تورکیا له 17 ساڵ دا 24 جار هێرشی هه‌رێمی کوردستانی کردووه/ تایبه‌ت/ ئاماده‌کردنی؛ مەسعوود حەقیقەت فەر(مه‌ناف)

تورکیا له ماوه‌ی ساڵه‌کانی 1983 تا ساڵی 2000 به مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی گه‌ریلا و بنکه‌ و باره‌گاکانی پ.ک.ک، پێشگیری له دزه‌کردنی گه‌ریلا بۆ ناو خاکی تورکیا و له‌ناوبردنی شوێنه‌‌کانی لۆژێستیک و ئه‌نباره‌کانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی پ.ک.ک لانی که‌م 24 جار ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌نجام داوه و به‌ڵام له هیج یه‌ک له‌م 24 هێرشه به‌رفراوانه، ئه‌نجام و ئاکامی پێویستیان نه‌که‌وتۆته‌ ده‌ست. ته‌نانه‌ت له 14ی مه‌ی 1997 که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی دوو هێلیکۆپته‌ری سه‌ربازی تورکیا له چوارچێوه‌ی ئۆپێراسیۆنێکی ده‌ره‌وه‌‌ی سنوور به ناوی «باڵیۆز»، نقاشی بێ سوود بوونی ئه‌م چه‌شنه‌ کرده‌وه سه‌ربازیانه‌ی له نێو ژه‌نه‌راڵه‌کانی ئه‌رته‌شی تورکیادا هێنایه‌ به‌ر باس. تورکیا ئۆپێراوسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور (هێرش بۆ سه‌ر کوردستانی ئازاد) ده‌کات یا ناکات؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکه که ناوه‌نده‌کانی سه‌ربازی و دیپلۆماتیک له واشنتۆن و هه‌ولێر و به‌غداوه‌ بگره تا شام و تاران و ئه‌نقه‌ره‌‌ش، چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌که‌ن. «یاشار بویوک ئانیت» سه‌رفه‌رمانداری ئه‌رته‌شی تورکیا له 12ی ئه‌پریلی ئه‌مسال دا له کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانی هه‌ستیار دا، ڕایگه‌یاند که به بڕوایی ئه‌و وه‌کو عه‌سکه‌ر، ئۆپێراسیۆنێک له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی تورکیا (له خاکی کوردستانی ئازاد و زنجیره‌ی چیایی قه‌ندیل) پێویسته و ئه‌م لێدوانه ڕوونه، کێشه‌، گفتگۆ و نقاشێکی مه‌زنی له نێوان ئه‌رته‌ش، حکومه‌ت و مێدیاکانی ناوچه و جیهان لێکه‌وته‌وه‌.

له هه‌مان ساته‌کانی سه‌ره‌تایی لێدوانه‌که‌ی بویوک ئانیته‌وه‌ تا ئه‌مرۆ، له سه‌ره‌وه‌یانه‌وه ئه‌مریکا و به‌غدا و هه‌ولێر، تا ده‌گاته‌ سه‌رۆکانی وڵاتانی یه‌کێتی ئه‌ورووپا و به‌رپرسانه جۆربه‌جۆری کوردستانی و عێراقی و بگره موقته‌دا سه‌دری شیعه‌ش، به توندی هه‌لوێستیان دژ به‌م یه‌که ده‌ربڕیوه و به کارێکی هه‌له‌یان له‌قه‌ڵه‌م داوه و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌کانی ناوداری جیهان به‌رده‌وام هه‌وال و لێکدانه‌وه‌یان له‌مباره‌وه نووسیوه و تا ڕاده‌یه‌ک له فاینه‌نشاڵ تایمزی به‌ریتانی هۆشدار به تورکیا ده‌دات که شه‌ڕی حیزبوڵا و ئیسرائیل له‌بیر نه‌کات و مێدیاکانی ئه‌مریکاش باس له پارچه‌بوونی تورکیا له کاتی هه‌ر چه‌شنه هێرشێکی چاوه‌ڕوانکراو بۆ کوردستان ده‌که‌ن.

به‌ڵام پ.ک.ک و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا له عێراق که سه‌ره‌کیترین لایه‌نه‌کانی ئه‌م هێرشه چاوه ڕوانکراوه‌ ده‌بنه‌وه‌، به هه‌مانشێوه هه‌لوێستیان گرتووه. ئه‌گه‌رچی پ.ک.ک، ڕێبه‌رانی شاخ و ئۆجه‌لانیش له ئیمڕاڵیه‌وه‌، هێرش به ئاسایی ده‌زانن و له‌بیر ناکه‌ن که تا ئێستا 24 هێرشی له‌م شێوه‌یان کراوه‌ته‌ سه‌ر و له هه‌مان کاتیش دا هۆشداری پارچه‌بوون، ئه‌گه‌ری پێشهاتی شه‌ری ناوخۆییی له تورکیا و  بالکانیزه‌بوون ده‌دات. ڕێبه‌رانی پ.ک.ک و ئۆجه‌لان، له‌م حاڵه‌ته‌دا جگه‌ له‌مه‌ که هه‌ڕه‌شه‌ی خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ تورکیا ده‌کاته گۆمی خوێن، به‌ڵام له ئاکامی دا «شه‌ڕێکی مه‌زنی کورد و تورک» پێشبینی ده‌کات که سه‌رجه‌م ناوچه‌که ده‌گرێته‌وه و بۆ پێشگرتن له‌م یه‌‌که‌ش ته‌نیا له 10 مانگ دا جارێک ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاند و جارێکی تریش هه‌مان بریاری نوێکرده‌وه‌.

ئه‌مریکا، پاش گرگرتنی ئه‌گه‌ری هێرش، له ساڵی ڕابردوو دا کۆردیناتۆری تایبه‌ت بۆ پ.ک.ک و میکانیزمی سێ قۆڵی خسته گه‌ڕ، له سه‌ر گووشاری سیاسی و ڕازیکردنی تورکیا و ئارامکردنه‌وه‌ی ژه‌نه‌راله‌کان هه‌وڵی دا و له ڕێگه‌ی مێدیاکانیشه‌وه ناڕاسته‌وخۆ مه‌ترسی پارچه‌بوونی له دلی تورکان دا ژیانده‌وه‌. به هێلیکۆپته‌ر چاوه‌دێری سنووری کرد و هه‌ڕ ڕۆژ وه‌عد و به‌لێنیه‌کی به تورکیا دا و سێناریۆیی ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی پ.ک.ک سازکرد و سه‌ره‌نجام دیتمان که هیج کامیشی نه‌هێنایه‌ دی. له‌م لاشه‌وه ده‌نگۆی دیداری ژه‌نه‌رڵه‌کانی له‌گه‌ل پ.ک.ک هه‌بوو و هتد.

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشنیاری دیالۆگی کرد، داوایی لێبوردنی گشتی بۆ گه‌ریلا له تورکیا کرد تا کێشه‌که له ڕیشه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت، داوایی هاوکاری تورکیایی دژ به پ.ک.ک ڕه‌تکرده‌وه، به‌ڵام له سه‌ر پێداگری تورکیا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌هێزتر کرد، سنووره‌کانی کوردستانی ته‌نی، فه‌رمانی ئاماده‌باشی دا و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی له کاروباری ناوخۆی تورکیا و شێواندنی ئامه‌دی دا و سه‌ره‌نجام تورکیایی به ئاشکرا تێگه‌یاند که «چیتر کورد، کورد ناکوژێ».

لێره‌دا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک وه‌ 24 هێرشی بێ ئاکامی تورکیا بۆ سه‌ر باشووری کوردستان ده‌که‌ین.

 یه‌که‌م هێرشه‌کان له سالی 1983 ڕوویدا 

ساڵی 1983 حکومه‌ته‌کانی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره په‌یمانێکیان مۆر کرد که تێیدا ئیزن به ئه‌رته‌شی تورکیا ده‌درا که له کاتی ڕاونانی هێزه‌کانی گه‌ریلا، تا 10 کیلۆمه‌تر بچێته ناو خاکی عێراق و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌ش دا یه‌که‌م هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان له ژێر ناوی «ڕاونانی گه‌رماوگه‌رم» و له 25ی مه‌ی 1983 و به به‌شداری 7000 عه‌سکه‌ری تورک ئه‌نجام درا که تێیدا ئه‌رته‌شی تورکیا تا قوولایی 5 کیلۆمه‌تری خاکی کوردستان هات و هاوکات ئه‌رته‌شی عێراقیش دژ به که‌مپه‌کانی پ.ک.ک له ناوچه ئۆپێراسیۆنی پێکهێنا و له‌م ناوه دا که‌مپه‌کانی پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش به‌رکه‌وتن و ئه‌مه‌س بوو به هۆی هه‌لوێست نیشاندانی مه‌سعوود بارزانی و پاش ئه‌م ئۆپێراسیۆنه له شام، له سه‌ر بنه‌مایی شه‌ویرمه‌ندی و هاوئاهه‌نگی له نێوان ئۆجه‌لان و بارزانی ڕێککه‌وتنێک هاته ئاراوه.

 دووهه‌مین تا چواره‌مین هێرش له سالی 1984 تا 1987  

له کۆتایی پایزی 1984 و له ڕێکه‌وتی 2ی ئۆکتۆبر ئه‌مساڵه دا، له چوارچێوه‌ی هه‌مان په‌یمانی که له‌گه‌ڵ به‌غدا کرابوو ئه‌رته‌شی تورکیا که‌مپ و باره‌گاکانی پ.ک.ک ده‌کاته ئامانج و هێرشێکی تر ساز ده‌کات. له 12ی ئه‌گۆستی ساڵی 1986یش دا ، پاش ئه‌وه‌ی که پ.ک.ک هێرشی کرده سه‌ر قه‌ره‌قۆلێکی ژاندرمه‌ی تورکیا له چوکورجه‌ی شڕناخ، هێزه‌کانی ئاسمانی ئه‌رته‌‌شی تورکیا بیانوویان له پارتی دێمۆکراتی کوردستان گرت که به هۆی ئه‌وانه‌وه‌یه که پ.ک.ک ده‌توانێ هێرش بکاته سه‌ر تورکیا و ئۆپێراسیۆنێکی ئاسمانی دا که‌مپ و بنکه‌کانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان بوونه ئامانج و لانی که‌م 165 پێشمه‌رگه کوژران.

چواره‌مین ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنووریش له 4ی مانگی مارسی 1987 هاته ئاراوه‌ که تێیدا 30 فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ئه‌رته‌شی تورکیا که‌مپه‌کانی پ.ک.ک‌یان له ناوچه‌کانی سێرات، ئه‌ڕا و ئاڵامیش کرده ئامانج و پاش ئه‌م هێرشه‌ بوو که بارزانی پ.ک.ک‌یی به خه‌تابار زانی و پاشان له ماوه‌ی ساله‌کانی 1988 تا 1991 به‌غدا چیتر ئیزنی به تورکیا نه‌دا که ناو خاکی وڵاته‌که‌ی ئۆپێراسیۆن ئه‌نجام بدات.

 ئۆپێراسیۆنه‌کان له سالی 1991وه ده‌ستیان پێکرده‌وه

له میانه‌ی ساڵه‌کانی 1988 تا 1991 هکومه‌تی عێراق ئیزنی به تورکیا نه‌دا که چیتر هێرشی خاکی کوردستان بکات. به‌ڵام له ماگی ئه‌پڕیلی 1991 ئه‌رته‌شی تورکیا 5 جار سنووره‌کانی کوردستانی به‌زاند و ئۆپێراسیۆنی پێکهێنا. له 5 تا21ی ئه‌گۆستی هه‌مان سال به به‌شداری ده‌یان هێلیکۆپته‌ری شه‌رکه‌ڕ و فڕۆکه‌ی جه‌نگی 24 که‌مپ و بنکه‌ی پ.ک.ک هێرشیان کرایه سه‌ر و هێزه‌کانی گه‌ریلا له ناوچه‌ی «دوڕژی» 15 ڕۆژ شه‌ڕی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ریان له‌گه‌ل ئه‌رته‌شی تورکیا کرد و  له ڕۆژه‌کانی 11 و 25ی ئۆکتۆبری ساڵی 91 تورکیا دوو ئۆپێراسیۆنی تری له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی ئه‌نجامدا و له هه‌مان کاتدابوو که یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستانیش پشتیوانیان له ئه‌رته‌شی تورکیا ده‌کرد و دژ به پ.ک.ک ئۆپێراسیۆنیان پێک دێنا و هاوکات له شاره‌کانی دهۆک، زاخۆ، سه‌لاحه‌ددین و هه‌ولێر، بنکه‌ و باره‌گایی ئه‌ندامانی ئه‌رته‌ش و ده‌زگایی ئیستخباراتی تورکیا جێگیربوو.

 ئێرانیش ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنووری کرد

له سه‌ره‌تاکانی 1992وه لانی که‌م تورکیا 8 جاری سنووری کوردستان به‌زاند و له نه‌ورۆزی هه‌مان سال هه‌م له ئاسمان و هه‌م له زه‌مینه‌وه هێرش کرایه سه‌ر که‌مپه‌کانی پ.ک.ک و له 6ی مایسی 1992 هاوکات ئێران و تورکیا سنووره‌کانی کوردستانیان به‌زاند و هێرشیان کرده سه‌ر بنکه‌ و باره‌گاکانی پ.ک.ک و ئامانجیشیان پێشگرتن به هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌کانی گه‌ریلا و هێرش بۆ سه‌ر بنکه‌کانی سه‌ربازی تورکیا بوو.

 شه‌ڕی کۆنڤاسیۆنه‌ل

له مانگی ئۆکتۆبه‌ری 1992 ئه‌رته‌شی تورکیا به ده‌یان تانک و زرێپۆش و فرۆکه و هێلیکۆپته‌ری کۆبڕا و زیاتر له 15 هه‌زار سه‌رباز هێرشی کرده سه‌ر که‌مپ و باره‌گاکانی پ.ک.ک له کوردستان و 9 جاری سنوور به‌زاند و بۆ ماوه‌ی زیاتر له 20 ڕۆژ شه‌ڕی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر و له لایه‌کیشه‌وه تۆپباران و هێرشی ئاسمانی ئه‌نجام درا و ئه‌م شه‌ره به‌رفراوانه به «شه‌ڕی کۆنڤانسیۆنه‌ل» ناوبانگی ده‌رکرد.

تورکیا ئیدعا ده‌کات که له شه ڕی کۆنڤانسیۆنه‌ل دا لانی که‌م 1452 گه‌ریلایی پ.ک.ک کوشتووه و به‌ڵام ئه‌مه‌ له لایه‌ن پ.ک.ک‌وه پشتڕاست نه‌کرایه‌وه. ئه‌م ئۆپێراسیۆنه له رۆژئاوا نقاشی مه‌زنی لێکه‌وته‌وه‌.

 هێرشه‌کان له سالی 1994 به‌ڕده‌وام بوون

له مانگی حه‌زیرانی 1983 تورکیا 10 جار سنووره‌کانی کوردستانی به‌زاند و ئه‌گه‌رچی ئۆپێراسیۆنه‌کانی ئه‌م ماوه‌یه‌ کورتخایه‌ن و بچووکتر بوون، به‌ڵام ئاماج له ئه‌نجامی پێسگرتن له هاتنه‌ژووری 2000 گه‌ریلا بۆ باکووری کوردستان له سه‌ر سنووره‌کان بوو.

28ی ژانڤیه‌ی 1994، مه‌زنترین هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ کوردستان ڕوویدا. له زه‌لی که‌مپ، چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌کی مه‌زنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی که‌وتنه‌ به‌ر هێرشی تورکیا و تورکیا ئیدعایی کرد که 200 گه‌ریلایی کوردی کوشتووه و له 6ی فێریه‌ی هه‌مان ساڵ دیسانیس هێڕشه‌کانی بۆ ئه‌ودیوی سنوور و که‌مپ و باره‌گاکانی پ.ک.ک دووپات کرده‌وه‌ و ئاکامه‌که‌ی به کوژرانی 32 گه‌ریلا، به ئیدعایی ئه‌رته‌شی تورکیا ڕاگه‌یاندرا.

له مانگی ئه‌پریلی 94 دا تورکیا دیسان به بیانووی پێسگرتن له دزه کردنی هێزی گه‌ریلا بۆ باکووری کوردستان سێ جاری تر سنووره‌کانی به‌زاند و به 5 هه‌زار سه‌رباز زیاتر له 15 کیلۆمه‌تر چوو بۆ ناو قوولایی خاکی عێراق. له‌م ئۆپێراسیۆنه‌ش دا شه‌ڕ و پێکدادانی قورس هاته ئاراوه و سه‌دان سه‌رباز و ده‌یان گه‌ریلا کوژران.

 13 ژه‌نه‌راڵ پیلانڕێژی هێرشێکی مه‌زنیان کرد

پ.ک.ک له سه‌ره‌تاکانی ساڵی 1995 دیسان چالاکی و دزه‌کردنه‌کلانی خۆی له سه‌ر سنوور ده‌سپێکردبۆوه و ئه‌مجاره 13 ژه‌نه‌راڵی پایه‌به‌رز و توندڕه‌وه‌ی تورک به 35 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ هێرشێکی به‌رفراوانیان بۆ کوردستان ده‌سپێکرد و ته‌نیا له‌مانگی مارته‌وه‌ بۆ ئه‌م لا، له ماوه‌یه‌کی کورت دا 14 جار سنووریان به‌زاند. ئه‌م ئۆپێراسیۆنه که ناوی «جه‌لیک»ی لێبرا، هێرش کرایه سه‌ر ناوچه‌ی حه‌فتانین و لانی که‌م 12 که‌مپی سه‌ره‌کی پ.ک.ک که‌وته‌ به‌ر هێرش و ئه‌رته‌شی تورکیا 60 کیلۆمه‌تری خاکی کوردستانی داگیرکرد و پاش ماوه‌یه‌کی کورت کشایه‌وه و له هه‌مان کات دا مێدیاکانی تورکیا، پارتی و یه‌کێتیان به هاوکاری و ڕێگه‌دانی پ.ک.ک به چڕی تاوانبار ده‌کرد.

 
ڕۆژئاوا هه‌لوێستی گرت

ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنووری مانگی ته‌مموزی 1995 که تورکیا ده‌یه‌ویست له ئاکامی دا ناوچه‌یه‌کی تامپۆن و سنوورێکی ئه‌منی پارێزراو به‌دی‌بێنێت 45 رۆژی خایاند و ئیدعا کرا که 555 گه‌ریلایی پ.ک.ک کوژراون و 65 میلیۆن دۆلاریشی پاره تێدا سه‌رف کرا و به‌ڵام دواتر زانرا که ئه‌ژماره‌کان ناڕاست بوونه.

ئه‌م ئۆپێراسیۆنه به هێرشێکی تر که چوونه‌ ناوه‌ی 15 کیلۆمه‌تری ئه‌رته‌شی تورکیا له کوردستانی دا لێکه‌وته‌وه‌، درێژه‌ی په‌یدا کرد و تورکیا هه‌ره‌شه‌ی له پارتی دێمۆکراتی کوردستان کرد که چیتر ڕێگه‌ به پ.ک.ک نه‌دات هێرش بکاته سه‌ر کوردستان. ئه‌م هێرسه به‌ره‌وڕووی نقاش و ناڕازیبوونێکی زۆر له ڕۆژئاوا بۆوه.

 ته‌نیا له ساڵی 96 دا 17مین هێرش بۆ سه‌ر کوردستان ئه‌نجامدرا

له 6ی مارسی 1996 یه‌که‌م ئۆپێراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور له‌م ساله‌دا ده‌ستی پێکرده‌وه. ئه‌رته‌ش هێرسی کرده سه‌ر 12 که‌مپی مه‌زن و 28 که‌مپی بچووکی پ.ک.ک و فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانیش له ئاسمانه‌وه‌ هه‌رێمی حه‌فتانین، زاپ، کێوه‌کانی قومری و ناوچه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی گه‌ریلایان بۆردومان کرد.

له مانگی ته‌مموزی هه‌مان ساڵه‌وه فرۆکه‌کانی شه‌رکه‌ری تورکیا ده‌یان خاڵ و ناوچه‌یان له کوردستان بۆردومان کرد. بارزانی ڕایگه‌یاند که خه‌ڵکی سیڤیل له‌م هێرشانه دا کوژراوه و داوایی کۆتایی هێنان به بۆردومانی ئاسمانی کرد. به‌ڵام دیسانیش ئۆپێراسیۆنی «لێدانی زلله» درێژه‌ی په‌یداکرد. سینات، حه‌فتانین، دۆڵی ئارێسیندی، بیرکی واده، گه‌ڵی ڕه‌ش و چه‌ندین که‌مپ و بنکه‌ی تر هێرشیان کرایه سه‌ر. له 29ی دێسه‌مبه‌ری 1996، پ.ک.ک هێرشی کرده سه‌ر قه‌ره‌قۆڵێکی تورکیا و به تۆڵه‌ی ئه‌م هێرشه‌ش، هێزه‌کانی تورکیا به هاوکاری پێشمه‌رگه‌کانی پارتی چوونه ناو قووڵایی خاکی کوردستان و هێرشیان بۆ سه‌ر بنکه‌کانی پ.ک.ک برد.

 2 هێلیکۆپته‌ری تورکیا به‌ردرانه‌وه 

14ی مه‌ی 1997 دا 20مین هێرش هاته ئاراوه و 35 هه‌زار عه‌سکه‌ر له شه‌ڕێک دا به ناوی «باڵیۆز» چوونه ناو خاکی کوردستان و هه‌ر له‌م ئۆپێراسیۆنه‌دا 2 هێلیکۆپته‌ری تورکیا له لایه‌ن هێزی گه‌ریلایی پ.ک.ک‌وه به‌ردراوه خوار. ماوه‌ی هاوین ئه‌رته‌شی تورکیا هه‌ر له ناو خاکی کوردستان دا مایه‌وه‌.

پاش ئه‌و جاره‌ش، له مانگی سێپته‌مبه‌ری هه‌مان سال دا 10 هه‌زار عه‌سکه‌ر و 100 تانک و زرێپۆش هێرشیان کرده سه‌ر کوردستان و پاش مانگێک کۆتایی به ئۆپێراسیۆنه‌که هێنرا، به‌ڵام له 4ی دێسه‌مبه‌ری 97 دا 20 هه‌زار سه‌ربازی تورک دیسان چوونه ناو خاکی کوردستان و هه‌رێمی خاکورکه‌یان داگیرکرد و دیسانیش پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان به‌شداری شه‌ره‌کان بوون و ئه‌رته‌شی تورکیا لاسایی پ.ک.ک کرده‌وه و بۆ ماوه‌یه‌ک شه‌ڕی گه‌ریلایی کرده‌ پیشه‌ و تا کۆتایی هه‌مان ساڵ ئۆپێراسیۆنه‌که‌یان به‌رده‌وام کرد.

 30 کۆچه‌ری کورد، کوژران

له سه‌ره‌تاکانی 1998 دا 15 هه‌زار عه‌سکه‌ری تورک هێرشێکی تریان کرده سه‌ر کوردستان و ناوی ئۆپێراسیۆنه‌که‌شیان «مراد» نا و ئه‌مجاره ئه‌رته‌شی تورک، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له سووریایی به ده‌رفه‌ت زانی و بۆ 24مین جار هێرشی کرده سه‌ر کوردستان و ناوی «ساندویچ»یان له هێرشه‌که‌ نا. له 15ی ئه‌گۆستی 2000یش دا فڕۆکه‌ شه‌رکه‌ره‌کانی تورکیا، هه‌رێمه‌کانی کوێستانی خاکورکه‌ و لۆلان»یان بۆردومان کرد و بوونه هۆی قوربانی بوونی زیاتر له 30 کۆچه‌ری کورد.

 ئێستاش هه‌ره‌سه‌کان به‌رده‌وامه و زیاتر له 50 هه‌زار، سه‌ربازی ئه‌رته‌شی تورکیا به هاوڕێیی سه‌دان تانک و زرێپۆش و ده‌یان هێلیکۆپته‌ر و فڕۆکه‌ی شه‌رکه‌‌ر، سنووری تورکیایان ته‌نیوه، چاوه‌ڕوانی گڵۆپی سه‌وزی واشنتۆن، فه‌رمانی ئه‌نقه‌ره و بێ ده‌نگی ڕێبه‌رانی کورد له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، تا جارێکی تر، سنووره‌کانی کوردستانی ئازاد ببه‌زێنن، سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی دوفاکتۆی حکومه‌تی هه‌رێم و عێراق پێشێل و خۆیان بخه‌نه‌ ناو زلکاوێکی فه‌لاکه‌ت بار.

 ژێده‌ر: ئاژانسی ده‌نگوباسی فورات/ رۆژنامه‌ی گونده‌م / چه‌ند وتار و هه‌واڵ له «فاینه‌نشاڵ تایمز، واشنتۆن پۆست، گاردیه‌ن، ئێکۆنۆمیست و هتد» که له مانشێت دا بڵاوکراونه‌ته‌وه. بێ سه‌رچاوه بڵاو نه‌کرێته‌وه / مانشێت نیوز

برچسب‌ها: , , , , , , , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: