ئەرشیوی مانگی دووهەمی ٢٠٠٧ی ئاژانسی دەنگوباسی مانشێت/ 1

له ساڵی 2003وه 54 هێلی‌کۆپته‌ری ئه‌مریکا له عێراق که‌وتۆته خواره‌وه
مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛  له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا، 3 هه‌لی‌کۆپته‌ری ئه‌مریکی که‌وته‌خواره‌وه و به‌م شێوه له مانگی مه‌ی 2003وه تا ئێستا، 54 هێلی‌کۆپته‌ری ئه‌مریکی که‌وتۆته‌ خواره‌وه.
به گوێره‌ی ڕێپۆرته‌رێکی ئاژانسی ئاسشۆیتد پڕێس، له‌م دوایانه‌دا، گرووپه تیرۆریستیه‌کان له عێراق، چه‌کی نوێیان که‌وتۆته ده‌ست که به ئاسانی ده‌توانێ، هێلی‌کۆپته‌ره‌کانی ئه‌مریکا بخاته‌خواره‌وه و هه‌ر به‌م پێیه له 10 ڕۆژی دواییدا 3 هێلی‌کۆپته‌ری ئه‌مریکی که‌وتۆته خواره‌وه.
«ئه‌نستیتۆی لێکۆڵینه‌وه‌ی بڕووکینگز»یش ئه‌م ئه‌ژماره پشتراست ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ: شۆڕشیانی عێراقی ئێستا خاوه‌نی مووشه‌کی جۆری سام-7، چه‌ندین جۆری ڕۆکێت، چه‌کی قورسی وه‌کو دۆشکه و کۆمه‌ڵێکی چه‌ک و گوڵه هاوه‌نی ترن که مه‌ترسی خستنه‌خواری هێلی‌کۆپته‌ره ئه‌مریکیه‌کان زیاتر ده‌کات.
ئه‌و مه‌ترسیه سه‌ره‌رایی به‌کاربردنی هێلی‌کۆپته‌ر گه‌لی جۆری «ئاپاچێ لانگ بۆ»یه که پاراستنی باش، هه‌ستگه‌ری موشه‌ک، دژه هاوه‌ن، ڕاداری شوێنه ون‌که‌ر و کۆمه‌ڵێک شتی تر، له لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئه‌مریکایه.

بکوژانی «هرانت دینک» جاسووی پۆلیس بوونه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی تیرۆری «هرانت دینک»ی ئه‌رمه‌ن له ئه‌سته‌نبوڵ ده‌رکه‌وت که بکوژانی ناوبراو، دوو ساڵه بۆ پۆلیسی ترابزۆن، سیخووڕی ده‌که‌ن.

له دواترین گۆڕانکاری به سه‌ر دۆسیه‌ی تیرۆری ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ری به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌رمه‌نی تورکیا، ئاشکرابوو که «ئایهان تونجه‌لی» دوو ساڵه له به‌شی سیخووری ده‌زگایی ئاسایشی «تاربزۆن» دا چالاکی ده‌کات.

ناوبراو له لایه‌ک هاوکاری پۆلیسه و له لایه‌کی تره‌وه به ڕازی کردنی «یاسین خه‌یاڵ» پیلانی تیرۆری هرانت دینک داده‌ڕێژێ و یارمه‌تی پێویستی بۆ کۆده‌کاته‌وه.

یاسین خه‌یاڵی‌ش پێشنیاری تیرۆره‌که به چه‌ند که‌س ده‌کات به‌ڵام قه‌بووڵی ناکه‌نو  سه‌ره‌نجام «ئوگون ساماست»ی 17 ساڵه ئه‌م ئه‌رکه نیشتمانیه‌! وه‌ستۆخۆ ده‌گرێ و ڕۆژی 17ی ژانویه، به وه‌رگرتنی وێنه‌ی «هرانت دینک» له یاسین خه‌یاڵ و 150 دۆلار پاره‌ به‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ وه‌رێده‌که‌وێ و له به‌ر ده‌رگایی ڕۆژنامه‌ی «ئاگۆس» که دینک سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌نی بوو، له پشته‌وه و به فاسله‌ی یه‌ک مه‌تری سێ گوڵه‌ی له مێشکی خاڵی ده‌کات.

به ئاشکرابوونی سیخووڕ بوونی «کاکی گه‌وره» له پۆلیسی شاری ترابزۆن، ئه‌گ‌ه‌ری ئه‌وه که تیرۆره‌که له لایه‌ن چه‌ته‌گه‌ران و مافیاکانی فاشیستی نێو خۆو  «ده‌وله‌تی شاراوه» ڕووی دابێ، زێده‌بووه.

پارتی ئازادی کوردستان به ئه‌ندامێتی «کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ» وه‌رگیرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به پێی راگه‌یه‌ندراوی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدرال، له کۆبوونه‌وه‌ی گشتیی کۆنگره‌ی ناوبراودا، که رێکه‌وتی27ی ژانویه‌ له شاری له‌نده‌ن پێته‌ختی وڵاتی بریتانیا، مافی ئه‌ندامه‌تی  به «پارتی ئازادی کوردستان»، به‌خشراوه.

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ له 20ی فێوریه‌ی 2005 و له ئاکامی کۆبوونه‌وه‌ی 7 ڕێکخراوی سیاسی له نه‌ه‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران له له‌ندنی پێته‌ختی به‌ریتانیا و بۆ دیتنه‌وه‌ی ستراتێژیه‌کی هاوبه‌ش دژ به ڕه‌ژیمی تۆتالیتێر و دژه‌گه‌لی ئێران پێکهات.

ئه‌م ڕێکخراوه به پێی پێکهاته‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر بنه‌مایی، ئازادی، دێموکراسی و هه‌وڵ بۆ پێکهێنانی نیزامێکی فیدراڵ له ئێران ڕێککه‌وتوون و له دواترین گۆڕانکاری به سه‌ر ئه‌ندامانی دا، پارتی ئازادی کوردستان له درێژه‌‌ده‌ری «یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان»ه، وه‌کو ئه‌ندامی ئه‌م ڕێکخراوه وه‌رگیرا.

ئه‌ندامانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ بریتین له:

1: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

2: کۆمه‌ڵه‌ی شۆشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران

3: به‌ره‌ی یه‌کگرتووی به‌لوچستان

4: پارتی هاوبه‌ندی دێموکراتیکی ئه‌هواز

5: ڕێکخراوی پاراستنی مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی تورکمه‌ن

6: کانوونی که‌لتووری ئازه‌ربایجان

7: پارتی گه‌لی به‌لوچستان

و له کۆتایی دا ئه‌ندامی نوێ…

8: پارتی ئازادی کوردستان

هه‌نگاوی نوێی کۆردیناتۆری ئه‌مریکا دژ به پ.ک.ک، ئاشکرابوو

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: دوێنێ چوارشه‌ممه، پاش دیداری له‌گه‌ڵ «بویوک ئانیت»، له دواڕۆژی سه‌ردانی «جۆزێف ڕاڵستۆن» بۆ تورکیا و کوردستاندا، هه‌نگاوه نوێیه‌کانی ئه‌مریکا به‌رانبه‌ر به پ.ک.ک ئاشکرابوو.

به گوێره‌ی هه‌والێکی ڕۆژنامه‌ی «حوڕیه‌ت» چاپی ئه‌نقه‌ره که له ناوه‌نده سه‌ربازیه‌کانی نزیکه، له هه‌اڵێک دا ڕایگه‌یاند که ئه‌مریکا به نیازه «گووشاری زۆرتر بۆ سه‌ر وڵاتانی ئه‌ورووپایی بێنێ» تا ڕێگه به چالاکی ئێکۆنۆمیکی پ.ک.ک و لایه‌نگرانی له ئه‌ورووپا بگرێ، » هێزه‌کانی باشووری کوردستان ڕێگه‌ی هاوکاری لۆژێستیک و زانیاری گه‌یاندنیان به پ.ک.ک ده‌گیرێ»، » ڕێگه‌ به هاتنه‌خواره‌وه‌ی گه‌ریلا بۆ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم، ده‌گیرێ».

ڕاڵستۆن سه‌باره‌ت به که‌مپی په‌نابه‌رانی مه‌خمووریش گوتی که 6000 که‌س له دانیشتوانی ئه‌م که‌مپه مناڵن و ناساندنی ئه‌مانه به پ.ک.ک و تیرۆریست، هه‌ڵه‌یه و تورکیا پێویسته باوه‌ش بۆ ئه‌و مناڵانه بکاته‌وه.

به گوێره‌ی حوڕیه‌ت، ئه‌گه‌‌ری ئه‌وه هه‌یه که به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریکا، ڕاڵستۆن، دیدارێکی تر له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بکات.

له مانگی ژانویه‌دا 1971 سیڤیل له عێراق کوژراون

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌و‌اڵ: به گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له مانگی یه‌که‌ی ساڵی نوی زایینی دا زیاتر له 1971 سیڤیل له عێراق له ئاکامی ئاڵۆزیه‌کان و شه‌ری تایفی دا گیانیان له ده‌ست داوه.

ئاژانسی فورات له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که به پێی ئامارێکی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراق، له مانگی ژانویه‌دا 1971 که‌س له خه‌ڵکی سیڤیلی عێراق له ئاکامی هێرشه تیرۆریستیه‌کاندا کوژراوه.

ئه‌و ئاماره بۆ مانگی دێسامبه‌ری 2006 ده‌گاته 2914 که‌س و مانگی نۆڤه‌مبه‌ریش 3462 که‌س له عێراق گیانیان له ده‌ست دابوو.

به‌رهه‌م ساڵح: تورکیا پێویسته هه‌رێمی کوردستان به فه‌رمی بناسێ

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵح ڕایگه‌یاند که تورکیا ئه‌گه‌ر ده‌ستووری عێراقی قه‌بووڵه، پێویسته که هه‌رێمی کوردستان به فه‌رمی بناسێ ده‌نا کێشه‌ی جیددی لێده‌که‌وێته‌وه.

«دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵح»، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له لێدوانێک دا بۆ ڕۆژنامه‌ی «نیو ئاناتۆلی» وتی: ئه‌و سووته‌مه‌نیه‌ی که به‌غدا بۆ گشت عێراقی کڕیوه و به هۆی کوردستان، تورکیا ناردنی ڕاگرتووه، ده‌توانێ سه‌رجه‌م عێراق تووشی کێشه و گرفت بکات و هه‌ر به‌م هۆیه ساڵێکه که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان شکایه‌تی ئه‌م کێشه له به‌غدا ده‌کات.

دوکتۆر به‌رهه‌م وتی: بۆ جوابدانه‌وه به کێشه‌ی سووته‌مه‌نی، به‌غدا، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی داوه به حکومه‌تی هه‌رێم که پێداویستی سووته‌مه‌نی خۆی بکڕێ و له بودجه‌ش دا به‌شێکی تایبه‌ت بۆ ئه‌م یه‌که دیاری کراوه و تورکیاش به هۆی هه‌ندێک کێشه‌ی ناوخۆیی گرفت بۆ کوردستان درووست ده‌کات و ئه‌وه نابی درێژه‌ په‌یدا بکات و پێویسته حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه به فه‌رمی بناسرێ.

دوکتۆر به‌رهه‌م له درێژه‌دا به ڕۆژنامه‌ی تورکی گوت: ئه‌گه‌‌ر تورکیا ده‌ستووری عێراق به فه‌رمی ده‌ناسێ و  ڕێز بۆ حاکمیه‌تی عێراق داده‌نێ، لازمه که «هه‌رێمی کوردستان»یش وه‌کو هه‌رێمێکی پێکهاتوو به پێی یاسایی بنه‌ره‌تی عێراق به فه‌رمی بناسێ ده‌نا کێشه‌ی جیددی لێده‌که‌وێته‌وه.

به گووشاری ئێران، موجاهیدینی خه‌ڵق له عێراق ده‌رده‌کرێن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: «عه‌لی ده‌باغ» وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق له لێدوانێک دا بۆ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن گوتی که «ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق» یا ده‌بی بگه‌ڕێته‌وه ئێران و یا ئه‌وه که وه‌کو په‌نابه‌ر، بۆ وڵاتێکی سێهه‌م بچێ.

به گوێره‌ی هه‌واڵێکی که‌ناڵی «ئه‌لعێراقیه»، عه‌لی ده‌باغ،  وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق وتی: به موجاهیدینمان ڕاگه‌یاندووه که یا ده‌بی عێراق به جێبێڵن و ڕوو له وڵاتێکی سێهه‌م بکه‌ن، یا ئه‌وه که بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێران و به زووی ده‌بی یه‌کێک له‌م ڕێگانه هه‌ڵبژێرن.

ده‌باغ وتی: موجاهیدینی خه‌ڵق ڕێکخراوێکی تیرۆریستیه و ده‌ستورى عێراق رێگاى چالاکی هیچ رێكخراوێكى تیرۆریستى نه‌داوه‌.

شایانی باسه که ده‌گوترێ، پێشتر به مه‌رجی چالاکی نه‌کردن و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له کاروباری عێراق، ڕێگه‌ به موجاهیدین درابوو که له‌م وڵاته بمێنێته‌وه، به‌ڵام ده‌گوترێ که ئه‌م ڕێکخراوه، ده‌ستی له کاروباری عێراق وه‌رداوه و چالاکیشی دژ به ئێران به‌ڕده‌وام بووه.

مام جه‌لال : ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یێنین، تورکیا هێرش ده‌کاته کوردستان

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: «جه‌لا تاڵه‌بانی» سه‌رکۆماری عێراق له لێدوانێک دا بۆ گۆڤاری «نیۆیۆرکه‌ر»ی ئه‌مریکی، ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر کورده‌کان سه‌ڕبه‌خۆیی ڕاگه‌یێنن ئه‌وا تورکیا و وڵاتانی دراوسێ هێرش ده‌که‌نه کوردستان.

که‌ناڵی خه‌به‌ری «سی‌ئێن‌ئێن تورک» له هه‌واڵێک دا ڕایگه‌یاند که جه‌لال تاڵه‌بانی له جوابی پرسیاره‌کانی گۆڤاری نیۆیۆرکه‌ر دا وتوویه‌تی که به ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، تورکیا و ئێران و عێراق، هێرشمان ده‌که‌نه سه‌ر.

مام جه‌لال له درێژه‌دا ده‌ڵێ: با بڵێن که سه‌ربه‌خۆییمان ڕاگه‌یاند، نه‌وتیشمان هه‌یه. ئه‌ی ئه‌م ده‌وله‌ته چۆن ده‌توانێ بژیت. چۆن ڕێگه بۆ بازاره‌کانی جیهانی بکه‌ینه‌وه و پێداویستیه‌کانمان دابین بکه‌ین. تورکیا، سوریا و ئێرانیش هێرشمان ده‌که‌نه سه‌ر و عێراقیش ئه‌وه قه‌بووڵ ناکات.

سه‌باره‌ت به که‌رکووکیش مام جه‌لال وتی: ئه‌گ‌حر ئه‌مریکا کۆنتڕۆڵی دۆسیه‌ی ئه‌منی که‌رکووک بداته ده‌ستی ئێمه، به زووترین کات خاوێنی ده‌که‌ینه‌ و ئاسایس به‌رقه‌رار ده‌که‌ین.

مێدیاکانی تورکیا مه‌به‌ستی مام جه‌لالیان له‌ملێدوانه سه‌باره‌ت به ئاسایشی که‌رکووک، به کوشتن و خاوێن کردنه‌وه‌ی نه‌ژادی و ده‌رکردنی به‌رهه‌ڵستانی خۆی وه‌سف کرد.

پۆلیسی تورکیا قاتڵی هێرانت دینکی کرده قاره‌مان

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: به ئاشکرابوونی ویدیۆیه‌ک، له کاتژمێره سه‌ره‌تایه‌کانی گیرانی «قاتڵی هرانت دینک»، له بورسای تورکیا، سکانداڵێک، هاته ئاراوه.

چه‌ند خوڵه‌ک پاش گیرانی «ئوگون ساماست»، تیرۆریستی بکوژی ڕۆژنامه‌وانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌رمه‌نی تورکیا «هرانت دینک»، له بنکه‌یه‌کی پۆلیس، قاتڵ وێنه‌ی لێهه‌ڵده‌گیرێ و پۆلیس و ژاندرمه‌ی تورک، ڕه‌سمی یادگاری له‌گه‌ڵ ده‌کێشن.

له ویدیۆیه‌ک دا که له کاتی گیرانی قاتڵ، گیراوه، پۆلیسه‌کان له پێش ئاڵایی تورکیا و ڕه‌سته‌یه‌ک له قسه‌کانی نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی «ئاتاتورک» که په‌ره به تیرۆری سه‌ره‌خۆ و فاشیسم ده‌دات، وێنه‌ی یادگاری ده‌کێشن و وه‌کو قاره‌مانێک پێشوازی له بکوژی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌رمه‌نی ده‌که‌ن.

به ئاشکرابوونی ئه‌م ویدیۆیه، پۆلیسی تورک و ژاندرمه، تووشی کێشه بوونه و مێدیاکان، ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌م وڵاته‌ش، ئه‌م کرده‌وه، واته «قاره‌مان کردنی قاتل» به شه‌رم و سکانداڵ وه‌سف ده‌که‌ن.

هه‌رچه‌ند ئاشکرابوو که ویدیۆیه‌که، له لایه‌ن ژاندرمه‌وه کێشراوه، به‌ڵام هه‌م پۆلیس و هه‌میش ژاندرمه ئه‌مه ڕه‌تده‌که‌نه‌وه و له ئه‌قه‌ره‌وه چه‌ند که‌س بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م یه‌که، ئه‌رکدار کراون.

کۆنگره‌ی جیهانی دژ به سزای سێداره له پاریس به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ سێهه‌مین گۆنگره‌ی جیهانی دژ به سزای ئیعدام که تێیدا، چالاکانی دژ به‌م سزایه به‌شداری ده‌که‌ن،  له ڕۆژی 1ی فێوریه‌ ده‌ستی پێکرد و تا 3ی مانگ درێژه‌په‌یدا ده‌کات.

یه‌که‌م جار له ساڵی 1786، سزای ئیعدام له «توسکانا» هه‌ڵگیرا و 160 ساڵ دواتر پاش شه‌ری دووهه‌می جیهانی سزای ئیعدام له 9 وڵات هه‌ڵگیرا و له ساڵی 1990وه تاکو ئێستاش 40 وڵاتی جیهان بۆ وێنه، ئافریقیای باشوور، کانادا، مه‌کزیک، ئاڵبانی، به‌ریتانیا و تورکیا، ئیعدامیان له ناو سیسته‌می سزاکانیان دا هه‌لگرتووه.

هه‌ر ئێستا 70 وڵاتی جیهان سزای ئیعدام پێره‌و ده‌که‌ن و ته‌نیا له ساڵی 2005 دا 2100 که‌س له سێداره‌دراون که زۆربه‌ی ئیعدام کراوان له وڵاتانی ئێران، ئه‌مریکا، عه‌ره‌بستان و چین بووه.

هۆگه‌لی سه‌پاندنی سزای ئیعدام له وڵاتان جیاوازن بۆ وێنه له ئێران و عه‌ره‌بستان بۆ تاوانی زینا، فه‌سادی جینسی و فڕۆشتنی ماده‌سڕکه‌ره‌کان، له کوبا به هۆی گه‌نده‌ڵی، ئیماڕاتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی له سه‌ر پیس کردنی ژینگه، له چین بۆ گیرفان بڕین و دزی بچووک و هتد.

هه‌ر ئێستا له ئێران 23 کچ و کوڕی ژێر ته‌مه‌نی 18 ساڵه له چاوه‌ڕوانی به‌ڕێه‌چوونی سزای ئیعدامان دان.

ئێران، عه‌ره‌بستان، پاکستان، نیجێریه و کۆنگۆ وڵاتانێکن که که‌سانی ژێر 18 ساڵیش له سێداره ده‌ده‌ن و ئه‌مانه‌ش چالاکنی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوه‌کانی لێبوردنی نێوده‌وله‌تی و مرۆڤ دۆستانی نیگه‌ران کردووه.

به گوێره‌ی «دویچه وه‌ڵه»، پێشبینی ده‌کرێت زیاتر له 20 تا 25 هه‌زار که‌س له سه‌تاسه‌ری جیهان له چاوه‌ڕوانی به‌ڕێوه‌چوونی سزای ئیعدامیان بن.

Newroz Sat وه‌کو یه‌که‌م که‌ناڵی ئاسمانی فه‌رمی کوردی، نه‌ورۆزی ئه‌مسال ده‌ستبه‌کار ده‌بێت

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵێکی پ‌یو‌ک‌مێدیا، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌ پرۆژه‌ی سێ ته‌له‌فزیۆنه‌ له‌یه‌ك سكریندا له ده‌ست دایه که له‌نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ده‌كه‌وێته‌ په‌خشكردن.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی راگه‌یاندنی له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری راگه‌یاند كه له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ تی‌ڤیه‌ک به ناوی «نه‌ورۆز سات»، له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌ست به‌کار ده‌بێت و ‌ پرۆژه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ لای ئه‌وان ته‌واوبووه‌و به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌م ماوه‌یه‌شدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر وه‌رده‌گیرێت و ده‌بێته‌ یه‌كه‌م كه‌ناڵی ئاسمانیی ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ده‌گوترێ که «ئه‌م كه‌ناڵه‌ خۆی ناوی Newroz Sat ده‌بێت به‌ڵام به‌رنامه‌كانی دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر سێ ته‌له‌فزیۆنی جیا. په‌خشی یه‌كه‌م FarmeTV ده‌بێت تایبه‌ته‌ به‌چالاكییه‌كانی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ كاژێر 8 ی به‌یانی تا 2,30 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌شی دووه‌می به‌رنامه‌كان ته‌رخانده‌كرێـت بۆ ZaroTV كه‌ ئه‌ویش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ منداڵان و له‌ كاژێر 3 ی پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستپێده‌كات بۆ 7,30 خوله‌كی ئێواره‌، له‌ كاژێر 8 ی شه‌ویشه‌وه‌ تا 1.30 نیوه‌شه‌و به‌رنامه‌كان ته‌رخانده‌كرێت بۆ LAWTV كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی تایبه‌ت ده‌بن به‌ گه‌نجان».

ته‌نیا له سلێمانی 20 میلیاردێر و 2000 میلیۆنه‌ر هه‌یه

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: گۆڤاری نیۆیۆرکه‌ر له زاری «جه‌لال تاڵه‌بانی»یه‌وه ڕایگه‌یاند که ته‌نیا شاری سلێمانی، 20 میلیاردێر و 2000 میلیۆنه‌ری به دۆلار هه‌یه.

‌گۆڤاری نیۆیۆرکه‌ر له دیداری دوێنێی خۆی دا له‌گه‌ڵ «جه‌لال تاڵه‌بانی»، سه‌رکۆماری عێراق ڕایگه‌یاند که مام جه‌لال له‌میانه‌ی‌ سه‌ردانێکیدا‌ بۆ پاریس به‌ مه‌دام «میتران»ی‌ وتووه‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌راده‌یه‌ك به‌هێزه‌ كه‌ شاری‌ سلێمانی‌ 20 ملیاردێر‌و 2000 ملوێنه‌ری‌ تێدایه‌.

ئه‌گه‌ری شه‌ری کورد و تورک نیزیکه

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: به گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی «ئیستخباراتی نه‌ته‌‌وه‌یی  ئه‌مریکا» ئه‌گه‌ری ده‌سپێکردنی شه‌ری کورد و تورک نزیکه و ئه‌گه‌ر عێراق پارچه بکرێت و ئه‌مریکاش هێزه‌کانی له ناوچه بکشێنێته‌وه، ئه‌وا شه‌رێک له نێوان تورکیا و هێزه‌کانی باشووری کوردستان ڕوو ده‌دات.

له ڕاپۆرتی ئاماژه‌بۆکراو دا هاتووه: کورده‌کانی عێراق به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و به پێی یاسایی ژماره 140ی ده‌ستووری عێراق ده‌یانه‌وێ که‌رکووک و ناوچه ته‌عریب کراوه‌کان بگه‌رێننه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی خۆیان.

ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا هێزه‌کانی خۆی له داهاتوویه‌کی نزیک دا له عێراق بکشێنێته‌وه ، حکومه‌تی ناوه‌ندی لاواز ده‌بێت و ئانارشی سه‌رجه‌م وڵات ده‌گرێته‌وه و چه‌ندین هه‌رێمی جیاوازی سه‌ڕ‌به‌خۆ درووست ده‌بێ و ئه‌گه‌ر کورده‌کانیش که‌رکووک بگرنه ‌ده‌ست، ئه‌وه تورکیاش که پارچه‌بوونی عێراقی ناوێت، به بیانووی له ناوبردنی پ.ک.ک و پاراستنی گیانی تورکمانه‌کان، هێرش بۆ سه‌ر باشووری کوردستان ده‌بات و شه‌ری کورد و تورک دێته ئاراوه.

هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا هه‌فته‌ی ڕابردوو، «قوباد تاڵه‌بانی» کوڕی سه‌رکۆماری عێراق و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، داوایی له کۆمیسیۆنی پێوه‌ندیه‌کانی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا کردبوو که بۆ پێشگیری له شه‌رێکی ئاوا، ئه‌مریکا گه‌ره‌نتی به کوردان بدات.

«گرووپی دیراسه‌کردنی عێراق»یش له ڕاپۆرتی خۆی‌دا، داوایی دواخستنی ڕێفراندۆمی کۆتایی ساڵی که که‌رکووک کردبوو.

هیلاری کلینتۆنی دێموکراتیش باس له ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی بۆ ئێران ده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: «هیلاری کلینتۆن»، بژارده‌ی دێموکراته‌کان بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا له ساڵی 2008، نایشارێته‌وه که ئه‌گه‌ر به ده‌سه‌ڵات بگات و ئێران سوور بێت له سه‌ر به‌ه‌ست هێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی، ئه‌وه ئه‌مریکا هێرشی سه‌ربازی ده‌کاته سه‌ری.

«هیلاری کلینتۆن» هاوسه‌ری سه‌رکۆماری پێشووی ئه‌مریکا «بیل کلینتۆن» و یه‌کێک له بژارده‌کانی حیزبی دێموکرات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری 2008ی ئه‌مریکا له میانه‌ی لێدوانێک دا بۆ  «جووله‌که‌نانی لایه‌نگری‌ خۆی»، ئێرانی وه‌کو هه‌ڕه‌شه و مه‌رسیه‌ک بۆ جیهان ناوبرد و ئێمه قه‌ت ڕێگه‌ ناده‌ین که ئه‌م وڵاته چه‌کی ناڤۆکی به‌ده‌ست بێنێت.

ناوبراو  بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به میکانیزمێکی تایبه‌ت و ڕوون بکات ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند که بۆ به‌رقه‌رار کردنی ئاشتی له ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، پێویسته له‌گه‌ڵ ئێران، سووریا و لایه‌نگرانیان وه‌کو حه‌ماس و حیزبوڵلا گفتگۆ بکه‌ین.

«هیلاری ڕودهام کلینتۆن» که له نێوان کۆمه‌ڵێکی 1700 که‌سی له لۆبی جووله‌که‌نا قسه‌ی ده‌کرد و که‌ناڵی جی‌ئێن‌ئێن‌یش ڕاسته‌وخۆ ده‌یگوازته‌وه،  به گوتنی ئه‌مه که ئه‌گه‌ر ئێران بیهه‌وێ چه‌کی ئه‌تۆمی به‌ده‌ست بێنێ هێرشی سه‌ڕبازیش یه‌کێک له بژاره‌کانی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئێرانه، پێشوازی زۆری لێکراو جووله‌که‌کان وێڕای چه‌پڵه‌ڕێزان، گوتیشیان له «لۆبی جووله‌که‌» به ده‌نگو به پشتیوانی ماڵی له‌گه‌ڵ «هیلاریه».

ئه‌مرۆ 9 ته‌قینه‌وه که‌رکووکی هه‌ژاند و ده‌یان هاوڵاتی کرده‌ قوربانی

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: ئه‌مرۆ  9 ته‌قینه‌وه‌ی به هێز که دوویان بنکه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی یه‌ێکتی و پارتیان کردبۆ ئامانج، که‌رکووکیان هه‌ژاند و له ئاکام‌دا، 4 که‌س کوژران و زیاتر له 40 هاوڵاتیش بریندار بوون.

به گوێره‌ی دواترین هه‌واڵه‌کان له باشووری کوردستانه‌وه، له ئاکامی 9 هێرشی بۆمبی دا له شاری که‌رکوک، خه‌ساری گیانی و ماڵی مه‌زن هاته ئاراوه . له ته‌قینه‌وه‌کان دا، بنکه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان، قوتابخانه، به‌نزینخانه و چه‌ند شوێن له بازار و ناوچه کوردنشینه‌کان بوونه ئامانجی ئه‌م هێرشه تیرۆریستیانه.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ باس له برینداربوونی زیاتر له 40 که‌س و کوژرانی 4 هاولاتی سیڤیل ده‌که‌نو  چاوه‌ڕوان ده‌کرێ ئاماری کوژراوان بچێته سه‌ر.

هه‌واڵی به‌‌په‌له: شێرکۆ جیهانی ئه‌مرۆ ئێواره ئازاد کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: شێرکۆ جیهانی، ڕۆژنامه‌ان و ئه‌ندامی ڕێکخراوی ماڤی مرۆڤی کوردستان، ئێواره‌ی ئه‌مرۆ به دانانی بارمته‌ی ماڵی ئازاد کرا.

هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد ڕایگه‌یاند که ئه‌مرۆ ئێواره، 14ی ڕێبه‌ندان، شێرکۆ جیهانی ئه‌ندامی ڕ.م.م.ک و ڕۆژنامه‌انی مه‌هابادی، پاش سێ مانگ ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، به دانانی بارمته‌ی ماڵی ئازاد کرا.

شێرکۆ جیهانی به دوو تۆمه‌تی «شێواندنی بیروڕایی گشتی» و «هه‌وڵدان دژ به ئاسایشی نه‌ه‌وه‌یی ئێران»  له دوو دادگایی جیاوازی گشتی و شۆڕشی ئیسلامی مه‌هاباد، دادگایی ده‌کرێ.

ناوبراو له 7ی سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ، له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی ره‌ژیمه‌وه له مه‌هاباد ده‌زگیر و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه کرابوو.

گیراوێکی سیاسی کۆتایی به مانگرتن له خواردنی هێنا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان:  به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆفی کورد، «گیراوی سیاسی «سمکۆ قادرپوور»، پاش 11 ڕۆژ مانگرتن له خواردن، به مه‌رجی پێداچوونه‌وه‌ به سه‌ر حوکمی دۆسیه‌که‌ی دا و گرتنی مه‌ره‌خه‌ستی، کۆتایی به چالاکیه‌که‌ی هێنا.

سمکۆ قادرپوور، گیراوی سیاسی بۆکانیه که 11 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به مه‌به‌ستی نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به حوکمه‌که‌ی له گرتووخانه، مانی له خواردنی بێکۆتایی گرتبوو، به مه‌رجی به‌ڵێندراوی به‌رپرسان بۆ پێداچوونه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی به سه‌ر حوکمه‌که‌ی دا و دانی مه‌ره‌خه‌ستی، کۆتایی به چالاکیه‌که‌ی هێنا.

ناوبراو 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له حیزبێکی کوردستانی دا، به 11 ساڵ سزای گرتووخانه، مه‌حکووم کرابوو.

هاوڵاتیه‌کی کورد، چوونه‌ده‌ر له شاره‌که‌ی لێ قه‌ده‌غه کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵێکی چاوه‌ێری مافی مرۆڤی کورد، هاوڵاتیه‌کی مه‌هابادی به ناوی «ئیبڕاهیم بایه‌زیدی» به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی، بانگهێشتی بنککه ئاسایشێکان کراو و پاشان حوکمی قه‌ده‌غه‌ بوونی چوونه‌ ده‌ر له شاری پێدرا.

«ئیبراهیم بایه‌زیدی»، هاوڵاتی مه‌هابادی، بانگهێشتی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌م شاره کرا و پێی ڕاگه‌یاندرا که به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی تا ڕاگه‌یاندراوی دوایی، بۆی نیه له مه‌ها‌باد بچێته ده‌ر.

‌ئه‌ندامه‌تی حدکا له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کانی بێ نوێنه‌ر»UNPO» دا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: داوای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ ئه‌ندامه‌تی ته‌واو له‌ رێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی بێ نوێنه‌ر «UNPO» له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م رێكخراوه‌یه‌ كه ‌له‌ رۆژانی یه‌ك تا سێی مانگی فێورییه‌‌ی 2007، له‌ بینای پارلمانی ئوروپا له‌ برۆكسل پێك هات، دوای تاووتوێ كردنێكی تێروته‌سه‌ڵ په‌سه‌ند كرا.

«رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان» رێكخراوێكی دێموكراتیك‌و ئاشتی خواز، فره‌لایان‌و ئازادیخوازه‌ كه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ خه‌باتی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كاندا لایه‌نی مامه‌له‌یه‌ له‌ گه‌ڵ رێكخراوه‌ جیهانیه‌كانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌تایبه‌ت كومیسێونی ماڤی مرۆڤی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌.

«رێكخراوی نه‌ته‌وه‌كانی بێ نوێنه‌ر یا نه‌ته‌وه‌ بێده‌وله‌ته‌كان» له‌ 62 ئه‌ندام پێك هاتبوو كه‌ به‌ زیادبونی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌لاتی كوردستان‌ و 5نه‌ته‌وه‌ی تر، ژماره‌یان گه‌یشته‌ 68 ئه‌ندام له‌ هه‌موو پارچه‌كانی جیهانه‌وه‌. وێرای نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌دا نه‌ته‌وه‌كانی ئازه‌ربایخانی باشوور، نه‌ته‌وه‌ی سیمیش له‌ كانادا TSIMSHIAN NATION ، نه‌ته‌وه‌ی ناوراستی مه‌غولستان INNER MONGOLIAN ، نه‌ته‌وه‌ی رۆ بوسباستر له‌ نامیبیا REHOBOTH BASTERS ، و نه‌ته‌وه‌ی مۆنگ چاوفاله‌ لائوسHMONG CHAOFA بوون به‌ ئه‌ندامی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌.

هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌‌دا داخوازی ئه‌ندامه‌تی له‌ لایه‌ن 5 نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌وه‌ كه‌ له‌ وه‌ڵاتانی به‌نگلادێش، مینه‌رڤان، رووسیه،‌ ڤێڕمۆنت‌و ئه‌ندۆنێزییه‌وه‌ داوای ئه‌ندامه‌تییان كردبوو ره‌د كرایه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ داخوازی به‌رئه‌ندامێتیی9نه‌ته‌وه‌ی نوێ‌و له‌ وانه‌ نه‌ته‌وه‌ی به‌لووچ كه‌ گه‌یشتبووه‌ ده‌ستی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویست‌و پێڕاگه‌یشتنی دوایی له‌ لایه‌ن UNPO درایه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی.

پێشتر له‌و رێكخراوه‌یه‌‌دا دوو حیزبی سه‌ره‌كی باشوری كوردستان: پارتی دێموكراتی كوردستان‌و یه‌كیه‌تیی نیشتمانی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی باشوری كوردستانیان ده‌كرد. به‌ زیاد بونی كورسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌لاتی كوردستانیش له‌مه‌و به‌ دواوه‌ به‌نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ له‌و رێكخراوه‌یه‌دا به‌شداری ده‌كات.

ئه‌ندامانی UNPO به‌ گشتیی پێك هاتون له‌ خه‌لكه‌ خۆجێیه‌كان (بومی)، وڵاته‌ داگیركراوه‌كان یا وڵا‌ت‌و هه‌رێمه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كان كه‌ به‌ هاوكاری یه‌كتر هه‌وڵی پاراستنی ماڤه‌كوڵتوری‌و مرۆڤایه‌تیه‌كانیان، پاراستنی ژینگه‌‌و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ێیكی دور له‌ توندوتیژی بۆ كیشه‌ نه‌ته‌ویی‌و سیاسیه‌كانیان ده‌ده‌ن.

پێنج پرێنسیپی سه‌ره‌كیی كارو چالاكی UNPO پێك هاتون له‌: خۆپاراستن له‌ توند وتیژی ، پاراستنی مافی مرۆڤ، ماڤی دیاری كردنی چاره‌نوس‌و دێموكراسی، پاراستنی ژینگه‌‌و پرێنسیپی لێبوردوویی.

عه‌بدوللا حیجاب، كه‌ له‌ لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تیی رۆژهه‌ڵاتی كورستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی UNPO دا به‌شدار بوو، وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ی به‌ هه‌نگاوێكی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌یی، ده‌ستكه‌وتێكیی مێژوویی بۆ گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ قه‌له‌م دا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌چێته واشنتۆن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ تورکیا هه‌فته‌ی داهاتوو و  به مه‌به‌ستی گفتگۆ له‌سه‌ر مژاره‌کانی که‌رکووک، کێشه‌ی کورد، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌چێته واشنتۆن.

مێدیاکانی تورکیا ڕایانگه‌یادن که «عه‌بدوڵا گوڵ» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌‌ی تورکیا 6ی شوبات(فێوریه) به مه‌به‌ستی ئه‌نجامی گفتگۆ سه‌باره‌ت به مژراره‌کانی پێوه‌ندی دار به کێشه‌ی کورد، داهاتووی که‌رکووک، نائارامیه‌کانی ڕۆژهه‌لاتی ناوین، دیدار له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له جێگری سه‌رکۆماری ئه‌مریکا «دیک چێنی»، «کۆنداڵیزا ڕاسی» وه‌زیری ده‌ره‌وه، «ڕابێرت گه‌یتس» وه‌زیری به‌رگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوش «ستێفان هادڵی» ئه‌نجام ده‌دات. عه‌بدوڵا گوڵ سه‌ردانی بینایی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش ده‌کات و له‌گه‌ڵ «بان کی‌موون» کۆده‌بێته‌وه.

دواتر ناوبراو سه‌باره‌ت به خستنه به‌ر باسی » ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان» دیدارێک له‌گه‌ڵ «تۆم لۆنتۆس»، سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ کۆنگره و چه‌ند ئه‌ندامی تری کۆنگره پێک دێنێت تا ڕازیان بکات، بڕیاری ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کان له کۆنگره‌ ئه‌مریکا په‌سه‌ند نه‌کرێ.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، عه‌بدوڵا گوڵ داوایی کاتێکی ملاقات له «سه‌رۆک بوش» بۆ «ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان» سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا ده‌کات.

شایانی باسه دوابه‌دوایی گوڵ، یاشار بویوک ئانیت، سه‌رۆکی گشتی ئه‌رته‌شی تورکیا، سه‌ردانی واشنتۆن ده‌کات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی ئه‌مریکا، کێشه‌ی پ.ک.ک و داهاتووی که‌ڕکووک و ئه‌گحهری ئه‌نجامی ئۆپێراسیۆنێکی ده‌ره‌وه‌ی سنوور، بۆ سه‌ر باشووری کوردستان تاووتوێ ده‌کات.

سێ ژه‌نه‌راڵی ئه‌مریکا، دژایه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر به هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران ده‌ربڕی

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: سێ ژه‌نه‌راڵی پایه‌به‌رزی ئه‌مریکا له نامه‌یه‌ک دا که سانده‌ی تایمز، بڵاوی کردۆته‌وه سه‌باره‌ت به هێرشی سه‌ربازی ئه‌رمیکا بۆ ئێران هۆشداریان دا و دژایه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به‌م یه‌که ده‌ربڕی.

ژه‌نه‌راڵان «ڕۆبێرت گارد»، جێگری سه‌ربازی وه‌زیری به‌رگری پێشووی ئه‌مریکا، «جۆزێف هور»، فه‌رمانده‌ ستادی ناوه‌ندی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا و «جه‌ک شه‌نهان»، مودیری پێشووی ناوه‌ندی زانیاری وه‌زاره‌ی به‌رگری ئه‌مریکا، له نامه‌یه‌ک دا به توندی هۆشداریان داوه‌ته کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکا که هێرش بۆ سه‌ڕ ئێران ده‌توانێ ئاسایشی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له عێراق به جیددی بخاته مه‌رسیه‌وه.

ئه‌م ژه‌نه‌راڵانه ڕایانگه‌یاندووه که کێشه‌ی ناڤۆکی ئێران ته‌نیا ده‌بی له ڕێگه‌ی دیپلۆماسی و گفتگۆی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکا و ئێران چاره‌سه‌ر ده‌بێ و هێرشی سه‌ربازی سه‌رجه‌م ناوچه‌که ده‌کێشێته ناو ئاڵۆزیه‌وه و دوێنی ئه‌م شه‌ره دونیا ده‌گرێت.

ئه‌م هۆشداره پاش ئه‌وه دێته ئاراوه که به هاتنی دوو که‌شتی مین‌خاوێن‌که‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و 2 که‌شتی فڕۆکه‌هه‌ڵگری ئه‌مریکی، ده‌نگۆی ئاماده‌سازی هێرشێکی به‌رفراوانی سه‌ڕبازی بۆ ئێران هاتۆته به‌ر باس.

ڕاگه‌یاندراوی رم.م.ک: نائاگاداری تاقمێک له گرووپه سیاسیه‌کان، جێگه‌ی نیگه‌رانیه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له ڕاگه‌یاندراوێک دا نیگه‌رانی و په‌رۆش‌بوونی خۆی سه‌باره‌ت به لێدوان و هه‌ڵوێستی تاقمێک گرووپی سیاسی نائاگادار، له‌مه‌ر چالاکیه مه‌ده‌نیه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه ده‌ر‌بڕی.

له ڕاگه‌یاندراوی ر.م.م.ک دا هاتووه: هه‌ر وه‌ک ئاگادارن، به مه‌به‌ستی پڕۆتیستۆ کردنی پێشێلکاری سیسته‌ماتیکی مافی مرۆڤ له کوردستان، کۆمه‌ڵێک له چالاکانی مه‌ده‌نی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له هه‌وڵێکی مه‌ده‌نی دا، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له ڕۆژه‌کانی 28 تا 30ی به‌فرانبار به «چالاکی ڕۆژووی سیاسی» ده‌ربڕی و ئه‌م هه‌نگاوه له لایه‌ن کۆروکۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، چالاکانی خوێندکاری، مافی مرۆڤ، کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و ڕێکخراو و پارته سیاسیه‌کانیش په‌سه‌ند و هاوڕێیی و پشتیوانی کرا، که‌چی تاقمێک گرووپی سیاسی نائاگادار له ده‌ره‌‌وه‌ سنووره‌کان به نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی جنێونامه و سووکایه‌تی به ڕ.م.م.ک،ڕێکخراوه‌که‌مان و ئه‌م چالاکیه‌یان به «میلی مه‌زهه‌بی» و «حکومه‌تی» و «کاری نوێنه‌رانی پێشووی پارله‌مانی ئێران» و «کوردانی دانیشتووی مه‌رکه‌ز» له قه‌ڵه‌م دا.

ئه‌م لێکدانه‌وه هه‌ڵه و ناڕاستانه سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕ و ڕوانگه‌ی ئه‌م گرووپه چه‌ند که‌سیانه‌ی سه‌باره‌ت به داخوازیه‌کانی خه‌ڵک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نیشاندا.

که‌سانێک که به هۆی له‌تبوونی هه‌ر ڕۆژه و کێشه‌ی ناوخۆ و حه‌شیمه‌تی چه‌ند که‌سیان ته‌نانه‌ت له‌گه ڵ خۆیان پێک نایه‌ن چ بگا به‌مه که دژ به حکومه‌تی ئێران بن و به‌م لێکدانه‌وه‌یان ئاشکرایان کرد که هیچ زانیاریه‌کیان سه‌باره‌ت به داخوازی و ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له کوردستان نیه.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مه‌زنترین  ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و ناسیاسی و سه‌ربه‌خۆیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و له سه‌ر بنه‌مایی مه‌نشووری مافی مرۆڤی جیهانی شکلی گرتووه و قه‌رزداری که‌س نیه و له که‌سیشی ئیزنی چالاکی وه‌رنه‌گرتووه.

هه‌روه‌ها جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌که «کورده‌کانی دانیشتووی تاران» و «به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد» و «نوێنه‌رانی پێشووی پارله‌مانی ئێران» هیچ به‌یاننامه، ڕاگه‌یاندراو و که‌مپه‌ینێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیان مۆر نه‌کردووه و هاوڕێیی و هاوکاری ئه‌م ڕێکخراوه‌یان نه‌کردووه و هه‌ڕ چه‌ند که ئه‌م یه‌که مافی ئه‌وان و هه‌ر تاکێکی کۆمه‌لگایی کوردستانه.

«کانوونی نووسه‌رانی کورد»، پێکهاتنی خۆی ڕاگه‌یاند

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد،  ڕایگه‌یاند که «کانوونی نووسه‌رانی کورد» له سنه، پێکهاتنی خۆی ڕاگه‌یاند و له ڕاگه‌یاندراوی ئه‌م ڕێکخراوه دا هاتووه: هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م نووسه‌رانی جیهانی، پێنووسه کورده‌کان کۆده‌کاته‌وه و ماڵێک ساز ده‌کات، تا به هه‌وڵی مه‌عنه‌وی و توانایی نووسه‌رانی کورد و بیر و پێنووسی ئه‌وان، یه‌کبخا تا بۆ نووسینی ئه‌وین، بنه‌ماڵه‌یه‌کی سه‌رفه‌راز پێکبێنێت.

» کانوونی نووسه‌رانی کورد»، به هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک له نووسه‌ران، ڕۆژنامه‌وانانی کورد پێکهات و هه‌وڵ ده‌دات تا نووسه‌رانی کورد لێکدی کۆبکاته‌وه و له‌م ڕێگه‌وه خزمه‌ت به گه‌ل و نه‌ه‌وه‌مان بکات.

بێهزاد خۆشحاڵی، سه‌لاحه‌دین خه‌دیو، محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، عه‌لیره‌زا خانی، سیمین چایچی، محه‌ممه‌د عه‌لی تۆفیقی، مه‌نسوور تیفووری، به‌همه‌ن توتونچی، په‌یمان یاریان، ئه‌نوه‌ر ساعد موچه‌شی، له‌یلا مه‌ده‌نی، ئاکۆ کورد نه‌سه‌ب، سۆران سه‌لیمی، له دامه‌زرێنه‌رانی کانوونی نووسه‌رانی کوردن و په‌یمان یاریان وته‌بێژی کاتی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه.

ئه‌حمه‌د تورک، هاوسه‌رۆکی DTP هه‌ره‌شه‌ی له تورکیا کرد

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: ئه‌حمه‌د تورک هاوسه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگایی دێموکراتیک، له ڕێوڕه‌سمێک دا له ژێر ناوی «داهاتوو ئاشتیه» له سته‌نبۆڵ به توندی ڕه‌خنه‌ی له حکومه‌تی تورکیا گرت و هۆشداری پێدان سه‌باره‌ت به هه‌ر شێوه هێرش کردنێک بۆ سه‌ر باشووری کوردستان.

ئه‌حمه‌د تورک وتی: له حاڵێک دا که ئێمه کۆنفرانسی ئاشتیمان پێکهێنا و ڕوناکبیرانی تورک و کورد، نیگه‌رانی خۆیان له مه‌ڕ شه‌ر ده‌ربریو هه‌م پێشنیاره‌کانیان وه‌کو «نه‌خشه‌ ڕێگه» هێنایه به‌ر باس وگه‌ڵاله کردن، له‌م لاوه سیاسه‌تمه‌دارانی تورک باس له هێرشی سه‌ر کوردستان ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر بێت و تورکیا کارتی تورکمان وه‌کو خاڵێکی فشار بۆ سه‌ر کوردستان و کوردان به کار بێنێ و هه‌وڵی هێرش بدات، ئێمه له به‌رانبه‌ر خۆیدا ده‌بینێته‌وه.

ناوبراو تیرۆری هرانت دینک، ڕۆژنامه‌وانی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌رمه‌نی تورکیا وه‌کو داربه‌یه‌ک دژ به دێموکراسی و ئاشتی له وڵاتی فره گه‌لی تورکیا هه‌ڵسه‌نگاند و گوتی ئێمه ئیجازه ناده‌ین که که‌س هێرش بکاته کوردستان.

ناوبراو له درێژه دا وتیشی که ئاگربه‌ستی پ.ک.ک به پێشنیاری ئێمه بووه به‌ڵام هه‌ندێک له هێز و لایه‌نه سیاسه‌کان ناهێڵن وناخوازن ئاشتی مسۆگه‌ر بێت و حکومه‌تیش که‌ڵک له‌م ده‌ڕفه‌ته وه‌رناگرێ.  ناوبراو هه‌روه‌ها هۆشداری دا که ئه‌گه‌ر قۆناخی ئاگربه‌ست تێپه‌ر بێت، کێشه‌ی مه‌زنتر ساز ده‌بێ.

له پاریس هێرش کرایه سه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کی کوردی

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ؛ ئه‌مرۆ به‌یانی پۆلیسی فه‌ره‌نسا له شاری پاریس، هێرشی کرده‌سه‌ر «ناوه‌ندی که‌لتوری ئه‌حمه‌د کایا» و وێرای ده‌زگیرکردنی 13 کورد، ده‌ستی به‌سه‌ر دۆکیۆمێنت و کامپیوته‌ره‌کانی ئه‌م ناوه‌نده‌ش گرت.

ئاژانسی فورات ڕایگه‌یاند که به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، پۆلیس به شی دژه‌تیرۆری فه‌ره‌نسا هۆی ئه‌نجامی ئه‌م ئۆپێراسیۆنه‌ی دژی ناوه‌ندی که‌لتووری ئه‌حمه‌د کایا، به «پێکهێنانی دامه‌زراوه بۆ یارمه‌تی و پیشتیوانی ئابووری له پ.ک.ک» ڕاگه‌یاندووه، بۆیه‌ که ئه‌م وڵاته به گرووپێکی تیرۆریستی ده‌زانێ.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان ، ده‌سپێکی ئه‌م ئۆپێراسیۆنه‌ پۆلیسی دژه‌تیرۆری فه‌ره‌نسا، شووبهه کردن له 2 کورد بووه که ویستویانه 200 هه‌ار یۆرۆ پاره به دۆلار بگۆڕنه‌وه و پاشان به پێی دواکه‌وتنی پۆلیس هێرش کراوه‌ته سه‌ر ئه‌م بنکه‌یه‌ و 13 کورد گیراون.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له به‌غدا هه‌ره‌شه‌‌ی لێکرا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا به هاوکاری سپایی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوان دژ به تیرۆریستانی سونه و میلیشیاکانی سه‌در، له به غدا به‌ڕێوه‌به‌رێ و به‌م هۆیه هه‌ڕه‌شه له هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان کرا که ئه‌گه‌ر به‌شداری ئه‌م ئۆپێراسیۆنه بێت، هێرشی بۆمبی ده‌کرێته سه‌ر کوردستان.

به گوێره‌ی زانیاریه‌کان، ئه‌ڕته‌شی ئه‌مریکا به نیازه له ئۆپێراسیۆنێکی به‌رفراوان به به‌شداری سوۆپایی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه، پلانی نوێی ئه‌منی به‌‌غدا به‌ڕێوه‌به‌رێ.

پلانه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌که به‌غدا به سه‌ر 30 ناوچه‌ دابه‌ش ده‌کرێ و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان که ڕه‌وانه‌ی به‌غدا کراوه  له‌گه‌ڵ سوپایی عێراق، پاکسازی به‌غدا له تیرۆریستانی سونه و میلیشیاکانی سه‌در ده‌که‌ن و زیاتر له 17000 سه‌ربازی ئه‌مریکیش به هاوکاری فڕۆکه‌ی جه‌نگی و هێلی کۆپته‌ر، به‌شداری ئۆپێراسیۆنه‌که ده‌که‌ن.

له‌م نێوه دا به گوێره‌ی هه‌و‌اڵێکی ڕۆژنامه‌ی سانده‌ی ته‌له‌گرافی به‌ریتانی، سه‌رکرده‌یه‌کی سونه هه‌ڕه‌شه‌ی  له هێزی پێشمه‌رگه کردووه که خۆ له به‌شداری ئه‌م هێرشه بپارێزێ ده‌نا تیرۆریستانی سونه به تۆڵه‌ی ئه‌م، له کوردستان کرده‌وه‌ی خۆکوژی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ڕێگه‌ی هاتوچۆیی ده‌یان گوندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گیراوه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: هه‌واڵنێرمان له پیرانشار ئاگاداری کردینه‌وه که به هۆی بارینی به‌فرێکی زۆر له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگه‌ی هاتووچۆی ده‌یان گوندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گیراوه و حکومه‌تیش هیچ هه‌نگاوێک بۆ خاوێنکردنه‌وه‌ی ڕێگاکان و خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیان ناکات.

به هۆی بارینی به‌فرێکی زۆر له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگه‌ی سه‌دان گوندی له لاجان، په‌سوێ و پیران، گه‌ده وبه‌ری مێگان گیراوه و هاوڵتیانی ئه‌م ناوچانه هیچ خزمه‌تگوزارێکیان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ه بۆ گه‌یاندنی سووته‌مه‌نی و خاوێن کردنه‌وه‌ی ڕێگا بۆ نه‌کراوه.

له مه‌هاباد، سه‌رده‌شت و بانه‌ش هه‌واڵمان پێ گه‌یشت که ڕێگه‌ی چه‌ندین گوند گیراوه و به هۆی بارینی به‌فری زۆر و ئه‌گه‌ری هاتنی ڕنوو و که‌می سووته‌مه‌نی هاتووچۆ له ڕێگه‌کراوه‌کانیش به ئارامی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و زۆربه‌ی قوتابخانه‌کان پشوو دراون.

هاوڵاتیان کورد به توندی گله‌یی له حکومه‌تی ئه‌تۆمی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و ده‌وڵه‌ته عه‌داڵه‌ت گوسته‌ره‌که‌ی ده‌که‌ن و داوا ده‌که‌ن که له جێگه‌ی سازکردنی بۆمبی ئه‌تۆمی، حکومه‌تی له فکری خزمه‌ت به هاوڵاتیان بێ و سووته‌مه‌نی و پێداویستی سه‌ڕه‌کی و ئاسایی ژیانیان بۆ دابین بکات.

هه‌فته‌یه‌که په‌خشی که‌ناڵه ئاسمانیه‌کان کوردیه‌کان، له ڕۆژهه‌لاتی کوردستان ئاسته‌نگ ده‌کرێ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌که په‌خشی که‌ناڵه ئاسمانیه کوردیه‌کان به هۆی پارازیت خستنی ڕه‌ژیم، ئاسته‌نگ ده‌کرێ.

5 ڕۆژ پێش، تاوه‌رێکی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به خستنی پارازیت بۆ سه‌ر که‌ناڵه ئاسمانیه‌کان له ناوه‌ندی شاری پیرانشار دامه‌زراو وپاشن له شاره‌کانی تریش به شێوازی جۆراوجۆر پارازیت ده‌خسترێته سه‌ر که‌ناڵه کوردیه‌کان.

له شنۆ. پیرانشار، سه‌ڕده‌شت و نه‌غه‌ده‌وه هه‌واڵمان به ده‌ست گه‌یشت که زۆربه‌ی که‌ناڵه ئاسمانیه کوردیه‌کان به تایبه‌ت تی‌شک ‌تی‌ڤی، ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی و  ڕۆژ ‌تی‌ڤی، به هۆی پارازیتی ڕه‌ژیمه‌وه ئاسته‌نگ کراون و په‌خشیان تووشی کێشه‌ی دابه‌زینی فێرێکانس بووه.

ئه‌گه‌ر‌چی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران که‌ڵک وه‌رگرتن له سه‌ته‌لایت قه‌ده‌غه‌یه به‌لام دیسانیش خه‌ڵکێکی زۆر به شاراوه‌ هه‌یانه به‌ڵام ڕه‌ژیم به پارازیت خستنه سه‌ر که‌ناڵه‌کان په‌خشیان ئاسته‌نگ ده‌کات.

خوێندکارێکی کورد دوور ده‌خسترێته‌وه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ی هه‌واڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، چالاکێکی خوێندکاری به ناوی «سۆران حوسێنی»م به تۆمه‌تی به‌شداری له خۆپێشاندانێکی پرۆتیستۆیی خوێندکاری، بۆ شاری «ده‌هاقان»، دوور ده‌خسترێته‌وه.

له درێژه‌ی شه‌پۆلی سزادانی چالاکانی خوێندکاری زانکۆی ئازادی سنه، «سۆران حوسێنی» خوێندکاری زانکۆی ئازادی سنه، به‌رپرسی بڵاوکراوه‌ی هه‌واڵنێری «هاوڕێ» و مودیری کۆمیته‌ی چاپه‌مه‌نی یه‌کێتی دێموکراتیکی خوێندکارانی کورد، به تۆمه‌تی به‌شداری له چالاکی پڕۆتیستۆیی 16ی سه‌رماوه‌ز، بۆ دوورخستنه‌وه بۆ شاری «ده‌هاقان» سزا درا.

شایانی باسه که ئه‌م حوکمه بێ ئاگاداری ناوبراو دراوه و پێشتر له سزایی یه‌که‌مینی دا، «سۆران حسێنی» به هه‌ڵبه‌سادران بۆ ماوه‌ی دوو نیو ساڵ له خوێندن و دوورخستنه‌وه‌ بۆ شارێکی تر، سزا درابوو و ئێستاش ناچاره بۆ درێژه‌دانی به خوێندن بچێته «ده‌هاقان».

ژنێکی کورد به سزای ئیعدام مه‌حکووم کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: په‌یامنیرانی ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان له هه‌واڵێک دا ڕایانگه‌یاند که «ته‌همینه دانش»، هاوڵاتێکی ژنی خه‌ڵکی نه‌غه‌ده‌یه که پاش تێپه‌رکردنی دوو ساڵ زیندان به «ئیعدام» مه‌حکووم کراوه.

«ته‌همینه دانش»ی 35 ساڵه، خه‌ڵکی نه‌غه‌ده، دوو ساڵه که به تۆمه‌تی کوشتنی مرۆڤ له گرتووخانه‌ی ورمێ دا چاوه‌ڕوانی دوایین حوکمی ده‌کرد و به پێیی دوایین بڕیار، به ئیعدام مه‌حکووم کراوه.

ناوبراو له ساڵی 1383 به تۆمه‌تی کوشتنی پیاوێک که ده‌گوترێ ده‌ست‌درێژی سێکسی کردۆته‌سه‌ر به ئیعدام مه‌حکووم کراوه و له هه‌مان کات دا،ریکخراوی پاراستنی مافی مروفی کوردستان، وێڕایی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی خۆی سه‌باره‌ت به‌م حوکمه، خوازیاری هه‌ڵوه‌شداندنه‌وه و پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا دایه و دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ بڕیاری له‌سێداره‌دان له کوردستان و ئێران ڕاده‌گه‌یێنێ.

نیگه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئه‌ورووپا سه‌باره‌ت به ئاسایشی گیانی سێ چالاکی کورد

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئه‌ورووپا نیگه‌رانی خۆی له به‌یاننامه‌یه‌ک دا سه‌باره‌ت به «هه‌ڕه‌شه‌ی گیانی» سه‌ر محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند و «ئاسۆ ساڵح» و «ئیجلال قه‌وامی» چالاکی خوێندکاری و ڕۆژنامه‌وان ده‌ربڕی.

«کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئه‌ورووپا» له به‌یاننامه‌یه‌ک دا وێڕای ئاماژه به هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی رۆژنامه‌وان «ئیجلال قه‌وامی» و «ئاسۆ ساڵح» چالاکی خوێندکاری، نیگه‌رانی خۆی له‌مه‌ر ئاسایشی گیانی ئه‌م دوو که‌سه و هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنی «محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوود‌وه‌ند» سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ده‌ربڕی.

«کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئه‌ورووپا»، ئیدانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی رۆژنامه‌وانان و چالاکنی سیاسی و مه‌ده‌نی و خوێندکاری کورد له ئێران ده‌کات و له سه‌ڕجه‌م کۆر و کۆمه‌ڵه‌ کوردیه‌کان و کوردانی دانیشتووی ده‌ره‌ه‌ی وڵات ده‌خوازێ که به ناردنی نامه بۆ کۆمیسیۆنه‌کانی جیهانی مافی مرۆڤ، یه‌کێتی ئه‌ورووپا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و وڵاتانی تر، خوازیاری ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م کێشانه، و پاراستنی ئاسایشی گیانی ڕۆشنبیران، رۆژنامه‌وانان، نووسه‌ران و ئه‌م چالاکانه بن.

به هۆی مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه، دانیشتنی بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق دواخرا

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: پێداگری ئیتلافی شیعه‌ له سه‌ر حیساب نه‌کردنی مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له بودجه‌ی عێراق و سووربوونی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌ سه‌ر ئه‌م یه‌که، دانیشتنه‌کانی تایبه‌ت به بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق، دواخست.

که‌ناڵی ئه‌لعه‌راقیه‌ له دانیشتنی ئاسایی ئه‌مرۆیی پارله‌مان ڕایگه‌یاند که  گفتوگۆی بوودجه‌ی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2007 بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، چونکه هاوپه‌یمانی کوردستان ده‌یه‌وێ که مووچه‌ی پێشمه‌رگه له بودجه‌ی عێراق بێت و شیعه و تاقمێکیش له سونه‌کان ڕازی به‌م یه‌که نین.

شایانی باسه که لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان هه‌فته‌ی پێشیش دانیشتنی پارله‌مانی به هاتنه‌ده‌ری خۆیان به مه‌به‌ستی نیشاداننی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر گوێنه‌دان به داخوازی دانی ده‌رماڵه‌ و مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له بودجه‌ی گشتی عێراق، ئاسته‌نگ کرابوو.

جێگری باڵوێزی ئێران له عێراق ڕفێندرا

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به پێی دواترین زانیاریه‌کان له به‌غداوه، «جه‌لال شه‌ره‌فی», جێگری باڵوێزی ئێران له به‌غدا له لایه‌ن که‌سانێک له جلوبه‌رگی سوپایی عێراقیان له‌به‌ر‌دا بووه، ڕفێندرا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، به‌رپرسێکی عێراقی وێڕای پشتڕاست کردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه، به ڕۆیته‌رزی ڕاگه‌یاندوه که «جه‌لال شه‌ره‌فی» که‌سی دووهه‌می باڵوێزخانه‌ی ئێران، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له به‌غدا له لایه‌ن چه‌کدارانی به جلوبه‌رگی سوپایی عێراقی ڕفێندراوه.

«محه‌ممه‌د عه‌لی حوسێنی»، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی ئیرنا ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتراست کرده‌وه و وتیشی که ئه‌وه کاری کۆمه‌ڵێک له چه‌کدارانی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه که له ژێر ده‌سه‌لاتی ئه‌مریکا دیپلۆماتی ئێمه‌یان ڕفاندووه.

«حوسێنی» جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م یه‌که‌ کردوه‌وه که ئێران زانیاری سه‌لمێنه‌ری له‌ده‌ست دایه که نیشان ده‌دات، ئه‌مریکیه‌کان له پشتی ئه‌م سێناریۆیه‌ن و ڕاشی گه‌یاند که ئێران، ده‌وڵه‌تی عێراق به به‌رپرسی ئاسایشی گیانی ئه‌م دیپلۆماتانه‌ی خۆی ده‌زانێ و داوایی هه‌رچی زووتر ئازادکردنیان ده‌کات.

ئێران به نیشانه‌ی ناره‌زایه‌ی، باڵوێزی سویس که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا له تارانه و باڵوێزی عێراق له به‌غدایی بانگهێشت کردووه و داوایی ڕوونکردنه‌وه‌ و ئازادکردنی دیپلۆماته ئێرانیه‌که‌ی لێکردوون.

نووسه‌ری کورد، عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌رویشیان، خه‌ڵاتی ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی پێده‌به‌خشرێ

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: ڕێکخراوی «چاوه‌ێری مافی مرۆڤ» که به ناوبانگترین و سه‌ربه‌خۆ‌ترین ڕێکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤ له جیهانه، ڕایگه‌یاند که له 45 که‌سی شایانی خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی ئه‌م ڕێکخراوه ناسراو به «هێڵمه‌ن-هه‌مێت»، 7 ئێرانی که له ناویان دا «عه‌لی ئه‌شه‌ره‌ف ده‌رویشیان» هه‌یه.

به پێی به‌یاننامه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه که ساڵانه ئه‌م خه‌ڵاته به نووسه‌رانێک ده‌به‌خشێ که له لایه‌ن ڕه‌ژیمه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانه‌وه تووشی کێشه و مه‌ترسی گیانی و گووشار و دادگایی ده‌کرێن و ئه‌م ساڵ ده‌ڵێ «به‌ هۆی ئه‌وه که ژیانی تاکه‌که‌س و نووسیانیان» له لایه‌ن ڕه‌ژیمه‌وه تووشی کێشه کراوه، شایانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ن.

ناوی براوه‌کانی خه‌ڵاتی ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی جیهانی ئه‌مساڵ به‌م شێوه‌یه:

«عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌رویشیان»، نووسه‌ری کورد، 65 ساڵه، زیاتر له 20 کتێبی نووسیوه و به‌ڵام له 4 ساڵی ڕابردوو دا نووسراوه و کتێبه‌کانی که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر تیغی سانسۆری ناوه‌نده‌کانی ڕه‌ژیم و چاپی کتێبه‌کانیشی ئاسته‌نگ کراوه.

«شارام ڕه‌فیع‌ زاده»، 34 ساڵه، ڕۆژنامه‌وان، شاعیر و وێبلاگنووس، که به هۆی نووسینی وتارگه‌لێک له ده‌ورانی ڕێفۆرمخوازی له ئێران داله ساڵی 1383 گیرا و 83 ڕۆژ له گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سی دابوو.(ناوبراو ئێستا به مه‌به‌ستی ڕۆیشتن بۆ ولاتێکی بیانی له شاری وان په‌نابه‌ره. مانشێت)

«ڕوزبه‌ میر‌ ئیبڕاهیمی»، 27 ساڵه، مامۆستایی سه‌رویس و ڕۆژنامه‌وان و هه‌واڵنێری ڕۆژنامه‌ ڕێفۆرمخوازه‌کان، که به هۆی نووسینی وتارگه‌لێک سه‌باره‌ت به پێشێلکاری مافی مرۆڤ و  و به تایبه‌ت لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به کوژرانی «زارا کازمی»، ڕۆژنامه‌وانی ئێرانی. کانادایی، له هاوینی 1383 گیراو 60 ڕۆژ له زیندانی تاکه‌که‌سی ڕاگیرا.

» ئاڕه‌ش سیگارچی»، 28 ساڵه، ڕۆژنامه‌وان و وێبلاگنووس، زستانی 1383 به هۆی نووسنی بابه‌تێک سه‌باره‌ت به پێشێلکاری مافی مرۆڤ له ئێران دا ده‌زگیر کرا و سه‌ره‌تا به 14 ساڵ و پاشان به 3 ساڵ سزای گرتووخانه، مه‌حکووم کرا.

«عه‌لی ئه‌فشاری»، 33 ساڵه، لێکۆڵێنه‌ری سیاسی و ڕۆژنامه‌وان و چالاکی مافی مرۆڤ، ساڵی 1379 ده‌زگیر و 328 ڕۆژ به هۆی ڕۆڵی له بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری دا، له زیندانی تاکه‌که‌سی دابوو و پاشان به 6 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا.(ناوبراو ئێستا له وڵاتی ئه‌مریکایه. مانشێت)

«ئینساف عه‌لی هیدایه‌ت»، 41 ساڵه، ڕۆژنامه‌وان، که پێشێلکاری مافی مرۆڤی له ئازه‌ربایجانی ئێران به شێوازێکی پان و به‌رین، بڵاو ده‌کرده‌وه، ساڵی 1382 گیرا و 74 ڕۆژ له زیندانی تاکه‌که‌سی دابوو و پاشان 18 مانگی تر زیندانی کرا.

«حه‌سه‌ن زارع‌زاده ئه‌رده‌شیر»، 29 ساڵه، ڕۆژنامه‌وان له به‌شی مافی مرۆڤ و ڕووداوه سیاسیه‌کان. ناوبراو تا ئێستا چه‌ند جار ده‌زگیر کراوه و به گشتی 8 مانگ له ساڵی 1382 له گرتووخانه‌ی ئێوین له تاران زیندانی کێشا.(ناوبراو سال و نیوێک له شاری وان په‌نابه‌ر بوو و ئێستا له ئه‌مریکایه. مانشێت)

هاوڵاتیه‌کی سنه‌یی بێشوێنه

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ هه‌اڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، هاوڵاتیه‌کی سنه‌یی به ناوی «عه‌لی سۆهرابی»، پاس بانگهێشتی بۆ ده‌زگا ئاسایشێکانی ره‌ژیم له کوردستان بشوێن بووه.

هاوڵاتیه‌کی سنه‌یی به ناوی «عه‌لی سۆهرابی»، پاش ئه‌وه‌ی که له ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه بانگهێشتی ده‌زگایی ئیتالاعاتی شاری سنه ده‌کرێ، بێشوێنه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که ناوبراو ده‌ستبه‌سه‌ر کرابێ.

بنه‌ماڵه‌ی «عه‌لی سۆهرابی» به جیددی نیگه‌رانی کوڕه‌که‌یانن و تا کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه، هیچ زانیاریه‌ک سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ئه‌م که‌سه به‌دی نه‌‌که‌وتووه.

بارودۆخی نادیاری دوو هاوڵاتی ده‌ستبه‌سه‌ر کراوی مه‌ریوانی

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ هه‌اڵنێری چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کورد، چاره‌نووس و بارودۆخی «عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور»، ڕۆژنامه‌وان  و «هیوا بووتیمار»، هاوڵاتی مه‌ریوانی، نادیاره و تا ئێستاش هیج زانیاریه‌ک سه‌باره‌ت به هۆی گیرانی ئه‌م دوو که‌سه دیار نیه.

«عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور» ڕۆژنامه‌وانی مه‌ریوانی که 14 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ده‌زگیر کراوه نادیاره و سه‌ره‌رایی ئه‌وه که به‌رپرسانی ئاسایشی به‌ڵێنی دیاری کردنی چاره‌نووس و ئازاد کردنی ناوبراویان داوه، هیچ هه‌نگاوێک له‌م پێوه‌ندیه‌وه نه‌هاویشتراوه و هه‌وڵی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو بۆ سنه و مه‌ریوان، به مه‌به‌ستی زانیاری گرتن سه‌باره‌ت به کوڕه‌که‌یان ئاکامێکی نه‌بووه.

بارودۆخی «هیوا بووتیمار» هاوڵاتی مه‌ریوانیش له مانگێکه ده‌زگیرکراوه، نادیاره و تۆمه‌ت و هۆی گیرانی ئه‌م دوو که‌سه‌ ئێستاش دیار نیه.

هاوڵاتیه‌کی کورد به 15 ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا

مانشێت نیوز، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان: به گوێره‌ هه‌اڵێکی په‌یامنێرانی ڕ.م.م.ک، هاوڵاتیه‌کی  سنه‌یی به ناوی «جه‌هاندار محه‌ممه‌دی» که 11 مانگه ده‌سبه‌سه‌ره، به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی به 15 ساڵ زیندان مه‌حکووم کراوه.

په‌یامنێران ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگه‌یاند که «جه‌هاندار محه‌ممه‌دی» هاوڵاتی 30 ساڵه‌ی سنه‌یی به تۆمه‌تی چالاکی سیاسی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردیه‌کانی دژ به ده‌وله‌تی ئێران، له لایه‌ن دادگایی شۆڕسی ئیسلامی به 15 ساڵ سزایی گرتووخانه مه‌حکووم کراوه.

ناوبراو له سه‌ره‌تایی ئه‌مساڵ له تاران و له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشێوه ده‌زگیرکراوه و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی سنه کراوه و به‌م شێوه پاش 11 مانگ ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، حوکم درا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای ده‌ربڕینی داخی خۆی له‌م سزایه، خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حوکمه و سه‌ر له نوێ دادگایی کردنه‌وه‌ی ناوبراو له دادگایه‌کی ئاشکرا، به ئاماده‌بوونی پارێره‌ری سه‌ربه‌خۆ و شێوازێکی دادوه‌رانه‌یه.

ڕایس؛ عه‌بدوڵا گوڵی سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری سه‌ربازی کێشه‌ی کورد هۆشیار کرده‌وه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: شان مه‌ک‌کۆرمه‌ک، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ تورکیا، وتی که له دیداری نێوان گوڵ و ڕایس دا جه‌خت له سه‌ر خۆپاراستنی تورکیا له چاره‌سه‌ری سه‌ربازی کێشه‌ کورد، کرۆته‌وه.

«شان مه‌ک کۆڕمه‌ک» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له لێدوانێک دا بۆ ڕۆژنامه‌وانان وتی: له‌ دیداری نێوانیاندا «كۆندالیزا رایس» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و «عه‌بدوڵا گوڵ»، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئه‌مریکا جه‌ختی له سه‌ر ئه‌م یه‌که کردۆته‌وه که تورکیا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد و پ.ک.ک نابی ڕێگاچاره‌ی سه‌بازی هه‌ڵبژێرێ.

گوڵ له دیداری ڕایس دا وێڕای ئاماژه به «ئه‌گه‌ری په‌سه‌ند کرانی بڕیاری ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان» له کۆنگره‌ی ئه‌مریکا وتی که ئه‌م هه‌وله، کێشه‌ی جیددی له پێوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و تورکیا ساز ده‌کات و ئێمه به توندی پێداگری له سه‌ر ئه‌مه ده‌که‌ین که ڕێگهه‌ نه‌درێ پێوه‌ندیه‌کان له سه‌ر په‌سه‌ند کرانی بریاری ژینۆسایدی ئه‌مرمه‌نه‌کان خه‌ساری لێبدرێ.

چاوه‌ڕوان ده‌کرا که له‌م دیداره‌دا، عه‌بدوڵا گوڵ، ڕای ئه‌رێنی ئه‌مریکا بۆ ئه‌نجامی هێرشێکی هاوبه‌ش یا لانی که‌م تورکیا به ته‌نیا بۆ سه‌ر قه‌ندیل به‌ده‌ست بێنێت، که‌چی، زانرا که ئه‌مریکا دژ به‌م بیرۆکه‌یه و ته‌نانه‌ت تورکیایی وشیار کردۆته‌وه که نابی هێرش بۆ سه‌ر باشووری کوردستان بکات.

داوایی جێگربوونی هێزه‌کانی ناتۆ له باشووری کوردستان ده‌کرێ

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به‌رپرسی به‌شی ترانس ئاتلانتیک له ناوه‌ندی مارشاڵی ئالمانی، داوایی کرد که بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ڕیسکی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان، به‌شێک له هێزه‌کانی ناتۆ له باشووری کوردستان جێگربن.

به گوێره‌ی هه‌اڵێکی ئاژانسی فورات، پاش ئه‌وه‌ی که رۆبێرت گه‌یتس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا و به‌رپرسانی تری ئه‌مریکی باسیان له ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باشووری کوردستان له کاتی پارچه‌بوونی عێراقدا کرد، «رۆن ئاسمووس»، به‌رپرسی به‌سی ترانس ئاتلانتیکی ناوه‌ندی ماڕشاڵی ئاڵمانی، داوایی له به‌رپرسانی ڕێکخراوی ناتۆ کرد که هێزێک له باشووری کوردستان جێگیر بکه‌ن.

کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه، وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێکخراوی په‌یمانی ئاتلانتیکی باکوور، ناسراو به ناتۆ له بروکسه‌لی به‌لژیک، بۆ باس و گفتگۆکردن له سه‌ر داهاتووی ئه‌م ڕێکخراوه و ڕۆڵه‌کانی له سه‌ده‌ی نوێدا و کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری له ڕێکخراوه‌که‌دا کۆده‌بنه‌وه و «ڕۆن ئاسمووس»یش به نووسینی وتارێک سه‌باره‌ت به داهاتووی ئه‌م په‌یمانه، وێرای ئاماژه به هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌رده‌وامی تورکیا بۆ هێرش بۆ کوردستان و ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌که‌وتنی پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراق و پارچه‌بوونی ئه‌م وڵاته، داوا ده‌کات که به‌شێک له هێزه‌کانی ناتۆ، بۆ پاراستنی کوردستان له هه‌ر هێرش و ده‌ستێوه‌ڕدانێکی بێگانه، له‌ باشووری کوردستان جێگر بن.

ده‌وڵه‌تی عێراق:  دیپلۆماته ئێرانیه‌که ده‌زگیر کراوه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: «عه‌لی ده‌باغ»، وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی عێراقی له لێدوانێک بۆ رۆژنامه‌انان، وتی که دیپلۆماته ئێرانیه‌که، نه‌رفێندراوه، به‌ڵکو ده‌زگیر کراوه.

«عه‌لی ده‌باغ» له لێدوانێک بۆ که‌ناڵی سی‌ئێن‌ئێنی ئه‌مریکا، ڕایگه‌یاند که دیپلۆماتی عێرانی «جه‌لال شه‌ره‌فی» له لایه‌ن پۆلیسی عێراقیه‌وه له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ده‌زگیر کراوه و هه‌واڵی ڕفاندنی ناڕاسته.

ناوبراو وتی که ئێمه ده‌زگیر کردنی به‌رپرسێکی باڵوێزخانه‌ی ئێرانمان له به‌غدا به «کازمی قومی» باڵوێزی ئێران ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام ده‌باغ» هیچ زانیاریه‌کی سه‌باره‌ت به هۆی ده‌زگیرکرانی ئه‌م ئێرانیه‌ نه‌دا و وتی که هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی سه‌رگه‌رمی لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سه گیراوه‌ن و لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌رده‌وامن.

ئه‌وه له حاڵێک دایه که ئێران ئیدعایی کردبوو که «جه‌لال شه‌ره‌فی» که‌سی دووهه‌می باڵوێزانه‌ی ئێران له به‌غدا، له لایه‌ن که‌سانێک له ئه‌رته‌شی عێراق له ژێر فه‌رمانی هێزه ئه‌مریکیه‌کان، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه، ڕفێندراوه.

ئه‌مریکا 75 میلیۆن دۆلاری بۆ پێشبردنی دێموکراسی له ئێران، ته‌رخان ده‌کات

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: مێدیاکانی ئه‌مریکا ڕایانگه‌یاند که جۆرج بوش بڕی 75 میلیۆن دۆلاری بودجه بۆ «پێشبردنی دێموکراسی» له ساڵی 2008 بۆ ئێران ته‌رخان کردووه و به‌م پاره هه‌وڵی پشتیوانی و یارمه‌تی پێشبردنی دێموکراسی له‌م وڵاته ده‌درێت.

ئه‌مریکا سه‌ره‌تا له سڵی 2005 بڕی 3 میلیۆن دۆلاری پاره بۆ په‌ره‌پێدان و پشتیوانی له دێموکراسیخوازان له ئێران ته‌رخان کرد و ساڵی 2006 ئه‌م ڕێژه‌ی گه‌یانده 75 میلیۆن دۆلار و بۆ ساڵی 2008یش هه‌ر ئه‌م ڕێژه‌ ته‌رخان کردۆته‌وه. حکومه‌تی ئێرانیش به وته‌ی خۆی، بۆ «پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و پیلانه‌کانی ئه‌مریکا له‌م وڵاته»، زیاتر له 12 میلیارد تمه‌نی بودجه، له پارله‌مان خواستبوو.

ئه‌مریکا جگه‌ له‌م بڕه پاره‌یه، بوجه‌ی مێدیاکانی خۆی که ئێران، کوبا و کۆریایی باکوور ده‌که‌نه ئاماج، زیاد ده‌کات و بۆ به‌رزترکردنی ئاستی کۆمه‌ڵگایی مه‌ده‌نی ئێران و دوو وڵاتی تر و به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان به ئازادی بیروڕا و مێدیا و زانیاریه‌کان، بوجه‌ی ڕادیۆ ئه‌مریکا ده‌کاته 668 میلیۆن دۆلار و ڕۆژانه 12 کاتژمێر پڕۆگرام به زمانی فارسی بڵاو ده‌کاته‌وه.

شایانی باسه که ئه‌م بودجه 668 میلیۆن دۆلاریه که بۆ مێدیایی ئه‌مریکا به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی دێموکراسی و ئازادی زانیاری و ڕاگه‌یاندن ته‌رخان کراوه بۆ «رادیۆ ئه‌مریکا»، «رادیۆ فه‌ردا»، «ڕادیۆ ئازادی» و که‌ناڵگه‌لێک وه‌کو «ئه‌لحوڕیه»ی عێراق، سه‌رف ده‌کرێ.

قه‌ره‌یه‌لان هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له فه‌ره‌نسه کرد

مانشێت نیوز، باکووری کوردستان: «موراد قه‌ره‌یه‌لان»، سه‌رۆکی کۆما کۆمه‌ڵانی کوردستان، له لێدوانێک دا بۆ ئاژانسی فورات، هه‌ره‌شه‌ی له فه‌ره‌نسا کرد و حکومه‌تی ئه‌م وڵاته‌ی وشیار کرده‌وه که چیتر کوردان نه‌خه‌نه ژێر گووشار وداوایی له کوردانی دانیشتووی ئه‌ورووپاش کرد که بێده‌نگ نه‌مێنن و خاوه‌ندارێتی له مافه دێموکراتیکه‌کانیان بکه‌ن.

«قه‌ره‌یه‌لان» ئه‌م ده‌زگیریانه‌ی فه‌ره‌نسایی به کۆنسێپتێکی نوێی هێرشی سه‌ر کوردان له لایه‌ن ئه‌م وڵاته‌وه وه‌سف کرد وتیشی که هێرشی فه‌ره‌نسا بۆ سه‌ر کوردان و دامه‌زراوه دێموکراتیکه‌کانیان نیشانده‌ری ئه‌و ئه‌گه‌ره یه که وڵاتانی تری ئه‌ورووپاش، به‌م شێوه دژ به کوردان بجوڵێنه‌وه.

ناوبراو له درێژه‌دا وتی ئه‌م هێرشانه جیاوازیه‌کیان له‌گه‌ڵ کۆمپلۆیی نێونه‌ته‌وه‌یی ساڵی 1999 نیه که له ئاکامی دا سه‌رۆکی پ.ک.ک، گیراو ڕاده‌ستی تورکیا کراوه و سه‌ره‌رایی ئه‌وه کله ئێمه داخوازی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کورد له تورکیایین، تاقمێک ده‌یانه‌وێ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌ممان ساز بکه‌ن.

قه‌ره‌یه‌لان ئاماژه‌ی به تیرۆری هرانت دینکیش کرد و وتی ئێمه ئاگادارین که کوردانیش بڕیاربوو بکه‌ونه به‌ر ئه‌و شه‌پۆله‌ی تیرۆر. به‌ڵام وشیاری گه‌لانی تورکیا ڕێگه‌ی له‌م مه‌ترسیه‌ گرت، هه‌رچه‌ند دیسانیش ئه‌گه‌ری به‌ڕده‌وام بوونی هه‌یه.

ناوبراو سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا له‌مه‌ر ئه‌گه‌ری هێرشێک بۆ سه‌ر کوردستانی باشووریش وتی: کوردستان باشوور و باکوور و هتدی نیه و ئه‌گه‌ر تورکیا هه‌له‌یه‌کی ئاوا بکات ئه‌کات سه‌رجه‌م پارجه‌کانی کوردستان سه‌فه‌ربه‌ر ده‌بن و جوابی ئه‌م هێرشه ده‌ده‌نه‌وه. ئێتر کوردستان یه‌کگرتووه. تورکیا بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ریکی شانتاژه دژ به حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رکه‌وتن به ده‌ست ناهێنێ.

قه‌ره‌یه‌لان دیسانیش سه‌باره‌ت به ئه‌ورووپا و هه‌لوێست و کرده‌وه‌یان ده‌ڵێ که تا ئێمه ده‌مانه‌وێ به ئاشتیی و دیالۆگ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ین، هێرش و گووشار بۆ سه‌رمان زێده‌ده‌بێت و چیتر ئه‌وه قه‌بوول ناکه‌ین و هۆشداری ده‌ده‌ین که نابی کێشه‌که ئاوا ده‌وام بکات.

ئه‌ورووپا پێویسته واز له‌م دووڕوییه بێنێت و به ئاشکرا پلانێک و ڕێچاره‌یه‌ک ڕابگه‌یێنێ و گه‌مه به ئێمه‌ش نه‌کرێت.

قه‌ره‌یه‌لان داوایی له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانیش کرد که خاوه‌ندارێتی له دامه‌زراوه دێموکراتیکه‌کانیان بکه‌ن و به ڕێگایی ئاشتیانه به‌رگری له‌م شوێنانه بکه‌ن.

ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ خوازیاری، ئازادی سه‌فه‌ری چالاکانی ئێرانیه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌و‌اڵ: ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ به بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ک خوازیاری کۆتایی هێنانی حکومه‌تی ئێران به ئاسته‌نگ کردن و ڕێگه‌گرتنی سه‌فه‌ر و هاتوچۆی چالاکانی ئێرانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو و ئه‌م هه‌وڵانه‌ی مه‌حکووم و ئیدانه کرد.

«سارا لیه ویتسۆن»، به‌رپرسی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ، وێرایی ئاماژه به ڕێگه‌گرتنی به‌ڕده‌وامی کۆماری ئیسلامی له سه‌ردانی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌ڵێ: حکومه‌تی ئێران به ئاشکرا، چالاکانی مافی مرۆڤ و سیاسی و مه‌ده‌نی له پۆزیسیۆنی ده‌ستبه‌سه‌رکران له ماڵه‌کانی خۆیان قه‌رار داوه.

ناوبراو ده‌ڵێ که ئێران به‌م شێوه ڕێگه‌ له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕوانگه و بیروبڕوا له‌م که‌سانه له ده‌ڕه‌وه‌ی وڵاتیش ده‌گرێ. له دواترینی ئه‌م ڕێگه‌گرتنانه‌دا، هاشم ئاغاجه‌ری، عه‌بدوڵا مۆمێنی، مه‌نسووره شوجاعی، سه‌دیقه ته‌قی نیا و فه‌رناز سه‌یفی، که له ڕۆژنامه‌انان و چالاکانی سیاسی و ژنانن، ڕێگه‌یان له سه‌فه‌رێک بۆ ئه‌مریکا گیراوه.

ته‌قی ڕه‌حمانی‌ش ڕێگه‌ پێنه‌دراوه بچێته دانمارک و عه‌لی فه‌ره‌حبه‌خشیش پاش هاتنه‌وه‌ی له خولێکی ڕۆژنامه‌انی له هیند به تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌زگیر کراوه و عیسا سه‌حه‌ر خیز و ئه‌همه‌د قابیلیش، ڕێگه‌یان لێگیراوه و ناتوانن له وڵات بچنه ده‌ر.

ئۆپێراسیۆنی پاریس دژ به دامه‌زراوه‌ کوردیه‌کان به ئاماژه‌ی CIA بووه

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: عه‌بدوڵا گوڵ له واشنتۆن ئاشکرایی کرد که هێرش بۆ سه‌ر دامه‌زراوه کوردیه‌کان و ده‌زگیرکرانی چه‌ند کورد له‌م رۆژانه‌ی دوایی له فه‌ره‌نسا و به‌لژیک، به ئاماژه‌ی CIA بووه.

«عه‌بدوڵا گوڵ: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ تورکیا که سه‌رگه‌رمی ئه‌نجامی سه‌ردانێکی دیپلۆماتیک له ئه‌مریکایه، ڕایگه‌یاند که: ئاشکرایه که ئه‌م هێرشانه، ته‌سادوف نین و به پێی کۆردینه‌ و هاوکاریه‌ک له نێوان انکارا، واشنتۆن و ئه‌ورووپا ، دژ به پ.ک.ک ئه‌نجام دراون و ئێمه خۆشحاڵین له‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مریکا وبه‌م شێوه ئاشکرابوو که CIA له پشتی هێرشه‌کانه‌وه‌یه.

ڕۆژنامه‌ی سه‌باح چاپی ئه‌نقه‌ره‌ش نووسی که ئه‌م هێرسه بۆ سه‌ر دامه‌زراوه دێموکراتیکه کوردیه‌کانی لایه‌نری پ.ک.ک له فه‌ره‌نسه که تێیدا 16 کورد ده‌زگیر کراون، به زانیاری دانی ئیستخباراتی تورکیا، میت و CIA، ئه‌نجام دراوه و تورکیا به دانی به‌ڵگه‌ و داخوازی فه‌رمی گه‌راندنه‌وه‌ی «ڕه‌زا ئاڵتوون» و «نه‌دیم سه‌وه‌ن» دوو سیاسته‌وانی کوردی بۆ تورکیا داوه.

شایانی باسه که ڕۆژی 5ی شوبات، پۆلیسی به‌سی دژه تیرۆری پاریس هێرشی کرده سه‌ر ناوه‌ندی که‌لتووری ئه‌حمه‌د کایا و له ئۆپێراسیۆنێکی چه‌ند ڕۆژه دا 16 کوردی ده‌زگیر کردووه و ده‌ستی به‌سه‌ر کۆمه‌لێک به‌لگه‌ و دۆکیۆمێنت و کۆمپیوته‌ری‌ش داگرتووه. پ.ک.ک سه‌باره‌ت به‌مه هۆشداری داوه‌ته فه‌ڕه‌نسه و وڵاتانی ئه‌ورووپی.

کۆردینه‌ی تورک: ئه‌گه‌ر پێویست بێت سه‌باره‌ت به پ.ک.ک دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی کوردیش ده‌که‌م

مانشێت نیوز، تایبه‌ت: ئه‌دیب باشه‌ر، کۆردینه‌ی تورکیا بۆ پ.ک.ک ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر بزانێ که‌ڵکی ده‌بێت، ئه‌و ده‌توانێ سه‌باره‌ت به پ.ک.ک دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی کورد له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکات.

«ئه‌دیب باشه‌ر» ژه‌نه‌رڵی خانه‌نشینی تورک که له لایه‌ن وڵاته‌که‌یه‌وه، ئه‌رکی کۆردیناتۆری کاروباری پ.ک.ک‌ی له میکانیزمی سێ قۆڵی نێوان ئه‌مریکا و عێراق و تورکیاوه پێبه‌خشراوه، له وه‌رچه‌رخانێک دا به که‌نالی «ئێن‌تی‌ڤی‌»ی ڕاگه‌یاند که ئه‌و ده‌توانێ به‌ مه‌رجی به‌سوود بوون له به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ پ.ک.ک، دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کورد له باشووری کوردستان بکات.

باشه‌ر له حاڵێک دا ئه‌م لێدوانه‌ی دا که تا ئێستا ئه‌نقه‌ره و خۆشی به توندی دژایه‌تی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که کورده‌کانیش به‌شێک بن له‌م قۆناخه‌ و نابی داخڵی میکانیزمی سێ قۆڵی دژ به پ.ک.ک بن.

پێشتر هه‌ر له‌م باره‌وه، «ئه‌مره‌ تانه‌ر» موسته‌شاری ئیستخباراتی نیشتمانی تورکیا «میت» دیدارێکی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی کردبوو. ڕێبه‌رانی کورد جه‌خت له سه‌ر وه‌لانانی چاره‌سه‌ری سه‌ربازی ده‌که‌نه‌وه و پێشنیاری ڕاگه‌یاندنی لێبوردنی گشتی و دیالۆگ ده‌که‌ن.

تورکیا که به هیچ شێوه حازر نه‌بوو که نوێنه‌ڕی کوردان بۆ ئه‌م میکانیزمه‌ش قه‌بوول بکات، و ڕای وابوو که داخڵ بوونی کوردان له‌م چوارشێوه‌دا ده‌بێته گفتگۆ و دیالۆگی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پ.ک.ک، وادیاره پاش سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی راستۆن له لایه‌ن ئه‌مریکاوه، گووشاری خستراوه‌ته‌سه‌ر تا ڕێگه‌ بۆ دیالۆگ له‌مباره‌وه له‌گه‌ل سه‌رکردایه‌تی کورد له باشوور خۆش بکات.

له ئه‌نجامی هێرشێکی ئه‌مریکا د، 9 پێشمه‌رگه‌ی کوردستان شه‌هید بوون

مانشێت نیوز، باشووری کوردستان: له ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکه جه‌نگیه‌کانی ئه‌مریکا دا، باره‌گایه‌کی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له موسڵ بوو به ئامانج و له ئاکامی دا 9 شه‌هید و 5 برینداری لێکه‌وته‌وه.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵی سه‌ر به یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ڕایانگه‌یاند که شه‌وی ڕابردوو هێزه‌کانی ئاسمانی ئه‌مریکا به هه‌ڵه هێرشێکیان کردۆته سه‌ر باره‌گایه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و له ئاکامی دا 9 پێشمه‌رگه شه‌هید و 5ی تر بریندار بوونه که برینی تاقمێکیان قورسه.

به‌رپرسانی هێزی پێسمه‌رگه و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان ڕایانگه‌یاند که هه‌ر به ده‌سپێکیکی هێرشه‌که ئه‌وان پێوه‌ندیان به ئه‌رته‌شی ئه‌مریکاوه گرتووه و ئاگاداریان کردوونه و هێرشه‌که کۆتایی پێهاتووه.

شایانی باسه که ئه‌وه یه‌که‌م هێرسی به هه‌ڵه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به بنکه‌ی کوردان و  باره‌گاکانی هێزی پێسمه‌رگه نیه و ئه‌م یه‌که‌ش نیشان ده‌دات که کۆردینه (ڕێکخه‌ری)یه‌کی پته‌و و بێ کێشه له نێوان ئه‌م دوو هێزه له کوردستان نیه.

سه‌ره‌نجام له مه‌ککه حه‌ماس و فه‌تح له‌سه‌ر پـێـكهێنانی حكومه‌تێـكی یه‌كگرتوو ڕێـكکه‌وتن

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: بۆ کۆتایی هێنان به شه‌ڕی ناوخۆ و سزاکانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌ر حکومه‌تی فه‌له‌ستین، «مه‌حمود عه‌باس» له‌ لایه‌ن فه‌تح و «خالید مه‌شعه‌ل» ڕێبه‌ری حه‌ماس دوێنێ به ئاماده‌بوونی پاشـاعه‌بدوڵـڵای سه‌عودیـیه‌ ڕێـكـكه‌وتنه‌كه‌یان مۆركرد.

به پێی ڕێکه‌وتنی نێوان فه‌تح و حه‌ماس، حکومه‌تێکی یه‌کگرتوو له فه‌له‌ستین پێکدێت و پابه‌ندی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌موو ئه‌و ڕێـكـكه‌وتنـنامانه‌ی ڕابردوو بێت که له لایه‌ن ساف‌ه‌وه مۆر کراوه.

به کڵگرتنی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی فه‌له‌ستینی، «ئیسرائیلی»ش به فه‌رمی ده‌ناسرێت و  په‌یمانه‌کانی مۆرکراوی پێشووی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیه‌کان ڕێزیان لێده‌گیرێت. ئیسرائیلیش به مه‌رجی وازهێنان له توندوتیژی ئه‌ حکومه‌ته په‌سه‌ند ده‌کات.به هاتنه سه‌رکاری ده‌وڵه‌تی ئیسماعیل هانیه‌ی لایه‌نگری حه‌ماس، به هۆی نه‌ناسینی ئیسرائیل و ڕێز نه‌نان له په‌یمانه‌کانی مۆرکراوی پێشوو، چه‌ند مانگه له فه‌له‌ستین ئاڵۆزیه‌کان به‌ڕده‌وامن و یارمه‌تیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیش ڕاگیراون.

«ناوه‌ندی په‌نابه‌رانی کورد»، دامه‌زراندنی خۆی ڕاگه‌یاند

مانشێت نیوز، ناوه‌ندی هه‌واڵ: به گوێره‌ی ڕاگه‌یاندراوێک، که وێنه‌یه‌کی به ده‌ستی ئێمه‌ش گه‌یشتووه، کۆمه‌ڵێک له کوردانی دانیشتووی وڵاتی سویس، «ناوه‌ندی په‌نابه‌رانی کورد»یان له‌م وڵاته دامه‌زراندووه.

له ڕاگه‌یاندراوه‌که‌دا ئامانجه‌کانی دامه‌زراندنی ئه‌م ڕێکخراوه به‌م شێوه‌یه‌ باسی لێده‌کرێ:

1.  نزیک کردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی کورد له‌ ده‌وری یه‌کتر و ئاگادارکردنه‌وه‌یان له‌ پرۆسه‌ی په‌نابه‌ری له‌ سویس. هه‌روه‌ها  هاوکاری کردنیان له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و داوای په‌نابه‌ری له‌ ڕێگه‌ی ته‌رجمه‌و و وه‌کیله‌وه‌.

2.  ڕاکشانی پشتیوانی ڕێکخراوه‌ خێرخوازه‌کان و په‌یوه‌ندی کردن به‌ ده‌سڵاتدارانی سویس و ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ په‌نابه‌ران و داواکانیان. ڕێکخستنی خۆپێشاندان له‌ کاتی پێویست بۆ پێشگیری له‌ دێپۆرت کردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و پشتیوانی له‌ داواکانیان.

شایانی باسه که سه‌ره‌رایی ئه‌وه که هه‌اران په‌نابه‌ری کورد له تورکیا، یۆنان و ولاتانی تری ئه‌وروپا هه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا دامه‌زراوه‌یه‌کی کوردی که ببێته تریبوونی ئه‌وان و یاخود هاوکاری، پشتیوانی و چالاکیان بۆ بکات، نه‌بووه.

برچسب‌ها: , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: