردانی باکووری کوردستان بوون و پۆلیسی ئاڵمان که هاوپه‌یمانی نزیکی تورکیایه، ڕێشوێنی توندی ئه‌منی ڕه‌چاوکردبوو و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ به گه‌نجان لاوانی 6 تا 18 ساڵانه نه‌ده‌درا که بچنه ناو گۆڕه‌پانی پیرۆزکردنه‌که.

وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران: شارام جه‌زایری گیراوه!

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌‌واڵ: «شارام جه‌زایری عه‌ره‌ب»، که ڕۆژی 20ی فێوریه له تاران و به‌ر له ئه‌وه‌ی که حوکمی 14 ساڵ زیندان و ده‌ ساڵ دوورخستنه‌وه و زیاتر له 180 میلیۆن دۆلار جه‌ریمه بکرێ، ڕایکردبوو و ئێستاش دیسان ده‌زگیرکرایه‌وه.

به گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسێکی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، «شارام جه‌زایری عه‌ره‌ب»، که به گه‌نده‌لی ئابووری، ڕاکردن له دانی ماڵیات، دانی ڕیشوه به کارگێرانی حکومه‌ت و فه‌سادی ئابووری و کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تی تر، سه‌ره‌تایی مانگی ڕه‌شه‌ممه پێش له مه‌حکووم بوونی به 14 ساڵ زیندان، 10 ساڵ دوورخستنه‌وه و 180 میلیۆن دۆلار جه‌رمی مه‌حکووم ببێ له ده‌ستی به‌رپرسانی ئاسایشی ڕایکرد و هه‌واڵی زۆر جیاواز سه‌باره‌ت به شوێنی ناوراو بڵاو بۆوه.

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه، هه‌واڵنێریه‌کانی فه‌رمی و نافه‌رمی کۆماری ئیسلامی کۆمه‌ڵێک هه‌واڵی دژ به یه‌کیان له گیرانی دووباره‌ی شارام جه‌زایری بڵاو کرده‌وه. ئیسنا و مێهر و ئیرنا، هه‌ر یه‌ک له چه‌ند هه‌واڵی جیاواز دا سه‌ره‌تا باسیان له گیرانی ناوبراو کرد. پاشان به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌واڵه‌که‌یان ڕه‌تکرده‌وه و له کۆتایی دا وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران ڕایگه‌یاند که ناوبراو له وڵاتێکی که‌نار ده‌ریایی عه‌ممان ده‌زگیر کراوه.

به پێی دوایین زانیاریه‌کان ده‌گوترێ که شارام جه‌زایری له یه‌کێک له وڵاتانی که‌ناری که‌نداوی فارس که مه‌زه‌نده‌ده‌کرێ، عۆممان بێت، ده‌زگیر و هه‌وڵ بۆ هێنانه‌وه‌ی ناوبراو بۆ ئێران ده‌درێ.

ماڵپه‌ری عه‌دنان که‌ریم له لایه‌ن تیرۆریستانی ئه‌له‌کترۆنی توره‌که‌وه، هه‌ک کرا

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: مالپه‌ری هونه‌رمه‌ندی کورد «عه‌دنان که‌ریم» له لایه‌ن تیرۆریستانی ئه‌له‌‌کتڕۆنی تورکه‌وه هه‌ک کراو ئاڵایی تورکیا و وێنه‌ی ئاتاتورک و ده‌نگی گورگیان له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی سه‌ره‌کی ماڵپه‌ره‌ که‌دانا.دوێنێ گرووپێک له تیرۆریستانی ئه‌له‌‌کتڕۆنی تورک به ناوی «نه‌ته‌وه‌په‌رستانی تورک»، هێرشیان کرده‌سه‌ر ماڵپه‌ری «هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم» و ماڵپه‌ره‌که‌یان له کارخست و له لاپه‌ری ئه‌وه وێڕای دانانی وێنه‌ی ئاتاتورک و ئاڵایی تورکیا، کۆمه‌ڵێک جنێو و گفتی ناشیرینیان به کورد و لایه‌نگرانی پ.ک.ک گووتووه و درووشمی نه‌ژادپه‌رستانه‌یان نووسیوه.

له دروشمه‌که‌دا نوسراوه «له تورکیا یه‌ک وڵات، یه‌ک میلله‌ت، یه‌ک زمان و یه‌ک ئاڵا» هه‌یه‌ و ده‌بێت و هه‌ر شتێک له لایه‌ن تورکه‌وه بۆ «تورکه.

شایانی باسه که له‌م ساڵه‌ی دوایی دا زیاتر له 30 ماڵپه‌ری کوردی له لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه هه‌ک کراوه که «ئاوێنه، لاوانی حدکا، هاوڵاتی، کوردیش ئینفۆ، پارله‌مانی کوردستان، ڕۆژهه‌ڵات، پارتی سه‌ربه‌ستی، ماڵپه‌ری عوسمان بایده‌میر، خۆرهه‌ڵات نیوز، پڕێسکورد»، به‌شێکن له‌م ماڵپه‌ڕانه.

ئه‌ردۆغانیش وشه‌ی «به‌ڕێز»ی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان به‌کارهێناوه

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: ئاشکرابوو که له «ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان»، له لێدوانێکی ڕادیۆیی دا دوو جار وشه‌ی «به‌ڕێز»ی بۆ عه‌بدولا ئۆجه‌لان به‌کارهێێناوه و به‌م هۆیه‌وه، ئه‌گه‌ری دادگایی کردن یا نه‌کردنی که‌وتۆته‌ ڕۆژه‌ڤی مێدیاکانی تورکیاوه.

ئاشکرابوو که ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا له سالی 2000 و له لێدوانێک دا بۆ ڕادیۆیی ئۆسترالیا، له‌میانه‌ی قسه‌کانی دا سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد و پ.ک.ک و ئۆجه‌لان وتوویه‌تی: به ڕێز ئۆجه‌لان، به هۆی بیروبڕوایه‌که‌ی نیه که له گرتووخانه‌یه، به‌ڵکو به‌ڕێز ئۆجه‌لان به هۆی په‌راندنی ئه‌م که‌لانه‌یه که له کوردستان ئه‌نجامی داوه.

ئه‌م ڕۆژانه‌ی دوایی به په‌ره‌سه‌ندنی سزاکان بۆ به‌رپرسان و سه‌رۆکانی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک به هۆی وتنی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان،کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌‌وان و بنه‌ماله‌ی شه‌هیدانی تورک و هاوڵاتیانی تورک داوایان کردووه که ئه‌ردۆغانیش دادگایی بکرێ.

ئه‌م کۆمه‌ڵه ده‌ڵێن که ئه‌گه‌ر تورکیا موڵاتێکی دادپه‌روه‌ره و هه‌ر که‌س له به‌رانبه‌ر یاسا یه‌کسانه پێویسته ئه‌ردۆغانیش وه‌کو ئه‌حمه‌د تورک هه‌م به هۆی وتنی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ ئۆجه‌لان و هه‌م به هۆی وه‌سفاندنی شه‌هید» به که‌له‌ په‌ریو»، دادگایی بکرێ و یا داوایی لێبوردن له تورکه‌کان بکات.

شایانی باسه که به‌کارهێنانی وشه‌ی «به‌ڕێز» بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری زیندانی پ.ک.ک تاوانه و سزایی گرتن و پاره‌ی هه‌یه.

ئه‌رته‌شی تورکیا له باکووری کوردستان له  ئاماده‌باشی ته‌واو دایه

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: به هۆی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز و وه‌ڕزی به‌هار، ئه‌رته‌شی تورکیا به مه‌به‌ستی ئاماده‌کاری شه‌ری پ.ک.ک هێزێکی سه‌ربازی زۆری هێناوه‌ته سنووره‌کانی کوردستان.

له‌م رۆژانه‌ی دوایی دا هه‌زاران عه‌سکه‌ری تورک و سه‌دان تانک و زرێپۆش، له سه‌ر ناوچه سنووریه‌کانی تورکیا و باسووری کوردستان جێگیربوونه و له شڕناخ و نوسه‌یبین و مێردین و به‌تلیس و چه‌ولیک، ڕێژه‌ی سه‌ربازان به چه‌ند قات زێده‌ی کردووه و تورکیا هێزێکی زۆری هێناوه‌ته سه‌ر سنوور.

به‌رپرسانی عه‌سکه‌ری تورک ڕایانگه‌یاند که ئیزنی سه‌ربازان لانی که‌م تا سێ مانگ، هه‌لگیراو و له سه‌رجه‌م ناوچه‌کان حاڵه‌تی ئاماده‌باشی ته‌او ڕه‌چاو ده‌کرێ و گه‌شتی ئاسمانی بۆ پاراستنی سوور به فڕۆکه‌ی شه‌رکه‌ر ده‌ستی پێکردووه.

ده‌گوترێ که له چیاکانی گابار و شڕناخ و نوسه‌یبین، چه‌دن ئۆپێراسیۆنی مه‌زن به ڕێوه‌ده‌چن و هێزی پاراستنی گه‌ڵیش له هه‌اڵێک دا ناسنامه‌ی ئه‌م 7 گه‌ریلایه‌ی ئاشکراکرد که له لایه‌ن هه‌ڤاڵێکی خاینیانه‌وه ژه‌هرخوارد کرابوون و شه‌هید ببون.

تورکیا پێشبینی ده‌کات به توانه‌وه‌ به‌فره‌کان و خۆشتربوونی که‌ش و هه‌وا، پ.ک.ک کۆتایی به ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌که‌ی دێنێت و هێرشه‌کان له کوردستان ده‌سپێده‌کاته‌وه.

ئه‌مریکا به نیازه حه‌ڵقه‌ی ئابلووقه‌ی ئابووری ئێران ته‌نگتر بکات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕۆژنامه‌یی نیۆیۆرک تایمزی ئه‌مریکی له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که ئه‌مریکا به نیازه له چوارچێوه‌ی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، حه‌ڵقه‌ی ئابلووقه‌ی ئابووری ئێران ته‌نگتر بکات.

به پێی هه‌وڵه‌که، وه‌زاره‌تی خه‌زانه‌داری ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ به گووشارخستنه سه‌ر وڵاتانی ئه‌ورووپی و کۆمپانیا مه‌زنه‌کان و به تایبه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ش، دۆرپێچی ئابووری ئێران توندتر بکات.

«ئه‌ستوارت لۆی»، وه‌زیری خه‌زانه‌داری ئه‌مریکا له کاروباری تیرۆریسم و زانیاری توجاری دا ده‌ڵێت: حکومه‌تی ئه‌مریکا به نیازه به پستیوانی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ه‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ده‌وڵه‌ته‌کان  ودامه‌زراوه ماڵیه‌کان ناچاربکات به هیج شێوه مامه‌ڵه له‌گه ڵ بازرگانانی ئێرانی پێوه‌ندی‌دار به پڕۆگرامی موشه‌کی و ناڤۆکی ئێران و سپایی پاستاران نه‌که‌ن و ئه‌م گه‌ڵاڵه له لایه‌ن فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیاشه‌وه پشتییوانی لێده‌کرێ و داوایی به‌م شێوه له بازرگانانی عه‌ره‌بیش کراوه.

«بڕێد شێرمه‌ن» و «بارنی فڕانک» دوو کۆنگره‌س مه‌نی ئه‌مریکا به نیازن گه‌ڵاڵه‌یه‌کی توندتر دژ به ئێران په‌سه‌ند بکه‌ن و له دواین هه‌وڵ دا، سازمانی که‌شتیڕانی ئێران و ناوگانی بازرگانی ده‌ریایی کۆماری ئێسلامیش بۆ خستنه ناو لیستی کۆمپانیه‌ قه‌ده‌غه کراوه‌کان پێشنیار کراون.

له چوارساڵی جه‌نگی عێراقدا زیاتر له 3200 سه‌ربازی ئه‌مریکی کوژراون

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به پێی دوایین ئاماره‌کان، تا ئێستا زیاتر له 3220 سه‌ربازی ئه‌مریکا له میانه‌ی 4 ساڵی هێرشکردنیان بۆ سه‌ر عێراقدا، کوژراون و راده‌یله سه‌تا 40ی خه‌ڵکی ئه‌مریکاش لایه‌نگری درێژه‌پێدانی شه‌ر ده‌که‌ن.

به پێی ڕاپرسیه‌ک که له ئه‌مریکا له نێو هاوڵاتیانی ئه‌نجام دراوه، له سه‌تا 40ی خه‌ڵک خوازیاری درێژه‌ په‌یداکردنی جه‌نگی عێراقه و له سه‌تا 60ی خه‌ڵک خوازیاری کۆتایی هێنان به‌م شه‌ره‌ن و دێموکراته‌کانیش ته‌قویمێکی 90 ڕۆژه‌یان بۆ پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق پێشنیار کردووه.

ئه‌وه له کاتێک دایه که به گوێره‌ی هه‌واڵێکی که‌ناڵی «سی‌ئێن‌ئێن» ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كانی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌م مانگه‌دا گه‌یشته‌ 56 كوژرا،  و به گشتی له سه‌ره‌تایی جه‌نگی عێراقه‌وه زیاتر له 3200 سه‌ربازی ئه‌مریکا کوژراوه و چاوه ڕوان ده‌کرێ رۆژ به ڕۆژ ئاماری کوژراوان بچێته سه‌ر.

جۆرج بوش مانگی ڕابردوو، ستراتێژی نوێی خۆی بۆ عێراق ئاشکرا کرد و ئه‌مریکا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان خه‌ریکی کۆنترۆڵی باری ئه‌منی به‌غدا و ناوچه ئاڵۆزه‌کانن و به وته‌ی سه‌رفه‌رمانده‌ی گشتی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراق، پاش ده‌سپێکردنی ستراتێژی ئه‌منی نوێ له به‌غدا و ڕۆمادی و دیاله و ناوچه ئاڵۆزه‌کان، ئاماری قوربانیان و توندوتیژیه‌کان که‌م بۆته‌وه.

هه‌ژماری نه‌ورۆزی مانگنامه‌ی ڕاسان بڵاوکرایه‌وه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: هه‌ژماری نه‌ورۆزی مانگنامه‌ی «ڕاسان» له شاری سه‌قز گه‌یشته ده‌ستی خوێنه‌ران و له دوو به‌شی کوردی و فارسی ژماره 13ی ئه‌م مانگنامه‌یه‌دا، کۆمه‌ڵێک بابه‌تی به‌نرخ له‌چاپ دراوه.

له‌م هه‌ژماره‌ی ڕاسان دا له به‌شی کورد کۆمه‌ڵێک وتار و بابه‌ت به‌رچاوه‌ ده‌که‌ون و له‌وانه :»مێزووی جه‌ژنی گه‌وره‌ی کورد، نه‌ورۆز»، «چه‌ند هه‌ڵبه‌ست و شێعری کورد»، «نه‌ورۆز هیوایه‌ک له مابه‌ین دوو ساڵدا»، «بابه‌تێک سه‌باره‌ت به ڕوانگه‌کانی کۆمه‌ڵناسی له سه‌ر سینه‌مایی ئێران و کوردستان»، «ئێمه و پڕۆسه‌ی دێموکراسی»، «خۆکوژی ژنان»، «ئوستووره پێشانده‌ری ناهۆشیاری «»تاک» و بیره‌خه‌وی «کۆ» و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی ره‌نگاوره‌نگی تر.

له به‌شی فارسی مانگنامه‌ی ژماره‌ 13ی ڕاسان دا بابه‌تگه‌لێک وه‌ک » سياست هاي قومي»، » فلسفه‌ي تعليم و تربيت»، «آموزش زنان و دختران؛ گامي به سوي توسعه، برابري»، «تفاوت يا عدالت، فلسفه‌ي اخلاق نيچه»، «آمريكا و تركيه از همگرايي تا تقابل»، «از انسان ايراني تا ايران انساني» و کۆمه‌لێک بابه‌تی تر.

جاشه‌کانی شه‌مزینان، NGOیان دامه‌زراند!

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: کۆمه‌ڵێک له جاشه پێشڕه‌وه‌کانی شاری شه‌مزینان له پارێزگایی جۆڵه‌مێرگ، NGOیه‌کی تایبه‌ت به خۆیان دانا.

به پێی هه‌و‌اڵێکی ئاژانسی فورات، کۆمه‌ڵێک جاشی کورد له شه‌مزینانی باکووری کوردستان که ڕێژه‌یان ده‌گاته 2361 که‌س، به هه‌وڵی ئه‌فسه‌رێکی ژاندرمه‌ی تورکیا، NGOیه‌کیان به ناوی «ڕێکخراوی پاراستن و یارمه‌تی جاشه‌کان»، دامه‌زراندو و له ڕێوڕه‌سمێکی فه‌رمی دا بینایه‌که‌یان کرده‌وه.

فه‌رمانداری شه‌مزینان له وته‌کانی دا به مه‌به‌ستی ده‌سپێکی ئه‌م NGOیه وتی که ئێمه له‌م شاره 2500 جاشمان هه‌یه و به هۆی کوژرانی تاقمێک و چوونه عه‌سکه‌ری تاقمێکی تر، به‌داخه‌وه، ڕێژه‌که گه‌یشتۆته 2350 که‌س.

شایانی باسه ئه‌م ڕێکخراوه به قته ناحوکمیه له لایه‌ن ژاندرمه، فه‌رمانداری شار و ئه‌رکانی سوپایی ئه‌م وڵاته‌وه، یارمه‌تی ده‌کرێ و له‌م NGOیه له تورکیا دانه‌یه‌کی تریش هه‌یه.

ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆڕک تایمز: بی‌بی‌سی پشتیوانی له حکومه‌تی دیکتاتۆره‌کان ده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمزی ئه‌مریکی له هه‌واڵێکی دا ده‌زگایی ڕاگه‌یاندنی به‌ریتانیا «BBC»ی به پشتیوانی له حکومه‌ته دیکتاتۆره‌کان و میلیشیایی توندڕۆ و چه‌کدار تاوانبار کرد.

له هه‌واڵه‌‌که‌دا هاتووه که بی‌بی‌سی، به جێگه‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی کێشه و دوژمنی گه‌لان، په‌ره‌ به توندوتیژی ده‌‌دات و بۆ وێنه کاتێک نوێنه‌رێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به ئێران و سووریایی گووتوه دیکتاتۆر، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌که، وته‌کانی بڕیوه و ناوبراوی سه‌رزه‌نشت کردووه و وتوویه‌تی ئه‌مانه دیکتاتۆر نین.

ڕۆژنامه‌که ده‌نووسێ که جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه که به‌ریتانیان هاوپه‌یمانی سه‌ڕه‌کی ئه‌مریکایه و که‌چی بۆ پرۆگرامی له‌م شێوه، پاره ته‌رخان ده‌کات.

شایانی باسه که له ناو به‌شێک له ئێرانیه‌کان دا بی‌بی‌سی به «ئایه‌توڵا BBC» به‌ناوبانگه و ئه‌م ده‌زگایه ده‌یه‌وێ که به زووی که‌ناڵێکی عه‌ره‌بی و فاسریش بخاته رێ.

مامۆستایانی سنه، کۆبوونه‌وه‌‌یه‌کی پڕۆتیستۆییان سازدا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد له هه‌اڵێک دا ڕایگه‌یاند که کۆمه‌ڵێک له مامۆستایان و  فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ی سنه، به هاوڕێیی بنه‌ماڵه‌کانیانه‌وه، ڕۆژی دووشه‌ممه، 28ی ڕه‌شه‌ممه کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پڕۆتیستۆییان ساز دا.

به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌که، زیاتر له 100 که‌س له مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی و سه‌ر به وه‌زاره‌تی فێرکردن و په‌روه‌رده‌‌ی ناوچه‌ی 1 و 2ی شاری سنه و به هاوڕێیی بنه‌ماڵه‌کانیانه‌وه، رۆژی دووشه‌ممه 28ی ڕه‌سه‌ممه، به مه‌به‌ستی نیشاندانی ناره‌زایه‌تیان به‌رانبه‌ر به ده‌ستبه‌سه‌رکرانی مامۆستایان و به‌رپرسانی کانوونی سینفی مامۆستایان له کرماشان و تاران و که‌ره‌ج، له شوێنی ئیداره‌ی په‌روه‌رده‌ وفێرکردنی سنه، کۆبوونه‌وه.

مامۆستایان به هه‌ڵگرتنی پلانکاردگه‌لێک وه‌کو «مامۆستایانی گیراو ده‌بی ئازاد برێن»، «کۆبوونه‌وه‌ی ئێمه سینفی و مه‌ده‌نیه»، «ناره‌زایه‌تی مه‌ده‌نی مافی سه‌ره‌تایی ئێمه‌یه» و سه‌ردانی درووشم گه‌لێک وه‌کو «داخوازی مرۆیی، چاوه‌ڕوانی مرۆیی»، «فه‌رهه‌نگی، یه‌کگرتن یه‌کگرتن»، «کۆمه‌ڵگایی مه‌ده‌نی و به بێ یه‌ک گیراو»، داخوازی ئازادکردنی 300 که‌س له مامۆستایانی گیراویان له‌‌م ڕۆژانه‌ی دوایی دا ده‌کرد. شایانی باسه که کۆبوونه‌وه پرۆتیستۆییه‌که، له کاتژمێر 9.30ی به‌یانی ده‌ستی پێکرد و تا کاتژمێر 11 درێژه‌ی خایاند.

هه‌واڵی به‌په‌له: ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان له سێداره درا

مانشێت نیوز، ئاژانسه‌کان: به‌رپرسێکی عێراقی له سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانه‌وه، ڕایگه‌یاندووه که ئه‌مڕۆ سه‌ر له به‌یانی «ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان»م جێگری سه‌رۆکی پێشووی حیزبی به‌عسی ڕووخاو، به تۆمه‌تی به‌شداری له کوشتنی 148 شیعه له دوجه‌یل، له سێداره درا.

«ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان»، که جێگری سه‌ددام حوسێن له حیزبی به‌عسی ڕووخاو بوو، له‌گه‌ڵ سه‌ددام و داروده‌سته‌که‌ی له سه‌ر تاوانی کوشتنی 148 هاوڵاتی شیعه له شارۆچکه‌ی «دوجه‌یل»، به زیندانی هه‌تاهه‌تایه مه‌حکووم کرابوو که دادگایی پێداچوونه‌وه‌، ئه‌م حوکمه‌ی به که‌م زانی و بڕیاری له‌سێداره‌دانی ناوبراویان په‌سه‌ند کرد.

«ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان» له دایکبووی 1938 و له یارانی نیزێکی سه‌ددام بوو و له ساڵی 1991 تا 2003 و ڕووخانی ره‌ژیمه‌که‌ی به‌عس جێگری سه‌ددام بوو و پاشان له نیوه‌ی سالی 2003 له مووسل ده‌زگیر کرا و له جه‌ریانی دادگایی کوشتاری شیعه‌کانی دوجه‌یل له ساڵی 1982، به حوکمی ئیعدام مه‌حکووم کرا و ئه‌مڕۆ له‌سێداره‌ درا.

شایانی باسه هه‌ر له سه‌ر ئه‌م تاوانه، سه‌ددام، عه‌واد به‌نده‌ر و به‌رزان ته‌کریتیش پێشتر له‌سێداره درابوو و دادگایی ئه‌نفاڵیش هه‌ر وا ده‌وام ده‌کات.

ئێران خاڵی سنووری حاجی ئۆمه‌ران داده‌خات

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: پاش ئه‌وه‌ی فه‌رمانداری پاستاری پیرانشار هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که هێرشی ده‌ره‌وه‌ی سنووری بۆ سه‌ر پ.ک.ک له باشووری کوردستان ده‌کات و حاجی ئۆمه‌ران ده‌به‌ستێت، گفته‌که‌ی هاته دی و سنوور داخرا.

پاس ئه‌وه‌ی که «محه‌ممه‌د هادی فه‌ر» ناسراو به «حاجی هادی»، فه‌رمانداری پاستاری پیرانشار له وتووێژێک دا له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌کانی ئێرانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که به هۆی یارمه‌تی و پستیوانی پ.ک.ک، ئێران مافی خۆیه‌تی که هێرشی سه‌ربازی بکاته سه‌ر باشووری کوردستان و یاخود ده‌توانێ خاڵه سنووریه‌کان دابخات، گفته‌که‌ی وه‌دیهات و ئێران حاجی ئۆمه‌رانی داخست.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، «ئه‌دوه‌ر جه‌به‌لی شابۆ» به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی خاڵی سنووری حاجی ئۆمه‌ران به ئاژانسی په‌یامنێری رایگه‌یاندووه که به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌رۆزو سه‌ری ساڵی كوردی، سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان – ئێران بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ داده‌خرێت به‌ڵام پاش ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌ سنووری به‌شێوه‌ی ئاسایی پێشووتری به‌رووی بازرگانان ده‌كرێته‌وه‌».

ئه‌وه له حاڵێک دایه که به وته‌ی ئاژانسی فورات داخستنی سنوور، پاش هه‌‌ڕه‌شه‌ی ئێران و ده‌نگۆی ده‌سپێکردنی ئۆپێراسیۆنێک دژ به پ.ک.ک ڕووده‌دات و تاقمێک له هێزه‌کانی ئه‌مریکاش دێنه شوێنه‌که.

له‌م دوو ڕۆژه‌ی دواییدا، هێزێکی ئه‌مریکی به پشتیوانی هێزێکی پاسه‌وانی سنووری کوردستان، هاتوونه‌ته هه‌رێمه‌که‌ و ڕایانگه‌یاندووه که ته‌نیا به مه‌به‌ستی ئه‌نجامی چه‌ند کاریان له‌وێ ده‌بن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه. که‌چی سه‌رچاوه‌کان باس له جێگربوونیان له خاڵی سنووری حاجی ئۆمه‌ران ده‌که‌ن.

شایانی باسه که محه‌ممه‌د هادیفه‌ر، پێشتر به‌رپرسی قه‌رارگایی ڕه‌مه‌زانی سپایی پاستاران بووه که کاری تیرۆری کادیر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبه کوردیه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان له باشوور بووه و له دوایین هه‌ڕه‌شه‌ی دا باسی له هێرشی سه‌ربازی بۆ کوردستان و داخستنی سنوور و ڕێگه گرتن له هاتووچۆی هاوڵاتیان کردبوو.

جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز و ساڵی تازه‌‌تان پیرۆز

ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشێت، پڕ به دڵ و جوانترین و ڕازاوه‌ترین پیرۆزباییتان لێده‌کات به بۆنه‌ی هاتنی ساڵی 2704ی کوردی و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز. هیواداری ساڵێکی پر له خۆشی و کامه‌رانی و ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییتان بۆ ئاواته‌خوازین.

نه‌ورۆز

ئه‌م رۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆزه هاته‌وه

جه‌ژنێکی، کۆنی کورده‌وه به خۆشی و به هاته‌وه

چه‌ند ساڵ، گوڵی هیوایی ئێمه‌ پێ په‌ست بوو تاکو پار

هه‌ر خوێنی لاوه‌کان بوو، گووڵی ئالی نه‌وبه‌هار

ئه‌و ڕه‌نگه سوور بوو که له ئاسۆی بڵندی کورد

مژده‌ی به‌یانی بۆ گه‌لی دوور و نزیک ئه‌برد

نه‌ورۆز بوو، ئاگرێکی وه‌های خسته‌جه‌رگه‌وه

لاوان به ئه‌شق، ئه‌چوون به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه

ئه‌وا ڕۆژ هه‌ڵات، له به‌نده‌نی به‌رزی وڵاته‌وه

خوێنی شه‌هیده ڕه‌نگی شه‌فه‌ق شه‌وق ئه‌داته‌وه

تا ئێستا، ڕووی نه‌داوه له تاریخی میلله‌تان

قه‌ڵغانی گووله سنگی کچان بێ له هه‌ڵمه‌تا

پێی ناوێ، بۆشه‌هیدی وه‌ته‌ن، شیوه‌ن و گرین

نامرن ئه‌وانه وا له دڵی میلله‌تا ئه‌ژین

پیره‌مێرد

ڕۆژ له ئاسۆی سوور شه‌وق ئه‌اته‌وه

ده‌ڵێ ئه‌مساڵیش نه‌ورۆز هاته‌وه

سرووشت سه‌رپاکی، جوانی ئه‌نوێنێ

وه‌ک بووکی ڕازاو خۆی ئه‌خه‌ملێنێ

ده‌شت و کوێستان، لوتکه‌ی به‌رز و کێو

بزه‌ی به‌هاریان که‌وتۆته سه‌ر لێو

به‌فری تواوه‌ی سه‌ر شاخی خه‌مبار

ئه‌بێ به فرمێسک، چۆڕ چۆڕ دێته خوار

هاژه‌ی شه‌تاوی بن کوێستانی به‌رز

گابه‌رد ئه‌تلێنێ، که‌ژ دێنێته له‌رز

کیژی دارستان له شایی چه‌ما

به مۆسیقایی ئاو، دێنه‌وه سه‌ما

باخ و ڕه‌زی شاخ، یان مێرگ و چیمه‌ن

خشڵی ڕازاوه‌ی، بژوێنی دیمه‌ن

سه‌وزایی ده‌شت و زه‌نجیری کوێستان

تاریف ناکرێ، جوانی کوردستان

که‌وی دڵداری، ئازادی و جوانی

ده‌روونی که‌یلی، سۆزی گۆرانی

به‌ری حه‌سڕه‌تی دڵ ئه‌کاته‌وه

بانگی په‌ڕاوپه‌ر ده‌نگ ئه‌داته‌وه

له سه‌ر قه‌ندیل و شاهۆ و نه‌که‌رۆز

ده‌ڵێ گه‌لی کورد، نه‌ورۆزتان پیرۆز

ڕه‌حیم لوقمانی

ژنێکی کورد به سزای ئیعدام مه‌حکووم کرا

مانشێت نیوز، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی په‌یامنێرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ژنێکی کورد به ناوی «شکوفه داغستانی» به تۆمه‌تی کوشتنی ناعه‌مدی هاوسه‌ره‌که‌ی، به ئیعدام مه‌حکووم کرا.

شکوفه داغستانی ژنی ته‌مه‌ن 28 ساڵه‌ی کورد که خه‌ڵکی ئاوایی «گه‌نجه چین» له سێرۆی ورمێیه و دوو مناڵی 2 و 5 ساڵانه‌ی به ناوی «حه‌یده‌ر» و «گوڵ سه‌مه‌نو» هه‌یه له هاوینی ساڵی 84 له کاتی ئه‌زموون کردنی جه‌ک، هاوسه‌ره‌که‌ی کوشتوه.

ئه‌م ئافره‌ته کورده ئیدعا ده‌کات که هاوسه‌ره‌که‌ی خۆشه‌ویستووه و کوژرانی له ئاکامی ده‌رچوونی له ناکاوی گوله بووه و ئێستاش به سزای ئیعدام مه‌حکووم کراوه و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، خوازیاری کۆتایی هێنان به‌م حوکمه و دادگایی کردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ی شکوفه‌یه.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: