عه‌لیڕه‌زا نووریزاده‌ چه‌واشه‌كارێكی داگیركه‌ره‌ و هیچی دیكه‌/ هیوا گوڵ محه‌مه‌دی 2006.05.18

زور جار لێره‌ و له‌وێ گوێم لێ ده‌بێ كه‌ عه‌لیڕه‌زا نووریزاده، ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری ئێرانی، دوستی كورده‌ و پارێزگاری له‌ كێشه‌ی كورد ئه‌كا و پاڵپشتی مافه‌كانی ئێمه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، عه‌لیڕه‌زا نووریزاده‌ ئێرانییه‌كی توندوتیژ و شۆڤێنیستێكی تۆخه‌ و ئه‌وه‌ی بڕوای پێ نییه‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورده‌. نووریزاده‌ له‌ یه‌ك جێگا و له‌ یه‌ك وتووێژ و نووسینی خۆیدا باس له‌ نه‌ته‌وه‌بوونی كورد ناكات و ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی ده‌كا كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی بێ هۆڤیه‌ت و بێ وه‌ڵاتن كه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌زه‌یی و كه‌ره‌مه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێ بدرێ بنده‌ست و گۆێڕایه‌ڵ بژین.

 

له‌لای عه‌لیڕه‌زا نووریزاده‌ ئه‌و كورده‌ی كه‌ باسی ئازدیی كورد و سه‌ربه‌خۆی ده‌كا، نه‌زان، دواكه‌وتوو، به‌كرێگیراو و نه‌فامه‌ و ئه‌و كوردی كه‌ خۆی به‌ ئێرانی و مه‌هابادی و ورمێی و نه‌غه‌ده‌یی و … به‌ ئازه‌ربایجانی و ئێرانی ئه‌زانێ، كوردێكی باش، ئێرانییه‌كی ڕه‌سه‌ن و خه‌مخۆری ئێرانی خۆشه‌ویستن و ده‌بێ ڕێزی لێبگیردرێ و ڕێگه‌ی پێبدرێ وه‌ك مام جه‌لال بتۆانێ ببێته‌ سه‌رۆككۆمار له‌و وه‌ڵاته‌دا.

عه‌لیڕه‌زا نووریزاده‌ زۆر جار وتوویه‌تی و بڕوایشی وایه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س بیه‌وێ باسی دابڕانی بستێك له‌ خاكی پاكی ئێرانی ئازیزی بكات بێجگه‌ له‌ كوشتن نابێ هیچ سزایه‌كی دیكه‌ی بدرێ.

نووریزاده‌ مه‌لایه‌كی شیعه‌یه‌ به‌ڵام له‌ قاڵبی ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و لێكۆڵینه‌ر و ڕۆشنبیر خۆی ئه‌نوێنێ. به‌ڵام له‌ ئاشورا و تاسوعادا له‌ مه‌لاكانی قوم و كاشان زیاتر سینگ لێ ئه‌دات و له‌وان توندتر دژی مافی گه‌لان ئه‌وه‌ستێته‌وه‌. ناوبراو له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌سێكی خۆڕێكخه‌ره‌ و زمانی ده‌ربڕینی به‌هێز و زانیاری گشتی باشی هه‌یه‌، سایكۆلۆژی كورد و ڕێبه‌ری حیزبه‌ كوردییه‌كان باش ئه‌زانێ و تێگیشتووه‌ كه‌ چۆنیان به‌كاربێنێ. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌رۆكی عه‌لیڕه‌زا نووریزاده‌ تێبگه‌ین وا باشتره‌ سه‌یرێكی ئه‌م وتووێژه‌ی بكه‌ین كه‌ كاك خالید محه‌ممه‌دزاده‌ له‌گه‌ڵی ئه‌نجام داوه‌.

به‌ بڕوای من ئه‌م جۆره‌ وتووێژانه‌ به‌ هه‌ر نیاز و مه‌به‌ستێك بكرێن گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌كه‌ن و ڕووی ڕاستی دۆستان و دوژمنان و دۆسته‌ درۆزنه‌كانی كوردمان بۆ ده‌رئه‌خه‌ن و جێگای ڕێز و ستایش و ده‌سخۆشی لێكردنن.

نووریزاده‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ باسی خه‌باتی كورده‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌كا، ئا به‌م شێوه‌یه‌ سینگ دێنێته‌ پێش و ئه‌بێته‌ خه‌مخۆرترین دوستی كورد و فرمێسكی خۆشی بۆ سه‌ركه‌وتنی كورد ئه‌ڕێژێ، و ده‌ڵێ: «ئێستا به‌هۆی‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ی‌ كه‌ له‌ توركیادا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه مه‌جبوور كراون سه‌عاتێك، سه‌عات و نیوێك ته‌له‌وڤزیۆنی‌ كوردی‌ تحه‌ممول بكه‌ن. به‌ڵام من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌و ڕووداوه‌ دڵخۆشكه‌رانه‌ی‌ عێراق كه‌ به‌ڕاستی‌ من ئه‌و شه‌وه‌ گریام كاتێك ئاغای‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ یه‌كه‌م جار به‌ سه‌ركۆماری‌ عێراق هه‌ڵبژێردرا ‌و هاوڕێی‌ عه‌زیزم هۆشیار زێباری‌ بوو به‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق و ئاغای‌ بارزانیش كه‌ ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی‌ شورای‌ حوكمی‌ عێراق بوو. ئه‌مانه‌ بۆ منێكی‌ فارس مایه‌ی‌ شانازییه‌ كه‌ ده‌بینم له‌ عێراقدا شوناسی‌ كوردی‌ وه‌ك به‌شداربوویه‌ك قبووڵ ده‌كرێ‌. هیوادارم له‌ وه‌ڵاتی‌ منیش، ئیران، به‌م شێوه‌ بێ‌ كه‌ كورد ‌و به‌لووچ و عه‌ره‌ب و ئازه‌ری و فارس هه‌موویان هه‌ست بكه‌ن خاوه‌نی‌ ئه‌م وه‌ڵاته‌ن و كه‌سێك نییه‌ زۆڵمیان لێبكا. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مانه‌ تا هه‌ست بكه‌ن خاوه‌نی‌ ئه‌م وه‌ڵاته‌ن، ده‌نگی‌ جیاییخوازان لاواز ‌و لاوازتر ده‌بێ‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فشار بۆسه‌ر ئه‌قوام بێ‌ ده‌نگی‌ جیاییخوازان به‌رز و به‌رزتر ده‌بێ‌.»

به‌ڵام نووریزاده‌ دڵسۆزییه‌كه‌ی تا ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ باس له‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی تێدا نه‌بێ و بۆ ئه‌و خه‌تی سوور لێره‌وه‌ ده‌سپێده‌كات و ئه‌و ده‌بێ سه‌نگه‌ر هه‌ڵبژێرێ و سه‌نگه‌ره‌كه‌یشی هه‌ر هه‌مان سه‌نگه‌ری ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و شاهنشای هه‌ڵهاتووه‌.

دووڕوویی و زمانلووسی نووریزاده‌ ئا لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ وه‌ڵامی پرسیاری دوای ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌داته‌وه‌ كه‌ لێی ده‌پرسێ ئه‌گه‌ر ڕۆژێ له‌ ڕۆژان كورد و حیزبه‌كانی كورد داوای جیابوونه‌وه‌ بكه‌ن هه‌ر هه‌مان هه‌ڵۆێستان ده‌بێ؟ نووریزاده‌ خۆی به‌ملا و و به‌ولادا ئه‌دات و هه‌مو تیۆرییه‌كان ئه‌خاته‌وه‌ سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وه‌ بڵێ نا، ئه‌وه‌ كاته‌ من سه‌رتان پان ئه‌كه‌مه‌وه‌. نوریزاده‌ ئاوا چه‌واشه‌كارانه‌ وه‌ڵام ئه‌داته‌وه‌: «له‌و بڕوایه‌دام كه‌ كورده‌كان خاوه‌نی‌ ئه‌سڵی‌ ئێرانن. واته‌ له‌و بڕوایه‌دام ڕۆڵێك كه‌ كورده‌كان له‌ ژیانه‌وه‌ی‌ مێژوو و شارستانه‌تی‌ ئێراندا بوویانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ سه‌رزه‌مینێكی‌ بچووك به‌ ناوی‌ كوردستان جیگای‌ نابێته‌وه.»

چل میلیۆن مرۆڤ و چوارسه‌د و په‌نجاهه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ خاكی هاوبه‌ش، به‌ بچووك ئه‌زانێ كه‌ كورد تێیدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌؟ سه‌یره‌، كه‌سێكی ئازادیخواز كه‌ پارێزگاری له‌ هه‌موو مرۆڤه‌ چه‌وساوه‌كان ئه‌كات و خۆی به‌ دۆستی كورد و كوردستان ئه‌زانێ، ئه‌وه‌نده‌ بچووك سه‌یری نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكات و ئه‌وه‌نده‌ فێڵبازانه‌ حاشا له‌ ماف و بوون و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكات. كورد چۆن ئه‌تۆانی خاوه‌نی ئه‌سڵی ئێران بێت له‌ كاتێكدا هه‌تا ئێستایش زمانی، كه‌لتور و مێژووه‌كه‌ی حاشای لێ ئه‌كرێ و هه‌موو داگیركه‌ره‌ ئێرانییه‌كان ته‌نیا به‌ كوشتن و ڕاونان وه‌ڵامی داخۆازییه‌كانیان داونه‌ته‌وه‌؟

ئه‌رێ گه‌لۆ، تۆ بڵێی نووریزاده‌ كه‌ له‌ هه‌موو شتێكی گه‌وره‌ و چووكه‌ی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاگاداره‌ له‌وه‌ ناشاره‌زا بێ كه‌ له‌ كوردستاندا ته‌نیا پێگه‌ی سه‌ربازی و هێزی سه‌ركوتگه‌ر هه‌یه‌ و كوردی هه‌ژار ده‌بێ به‌ مانگ و ساڵ بنه‌ماڵه‌ و خزم و كه‌سوكاری به‌جێ بێڵێ و ڕوو له‌ شاره‌كانی ئێران بكات بۆ دابینكردنی بژیوی ژیان و له‌ كوردستاندا كارگه‌ و كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌وره‌ نییه‌ و ئاوه‌دانی كوردستان هیچ سه‌رنجێكی نادرێتێ و ئابووری ئه‌م به‌شه‌ له‌ نیشتمانی كوردان كه‌ له ژێرده‌ستی ئێراندایه‌ دایمه‌ له‌ هه‌ژاریدا ڕاده‌گیردرێ بۆ ئه‌وه‌ی چاو له‌ده‌ست و برسی بمێنه‌وه‌.

نوریزاده‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره كه‌ ئایا له‌ ئێراندا نه‌ته‌وه‌ی جیاواز ده‌ژین یان گه‌لی ئێران؟ به‌ته‌واوی ناوه‌رۆكی فاشیستانه‌ی خۆی ده‌رئه‌خا و به‌ ڕیزكردنی هێندێ وشه‌ی بێسه‌روبه‌ر ئه‌یه‌وێ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێ كه‌ نه‌ته‌وه‌ و تیۆری نه‌ته‌وه‌ شتێكی نوێیه‌ و بۆ تێكدانی ئێران به‌كارده‌بردرێ، ده‌نا كورد به‌ ئاره‌زووی خۆیان بوونه‌ته‌ ئێرانی و شانازی پێوه‌ ئه‌كه‌ن. بۆیه‌ ئا به‌م جۆره‌ وه‌ڵام ئه‌داته‌وه‌: «مه‌سه‌له‌ی‌ میلله‌ت و ناسیۆنالیزم چه‌مكێكی‌ نوێیه‌. له‌ ڕابردوودا هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌ژیان و خاڵی‌ هاوبه‌شیان هه‌بووه‌. من له‌و بڕوایه‌دام له‌ ئێراندا ئه‌قوامی‌ جوراوجۆر ده‌ژین. هێندێك پێیان خۆشه‌ ناوی‌ ئه‌مه‌ بنێن میلله‌ت. ده‌بێ‌ بزانین مانای‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ چون لێكده‌درێته‌وه.»

كه‌وابوو ده‌بێ بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ دۆستی كورد بێ، ئه‌دی كێ دوژمنه‌؟ كه‌سێك كه‌ ئاوا له‌ كورد و سه‌رۆكی حیزبه‌ كوردییه‌كان نێزیك بێ و خێزانه‌كه‌ی كورد و منداڵه‌كانی نیوه‌كورد بن، ئاوا كورد ئه‌ناسێنێ و مافیان بۆ ڕه‌وا ده‌بینێ، ئیتر چاوه‌ڕوانی چی له‌ شاپه‌ره‌سته‌كان، خۆمه‌ینیپه‌ره‌سته‌كان و ئه‌وانی دیكه‌ بكه‌ین؟

ئایا ئه‌مه‌ ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستییه‌ نییه‌ كه‌ كورد نابێ له‌مه‌ زیاتر خۆی گۆڵ بدات و ده‌بێ بێ پێچ و په‌نا سنووره‌كانی خۆی دیاری بكات و مه‌رجی دوستایه‌تی و ڕێزگرتن له‌سه‌ر ئه‌ساسی ناسینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی جیاواز بێت؟ ئه‌رێ به‌ڕاست، نابێ بپرسم كه‌ ئه‌و سه‌رۆكانه‌ كێن و چۆن بێگانه‌ له‌ كێشه‌ی كورد تێده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی هه‌ره‌ باشه‌كه‌یانه‌؟

نووریزاده‌ زۆر بێشه‌رمانه‌ ئاوا ده‌ڵێ: «له‌ڕاستیدا‌ ئێمه‌ تا پێش كۆماری‌ ئیسلامی‌ قسه‌یه‌كمان له‌ شیعه و سوننه‌ نه‌بووه و قسه‌یه‌كیشمان له‌ كورد ‌و به‌لووچ نه‌بووه.» كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ هه‌رگیز كێشه‌ی مه‌زهه‌بێ نه‌بووه‌ و له‌گه‌ڵ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا شه‌ڕی مه‌زهه‌بی نه‌كردووه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ میلیۆن كورد شیعه‌ن. گه‌لی كورد به‌رده‌وام خه‌باتی بۆ وه‌ده‌ستخستنی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی خۆی كردووه‌ و له‌و پێناوه‌دا به‌ سه‌دان هه‌زاران قوربانی داوه‌، له‌ ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیدا به‌ هه‌زاران كورد خرانه‌ به‌ندیخانه‌، به‌ ناڕه‌وا حوكم دران، هه‌ڵواسران، ڕاونران و ته‌نانه‌ت جل و به‌رگیان یاساغ كرا، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون، نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز بوون، مافی نه‌ته‌وایه‌تییان ده‌خواست.

پێم سه‌یره‌ كه‌ كه‌سێكی وه‌ك نووریزاده‌ ئه‌وه‌نده‌ شۆڤێنیسته‌ و ئه‌وه‌نده‌ پابه‌ندی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یه‌ و خۆیشی به‌ دڵسۆزیان ئه‌زانێ و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ ڕۆژی ڕووناك ڕاستییه‌كان چه‌واشه‌ ئه‌كات و درۆ ئه‌كات. نووریزاده‌ ناتوانێ كه‌سێكی ئازادیخواز و سه‌ربه‌ست و دڵسۆز بێ ئه‌گه‌ر ئا به‌و شێوه‌یه ڕاستییه‌كان ئاوه‌ژوو و مێژوو چه‌واشه‌ بكات. كورد پێویستی به‌ هه‌زاران دۆست هه‌یه‌ و خوازیاری یه‌ك دوژمن نییه‌، به‌ڵام داخوا سنووری نێوان دۆست و دوژمن كامه‌یه‌؟ سه‌رڕای ئه‌وه، نووریزاده‌ زامانلووسانه‌ شادومانی خۆی بۆ پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام چه‌واشه‌كارێكی داگیركاره‌ و هیچی دیكه‌، نابێ به‌ گریانه‌كانی خه‌مبار بین و به‌ پێكه‌نینه‌كانی شادومان.
سه‌رچاوه‌دیمانه‌

برچسب‌ها: , ,

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s


%d وب‌نوشت‌نویس این را دوست دارند: