تورکیا به 3 بیانووی سه‌ربه‌خۆیی کوردان، چاره‌نووسی تورکمانه‌کان و نه‌وتی که‌رکووک و پ.ک.ک، هێرش هه‌ر ده‌کاته کوردستان!

شه‌وی ڕابردوو/شنبه دوازدهم خرداد 1386/ له پرۆگرامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی دا کارناسێکی سیاسی تورکیا گوتی که دره‌نگ یا زوو، به 3 بیانووی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردان، له‌مه‌ترسی که‌وتنی چاره‌نووسی تورکمانه‌کان و نه‌وتی که‌رکووک و پ.ک.ک، هێرش هه‌ر ده‌کاته کوردستان. ژه‌نه‌راڵێکی تورکیش گوتی ئه‌مریکا ناتوانێ پێشمان پێ بگرێ، ئه‌گه‌ریش ئه‌مه‌ی کرد له‌گه‌ڵی ده‌جه‌نگین.! شه‌وی هه‌ینی 31ی مه‌ی، «مه‌مه‌د‌عه‌لی بیراند» رۆژنامه‌وانی ناوداری تورک له پرۆگرامی 32 گونی که‌ناڵی D ی تورکیا دا دووکارناسی سیاسی که یه‌کێکیان «دوکتۆر ئومید ئۆزداغ» بوو، ئیلنوور چه‌ویک، به‌رپرسی به‌شی ڕاگه‌یاندنی «نیو ئاناتۆلی»، «ئونور ئویمه‌ن»، جێگری پارتی کۆماری گه‌ل، «سیناسی ده‌میر، ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشینی تورک و «سه‌فین دزه‌یی»، به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دێمۆکراتی کوردستانیشی (به ته‌له‌فۆن) بانگهێشت کردبوو و تێیدا باسیان له سه‌ر ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان، ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تورکیا و ئه‌مریکا و کۆمه‌ڵێک کێشه‌یان له‌ پێوه‌ندی پ.ک.ک و ئاسایشی تورکیا دا هێنایه‌ به‌ر باس.

مه‌مه‌د عه‌لی بیراند له سه‌ره‌تا له میوانه‌کانی پرسی که بۆچی ده‌بێت تورکیا هێرش بکاته کوردستان و ئایا ڕوبه‌ڕووی ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا ده‌بێته‌وه و که‌ش وهه‌وایی گشتی باشووری کوردستان و ڕوانگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌م پێوه‌ندیه‌وه چیه؟

 کوردستان پ.ک.ک به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی سه‌ر خۆیان نابینن

سه‌ره‌تا «ئیلنوور چه‌ویک» رۆژنامه‌وانی تورک وتی که له باشووری کوردستان مێدیاکان به ڕاده‌ی پێویست نیگه‌رانیه‌کانی تورکیا له‌مه‌ر پ.ک.ک به ڕایی گشتی ناگه‌یێنن و له لایه‌کی تره‌وه له لایه‌کی تریش باشووری کوردستان به تایبه‌ت له‌م دوایانه دا به ره‌ورووی چه‌ند هێرشی تیرۆریستی بۆته‌وه و ئه‌وان زیاتر ئه‌لقاعیده‌ و پارته سیاسیه‌کانی ئیسلامی توندڕۆ به کێشه‌ و مه‌ترسی خۆیان ده‌زانن.

ناوبراو وتی که بیروڕایی گشتی پ.ک.ک له خۆیان ده‌زانن و ئه‌م گرووپه ئه‌گه‌رچی به مایه‌یی نیگه‌رانی خۆیان ده‌زانن به‌لام وه‌کو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک دژ به خۆیانی ناوزه‌د ناکه‌ن و له‌گه‌ڵیان دا به ئاسایی مامه‌ڵه ده‌که‌ن، پێوه‌ندی سیاسی و بنه‌ماڵه‌یی درووست ده‌که‌ن.

 چۆن هێرش بکرێته سه‌ر کوردستان؟

«سیناسی ده‌میر»، ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشینی ئه‌رته‌شی تورکیاش له‌مباره‌وه وتی که ئه‌رته‌شی تورکیا له جیهان دووهه‌مین و له ناوچه پاش ئه‌مریکا به‌هێزترین و مه‌زنتیرین هێزی چه‌کداره و به ئاسانی ده‌توانێ هێرش بکاته سه‌ر کوردستان و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ به سێ جۆر بێته پێش:

  • به هێرشی ئاسمانی که‌مپ و بنکه‌کانی پ.ک.ک له قه‌ندیل و باشووری کوردستان وێران بکات
  • له سه‌ر سنوور ناوچه‌یه‌کی تامپۆن (پارێزراو) درووست بکات و نه‌هێڵێ جیتر ئه‌ندامانی پ.ک.ک دزه بکه‌نه ناو خاکی تورکیا
    هێرشێکی به‌رفراوانی زه‌وینی و ئاسمانی به‌ یه‌که‌وه ئه‌نجام بدات
  • ئه‌گه‌رچی هیچ کام له‌م ڕێگه‌یانه ناتوانن پ.ک.ک و کێشه‌که به گشتی له ناو به‌رن.

ئه‌وه له کاتێک دابوو که ژه‌نه‌راڵی خانه‌نشین جه‌خت له سه‌ر هاوکاری وه‌رگرتن له ئێران ده‌کات دژ به پ.ک.ک و ده‌لێ که سه‌ره‌تا پێویستیشه سه‌رچاوه ئابووریه‌کانی کوردستان و پ.ک.ک له ناو ببردرێن و پێش له ئابووره‌که‌یان بگیرێ.

ژه‌نه‌رالی خانه‌نشی گوتیش که ئه‌گه‌ر بریار بێت ئێمه هێرش بکه‌ینه باشووری کوردستان و ئه‌مریکا بێت و له‌گه‌لمان شه‌ر بکات، موشکله نیه. ئه‌رته‌شی تورکیا ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی بۆ ئه‌مه‌ش هه‌یه و پێشبینی هه موو سێناریۆیه‌کانی چاوه‌ڕوانکراوی هێرشێکی هاوشێوه‌ی کردووه و جێگه‌ی نیگه‌رانی نیه.

ئه‌مجاره ئێره وڵاتی ئێمه‌یه و ئه‌مریکا به‌م سه‌ربازه که‌مه و ئه‌م بارودۆخه‌ی که تێیدا و باری ره‌وانی سه‌ربازه‌کانی ناتوانێ له‌گه‌ل ئه‌رته‌شی تورک بجه‌نگێ.

 مافی خۆمانه هێرشی کوردستان بکه‌ین

«ئونور ئویمه‌ن»، جێگری پارتی کۆماری گه‌ل وتی که حکومه‌تی ئاکه‌په‌، جه‌ساره‌ت و بوێری پێیویستی نیه بۆ ئه‌وه که هێز له به‌رانبه‌ر باشووری کوردستان و پ.ک.ک دا به کار بێنێ و ده‌لێن که به باشی نازانین. کاتێک که عێراق و ئه‌مریکا و نه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دژ به پ.ک.ک هیج هه‌نگاوێک هه‌لنایه‌نن، ناچار ده‌بین که ئێمه ئاسایشی خۆمان بپارێزین و هێرش بکه‌ین و به پێی یاساکانی نێو ده‌وله‌تی پاراستنی خۆمان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان بکه‌ین و ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا نه‌توانێ یارمه‌تیمان بکات و وه‌کو ئه‌ندامێکی ناتۆ نه‌توانێ و نه‌هێڵێ که ئێمه خۆشمان هه‌وڵ بۆ ئاسایشی تورکیا بده‌ین ئه‌وه به مانایی کۆتایی هاتنی په‌یمانی ناتۆیه.

له هه‌مان کات دا «ئومید ئۆزداغ» که پرۆفیسۆری زانکۆیه و کارناسی کاروباری سیاسی وتی: تورکیا ولاتێکی به هێزه و به هه‌ر بیانوویه‌ک ده‌توانێ هێرش بکاته سه‌ر کوردستان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لانی که‌م بۆ ڕایی گشتیی جیهان سێ بیانووی باشی هه‌یه:

  • به بیانووی پاراستنی مافی تورکمانه‌کان و نه‌وتی که‌رکووک ده‌توانین هێرش بکه‌ین
  • به بیانووی پ.ک.ک و پاراستنی ئاسایشی تورکیا
  • ئه‌گه‌ر بێت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕابگه‌یێندرێ که ئه‌مه ده‌بێته هۆی کێشه‌ و قه‌یرانی ستراتێژیک بۆ داهاتووی جوگرافیایی سیاسی تورکیا و بیانوویه‌کی ته‌واوه که تورکیا هێرش بکات.

    که‌وابوو ئێمه به هه‌ر هه‌مان سێ ڕێگه‌ وبیانوو بۆمان هه‌یه بچین و باشووری کوردستان داگیر بکه‌ین.

ئومید ئۆزداغ که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر خۆ بۆ کاندیداتۆری سه‌رۆکایه‌تی پارتی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆناڵیستی تورکیا (MHP) کاندید کرد به‌ڵام هه‌ڵنه‌بژێردرا و تورکێکی ئۆڵترانه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (فاشیست)ه و سێ جۆریش له شێوازه‌کانی هێرش بۆ سه‌ر کوردستان ناو برد و گوتی که هه‌م له ڕێگه‌ی ئاسمانی و هه‌م زه‌وینی و هه‌م هه‌ردوو شێوه به یه‌که‌وه ده‌توانێ ڕوو بدات، به‌ڵام سه‌ره‌تا باشتره که ڕێگه‌ی ئابووری له‌ بارزانی و تاڵه‌بانی بگیرێ.

ناوبراو ئیدعایی کرد که بارزانی و تاله‌بانی زیاتر له 137 کۆمپانی ئابووریان له ناوچه‌ی سه‌ربه‌ستی ئابووری که‌ستیگه‌یی مه‌رسین له تورکیا هه‌یه و له میانه‌یی نه‌وه‌ته‌کاندا مه‌سعوود بارزانی لانی که‌م به به‌ڵگه‌وه سه‌لمێندراوه زیاتر له 100 میلیۆن دۆلار و تاڵه‌بانی 20 میلیۆن دۆلاری له تورکیا یارمه‌تی مادی وه‌رگرتووه و له به‌رانبه‌ر دا چه‌ند ساڵ دژ به پ.ک.ک جه‌نگاون و وتیشی که ئێمه‌ش ده‌بی باشووری کوردستان وه‌کو ئێران بترسێنین و سنووری برایم خه‌لیلیان لێ قه‌پات بکه‌ین.

ئێران ئه‌م کاره ده‌کات و بۆیه‌ش یه‌کێتی و پارتی حیساب بۆ ئێران ده‌که‌ن، ئێران شۆخیان له‌گه‌ڵ ناکات و به جیددی کێشه‌یان بۆ ساز ده‌کات به‌ڵام ئێمه ته‌نیا به دروێ و ده‌هۆل و زورنا ده‌مانه‌وێ بیانترسێنین. کاره‌با و سووته‌مه‌نیا لێ قه‌پات بکه‌ین و خاپوور ببه‌ستین ئه‌مجاره ناتوانن به‌م شێوه به قسه‌شمان نه که‌ن و درێژه به هه‌ڕه‌شه‌کان بده‌ن.

ئه‌مجاره «سه‌فین دزه‌یی» به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، که به شێوه‌ی زیندوو له هه‌ولێره‌وه ئاماده‌یی پرۆگرامه‌که بوو، پاش ئه‌وه‌ی که زیاتر له کاتژمێرێک کێشه‌ی ته‌کنیکی بۆ پێوه‌ندیه‌که‌ی ساز ببوو(که وادیار بوو به ئه‌نقه‌ست ساز کرابێ تا گوێیی له  قسه‌کان نه‌بێت)، هاته ناو به‌رنامه‌که و جوابی پرسیاره‌کانی داوه.

مه‌مه‌د عه‌لی بیراند باسه‌که‌ی به کورتکراوه‌یی بۆ سه‌فین دزه‌یی باس کرد و ناوبراویش به‌م شێوه‌یه ده‌ستی به قسه‌کانی کرد:

 پ.ک.ک کێشه‌ی ئێمه نیه، تورکیا به دیالۆگ چاره‌سه‌ری بکات

دیاره ئێمه به‌رده‌وام له تورکیا وه‌کو مه‌ترسیه‌ک باسمان لێده‌کرێ و ئه‌مه‌ش چه‌نده له ڕێگه‌ی مێدیاکانه‌وه گه‌وره‌ کراوه‌ته‌وه دیاره به‌ڵام جێگه‌ی باس نیه. ئێمه سه‌ره‌تا ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌نقه‌ره‌مان مه‌حکووم کرد و پێمان ناخۆش بوو. سه‌باره‌ت به پ.ک.ک، ئه‌م پارته کێشه‌ی ناوخۆی ئێمه نیه به‌ڵکو هی تورکیایه و ته‌نیا که‌ڵک له به‌شێک له سنووره‌کانی ئێمه وه‌رده‌گرێ بۆ ئامانجه‌کانی و ڕێگه‌ی له چه‌ندین گوندی ئێمه‌ش گرتووه که ئاوه‌دان بکرێنه‌وه.

وه‌کو پێشتر بینیمان ئۆپێراسیۆنی سه‌ربازی ئاکامی لێ ناکه‌وێته‌وه و لازمه که ڕێگه‌ی تر و چاره‌سه‌ری دۆستانه بێته به‌ر باس بۆ کۆتایی هێنان به‌م کێشه…

ئێوه‌ که ده‌زانن هه‌ر گرووپێکی تیرۆریستی له هه‌ر شوێنێک بێت چ له له‌نده‌ن و نیۆیۆرک و هتد ته‌قه‌مه‌نی خۆی په‌یدا هه‌ر ده‌کات و ئێمه له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که چون کێشه‌ی پ.ک.ک هی ناوخۆیی تورکیایه لازمه له ناوخۆیی تورکیاش چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین که مه‌جرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی میکانیزم و ڕێگا چاره‌یه‌ک ببینینه‌وه.

سه‌فین دزه‌یی سه‌باره‌ت به ئاستی پێوه‌ندیه‌کانی ئێستایی نێوان حکومه‌تی کوردستان و تورکیاش گوتی: به داخه‌وه ئێمه خه‌ریکه له پێوه‌ندیه‌کانمان دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵه‌کانی پێش 1991. شه‌ری که‌نداو ئێمه‌ تووسی دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل تورکیا کرد و به‌ڵام بارودۆخ و ستاتوویی نوێی کوردستان پاش هێرشی ئه‌مریکا، که‌ش و هه‌وایی دیالۆگی نه‌هێشتووه و هه‌ندێک لێدوان له مێدیاکان جێگه‌ی دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ و پێویستی گرتۆته‌وه.

ئێمه به ئاشکرا ڕاده‌گه‌یێنین که نه ئێمه‌ وه‌کو کوردستان، نه حکومه‌تی عێراق و نه ئه‌مریکاش بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی پ.ک.ک باس له هه‌نگاوی سه‌ربازی ناکه‌ن و دژایه‌تی ئه‌م یه‌که‌ش ده‌که‌ن که‌چی سه‌ره‌ڕایی ئه‌مه ئێمه‌ش کێشه‌کانی تورکیا باش ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌م وڵاته به ته‌نیایی پێداگره له سه‌ر چاره‌سه‌ری سه‌ربازی.

 ئونوور ئویمه‌ن، له سه‌فین دزه‌یی پرسی:

هۆی چیه، ساڵه‌کانی 1996 ئێوه‌ شه‌ڕتان له‌گه‌ل پ.ک.ک ده‌کرد و ئێستا نایکه‌ن، ئایا پێتان وایه ئه‌و کات هه‌ڵه‌تان کردووه، پێتان ئیشتبایه، پ.ک.ک به هی خۆتان و له خۆتان ده‌زانن یا ئه‌وه که ئه‌مریکایه بۆته هۆی نه‌جه‌نگانی ئێوه له‌گه‌ڵ پ.ک.ک؟

سه‌فین دزه‌یی له جواب دا وتی: ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌‌ش حه‌ز له سیاسه‌ت و ڕوانگه‌یی پ.ک.ک ناکه‌ین، به‌ڵام کاتێک که شه‌رمان له‌گه‌ل کرد به هیچ ئاکامێک نه‌گه‌یشتین و پێمان باش نیه که شتێکی ناسه‌رکه‌وتوو و هه‌ڵه دیسان دووپات بکه‌ینه‌وه و جگه له‌مه‌ش ئێمه ئاماده‌ین سه‌باره‌ت به هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک له که‌لتووری و سیاسی و ئابووریه‌ بگره تا کێشه‌کانی کۆمه‌لایه‌تی و سه‌ربازی گفگۆیان له سه‌ر بکه‌ین.

 دیسان پرسیاری ئه‌وه له سه‌فین دزه‌یی کرا که بۆچی ڕێبه‌رانی کورد هه‌ڕه‌شه له تورکیا ده‌که‌ن؟

سه‌فین دزه‌یی‌ له وه‌ڵام دا وتی: هه‌ر که‌س مافی ئه‌مه به خۆی ده‌دات که باسی که‌رکووک بکات و ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆیی ئه‌م شاره بکات. به‌ڵام کاتێک که ئێمه‌ وه‌ڵامی ده‌ستێوه‌ردانه‌کان ده‌ده‌ینه‌وه، وته‌کانمان به هه‌ڕه‌شه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. ئه‌وجار لێدوان له ڕێگه‌ی مێدیاکانه‌وه درووست نیه. که‌ش و هه‌وایی هه‌لبژاردن له تورکیاش بۆته هۆی ئه‌مه که هه‌ندێک لێدوانی توند له به‌رانبه‌رمان بدرێن. ئه‌گه‌رچی ده‌بی باش بزانرێ که ئێمه‌ش نامانه‌وێ که هیچ که‌س هه‌ڕه‌شه‌مان لێبکات، به‌ڵکو پێوه‌ندی باش و دۆستانه له‌گه‌ڵ دراوسێکان ده‌خوازین. ئێمه‌ش ده‌زانین که وڵاتانی بێگانه که له دووره‌وه هاتوون رۆژێک ئێره به‌جێدێلن به‌لام ئێمه‌ین که 1000 ساله به یه‌که‌وه ده‌ژین و پێویسته دراوسێی باش بین وبه عه‌قلی سه‌لیم به یه‌که‌وه ڕه‌فتار بکه‌ین و وێنه‌ی ناهومێدکه‌ر له یه‌کدی ساز نه‌که‌ین.

بیراند له دزه‌یی پرسی که ئایا، ئه‌مریکا ڕاپۆرتی جموجۆڵی سه‌ربازی تورکیا به کوردستان ڕاده‌‌گه‌یێنێ و ناوبراویش وتی که ئێمه له هه‌ر پێوه‌ندیه‌ک دا هاوکاری به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه و ئاڵوگۆری زانیاری ده‌که‌ین و بۆ کێشه‌کانی سه‌ر سنوور و تیرۆر و زۆر مه‌سه‌له‌ی تر. پێوه‌ندیه‌کانی تورکیا و ئه‌مریکاش هیچ عه‌لاقه‌یه‌کی به ئێمه‌وه نیه.

ئایا هێرش ده‌کرێته کوردستان له لایه‌ن تورکیاوه؟

سه‌فین دزه‌یی وتی: بڕوا ناکه‌م. ئه‌مه شتێکی نوێ نیه. له نه‌وه‌ته‌کانه‌وه ئه‌م باسه هه‌یه. به‌لام ئێمه خۆمان تووشی شه‌ڕی دژه تیرۆرین و ئه‌گه‌رچی عێراق ئاڵۆزه و تووشی کێشه ی ئاسایشیه به‌ڵام خاوه‌ن سه‌روه‌ریه و قه‌بووڵ ناکات که هێرشی بکرێته سه‌ر و خاک و مافه‌کان و سه‌ڕوه‌ریه‌که‌ی پێشێل بکرێ.

سه‌فین دزه‌یی له کۆتایی دا وتی که ئێمه ویسته‌که‌مان بۆ دیالۆگ به تورکیا گه‌یاندووه و ده‌ستی دۆستیمان درێژ کردووه و ئه‌نقه‌ره‌ش به پێی که‌ش و هه‌وا و ئاڵوگۆڕه‌کان، بریاری خۆی دیاری ده‌کات و له تورکیا کوردستان به خه‌راپی و وه‌کو مه‌ترسیه‌ک باس ده کرێ و ئیمه هیوادارین که پاش هه‌لبژاردن حکومه‌تی نوێ، ده‌رگایی دیالۆگ بکاته‌وه و هه‌نگاوی پێویست له‌مباره‌وه هه‌لبگرێ.  پاش ئه‌م لێدوانانه‌ی سه‌فین دزه‌یی، میوانه‌کانی تورک درێژه‌یان به هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا، چۆنیه‌تی هێرشی کوردستان و هتد دا.

 سه‌رچاوه: ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشێت

برچسب‌ها: , , , , , , , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: